Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 ستراتیژی شۆڕش لە کوردستان
ستراتیژی شۆڕش لە کوردستان

ستراتیژی شۆڕش لە کوردستان

گفتوگۆیەکی هەمەلایەنەیە لەگەڵ ڕێبوار ئەحمەد له‌دووبه‌شدا

به‌شی یه‌که‌م ودووه‌م

بۆپێشەوە: له‌درێژه‌ی گفتوگۆکه‌مان له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردن، لەوەڵامی ئەوەی دەبێ چ بکرێ پێداگری لەسەر شۆرش دەکەن… لەکاتێکدا نە دەوڵەتێک و نە حکومەتێکی دانپیانراوی و نێودەوڵەتی لە کوردستان بوونی نییە…تا شۆرش لەدژی بکەیت، لەجێگای ئەوە دوو دەسەڵاتی میلیشیایی پاوانی دوو زۆنیان کردووە… لەهەر وڵاتێکی دنیا کەدەست بەسەر حکومەتدا گیرا، دەسەڵات کۆتایی دێت… لە کوردستان تۆ حکومەت و پەرلەمانیش دەست بەسەرابگریت یان هەر بوونیشیان نەبێت… هیچ ناگۆرێت، پرسیار ئەوەیە چ شۆرشێک؟ چۆن شۆرشێک، بە تایبەت ئەوەی کە ئێستا کوردستان لەلایەن دوو دەسەڵات لە دوو جغرافیادا بەڕێوەدەبرێت؟

ڕێبوار ئەحمەد: بەر لەوەی بڕۆینە سەرباسی ئەو مەسەلە پرۆبلیماتیکەی خستوتانەڕوو دەربارەی دۆخی کوردستان و تایبەتمەندی دەسەڵاتی سیاسی، بە پێویستی دەزانم لەو بەشەی پرسیارەکەتان دەربارەی “چ شۆڕشێک”ەوە  بچینە ناو باسەکەوە. لە ڕوانگەی منەوە تەنها یەک شۆڕش لە دنیای هاوچەرخدا کە بە مانای واقعی وشە پێی بوترێت شۆڕش لە ئارادایە، ئەویش شۆڕشی کرێکارییە بۆ لەڕیشە دەرکێشانی سیستەمی کاری بەکرێ و موڵکایەتی تایبەتی و دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی سۆسیالیستی بێ چین و چەوسانەوە. دەمێکە زەمینە بابەتیەکانی ئەم شۆڕشە و دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی خۆشگوزەران و تێروتەسەل بۆ هەموو دانیشتوانی گۆی زەوی فەراهەم بووە. بەئەنجام گەیشتنی ئەم شۆڕشە تەنها لەسەر ئامادەییە زاتیەکانی چینی کرێکار ڕاوەستاوە. ئەگەر پێویستی کرد دواتر دەتوانین وردتر لەسەر ئەمە بڕۆین. لێرە تەنها مەبەستمە لە وەڵام بە گۆشەیەکی پرسیارەکەتاندا و بە شێوەیەکی کۆنکریت لەسەر دەستەواژەی شۆرش ڕاوەستم. بێگومان لە ڕوانگە جیاجیاکانەوە بۆ دەستەواژەی شۆڕش لیستێکی درێژ ریز دەکرێت وەکو شۆڕشی ئیسلامی، شۆڕشی نەتەوەیی، شۆڕشی ڕزگاری نیشتمانی، شۆڕشی دژی دیکتاتۆری، شۆڕشی بەخشینەوەی دیموکراسی و پەرلەمانتاریزم ..و..هتد. بەڵام لە ڕاستیدا ئەم بە ناو شۆڕشانە تەنها پرۆسیسێکن بۆ دەستاودەست پێکردنی دەسەڵات لە نێوان باڵ و بزوتنەوە جۆراوجۆرەکانی بۆرژوازیدا بەبێ ئەوەی بنەما ئابوری و کۆمەڵایەتیەکانی سیستەمی ئێستا هیچ ئاڵوگۆڕێکی بنەڕەتی بەسەربێت. تەنها شۆڕشی کرێکاری سیستەمی سەرمایەداری لەڕیشەوە هەڵدەتەکێنی و کۆتاییدەهێنێت بە هەموو جۆرەکانی چەوسانەوە و دابەشبونی کۆمەڵگە بۆ چەوسێنەر و چەوساوە. ئەم شۆڕشە تەنها لە ڕێگای بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتی سیاسی لەلایەن چینی کرێکارەوە ئیمکانی جێبەجێ بوونی هەیە. ئەوەی لە مەفهومی مارکسیستی و کۆمۆنیستیدا بە “دیکتاتۆری پرۆلیتاریا” ناسراوە. ئەگەر لەم ڕوانگەیە بۆ شۆڕشەوە چاو لە بارودۆخی ئێستای کوردستان و ئەو دوو دەسەڵاتە بکەین کە ئێوە باستان کرد، ئیتر رۆشنە کە شۆڕش مانایەکی زۆر قوڵتر و هەمەلایەنەتر و بەرفراوانتری هەیە لە کۆتایهێنان بەم بارودۆخە و بەم دوو دەسەڵاتە. ئەمانە تەنها یەکەمین بەربەستەکانی بەردەم ڕەوتی بەسەرئەنجام گەیشتنی شۆڕشن و بەم مانایەش خودی کۆتایهێنان بەم هەلومەرج و دەسەڵاتانە هێشتا خۆبەخۆ ناکاتە شۆڕش و سەرکەوتنی شۆڕش.

ئەم شۆرشە زەمینە ماددی و بابەتیەکانی دەمێکە فەراهەم بووە، بەڵام پێویستی بە مەلزوماتی زاتی هەیە بۆئەوەی بە ئەنجام بگات. پێویستی بە ئاستێکی باڵا لە رێکخراوبونی جۆراوجۆری چینی کرێکار لە حزبی سیاسی و شێوەکانی تری ڕێکخرابوونی ئەم چینە هەیە لە ڕیزی سەربەخۆی چینایەتیدا. پێویستی بەوە هەیە کە ئاسۆی سیاسی سۆسیالیستی و رەخنەی سۆسیالیستی لە دنیای ئێستا پێگەیەکی بەهێزی لەناو چینی کرێکار و لە ئاستی کۆمەڵگەدا هەبێت. لەیەک ڕستەدا پێویستی بەوە هەیە کە چینی کرێکار بە بەدیلی خۆیەوە لە رووی سیاسی و ڕێکخراوەیی و تاکتیکی و پراتیکیەوە توانای ئەوەی پەیداکردبێت کە رۆڵی رابەری لە کۆمەڵگەدا بگێرێت و بتوانێ دەستبەرێت بۆ دەسەڵاتی سیاسی.

کاتێک لەم ڕوانگەیەوە چاو لە دۆخی ئێستا دەکەین بێگومان پێداویستیە زاتییەکانی ئەم شۆڕشە فەراهەم نییە. هەرکات ئەم پێداویستیانە فەراهەم بوو، شۆڕشی کرێکاری نابێ چاوەڕوانی هیچ پرۆسیسێکی درێژتر و هیچ قۆناغ بەندییەک بکات، دەبێ راستەوخۆ دەست بۆ دەسەڵاتی سیاسی بەرێت و شۆڕشی خۆی دەست پێبکات. بەڵام تا کاتێک ئەو مەلزوماتانە فەراهەم نەبووبێت، چینی کرێکار و کۆمۆنیزم ناتوانێ لە ئاست هیچ دۆخ و هیچ ئاڵوگۆڕ و هیچ بزوتنەوە و کردەیەکی شۆڕشگیرانە و ئازادیخوازانە، یان ڕوو لەپێش و ڕوو لە دەستەبەربوونی بەشێک لە خواست و ئامانجە دەم و دەستەکانی چینی کرێکار و چەوساوەکان دەستەوئەژنۆ دانیشێت. نەک هەر ئەوە بەڵکو دەبێ لە هەموو ئەوانە رۆڵی پێشڕەوانە بگرێت و بەبارێکدا دەفعیان بکات کە دەرفەتی باشتر بۆ بەخۆداهاتنەوەی چینی کرێکار و قوڵبونەوەی خەباتی چینایەتی و ریزبەندی چینەکان و ڕەخساندنی هەلومەرج بۆ بردنەسەری ئامادەییە زاتیەکانی شۆڕشی کرێکاری پێکبهێنێت. بەم شێوەیە دەکرێت ئەم جۆرە ئەم بزوتنەوە و ئاڵوگۆڕانە بە کردەوە ببێتە بەشێک لە پرۆسیسی شۆڕشی کرێکاری. بۆ نمونە لە ئێستای کوردستاندا دوو دیاردەی سیاسی بەرچاو هەن، یەکەم بزوتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری بۆ سەپاندنی کۆمەڵیک ماف و خواستی کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێش و چەوساوە. ئەمەیان بزووتنەوەیەکی واقعی و جەماوەرییە و لە دوو دەهەی ڕابردودا بە چەندین شێوە خۆی نیشانداوە و بە تایبەتی لە ١٧ی شوباتی ٢٠١١ەوە پێی ناوەتە ئاستێکی بەرزەوە. هەندێجار پێشڕەوی دەکات و پەرەدەسەنێ و دەسەڵات دەخاتە ژێرگوشارێکی توندەوە و هەند ێجار پاشەکشە دەکات. دوەم/ خواست و مەیل و ئیرادەیەکی فراوانی جەماوەری بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی ستەمکاری ئێستا. ئەمەی دوەمیان هێشتا وەکو بزووتنەوەیەکی واقعی و مادی خۆی نەنواندوە و تەنانەت مەلزوماتەکانی بەرێکەوتنی بزوتنەوەیەکی وەها نە لە ڕوی ئاسۆی سیاسی و نە لەڕووی رێکخراوەیی و عەمەلی شۆڕشگیرانەوە نەکەوتوەتە دەستورەوە. بۆیە هێشتا ئەم مەیل و خواست و ئارەزووە لەلایەن باڵەکانی تری بورژوازیەوە ئاراستە دەکرێت بۆ گۆڕینی دەموچاوەکان و جۆرێکی تر لە دەسەڵاتدارێتی بورژوازی کورد. بە بڕوای من بزوتنەوەی ناڕەزایەتی ئەستەمە بتوانێ ئاڵوگۆڕێکی وەها پێکبهینێت کە ئەو خواستانە و پێداویستیەکانی ژیانی ڕۆژانەی جەماوەری ستەمدیدە بە شێوەیەکی پایەدار مسۆگەربکات. ئەم دەسەڵاتە میلیشیاییە هەتا ئەگەر ڕۆژگارێک هەنگاوێکیش پاشەکشە بکات و مل بە چەند داخوازیەک بدات، بەپێی ئەو دۆخ و ئەو گێژاوەی کوردستانی داگرتووە، کە تەنانەت لە ئاست ڕەخساندنی هەلومەرج بۆ شکڵگرتنی دینامیزمێکی ئابوری سەرمایەداری نۆرماڵ و پایەداریش داماوە و زۆرتر لەسەر تاڵان و بڕۆ ڕاوەستاوە، لەهەر بەهانەیەک بە ئاسانی کەڵک وەردەگرێت و دیسانەوە پەلاماری هەرە سەرەتایترین ماف و پێداویستیەکانی ژیانی ڕۆژانەی خەڵک دەداتەوە. بۆیە رێگای گونجاو هەتا بۆ دەستەبەربوون و پایەداربونی داخوازیە ئابوری و سیاسیەکانی جەماوەری ستەمدیدە، کۆتاییهێنانە بەم دەسەڵاتە و بەم دۆخەی دەسەڵاتی میلیشیایی حزبە ناسیۆنالیستەکان سەپاندویەتی. بۆ ئەم مەبەستە دەبێ بزوتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری ئێستا لە ئاسۆ و مەیلی کۆتایهینان بە دەسەڵاتی ئەم حزبانە موتوربە بکرێت و ئەم دوو دیاردەیە یەکانگیر بکرێن. دەبێ دەسەڵاتی ئێستا وەلابنرێ و لە جێگایدا دەسەڵاتێکی پشبەستوو بە ئیرادەی خەڵک دامەزرێ. کە لە وەڵامی پرسیارەکانی پێشو دەربارەی هەڵبژاردن ئەمەم ڕونکردوەتەوە و دوبارەی ناکەمەوە.

ئەوەی دەمەوێ وەکو ئەنجامگیری ئەم باسە جەختی لێ بکەم و وەکو ئەڵێن خاڵ بخەمەسەر پیتەکان، ئەوەیە کە ئەگەر ئەم یەکانگیربونەی ئەم دوو دیاردە سیاسیەش ڕووبدات، واتە شکڵگرتنی بزوتنەوەیەکی جەماوەری و شۆڕشگێرانە بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵات و دۆخی سیاسی ئێستا و ئەم بزوتنەوەیەش بە سەرکەوتن بگات، هێشتا ئەگەر بمانەوێت بە تەواوی دیقەت بکەین لە دەستەواژەی شۆڕش، ئەمە هێشتا بە سەرئەنجام گەیشتنی شۆڕش نییە بەو مانایەی وتمان تەنها شۆرش لە دنیای هاوچەرخدا شۆڕشی کریکارییە بۆ گۆڕینی ژێربینای ئابوری سەرمایەداری و هەر بەم مانایەش شۆڕشێکی کۆمەڵایەتیە، بەڵام شکڵگرتن و سەرکەوتنی ئەم بزوتنەوەی کۆتایهێنانە بە دەسەڵاتی ئێستا بە ئاسۆیەکی شۆڕشگێڕانەوە دەتوانێ دەرگا بەڕووی خێراکردنەوەی ڕەوتی شۆڕشی کرێکاری بکاتەوە و زەمینەی ئەوە بڕەخسێنێت کە چینی کرێکار بە خێرایی ئامادە زاتیەکانی بەرێتە سەرەوە. لەم حاڵەدا بە کردەوە شۆڕش بەو مانایەی وتمان، دەکاتە بەردەوامیدان بەم ڕەوەندە شۆڕشگێڕانەیەی کە لە یەکەم هەنگاویدا دەسەڵاتی ئێستای حزبە ناسیۆنالیستەکان هەڵدەپێچێ. ئەوکات ئیتر بۆ بەشێک لە پێکهاتەی ئەم بزوتنەوەیە سەرکەوتن لە کۆتایهێنان بەم دەسەڵاتە و بەدیهاتنی ئامانجە دەمودەستەکانی، دوامەنزڵی شۆڕشە. تەنانەت بەشێک لە پێکهاتەی ئەم بزوتنەوەیە لەم بڕگەیە بترازێ ئیتر دەکەوێتە بەرامبەر رەوتی قوڵکردنەوەو بەردەوامی دان بەم رەوەندە شۆڕشگێڕانەیە .لە کاتێکدا بۆ پرۆلیتاریا و جەماوەرێکی فراوانی ستەمدیدە و زەحمەتکێش، بەسەرکەوتن گەیشتنی بزوتنەوەی وەلانانی ئەم دەسەڵاتە و بەدیهاتنی ئامانجەکانی، تازە سەرەتای کارە و لە ڕوانگەی بەرژەوەندی ئەوانەوە دەبێ ڕەوتی شۆڕشگێڕانە بەردەوامی پەیدابکات بەرەو ئەنجامدانی شٶڕشی کرێکاری. مارکس بەم پرۆسیسەی وتوە (شۆڕشی بەردەوام).

دەربارەی ئەوەی کە لە ئێستادا هیچ دەوڵەت ودەسەڵاتێکی دانپێدانراوی نێودەوڵەتی لە کوردستان نییە، من بۆچونێکی جیاوازم هەیە. دەسەڵات و دامودەزگا دەوڵەتیەکانی ئێستای کوردستان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دانیان پێدانراوە و هەولێری پایتەختی ئەم دەسەڵاتە لایەکی سەفارەت و قونسولخانەی دەوڵەتانی دنیایە کە دانیان بە حکومەتی هەرێمدا ناوە و مامەڵەی دەسەڵاتێکی بەفەرمی ناسراوی لەگەڵ دەکەن. ئیتر کوردستان لەسەردەمی بەر لە ٢٠٠٣ و رۆژگاری حاکمیەتی بەعس لە عێراق نییە. هەرچەندە من وا نازانم کە مەسەلەی دانپێدانان لە هەردووبارەکەیدا کاریگەریەکی لەسەر ئەنجامدانی شۆڕش یان بە مانا دەقیقەکەی بزوتنەوەی هەڵپێچانی ئەم دەسەڵاتە هەبێت. بەڵام ئەوەی کە ئێوە وتتان دامودەزگا بە ناو حکومیەکان لە ڕاستیدا دامودەزگای کارتۆنین بۆ دەسەڵاێکی میلیشیایی، واقعیەتێکی حاشاهەڵنەگرە. لە ڕاستیدا ئەو دۆخەی کوردستانی لە گێژاودا راگرتوە دوو هۆکاری سەرەکی هەیە؛ یەکەم وەکو ئێوە باستان کرد دەسەڵاتێکی میلیشیاییە کە پابەندی هیچ نۆرم و یاساوڕێسایەکی مەدەنی نییە. دووەم سەرەگێژەی فیدراڵیزمی قەومی، کە لەلایەکەوە کوردستان زیاتر لەچارەکە سەدەیەکە بەکردەوە لە عێراق جیایە و لەلایەکی ترەوە لە قاڵبی فیدراڵیزمێکی شکستخواردوی کۆنەپەرستانەدا خراوەتە ناو پەیوەندیەکەوە لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندی عێراق. ئەم قاڵبە فیدراڵیە لەبنەڕەتدا ئارایشێکە بۆ شەریککردنەوەی ناسیۆنالیزم و بورژوازی کورد لە سامان و داهات و دەسەڵاتی سیاسی. بەڵام هۆکاری دەریایەک دەردەسەرییە بۆ خەڵکی کوردستان. رێگاچارەی ئەم گیژاوە پیادەکردنی بڕیاری ڕیفراندۆمی کوردستانە، کە بەدەر لەوەی چ لایەک و بۆ چ ئامانجێک بەرپای کرد، خەڵکی کوردستان بە فراوانی بەشداریان تیادا کرد و بە ڕێژەیەکی زۆر بەرز دەنگیان دا بە جیابونەوە.

دەربارەی ئەوەی کە لە کوردستان دۆخێکی نانۆرماڵ هەیە و جیاوازی زۆری هەیە لەگەڵ ئەو کۆمەڵگەیانەی دەسەڵاتێکی دەوڵەتی موتەمەرکزیان تێدایە و ڕوخاندنی ئەو دامودەزگایانە یەکسانە بە ڕوخاندنی دەوڵەت. لە ڕاستیدا ئەمە مەسەلە ئاڵۆز و پرۆبلۆماتیکەکەی ئاڵوگۆڕی دەسەڵاتە لە کوردستان. ئەم دەسەڵاتە دابەشبوە بۆ دەسەڵاتی ناوچەیی دوو حزبی ناسیۆنالیست و شەریکە ئیسلامی و ناسیۆنالیستەکانی تریان، ئەمە پرۆسەی وەلانی دەسەڵاتی لە کوردستاندا ئاڵۆزکردوە. ڕەنگە لەڕوی عەمەلیەوە لە پێشدا لە ناوچەیەکی دیاریکراو یان هەتا لە یەک شاردا ئەم حزبانە لە دەسەڵات بخرێن. بەڵام ئەگەر ئەمە لە ناوچەیەک ڕوبدات بەخێرایی دەسەڵاتی بورژوازی کورد لە ناوچەکانی تریش دوچاری ئەزمەیەکی خنکێنەر دەکات و زەمینە بۆ دوبارەکردنەوەی هەمان کردەی شۆڕشگێڕانە لە ناوچەکانی تریش بەخێرایی دەڕەخسێت.

سیناریۆی شکڵگرتن و بەسەرکەوتن گەیشتنی ئەم بزوتنەوە شۆڕشگێڕانەیە سەختە لە پێشەوە پێشبینی بکرێت، بەڵام بۆ ڕوون بوونەوەی مەبەست و نیشاندانی نمونەیەک، من دەتوانم ئاماژە بە دوپات بوونەوەی ١٧ی شوباتێک بکەم لە ساڵی ٢٠١٩ یان ٢٠٢٠ یان….بەو جیاوازیەوە کە لە جیاتی ئاسۆی سیاسی ناسیۆنالیستی و ئیسلامی ئاسۆیەکی ڕادیکاڵ و شۆڕشگیرانە بەسەریدا باڵی کێشابێت. لە جیاتی ئەوەی ڕابەریەکەی بەدەست بزوتنەوەی گۆڕان و ئیسلامیەکانەوە بێت و بیکەن بە بابەتی سات و سەودا بۆ مەرامەکانی خۆیان، ڕابەریەکی شۆڕشگێڕ و کۆمۆنیستی هەبێت و چینی کرێکار رۆڵی گرنگ و پێشڕەوانەی تیادا بگێڕێت. لە جیاتی ئەوەی لە چەند مەیدانی چەند شاردا قەتیس بخوات، کارگە و گەڕەک و زانکۆ و قوتابخانە و فەرمانگاکان بکاتە مەیدانی خۆی. وە لە جیاتی ئەوەی جەماوەر لە دەوری ئەنجومەنی مەیدانەکان بە شێوەیەکی بێسەرەوبەرە کۆبنەوە، لە دەوری شورا و یەکێتی و ڕێکخراوە جەماوەریە ڕادیکاڵەکانی خۆیان لەگەڕەک و مەیدانەکانی کار رێکخراوبن…و…دەتوانێ ئامانجەکانی بزوتنەوەیەکی وا مسۆگەربکات تەنانەت ئەگەر لە یەک زۆن یان لەیەک ناوچەی کوردستانیشدا بێت، دەبێتە هەوێنی ئەوەی لە ئاستی سەراسەیشدا بە ئەنجام بگات. دوبارەی… دەکەمەوە ئەمە پێشبینی نییە، تەنها نمونەیەکە بۆ ڕۆشنکردنەوەی سیناریۆی هەڵپێچانی ئەم دەسەڵاتە لە دۆخی ئاڵۆزکاوی کوردستاندا.

