Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 سزای لە سێدارەدان ( ئیعدام )
سزای لە سێدارەدان ( ئیعدام )

سزای لە سێدارەدان ( ئیعدام )

نوسینی :کارل مارکس

وەڕگێڕانی : سەردار عەبدوڵا حەمە

ئەم وتارەی خوارەوە لەلایەن کارل مارکس ەو لە ١٨٥٣/١/٢٨نوسراوە لە ١٧ و ١٨ ی مانگی شوباتدا لە “ڕۆژنامەی نیۆیۆرک دەیلی تریبوون ” چاپ کراوە.

سزای لە سێدارەدان

ڕۆژنامەی “تایمز” لە ٢٥ /١ دا لە بارەی لە سێدارەدانی کەسەکاندا چەند تێبێنیەکی داوە:

“زۆرترین قسە لە ئێستادا لەسەر سێدارەدانە لەم وڵاتەی ئێمەدا بە شێوەکی گشتی، بەڵام ئێمە شاهیدی ئەوەین لەسێدارەدان بە ڕێگای هەڵواسین بە داردا ، خۆکوشتن، یا مردنی ڕێکەوتی، درێژەی هەیەو بەردەوامە، ئەنجامی ئەوەی تاوانبارێکی ناسراو کە لە سێدارە دەدرێ کاریگەری دەخاتە سەر کەسانێک کەنەخۆشی دەروونیان هەیە، یا کەسانێ کە عەقلیان نوقسانە”

لەم ڕووەوە ئەم ڕۆژنامەیە چەند نموونەیەک باس دەکا یەکێ لەوانە باسی شێتێک دەکا لە “شیفێلد” لەگەڵ شێتەکانی دەوروبەری خۆی باسی لە سێدارەدانی کەسێکی پیری کردووە بە ناوی “باربور”ی کە ئەو خۆی هەڵواسیوە بەداردا. وە ئەم ڕۆژنامەیە نمونەیەکی تر باس دەکا کە مێرد منداڵیکی ١٤ ساڵ خۆی لە سێدارە داوە.

لە واقعدا باسکردنی ئەم نمونانە لەلایەن ئەم ڕۆژنامەیەوە بەم شێوەیە لە خزمەتی ئەو بڕیارەیە کە خۆی داویەتی ، بەڵام جێ باوەڕی هیچ کەسێکی هۆشیار نابێ، ئەمانە لە ڕووی ئسوڵیەوە هیچ شتێک نین جگە لە ستایشکردن و وەسفی جەلادەکان و قایل بوونی ڕاستەوخۆی ئەوانە بە جێگای خودا لەم نێوەدا. لێرەدا سزای سێدارەدان “بە دوا چارەسەری کۆمەڵگە دائەنێت”. ئەم ڕۆژنامەیەی کە خۆی بە لە “سەرووی رۆژنامەکان” ناو دەبات پیرۆزکردنی ئەم سزایە بە ئەرکی خۆی دەزانێ ئەمە ئەو ئامانجەیە کە ئەم ڕۆژنامەیە لە وتارەکەیدا بەیانی کردوووە.

رۆژنامەیەکی تر بە ناوی “مۆرنینگ ئەدڤایستەر” کە ڕەخنە لە “تایمز” دەگرێ لە بواری لە سێدارەداندا وە تایمز بە لایەنگری لە سێدارەدان ناو دەبات ئامارێکی سەرنج ڕاکیشی داوە لەسەر لەسێدارەدان لە ماوەی ٤٣ ڕۆژدا لە ساڵی ١٨٤٩دا کە بەم شێوەیە :

ناو و بەرواری لە سێدارە دراوەکان:

میلان ٢٠ی مارس

پولی ٢٦ی مارس

سمێث ٢٧ ی مارس

هۆو ٣١ ی مارلندیک

لندیک ٩ ی نیسان

سارا تامس ١٣ ی نیسان

جەی . گریفیت ١٨ ی نیسان

جەی. راش ٢١نیسان

کوشتن وخۆ کوژیەکان

هانا ساندلس ٢٢ ی مارس

ا.م.ج نیوتن ٢٢ی مارس

ج.ک کلیسون ٢٧ ی مارس

(٤دۆسیەی کوشتن لە لێڤەرپول)

کوشتن خۆ کوژی لە لیسستر ٢ی نیسان

کوشتن بە هۆی ژەهراوی بوون لە گەرماو(حەمام) ٧ی نیسا

٨ی نیسان دەبل یۆ بیلی

جەی. وارد دایکی کوشتوە ١٣ ی نیسان

یاردلی ١٤ ی نیسان

داکسی دایک وباوکی خۆی کوشتوە ١٤ی نیسان

١٧ ی نیسان جەی بیلی خۆی ٢ مندالی خۆی کوشتوە

چارلز ئورتن ١٨ ی

دنیل هولمزدن ٢ی ئایار

بەم شێوەیە” تایمز “یش کە خۆشی ڕای لەسەر ئەم خشتەیە. ئەم خشتەیە ئەوە نیشان ئەدا نەک تەنها خۆ کوشتنەکان، بەڵکو ئەوانی تریش لەجۆری وەحشیانە ترینی کوشتنەکانن بە تایبەتی لە سێدارەدانی تاوانباران، جێی سەرسورمانە کە ئەو وتارە ی تایمز جگە لەوەی کە دەیەوێ تیۆریەکی وەحشیانە بۆ ئەمە داڕێژی هیچ بەڵگەیەکی سادە نادا بە دەستەوە بۆ بەمەدەنی بوونی ئەم کۆمەڵگەیە، بە هیچ شێوەیەک ناتوانێ هیچ بنەمایەک بۆ ئەو عەدالەتە دابنێ کە خۆی بانگەوازی بۆ دەکا لەم رێگاوە واتە لەرێگای لە سێدارەدانەوە. سزاکان بەوە پێناسەکراون کە بۆ ترساندن و چاکسازی کەسانی ترە، بەڵام تۆ ئەو مافەچۆن بە خۆت دەدەی کە بۆ ترساندن و چاککردنی کەسانی تر من تەمێ بکەی. مێژوو نیشانیداوە بە پێی باشترینی ئەو ئامارانەی لە بەردەستدایە ئەوە سەلـمێنراوە لە سەردەمی “قابیل”ەوە تا ئێستا دونیا لە ڕێگای سزادانەوە نەترسێنراوە و نە چاکیش بووە، بەڵکو بە پێچەوانەوە بووە.

لە گۆشە نیگای “تاکی دابڕێنراو”ەوە یەک تیئۆری سزادان هەیە ئەوەش تیئوریەکەی “کانت”ە کە مافی تاک دادەبڕێ لە کۆمەڵگە وە زۆر گرنگی پێ دەدا، ئەویش فۆرمۆڵبەندیەکەی لە هیگڵەوە وەرگرتوە ، هێگڵ دەڵێت :”سزادان مافی تاوانبارە، ئەم کاردانەوەیە لە ئیرادەی خودی تاوانبارەکەوە هاتووە. تاوانبار بە پێشێلکردنی ماف ئەو مافە بەخۆی دەدات. تاوانەکەی ئەو نەفیکردنەوەی مافە، سزادانیش نەفیکردنەوەی ئەو نەفیەی ئەوە، وە پشتیوانیکردنی تاوانبار لە مافێکە کە خۆی بڕیاری لەسەر داوە، وە بەسەریدا سەپێنراوە”( هیگل – فەلسەفەی هەق).

بێگومان لەم فۆرمەڵبەندیەدا سەرلێشێوایەک دەیێنرێ. هیگڵ لە جیاتی ئەوەی کە تاوانبار وەک یەک (بکەری ناو هەلومەرجێک) و کۆیلەی دادگا ببینێ، ئەو بەکەسێکی سەربەخۆو دوور لەکۆمەڵگەی دەبینێ وە دەڵێت ئەو چارەنوسی خۆی بە دەست خۆیەتی. بە ڕۆشنتر بڵێین ئەوە ئایدیالیزمی (میثالی) ئەڵمانیە بەم نموونەیە وەک نمونەکانی تر ڕەهایی دەبەخشێ بە یاسا خوێناویە باوەکانی سەر کۆمەڵگە کە ئەویش لە ڕەهایی بوونی دەرەوەی سروشتەوە سەرچاوەی گرتووە، ئایا ئەمە بێ دەربەستی نییە لە جیاتی دۆزینەوەی هاندانە واقعیەکانی کەسەکە دیاری بکەی و لەجیاتی ئەوەی بیێت کە ئەو فشارە بدۆزیتەوە کە لەسەر کەسەکە پەیدا بووە بەهۆی جۆراوجۆری هەلومەرجی کۆمەڵایەتی داسەپێنراوکەچی دێیت کەسەکە دائەبڕی لەم هەلومەرجە تەنها خۆی دەبینی وەک کەسێکی سەربەخۆ و دابڕاو سەیری دەکەیت و بێیت لەجیاتی خودی کەسەکە کە سیفاتی جۆراوجۆری هەیە یەک سیفەتی بۆ دیاری بکەی وهەر خۆتیش بڕیاری لەسەر بدەی! ئەم تیئۆریە کە دەڵێ سزاکەی لەسەر ئیرادەی خۆیەتی، ئەم سزایە جگە لە ڕاگەیاندنی هاوشێوەکردنی میتافیزیکیانەی “یاسای تۆڵە بە تۆڵە” کۆنەکەیە واتە دەبێ (ئەو سزایە یەکسان بێ بەو تاوانەی کە تاوانبار ئەنجامی دەدات)(چاو بەرانبەر چاو، وددان بەرانبەر ددان، خوێن بەرانبەر خوێن) شتێکی جیاواز تر نییە. ڕاست وڕەوان ئەم سزایە شتێک نییە جگە لەوەی وەک هۆیەک بەکار دەهێنرێت بۆ دارمانی کۆمەڵگە بەرەو بارودۆخێکی دواکەوتوانە ئەمە چ کۆمەڵگەیەکە جگە لە جەلاد هۆیەکی باشتری نەبێ بۆ بەرگری لەخۆی، کە ئەم ڕۆژنامەیە بۆی دیاری کردووە، بە پشتیوانی خۆی لەم سزا وەحشی گەریە دەیەوێ ئەم هەلومەرجە بۆ هەتا هەتایە ڕاگرێ.

بەریز آ . کتلە لە یەکێلە چاپکراوە بە ناوبانگەکانیدا دەڵێت:

“ئێمە دەبینین بودجەیەکی زەبەلاح بۆ زیندانەکان، گرتووخانە نهێنیەکان، بنکەکانی لە سێدارەدان دائەنرێ، لە کاتیکا دەتوانین بە هەمان شێوە کە پێشبینی لە دایکابووان بکەین، رەئی بدەین لەسەرئەوەی کە چەندە کەس دەستی لە کوشتندا هەیە، چەندە کەسی بکوژی ژەهراوی هەیە، وە چەندە دەچنە زیندانەوە”

بەڕێز کوتلە لەئەنجامی کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر تاوانەکان لەساڵی ١٨٢٩ بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر پێشبینیەکانی بەدی هاتوون کە بەچاپ کراوی ڕایگەیاندووە نەک تەنها بە ژمارە، بەڵکو تاوانە جۆراوجۆرەکانیشی دیاریکردووە لە فەرەنسا لە ساڵی ١٨٣٠دا ، ئەم کارەی ئەو نەک لەسەر بنەمای دەزگای سیاسیەکانی یەک وڵات، بەڵکو لەسەر بنەمای تەواوی ئەو هەلومەرجەیە کە کۆمەڵگەیەکی مۆدیرنی بۆرژوازی هێناویەتی لەگەڵ خۆی کە دیارە ئەنجامدانی تاوان خۆی بەشێکە لەم هەلومەرجە لە کۆمەڵگەیەکی دیاریکراودا. لەم خشتەیەی ئەودا کە بۆ ساڵی ٢٤-١٨٢٢ ئامادە کراوە دەتوانین ئاگادار بین تاوانباران چەندن وکام تەمەنن بەپێی ژمارە ١٠٠ لە فەرنساو لە ئەمەریکا:

