Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 سەبارەت سزای ئیعدام و ڕۆژی جیهانی دژ بە تاوانی سزای ئیعدام..

سەبارەت سزای ئیعدام و ڕۆژی جیهانی دژ بە تاوانی سزای ئیعدام..

دیمانە لەگەڵ هاوڕێ سەمیر نوری، قسەکەری کۆمیتەی هەڵوەشانەوەی سزای لە سێدارەدان لە عێراق و ئەندامی هاوپەیمانێتی جیهانی لە دژی ئیعدام، سەبارەت سزای ئیعدام و ڕۆژی جیهانی دژ بە تاوانی سزای ئیعدام..
سازدانی/ ئاراس ڕەشید
بۆپێشەوە: ١٠ی ئۆکتۆبەر، بە ڕۆژی جیهانی دژ بە ئیعدام ناسێنراوە. دەپرسین هۆکاری مانەوەی سزای ئیعدام و زیندانی هەتاهەتایی، کە کوشتنی بە ئەنقەست و سەندنەوەی ئاگاهانەی ژیانە لە ئینسان، چییە؟ کە تا ئێستا لە زۆرێک لە وڵاتانی دنیا بەرێوەدەچێت.
سمیر نوری: بزووتنەوەی دژی ئیعدام؛ بزووتنەوەیەکی نوێیە ئەگەر موقایەسەی بکەین بە بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکانیتر. ئەم بزووتنەوەیە تا ئێستا توانیویەتی هەنگاوی جدی ئەنجام بدات و ١٣٤ وڵاتی جیهان سزای لە سێدارەدانیان هەڵوەشاندوەتەوە، ئەم بزووتنەوەیە لە برەو و پێشڕەویدایە. هەزاران چالاکەوان لەسەراسەری جیهاندا دەستیان داوەتە چالاکی و تێکۆشان بۆ هەڵوەشانەوەی ئەم سزا بەربەری و دژی ئینسانییە.
سزای لە سێدارەدان سزایەکی سیاسیە، پەیوەستە بە دەوڵەت و تۆقاندن و ترساندنی دەوڵەت لە دژی هاوڵاتیان، و یەکێکە لە پێویستیەکانی ڕژێمی سەرمایەداری بۆ لەسەرپێ وەستانی دەوڵەتەکانی، و بۆ داسەپاندنی هەرچی نابەرابەری و ناعەدالەتی هەیە لەسەراسەری جیهاندا. کۆمەلگەی بەشەری دەناڵێنێ بەدەست جەنگ و بێکاری و هەژاری و دەیان کێشەی ترەوە. سەرمایەداری بۆ دەستبردن بۆ چارەسەری کێشەکان بۆئەوەی چارەسەریان کا بۆی چارەسەر ناکرێ، بۆیە دەست بۆ دەرهاوێشتەکانی دەبات. بۆیە لابردنی سزای لەسێدارەدان کارێکی ئاسان نییە.
هێزە کۆنەپەرستەکان بە تایبەت هێزە ئیسلامیەکان و دەوڵەتە ئیسلامیەکان، بەشێکی سەرەکی مانەوەی سزای لەسێدارەدانن. لەم ساڵانەی دوایدا سەرەڕای ئەوەی سزای لەسێدارەدان لە زۆر وڵات هەڵوەشاوەتەوە، بەڵام ڕێژەی ئیعدام زیادی کردوە، لەبەرئەوەی وڵاتانی بە ناو ئیسلامی وەک سعودیە و عێراق و ئێران و پاکستان ڕێژەی جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدانیان بردوەتە سەرەوە. ڕووخانی دەسەڵاتی سیاسی و دامەزراندنی دەسەڵاتێک لەم وڵاتانە کە لانی کەمی ئارەزوەکانی خەڵک بەدەست بهێن، هەنگاوی یەکەمە بۆ کەمکردنەوەی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان.
عێڕاق یەکێکە لەو وڵاتانە کە ئەم سزایەی بە ڕێژەیەکی بەرز تێدا جێ بەجێ دەکرێت. لە پلەی چوارمەدایە لەڕیزبەندی ئەو دەوڵەتانەی کە ئەم سزایە جێبەجێ دەکەن، سەرەڕای ئەو لەسێدارەدانانەی کە گروپە چەکدارە ئیسلامیەکانی وەک داعش یان حەشدی شەعبی و میلیشیاکانی تر جێبەجێی دەکەن، کە سەرژمێری ناکرێن زۆر ترسناک و خەتەرناکن. یاسای ڕووبەڕوو بوونەوەی تیرۆر یەکێکە لەو یاسایانەی کە هۆیەکە لەسەر زیاد جێبەجێکردنی سزای لەسیدارەدان و دەیان کەس لەژێر پەتی سێدارە وئەشکەنجەدان بەهۆی موخبری سڕیەوە. بەتایبەت لەدژی تایەفەی سونی جێبەجێ دەکرێت. یەکێک لەتەبریرەکانی دەوڵەتی عێراق بۆ جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان، بوونی تیرۆرە. بەڵام چەند جار ڕامان گەیاندوە هەرچەندە ئیعدام کردنە بەکۆمەڵەکان زیادی کردوە، بەهەمان وەتیرە تیرۆریش زیادی کردوە. ئێمە پێمان وایە تیرۆر و ئیعدام دووی ڕووی یەک پارەن و تەواوکەری یەکترین، دەبێ ئەم کوشتنانە بوەستینڕێن مافی ژیان سەروەر بێت.
بۆپێشەوە: دەبێ چ بکرێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسا دژە ئینسانییە؟
سمیر نوری: لەڕاستیدا سزای لەسێدارەدان و سزای زیندانی هەتاهەتایی سەرتاپای یاساکانی سزادانی عێراقی داگرتوەو ئەمە یەک یاسا نییە، ئەمە یەک سیستەمی دادوەریە و فەلسەفەکەی لەسەر هەڕەشە و تۆقاندن وتەمێکردن و پێشاندانی عبرەیە بەکۆمەڵگە. هەروەها پشتی بەستوە بە بنچینەی”دان بەرامبەر دان و چاو لەبەرامبەر چاو” و جێبەجێکردنی قەساس. ئەمەیان کردوەتە تێڕوانینی کۆمەڵگە، وای پێشان دەدەن کە گوایە؛ ئەوە سزای لەسێدارەدانە کۆمەڵگەی پاراستوە لە تاوان و تاوانکاری، و ئەوە سزای لە سێدارەدانە کە مافی غەدر لێکراوی گەڕاندوەتەوە، بەبێ ئەم سزایە کۆمەڵگە پڕ دەبێت لە تاوانباران. بەڵام راستیەیەکان پێچەوانەی ئەمە پێشان دەدەن، ئەم سزایە جێبەجێ دەکرێت و کۆمەڵگەش پڕ پڕە لە تاوانباران و پیاوکوژ و ژن کوژەکان، باشترین و تێکۆشەرترین ڕۆڵەکانی کوردستان و عێراق لە مێژووی هاوچەرخی عێراقدا لەسێدارە دراون، لە پای خەبات و تێکۆشانیان بۆ ژیانێکی باشتر. هەروەها هیچ کاتێک لە هیچ سەردەمێکدا ئەم سزایە تاوان و تاوانکاری کەم نەکردوەتەوە. هەروەها بەهیچ جورێک تیرۆری کەم نەکردوەتەوە. هەر ئێستا هەزاران کەس سزای لە سێدارە دراون، کەچی تیرۆر و تەقینەوەکان هەر ڕوو لەسەرەوەن.
دەبێ سیستەمی دادوەری لەڕەگەوە هەڵوەشێتەوە. بۆ هەڵوەشانەوەی ئەم سزایە؛ دەبێ دادوەری لەسەربنچینەی پاراستنی کۆمەڵگە لە تاوانباران و پەروەردە و بارهێنانی تاوانباران و گێڕانەوەیان وەک کەسانی ئاسایی کۆمەڵگە، دەبێ پاراستنی مافی ژیانی تیا سەروەر بێت و قودسیەتی ئینسان جێبخرێت، ئینسانیەت لە کۆمەڵگەدا برەو پێ بدرێت. دادوەری دەبێ لەسەر بنچینەی نەهێشتنی نا عەدالەتی لە کۆمەڵگەدا بنیاتبنرێت.
بۆ هەڵوەشانەوەی سزای لەسێدارەدان دەبێ بزووتەنەوەیەکی فراوانی سەراسەری بەڕێ بخرێت هاوشانی بزووتنەوە جیهانیەکە، دەبێ شیعاری هەڵوەشانەوەی ئەم سزایە ببێتە سەرلەوحەی خٶپێشاندانەکانی گۆڕەپانەکانی شارەکان، یەکێک بێت لە داواکاریەکانی خەڵکی تێکۆشەر، ئەبێ بگۆڕێت بە مەسەلەیەکی گرنگی کۆمەڵگە. هەڵوەشانەوەی ئەم سزایە یانی گێڕانەوەی کەرامەتی ئینسان و گێڕانەوەی ئینسانیەتی ئینسان بۆی.

تێبینی: ئەم دیمانەیە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٣٨ بەرواری ١٥/١٠/٢٠١٨ بڵاوبۆتەوە

About hkkk

Check Also

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ هاوڕێ کاوە کەریم، بە بۆنەی ١٩ ساڵ تێپەربوون بەسەر ڕووداوی تیرۆریستی ١١ سێبتەمبەردا…

بۆپێشەوە: هێرشی تیرۆریستی و خۆکوژی ١١سێپتەمبەر… دنیای تەکاندا و بواری کردەوە تا ئەمریکا ملهوڕی و …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *