Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 شەنگال، بەڵگەنامەی یەکێک لە گەورەترین تاوانی بزوتنەوەی کوردایەتی و پارتییە…
شەنگال، بەڵگەنامەی یەکێک لە گەورەترین تاوانی بزوتنەوەی کوردایەتی و پارتییە…

شەنگال، بەڵگەنامەی یەکێک لە گەورەترین تاوانی بزوتنەوەی کوردایەتی و پارتییە…

نووسینی: عەبدوڵا مەحمود

٣/٨/٢٠١٨ چوارساڵ بەسەر کارەساتی داگیرکردنی شەنگالدا، یان دروستر بڵێێن چوار ساڵ بەسەر رادەستکردنی شەنگال لەلایەن دەسەڵات و بەرپرسانی پارتییدا بە دەستی داعش تێپەردەبێت. چوار ساڵ لەمەوبەر لەکاتێکدا خەڵکی شەنگال و دەوروبەری خەریکی ژیانی ئاسایی خۆیان بوون، لە پلانێکی غافڵگیرانەدا، جینوسایدێکی ئاشکرای ئیسلامی کران و شارێکی گەورەی پر دانیشتوان و دەوروبەری بوونە نێچیری درندەیی هێزێکی وەکو داعش، کەتیایدا بەهەزاران ئینسان کوشتارکران و بەهەزارانیان دیلکران و ژنان و کچانیان کران بە کەنیزەک  و لە بازاری کرێن و فرۆشتنی ئیسلامیدا، خرانە مامەڵەی بازاری سونەتی ئیسلامی محەمەدییەوە. لەو کارەساتەدا 430 هەزار كەس ئاوارەبوون
140 هەزاریان روویانکردە چیای شنگال،  290 هەزاریان چوونە شار و شوێنانی دیکەی باشووری كوردستان و زیاتر لە 6  هەزار كەس بێسەروشوێن بوون، کە ٣٤٥٥ ژن و ٢٨٠٠ پیاو بوون. هەروەها ٦٥ هەزار کەس بوونە پەنابەر و زیاتر لە هەزار و ٨٠٠ کەس کۆمەڵکوژکران ٢٧٤٥ منداڵ بۆ هەمیشە لە نازی دایک و باوکیان بێبەش کران. بەدەیان و سەدان ئینسانی بێتاوان لە دەیان گۆڕدا شوێن بزرکران و کۆمەڵکوژی لە دەیان ناوچەدا بەرێوەبرا. تەنها لەڕێگای چیای شەنگالدا زیاتر لە ٦٠٠ مناڵ و پیرو پەککەوتە گیانیان لەدەستدا. هەروەها ٨٠% شەنگال خاپورکرا، هەزاران دۆنم زەوی کشتوکاڵی و سەرچاوەی بژێوی هەزاران خێزان، شێوێندرا. ئەم روداوە لە کاتێکدا روویدا کە سەرانی بزوتنەوەی کوردایەتی و خێڵێکی بەرین لە نووسەری کڕدراو ویژدان مەیوو لەسەرەتادا هاتنی داعشیان بەخێرو بەرەکەت لەقەڵەمدا، هەموو وتیان فرسەتە… داگیرکردنی موسڵ و ئەو تاوانکارییەی لەو شارەدا لەسەر دەستی داعش رویدا، ویژدانی سەرانی بزوتنەوەی کوردایەتی و نۆکەرە قەڵەم بەدەستەکان و نووسەرە توشبووەکان بە فایرۆسی نەتەوەپەرستی، نەک نەجوڵا، بەڵکو کردیانە شایی و لۆغان و وەکو فرسەتێک بۆ کورد!! کوردستانی باشور!! لێیان روانی و رایانگەیاند شانسی کورد کراوەتەوە، مادەی ١٤٠ کۆتایی هاتووە، دەورەیەکی نوی هاتۆتە ئاراوە و هاوسەنگی هێز لەبەرامبەر بە بەغدادا، بەقازانجی کوردایەتی شکاوەتەوە.