بۆپێشەوە: بوونی کونسوڵخانەی وڵاتانی ناوچەکە لەکوردستان، و داننانی وڵاتان و ناوەندە نێودەوڵەتیەکان بە دەسەڵاتی هەرێم، لەچوارچیوەی بەفەرمی ناسینی فیدرالیزمی قەومی و یەکپارچەیی عێراقدایە، نەک داننان بە قەوارەیەکی جیا یان مامەڵەکردنی وەکو قەوارەیەکی دەوڵەتی، ئەمە لایەک و لەلایەکی تریشەوە، ئەم دۆخە پەیوەندی بەهاوسەنگی نێوان دەسەڵاتی ناوەند و هەرێمەوە هەیە، هەمیشە ئاڵوگۆر بەپێی گۆڕانی هاوسەنگی هێزی هەردوولا دەگۆڕێت… لە واقعیەتێکی ئاوادا، شۆرش لەکوردستان، هەم رووبەرووە لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندی و هەمیش لەکوردستان، لەگەڵ دوودەسەڵاتی چەکدار بەرەو رووە. ئه‌مه‌ چ تایبه‌تمه‌ندیه‌ک به‌شۆڕش دەبەخشێت له‌کوردستاندا؟

رێبوار ئەحمەد: بێگومان تایبەتمەندیەکی زۆری دەبەخشێت بە چۆنیەتی کۆتایهێنانی شۆڕشگێڕانە بەم دەسەڵاتە. لە دۆخێکی وادا زۆر ئەستەمە ئەو سیناریۆیانەی کە لە وڵاتانی تردا و لە دۆخێکی نۆرماڵدا شۆڕشەکان نمایشی دەکەن لە کوردستانی ئێستادا ببنە سیناریۆی شۆڕش. بۆ رۆشن بوونەوەی مەبەست، دەکرێت ئاماژە بۆ شۆڕشی ١٩٧٩ ئێران یان شۆڕشەکانی ئەم دواییانەی میسر و تونس بکەین، لە کاتێکدا دەسەڵات لە مەرکەزدا بەچۆکدادێت ئیتر لە ئاستی سەراسەریدا دەروخێت. دەتوانم بە دڵنیایەوە بڵێم لەم دۆخەی ئیستای کوردستاندا دوپاتبوونەوەی ئەوجۆرە سیناریۆیانە زۆر ئەستەمە.

دواتر دێمەوە سەر ئەم باسە بەڵام بەرلەوە با کەمێک رۆشنایی بخەینەسەر خودی دۆخەکە و سەرنجەکانی ئێوە. ئەوانەی باستان کرد دەربارەی ئەوەی کە دەسەڵاتی هەرێم لە چوارچێوەی فیدرالیزمی قەوی وەکو پارچەیەک لە عێراق بەرەسمی ناسراوە نەک قەوارەیەکی جیا، دروستە. بەڵام هەر ئەمە خۆی مانای ئەوەیە لە هەر فۆرم و قەوارەیەکدا بێت بەڕەسمی ناسراوە. ئیتر وەکو دۆخی بەر لەڕوخانی دەسەڵاتی بەعس نەماوە کە نە بۆخۆی قەوارەیەکی دەوڵەتی جیاواز بوو نە بەکردەوە بەشێک بوو لە هیچ وڵات و دەوڵەتێکی بەڕەسمی ناسراو. هەر لەسەر ئەم بناغەیەش دەوڵەتانی دنیا وەکو هەرێمێکی بەڕەسمی ناسراوی عێراق مامەڵەی لەگەڵ دەکەن. هەموو ئەوراقێکی ڕەسمی ئەم هەرێمە لە هەموو جێگایەکی دنیادا بە ئەندازەی ئەوراقێکی عێراقی بەڕەسمی دەناسرێت. ئەودوای کێشەکە کە ئێوە بە دروست باستان کرد، زادەی فیدراڵیزمی قەومیە نەک بەڕەسمی ناسین یان نەناسین. کاتێک باسی فیدراڵیزمی قەومی لە کوردستانی عێراق وەکو ئامانجێکی ناسیۆنالیزمی کورد بۆ شەریکبوونەوە لە دەسەڵات و داهاتی عێراق هاتەگۆڕێ، کۆمۆنیزمی کرێکاری زۆر بە ڕۆشنی ئەم دۆخەی ئێستای پێشبینی کرد و لەمبارەیەوە بە توندی دژی ئەم فیدرالیزمە ڕاوەستا و هۆشداری دایە خەڵکی کوردستان دەربارەی ئەوەی کە فیدراڵیزم رێگاچارەیەک نییە بۆ کێشەی کورد، بەڵکو فۆڕمێکە بۆ شەریکبونەوەی بورژوازی کورد لە داهات و دەسەڵات، لە هەمانکاتدا ئەلگۆیەکە بۆ ئەبەدیەتدان بە شەڕ و کێشەی نەبڕاوەی قەومی. چەندین ساڵە خەڵکی کوردستان نوقمی ئەو بێدەرەتانیەن کە کۆمۆنیزمی کرێکاری هۆشداری لەبارەیەوە دابوو. بەوپێیەی فیدراڵیزم ئەلگۆیەکە بۆ شەریکبونەوەی بورژوازی کورد لە دەسەڵات و داهات، بێگومان هیچ نموزەجێکی ئەم شەراکەت و دابەشکاریە ناتوانێ نوسخەیەکی ئەبەدی و تاسەر پەسەندی هەردوو بورژوازی مەرکەزی و بورژوازی محەلی کوردستان بێت. لەهەر هەلومەرجێکدا دروست وەکو ئەوەی ئێوە باستان کرد هاوسەنگی هێزی نێوانیان دەیبڕێتەوە دابەشکاریەکە چۆن بێت. هەر رۆژێک هەرلایەکیان هێزی زیاتری هەبێت هەوڵدەدات بەشی خۆی زیاتر و بەشی بەرامبەرەکەی کەمتر بکاتەوە.

با بۆیەکجار ئەم حوکمە سیاسیە لەگەڵ واقعیەتی ١٥ ساڵی رابردو بەراورد بکەین و بزانین چەندە پێشبینیەکانی کۆمۆنیزمی کریکاری دروستە. لە دوای ٢٠٠٣ کە رژێمی بەعس ڕوخا، بورژوازی کورد کە ئەوکات ١٢ ساڵ بوو حوکمڕانی کوردستانی دەکرد و بە تاڵان و بڕۆ ئابوریەکی بەهێزی بۆ خۆی کەڵەکە کردبوو، هێزێکی چەکداری لە هەموو لایەنە عێراقیەکان بەهێزتری بەدەستەوە بوو، تارادەیەکی زۆر لە ناوخۆیدا یەکدەست بوو… توانی فیدرالیزمی قەومی بە بورژوازی مەرکەزی بقەبڵێنێ و لە دەستوردا ڕەسمیەتی پێبدات و لە بەندێکی دەستوریشدا پرۆسیسێک بۆ گێڕانەوەی “ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان” بگونجێنێ. بەڵام دەسەڵاتی مەرکەزی تەنها بۆ بەدەستهێنانی فرسەتی خۆکۆکردنەوە، لەپەیوەند بە چارەنوسی ئەم ناوچانەوە هەندێک هەنگاوی لاوەکی وەکو یاری سیاسی لەگەڵ بورژوازی کورد هەڵگرت بەبێ ئەوەی هیچ کات مل بە پیادەکردنی بەندی ١٤٠ی دەستور بدات. دوای ئەوەی کەمێک خۆی گرتەوە ئیتر تا ٢٠١٤ و هاتنەناوەوەی داعش، لە بارەی بەندی ١٤٠ تەنها ئەوەی بۆ بورژوازی کورد هێشتەوە کە بڵێن (ئەم نانە بەو ڕۆنە). لە ٢٠١٤ بە پەلاماری بروسکە ئاسای داعش سوپای حکومەتی مەرکەزی لە شار و پارێزگاکانی موسڵ و رومادی و تکریت و کەرکوک..و..دوچاری شکستێکی گەورەبوەوە. بورژوازی کورد کەڵکی لەم شکستە و تەنانەت رۆڵ پەیداکردنی هێزێکی بەربەری وەکو داعش وەرگرت و ناوچەگەلێک کە لە نێوان دەسەڵاتی مەرکەزی و هەرێمی کوردستاندا ناکۆکی لەسەر بوو، خستەژێر دەسەڵات و قەڵەمڕەوی خۆیەوە. بەم جۆرە ئاستی چاوەڕوانی لە بەشە داهات و دەسەڵات چووە ئاستێکی زۆر زیاتر لەوەی پێشتر لە چوارچێوەی فیدرالیزمی قەومیدا دیاریکرابوو. نەوتی کوردستان و ئەوناوچانەشی بۆ خۆی بەتاڵان دەبرد و دەیگوت لەوەی ژێردەستی حکومەتی مەرکەزیش شەریکم. هەرچەندە حکومەتی مەرکەزی نەچوە ژێر ئەم داوایە و بودجەی هەرێمی بڕی، بەڵام ئەم دۆخە لەنگەر نەگرتووە بەردەوام بوو تا جارێکی تر حکومەتی مەرکەزی کەڵکی لە شەڕی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی وەرگرت بۆ ڕاماڵینی داعش و گێڕانەوە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی داعش بۆ ژێردەسەڵاتی خۆی. لەم نێوەدا بە تایبەتی شەڕی موسڵ زۆر کاریگەر و چارەنوسسازبوو. ئەم جەنگە دیسان هاوسەنگی هێزی بە قازانجی حکومەتی مەرکەزی گۆڕی، لە هەناوی ئەم جەنگەدا حکومەتی مەرکەزی توانی هێزێکی زەبەلاح و پڕچەک و ئامۆزشدیدە دامەزرێنێ کە پێکهاتبوو لە سوپاو چەندین میلیشیایی گەورە. هاوکات دۆخی ناوچەکە و دەخاڵەتی هێزە جیهانی و ئەقلیمیەکانیش بە قازانجی بە خۆداهاتنەوەی حکومەتی ناوەندی و چۆڵبونی پشتی بورژوازی کورد ئاراستەیان گرت. هاوسەنگی تازە بورژوازی کوردی خستە بەردەم دوڕیانێک یان دەبوو هەنگاوێکی تازە بۆپێشەوە هەڵگرێت بە ئاراستەی سەربەخۆیی، یان دەبوو چاوەڕوانی ئەوەبێت کە دوای شەڕی داعش حکومەتی مەرکەزی نەک هەر هەموو ئەو ناوچانەی لێ وەرگرێتەوە کە لە کاتی هاتنەناوەوەی داعش دەستی بەسەردا گرتوون، بگرە فیدراڵیزمە قەومیەکەشی کلکوگوێ بکات. لەم کاتەدا بارزانی وەکو خاوەنی سەرەکی و ستراتیژیستی سەرەکی بورژوازی کورد چووە پای بەرپاکردنی ریفراندۆم و بانگەشەی جیابونەوە و پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ. بێگومان ریفراندۆم هەنگاوێکی ستراتیژی گەورە و بە هەمان ئەندازەش تەحەدییەکی گەورە و تێپەڕین بوو بەناو رچەڕێیەکی پڕ لە کۆسپ و تەگەرەدا. ئەو هۆکارانەی ئەم هەنگاوەیان دوچاری شکست کرد، بەشێکی پشتتێکردنی دۆستە ئەقلیمی و جیهانیەکانی بارزانی و بورژوازی کورد بوو، بەشێکیشی دروستبوونی درز و کەڵێنێکی گەورەبوو لە ناوخۆی بورژوازی کورددا. شکڵگرتنی بەرەیەکی “نا بۆ ڕیفراندۆم” لەلایەن بەشێک لە بورژوازی کورد و  دودوڵی و ڕاڕاییەکی گەورەی بەشێکی دیکەی بورژوازی کورد و دەست تیکەڵکردنی راستەوخۆی بەشێکیش لەگەل حکومەتی مەرکەز و حەشدی شەعبی، دەروازەیەکی باشیان بۆ بورژوازی مەرکەزی کردوە بۆ بەشکستکێشانی ریفراندۆم. پاش ئەمەش هاوسەنگیەکی تازە لە نێوان هەردو بورژوازی کورد و مەرکەزی هاتە ئاراوە و لەم هاوسەنگیە تازەیەدا نە تەنیا ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان، بەڵکو ئەو فیدرالیزمەی لە هاوسەنگی دوای ٢٠٠٥دا شکڵی گرتبوو، بە تەواوی کلک وگوێ کرا. تا ئێستاش هەر ڕەوتی پاشەکشەی بورژوازی کورد ڕانەوەستاوە و نازانرێت لە کوێ بۆ جارێکی تر و بۆ بڕگەیەکی تر هاوسەنگیەکە لەنگەردەگرێتەوە.

