Home 6 بەیاننامەکان! 6 راگەیاندنی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی بەشێك لە شاروشارچکەکانی کوردستان
راگەیاندنی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی بەشێك لە شاروشارچکەکانی کوردستان

راگەیاندنی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی بەشێك لە شاروشارچکەکانی کوردستان

لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا لەزۆرێك لەشاروشارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان خۆپیشاندانی جەماوەری دژی حکومەتی هەرێم بەڕێوەچوو. خۆپیشاندەران لەجیاتی بەرزکردنەوەی داواکاریەکانیان کە چەندین ساڵە و دوای دەیان خۆیشاندان و نارەزایەتی و مانگرتن و بایکۆتی دەوامی فەرمانگەو خوێندنگاکان، لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە وەڵامیان نەدرایەوە، ئەمجارەیان داوای روخان و رۆشتنی حکومەتی هەرێمیان کرد. جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و بێبەشی کوردستان بەدەنگی بەرز رایانگەیاند کە ئیتر هیچ چاوەروانی و ئومێدێکیان بەم حکومەتە نەماوەو باشبوونی ژیان و گوزەرانیان، دابینبونی مووچەو خزمەتگوزاریەکان بەندە بە رۆشتنی حکومەتی بنەماڵەیی هەرێمەوە.

حکومەتی هەرێم و هێزە سەرکوتگەرەکانی وەک هەر دەوڵەتێکی سەرکوتگەر کەوتنە پەلاماردانی خۆپیشاندەران، ئەو هێزەی کە لەبەرامبەر حەشدی شەعبی و حکومەتی عەبادیدا بەچۆکدا هاتن، لولەی چەکیان کردە خۆپیشاندەران و تا ئیستا دەیان هاوڵاتی بریندارو دەیان هەڵسوڕاوی سیاسی و جەماوەری دەستگیرکراون و چوار هاوڵاتی دیکەش لە شاری رانیە کوژراون. لەچوارچێوەی هەمان کردەوەی سەرکوتگەرانەدا میدیاکاران روبەرووی دەستدرێژی بونەتەوە.

حکومەتی هەرێم و حزبە دەسەڵاتدارەکان کەشوهەوایەکی جەنگیان بەسەر شاروشارۆچکەکاندا داسەپاندوەو بەهەموو هێزو توانایەنەوە لە ئامادەباشیدان بۆ سەرکوتکردن و لەخوێن هەڵکێشانی هەرجۆرە نارەزایەتیەکی جەماوەری و خەڵکی برسی و چەوساوەو زوڵملێکراوی کوردستان.

لەلایەکی دیکەوە، ئەو بەدیلە سیاسیانەی کە لەلایەن باڵە  سیاسیە جیاوازەکانی بۆرژوازی کوردەوە دەخرێنەبەردەم جەماوەری ناڕازی و وەتەنگهاتوو، یان گەڕانەوە بۆ بەغداو پاڕانەوەیە لە عەبادی، گوایە لەو رێگایەوە کێشەی مووچەو بودجە و سەرجەم ئەم دۆخە ناهەموارەی ژیانی خەڵك چارەسەر دەبێت، یاخود گرێدانەوەی ئومێدی خەڵکی کوردستانە بە ئەمریکاو لەرێگای بە نۆکەرایەتیەوە بۆ ئەمریکا و ئەجندا سیاسیەکانی لە ناوچەکەدا خۆشگوزەرانی بۆ خەڵکی کوردستان بەدیاری دەهێنێ. هەرکام لەم بەدیلە سیاسیانە تا سەر ئێسقان کۆنەپەرست و لەدژی بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان و خەباتی رەوای ئەو خەڵکەیە بۆ ژیانێکی شکۆمەند و ئازادو خۆشگوزەران و ئازاد. دەبێ جەماوەری خەڵکی کوردستان هوشیاربن و نەکەونە داوی ئەم بەدیلە کۆنەپەرستانەیەوە.

ئێمە لە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، هەرجۆرە نارەزایەتی و خۆپیشاندانێکی خەڵکی کوردستان دژی حکومەتی هەرێم، توڕەیی خەڵك لە بێدەربەستی حکومەتی هەرێم و بایەخ دانانەن بۆ خواست و دواکاریەکانیان و بۆ ژیان و گوزەران و کەرامەتیان بەرەواو شەرعی دەزانین. لەهەمان کاتدا پەلامارو کاردانەوەی دڕندانەی هێزە چەکدارەکان و دەزگا سەرکوتگەرەکانی حکومەتی هەرێم لەدژی خەڵك بە تاوانێکی نەبەخشراو دەزانین و ئەم کردەوەیە بەڵگەیەکی دیکەی خستە سەر بەڵگەکانی رەوابوونی خواستی جەماوەر بۆ رۆشتنی ئەم حکومەتە گەندەڵ و نایەکسان و دژی خەڵکیەی هەرێم.

داواکارین لە خەڵکی نارازی و شۆرشگێری کوردستان دەکەین کە بەشێوەیەکی سیاسی و جەماوەری درێژە بە خەبات و نارەزایەتی خۆیان بدەن و خۆپیشاندان و مانگرتن و نارەزایەتیەکان بگوێزنەوە بۆناو گەڕەك و خوێندنگاو زانکۆ و نەخۆشخانەو فەرمانگەو دامەزراوە گشتی و تایبەتیەکان و هاوکات لەهەموو ئەو شوێنانە دەستبەرن بۆ کۆبونەوەی گشتی و بەرپاکردنی شوراو ئەنجومەنە جەماوەری و شۆرشگێریەکانی خۆیان. کاتی ئەوە هاتوە کە رابەران و هەڵسوڕاوانی دڵسۆزی جەماوەری لەهەموو ئەو ناوەندە گەڕەکانە کۆمیتە و گروپ و دەستەکانی بەرپاکردنی شوراو ئەنجومەکان دروست بکەن.  دەبێت  دەسەڵاتی کوردستان بکەوێتە دەستی جەماوەری خەڵك و نوێنەرانی دڵسۆزو جێمتمانەی جەماوەر. هاوکات دەبێ جەماوەری نارازی و توڕەی کوردستان ئاگاداری ئەوەبن کە خۆ بپارێزن لەوەی بیانوو بدەنە دەست دەسەڵاتی سەرکوتگەری ئەحزابی دەسەڵاتداری هەرێم بۆئەوەی بزوتنەوەکەیان لەسەرەتادا سەرکوت بکەن.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

٢٠/١٢/٢٠١٧

About hkkk

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*