Home 6 باسەکانی کۆمۆنیزمی کرێکاری 6 سه‌رنگونى، شۆڕش، سۆسياليزم

سه‌رنگونى، شۆڕش، سۆسياليزم

نامه‌ بۆ حه‌ميدى ته‌قوايى، فاتيحى شێخ

ژماره‌: ٧٠٠٦ به‌روار: ١٧ى جولاى ١٩٩٩ فاتيح گيان، حه‌ميد گيان

گفتوگۆکه‌م به‌ده‌ست گه‌يشت. به‌بڕواى من ئه‌م بابه‌ته‌ لێکدانه‌وه‌يه‌ک له‌ مه‌سه‌له‌ى ئه‌وزاعى سياسى‌و ستراتيژى سياسى حزب له‌خۆ ده‌گرێت که‌ بلآوکردنه‌وه‌ى، به‌ له‌به‌رچاوگرتنى گرنگى باسه‌که‌‌و ئيعتيبارى ئه‌و که‌سه‌ى گفتوگۆى له‌گه‌ڵ کراوه‌، قاڵبێکى بآمرونه‌‌و وشک ئه‌سه‌پێنآ به‌سه‌ر ئاسۆى سياسى حزب‌و تێگه‌يشتنى ئێمه‌ بۆ ره‌وتى رووداوه‌کانى ئاينده‌ له‌ ئێراندا. به‌م پێيه‌ ئه‌م وتاره‌ (مه‌به‌ستى گفتوگۆکه‌يه‌-و) له‌ڕووى عه‌مه‌لييه‌وه‌ به‌ هه‌ڵوێست ده‌ربڕينێکى قه‌تعى له‌سه‌ر ره‌وتى عه‌مه‌ليى ئه‌وزاعى سياسى ده‌ژمێردرێت که‌ به‌بڕواى من بڕيارى په‌يوه‌ست به‌ جمهورى سۆسياليستى مه‌به‌ستێکى له‌م جۆره‌ى نه‌بوو. من له‌به‌رئه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م لێکدانه‌وه‌يه‌ نيم چونکه‌ ئه‌وزاعى ئاينده‌ى ئێران زۆر ساده‌ ئه‌کاته‌وه‌‌و وێنايه‌کى ميسالى له‌ ره‌وتى رووداوه‌کان ده‌نێته‌ جێگاى هه‌موو ئه‌گه‌ره‌ واقعىيه‌کان‌و هه‌ربه‌م پێيه‌ جۆرێک له‌ بينينى يه‌کلايه‌نه‌‌و بآمرونه‌‌و ته‌نانه‌ت ساده‌ئه‌ندێشى له‌شێوه‌ى هه‌ڵوێستى حزبدا دروست ده‌کات. رێگه‌م بده‌ن ئه‌مانه‌ هه‌ندێک روون بکه‌مه‌وه‌.

وێناى بابه‌ته‌که‌ى حه‌ميد ئه‌مه‌يه‌. له‌ ئێران حه‌تمه‌ن شۆڕش به‌رپاده‌بێت. شۆڕش حمهورى ئيسلامى سه‌رنگون ده‌کات. چينى کرێکار، به‌پشتيوانى زۆرينه‌ى هه‌ره‌زۆرى خه‌ڵکى جمهورى سۆسياليستى به‌رپاده‌کات. دياره‌ ئه‌م وێنايه‌ هه‌ڵه‌ نييه‌، چونکه‌ به‌هه‌رحاڵ يه‌کێکه‌ له‌و ئه‌گه‌رانه‌ى که‌ ره‌نگه‌ رووبدات. به‌لآم راست نييه‌، چونکه‌ کۆمه‌ڵێک ئه‌گه‌رى مومکينى تر ره‌تده‌کاته‌وه‌. بابه‌ته‌که‌‌و سازده‌رى گفتوگۆکه‌ چه‌ند شتێکى ديکه‌شيان به‌فه‌رز وه‌رگرتووه‌ که‌ جێگه‌ى پرسيارن.

ئه‌وه‌ى که‌ شۆڕشێک له‌ ئێراندا ده‌ستى پێکردووه‌‌و له‌سه‌روبه‌ندى هه‌ڵگيرساندايه‌، ئه‌وه‌ى که‌ حزبى کۆمۆنيستى کرێکاري به‌ هه‌ڵگرتنى ئه‌م شيعاره‌ (مه‌به‌ست له‌ په‌سه‌ندکردن‌و به‌رزکردنه‌وه‌ى شيعارى “جمهورى سۆسياليستى”يه‌-و) شۆڕش به‌شتێکى حه‌تمى ده‌زانآ. ئه‌وه‌ى که‌ له‌مه‌ به‌دوا ده‌کرآ هێزه‌کان به‌سه‌ر به‌ره‌ى شۆڕش‌و به‌ره‌ى دژى شۆڕشدا دابه‌ش بکرێن. ئه‌وه‌ى که‌ ئه‌م شۆڕشه‌ شۆڕشێکى هه‌مه‌گانىيه‌. ئه‌وه‌ى که‌ مه‌به‌ست له‌ شۆڕش، شۆڕش له‌دژى رژێمى ئيسلامىيه‌‌و به‌ سه‌رنگونکردنى رژێم شۆڕشيش سه‌رده‌که‌وآ. ئه‌م فه‌رزانه‌ به‌ بڕواى من هه‌موويان جێگه‌ى پرسيارن.

١- به‌بڕواى من سه‌رنگونى‌و شۆڕش به‌يه‌که‌وه‌ گرێيان نه‌خواردووه‌. سه‌رنگونى به‌بآ شۆڕشيش ئيمکانى هه‌يه‌‌و موحته‌مه‌له‌. سه‌رنگونى ده‌توانآ به‌ره‌نجامى پرۆسه‌يه‌کى سه‌ربازى، قه‌يران‌و هه‌رج‌و مه‌رج، پرۆسه‌ى عوسيانى مه‌ده‌نى‌و کردار‌و په‌رچه‌کردارى ئينتخاباتى‌و… هتديش بێت. ده‌توانآ به‌ره‌نجامى سه‌رکه‌وتنى کۆمه‌ڵێک هێزبێت به‌ده‌رله‌ هێزه‌ شۆڕشگێره‌کان يان به‌وانيشه‌وه‌.

به‌بڕواى من به‌ ئيحتمالى زۆر سه‌رنگونى نه‌ک به‌ره‌نجامى شۆڕش ده‌بێت له‌ ئێراندا، به‌ڵکو يه‌کێک ده‌بێت له‌ ساته‌کانى ده‌ستپێکردنى شۆڕش. به‌بڕواى من شۆڕش له‌ ئێراندا به‌ رووخانى جمهورى ئيسلامى ئينجا ده‌ستپێده‌کات، وه‌ نه‌به‌رده‌ چينايه‌تىيه‌ جدىتره‌کان دواى رووخان ده‌بێت. به‌بڕواى من له‌ سه‌رنگونيدا زۆرێک به‌شدارى ده‌که‌ن، به‌لآم له‌ شۆڕشدا، کرێکاران “زۆرينه‌ى هه‌ره‌ زۆرى خه‌ڵک”يان له‌گه‌ڵدا نابێت.

٢- جمهورى سۆسياليستيش نه‌به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ شۆڕش له‌دژى رژێمه‌وه‌. به‌بڕواى من راگه‌ياندنى جمهورى سۆسياليستيش ده‌توانآ به‌رهه‌مى سه‌رکه‌وتنى سه‌ربازى، قۆستنه‌وه‌‌و ده‌ستبردن بۆ ده‌سه‌لآت له‌حاڵه‌تى بۆشايى سياسيدا، کوده‌تا‌و هه‌ر شتێکى تر بێت. چونکه‌ جمهورى سۆسياليستى ده‌توانآ وه‌کو ده‌وڵه‌تى ده‌وره‌ى شۆڕشگێڕانه‌، ده‌وره‌ى قه‌يران، ده‌ربکه‌وێت. ره‌نگه‌ پێکهێنانى حکومه‌تى شورايى کرێکارى، له‌دواى راگه‌ياندنى جمهورى، کارێکى دژوارتر بێت. وه‌ پێويستى به‌ جه‌نگى ناوخۆ هه‌بێت.

