Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 ریفراندۆمتان باش!

ریفراندۆمتان باش!

عەبدوڵا مەحمود

جوڵانەوەی نەخێر بۆ ریفراندۆم لە ئێستادا لە بەیاننامەیەکدا، بەچەند پاساوی لاواز لەبەرامبەر پرسێکی بەهێزی  سیاسی و کۆمەڵایەتی و حقوقیدا، دژایەتی خۆیان بۆ سەربەخۆی کوردستان رادەگەیەنن.

ئەوەی گای سەرنجە ئەوەیە، ئەو جوڵانەوەیە بانگەوازی هاوڵاتیان دەکەن بەشداری لە ریفراندۆمدا بکەن و بە نەخێر دەنگ بدەن، بەم بانگەوازەشیان، بە هاوڵاتیان دەڵێن بەڵێ بۆ چوونی هاوڵاتیان بۆ ریفراندۆم  و بەڵی بۆ گەرم و گوڕ و فراوانتر بەڕێوەچوونی ریفراندۆم، بەڵام نا بۆ سەربەخۆیی، ئەمەش هێڵ و ستایلی سیاسی ئەم جوڵانەوەیە دەخاتە بەردەم ناکۆکیەکی ئاشکراوە.

ئەم جوڵانەوەیە میکانیزمی قبوڵە و ئامانج رەتدەکاتەوە، لە کاتێکدا هەموو جوڵانەوەو حزبێکی سیاسی لە روانگەی ئامانجەکان و ستراتیژەوە، میکانیزمەکان هەڵدەبژێرت و بەڵی یان نەخیر دەکاتە بژاردە. هەردوو بژاردەی بەڵی و نەخێریش واتە قبوڵ کردنی میکانیزم و رێکارەکانی بۆ ئامانجێکی دیاریکراو کە لە کوردستاندا رێکارو میکانیزمی ریفراندۆم وەکو راگەیەنراوە بۆ سەربەخۆییە. بۆیە ناکرێت تۆ میکانیزم و رێکاری یاسایی و ئاسایی باوت بۆ وەڵامی پرس و ستراتیجێک قبوڵ بێت، بەڵام خود ئامانج و پرس و ستراتیژەکە رەت بکەیتەوە. بۆیە دەبێ بڵێین ریفراندۆمتان باش!

ئامانجی ریفراندۆم چ لە کورستان و چ لە هەر شوێنێکی دنیا، گەڕانەوەیە بۆ دەنگ و راو ئیرادەی هاوڵاتیان بۆ وەڵامدانەوە بە پرسێکی دیاریکراو. کوردستان ٢٦ ساڵە پاوانی دەسەڵاتی میلیشییاییە، ئەم دەسەڵاتە پابەندی هیچ پەیمان و پێودانگێک لەگەڵ هاوڵاتیانی نییە و هیچ چوارچێوەیەکی یاسایی و حقوقی چ لەسەر ئاستی کوردستان و ناوچەکەو چ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا نییە… مانەوەی ئەم دۆخە دەتوانێت دەیان ساڵی تر تەمەنی ئەم دەسەڵاتە درێژ بکاتەوە. ئەوەی کە دەتوانێت ئەم دۆخە بگۆڕێت و دەسەڵاتی سیاسی پابەندی پێودانگ و پێوانە نێودەوڵەتی و یاسایی و حقوقی بکات، کۆتاییهێنان بەدەسەڵاتی میلیشیایی و پێکهێنانی قەوارەیەکی دەوڵەتی و فەرمی و پێناسەکراوە. سەربەخۆیی و پێکهێنانی دەوڵەت” بەهەر ناوەرۆکێکەوە”، بڕگەیەکی تر و هەنگاوێکی لە پێشترە لەو دەسەڵاتە ببڕ و سەرکوتکەر و تاڵانچییەی ئێستا کە هیچ بەرپرسیاریەتیەکی فەرمی و یاسایی لەبەرامبەر بە هاوڵاتیانی نییە.

دامەزراندنی پایەکانی دەوڵەت، سوپای نیشتیمانی!! لێک جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، سەروەری یاسا” هەر یاسایەک” پێش مەرجی دەوڵەت سازی نین و هەموو ئەمانە لەگرەوی بوونی دەوڵەتدا، قابیلی دەسترەسین.

مەسەلەی مافە فەردی و مەدەنی و بژێوی هاوڵاتیان و موچەو ئازادییە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان و… تاد، لە گرەوی بوونی دەوڵەتدا نین، وە پێکهاتنی دەوڵەت و سەربەخۆیی، بەمانای وەڵامدانەوەی ئەمانە نییەو زامنی ئازادی و مافە فەردی و مەدەنیەکان و ئازادیەکان ناکات. ئەمە کەیسێکی ترە پەیوەندی بە هاوسەنگی هێزی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکانەوە هەیە، پەیوەندی بە ناوەرۆکی دەوڵەت و سیستەمی سیاسی دوای دروستبوونی دەوڵەتەوە هەیە. دەوڵەت تەنها وەڵامی بێ دەوڵەتییە، سەربەخۆیی وەڵامی دۆخی هەڵواسراو بەزۆر لکێنراو و ناتەبایی و ناهاوسەنگی و هەڵاواردنی هاوڵاتیانە کەلەسەر بنەمای ناسنامەی نەتەوەیی و زمانیەوە هەیە لەبەرامبەر بە یاسادا. تێکەڵکردنی ئەم دۆسیەو کەیسانە بەیەکەوە، بەمانای پشتوانیکردنە لە دۆخی نەخوازراوی ئێستا.

جوڵانەوەی نەخێر بۆ ریفراندۆم لە ئێستادا، لە وەهمێکی قوڵدایە کە لایان وایە لەژێر سایەی دەسەڵاتی حزبی و میلیشیاییدا، (پایەکانی دەوڵەتێکی دیموکرات و سەرکەوتو دامەزرابن و دەستور و پەیمانێکی کۆمەڵایەتی بۆ ئایندەی گەلەکەمان و پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە نێوان ھەموو پێکھاتە جیاوازەکانی کوردستان پەسەند کرابێ) سپاردنی پرسی ریفراندۆم بۆ ئەوکاتەی ئەوانە وەدی بێن، سپاردنی ریفراندۆم و سەربەخۆییە بە ئایندەیەکی مەحاڵ و پشتیوانی کردنە لە هێشتنەوەی ئەم دۆخەی ئێستا، بۆ ئایندەیەکی نادیار تا لەسایەیدا، ئەم تاڵان و بڕۆیە، ئە و بیمافی و لێکترازانە سیاسی و کۆمەڵایەتیە، بەردەوام بێت.

وە چاوەڕوانی ئەوەی ریزی نیشتیمان و ناو ماڵی کورد!!” تەبایی و یەککریزی بەدی بێت، کەمەبەست ئەوەیە حزبەکانی ناو خانەوادەی بۆرژوازی کورد تەبا بن. ناتوانرێت لە ژێر قەڵەمڕەوی و ململانێی میلێشیادا، روبدات. شەفافیەتی نەوت و داهات و… تاد، تەنها لەچوارچێوەی دەسەڵات و قەوارەیەکی دیاری پێناسەکراودا مۆدێرندا دەشێ وەدی بێت. چاوەڕوانی بەدیار وەدی هاتنی تەبایی ئەو حزبانەو شەفافیەتی داهات و نەوت و عەدالەتی کۆمەڵایەتی وەکو پێش مەرجی ریفراندۆم، هیچ نییە جگە لە خەونێکی درۆزنانەی وەدی نەهاتوو لە ژێر سایەی دەسەڵاتی حزبی و میلیشیادا.

چاوەڕوانی ئەوەی وڵاتانی ناوچەکە و ئەمریکاو غەرب، بگەنە ئەو باوەڕەی کە سەربەخۆیی و وادەی ریفراندۆم دیاری بکەن و بەخۆشی خۆیان پشتیوانی بکەن، درۆیەکە لەدنیایدا رووی نەداوە. هەمیشە مافی جیابوونەوەو سەربەخۆیی سەپێنراوە، هەروەها وڵاتانی ناوچەکە و ئەمریکاو غەرب بەهیچ پێوانەیەک دۆستی خەڵکی کوردستان نین و بەدوای بەرژوەندی سیاسی و ئابوری و خۆیانەوەن. ئەوەی کە دۆستی خەڵکی کوردستانە، تەنها دەتوانێ بزوتنەوەیەکی ئینسانی و پێشکەوتنخواز و شارستانی، دۆستایەتی و هاوسۆزی و پشتیوانی هاوڵاتیان و دنیای شارستانی وڵاتانی ناوچەکەو دنیا بۆ مافێکی رەوا بەدەست بهێنێ.

بۆیە بەهەموو ئەو راستیە سادانەوە، جوڵانەوەی نەخێر بۆ ریفراندۆم لە ئێستادا، جوڵانەوەیەکە بۆ رەتکردنەوەی ریفراندۆم لە ئێستاو داهاتووی کوردستاندا، لە پێناو رەزامەندی نیشاندان بە دۆخی ئێستاو هێشتنەوەی ئەو دۆخە. بۆیە دەڵێین ریفراندۆمتان باش!!

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ١٠ بەرواری ١٥/٨/٢٠١٧ بڵاوبۆتەوە…www.bopeshawa.net

 

About hkkk

Check Also

گفتوگۆ لەگەڵ ڕێبوار ئەحمەد، لەبارەی بڵاوبوونەوەی کتێبی “لەبری بیرەوەری” و کاردانەوەکانی …

ئەفسانە یان فاشیزم بۆپێشەوە: کتێبە تازەکەی مەلا بەختیار (لەبری بیرەوەری) گۆشەیەکی تر لە تاوان و …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *