Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 شاسوار عەبدولواحید مافی خەڵکی زەوتاکردوە چۆن دەتوانێ مافی خەڵکی تر وەربگرێتەوە؟ …

شاسوار عەبدولواحید مافی خەڵکی زەوتاکردوە چۆن دەتوانێ مافی خەڵکی تر وەربگرێتەوە؟ …

نووسینی: ڕۆژ عەزیز

 

لەهاوشێوەی بزوتنەوەی گۆران ئێستا نەوەی نوێ و شاسوار عەبدولواحید خۆی نمایش دەکات. بزوتنەوەیەک کە خۆی کردۆتە فریادرەسی خەڵک و بانگەشەی خۆپیشاندان دەکات دژی دەسەڵات، کەچی خودی سەرۆکی بزوتنەوەکەی لەسەر گیرفانی خەڵک سەرمایەکەی کەڵەکە کردوە، کە نزیکەی ١٠ هەزار بەشداربووی پشکەکانی چاڤیلاند پارەیان داوە کە گوایە شاسوار لەو پرۆژەیەدا شەریکیان دەکات خانویان بۆ دروست دەکات، بەڵام نەک پارەکەی بۆ نەگێراونەتەوە، بەڵکو تاوەکو ئێستاش ئەو کەیسە ماوەو لەدادگایەو بەشداربووانیش هیچ بڕە پارەیەکیان وەرنەگرتۆتەوە، نە خانووەکانیشیان بۆ دروست کردون. شاسوار بانگەشەی گەڕانەوەی قوتی خەڵک دەکات کەچی خۆی قوتی خەڵکی خواردوە و دەستی بەسەردا گرتووە. کەسێکی سەرمایەداری وەک شاسوار کە گیرفانی بە پارەی هەژاران پڕ بووە ناتوانێت قوتی خەڵک وەربگرێتەوە لە دەسەڵاتی تاڵانچی یەکێتی وپارتی.

شاسوار دوورو نزیک هیچ پەیوەندیەکی نییە بەخەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش و بەشمەینەتی کوردستانەوە و ناشتوانێ نوێنەرایەتی خەڵکی هەژارو ماف خوراوی خەلکی کوردستان بکات. شاسوارو بزوتنەوەکەی هەر لەسەر هەمان ڕێچکەی بزوتنەوەی گۆڕان دەڕوات و دەیەوێ هەمان سیناریۆی ئەو دووبارە بکاتەوەو سوار شەپۆلی ناڕەزایەتی خەڵک بێت، تا بە مەرامەکانی خۆی بگات. شاسوار عەبدولواحید شینی لەدەستدانی سەرمایەکەی دەکات کە ئەگەر یەکێتی وپارتی و لەسەر کورسی حوکم نەمێنن کێ سەرمایەکەی شاسوار بپارێزێ؟ ئەو خوازیاری  رووخان و لابردنی دەسەڵاتی دوو بنەماڵەی تاڵانچی نییە، بگرە خوازیاری ئاڵوگۆڕی دەموچاوەکانە لە دەسەڵات  و داوای هەلبژاردنی پێش وەخت و هەڵوەشانەوەی کۆمیسۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانە لە کوردستان، کە پێی وایە غەدریان لێکردوە یاخود ساختەکاری کراوە بۆیە دەنگی کەم هێناوە.

شاسوارو بزوتنەوەکەی باش دەزانن بەهەڵبژاردن و پەرلەمان هیچ شتێک لە ژیان و گوزەرانی خەڵک ناگۆڕێت کە ژیانیان لەم مەینەتی هەژاری و بێ ئاو بێ کارەباو بێ موچەیە ڕزگار بێت. شاسوار عەبدولواحید وەک کەسێکی سەرمایەدارو کەسێکی ناسیونالیست و بزوتنەوەیەکی دواکەوتو کۆنەپەرستی هەیە کە بەردەوام لەبەرەی کۆنەپەرستی ومەزهەبیدایە.

شاسوارو بزوتنەوەکەی خوازیاری بەدیهێنانی  ئازادی و ڕەفاهیەت نین بۆ خەڵکی کوردستان و هیچ کات لەگەڵ گۆڕینی سیستەمی پەروەردەو فێرکردن و یاساو قانونی سێکۆلار نین، بەڵکو بەردەوام باوەشێنی کۆنەپەرستی ومەزهەب دەکەن و کەناڵەکەیان زۆرتر لایەنگری کۆنەپەرستیە. هەر بۆیە خۆشخەیاڵییە بەنیازی ئەوە بین  بزوتنەوەیەکی لەم جۆرە دواکەوتو سەرمایەدارێکی چاوچنۆک بتوانێ نوێنەرایەتی خەڵکی زەحمەتکێش بکات.

لە ١٧ی شوباتی ساڵی ٢٠١١ هاواری بزوتنەوەی گۆران و ئیسلامیەکان و رۆشنبیرە ناسیونالیستەکان لەسەرای ئازادی مێشکی هەموانی کاس کردبوو، بەڵام کاتێک ئەم هێزانە چوونە دەسەڵات و شتێک زیاتریان پێ دان ئیتر بێجگە لەبێدەنگی هیچی دیکەیان نییەو بوونەتە پاشکۆی پارتی و یەکێتی و لە پەرلەمان و حکومەتی تاڵانچیدا  شەریکە بەشن. شاسوارو بزوتنەوەکەی لەمە باشتریان لێ چاوەڕوان ناکرێ.

خەڵکی هێندە لەم دوو دەسەڵاتە تاڵانچییە بێزارن لەناچاریدا پەنا بۆ سەرمایەدارێکی وەک شاسوار دەبەن تا ڕزگاریان بکات لەم دوو بنەماڵە تاڵانچی و چەتەیە. خەڵکی کوردستان هێندە ڕق و بێزاریان لەدژی دوو دەسەڵاتی بنەماڵەی تاڵەبانی بەرزانی هەیە بۆیان گرنگ نییە کێ دوای ئەوان دێتە سەر حوکم، گرنگ ئەوەیە ڕزگاریان بێت لەم دوو هێزە کە وا ٣٠ ساڵە سەروەت و سامانی ئەم کۆمەڵگەیە بەتاڵان دەبات و هیچ مەسئولیەتێک نیشان نادەن لەبەرامبەر ژیان وگوزەرانی خەڵکدا.

تاڵانی و دزی ئەم دوو دەسەڵاتە وای کردوە کەسێکی وەک شاسوار عەبدولواحید بێتە نێو ساحەکەوەو خۆی بەفریادڕەسی خەڵکی هەژار بزانێت کە خۆی مافی خەڵکی هەژاری دەست بەسەر کردوە سەرمایەکەی پێ کەڵەکە کردوە. دەپرسین لەکوێی دنیادا هەبووە سەرمایەدارێک نوێنەرایەتی خەڵکی زەحمەتکێش بکات و داوای گەرانەوەی مافی خەڵک بکات؟ کە خۆی ملیۆنان پارەی خەڵکی لایە. شاسوارو بزوتنەوەکەی تروسکایەک ئومێدیان بۆ خەڵکی تێدا نییە و خۆشخەیاڵیە چاوەڕێ بکەین نەوەی نوێ و سەرکردەکەی  ئاڵوگۆڕ دروست بکەن.

رەنگە کەسانێک بڵێن ئێ فەرمون ئێوە وەرنە مەیدان و با شاسوار نەبێتە پێشرەوی ئەم حەرەکەتە؟ من دەزانم هەندیک کەسی بەناو رۆشنبیرو بگرە تەنانەت چەپیش باوەڕیان وایە شاسوار دەتوانێ ئاڵوگۆڕ دروست بکات، هەر چۆن  رۆشنبیرو بەناو  چەپیش هەموو ئومیدیان بەستبوو بە بزوتنەوەی گۆرانەوە  کە دواتر زانیان قسەکانی ئێمە دروستن لەسەر بزوتنەوەی گۆڕان و ئێستاش بۆیان مەعلوم بوو، نەک گۆڕان ئاڵوگۆڕی پێ نەکرا، بەڵکو بووە مشەخۆرو داردەستی پارتی و یەکێتی و بەتایبەتیش… چونکە پارتی وەک هێزێکی باڵادەست و سەرکوتگەر لەمەیدانە ئەوان زیاتر لەبەرەی پارتیدا خۆیان دەبینەوە، چونکە پارەو بریارەکانیش زیاتر لای پارتین.

لێرەدا پرسیار ئەوەیە داخۆ بۆچی شاسوار دێتە نێو مەیدان و داوای خۆپیشاندان دەکات بەس داوای روخان و شیعاری روخان هەڵناگرێت؟ مەعلومە روخانی ئەمانە شاسوارو سەرمایەکەشی دەکەونە ژێر پرسیارەوە خەڵکی بەرۆکی شاسوار دەگرن بۆ گەرانەوەی مافەکانیان. وە شاسوار کەناڵی راگەیاندنی هەیەو دەتوانێ کاریگەری هەبێ کە وەک ئۆپۆزسیۆن و رابەری خۆپیشاندان دەردەکەوێ.

پرسیارێ کە زۆر بەرۆکی کۆمۆنیست وچەپەکان و خەڵکی ئازادیخواز دەگرێ داخۆ بۆ ئەوان لەمەیدان نین وەک شاسوار دەرناکەون؟ مەعلومە کۆمۆنیستەکان هیچ کەناڵێکی راگەیاندنیان نییەو تەلەفزیۆنیان نییە تا بەردەوام لە مەیدان دەرکەون، گەرچی کۆمۆنیستەکان هەمیشە لەهەر کوێیەک نارەزایەتی هەبێ ئەوان لەوێن و تەنانەت خودی دەسەڵات ترسی هەیە لە خرۆشان و رابەرایەتی خۆپیشاندانەکان کە کۆمۆنیستەکان و چەپەکان تێیدا حزوریان هەبێ، چونکە ئەوان بەجدی خوازیاری وەدەرنان و لابردنی دەسەڵاتی بۆرژوازی و دەسەڵاتی ئەحزابی ناسیونالیستی کوردین کە ٣٠ ساڵە وەک مۆتەکە بە زەبری چەک کۆمەڵگەی داگیر کردوەو سەروەت و سامانی کۆمەڵگە بەتاڵان دەبات.

خەلکی ئازادیخوازو شۆرشگێری کوردستان دەتوانن کۆتایی بە دەسەڵاتی  دوو بنەماڵەیی بهێنن کە یەک دەنگ و یەک دەست لەسەراسەری کوردستاندا بێنە مەیدان تا کۆتایی بەم تاڵانچیانە بهینن. شاسوارو بزوتنەوەکەی هەرگیز باوەڕیان بەشۆرش و ڕوخاندن نییە. بیرتانە کە وتمان بزوتنەوەی گۆران خوازیاری روخان وئاڵوگۆر نییە بەقازانجی خەڵکی زەحمەتکێش، کەچی بەدەیان سەدان بەناو رۆشنبیرو بەناو چەپ دیفاعیان لە نەوشیروان و بزوتنەوەکەی دەکرد لەکاتێکدا خۆی بەباوکی هەژاران ناسرابوو، کەچی لایەکی شارێکی بۆ خۆی داگیر کردبوو دواتر لەسەر کوڕەکانی تاپۆ کران و ئێستاش ئەو چەپ وڕۆشنبیرانەی تا دوێنێ دیفاعیان لە نەوشیروان و بزوتنەوەکەی دەکرد هەر بۆڵەیان دێت لەبەرامبەر بەڵێنەکانیان کە هەمووی درۆ دەرچوو. هەر بۆیە پێتان سەیر نەبێ شاسوار عەبدولواحیدو بزوتنەوەکەی لە نەوشیروان بزوتنەوەکەی  باشتر نابن ..

تێبینی: بابەتێکە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٨٢  وەرگیراوە

About hkkk

Check Also

گفتوگۆ لەگەڵ ڕێبوار ئەحمەد، لەبارەی بڵاوبوونەوەی کتێبی “لەبری بیرەوەری” و کاردانەوەکانی …

ئەفسانە یان فاشیزم بۆپێشەوە: کتێبە تازەکەی مەلا بەختیار (لەبری بیرەوەری) گۆشەیەکی تر لە تاوان و …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *