Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 شیزۆفیرنیای هەڵبژاردن پێش هەڵبژاردنەکان

شیزۆفیرنیای هەڵبژاردن پێش هەڵبژاردنەکان

ئاسۆکمال

لە وتاری “ڕاستیەکانی هەڵبژاردن” وتمان هەڵبژاردن ئەو پێشبڕكێیەی نێوحزبەکانی کوردستانە بۆ گەڕانەوە بۆ بەغداد و هەرکام لە حزبەکان دەیانەوێ کورسی لە بەغداد پەیدابکەن و دەکەونە دوای هاوپەیمانێتیە شیعەکان تاکو هاوسەنگی هێزی لە ناوخۆی کوردستاندا پێ بگۆڕن. ئەم هەڵبژاردنە بە باشترین شێوە ئەم پێشبڕکێیەی نمایشکرد، هەربۆیە سەرەڕای ساختەکاریەکان ئەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی عێراق لە کوردستاندا ئامانجی خۆی پێکا هەر بۆیە هەڵبژاردنێکی ڕاستەقینەبوو. حزبەکان کورسیان لە بەغداد پەیداکرد و ئێستا کەوتنەونەتە دوای هاوپەیمانێتیە شیعەکان تاکو هاوسەنگی هێزی لە ناوخۆی کوردستاندا پێ بگۆڕن. بەڵام ئەو حزبانەی لەم پێشبڕکییەدا شکستیان هێنا توشی شیزۆفیرنیای هەڵبژاردن بوون. ئەمانە لەکاتێکدا هەمان بەرنامە و ئامانجی یەکێتی و پارتیان هەبوو لە ڕاکردن بۆ بەغدادا بەڵام ئاگاداری یاسای جەنگەڵی ئەم جۆرەهەڵبژاردنە دیموکراسیانە نەبون کە مانەوە و سەرکەوتن بۆ بە‌هێزەکانە. هەرکەسێ ئامانجێکی تری هەبوبێت لەم هەڵبژاردنە یان پڕوپاگەندەیەکی تری کردبێ کە گوایە ئەم هەڵبژاردنە دیموکراسی بۆ کوردستان دەهێنێ یان سزای دەسەڵاتداران دەدرێ ، بێگومان یان خەڵکی هەڵخەڵەتاندوە یاخود خۆی خاوەنی پڕۆژەیەکی خۆشباوەڕانە و یۆتۆپیایانەیە. ئەمە هۆی توش بونی ئەم حزبە ناڕازیانەیە بە شیزۆفیرنیای هەڵبژاردن. ئەو حزبانەی ناڕازین بە ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە لەبەرئەوەیە نەیانتوانیوە هاوسەنگی هێز لە کوردستان بگۆڕن و یەکێتی و پارتی لەدەسەڵات بخەن. ئەمە نیشانەی خۆشباوەڕی ئەم حزبانەیە بە دەوری هەڵبژاردنی پەرلەمانی نەک ساختەکاری تەنیا هۆی شکستی ئەم خەونە دیموکراسیەی ئەم هێزانە بێت. ئەمە شکستی دیموکراسی دابەشکردنی دادپەروەرانەی کورسیەکانە. بەرنامەی ئەم هەڵبژاردنە نەخشەی سیاسی گەڕانەوە بۆ بەغداد بوو.ئەمە دوای شکستی شکستی فیدرالیەت وهەوڵی کۆنفیدرالی و سەربەخۆیی ئابوری پارتی و یەکێتی هات . یەکێتیش پاڵەوانی ئەم تەسلیم بونەوە بە حکومەتی شیعە بوە لە ١٦ ئۆکتۆبەرەوە. هەربۆیە ناکرێ هەڵبژاردنێک کە بەرنامەی پڕکردنەوەی قەواڵەیەکی تری تەسلیم بون بە مەرجەکانی ژیردەستەیی بۆ حکومەتی عێراق بێت بە بێ پێشەنگی یەکێتی بکرێ. سەرکەوتن لەم پێشبڕکێیەدا ناتوانێ نسیبی حزبی وەک گۆڕان و ئیسلامیەکان بێت کە دەیانویست بە پڕۆژەی لامەرکەزیەوە بتوانن واقعیەتی دابەشکردنی هێزەکان لە عێراق و کوردستان بگۆڕن. ئەمریکا و ئێران و هاوپەیمانی شیعەش دەزانن پڕۆژەی ئەم حزبە ناڕازیانە پڕۆژەیەکی دەستی دووی دیموکراسی دابەشکردنەوەی دەسەڵاتە ،کە دەزانن شانسی سەرکەوتنی نیە وئەوانیش لە پێناویدا ڕیسک بە بەرژەوەندی و ڕیکەوتنەکانیانەوە لەگەڵ یەکێتی و پارتی ناکەن. ئەم پەیامە نەک لەلایەن ئەمریکا و نەتەوەیەکگرتوەکان و ئێران و لیستە شیعەکانەوە بەڵکو لەلای کۆمیسیۆنەی هەڵبژاردنیشەوە بە گوێی ئەم حزبە ناڕازیانەدا دراوە کە پێش هەڵبژاردنەکان سوێند و تەڵاقی عێراقچی بونیان بۆ هەمویان خوارد. بەڵام ڕاستیەکانی دەسەڵات لە عێراقدا نیشانی دەدا کە ئەم نمایشە قێزەونە عێراقچێتیەش دادی نەدان و ئەم خەونەی گۆڕینی دەسەڵاتی لەڕێگای هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە ، وەک خەونی چەند ساڵەیان بۆ گۆڕینی دەسەڵات لە ڕێگای پەرلەمانی کوردستانەوە توشی شکست هات . ئەمە شکستی یۆتۆپیای دابەشکردنی دادپەروەرانەی داهاتی نەوت و دەسەڵاتە لە سەرەوە و لە نێو حزبەکانی چینی دەسەڵاتداردا. پارتی و یەکێتی خاوەنی دەزگایەکی سەدان هەزاری بیرۆکراتی و سەربازی و حزبین و سەرچاوەی داهات و دەسەڵاتی جێبەجێکردنیان لەدەستدایە و ئەم هێزەیان بەسە بۆ دەنگدان و شەرعیەتدانەوە بە دەسەڵاتەکەیان. ئەم دوو حزبە چارەنوسی دەسەڵات و هەڵبژاردن دیاری دەکەن نەک هەڵبژاردن و پەرلەمان چارەنوسی دەسەڵاتی ئەوان و حکومەتکردن و یاساکان لە کوردستان دیاری بکا. سەرەڕای قەیرانی ئابوری و شکستی ئایدیۆلۆژی ناسیونالستی و هەژمونی سیاسی بەڵام وەک دوو هێز کە شەرعیەت لە هێزی چەکداری و کۆنترۆڵی نەوت و پەیوەندی سیاسی و سەربازیان لەگەڵ ئەمریکا و ئێران و تورکیا وەردەگرن دەتوانن چارەنوسی هەڵبژاردن و دەنگدانیش دیاری بکەن. ئەم دەسەڵاتە میلیشیایە کاتێک دەتوانرێ بگۆڕدرێ کە بزوتنەوەیەکی جەماوەری و سیاسی ئامادەبێ کە ئەو دەزگا سیاسی و بیرۆکراتیە توشی شەلەل بکا و هەژمونی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە کاربخات. هەروەک ئاڵوگۆڕەکانی بەهاری عەرەبی و تەجروبەی گۆڕینی دەسەڵاتە عەسکەری و میلیشیاییەکانی ئەمریکای لاتین نیشانمان دەدا کە ڕێگای گۆڕینی ئەم دەسەڵاتانە و ڕیفۆرمی سیاسی و تەنانەت بونی هەڵبژاردن و پەرلەمانیش کە لایەنی کەمی دەسەڵاتی هەبێ پیویستی بە بونی بزوتنەوەی سیاسی و جەماوەری ڕادیکال و کرێکاریە تابتوانێ سەربکەوێ. حزبەکانی گۆڕان و ئیسلامیەکان شکستیان لە دروستکردنی بزوتنەوەیەکی جەماوەری بۆ گۆڕینی دەسەڵات لەڕێگەی خۆپیشاندان و خەباتی مەدەنیەوە هێنا و بەرهەمی خەبات و ناڕەزایەتیەکان و خۆپیشاندانەکانی ١٧ شوباتیان گۆڕیەوە بە چەند پۆستێکی وەزاری و شەریک بون لەدەسەڵاتدا و شەرعیەتدانەوە بە هەمان سیستەمی سیاسی میلیشیایی. شکست و شین و شەپۆڕی “بلۆکە مێژوویەکەی گۆڕان و ئیسلامیەکان و هاوپەیمانی” نیشانەی شکستی پڕۆژەی ئەو ڕۆشبیرانەی ئەم هیزە بورژوازیە ناڕازیانەیە لە دروستکردنی گۆڕانکاری سیستەمی دەسەڵاتدارێتی لەڕێگای ئەم حزبانە