تەمەن فیلادلفیا فەرەنسا

——- ——– ———-

خوار ٢١ سال ١٩ ١٩

٢١ تا ٣٠ ساڵ ٤٤ ٣٥

٣٠ تا ٤٠ سال ٢٣ ٢٣

سەروی ٤٠سال ١٤ ٢٣

کۆی گشتی ١٠٠ ١٠٠

بەپێی ئەم خشتەیە تاوانەکان بەشێوەیەکی زیاد بەرچاو دەکەون، چەندە لەوانە و چ جۆرێکیان لە دیاردەیەکی ماددیەوە هاتوون ودووبارە دەبنەوە. لێرەدا بەڕیز کوتلە دەڵی: ئاسان نییە بتوانین بە وردی دیاری بکەین چەندە لەم تاوانانە (هۆکاری دونیای مادیین یا سیستەمی کۆمەڵایەتین) ئەمە زۆر گرنگ نییە ئەوە دەزانین کە ئەم سیستەمە چەندە کاریگەری هەیە لەسەرئەو تاوانانە ودووبارەکردنەوەیان بە شێوەیەکی بەردەوام. بۆیە دەبێ لە جیاتی ستایشکردنی جەلاد و ئەوانەی کەسەکان لە سێدارە دەدەن (مەبەست دەوڵەتی بورژوازیە _ وەرگێر)کە هەرخۆیان هۆن بۆ دروستکردنی تاوان وتاوانباران تاوانیش هەر دووبارە دەبێتەوە بەهۆی ئەمانەوە، دەبێ زۆر بە توندی خوازیاری ڕووخان و لەناوبردنی ئەو هەلومەرج و بارودۆخە بین کە تاوان بەرهەم دەهێنێ و سەرچاوەی تاوانەکانە لە کۆمەڵگەدا .

تێبینی وەرگێڕ:

١- گرنگی وەرگێڕانی ئەم بابەتە بۆ زمانی کوردی لەوەدایە کە بۆرژوازی لەڕاگەیاندنی حیزبەکانیەوە یا لەروانگەی تیۆریسینەکانیەوە یا لەڕێگای ڕۆشنبیرەکانیەوە ڕۆژانە پروپاگەندە لەدژی کۆمۆنیزم دەکەن، کومۆنیزم بە لایەنگری مرۆڤ کوشتن ناو دەبەن لەکاتێکا پێچەوانەکەی ڕاستە، کۆمۆنیستەکان ئەگەر دەسەڵات بە دەستەوە بگرن کوشتنی ئینسانەکان ڕادەگرن، یەکەم کاریان ئەوەیە سزای لە سێدارەدان (ئیعدام) هەڵدەوەشێننەوە، بۆیە ئەم وتارەی مارکس وەک وەڵامێکە بۆ ئەو پروپاگەندانە.

٢- ئەم بابەتەم لە زمانی فارسیەوە وەرگێڕاوە لە دوو وەرگێڕان سوودم وەرگرتووە :

آ- وەرگێڕانی اشرف دهقانی ئەمە لینکەکەیەتیhttp://universaltolerance.org/component/k2/

ب- وەرگێڕانی -خاور ئەمە لینکەکەیەتی http://www.negah1.com/clasic/marx9.htm-

تێبینی: ئەم دیمانەیە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٣٨ بەرواری ١٥/١٠/٢٠١٨ بڵاوبۆتەوە

 

About hkkk

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*