دەربارەی ئەوەی کە وتتان “لە واقعیەتێکی ئاوادا، شۆرش لەکوردستان، هاوکات رووبەرووە لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندی” واتە چۆن کاری خۆی لەگەل حکومەتی ناوەندی عێراق یەکلادەکاتەوە؟ پێش هەرشتێک پێویستە ئەوە روون بێت کە یەکلاکردنەوەی تەکلیف لەگەڵ دەوڵەتی مەرکەزی نەبەستراوە بە شۆڕشەوە، تەنانەت بەبێ ڕوخاندنی دەسەڵاتی میلیشیایش ئەکرێت بە پیادەکردنی ئەنجامی ڕیفراندۆمی ٢٠١٧ و جیابونەوە و پێکهێنانی دەولەتێکی سەربەخۆ ئەم تەکیلفە یەکلابێتەوە. ئەگەر ئەم مەسەلەیە هەر بەم جۆرە بمێنتەوە تا کاتێک ئاڵوگۆڕێکی شۆڕشگێڕانە ڕودەدات، ئەوکات وەڵامی ئەمە پەیوەستە بەو هەلومەرجەی کە ئاڵوگۆڕەکەی تیادا بەرپادەبێت. ئەگەر شۆڕش لە کوردستان بەشێک بێت لە شۆڕشێکی سەرتاسەری لە عێراقدا، وەڵامەکە جیاوازی دەبێت لەگەڵ ئەوەی کە شۆڕش تەنها لە چوارچێوەی کوردستاندا بڕواتە پێشەوە. بە شێوەیەکی گشتی ئەکرێت بڵیین لە هەناوی عێراقێکی دەستخۆشی شۆڕشگێڕانەدا خەڵکی کوردستان دەرفەتی ئەوەیان دەبێت هەڵبژاردنێکی جیاواز لە جیابونەوە بکەن. بەڵام تا کاتێک دەسەڵاتی ناوەندی عێراق دەسەڵاتێکی کۆنەپەرستانەی قەومی و مەزهەبی بێت، بە ناچاری کوردستان تەنها ڕێگای جیابونەوەی لەبەردەم دەمێنێ. بە تایبەتی ئەگەر ئاڵوگۆڕێکی شۆڕشگێڕانە تەنها لە کوردستاندا رووبدات، ئەوە یەکێک لە مەرجەکانی چوونەپێشی بەم ئاقارەدا توڕهەڵدانی فیدرالیزم و دابڕانی یەکجاریەتی لە عێراقێکی قەومی ومەزهەبی.

ئێستا بابێینەسەر ئەوەی دۆخی ئیستای کوردستان و بەرەورووبون لەگەڵ دوو دەسەڵاتی میلیشییایی لە دوو زۆن چ تایبەتمەندیەک دەدات بە ڕەوتی ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە. بە بڕوای من ئەمە پرۆسەیەکی زۆر ئالۆز دەبێت و ستراتیژێکی زۆر تایبەتی پێویستە بۆ چوونەپێشی ئەم ڕەوەندە. بێگومان سیناریۆی کارساز و خێراو کەم دەردەسەری ئەوەیە کە بزوتنەوەی ناڕەزایەتی ئێستا متوربە بکرێت لە ئاسۆیەکی سیاسی بۆ وەلانانی دەسەڵاتی میلیشیایی و گەندەڵی ئێستا. هەروەها ‌چوونەپێشی ئەم بزووتنەوەیە وەکو بزوتنەوەیەکی یەکپارچە و سەراسەری لە هەردوو زۆنی ئەم دوو دەسەڵاتەدا. بەڵام ڕەنگە لەدنیای واقعدا ئەمە تەنها وەکو ئارەزوو ئاوات و سیناریۆیەکی کارا و کارساز بمێنێتەوە و هەرگیز بەکردەوە تەحقیق نەبێت. زۆر فاکتۆر و هۆکاری ورد و درشت هەن کە دەبنە هۆی ئەوەی ئەم بزوتنەوەیە بە شێوەیەکی ناهاوسەنگ لە هەردوو ناوچەکەدا لە ئاست و ڕێچکەی جیاوازدا بڕۆنە پێش و هەڵبەزودابەزی بە تەواوی جیاواز لە یەکتری بکەن. لەم کاتەدا هەر ستراتیژێک کە یەکلایەنە پشتی بەوە بەستبێت ئەم بزوتنەوەیە لە ئاستی سەراسەریدا لەیەک کاتدا بە سەرکەوتن بگەیەنی، نەک تەنیا ئەستەمە بگرە دەتوانێ زۆر دەستوپێ گیرو ببێتە کۆسپ لەبەردەم ڕەوتی واقعی سەرکەوتنیدا. چونکە بەدەر لە ئیرادەی هیچ کەس و هیچ هێزێک گەلێک هۆکار لە بابەتی: تایبەتمەندی هەریەک لە دوو دەسەڵاتە ناوچەییەکە و دوو هێزی باڵادەست، بزووتنەوە و مەیلە فکری و سیاسی و کۆمەڵاتیەکانی هەردوو ناوچەکە، جیاوازی هاوسەنگی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن بە راست و چەپیەوە، پشتوپەنا ناوچەیی و جیهانیەکان و دابەشبوونی هەردوو دەسەڵات بەسەر دوو بلۆکی جیهانی جیاوازدا، ئاستی خەباتی چینایەتی و پێشینەی ئەم خەبات و کێشمەکێشە لەم دوو ناوچەیە، تەنانەت ئاستی رۆشنبیری سیاسی و دۆخی ئابوری و کاریگەری بازرگانی و ولاتانی دەوربەرو..زۆر فاکتۆری تر، دوو واقعی جیاوازی دروستکردوە بۆ بزووتنەوەیەک کە بیەوێ ئەم دوو دەسەڵاتە لەکاربخات. بۆیە دەلێم پێداگری یەکلایەنە لەسەر سەراسەری بوونەوەی ئەم بزوتنەوەیە و گرێدانی بە یەک ستراتیژیەوە، نە تەنیا کۆمەک ناکات بە خێراکردنەوەی رەوتی کۆتایهێنان بەم دەسەڵاتە، بەڵکو ڕێگە لەو پێشڕەویانە دەبەستێت کە رەنگە بکرێت لەهەر یەک لەوناوچانە بە شێوەی ناهاوسەنگ و جیاواز بڕواتەپێش و ببێتە ئەلگۆیەکیش بۆ ناوچەکەی تر کە چاوی لێبکرێت و دوپات بکرێتەوە.

گومان لەوە نییە کە ئەمە ستراتیژێکی ئاڵۆز و لە هەمانکاتدا کەم وێنەیە، هەر بەوپێیەی دۆخەکەی کوردستانیش ئاڵۆز و کەم وێنەیە. بەڵام سەرباری ئاڵۆزی من وا دەزانم پێشڕەوی ناوچەیی بۆ هەڵپێچانی دەسەڵاتی میلیشیایی لە هەر ناوچە و تەنانەت هەر شارێکدا، ستراتیژێکی کاراتر و واقعی تر و مومکین ترە لە چاوەڕوان مانەوە بە دیار سەراسەری بونەوەی ئەم بزوتنەوەیە و پێشڕەوی هاوسەنگ لە ئاستی سەراسەریدا. بیهێننە بەرچاو سەردەمێک کوردستان بەواقعی دابەشکرابوو بۆ چوارزۆن لەژێرسایەی چوار دەسەڵاتی ناوچەییدا؛ دهۆک و ناوچەکانی دەوروبەری و ناوچەکانی باکور و رۆژئاوای هەولێر زۆنی زەردی پارتی بوو، سلێمانی و پشدەر و گەرمیان زۆنی سەوزی یەکێتی بوو، هەڵەبجە و هەورامان زۆنی ڕەشی ئیسلامی بوو، تا ماوەیەکی زۆر هەولێر ئەگەر بەپێی رەنگەکان ناوی بۆ دابنێین دەبێ بڵێین زۆنی باینجانی دەسەڵاتی هاوبەشی هەموویان بوو. هەریەک لەم ناوچانە حکومەت و یاسا و ڕێسا و دەزگای سەرکوت و زیندان و …و…هەلومەرجێکی تایبەتی بە خۆی هەبوو. من دەڵێم بۆ ناکرێت بۆ نمونە ئەگەر بزوتنەوەی ناڕەزایەتی و مەیلی کۆتایهێنان بەم دەسەڵاتە لە شاری سلێمانیدا بەهێزترە و هێزهاوسەنگی بۆ پێشڕەوی بزوتنەوەی لەکارخستنی ئەم دەسەڵاتە میلیشیاییە گونجاوترە، لە یەکەمین هەنگاودا دەسەڵاتی میلیشیایی لەم شارە کۆتایی بهێنێت و دەسەڵاتێکی دیکەی پشتبەستوو بە ئیرادە و بەشداری راستەوخۆی ئۆرگانە جەماوەرییەکان لەوێ دامەزرێت؟

بە بڕوای من ئەمە سیناریۆ و ستراتیژێکی زۆر عەمەلی و واقعی ترە بۆ دۆخی ئیستای کوردستان تا گرێدانەوەی ئاڵوگۆڕی دەسەڵات بەوەی بزوتنەوەیەکی بەم جۆرە لە ئاستی سەراسەریدا لەیەک ساتدا ئەم توانایە پەیدابکات. ئەمە بەڵگەیەک نییە بۆ فەرامۆشکردنی هیچ هەوڵێک بەئاراستەی پەرەگرتنی ئەم بزوتنەوەیە لە ئاستی سەراسەریدا، بەڵکو پێداگریە لەوەی کە نابێ سەراسەری بوونەوە ببێتە پێشمەرج. دروست ئەوەیە هەرکات لەهەر ناوچەیەکدا دەرفەت برەخسێ، ئەم دەسەڵاتە میلیشیاییە لەکاربخرێت و لە جێگایدا دەسەڵاتێکی پشتبەستوو بە ئیرادەی خەڵک بەرپابکرێت. بۆ ئەمە مەرج نییە هەتا چاوەڕوانی ئەوە بکرێت کە ئەم ئاڵوگۆڕە لە ئاستی سەرجەم ناوچەکانی یەک زۆنیشدا ڕوبدات، تەنانەت لە ئاستی یەک شار یان یەک ناوچە و تەنانەت شارۆچەیەکیشدا ئەم دەرفەتە بڕەخسێ، نابێ دەستی لێ ڕابگیرێت. ناوی دەنرێت زۆنێکی تازە یان کانتۆنێک یان هەرێمێک یان ناوچەیەک گرنگ نییە، ئەوەی گرنگە لە پانتاییەکی کەمیشدا بێت نموزەجێکی تر لە دەسەڵاتدارێتی بە کردەوە نیشانبدرێت. دەسەڵاتێک کە ئیرادە و دەخاڵەتی جەماوەری رێکخراو لە دەوری بنکە و وشوراو ئەنجومەنەکانی خۆیان تیادا بەرجەستە بێت، لەلایەن هێزی جەماوەری چەکدار و ڕێکخراو بە شێوەی میلیشیایەکی جەماوەری پارێزگاری لێبکرێت، بە کۆمەڵێک یاسا و رێسای پێشکەوتوانە و ئازادیخوازانە و یەکسانیخوازانەی غەیرە قەومی و غەیرە مەزهەبی ئەو ناوچەیە بەڕێوە ببرێت و بە ئەندازەی ئەو داهاتەی لەبەردەستیدایە… گوزەرانی خەڵک و خزمەتگوزاریە پێویستەکان بۆ دانیشتوان دابین بکات، ئازادییەکی فراوان و بێقەید وشەرت ڕابگەیەنێ، …و….ئەم کیانە نە تەنیا پێویست نییە لەگەڵ دەسەڵاتی میلیشیایی حزبە ناسیۆنالیستە کوردەکان لە ناوچەکانی تردا بچیتە جەنگەوە، یان دەستپێشخەری بەم جۆرە بکات، بەڵکو دەبێ بە پلان و سیاسەتی کارساز هەوڵدات دەستی ئەوان لە پەلامار بۆسەر ئەم کیانە و شەڕ پێفرۆشتنی ببەستێت. هەوڵدات وەکو ئەمری واقع ڕەسمیەتی خۆی بە هەولێر و بەغدا و هەموو دەسەڵاتە ناوچەییەکانی تر بقەبڵێنێ و گوشاریان بۆ بهێنی تا بەشە بودجەی ناوچەکە بدەن و ژیان و گوزەران و خزمەتگوزاریەکانی پێ دابین بکات. بە بڕوای من ئەزمون و کیانێکی بەم جۆرە ئەگەر بکەوێتەبەر هێرشی حزبە میلیشیاییەکان لەلایەن جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و ئازادیخواز بە ژن و پیاوەوە  بە دڵ و بە گیان بەرگری لێ دەکرێت، دەبێتە کۆبانیەکی تر، تەنانەت خەلەلی جدی دەخاتە ناو هێزی پێشمەرگەوە ئەگەر فەرمانیان پێبکرێت بۆ پەلاماردانی ئەم کیانە. شکڵگرتنی ئەزمونێکی بەم جۆرە چەندین جار زیاتر لە ئەزمونی دەسەڵاتدارێتی چەتە ئیسلامیەکان کە خەڵکی هەڵەبجە و هەورامانیان هەراسان کردبوو، شانسی زۆرتری دەبێت. ئەو کات خودی نیشاندانی ئەزمون و نموزەجێک لە دەسەڵاتدارێتیەکی بەم جۆرە، گرنگترین فاکتەرە بۆ جۆشدانی خەبات لە ناوچەکانی تر بە ئاراستەی دوپاتکردنەوەی ئەو تەجروبەیە و کۆپی کردنی ئەوجۆرە دەسەڵاتدارێتیە، بەخێرایی ئەم نموزەجە سەراسەری دەبێتەوە. دەسەڵاتی میلیشیایی لە ئاستی سەراسەریدا دوچاری قەیرانی خنکێنەر دەکات و رێچەکەی باش دەکرێتەوە بۆ هەڵپێچانی ئەم دەسەڵاتە لە هەموو کوردستان، تەنانەت کۆمەک بە جۆشخواردنی بزوتنەوەیەکی وا دەکات لە ئاستی عێراقیشدا.

بەڵام بێگومان بردنەپێش و تەحقیقی ئەم ستراتیژە ڕیگایەکی تەخت و بێ کۆسپ و تەگەرەی لەبەردەم نییە. هەرچەندە کردەنی و واقعیە، بەڵام سەختی و دژواری خۆی هەیە. بەرلەهەرشت حزبێکی کۆمۆنیست و شۆڕشگێڕ و جەسوری پێویستە کە ئەرکی رابەری و ڕێکخستنی بزوتنەوەی هەڵپێچانی دەسەڵاتی ئێستا لە ئەستۆبگرێت. حزبێک کە ئەگەر خاوەنی واقعی ئەم ستراتیژە بێت لە فەزای ئێستادا دەتوانێ زۆر خێرا پێبنێتە ناو هاوکێشەی قودرەتی سیاسیەوە. لە هەلومەرجێکدا کە لەلایەک دەسەڵاتی حزبە میلیشیاییەکان دوچاری ئەزمە و تیکە ولیکە و ناکۆکی ناوخۆییە، لەلایەکی ترەوە نەفرەت و ناڕەزایەتی جەماوەری دەکوڵێت، کۆتایهینان بەم دەسەلاتە ئاوات و ئارەزویەکی جەماوەری ملیۆنییە. هەر حزبێک ببێتە نوێنەرو رابەری بەکردەوە دەرهێنانی مەیلی هەڵپێچانی ئەم دەسەڵاتە، ببێتە ئامرازی مومکین کردنی ئەم گۆڕانە، دەتوانێ بە خێرایی پێی خۆی لە مەرکەزی کێشمەکێش لەسەر قودرەتی سیاسی بچەقێنێ و ببێتە سەرێکی هاوکێشەی قودرەتی سیاسی.

ماویەتی…

بەشی دووەم و کۆتایی

 

 

بۆپێشەوە: بەڵام لە هەلومەرجێکدا کە لە ناوچە یان شارێکدا ئەم دەسەڵاتە میلیشیاییە هەڵپێچرێت، بێگومان نە تەنیا ئەو لایەی دەسەڵاتی ئەوناوچەیەی لێسەندراوە دەستەوئەژنۆ دانانیشێت، بەڵکو دەسەڵاتی زۆنەکەی تریش ئەزمونێکی وەها بە مەترسیەکی گەورە لەسەر خۆی دەزانێ. بۆیە بێ درەنگ ئەویش دێتەسەرخەت و ئەوەی لە دەستی بێت دەیکات بۆ بەشکست کێشانی تەجروبەیەکی وەها؟ ئەم ئەزمونە چۆن دەتوانێ لە مەترسی ئەم پەلامارانە بپارێزرێت؟

رێبوار ئەحمەد: بێگومان وایە، لەوەش زیاتر ڕەنگە یەکدەستی یان بە وتەی خۆیان رێکخستنی ناوماڵی بزوتنەوەی کوردایەتی، بە تایبەتی هەردوو هێزی باڵادەستی ئەم بزوتنەوەیە کە زیاتر لە نیو سەدەیە شەڕ و کوشتاری یەکتر دەکەن، لەبەرامبەر ئەزمونێکی وەهادا هەموو ناکۆکی و شەڕ و کوشتاریان لەبیردەبەنەوە و بۆ ناکام کردنەوەی ئەزمونێکی بەم جۆرە دەستی یەک دەگرن.  بەر لەهەرشت بێگومان ئەزمونێکی بەم جۆرە دەبێ هەر لەیەکەم رۆژەوە لە بیری ئەوەدابێت کە خۆی بۆ بەرگری سەربازی ئامادە بکات. پێویستە لەیەکەم ساتەوە چەکدارکردنی گشتی خەڵک  بە ژن و پیاوەوە، هەروەها راهێنانی سەربازی و رێکخستنی لە میلیشیایەکی جەماوەری لە دەوری بنکە و شوراکانی گەڕەک و ناوەندەکان، بکرێتە تاقە هێزی چەکدار هەم بۆ پارێزگاری لە ئەمنیەت و هەم بۆ بەرگری لەم ئەزمونە.

بەڵام مەسەلەی گرنگتر ئەوەیە کە بەرگری لەم ئەزمونە چەندە سەربازی و چەکدارانە و بەرگریکارانەیە، دوئەوەندە سیاسی و هێرشبەرانەیە. ئەوەی کە زۆر گرنگە بەرجەستەکردنی ئیرادەی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و ئازادیخوازە لەم ئەزمونەدا. مەبەستم ئەوەیە ئەو دەسەڵاتەی ئەم ناوچەیە بەڕێوەدەبات پێویستە بەراستی و بەکردەوە بەرجەستەکەری ئیرادەی خەڵک بێت، بەدەرلەوەی چ فۆڕمێکی دەبێت، گرنگ ئەوەیە وەکو ئیرادەی جەماوەری کرێکار و زەحمەتیکێش عەمەل بکات. لە حالێکی وەهادا تەنانەت خەڵک بەرگەی سەختی و برسێتی و تەنگەبەریش دەگرێت، بەومەرجەی بۆیان ڕون بێت کە ئیرادەی خۆیان لە مەیداندایە و ئەم ئیرادەیە حوکمڕانی دەکات لە ڕێکخستنی هەموو لایەنەکانی ژیان و گوزەرانیاندا. ئەمە دەتوانێ عەزمێکی لە شکاننەهاتوو بدات بە جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش بۆ بەرگری لەو ئەزمونە، هەروەکو چەندین جار لە مێژودا نیشاندراوە. بۆ نمونە بەرگری قارەمانانەی خەڵکی کوردستانی ئێران بەرامبەر هێرشی جمهوری ئیسلامی، راوەستانی قارەمانانەی کۆمۆنارەکان بۆ بەرگری لە کۆمۆنەی پاریس. تازەترین نمونەش جەنگی بەرگری خەڵکی کۆبانی بوو بەرامبەر بەربەریەتی داعش کە بووە داستانێکی مێژویی.

مەبەستیشم لە هێرشبەرانە بە مانای نیشاندان و پیادەکردنی ئەزمونێکە لە دەسەڵاتدارێتی کە جەماوەری دانیشتوانی ناوچەکانی دیکەی کوردستان هانبدات بۆ هەراسانکردنی دەسەڵاتی میلیشیایی و جۆشدانی بزوتنەوەی سەرنگونی ئەو دەسەڵاتە و کۆپیکردنی هەمان شێوە و نموزەجی دەسەلاتدارێتی شۆڕشگێڕانە لە هەموو ناوچەکانی تر. لەم ڕوەوە ئەم ئەزمونە پێویستە هەرلەرۆژی یەکەمەوە کۆمەڵە یاسا و رێسایەک ڕابگەیەنێت کە هەمو جۆرە هەڵاواردنێیک لە نێوان هاوڵاتیان لەسەر بناغەی قەومیەت و دین و مەزهەب و جنس و ….رەتبکاتەوە، ئازادی سیاسی و ڕادەربڕینی بێ قەیدو بەند ڕابگەیەنێت و هەموو دەرگاکان بخاتە سەرپشت بۆ ئەوەی رۆژنامەنووس و میدیاکاران بەوپەڕی ئازادییەوە ڕیپۆرتاژ لەسەر ئەوەی دەگوزەرێت ئامادەبکەن و نیشانی جیهانی بدەن، هەرچی داهات و سامانی گشتی هەیە بەشێوەیەکی شەفاف و ڕۆشن بۆ دابینکردنی گوزەران و خزمەتگوزاری گشتی تەرخان بکرێت. ..و…ئەمانە وادەکات کە نە تەنیا دانیشتوانی ناوچەکانی دیکەی کوردستان پشتیوانی گەرم لەم ئەزمونە بکەن و ڕێگانەدەن کە حزب و دەسەڵاتی میلیشیایی حزبە بۆرژوا ناسیۆنالیستەکان بە چەک پەلاماری بدەن، بگرە پشتیوانیەکی جیهانی گەورە بۆ ئەم ئەزمونە پێکدێت کە پشتیوانیەکی گەورەتربێت لەوەی کە لە ئاستی جیهانیدا بۆ کۆبانی بینیمان.

بە کورتی ئەزمونێکی بەم جۆرە هەر لەیەکەم رۆژەوە پێویستە چەکداربوونی گشتی جەماوەری رێکخراو لە دەوری شورا و بنکە و ئۆرگانە جەماوەریەکانی تر وەکو ئەرکێکی زۆر گرنگ بخاتەدەستوەرە و بە کردەوەی دەربهێنێت. ئەم میلیشیا جەماوەریە شۆڕشگیرە پێویستە هەم بە شێوەیەکی تۆکمە رێکخراو هەم لە رووی سەربازیەوە بە باشی راهێنراوبێت بۆ ئەوەی هەم ئەمنیەتی گشتی مسۆگەر بکات و هەم بە عەزمەوە بەرامبەر هەر هێرشێک راوەستێ کە لەلایەن ئەحزاب و دەسەڵاتی میلیشیایی ئەحزابی بۆرژوا ناسیۆنالیست و ئیسلامی و…بکرێتەسەری. بە بڕوای من میلیشیای ئەحزابی بورژوازی کە خاوەن فەرماندەی گەندەڵ و فاسدن، بارهاتون بە ماراسۆنی هەڵهاتن و دۆڕان و ساڵانە داستانێکی بەم جۆرەیان هەیە، ریزەکانی ئەم میلیشیایانە کە رۆڵەی کرێکار و زەحمەتکێشن و زۆربەیان نەفرەت لەم دەسەڵات و حزبە تاڵانچیانە دەکەن و بە ناچاری بۆ دابینبوونی ژیانیان چەکی ئەوانیان لەشانە، ناتوانن لەبەرامبەر راوەستاوی جەماوەری چەکدار خۆیان ڕاگرن. هەر بەوبەڵگە سادەیەی کە لە ماوەی ٢٧ سالی رابردودا هەر شەڕێکیان کردبێت دۆڕاندویانە، جگە لە کۆتاشەڕیان لەگەڵ داعش، لەوجەنگەشدا تەنها دەچونە سەر لاشەی مردو کە پێشتر بۆمبارانی تەحالوف کوشتبوونی. لەوەش زیاتر لە روبەروبونەوە لەگەڵ هێزی چەکداری خەڵکی رێکخراو لە شورا و ئۆرگانە جەماوەریەکاندا، ریزەکانیان پارچەپارچە دەبێت. بۆیە تەنها رێگا بۆ بەرگری لە ئەزمونێکی وا چەکداربونی جەماوەرە بۆ پاریزگاری لە ئیرادە و ژیان و چارەنوسی خۆیان. بە تایبەتی لە سەردەمێکدا کە هەرچی ئەحزاب و دارودەستە و باندی قەومی و مەزهەبی هەن چەکدارن، جەماوەری کرێکار و زەحمەت کێش و حزب و شورا و ئۆرگانە جۆراوجۆرەکانیان دەبێ چەکدار و ئامادەی هەموو بەرامبەرکێییەی چەکداریان هەبێت. ئەمە ناچاریەکە و فەرزکراوە و نابێ دودڵی لێبکرێت.

بۆپێشەوە: تۆ باسی دامەزراندنی دەوڵەت و دەسەڵاتێکی غەیرە قەومی و غەیرە مەزهەبیت کرد لە هەر پانتاییەک کە مومکین بێت. ئەم باسە لە ناو بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و هەڵسوڕاوانی چەپ و کۆمۆنیستدا مشتومڕێکی زۆری لەسەرە، ئەمە بە قۆناغبەندی کردنی شۆڕشی سۆسیالیستی لێکدەدرێتەوە کە لەپێشدا دەبێ حکومەتی غەیرە قەومی و غەیرە مەزهەبی دامەزرێت و لە قۆناغی دوەمدا حکومەتی کرێکاری. هەر بەم پێیەش پێداگری لەسەر ئەم مەسەلەیە بە پۆپۆلیستی لەقەڵەم دەدات، چونکە حکومەتی کرێکاری دەهێنێتەخوارەوە بۆ ئاستی حکومەتی غەیرە قەومی و غیرە مەزهەبی. ئێوە وەڵامتان بۆ ئەو بۆچونانە چیە و چۆن پێویستی غەیرە قەومی و غیرە مەزهەبی ڕون دەکەنەوە و چۆنی گرێدەدەن بە شۆڕشی کرێکاریەوە؟ بە تایبەت کە ئەم مەسەلەیە لە ستراتیژی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستاندا جەختی لێکراوە.

رێبوار ئەحمەد: بەبڕوای من ئەو دیدگایەی لە پشتی ئەم جۆرە تێڕوانینەوە وەستاوە، جگە لە دوپاتکردنەوەی توتیانەی کۆمەڵێک دروشم هیچ لێکدانەوەیەکی نە بۆ دۆخەکە و نە بۆ گرفت و کێشمەکێشەکان و نە بۆ بزوتنەوە جیاجیاکان هەیە و نە خاوەنی هیچ دیدێکی ستراتیژیە بۆ ڕەوتی شۆڕشی کرێکاری و بەرپاکردنی بەکردەوەی ئەو شۆڕشە. حکومەتی غەیرە قەومی و غیرە مەزهەبی نە بەدیلی حکومەتی کرێکاریە و نە زەرورەتەکەی راستەخۆ لە شۆڕشی کرێکارییەوە دەردەکێشرێت. بەڵکو لەسەر بنەمای ئاستی تەکامولی خەباتی چینایەتی و ڕیزبەندی چینایەتی لە هەناوی کێشمەکێشەکانی ئێستا و خواست و ئامانجە جیاوازەکانی چینەکان، هەروەها لابردنی کۆسپ و ڕێگریەکانی سەر ڕێگای پەرەسەندنی خەباتی چینایەتی، بە دیاریکراوی لە پەیوەند بە کێشەی میللیەوە، مانا پەیدادەکات. غەیرە قەومی و غەیرە مەزهەبی بوونی دەوڵەت لە پەیوەند بە کۆتایهێنان بە ستەمی میللی و هەموو جۆرە ناکۆکیەکی قەومی و مەزهەبیەوە زەرورەت پەیدادەکات. بۆ ئەم مەبەستە پێویستە هەموو هاوڵاتیان بەدەرلە هەر ناسنامەیەکی قەومی و دینی و مەزهەبی و جنسی و نەژادی، لە هەموو لایەنەکانی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری یەکسان و خاوەن مافی یەکسانبن. بێگومان ئەمە لەهەمانکاتدا کۆمەک دەکات بە چڕکردنەوەی ڕەوتی خەباتی چینایەتی و شۆڕشی بەردەوامەوە تا بەسەرئەنجام گەیاندنی شۆڕشی کرێکاری.

وەکو پێشتر وتم لە ڕوانگەی کۆمۆنیزمی کرێکاریەوە سازدان و ڕابەریکردن و بە سەرکەوتن گەیاندنی یەک شۆڕش فەلسەفەی کۆمۆنیزم وەکو بزووتنەوەی دژی سەرمایەداری پێکدەهێنێت، ئەویش شۆڕشی کریکارییە بۆ هەڵوەشاندنەوەی نیزامی کاری بەکرێ و موڵکایەتی تایبەتی. زۆر دەمێکە لە دنیای هاوچەرخدا زەمینە بابەتیەکانی ئەم شۆڕشە و بەرپاکردنی کۆمەڵگەیەکی سۆسیالیستی فەراهەم بووە. شۆڕشی کریکاری تەنها لەسەر ئامادەییە زاتیەکانی چینی کرێکار ڕاوەستاوە، ئەو ئامادەیی و پێداویستیانەی کە پێشتر باسم کردوە و دوبارەیان ناکەمەوە. هەرکات ئەوانە ئامادەبوو بەڕای من نابێت دەستبردن بۆ دەسەڵاتی سیاسی و ئەنجامدانی شۆڕشی کرێکاری یەک ڕۆژ و یەک سەعات بە هیچ بەهانە و پاساوێک دوابخرێت. ئەوکات تەنانەت کێشە و گرفتە جۆراوجۆرەکانی دنیای ئێستا، وەکو مەسەلەی میللی و ئەو مەسەلانەی کە بە “مەسەلە دیموکراسیەکان” ناسراون و لە مێژودا شۆڕشە بورژوازیەکان چارەسەریان کردوە و ئێستا کە بورژوازی هەموو جۆرە شۆڕشگێڕی و پێشکەوتنخوازیەکی لەدەستداوە و هەندێک لەو جۆرە کێشانە بە چارەسەر نەکراوی ماونەتەوە، پێویستیان بە هیچ رێگاچارەیەکی دیکەی تایبەت نییە، چونکە شۆڕشی کرێکاری بە باشترین و ڕیشەییترین شێوە چارەسەریان دەکات.

تا ئێرە مەسەلەکە سادە و رۆشنە و ناکۆکیەکی لەسەر نییە، بەڵام لێرە ئەو پرسیارە دێتەئاراوە؛ تا کاتێک مەلزوماتی زاتی شۆڕشی کرێکاری فەراهەم نەبووبێت، هەروەها لە کاتێکدا مەسەلە گەلێکی وەکو کێشەی میللی و مەزهەبی لە ئارادابێت، یان دۆخێکی وەکو ئەوەی  لە دوای ١٩٩١ تا ٢٠٠٣ لە کوردستاندا بەرقەرار بێت، یان وەکو ئەودۆخەی لە ٢٠٠٣ تا ئێستا بەرقەرارە و ئەم کۆمەڵگەیەی لە گێژاوێکی قوڵدا ڕاگرتوە بە هۆی دەسەڵاتی میلیشیایی و دەوامەی فیدرالیزمی قەومیەوە، کۆمۆنیزمی پرۆلیتێری وەڵامی بۆ ئەم کێشانە چیە؟ هەروەها هەڵوێستی بەرامبەر ئەو بزوتنەوانە چیە کە بۆ کۆتایهێنان بەو گرفتانە دێنەئاراوە؟ ئایا دەکرێت بە جەماوەری گرفتار بەدەست ئەو کێشانەوە بوترێت، دانیشن  و دەست بۆ هیچ کارێک مەبن و چاوەڕوان بمێننەوە تاوەکو مەلزومات و ئامادەییەکان بۆ شۆڕشی کرێکاری فەراهەم دەبێت و ئەوکات بە باشترین شێوە ئەو کێشانەتان بۆ چارەسەر دەکات؟ یان ئایا دەکرێت بلێین لەبەرئەوەی مەهامی مێژویی کرێکار و کۆمۆنیزم تەنها شۆڕشی سۆسیالیستیە، بۆیە ئەو کێشانە و بزوتنەوەکانی دژی ئەم کێشە و گرفتانە پەیوەندی بە کرێکار و کۆمۆنیزمەوە نییە؟ یان راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بڵێین ئەوانە کێشە و بزوتنەوەی بورژوازین و بە میتۆدێکی مەنشەفیانە لێگەڕێێن بۆرژوازی و سونەت و حزبە بورژوازیەکان یاریان پێ بکەن؟ وەڵامی من بۆ ئەم پرسیارانە بەبێ دودڵی نەخێرە و دواتر ئەمانە زیاتر ڕوندەکەمەوە.

