Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 شانازی بە کام کارو دەسکەوتانەتانەوە دەکەن…؟!
شانازی بە کام کارو دەسکەوتانەتانەوە دەکەن…؟!

شانازی بە کام کارو دەسکەوتانەتانەوە دەکەن…؟!

     لە گۆشەیەکی ترەوە…

موزەفەر عەبدوڵا

شانازی بە کام کارو دەسکەوتانەتانەوە دەکەن…؟!

لەناو هەراو هوریاو ئاژاوەگێری و هەڕەشەو گوڕەشەو سوکایەتی و تۆمەتبارکردنی یەکتر تا دەگاتە دەسبردن بۆ کوشتنی بەرپرسی یەکتر، بە ئۆپۆزیسیون و ئۆپۆزیسیونی بەشداربوی ئەم بەناو هەڵبژاردنەوە، سەرانی زۆربەی ئەم دەستەو تاقمانە  لە بانگەشەو وتارەکانیاندا هەمیشە یەک سەردێر زۆر بەکاردێنن و دەیڵێنەوە ئەوەش ئەوەیە کە دەڵێن: تەماشای کارو دەسکەوتەکانمان بکەن لە چەند ساڵی ڕابردوودا. وە زۆر شانازیش بەم قسەیەوە دەکەن.

بێگومان ئەم قسەیەش هەر لەم هەڵبژاردنە نەکراوەو ناکەن، بەڵکو لەهەمو هەڵبژاردنەکانی پێشوش ئەم قسە پوچەیان دوبارە کردۆتەوە.

بەڵام  هەموو ئەوانەی دژی ئەم گاڵتەجارییە بەناو هەڵبژاردنانەن هەقی خۆیانە بپرسن و بڵێین کام کارو دەسکەوتانەتان بۆ خەڵک تا شانازی پێوە بکەن؟!

لە ڕاستیدا کارو دەسکەوتەکانتان بۆ خەڵک ئەمانەن کەوا بۆتانی دەژمێرین:

یەکەم: شانازی بەو هەموو شەڕوکوشتارەی نێوان خۆتان دەکەن کە دەیان ساڵ پێش ئەوەی بێنە سەر دەسەڵات بەناوی مەلایی و جەلالی و ئیسلامی و قەومییەوە کردتان و پاش بەدەسەڵات گەییشتنیشتان لە ساڵی ٩١ چەندین شەڕو تاوانتان ئەنجامداوە؟!

دووەم: شانازی دەکەن بەو هەموو سەرکوت و زیندانی و تەنانەت کوشتن و تیرۆرە سیاسی و شەخسیانەی کە بەرامبەری هەر دەنگێک کە لەناو ڕیزەکانی خۆتان یاخود دەرەوەی خۆتان ئەنجامتان دا؟

سێهەم: شانازی دەکەن بە کوشتنی ئەو سەدان و هەزاران ژنەی کە بە دەستی سەران و هێزی چەکداری  پیاوسالاری کۆنەپەرستی  ئێوە چ لە شاخ و لە چ شار ئەنجامدرا؟! مەگەر دەیان کەس لە سەرانی ئێوە، بە قەومی و ئیسلامیتانەوە، خوشک و هاوسەری خۆی نە کوشتوە بەبەهانەی ناموسپەرستی و، یاخود هانی پیاوسالارانی نەداوە تا خوشک و هاوسەرو ژنانی کەسوکاریان بکوژن بەهەمان بەهانەی ناموسپەرستی یەوە.؟!

کێ هەیە نەزانیت دەیان و سەدان سەرکردەو بنکردەتان دەستی نەچوتە کوشتنی ژنان و، سەرەڕای ئاشکرابوونی تاوانەکانیان هێشتا لە ڕیزی سەرکردایەتی و تەنانەت کاندیدەکانتادایە؟!

چوارەم: شانازی دەکەن بە کوشتنی ئەو سەدان و هەزاران کەسە لە ڕۆژنامەنوس و ڕۆشنبیرو نووسەرو هەڵسوڕاوی سیاسی ئازادیخوازو چەپ و کۆمۆنسیت کە  لەم ٢٧ ساڵەی دەسەڵاتەکەتان کوشتان وەک: نەزیر عومەرو ڕەوف ئاکرەیی و رێناس و شاپورو قابیل و سۆرانی مامە حەمەو سەردەشت عوسمان و کاوە گەرمیانی  ویداد حوسین و سەدانی تر، ئاخۆ رۆژیک یەکێک لەو بکوژانە دەسگیرو دادگایی و زیندانی کران؟!

پێنجەم: شانازی دەکەن بەوەی هەمووتان بە قەومی و ئیسلامییەوە، بوونە بەکرێگیراوی ڕژێمە سەرکوتگەرو فاشییە قەومی و ئیسلامییەکانی دوژمنانی خەڵکی کوردستان، هەر لە ڕژێمی بەعس و  ڕژێمی ئیرهاب و ئیعدامی ئیسلامی ئێران و دەسەڵاتە قەومی و فاشییەکانی تورکیاو سوریاو تەنانەت سعودیەو زۆر ڕژێمی تر؟!

شەشەم: شانازی دەکەن بەوەی هەمووتان، لەسەر داوای ڕژێمە فاشییەکان ئەندامان و کەسایەتییە سیاسییەکانی موعارەزەی ئەو ڕژیمانەتان بە کوشتدا لەلایەن دەزگا جاسوسییەکانی ئەو ڕژیمانەوە؟! كێ هەیە نەزانێت ئێوە بونە هاوکاری ڕژێمەکان بۆ لێدانی پەکەکەو حزبی دیموکرات و کۆمەڵەو دەیان لایەنی موعارەزەری تری ڕژێمی ئیسلامی و تورکیاو سوریا ؟!

حەوتەم: شانازی دەکەن بەوەی  بونە خاوەنی فایلی ٦٦ و ٨٣ و ٩١ و ٩٦ و ٢٠١٦ وهەر جارەی بۆ ملشکاندنی یەکتری لایەنێکتان دەبونە بەکرێگیراوی بەعس و جەماوەریشتان دەکردە قوربانی نێوان شەرەکانتان؟!

هەشتەم: شانازی بەوەوە دەکەن  کە ئێوە یەکێک لە دەسەڵاتە  فایل ڕەشەکانن لای ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ئینساندۆستەکانی دونیا؟! وەک ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەڵەوتی وچاودێری مافی مرۆڤ و لێژنەی پاراستنی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی و دەیانی تر؟!

نۆیەم: شانازی دەکەن بەوەوە کە لە سایەی دەسەڵاتەکەی ئێوەدا هەرچی بیروباوەرو دابونەریت و کەلتوری دژە ژنی و دواکەوتویی و قەومی و عەشیرەتی و بنەماڵەیی و ئیسلامی و تایەفی  سەدەکانی ناوەراست هەیە زیندوبۆتەوە؟!

لە جیاتی پەرەدان بە بیروهەست و نەریت و کەلتوری مرۆڤدۆستی و ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی و پیشکەوتنخوازی و هاوچەرخ، کە لە کۆمەڵگەی کوردستان لە دەیان ساڵی پێش دەسەڵاتی ئێوەوە، سەرەرای بونی دەسەڵاتی فاشی و سەرکوتگەری بەعس، چەکەرەی کردبوو سەوزبووبوو، بەڵام ئێوە وشکتان کردو هەرچی دابونەریتی دواکەوتوانە هەیە  زیندوتان کردۆتەوە ؟!

دەیەم: شانازی دەکەن بەوەوە کە لەسایەی دەسەڵاتە شومەکەتان دواکەوتوترین نەریتی مەحسوبیەو مەنسوبیەو خزمخزمێنەو موچەی بندیوارو داڵدەدانی سەرانی تاوانباری ئەنفال و کیمیابارانی بەعستان کردە کاربەدەست لای خۆتان؟

یانزەهەم: شانازی دەکەن بەوەوە کە هەتا خوێندنگاو زانکۆو نەخوشخانەو بنکەیەکی تەندروستی و وەرزشی و هەر خزمەتگوزارییەکی تری گشتیتان دروست کرد دەیان و سەدانی تایبەتی لەلایەن سەرانتانەوە لە پارەی دزراوی خەڵک و سەروەت وسامانی گشتی وڵات دروست کرد؟!

دوانزەهەم: شانازی دەکەن بەوەوە کە هەتا خوێندنگاو زانکۆو شوێنێکی خزمەتگوزاری گشتیتان دروست دەکرد دەیان و سەدان مزگەوتتان دروست دەکرد و هەزاران مەلاو ئیسلامی تری سەر بەخۆتان دادەمەزراند بە موچەی باش و دەتان کردە ئەندام لە یەکیتی مەلاکاندا تا دەسەڵاتەکەتان بە پیرۆز ڕابگرن و  فەتوا دەرکەن دژی هەر لایەن و کەسێکی ئازادیخواز ڕەخنەتان لێ بگرێت؟!

سیانزەهەم: شانازی دەکەن بەوەوە کە لەم ٢٧ ساڵەی دەسەڵاتتاندا سەرەتاییترین خزمەتگوزاریتان نەڕەخساند بۆ زۆرایەتی خەڵکی ستەمدیدە، تەنها ٢-٣ ساڵێک نەبێت مانگانە چەند سەد دۆلارێکتان بۆ مەبەستی پیسی خۆتان دایە مامۆستایان و کارمەندان، بەڵام ئەوە لەم چەند ساڵەشدا هەموویانتان لە گەدەو قورگیانەوە دەرهێناو ساڵی ٢-٣ روبعە موچەو کرێیان دەدەنێ کە بەشی هەفتەیەک ژیانی کولەمەرگی خەڵک ناکات؟!

چواردەهەم: شانازی دەکەن بەوەوە کە ٢٧ ساڵە تەواوی سەرانتان ٢٧ هەزار وەعدەی دۆرتان داوە کە ئەمساڵ یان ساڵی داهاتو کێشەی نەبوونی ئاو وکارەبا چارەسەر دەکەن، بەڵام ٢٧ هەزار جار دۆرتان کرد؟! لە بەرێوەبەری دائیرەی ئاو و کارەباوە بەڵینی درۆیینەی دەدا بە خەڵک تا دەگاتە وەزیرو سەرۆکی حکومەت و پەرلەمان و یەک دانەیان ڕاستگۆ دەرنەچون؟!

پانزەهەم: شانازی دەکەن بەوەوە کە سەدان و هەزاران کوڕو کچی خەڵکی هەژار یان نەیدەتوانی خوێندن تا زانکۆ تەواو بکەن یاخود بە هەزار نەبوونی و نەداری ئەگەر تەواویشیان بکردایە کاری دەسناکەوت؟! لە کاتێکدا مناڵانی خۆتان لە باشترین زانکۆ تایبەتییەکانی وڵاتانی ئەوروپاو ئەمریکاو ئوسترالیا بە پارەی خەیاڵی وەردەگیرا، بەڵام لەبەر ڕابواردن خوێندنی سەرکەتوانە تەواو ناکرد کەچی بە شەهادەی تەزویرەوە  بە پلەی دکتۆرو پرۆفیسۆر دەبووە بەرپرسی باڵاو مامۆستای زانکۆ؟!

شانزەهەم: شانازی بەوەوە دەکەن کە سەرانتان هەموی بە پارە بونە خاوەن دکتورا، بەڵام خاوەنی کەمترین زانست و زانیاری نین جگە لە پسپۆری لە درۆ و ڕیاکاری سیاسی و ڕاوڕوت و گەندەڵی و دزیی قاچاخچێتی نەوتو گازو بازرگانی شتی خراپدا نەبێت؟!

حەڤدەهەم: شانازی بەوەوە دەکەن کە هەر بە دزی و گەندەڵی و ڕاوڕوت وقاچاخچێتی و زۆر کاری خراپی تریش  بونەتە ملیاردێرو خاوەنی گەورەترین کۆمپانیای جۆراوجۆرو کوشکو تەلارو لە کوردستان و وڵاتانی دونیا ؟!

هەژدەهەم: شانازی بەوەوە دەکەن کە لەم ٢٧ ساڵەی هەڵبژاردنەکانتان، چ لە کوردستان و چ لە عێرقدا ،هەزارو یەک ڕیگای نا یاسایی بەکار دێنن بۆ دەنگ هێنان؟!  ئیتر هەر لە  هەڕەشەو گوڕەشەی نانبرین و پارە بەخشینەوەو درۆو دەلەسە خەڵکتان خۆشخەیاڵ کردوە کەچی هەرخۆشتان شەقتان لە ئاکامی هەڵبژاردن و پەرلەمان و سەرۆکی پەرلەمانەکەتان داوەو ڕێزی دامودەزگاو ڕێساو یاسای دانراوی خۆتان نەگرتوە؟! مەگەر هەر خۆتان نەبوون  لە ساڵی ٩٤ تا ئێستا چەندین جار شەقتان لە پەرلەمانەکەتان داو، تا دوا جار شەقیکتان لە سەرۆکی پەرلەمانەکەشتاندا؟!

نۆزدەهە: شانازی بەوەوە دەکەن کە دوای ڕوخانی سەدام لەلایەن ئەمریکاوە بە دەستی خۆتان لایەنێکی سەرەکی بوون لە داڕشتن و دامەزراندنەوەی دەستورو دەوڵەتی عیراقێکی عروبی و قەومی و ئیسلامی و تایەفی تا سەر ئیسقان کۆنەپەرست و دواکەوتو دژی ئینسانییە؟!

بیستەم:…

ئەمانەو چەند خاڵی تر کە دەکرێت بیان ژمێرین لە ٢٧ ساڵ دەسەڵاتی ڕەشتان. ئێستاش لەم سەروبەندی گاڵتەجاری هەڵبژاردنەتان دێن هەموو دۆرکانتان لەدەوری سەرختی ئەوە تەوەرە دەبەستن و بە خەڵک دەڵین تەماشای کارو دەسکەوتەکانمان کەن و شانازی پێوە دەکەن. لە کاتێکدا هەمو کارو دەسکەوتە ڕاستەقینەکانتان ئەمانەن ..؟!

خۆ ئەگەر هەندێک لە سەرانی ئەم دەسەڵاتە  کە لەم چەند ساڵەی دواییدا جیابونەوە، لەسەر بەشە دزی و گەندەڵی و، خۆیان بە خاوەنی ئەم کارو دەسکەوتانە نازانن و، بەناوی لیست و قەوارەو هاوپەیمانی و جولانەوەی نویوە، دەیانەوێت بەشداری هەڵبژاردن بن، ئەوە هەموویان هەر وەک ئەم دەسەڵاتە وان. هەر کاتێک دەسەڵات بگرن لەوان باشتر نابن.

بۆیە هەموو ئەو لایەنانەی کە ئەم سیستەمەیان بەرهەمهێناوە کە ئەمە کارودەسکەوتەکانێتی بۆ خەڵک، یاخود دەیەوێت بەهەر ناوێکەوە ئەم سیستەمە بپارێزێت پێویستە دەنگیان پێنەدرێت و تەنانەت بەشداری لە هەڵبژاردنی وادا نەکرێت، چونکە دەنگدان و بەشداری کردن تەنها تەمەنی ئەم سیستەمە درێژدەکاتەوە. جا دەنگدان و هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عێراق بێت یان کوردستان.

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٢٧ بەرواری ١/٥/٢٠١٨ بڵاوبۆتەوە

About hkkk

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*