Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 شه‌ڕو بانگەشەی کۆنه‌په‌رستانەو ئاکامه‌ مه‌ترسیداره‌کانی مه‌حکومه‌!
شه‌ڕو بانگەشەی کۆنه‌په‌رستانەو ئاکامه‌ مه‌ترسیداره‌کانی مه‌حکومه‌!

شه‌ڕو بانگەشەی کۆنه‌په‌رستانەو ئاکامه‌ مه‌ترسیداره‌کانی مه‌حکومه‌!

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

بەدوای شکستی حزبەکانی بزوتنه‌وه‌ی کوردایەتی لە ١٦ ئۆکتۆبەردا و خولقاندنی کارەسات و کوشتارو ئاوارەیی، رۆژ لە داوی رۆژ دۆخی سیاسی کوردستان ئاڵۆزتر و نا ئارامتر دەبێت. هێزە شکستخواردوەکان، چ ئه‌وانه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارن وچ ئه‌وانه‌شی به‌موخالیف ونارازی له‌ده‌سه‌ڵات خۆیان ده‌ناسێنن، دەوری راستەخۆیان هەیە لە تێکدانی زیاتری ئەم دۆخە، تاڕاده‌ی ئه‌وه‌ی ‌ئاماده‌ن له‌پێناو هه‌ستانه‌وه‌ی لاسه‌نگی شکست و بنبه‌سته‌ سیاسیه‌کانیاندا، ژیان و گوزەرانی خەڵکی به‌ره‌و مەترسی کێشمەکێش و شەری نیوانیان ڕاپێچ بکه‌ن. روداوەکانی شه‌وی٢٩ی ئۆکتۆبەری ناو پەرلەمان و هێرش و پەلاماری بارەگای حزبەکان لە زاخۆ و تۆمەتبار کردنی یەکترو شەری میدیایی تا بەنگەشەی تۆله‌کردنه‌وه له‌یه‌کتری‌.. سەرەتای ده‌رکه‌وتنی شێوازێکی تره‌ له‌شەری ناوخۆ، کە بێگومان له‌ئاکامی قوڵبوونه‌وه‌ی زیاتریدا، نەک هه‌ر ده‌بێته ‌مایه‌ی نائارامکردنی هه‌رچی زیاتری ژیانی خه‌ڵک، به‌ڵکو کوردستان به‌ره‌و دابه‌شبوون ولێکترازان وچه‌نده‌ستەیی‌ دەبات.

ئه‌و هێزانەی شه‌وی ڕابردوو په‌رله‌مانیان کرده‌ مه‌یدانی شه‌ڕو هه‌رای نێوان خۆیان و له‌میداکانیانه‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌یه‌ک ڕاوه‌ستان، ئه‌و هێزانه‌ن که‌به‌شێکیان شکسته‌کانی خۆیان به‌گرتنه‌به‌ری سیاسه‌تی ته‌سلیمبوون به‌هێزه‌کانی عێراق درێژه‌ پێداوه‌، به‌شه‌که‌ی تریشیان به‌چاوپۆشیکردن له‌کاره‌سات و تاوانه‌کان و ‌له‌شکرکێشی عه‌بادی و وحکومەتی فاشیست- ئیسلامی و شۆڤێنستی عێراق بۆسەر کوردستان بۆ گێڕانه‌وەی خه‌لکی کوردستان بۆ ژیرسایه‌ی  دەسەڵات وده‌ستوره‌ قه‌ومی و ئیسلامیه‌که‌ی، دەیەوێ پایەی “حکومه‌تی ڕزگاری نیشتمانی”یەکەی دابمەزرێنێ! ئیستاش هه‌ردولایان ده‌یانه‌وێت خۆیان له‌به‌رپرسیارێتی و شکسته‌کان بدزنه‌وه‌و به‌هه‌ڵخراندنی کەشوهەوای پشێوی خه‌بات وناره‌زایه‌تی رەوای جه‌ماوه‌ر بۆ نان و ئازادی بخنکێنن و کۆمه‌ڵگاش به‌ره‌و هه‌ڵدێرو لێکترازانی زیاتر به‌رن.  به‌مجۆره‌ش شه‌ڕو ململانێی ئه‌م هیزه‌ کۆنه‌په‌رستانه‌و ئاکامه‌کانی بۆسه‌ر ژیانی خه‌ڵک مه‌حکومه‌ و ده‌بێ له‌لایه‌ن جه‌ماوه‌ر وخه‌ڵکی ئازادیخوازە‌وه‌ وه‌ڵامی شایستەی پێبدرێته‌وه‌.

بێگومان له‌دۆخێکی وه‌ک ئیستادا، توڕەیی و بێزاری و ناڕەزایەتی بەرفراوانی جەماوەری کوردستان وهاتنه‌ مه‌یدانیان لەبەرامبەر ئەم پاشەكشە ریسواو رەزیلایەنەی حزبە دەسەڵاتدرەکان و ملکەچ بوونیان بۆ حکومەتی عێراق و ئێران، حاله‌ت و کرده‌یه‌کی نه‌ک هه‌ر ڕه‌واو به‌رهه‌قه، به‌ڵکو پێویسته‌ تاسه‌ر ئاستی ڕاپه‌ڕینێکی شۆڕشگێرانه‌ هه‌ڵکشێ. ده‌ستکۆتاکردنی ده‌سه‌لاتی ئه‌م حزبانه‌ و هێنانه‌کایه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارێتی جه‌ماوه‌ری له‌کوردستانێکی ئازادو سه‌ربه‌خۆدا له‌ڕێگای خه‌باتێکی سیاسی یه‌کگرتوو ڕێکخراو وئازادیخوازنه‌وه‌ به‌کرده‌وه‌ بگرێته‌به‌ر‌. له‌م پێناوه‌شدا پێویستە خه‌ڵکی ناڕازی کوردستان لە هەموکات زیاتر هوشیارانه‌ ڕاوه‌ستن وڕێگانه‌ده‌ن به‌هیچ لایەن و دەستەو تاقمێک یاری بە چارەنوسی خۆیان و نارەزیەتیه‌کانیانه‌وه‌‌ بکه‌ن‌. پێویستە ریزی سەربەخۆی خه‌باتی جه‌ماوه‌ریان بپارێزن و تێکەڵ بە نەخشەو سیاسەتی هیچ لایەنێکی دەسەڵاتدارو ئەو هەلپەرستانە نەبن کە بەرژەوەندیەکانی جەماوەری کوردستان دەکەنە قوربانی نەخشەو سیاسەتەکانی خۆیان. به‌تایبه‌تیش له‌ئێستادا که‌‌بارگرژی وکێشه‌ی نیوان‌ کۆنه‌په‌رستان هه‌ڵگیرسانی شه‌ری ناوخۆ و لێکترزانی کۆمه‌لایه‌تی کردۆته‌ ئه‌گه‌رێک، ده‌بێ به‌ره‌ی ئازادیخواز وخه‌لکی توڕه‌و نارازی به‌رووی ئه‌م هێزانه‌دا بیته‌مه‌یدانه‌وه‌ وڕیگانه‌ده‌ن کوردستان بۆلێواری دابه‌شبوون ولیکترازانی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌رن وئامانجه‌ گلاوه‌کانی ده‌وله‌تی عیراق و ئیران به‌سه‌ر خه‌ڵکی کوردستاندا بسه‌پێنن.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بانگه‌وازی هه‌موو دەستەو کەسایەتی و هەڵسوڕاوانی چەپ و ئازادیخوازوهه‌ر لایه‌نێك دەکات که‌خۆی به‌به‌رپرس دەزانێ بەرامبەر بە ژیان و مه‌ده‌نیه‌تی کۆمه‌ڵگا، بۆئەوەی له‌ بەرەیەکدا ‌دژی ئه‌م دۆخه‌ کۆبینەوە بەمەبەستی وەگەڕخستنی فشارێکی کۆمه‌ڵایه‌تی بۆسه‌ر ئه‌و هێزانه‌و ناچارکردنیان به‌ده‌ستهه‌ڵگرتن ‌له‌شه‌ڕو ململانێی کۆنه‌په‌رستانه‌و دورخستنەوەی ئه‌گه‌ری هه‌ڵایسانی شه‌ڕی ناوخۆ.

30/10/2017

About hkkk

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*