سەرانی بزوتنەوەی کوردایەتی و بەتایبەتیش پارتی، کە هەمیشە بە هێزی پێشمەرگە و زێرەفانیەوە دەفشین، کاتێک هێزەکانی داعش پەلاماری شەنگال و دەوروبەریاندا، بێ هیچ بەرگرییەک رایانکردو بەسەدان هەزار ئینسانیان، بەدەستی بەستراوەوە بۆ جانەوەرانی ئیسلام جێ هێشت. هێندە بێ شەرمانە رایانکرد، تەنانەت ئامادەنەبوون بەر لە ڕاکردنیان دانیشتوانی شارەکەو دەوروبەری ئاگادار بکەن، کە نایانەوێ یان ناتوانن بەرگری بکەن، تا لانی کەم خەڵک بیرێك لە خۆیان بکەنەوە یان بتوانن شار و شوێنی ژیانیان چۆڵ بکەن و کاریگەری ئەم کارەساتەو قوربانیەکانی کەم بکاتەوە. هەر ئەوەشە وادەکات گومانەکان بۆ رادەستکردنی شەنگال بە پیلانی پێش وەختە بکاتە یەقین.

ئەو کارەساتە گەورەیە کە دەکرێ بڵێن یەکێک لە گەورەترین مەرگەسات و جینۆسایدی سەرەتای هەزارەی سێهەمی دنیایە، تا ئێستاشی لەگەڵ بێت، جگە لە ئاڵوگۆرێکی زۆر لاوەکی لە چەند پۆستێکی ئیداری کە پەنجەکانی دەستێک تەواو ناکەن، هیچ لێپرسینەوەو سزایەک، نەگەیشتە دەستی تۆمەتبارانی ئەم کۆمەڵکوژییە دڕندانەیە، بەتایبەتیش لە سلکی سەربازی و بەرگرییدا!! ئەوەش هێندەی تر ئەو راستیە دووپات دەکاتەوە، کە بریاری پشتی ئەو کارەساتە، بریاری سەرانی بزوتنەوەی کوردایەتی و پارتییە و سات و سەودایەکی پشت پەردەی پارتی لەگەڵ داعش بەئاشکرا بەیان دەکات. سات و سەودایەک کە ئەوکاتە بۆسەرانیان بۆتە نیعمەت، لەسەر لاشەی جینۆسایدی بەکۆمەڵ و ئیغتیسابی ژنان و کچان و بازارکردنەوەو مامەڵە پیکردنیان و ئاوارەیی بە کۆمەڵ و ئەو مەرگەساتەی هەرگیز ناتوانرێت لە بیربچێتەوە. نابێ ئەو راستیەش فەرامۆش بکرێت، کە تەواوی حزب و هێزەکانی تری بزوتنەوەی کوردایەتی و ئیسلامی، لە یەکێتییەوە، بۆ حزبی گۆڕان و سۆشیالیست و کۆمەڵ و یەکگگرتوو، ئامادەییان تیا نەبوو ئەو کاتە ئەو رووداوە ئیدانە بکەن، بەمەش نیشانیاندا، باکیان بە کوشتار و مەرگی بەکۆمەڵی خەڵکی نییە، پارتی هاوپەیمان و هاو خانەوادەیان و پەیوەنییەک کە ئەوان بە پارتی دەبەستێتەوە بە گەورەتر و گرنگتر لە گیانی قەسابی کراو گۆری بەکۆمەڵ و کرین و فرۆشتن بەژنانەوە، بزانن… بەمەش بوونە هاوکار یان لایەنگر لەو پیلانە چەپەڵەی مەرگی هەزاران ئینسانی بەدوای خۆیدا هێناو برنێکی قوڵ و گەورەی ساڕێژ هەڵنەگری، لەدوای خۆی بەجێهێشت…

ئێستا کە ٤ هەمین ساڵیادی ئەو کارەساتەیە، هیشتا بەسەدان و هەزار کەس چارەنووسیان لەدەستی داعشدایە و بەسەدان ژن و کچ لای خەلیفەکانی داعشن، یان مامەڵەیان پێوەدەکرێت. هێشتا بەهەزاران کەسیان ئاوارەن و لەهەموو ئەوانەش واوتر برینی ئەم روداوە، لە قوڵایی روح و جەستەی هەموو ئینسانێکی بەئەمەک و ویژدان زیندوودا بۆ ئەبەد دەمێنێتەوە… سارێژکردنی ئەم زامە کەم دنیا دیووە، لە سەختی سەختر و لە ئەستەم ئەستەم ترە… کەچی جگە لەچەند رۆژ پێش و چەند رۆژ دوای ئەم بەروارە رەشە، ئەم مەرگەساتە لەبیرنەچووەوە، ئەحزابی دەسەڵات بەدەستی کوردستان و بەتایبەتیش پارتی، جگە لەهەندێک چالاکی فریودەرانەو بەرنامەی میدیایی، کارێکی تریان لە دەستوردانییە، بۆ قوربانیانی ئەم رووداوە و قەرەبووکردنەوەیان… زۆرتر لەوەش ئەم کارەساتەش وەکو هەموو کارەسات و مەرگەساتەکانی تری وەکو کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و ئەنفال و… لەلایەن ئەحزبی سیاسی بزوتنەوەی کوردایەتیەوە وەکو سەرمایەی سیاسی بەدەستەوە دەگیرێت بۆ سات و سەوداو مامەڵە لەسەر کردن…

کارکردن و تیکۆشان بۆ رزگارکردنی ئەو هەزاران ئینسانەی لەدەستی داعشدا ماون، بۆ رزگارکردنی ئاوارەکان و گێرانەوەیان، وە قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی ئەو کارەساتە و ئاوەدانکردنەوەی شەنگال و دەوربەری، کارێکی دەستبەجێیەو بەبێ کاری چروپڕ لەو زەمینانەدا، باسی بە جینۆساید ناساندنی ئەم مەرگەسات و کوشتارە بە کۆمەڵە، فریوکارییەکی ئاشکرایە…

دانیشتوانی شەنگال، لەلایەکەوە بەهۆی بوونی دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی و حزبەکانی، لەلایەن دەسەڵاتی ناوەندییەوە فەرامۆش کراون و بەو هۆیەشەوە شەنگال بە فەرمی سەر بە هەریمی کوردستان نییە، لەلایەن دەسەڵاتی سیاسی هەریمەوە، ئاوڕێکی جدی لێ نادرێتەوە… بەم شیوەیە دانیشتوانی شەنگال و دەوروبەری بەو زامە قوڵە کەم وێنەیەوە بوونەتە قوربانی ململانێی نیوان هەرێم و ناوەند، نێوان داعش و بزوتنەوەی کوردایەتی و هەرەشەی بەردەوامی دەوڵەتی تورکیا… بەم جۆرە ئاشی وردکردن و هارینی خەڵکی شەنگال و دەوروبەری بێ وەستان لەلایەن کۆمەڵێک هێزی دژە ئینسانیەوە، دەگەرێت… هەوڵدان بۆ رزگارکردنی شەنگال لەدەستی ئەو هەموو گورگە کەڵبە خوێناویانە، کاری تیکۆشەران و ئینسان گەلێکە کە ئینسان لایان بەنرخترین سەرمایەیەو، ماندونەناسی رزگاری ئینسانن بی لەبەرچاوگرتنی دین و مەزهەب و نەتەوە و ئینتیمای حزبی… خەڵکی شەنگال و دەوروبەری نابێ هیچ خۆشباوەرییەکتان بە فریوکاری دەسەڵاتی ناوەند و هەرێم هەبێت… پێویستە قوڵی خەباتکارانەی لێ هەڵبماڵن و ئاسۆی رزگاری خۆیان و قەربووکردنەوەو ئایندەیەکی باشتر بەدەستی خۆیان، بە پشتیوانی هێزو لایەنی پیشکەوتنخوازو ئینسانی و دنیای بێدار بەپشت بەستن بەخۆیان بگرنە بەر…  شەنگال، بەڵگەنامەی یەکێک لە گەورەترین تاوانی بزوتنەوەی کوردایەتی و پارتییە و لێخۆش بوون هەڵناگرێت و دەبێت، هەموو تۆمەتبارانی ئەم کارەساتە دوور یان نزیک لە دادگای نێودەوڵەتیدا، دادگایی بکرێن…

About hkkk

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*