Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 ریفراندۆم و بنبەستی برێگزت….

ریفراندۆم و بنبەستی برێگزت….

سالار حەمە سەعید:

سەرەتا پێویستە ئاماژەیەکی کورت بکرێ بە ریفراندۆم لە بەریتانیا، ئەویش نەک لەبەرئەوەی کە ریفراندۆم کارێکی هەڵەبێت. ریفراندۆم ڕاپرسییە، ڕاپرسیش زۆر ئاساییە ئەنجام بدرێ بۆ زانین و وەرگرتنی ڕای گشتی لەسەر کێشە گرنگ و چارەنووسسازەکانی کۆمەڵگا. بەڵام کێشە لێرەدانیە، کێشەکە ئەمە نیە.ریفراندۆم لە ڕووی پرنسیپەوە بە هیچ شێوەیەک هەڵە نیە و نەبووە. بەڵام پێش ئەنجامدانی ئەم پرۆسەی ریفراندۆمە کاری زۆر پێویست هەیە کە دەبێت ئەنجام بدرێ، پێش ئەوەی ڕای خەڵک وەربگیردرێ، دەبێ خەڵک تەواوی ئەگەرەکان بزانێ، دەبێ بزانێ وە ڕوون بکرێتەوە کە بەڵێ ئاکامەکانی چی دەبێت و نەخێر ئاکام و ئەنجامەکانی چی دەبێت. تەواوی ئەگەرەکان بخرێتە بەردەم ڕای گشتییەوە. هیچ شتێ لە خەڵک شاراوە نەبێت. دەبێ بزانن بۆچی بڵێن بەڵێ وە بۆچی بڵێن نەخێر.

حکومەتی کۆنسێرڤەتیڤ (موحافزین) ی بەریتانی هەر لە ڕاگەیاندنی ریفراندۆمەوە تاکو ئامادەکاری و پرۆپاگەندە بۆ ریفراندۆم، تەواوی ئەم ماوەیە چەواشەکارانە کاری کردووە. خەڵکی بەریتانیای لە تاریکی دا هێشتۆتەوە بەبێ ئەوەی تەواوی لایەنەکانی پرۆسەی دوای ریفراندۆم بخاتە روو وە خەڵک ئاشنابکات بە ئەگەرەکان و ئاکامەکانی. حکومەتی کۆنسێرڤەتیڤ دەبوا پلان و نەخشەی کاری رۆشن و پێویستی هەبوایە بۆ چۆنیەتی چوونە دەرەوە لە یەکیەتی ئەوروپا. دەیڤد کامیرۆنی سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی بەریتانیا بانگەشەی ریفراندۆمی دەستپێکرد و لایەنگری مانەوەی ڕاگەیاند، لە حاڵێکدا هیچ پلان و نەخشەیەکی نەبووە لە حاڵی دەنگ نەهێنان دا و دەنگ نەدان بە مانەوە. حکومەتی کامیرون ئەگەری ئەوەی لەبەرچاودانەبووە کە ئەو ڕەوتەی ئەوان واتە باڵی بۆرژوازی لایەنگری مانەوە لە ئەوروپا لەم ریفراندۆمەدا بدۆڕێنێ، باشترین بەڵگەش ئەوەیە کە هیچ پلانێکیان نەبووە وە میکانیزمی کارەکانی روون نەبووە. هەر لەبەر ئەو هۆیەش بوو کە بەدەنگ نەهێنانیان کامیرۆن دەستی لەکارکێشایەوە و حکومەتەکەی دووچاری شکستێکی گەورەبوو. ئەمەش بەڵگەیەکی حاشا هەڵنەگرە کە ڕاگەیاندنی ریفراندۆمەکەی ناوەخت بوو. بۆچی ناوەخت بوو؟ لەبەرئەوەی ئامادەی ئەم کارە نەبوو، پلان و نەخشەی بۆ ئەنجامدانی چوونە دەرەوە نەبوو لەکاتی دەنگدان بە جیابوونەوە. حکومەتی کۆنسێرڤەتیڤ دەبوا پێش دەستپێکی دانووستانەکانی لەگەڵ یەکیەتی ئەوروپادا ستراتیژی دیاریکراوی لەبەردەست دابوایە وە پلانەکانی ئامادەبوایە بۆ جێبەجێکردن لە حاڵی جیابوونەوەدا. بەڵام ئەوەی دەرکەوت حکومەتی موحافزین تەنها یەک ئەگەری داناوە بۆ خۆی ئەویش مانەوە بووە، ئەگینا ئەگەر وانەبوایە دەبوا تەواوی ئەگەرەکان لەسەرمێز دابنرایا و پلانی پێویست بۆ هەر ستراتیژیەک ئامادەبکرایە. بەریتانیا پلانی جیابوونەوەی لە یەکیەتی ئەوروپا لە ٦ی تەمموزی ٢٠١٨ دا ڕاگەیاند واتە پاش تێپەڕبوونی سێ چارەکی ئەو کات و مۆڵەتەی کەهەیانبووە بۆ گفتووگۆکردن لەگەڵ برۆکسل دا.

”دۆمینیک راب” ی وەزیری برێگزتی ئێستای بەریتانیا تەنانەت وەک خۆی دەڵێ: ”بەتەواوی لە کۆنتێکستەکەی تێنەگەیشتبووم”. تا ئەو ڕادەیەی کە کەوتە بەر ڕەخنەی توند و گاڵتەجاڕی میدیاکان کاتێ وتی من نەمدەزانی کە چەند ئاڵۆزە بەجێهێشتنی ئەوروپا. هەروەها راب مەترسیەکانی کەمبوون و کەمی خواردەمەنی لەپاش برێگزت بێبایەخ بینی. هەر بۆ سەلماندنی زیاتری بێ ستراتیژی و بێ پلانی حکومەتی کۆنسێرڤەتیڤ، دەتوانین وتەکانی خودی وەزیری پێشووی برێگزت ” دەیڤد دەیڤس ” بهێنینەوە کە دوابەدوای وەرگرتنی پۆستی وەزیری بریگزت لە تەمموزی ٢٠١٦ دا ڕایگەیاند کە ”هەموو ئەم شتانە کارێکی زۆر ئاسانە”. بەڵام هەر تەنها لەماوەی یەک ساڵ لەم بەروارەوە تۆنی قسەکانی گۆڕی و دانی پێدانا و وتی ” ئەمە کارێکی زۆر ئاڵۆزە” تا ئەو ڕادەیەی لە حوزەیرانی ٢٠١٧ دا وتی: ” ئاڵۆزی دانوستانەکان کاری وێنەگرتنەکانی مانگ لەلایەن ‘ناسا’وە زۆر ئاسان دێنێتە پێش چاو”. لە ئاکامدا ناچاربوو لە تەمموزی ٢٠١٨ دا دەست لەکاربکێشێتەوە. ئەمە بێپلانی و بێئاسۆیی باڵی ڕاستڕەوی بۆرژوازی دەردەخات کە خەڵکیان بەلاڕێدابرد و ڕاستیەکانیان لەخەڵک شاردەوە و تەواوی پرۆسەی مانەوە یا جیابوونەوەیان لە ئاکامە سامناکەکانی ئاگادارنەکردەوە. ئەمە نیشاندەری بێدەربەستی ئەم باڵە ڕاستڕەوەی بۆرژوازیە بە ژیان و گوزەرانی خەڵک و بە ئاکامە پڕ لە مەترسیەکانی ئەم کارەی کە پێی هەڵسان.

حکومەتی موحافزینی بەریتانی دووچاری قەیرانێکی گەورە بۆتەوە تائێستا ٣ وەزیری کابینەی حکومەت و دووجێگری سەرۆکی حزبی کۆنسێرڤەتیڤ دەستی لەکارکێشاوەتەوە. بۆریس جۆنسن ی وەزیری دەرەوەی پێشین لەنامەی دەست لەکارکێشانەوەکەیدا دەڵێ: ”خەوی برێگزت بەرەو مردن دەچێت”. لایەنگرانی جیابوونەوە تووڕەن لە تیریزا مەی سەرۆک وەزیران لەبەرئەوەی وازی هێناوە لە ”برێگزتی دژوار” بۆ ”برێگزتی ئەهوەن -نەرم” لەیەکیەتی ئەوروپا، لەبەرئەوەی دەیەوێ دەستبەرداری زۆرێک لە پەیوەندیە ئابووری و یاساییەکان نەبێت لەگەڵ یەکیەتی ئەوروپا.

پلانی تیریزا مەی، ئاڵوگۆڕی گەورەو بەرچاوی بەسەرداهاتووە، سەرەتا بەپێی ڕوانگەی”مەی” پلانی هاتنەدەرەوە بووە لە *بازاڕی هاوبەش (سنگل مارکت) و ڕاگرتنی ئازادی جموجۆڵی کرێکاران و ملنەدان بۆ دادوەرانی بیانی بەڵام ئەو ئێستا دەیەوێ بەریتانیا بە ”سۆفت برێگزت”دا تێپەڕێ، واتە لە سنگڵ مارکتدا بمێنێتەوە وە سیستەمێکی شلتری خزمەتگوزاریەکانی هەبێت بە ڕەزامەندی هەردوولا واتە بەریتانیا و یەکیەتی ئەوروپا. تریزا مەی پیشنیاری کردووە کە لە یەکیەتی گومرگی ئەوروپا نەیەتە دەرەوە تا ئەوکاتەی میکانیزمێکی نوێی تاریف ”تعرفة” دادەنرێ. هەروەها پەیمان دەدات کە لەستانداردەکانی یەکیەتی ئەوروپا سەبارەت بە ژینگە و سیاسەتە کۆمەڵایەتیەکان و یارمەتیەکانی دەوڵەت نەیەتە خوارەوە. ئەمە تائێستا سیاسەتەکانی ”مەی”ە بەڵام رابەرانی ئەوروپا داوای زیاتری لێدەکەن.

تەواوی ئەوەی کە ڕوودەدات دەریدەخات کە چیدی جێگەی سەرسوڕمان نیە لای خەڵک کە ئەوانەی دڵنیابوون کە بەریتانیا هیچ لەدەست نادا بە جیابوونەوەی لە یەکیەتی ئەوروپا نەتێدەگەن کە برێگزت مانای چیە و نە تەنانەت بیریان لە مەترسیەکان و ئاکامەکانی کردۆتەوە. دەبینین کە بۆریس جۆنسۆن ڕێگە ئاسانەکەی گرتۆتەبەر هەروەک دەیڤد دەیڤس وەزیری پێشووی برێگزت کە ئەویش دەست لەکارکێشانەوەیە لە پۆستەکەی و گەڕانەوە بۆ بۆڵە بۆڵکردن و ناڵاندن لە ناو هۆڵەکانی پەرلەماندا.

ئەوەی کە هەر ئێستا ڕوودەدات پاش چەندەها مانگ لە گفتووگۆ و وتووێژ تیریزا مەی گەیشت بە ڕێکەوتنێک یا (سەفقەیەک) لەگەڵ یەکیەتی ئەوروپا دوابەدوای ئەوە و پاش دانیشتن و کۆبوونەوە لەگەڵ کابینەی حکومەتەکەی دا لە رۆژی ١٤ی نۆڤەمبەری ٢٠١٨، کابینە ڕازی بوون بەو سەفقەیەی کە خراوەتە سەرمێز لەبەردەم یەکیەتی ئەوروپادا. قەراریشە بخرێتە بەردەم پەرلەمانی بەریتانیا بۆ پەسەندکردن. بەڵام مەسەلەکە لێرەدا ئەوەیە ئەوەی تیریزا مەی لەسەری ڕێکەوتووە چییە؟ ئایا ئەمە هەر ئەو برێگزتەیە کە لایەنگرانی برێگزت خوازیاری بوون و دەنگیان بۆداوە؟ نەخێر، ئەمە ئەو برێگزتە نابێت کە دەنگیان بۆ داوە لە ریفراندۆم دا. بەپێی ئەم سەفقەیەی کە رێکەوتوون لەسەری بەریتانیا لە سنگل مارکێتدا دەمێنێتەوە و لە یەکیەتی گومرگیشدا دەمێنێتەوە واتە هەر تەواوی ئەوەی کە ئەوان خوازیاری بوون نایەتەدی بە جیابوونەوەیان لە یەکیەتی ئەوروپا.