وەکو ئەمری واقع و دوور لە ویست و ئیرادەی ئێمە، دەبینین لە بەشێک لە کۆمەڵگەکانی ئێستادا بزوتنەوەگەلێک لەدژی سەرکوتی سیاسی، لەدژی ستەمکاری دەوڵەتە بورژوازیەکان، لە دژی بی مافی و جیاکاری و هەڵاواردنی زەق و ڕەق و نەبونی خزمەتگوزاریەکان و لە دژی ستەمی میللی و مەزهەبی و..و..لە مەیداندان. بۆ نمونە شۆڕشی میسر و تونس، بزوتنەوەی ناڕەزایەتی لە عێراق و کوردستان، مەیل و خواستی فراوانی کۆتیهێنان بە دەسەڵاتی ئێستای عێراق و کوردستان. کۆمۆنیزم چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم مەسەلە و ئەم بزوتنەوانە و خەبات بۆ کۆتیهێنان بەو ستەم و هەڵاواردنانە دەکات؟ بێگومان مەبەستم لە هەلومەرجێکدایە کە ئامادەییە زاتیەکانی چینی کرێکار بۆ دەستبردنی… راستەوخۆ بۆ دەسەڵاتی سیاسی و ئەنجامدانی شۆڕشی کرێکاری فەراهەم نییە. بەڕای من بەبێ دودڵی ئەرکی کۆمۆنیزمی کرێکاریە کە وەڵامی تەکتیکی گونجاو بەو کێشانە بداتەوە، ئاسۆی سیاسی خۆی بەسەر ئەو بزوتنەوە و خەباتانەدا سوار بکات، ئەرکی رێکخستن و رابەری کردنیان لە ئەستۆ بگرێت، وە سەرئەنجام پێناسەیەک بۆ

 

سەرکەوتنیان بەدەستەوەبدات کە هەم باشترین و کارسازترین چارەسەری فەوری ئەوکێشانە بکات و هەم ئەو

 

سەرکەوتنانە کۆمەک بکات بە زەمینەخۆشکردن بۆ پەرەسەندی خەباتی چینایەتی و شەفاف بونەوەی ریزبەندی چینایەتی و چونەسەری ئامادەییەکانی چینی کرێکار لە رێگای دەستبردن بۆ دەسەڵات و ئەنجامدانی شۆڕشی کرێکاری.

بۆ نمونە سەردەمانێک کوردستان چارەنوسی هەڵواسرابوو، نوقمی سەرگەردانی بوو، بە هۆی ستەمی لە مێژینەی قەومی و دابڕانی عەمەلی لە عێراق بەبێ ئەوەی وەکو دەوڵەتێکی سەربەخۆ بەڕەسمی ناسرابێت، نوقمی سەرگەردانی بوو. کۆمۆنیزمی کرێکاری لەو ڕوانگەیەوە کە ئەو دۆخەی بە هۆکاری هەڵوەشانی شیرازەی کۆمەڵگە هەروەها بە بەربەستێکی گەورە دەزانی لەبەردەم گەشەی خەباتی چینایەتی و ڕیزبەندی چینەکان و فەراهەم بوونی ئامادەیەکانی شۆڕشی کرێکاری، بەدروست وتی وەڵامی تایبەتی و فەوری بەم گرفتە جیابونەوەی کوردستان و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆیە و پێداگری لەسەر ئەوەکرد کە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان پێویستە غەیرە قەومی و غیرە مەزهەبی بێت. یان دۆخی ئێستای کوردستان و گێژاوێک کە بە هۆی دەسەڵاتی میلیشیایی و فیدرالیزمی قەومیەوە دوچاری بووە، خۆ ناکرێت بلێین چارەسەری ئەم دۆخە تەنها شۆڕشی کرێکارییە بۆ هەڵوەشاندنەوەی نیزامی کاری بەکرێ و موڵکایەتی تایبەتی. ئەمە نە لەڕوی تیئوری ونە لە رووی عەمەلیەوە دروست نییە. چونکە دەکرێت ئەو بارودۆخانە و ئەو کێشانە بەبێ شۆڕشی کرێکاریش چارەسەر بکرێن. تەنانەت ڕێگاچارەی بورژوازیشیان هەیە، بۆ نمونە گێژاو و سەرگەردانی کوردستان دەکرا بە ڕێگاچارەی بورژوازی بۆ جیابونەوە و دامەزراندنی دەوڵەتی ناسیۆنالیستی و کوردایەتی چارەسەر بوایە. پێداگری لەسەر غەیرە قەومی و غیرە مەزهەبی بونی دەوڵەت مەرجێک بوو بۆ داشکاندنەوەی ئەو ئایندەیە بە قازانجی ئازادیخوازی و لێدان لە ڕۆڵی دین و مەزهەب و نەتەوەپەرستی و کۆتایهێنان بە تەفرەقە و رقوکینە و هەڵاواردنی میللی و مەزهەبی. مەرجێک بوو بۆ کۆتایهێنان بە زەمینەکانی دەمەزەردکردنەوە و دوبارە بەرهەمهێنانەوەی هەموو رۆژەی ناسیۆنالیزم و نەتەوەپەرستی و گێرەوکێشەی قەومی و مەزهەبی، هۆکاریک بو بۆ وشکردنی ئەو زەلکاوانەی دەستە و تاقمە قەومی و مەزهەبیەکان گەرای خۆیانی تیا دەپیتێنن. تا کاتێک ئەم زەمینەیە بۆ بەردەوام بەرهەمهێنانەی ناسیۆنالیزم و مەزهەب لە ئارادا بێت، ئەوە خەیاڵێکی پوچە کە بکرێت بە زەبری فکر و خەباتی فکری ئەم نەرێتانە لاواز یان بنەبڕ بکرێ.  ڕوداوێکی وەکو ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ لانیکەم دەساڵ کاری فکری و هۆشیاردەرانە زەربی سفر دەکات. جگە لەوانە پێداگری لەسەر غەیرە قەومی و غەیرە مەزهەبی بوونی دەوڵەت بایەخێکی زۆر گرنگ و تایبەتی هەیە بۆ بەشکستکێشانی ئەو نموزەجە تا سەرمۆخ کۆنەپەرستانەیەی دەوڵەتانی زلهێز بە دیاریکراوی دەوڵەتانی غەربی بۆ نقومکردنی ئەم کۆمەڵگەیانە لە زەلکاوی شەڕ و کێشەی قەومی و مەزهەبیدا بەڕێیانخستووە. دەیان دەستە وتاقم و باندی پڕچەکی قەومی ومەزهەبیان بەرەڵای گیانی خەڵک کردوە، مەزهەبی بوون و قەومی بوونیان کردوە بە بنەمایەکی دەوڵەت و چەندین دەسەڵاتی ناوچەیی. بەم جۆرە هەموو سیمایەکی مەدەنی وڵاتانی ناوچەکەیان بەسەریەکدا ڕوخاندووە. پێداگری لەسەر غەیرە قەومی بوون و غەیرە مەزهەبی بوونی دەسەڵات و دەوڵەت بوەتە مەرجێکی بەرگری لە پێوانە و سیما مەدەنی و پێشکەوتوانەکان و پێکهاتنی هەلومەرجێک کە سەرەتاییترین بنەماکانی ژیانێکی ئارام و دوور لەشەڕ وکوشتاری  تیادا فەراهەم بێت و خەباتی چینایەتیش تیایدا پەرەبگرێت.

لە هەمانکاتدا پێداگری لەسەر غەیرە قەومی بوون و غەیرە مەزهەبی بوونی دەوڵەت، خۆی لە خۆیدا هیچ ناکۆکی نییە لەگەڵ ئەسڵی شۆڕشی کرێکاری هەر ئەمڕۆ) تەنانەت لەگەڵ حکومەتی کرێکاری، ئەمە دانی تەعەهودێک نییە کە ئەو دەوڵەتە غەیرە قەومی و غەیرە دینیە حکومەتی کرێکاری نەبێت. بەڵکو وەکو لە ستراتیژی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستاندا هاتووە، حکومەتی کرێکاری خۆی لە هەمانکاتدا باڵاترین جۆری دەوڵەتی غەیرە مەزهەبی و غەیرە قەومییە. سەرئەنجام لەهەر سەردەمێکدا ڕادەی تەکاموڵی خەبات و ریزبەندی چینایەتی و هاوسەنگی هێزی چینایەتی خەسڵەتی چینایەتی دەوڵەتیش دەبڕێتەوە. بێگومان شۆڕشی کرێکاری هیچکات لەسەر ئەوە ڕاناگیرێت کە دامەزراندنی دەوڵەتێکی غەیرە قەومی و غەیرە دینی غەیرە کرێکاری ببێتە قۆناغێکی بەرلە شۆڕشی کرێکاری و دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا. هەرکات ئامادەکاری ئەم شۆڕشە فەراهەم بێت، بێدرەنگ چینی کرێکاری دەست بۆ دەسەڵاتی سیاسی دەبات و تەنانەت ئەو غەیرە قەومی غەیرە مەزهەبیەش بە خودی دیکتاتۆری پڕۆلیتاریا مسۆگەر دەکات. بەدەر لە هەموو ئەمانە پێویستە هەر بزوتنەوەیەک بەوجۆرەی کە هەیە بیناسین، زەمینە و هۆکار و ئاستی ڕیزبەندی چیانیەتی و پێکهاتە کۆمەڵایەتیەکەی لەبەرچابگرین و لەسەربنەمای هەموو ئەوانە ئاسۆ و ئامانجەکەی گەڵالە بکەین. ئەمەش بەندە بە زەرورەتی مێژوییەوە، نەک بە ئیرادەگەری و ویست و ئارەزوی ئەفراد و ئەحزاب. لەم ڕوانگەیەوە ئیتر زۆر ڕونە کە ناکرێت ئەو خەبات و بزوتنەوەییەی ئێستا لە کوردستاندا مەیداندارە چ لە دژی گەندەڵی و ستەمکاری هەمەلایەنەی دەسەڵاتی حزبە ناسیۆنالیستەکان و چ لە دژی ملهوری حکومەتی مەرکەزی، ئارەزومەندانە وەکو شۆڕسی کریکاری چاوی لێ بکەین و سۆسیالیزم وەکو ئاسۆ و ئامانجەکەی پێناسە بکەین. بزوتنەوەیەک سۆسیالیستی نەبیت ناکرێت و ناتوانرێ ئامانجی سۆسیالیستی بەسەردا داببڕیت. کارێکی بەم جۆرە نە تەنیا بە قازانجی سۆسیالیزم نییە، بەڵکو ڕێک بە پێچەوانەوە داشکاندنی سۆسیالیزمە لە ناوەڕۆکە واقعیەکەی خۆی، تا ئاستێک کە لەڕێگای بزوتنەوەیەکی هەمەگیری خەڵکیەوە دەستەبەربێت. ئەمە دەبێتە جۆرێک لەو سۆسیالیزمە خەڵکیەی لە دوای شۆڕشی ئێرانی ١٩٧٩ ڕەواجی پەیداکرد و لەلایەن مارکسیزمی شٶڕشگێڕەوە درایە بەر رەخنە. بەم مانایەش پۆپۆلیستیە.

ئەو ڕوانگەیەی کە پێی وایە کرێکار و کۆمۆنیزم جگە لە سۆسیالیزم و حکومەتی کرێکاری هیچ وەڵامێکی تریان نییە بۆ کێشە و گرفتەکانی دنیای ئەمرۆ، شتێک نییە جگە هەڵبەزودابەز لە نێوان  پاسیفیزم و دەستەوەستانی لەلایەک و پۆپۆلیزم لەلایەکی ترەوە. کۆمۆنیزمی کرێکاری وەکو سونەتێکی سیاسی دەخاڵەتگەر، لە جەرگەی هەموو بارودۆخێک و لە ئاست هەموو مەسەلەیەکدا سیاسەت و تاکتیکی کارسازی ئەوتۆ دەگرێتەبەر کە بە کردەوە هەنگاوێک ڕوەو شۆڕشی کریکاری بەرەوپێشەوە هەڵگرێت،بەڵام ئەو میتۆدەی کە بە ڕواڵەت گوایە لە سۆسیالیزم نایاتەخوارەوە، لە ئاست وەڵامێکی فەوری و مومکین بە کێشەکانی وەکو؛ نەبونی ئەمنیەت، شەڕوکێشەی قەومی و مەزهەبی، مەسەلەی میللی و چەندین گرفتی تر دادەمێنێ، کە جگە لەوەی دۆخێکی کارەساتباریان بۆ جەماوەری کرێکار و ستەمدیدە خوڵقاندوە، کۆسپی گەورەشیان لەبەردەم ڕەوتی گەشەی خەباتی چینایەتی و بەرەوپێشچونی شۆڕشی کرێکاری پێکهیناوە. زەمینەیان بۆ چەواشەکاری “هاوچارەنوسی چینەکانی یەک میللەت” خوڵقاندوە، زەمینەیان بۆ بەردەوام بەرهەمهێنانەوەی نەتەوەپەرستی و کینەی مەزهەبی و دینی پێکهێناوە. ئەم دیدگا و نەرێتە پەراوێزکەوتوە لە ئاست ئەو خەبات و بزوتنەوە جەماوەریانەی راستەوخۆ لەدژی ئەم گرفت و هەلومەرجانە سەرهەڵدەدەن، بێ سیاسەت و بێ تاکتیک و دەست لەئەژنۆ دەمێنێتەوە. یان وەکو مەسائیلی ناپەیوەست بە چینی کرێکار و کۆمۆنیزم و شۆڕشی کرێکاری، فەرامۆشیان دەکات و مەیدان چۆڵ دەکات بۆئەوەی بورژوازی کایەیان پی بکات. یان ناچار دەبێت هەموو خرۆشان و هەڵچون و بزوتنەوەیەکی لەم بابەتانە بە شۆڕشی کرێکاری لەقەڵەم بدات و سەرئەنجامیش سۆسیالیزمێکی خەڵکی وەکو ئامانجەکەی پێناسە بکات کە هاوتای ئەم بزووتنەوە خەڵکیانە بێت، لە جێگای سۆسیالیزمی کرێکاری. بۆ نمونە ئەگەر سەرنج بدەین ئەم میتۆدە لە هەڵوێست و مامەڵەی لەگەڵ بزووتنەوە ناڕەزایەتیە جەماوەرەیەکانی ئێستا لە عێراق و کوردستان، یان لە مامەڵە لەگەڵ خواستی هەڵپێچان و کۆتایهێنان بە دەسەڵاتی ئەم حزبە میلیشیایانەی کوردستان، هەروەها لەگەڵ دیاردەکانی وەکو شۆڕشی میسر و تونس، ناتوانێ لە دوو حاڵەت بەدەربێت کە هەردوکیان وەکو دوو دیوی یەک پارە وان؛ یان وەکو بزووتنەوەی بورژوازی و کۆنەپەرستانە چاویان لێ دەکات و مەیدان چۆڵ دەکات بۆ باڵەکانی بورژوازی تا لە کێشمەکێشی کۆنەپەرستانەی ناوخۆیاندا یاریان پێ بکەن و ئاسۆ و سیاسەتی خۆیانی بەسەردا زاڵ بکەن، یان کاتێک بەبێ لەبەرچاوگرتنی زەمینە و هۆکار و ئاستی ڕیزبەندی چیانیەتی و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی ئەو بزوتنەوانە، سۆسیالیزم وەکو ئامانج بەسەریاندا دادەبڕێت و بەم پێیەش وەکو شۆڕشی کرێکاری مامەڵەیان لەگەڵ دەکات. ئەوکات بە ناچاری سۆسیالیزمێک کە هاوتای ئەم بزووتنەوە جەماوەری و هەمەخەڵکیانە بێت دەکاتە ئاسۆکەی. بەم جۆرە ئەم میتۆدە یان گرفتاری پاسیفیزم و مەنشەفیزم دەبێت، یان پۆپۆلیزم.

هەر بزوتنەوەیەک دەبێ وەکو خۆی و بەوجۆرەی کە هەیە ببینرێت و بناسرێت و مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. دەبێ زەمینە و هۆکار و ئاستی ریزبەندی چینە دەخیلەکان و بافتی کۆمەڵایەتی و پێکهاتە چینایەتیە واقعیەکەی لەبەرچاوبگیرێت. هەر لەسەر ئەم بناغانە ڕادیکاڵترین ئامانج و سەرکەوتنی بۆ گەڵاڵە بکرێت. ناکرێ ئارەزومەندانە سۆسیالیزم بکەیت بە ئاسۆی خەباتێک کە ئەمرۆ لە کوردستاندا دژی دەسەڵاتی میلیشیایی و گەندەڵی و تاڵان و بڕۆی حزبە ناسیۆنالیستەکان لە ئارادایە. ناکرێ سۆسیالیزم بکەیتە ئامانجی خەباتی جەماوەری و گشتگیری خەڵکی کوردستان دژی عەسکەرتاریەت و ملهوڕی دەوڵەتی مەرکەزی. کاتێک ئەمە وەکو بنەمای مامەڵە لەگەڵ ئەم بزوتنەوانە لەبەرچاو بگیرێت، بێگومان دەبێ سەرکەوتنەکەشی شتێکی جیاواز لە سۆسیالیزم و حکومەتی کرێکاری بێت. بەڵام زۆرترین کۆمەک بکات بە ڕەوتی پێشڕەوی بەرەو شۆڕشی کرێکاری و سۆسیالیزم. لێرەدا و لەم هەلومەرجانەدایە کە باسی دەوڵەتی غەیرە قەومی و غەیرە مەزهەبی و رادیکاڵترین بەرنامە بۆ ریفۆرم مانا و زەرورەت پەیدا دەکات و پەیوەندی نێوان ریفۆرم و شۆڕش مانایەکی دیاریکراو بەخۆوە دەگرێت. کۆمۆنیزمی کرێکاری بەم میتۆدە لەم کێشە و گرفت و بزوتنەوانە دەڕوانێ. جگە لەوەی پێداگری دەکات کە هەرکات چینی کرێکار و حزبی کۆمۆنستی ئەم چینە توانای بەسەرکەوتن گەیاندنی شۆڕشی کرێکاری پەیدابکات، بێ درەنگ دەست دەبات بۆ دەسەڵاتی سیاسی و شۆڕشی کرێکاری بەرپادەکات و لەسەر هیچ هەنگاوێکی بەیناوبەینی و تۆزقالێک هاتنەخوارەوە لە ریشەکێشکردنی نیزامی کاری بەکرێ و مولکایەتی تایبەتی ڕاناوەستێ و هەر ئەمەش دەکات بە ڕێگاچارەی فەوری و کارساز و ڕیشەیی هەموو گرفت و کێشەکانی دنیای ئەمرۆ. هەر لە نەبوونی ئەمنیەتەوە تا شەڕوکێشەی کۆنەپەرستان و تا کێشەی میللی و نەبونی خزمەتگوزاری و ..و..تا وەختێکیش چینی کرێکار و حزبی سیاسی ئەم چینە توانای ئەوەی پەیدانەکردبێت کە ئاسۆیەکی نزیک بۆ ئەم شۆڕشە نیشانبدات، یەک ڕۆژ ئەم گرفت و کێشانە بێ وەڵامی فەوری و لە چاوەڕوانی شۆڕشی کرێکاریدا ناهێڵێتەوە. هەربەم پێیەش بزوتنەوە جەماوەری و ڕولەپێش و ئازادیخوازانەکان، لە دەوری ڕێگاچارەی فەوری بۆ ئەو کێشانە ڕابەری و ڕێکخراو و ئاسۆدار دەکات، وە پێناسەیەک بۆ سەرکەوتنیان گەڵاڵە دەکات کە هەم بە ڕادیکاڵترین شێوەی مومکین چارەسەری دەمودەستی ئەوکێشانە بکات، هەم کۆمەک بکات بە گەشەی خەباتی چیانیەتی و بەخۆداهاتنەوەی چینی کریکار و خوڵقاندنی هەلومەرجێکی گونجاو بۆ چونەسەری خێرای توانای سیاسی چینی کرێکار بۆ ئەنجامدانی شۆڕشی کرێکاری. لەم هەلومەرجانەدا کۆمۆنیزمی کریکاری وەکو دەوڵەت لە دەورانی گوزاردا مامەڵە لەگەل دەوڵەت و دەسەڵاتی سیاسی دەکات. بورژوازی دەیەوێ دەسەڵاتی سیاسی بۆ داشکاندنەوە ئەزمەکانی بەسەر چینی کرێکار و کۆمەڵانی چەوساوەدا لەڕێگای پاشەکشەکردن بە خەبات و بزوتنەوە رادیکاڵەکان بەکاربەرێت، کۆمۆنیزمیش شێوەیەک لە دەوڵەت لەو دەورانە گوزارەدا دەخاتە بەردەم ئەو بزوتنەوانە و بۆ فەرزکردنی تێدەکۆشێت، کە ئەزمەی سەرمایەداری قوڵتربکاتەوە و بیگۆڕێ بۆ ئەزمەیەکی شۆڕشگێڕانە و لە پرۆسیسێکی شۆڕشی بەردەوامدا بەرەو شۆڕشی کرێکاری دەفعی بکات.

لەم ڕوانگەیەوە ئەگەر بزوتنەوەی کۆتایهێنان بە دەسەڵاتی میلیشیایی ئێستا وەکو بزوتنەوەیەکی جەماوەری و شۆڕشگیرانە، لە دەوری ئاسۆیەکی سیاسی کە کۆمۆنیزمی کرێکاری دەیخاتە بەردەمی و بە ڕابەری کۆمۆنیزم پەرەبگرێت و بەسەرکەوتنیش بگات، هێشتا ئەمە بە مانای دەقیقی وشەکە شۆڕش و سەرکەوتنی شۆڕش نییە. بەڵام ئەگەر سەرکەوتنی بزوتنەوەی هەڵپێچانی ئەم دەسەڵاتە بەو هەلومەرجانەوە کە کۆمۆنیزم دەیخاتە بەردەمی بەسەرکەوتن بگات، گورزێکی گەورە لە دەسەڵاتی سەرکوتگەرانەی بورژوازی دەدات و ڕەوتی شۆڕشی کرێکاری هەموار دەکات و هەلومەرجێک دەخوڵقێنێ کە وەکو لینین دەڵێ “لە هەر رۆژێکدا بە ئەندازەی بیست ساڵ”ی دەورانی رکودی سیاسی و دەسەڵاتێکی بورژوازی سەقامگیر، ڕەوتی ئەم شۆڕشە خێرادەکاتەوە. بە مانایەکی تر هیچ قەتع و ڕاوەستانێک ناکەوێتە نێوان سەرکەوتنی بزووتنەوەی هەڵپێچانی ئەم دەسەڵاتە و هەنگاوی راستەوخۆ بۆ شۆڕشی کرێکاری، هەروەکو لنین دەڵێت “دیواری چینیان لە نێوان نییە”، بەواقعی دەکرێت هەر ڕۆژێک بە ئەندازەی بیست ساڵ بەرەو سۆسیالیزم تاوبدرێت.

 

تێبینی: ئەم گفتوگۆیە لەبۆپێشەوەی ژمارە ٣٨ کە بەرواری ١٥ی ئۆکتۆبەر بڵاوبۆتەوە

تێبینی: ئەم گفتوگۆیە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٣٧ بەرواری ١/١٠/٢٠١٨ بڵاوبۆتەوە…

About hkkk

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*