Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 راگەیاندنی رادیۆی پێشەنگ سەبارەت بە: هەڵکوتانە سەر ئۆفیسی تەلەفزیۆنی (NRT) لە دهۆك
راگەیاندنی رادیۆی پێشەنگ سەبارەت بە: هەڵکوتانە سەر ئۆفیسی تەلەفزیۆنی (NRT) لە دهۆك

راگەیاندنی رادیۆی پێشەنگ سەبارەت بە: هەڵکوتانە سەر ئۆفیسی تەلەفزیۆنی (NRT) لە دهۆك

   ئەمڕۆ کۆمەڵێك کەس بەناوی کەسوکاری شەهیدەوە کە هەندێکیان جلی سەربازییان لەبەردابوو، هەڵیان کوتایە سەر ئۆفیسی تەلەفزیۆنی (NRT) لە دهۆك و هەڕەشەشیان لە کارمەندەکانی کەناڵەکە کە ئۆفیسەکە چۆڵ بکەن! بەپێی راگەیاندنی کەناڵی ناوبراو، ئەم هێرشە بەهۆی ئەوەوە بوە کە کەناڵەکە پڕوپاگەندە لەدژی ریفراندۆم دەکات و ریکلامەکانی بزوتنەوەی “نەخێر بۆ ریفراندۆم لە ئیستادا” بڵاودەکاتەوە. جێی ئاماژەیە ئەمڕۆ رێکەوتی ٣١ی ئابەو کەناڵی (NRT) بەشێك لە بەرنامەکانی تەرخان کردبوو بۆ یادکردنەوەی ئەو رۆژە و دەست تێکەڵکردنی پارتی و بارزانی لەگەڵ حکومەتی بەعس بۆ دەرپەڕاندنی یەکێتی نیشتمانی لە هەولێر.

بیانووی ئەم هێرشە بۆسەر ئۆفیسی دهۆكی کەناڵی (NRT) بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەی دژی ریفراندۆم، یان هەڵدانەوەی فایلی ٣١ی ئاب بێت، هیچ پاساوێکی نیە و جێگای نەفرەت و سەرکۆنە کردنەو پێشێلکردنی ئازادی رادەربڕین و ئازادی سیاسیە. ئەوانەی پێی هەستاون، بەناوی خەڵکی ئاسایی و کەسوکاری شەهیدەوە، سیاسەتی پارتییان جێبەجێ کردوەو مێژووی پارتیش لەوجۆرە هەڵسوکەوتانەی کەم نیە بەرامبەر بە نەیارانی سیاسی و دەنگە نارازیەکان. بەڵام لەوە خراپتر، ئەوەیە کە پارتی بەم شێوە قێزەونە بیەوێ دەنگە نەیارەکانی ریفراندۆم بێدەنگ بکات، چونکە ئەم جۆرە کردەوە سەرکوتگەرانەیەو دوبارەبوونەوەی، راستەوخۆ مانای ریفراندۆم وەکو چالاکیەکی سیاسی جەماوەری ئازادو دیموکرات دەشێوێنێ و دەیکاتە کاریکاتۆرو بێبایەخی دەکات! ریفراندۆم بۆئەوەیە کە هەموو کەسێك ئازادانە سەبارەت بە مەسەلەی بەڵێ یان نەخێر بۆ سەربەخۆیی دەنگ بدات، دەنا ئەگەر لەژێر فشاردا خەڵك دەنگ بە سەربەخۆیی بدەن وەکو ئەوە وایە لەژێر فشاردا خەڵك دەنگ بەمانەوە بدەن! لەوبارەدا دەنگ و رای خەڵك هیچ مانایەکی نامێنێ و بڕیادەری ئەوەڵ و ئەخیر خۆیان دەبن نەك خەڵك!

دەبێ پارتی دەست هەڵگرێ لە پێشێلکردنی ماف وئازادیەکانی خەڵك و رێز لە ئازادیی پڕوپاگەندەی سیاسی لە پرۆسەی ریفراندۆمدا بگرێ و کەشوهەوایەکی ئازاد بۆ دەنگدان لەکاتی ئەنجامدانی ریفراندۆم دا دەستەبەر بکات!

٣١ی ئابی ٢٠١٧

About hkkk

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*