وێناى حه‌ميد که‌م‌وزۆر دووباره‌کردنه‌وه‌ى پرۆســــه‌ى شۆڕشى ٥٧ ـه‌ (مه‌به‌ست له‌ شۆڕشى ١٩٧٩ى زاينى ئێرانه‌-و). من ئه‌مه‌ به‌ موحته‌مه‌لترين حاڵه‌ت نازانم. چونکه‌ باڵه‌کانى جمهورى ئيسلامى‌و هێزه‌ سياسيه‌کانى ده‌خيل له‌ ئێراندا، موجاهيدين، راستى غه‌ربى‌و کۆمۆنيسته‌کان‌و…تاد، به‌ گورزێک گۆڕه‌پانه‌که‌ به‌ده‌سته‌وه‌ ناگرن‌و به‌ گورزێکيش چۆڵى ناکه‌ن. ئه‌مجاره‌يان به‌ ئيحتمالى زۆر راپه‌ڕين له‌سه‌ره‌تاى شۆڕشدا رووئه‌دات نه‌ک له‌ کۆتاييه‌که‌يدا.

هه‌ندآ بۆچوونى ناو ده‌قه‌که‌ زۆر يه‌کلايه‌نه‌‌و هه‌ندآ جار هه‌ر هه‌ڵه‌شه‌. بۆ نموونه‌:

“هيچ گومانێک له‌وه‌دا نه‌ماوه‌ته‌وه‌ که‌ شۆڕشێکى ديکه‌ له‌ ئێراندا خه‌ريکه‌ شکڵ ئه‌گرێت” به‌بڕواى من هيچ گومانێک له‌وه‌دا نييه‌ که‌ خه‌بات بۆ سه‌رنگونى له‌ ئێراندا په‌ره‌ده‌ستێنآ. به‌لآم ئه‌وه‌ى که‌ ئايا ئه‌مه‌ تا ئاستى شۆڕشێک بالآئه‌کات جێگه‌ى گومانه‌. بۆ حه‌ميد شۆڕش به‌فه‌رز وه‌رگيراوه‌‌و پرسيار ئه‌وه‌يه‌ که‌ “شۆڕش چ ره‌وتێک ده‌گرێته‌به‌ر”. به‌بڕواى من ره‌وتێکى موحته‌مه‌ل ئه‌مه‌يه‌ که‌ کار نه‌گاته‌ شۆڕش، کوده‌تا‌و په‌رچه‌کوده‌تا بکرێت. رژێم بڕوات‌و مه‌مله‌که‌ت بچێته‌ ناو قۆناغێکى ئاڵۆزى ناسه‌قامگيريى سياسى‌و کێشمه‌کێشى عه‌سکه‌رييه‌وه‌.

“ئێمه‌ به‌ شيعارى جمهورى سۆسياليستى رايده‌گه‌يه‌نين که‌ له‌و شۆڕشه‌ى که‌ به‌ڕێوه‌يه‌ کرێکاران له‌گه‌ڵ جمهورى ئيسلاميدا سه‌رمايه‌دارى له‌گۆڕده‌نێن.” بێگومان ئێمه‌ ئه‌مه‌مان ده‌وێت. به‌لآم به‌م شيعاره‌ ئێمه‌ شتێک له‌باره‌ى حه‌تميه‌تى به‌رێوه‌بوونى شۆڕش‌و ئه‌وه‌ى که‌ کرێکاران چى ده‌که‌ن ناڵێين، به‌ڵکو قسه‌ له‌سه‌ر حه‌تميه‌تى سه‌رنگونى‌و ئه‌وه‌ ده‌که‌ين که‌ ئێمه‌ چيمان ده‌وێت.

“به‌رزکردنه‌وه‌ى ئه‌م شيعاره‌ له‌لايه‌ن حزبه‌وه‌ پشت به‌ حه‌تمى بينينى روودانى شۆڕش‌و سه‌رنگونى رژێم ده‌به‌ستێت” (ده‌قى خودى پرسيارى دووه‌م). به‌بڕواى من وانييه‌. بڕياره‌که‌ باس له‌ حه‌تميه‌تى په‌ره‌سه‌ندنى خه‌بات بۆ سه‌رنگونى ده‌کات نه‌ک شۆڕش. به‌رزکردنه‌وه‌ى ئه‌م شيعاره‌ له‌لايه‌ن حزبه‌وه‌، به‌پآى ده‌قى بڕياره‌که‌، به‌مه‌به‌ستى مه‌لموسکردنى شيعارى حزبه‌ له‌ جه‌رگه‌ى خه‌بات بۆ سه‌رنگونيدا.

“هه‌روه‌ک حزبى ئێمه‌ پێشبينى شۆڕش‌و سه‌رنگونى رژێم ده‌کات”. پێشبينى سه‌رنگونيمان کردووه‌، به‌لآم شۆڕش مه‌رج نييه‌.

“شۆڕشێک که‌ له‌ ئێراندا خه‌ريکه‌ رووئه‌دات له‌م ڕێسايه‌ به‌ده‌رنييه‌” ٭ “شيعارى جمهورى سۆسياليستى له‌راستيدا ده‌ربڕينێکى جه‌ماوه‌ريترى شيعارى حکومه‌تى کرێکارييه‌ له‌ هه‌لومه‌رجى شۆڕشگێڕانه‌ى ئه‌مڕۆى ئێراندا”. پێم وانييه‌ بکرێت هه‌لومه‌رجى ئه‌مڕۆى ئێران به‌ هه‌لومه‌رجى شۆڕشگێڕانه‌ وه‌سف بکرێت. به‌لآم شيعاره‌که‌ى ئێمه‌ بۆ هه‌لومه‌رجى خه‌باتى به‌ربلآوه‌ له‌پێناوى سه‌رنگونيدا. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر شۆڕشێکيش له‌ئارادا نه‌بێت.

٭ “جمهورى سۆسياليستى ته‌نها به‌ شۆڕش ده‌کرآ به‌رقه‌رار بکرێت چونکه‌ رژێمى ئێران به‌زمانى خۆش لاناچێت”. شۆڕش ته‌نها به‌ديلى “زمانى خۆش” نييه‌. رژێمى ئێران ده‌بآ به‌ زۆر سه‌رنگون بکرێت. به‌لآم مه‌رج نييه‌ هه‌موو زۆرێک شۆڕش بێت.

٭ “له‌م شۆڕشه‌دا چينى کرێکار ته‌نيا نييه‌. زۆرينه‌ى هه‌ره‌زۆرى کۆمه‌ڵگا واته‌ ژنان، لاوان‌و به‌شێکى فراوانى توێژه‌ بێبه‌شه‌ شارييه‌کان له‌م شۆڕشه‌دا له‌پاڵ کرێکاراندان” له‌ کام شۆڕشدا؟ له‌ نه‌به‌رد بۆ سه‌رنگونيدا ره‌نگه‌ ئه‌م وێنايه‌ راست بێت (هه‌رچه‌نده‌ لاوان‌و ژنانيش دابه‌ش ده‌بن) به‌لآم له‌ شۆڕش بۆ کردنى “رژێمى ئيسلامى به‌ دوايين رژێمى سه‌رمايه‌دارى [له‌ ئێراندا-و]”، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ به‌بڕواى من کرێکاران زۆرينه‌يه‌کى هه‌ره‌زۆريان له‌گه‌ڵدا نابێت.

خولاسه‌ى که‌لام، ئه‌م بابه‌ته‌ له‌سه‌ر حه‌تمى بوونى شۆڕشه‌‌و شيعارى جمهورى سۆسياليستى له‌مه‌وه‌ هه‌ڵئه‌هێنجآ. پێويستيى شۆڕش‌و ته‌نانه‌ت موحته‌مه‌ل بوونى، واته‌ واقعى بوونى ئيحتمالى شۆڕش، وه‌ خه‌ياڵى نه‌بوونى ئه‌م ئيحتماله‌ له‌ ئێرانى ئه‌مڕۆدا، ده‌کرآ هه‌ڵوێستى حزب بێت. به‌لآم به‌حه‌تمى زانينى شۆڕش هه‌ڵوێستى ره‌سميى ئێمه‌ نه‌بووه‌‌و به‌ته‌واوى ده‌ست‌وپآى ئێمه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌‌و ئێمه‌ ئه‌به‌ستێته‌وه‌ به‌ يه‌ک رێگه‌ى نێو چه‌ندين رێگه‌ى موحته‌مه‌له‌وه‌.

به‌بڕواى من، وه‌ به‌پآى ده‌قى بڕياره‌که‌، ده‌بآ شيعاره‌که‌ په‌يوه‌ست بکه‌ين به‌ خه‌بات بۆ سه‌رنگونىيه‌وه‌ وه‌ له‌باره‌ى شۆڕشه‌وه‌ ده‌بآ پڕوپاگه‌نده‌ بۆ پێويستىيه‌که‌ى بۆ ئێمه‌‌و بۆ خه‌ڵک بکرێت. ئيده‌ى حه‌تمى بوونى [شۆڕش-و]، چ جاى ئه‌وه‌ى که‌ ئێستا له‌حاڵى رووداندايه‌، به‌بڕواى من دروست نييه‌. لانى که‌م بڕياره‌ په‌سه‌ندکراوه‌که‌ى ئێمه‌ ئه‌مه‌ نييه‌. بۆچوونێکى به‌م جۆره‌ پێويستى به‌ بڕيارنامه‌يه‌ک هه‌يه‌ له‌سه‌ر هه‌لومه‌رجى سياسى که‌ تيايدا حه‌تميه‌تى شۆڕشى نيشاندابێت.

ئه‌گه‌ر حه‌ميد له‌باسێکى جياوازدا له‌سه‌ر ره‌وتى موحته‌مه‌لى ئه‌وزاعه‌که‌ له‌ڕوانگه‌ى خۆيه‌وه‌ قسه‌بکات، ده‌کرآ هه‌موو ئه‌مانه‌ چاپ بکرێت. به‌لآم ئه‌م ته‌فسيره‌ بۆ روونکردنه‌وه‌ى بڕيارێکى گرنگى نوآ، به‌ماناى په‌سه‌ندکردنى ئه‌م ته‌فسيره‌يه‌ به‌وێنه‌ى هێڵى ره‌سمى. وه‌ ئه‌مه‌ به‌بڕواى من دروست نييه‌.

چه‌ند خاڵێكى تر:

٭ ده‌ربڕينى پرسيارى سێهه‌م به‌بڕواى من باش نييه‌. هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ ئه‌و که‌سه‌ى گفتوگۆى له‌گه‌ڵ کراوه‌ ده‌خاته‌ هه‌ڵويستێکى ديفاعىيه‌وه‌ تا به‌ هه‌زار زه‌حمه‌ت گومان له‌سه‌ر خۆيى‌و حزب لابه‌رێت. حه‌ميديش زۆر ئه‌وه‌ى هێناوه‌ته‌وه‌ که‌ سۆسياليزمى ئێمه‌ له‌گه‌ڵ جۆرى روسى‌و چينىدا جياوازه‌. که‌ زۆرتر ره‌نگدانه‌وه‌ى نيگه‌رانيه‌کى خودى ئێمه‌يه‌. ره‌نگه‌ حاڵه‌تێکى ئيسپاتى تر‌و که‌م ده‌ستوپێگيرتر له‌ پرسياره‌که‌دا، ببێته‌ مايه‌ى وه‌لآمێکى رۆشنگه‌رانه‌تر‌و مه‌حکه‌متر.

٭ وه‌لآمى پرسيارى پێنجه‌م ناته‌واوه‌. سه‌ره‌ڕاى باسى شۆڕش که‌ ئاماژه‌م پێيدا، پێم وايه‌ پرسيارکه‌ر له‌باره‌ى په‌يوه‌ندى سه‌رنگونى به‌ خه‌باتى رۆژانه‌‌و ريفۆرم خوازانه‌‌و ره‌نگه‌ ئابوورى‌و، په‌يوه‌ستيى ئه‌ڵقه‌ به‌ڵقه‌ى له‌مڕۆوه‌ تا ئه‌و رۆژه‌ پرسيارى کردووه‌. ئه‌م لايه‌نه‌ى پرسياره‌که‌ وه‌لآمى وه‌رنه‌گرتۆته‌وه‌.

ماندوو نه‌بن.

منصور حكمت وه رگيرانى سه‌عيد ئه‌حمه‌د

About hkkk

Check Also

یاداشتێک بۆ کۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ڕابه‌رایه‌تی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق …

مەنسور حیکمەت: هاوڕێیان! مه‌به‌ستی من له‌م نووسینه‌ ده‌ستبردن بۆ مه‌سه‌له‌کانی سازدانه‌وه‌ی هه‌ڵسوڕانی حزب له‌ ناوچه‌ی …