هەروەک دەزانرێ لە چەند رۆژی داهاتوو دا سەفقە ڕێکەوتنەکەی تیریزا مەی دەخرێتە بەردەم پەرلەمان و دەنگی لەسەردەدرێ. تەواوی پێشبینەکان دەڵێن کە دەنگی زۆرینە ناهێنێ رێکەوتنەکە کە ئەمەش مانای ئەوەیە کە دوو بژاردە دەمێنێتەوە کە پەنای بۆ ببردرێ یەکێکیان برێگزت بەبێ هیچ ڕێکەوتنێک کە هەروەک بانکی ئینگلتەرە پێشبینی کارەساتێکی ئابووری دەکات بەوەش بار و رەوشی زۆرینەی خەڵک دەکەوێتە تەنگانەو سەختیەکی زۆرەوە. بانکی ئینگلتەرە هۆشداری دا کە ئەگەری ئەوە هەیە کە نرخی خانووبەرە بە ڕێژەی لەسەدا ٣٠ دابەزێت و هەڵاوسان زیاد بکات بە ڕێژەی لەسەدا ٦.٥ وە بێکاری بەڕێژەیەکی بەرچاو بچێتە سەرەوە واتە بە ڕێژەی لەسەدا ٧.٥ زیاد بکات و لەسەدا ٨ یش تێکڕای بەرهەمهێنانی نێوخۆیی دێتە خوار ئەگەر بەریتانیا لە یەکیەتی ئەوروپا جیابێتەوە بەبێ گەیشتن بەهیچ ڕێکەوتن و سەفقەیەک. بەپێی هەموو ئامار و شیکاریە ئابووریەکان برێگزت بەبێ رێکەوتن دەبێتە مایەی کارەساتێکی ئابووری گەورە بۆ کۆمەڵگای بەریتانیا، هەر بەپێی بانکی ئینگلتەرە نرخی سوود (سعر الفائدة) بۆ ٥.٥ بەرز دەبێتەوە هەروەها لە رووی بەرهەمهینانەوە بەریتانیا تووشی زەربەیەکی گەورە دەبێت لەبەرئەوەی بە رێژەیەکی بەرچاو دێتەخوار. بێکاری دەچێت بەئاسماندا و رێژەی هەژاری زیاد دەکات وە بەگشتی خەڵک هەژارتر دەبێت .

بەڵام سەرەرای هەموو ئەم هۆشداریانەی کە دەدرێ کە کۆمەڵگا بەرەو لێواری کارەسات دەچێت و ئابووری نەک باش نابێت بەڵکو هەر بەدانپیانانی حزبی کۆنسێرڤەتیڤ و تیریزا مەی کە بارو ڕەوشەکە باش نابێت، ئەی بۆچی هەر سوورن لەسەر ئەنجامدانی کارێک کە دەزانرێ ئەگەری زیان پێگەیشتنی زۆرە. وەڵامەکەی ئەوەیە کە بۆرژوازی دەربەستی وەزع و بارو گوزەرانی خەڵک نیە، بێدەربەستە کە لەم کەین و بەینەدا خەڵکی کرێکار و کەمدەرامەت هەژار تر و کەمدەرامەت تر دەبن، گرنگ نیە بۆی کرێکاران بێکار ببن، گرنگ نیە هەڵاوسان ڕووبدات و نرخی خواردەمەنی و شتوومەکی پێویست زیاد بکات. لەبەرئەوەی بۆرژوازی بەدوای بەرژەوەندیەکانیەوەیە و لەم بەینەدا تەنها بە هەژاربوونی خەڵک زیاتر سەرمایە کەڵەکە دەکات و پرۆژەکانی لەم بارو رەوشەدا باشتر پیادە دەکات.

کەواتە هەر لەسەرەتاوە ریفراندۆم پەیوەندی بە خواستی خەڵکەوە نەبووە، باڵەکانی نێو بۆرژوازی ساڵەهای ساڵە کێشە و مشتومڕیان بووە لەسەر ئەم بابەتە واتە لەسەر مانەوە یا جیابوونەوە لە یەکیەتی ئەوروپا. هەریەکەیان لە گۆشەیەکی تایبەت بە قازانج و بەرژەوەندیەکانی خۆیان لەم کێشەیە دەڕوانن وە بەرژەوەندی کرێکاران و کەمدەرامەتەکان لە خشتەی کاری ئەواندا نیە، تەنها ئەوە نەبێت کە بەکاریان هێنان بۆ ڕاپێچکردنیان بۆ بەردەم سندووقەکانی دەنگدان تاکو بگەن بەوەی دەیانەوێ.

نۆڤەمبەری ٢٠١٨

About hkkk

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*