کە هەمان بەرنامەی ئابوری و سیاسیان هەیە. ئەمانە بەشداربون لە کابینەی بنکە فراوان کە پاشەکەوتی موچە و بێکاری و ئامۆژگاریەکانی بانکی جیهانی و سیاسەتی نیولیبرالی پەیڕەوکرد و بەشدارە لەهەمان سیستەمی موچەی بندیوار و گەندەڵی. دیموکراسیەک کە ئەم حزبانە دەیانەوێ دیموکراسی دابەشکردنی کورسیەکانی دەسەڵات و داهاتی نەوت و بازاڕە نەک دیموکراسی دابەشکردنی دادپەروەرانەی دەسەڵات و داهاتی کوردستان لە ناو خەڵکدا. ئەمە دیموکراسیە بۆ ریفۆرمی چینەکانی سەرەوە و دادپەروەری ناوخۆی حزبەکانیانە نەک دیموکراسی لە پێناو چینەکانی خوارەوەدا. ئەمە شەڕی دیموکراسی و داوای دادپەروەری شەریکە دزەکانە لەگەڵ دزە گەورەکاندا. لەم هەڵبژاردنانەدا ئەم ڕاستیانە بۆ خەڵک تاڕادەیەک دەرکەوتوە.هەربۆیە دەبینین ڕێژەی دەنگە ناڕازیەکانی جەماوەر ئەمجارە لە ڕێگەی بایکۆت و بەشدارینەکردنەوە خۆی نمایش دەکا نەک لە ڕێگای دەنگدان بەم حزبە نیوە ئۆپۆزسیۆن و نیوە دەسەڵاتدار و شەریکە دزانەدا. بەڵام بایکۆت هێزێکی سیاسی نیە کە کاریگەری لەسەر شەرعیەت لێسەندنەوە لە یەکێتی و پارتی هەبێ، چونکە ئەم بایکۆتە بەدیلی هەڵبژاردن و پەرلەمان و دەسەڵات نیە. ئەم جەماوەرە پەرژو بڵاوە و خاوەنی ڕێکخراوی سیاسی و جەماوەری نیە تاکو هێزی بایکۆت بکاتە بزوتنەوەیەکی سیاسی دژ بەو دەسەڵاتە هەلبژێردراوە. هێزی دەسەڵات لە ژمارەی دەنگدەرانەوە شەرعیەت وەرناگرێ و ئەو ڕێژەیە ببێتە لە ٪٣٠ یش یەکێتی و پارتی شەرعیەتی خۆیان پێشتر سەپاندوە و دیسانەوە تازەی دەکەنەوە بەهەر ڕێژەیەکی دەنگدان بێت و ڕیژەی بایکۆت شەرعیەت لەم دەسەڵاتە وەرناگرێتەوە. هەرچۆن هەرکات پەرلەمان دژی دەسەڵاتیان بێت دەرگاکەی دادەخەن و هەموو پەرلەمانتارەکان بێکاردەکەن و هیچ لە شەرعیەتی ئەم دەسەڵاتە میلیشیایە کەم ناکاتەوە. خەڵکی کوردستان باجی ساختەکاری دەسەڵات نادات چونکە ناوەرۆکی ئەم دەسەڵاتە لەسەر سەپاندنی سیستەمێک دامەزراوە کە هەڵبژاردن و دەنگدان هەمیشە لە ژێر ڕەحمەتی ئەم دەسەڵاتە ساختەکارەدایە. هەربۆیە خەڵک باجی مانەوەی ئەم دەسەڵاتە دەداتەوە جا چ لە هەڵبژاردندا سەرکەوتوبوبێت یان پاشەکشەیەکی کاتی کردبێت. زیانی سەرکەوتنی پارتی و یەکێتی بۆ خەڵکی کرێکار و فەرمانبەر و هەژاری کوردستانە لە کەمکردنی دەنگەکانی گۆڕان و ئیسلامیەکاندا نیە، بەڵکو لە مانەوەی دەسەڵاتی سەرکوت و گەندەڵی یەکێتی و پارتی خۆیاندایە. زیادبونی دەنگی گۆڕان و ئیسلامیەکان زیادبونی بەشە دەسەڵاتەکەیانە لەلای یەکێتی و پارتی و شەریک بونیانە نەک زیادبونی دەنگی ناڕەزایەتی خەڵک و گەڕانەوەی موچە و خۆشگوزەرانی. هەربۆیە شەڕی دەنگە دزراوەکانی ئەم حزبانە شەڕ و داوای خەڵکی کرێکار و فەرمانبەر و کەم دەرامەتی کوردستان نیە. شەڕی ئازادی و دیموکراسی لە پێناو ئەم خەڵکەدا نیە. بەڵکو تەنیا شەڕی دابەشکردنەوەی بەش و ڕێژەی کورسیەکانی ئەم حزبانەیە کە پێشتر شەریکە دەسەڵات و هاوپەیمانی دەسەڵات بون و شتێکی لە ئازادی و دیموکراسی نەک زیاد نەکرد بەڵکو بوە ڕێگری خەباتی سەربەخۆی جەماوەری ناڕازی بەرامبەر بە دەسەڵات. هێزی سیاسی جەماوەری کرێکار و فەرمانبەر و زەحمەتکێش لە هەڵبژاردنەکانی عێراق و کوردستاندا نابێ وەک حزبە بورژوازیەکانی گۆڕان و ئیسلامیەکان نابێ هەمان خۆشباوەڕی ئەوانی هەبێ بەوەی کە ڕێگای گۆڕینی ئەم دەسەڵاتە هەڵبژاردن و پەرلەمانە ، بەڵکو دەبێ هەلبژاردن و پەرلەمان، کە بونەتە ناچاری و کڵێشەیەکی بەردەوامیدان بە دەسەڵاتی ئەم حزبانە ،وەک فرسەت و مەیدانێکی ڕاهێنان و بردنە سەری وشیاری و توانایی ڕێکخراوبونی ئەم بزوتنەوە کرێکاری و ڕادیکاڵە بزانێ لە کێشمەکێشی سیاسیدا. پێویستە سود لە هەموو دامودەزگا و ئامڕازێکی سیاسی وەک هەڵبژاردن و پەرلەمان وەربگرێ تاکاتێک دەتوانێ ئەم دەسەڵاتە لە ڕێگەی هێزی شەقام و سەنگەرەکانەوە بگۆڕێ. دەنگدان بە نوێنەرانی خەڵکی کرێکار و ئازادیخواز لە هەڵبژاردنەکاندا تەنیا نیشانەیەک و پێوەرێکی ئەم هاتنە مەیدانە دەبێ نەک هەموو توانایی و ئیرادەی ئەو هێزە چینایەتی و جەماوەریە. ئەم بزوتنەوە جەماوەری و سیاسیە پێویستە دروست ببێ تا جێگای ئەو “بلۆکە مێژووییە” بورژوازیە بگرێتەوە کە دەیەیەکە بە ناوی ناڕەزایەتی خەڵکەوە شەڕی بەشە پۆست و داهات لەم دەسەڵاتە میلیشیایە دەکەن و بەرهەمی خەبات و ناڕەزایەتی خەڵکی کرێکار و هەژاری کوردستان دەخەنە خزمەت هەوڵە شکست خواردوەکانیان بۆ گەیشتن بە کورسیە پەرلەمانی و وەزاریەکانیان. ئەمە ئاسۆ و ڕێگایەکە کە دەبێ بزوتنەوە جەماوەریە ناڕازیەکان دژی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی بیگرنەبەر تاکو ببنە بەدیلی شۆڕشگێڕانە لەم دۆخە ئەزمەگرتوەی باڵەجۆراوجۆرەکانی بورژوازی لە کوردستاندا. ئومێد و هیوا لە دروستکردنی ئەم بەرە نوێیە ڕادیکال و شۆڕشگێڕەدایە نەک کەوتنەوە دوای پڕۆژەی شکستخواردوی “بلۆکە مێژووییەکەی هاوپەیمانی گۆڕان و یەکێتیە ڕاستەقینەکان و یەکێتیە دیموکراسیەکان و ئیسلامیەکان” یاخود مانەوە لەسایەی دەسەڵاتی میلیشیایی و گەندەڵی یەکێتی و پارتی و وپێشبڕکێیان بۆ لای هاوپەیمانە شیعە و سونیەکانی عێراق. ئەم ئەلتەرناتیڤە دەبێ خاوەنی ڤیژن و مۆدێل و ستراتیژێک بێ بۆ گۆڕینی سیستەمی سیاسی و ئابوری سەرمایەدارانی کوردستان و بەدیهێنانی دنیا و ژیانێکی باشتر.

١٨ئایاری ٢٠١٨

About hkkk

Check Also

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ هاوڕێ کاوە کەریم، بە بۆنەی ١٩ ساڵ تێپەربوون بەسەر ڕووداوی تیرۆریستی ١١ سێبتەمبەردا…

بۆپێشەوە: هێرشی تیرۆریستی و خۆکوژی ١١سێپتەمبەر… دنیای تەکاندا و بواری کردەوە تا ئەمریکا ملهوڕی و …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *