Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 شكۆی سه‌گ و بێئابڕویی سه‌رمایه‌داری له‌ كوردستان!….

شكۆی سه‌گ و بێئابڕویی سه‌رمایه‌داری له‌ كوردستان!….

جه‌مال موحسین….
١٢ ی جانیوه‌ری ٢٠١٩

له‌ ماوه‌ی ئه‌م چه‌ند ڕۆژه‌ی دواییدا ناخۆشترین شتێك كه‌ مچوڕكی به‌ گیانماندا هێنا و توڕه‌یی تێكه‌ڵ به‌ قوڕگی پڕ گریانمان كرد فڕێدانی دوو كۆرپه‌ بوو، یه‌كێكیان له‌ ناحیه‌ی زنانه‌ی سه‌ر به‌ كفری و ئه‌وی تریان له‌ هه‌ولێر. ئه‌مه‌ی دواییان له‌ كاتێكدا كه‌ له‌ شاشه‌ی ئێن ئاڕ تیه‌وه‌ نیشان ئه‌درا كه‌سانێك كه‌ له‌وێ بوون باسی ئه‌وه‌یان كرد: ”سه‌گێك له‌ شه‌وه‌وه‌ به‌ دیاریه‌وه‌ بووه‌ و پاراستوویه‌تی، كه‌ ئه‌مان گه‌یشتوون ڕۆیشتووه‌”!
ئه‌وه‌نده‌ی من بیرم بێ مه‌سه‌له‌ی فڕێدانی كۆرپه‌ چ به‌ مردوویی یان به‌ زیندوویی له‌ زبڵدان و لا كۆڵان و شوێنانێكدا كه‌ به‌ حساب تا هه‌ڵبگیرێنه‌وه‌، له‌ كوردستاندا هه‌بووه‌. مایه‌ی شه‌رمه‌ بۆ كۆمه‌ڵگایه‌ك كه‌ به‌ بیانووی ناموسی و گوایه‌ مناڵه‌كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی هاوسه‌رگیری دروست بووه‌ دایكه‌كه‌ ناچار ببێ دان به‌ جه‌رگی خۆیدا بنێ و كۆرپه‌كه‌ی فڕێبدا سه‌رباری ئه‌و هه‌موو زه‌حمه‌ته‌ی كه‌ به‌ هه‌ڵگرتنی ٧ یان ٩ مانگه‌یه‌وه‌ كێشاویه‌تی و ئه‌و ئازاره‌ی كه‌ له‌ بوونیدا چه‌شتوویه‌تی. ئه‌وپه‌ڕی پۆخڵه‌واتی و داڕزیوی كۆمه‌ڵگای كوردستانه‌ كه‌ بیانوی باری ئابوری خراپ و نه‌توانینی به‌خێوكردن كه‌سانێك ناچار بكات كۆرپه‌ یان مناڵه‌كه‌یان مه‌زاد بكه‌ن. ئه‌وه‌تا پێش ئه‌وه‌ش بگه‌نه‌ ده‌ستی كه‌سانی تر گیان له‌ ده‌ست ئه‌ده‌ن!
فڕێدانی كۆرپه‌ یان مناڵ هه‌ر هۆكارێكی هه‌بێ ناكرێ وه‌ك مه‌سه‌له‌یه‌كی ئه‌خلاقی سه‌یری بكرێ. ئه‌وه‌ خودی دایك (یان باوك) نییه‌ كه‌ له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ دڕنده‌یه‌ و ئه‌خلاقی مرۆیی له‌ ده‌ستداوه‌ بۆیه‌ وا ئه‌كات، ئه‌وه‌ دڕنده‌یی و نه‌خۆشی و بێشكۆیی خودی كۆمه‌ڵگای كوردستانه‌، كۆمه‌ڵگایه‌ك كه‌ چینی باڵاده‌ست و به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه‌ی مه‌سه‌له‌ی هه‌ر سه‌ره‌كی كه‌ پێوه‌ی مه‌شغوڵه‌ كه‌ڵه‌كه‌بوونی پاره‌یه‌ و هه‌ر مرۆڤێك و هه‌ر مناڵێك و هه‌ر كۆرپه‌یه‌كیشی له‌وێوه‌ بۆ گرنگه‌ تا چه‌ند خزمه‌ت به‌م مه‌رامه‌ی ئه‌كات. مناڵ و كۆرپه‌ی كرێكار و ده‌سته‌نگی ته‌نها وه‌ك به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌یه‌ك بۆ گرنگه‌ تا سبه‌ینێ ببنه‌وه‌ كۆیله‌ی بازاڕی كاره‌كه‌ی ئه‌و. ئه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاته‌ هه‌رچی ئه‌خلاق و به‌های مرۆڤایه‌تیه‌ تێییدا نییه‌.
سه‌گێك كه‌ هار نه‌بووه‌ به‌ چاوی به‌زه‌ییه‌وه‌ له‌م كۆرپه‌یه‌ی ڕوانیوه‌ و ڕه‌نگه‌ ئاگای له‌ دوا هه‌ناسه‌كانیشی بووبێ، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی سه‌رمایه‌داری كه‌ سه‌گێكی هاره‌ و به‌ربۆته‌ گیانی كۆمه‌ڵگا باكی نییه‌ له‌وه‌ی كه‌ڵبه‌كانی له‌ جه‌سته‌ی تازه‌ دروست بووی كۆرپه‌یه‌كیش گیر بكات و هه‌ناسه‌ی لێ ببڕێ.
له‌ هه‌ر شوێنێك تاوان زۆر بوو، له‌ هه‌ر شوێنێك هیچ ئاكارێكی مرۆیی نه‌بوو، له‌ هه‌ر شوێنێك دزی و درۆ و هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن و شكاندنی شكۆی مرۆڤ هه‌بوو له‌ سیفه‌ته‌كانی چینی ده‌سه‌ڵاتداره‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌. دۆزینه‌وه‌ی ته‌رمی كۆرپه‌یه‌كی ناسك هه‌ر ئه‌وه‌مان پێ ئه‌ڵێت كه‌ ده‌سه‌ڵات، و فه‌رهه‌نگی ده‌سه‌ڵات كه‌ زاڵیشه‌ به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگادا، له‌ بێباكیه‌وه‌ نییه‌، له‌ بێسۆزی و بێ به‌زه‌یی بوونیه‌وه‌ نییه‌ وای به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگا هێناوه‌. ئه‌وه‌ی ئه‌یبینین كرۆكی ئه‌خلاق و فه‌رهه‌نگی ده‌سه‌ڵاته‌ بێئابڕوه‌كه‌ی بۆرژوازیه‌ له‌ كوردستان كه‌ بێگومان تاكی دڕنده‌ و تاوانباریش به‌رهه‌مدێنێ!
(نه‌متوانی وێنه‌ یان لینكی ڤیدیۆیی ته‌رمی كۆرپه‌كه‌ دابنێم و تكاشم وایه‌ كه‌س ئه‌و كاره‌ نه‌كات!)

About hkkk

Check Also

دیمانە لەگەڵ بەشێک لە رابەران و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی شورایی سەبارەت بە ئەزموونی شوراکانی ساڵی ١٩٩١…

کاوە عومەر، درەو مەهد ، ئاسۆ کەمال، وەستا جەلال، جەمال کۆشش، خەسرەو سایە و ستاری …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *