Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 شەڕی دەستورو مافە دەستوریەکان قسەیەکی فریوکارانەیە

شەڕی دەستورو مافە دەستوریەکان قسەیەکی فریوکارانەیە

ڕۆژ عەزیز

لەپڕوپاگەندەی ئەم جارەی حیزب و بزوتنەوەو قەوارە سیاسییەکان بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەم جارە لەکوردستان  زۆرترین ریاکاری تێدایە بۆ فریودانی خەڵک، ئەمەش تەنها بۆ ئەوەیە ئەمانە لە حکومەتی مەرکەزیدا شتێک لە بەشە دەسەڵات پارە بەدەست بهێنن و زۆربەشیان دەڵێن با یەکگرتوویی هێزە سیاسیەکانی کورد لە بەغداد بپارێزین بۆ ئەوەی مافەکانی کورد بەدەست بهێنین لە دەستوردا. سەیر بکەن بەچ جۆرێک حیزبە ناسیونالیست وئیسلامیەکانی کورد ئیحساساتی قەومی خەڵک دەجوڵێنن بۆ پەلکێشکردنی خەڵکی کوردستان بۆ هەڵبژاردنێکی دیکەی گاڵتەجاڕانە. بۆ مەگەر ٢٧ساڵ نییە لەکوردستانی عێراقدا دەسەڵاتی خۆماڵی بوونی هەیەو بێجگە لە تاڵانکاری بردنی قوتی خەڵکی هیچی دیکەی بۆ خەڵک بەدیاری هێناوە؟ .

دەڵێن دەچین لەبەغداد شەڕی دەستوری و شەڕی مافە دەستوریەکانی خەڵکی کوردستان دەکەین، ئەمە قسەیەکی پوچ نییە؟ بۆ قوتی خەڵکی کوردستان ٢٧ساڵە دەسەڵاتی کوردی نەبردوە؟ بۆ لەکوردستان عەبادی حوکمی کردوە یان دەسەڵاتی کوردی؟ ئاخر مەهزەلەیە شەڕی دەستوری ومافە دەستوریەکان، جارێ با ئەمانە داهاتی خەڵکی کوردستان بدەنەوە ئەوسا ڕیاکارانە باسی مافی  دەستوری خەڵکی کوردستان بکەن لە بەغداد. باسی مافی دەستوری دەکەن گوایە لە بەغداد بۆ خەڵکی کوردستانی دەگێرنەوە، بۆ لەکوردستان دەسەڵاتی خۆتان وحیزب و بزوتنەوە گوێ لەمشتەکانی ئێوە مافی خەڵکتان داوەتە  دانیشتوانەکەی؟ دەسەڵاتی ئەحزابی ناسیونالیستی کوردی لە کوردستانی عێراقدا مافە دەستوریەکانی خۆشیان پێشێل کردوە کە دەستکردی خۆیان بووە بۆ خەڵک وجێبەجێی ناکەن، کەچی بەم قسە پوچانە خەریکن خەڵک فریو دەدەن کە بچنەوە بەغدادو لەوێ شەڕی مافە دەستوریەکان دەکەن پەرلەمانێک کە هیچ  حساب بۆ کەمینە ناکات و گوێی لێ ناگرێت.

لەکاتێکدا کاندیدەکان و حیزبەکانی کوردستان بزوتنەوە سیاسیەکان باس لەوە دەکەن شەڕی دەستورو قوتی خەڵک دەکەن و دەڵێن تا دوا دڵۆپی خوێنمان شەڕی ئێوە دەکەین. دەکرێت بڵێین شەڕی ئێوە چیە لە پەرلەمان بۆ مافە دەستورییەکانی خەڵکی کوردستان؟ بەس ئەوەیە هەڵدەستنە سەرپێ و دوو قسە دەکەن و دادەنیشنەوە پرتە و بۆڵەتان دێت لەبەرامبەر بریارەکانی پەرلەمانی عێراق، ئیشی ئێوەو شەڕی ئێوە ئەوەیە تا ٤ساڵ درێژە بەم قسانە دەدەن وخۆتان و حیزبەکانتان گیرفان پڕدەکەن و کە خولی ٤ساڵیش تەواو بوو ئیتر دەیکەنە منەت بەسەر خەڵکەوە دەڵێن چوار ساڵ شەڕی دەستورو مافە دەستورییەکانی خەڵکی کوردستانمان کرد ئیتر بەداخەوە حکومەتی عێراق جێبەجێی نەکرد.

حکومەتێکی تائیفی قەومی مەزهەبی هیچ کات ناتوانێت مافی یەکسانی هاوڵاتییان لەبەرامبەر بەیاسادا بە فەرمی بناسێت و  هاوڵاتیان لە دادپەرەوری بەهرەمەند بن. چونکە خودی حکومەت و پەرلەمانەکە قەومی و مەزهەبی تائیفیە بۆیە هیچ شتێکی باشی لێ چاوەڕێ ناکرێت، بێجگە لە بەڵاو موسیبەتی زیاتر بۆ خەڵکەکەی. حکومەتی عەبادی بەزەبری چەک وسوپاکەی خەڵکی کوردستانی بێدەنگ کرد تەنها لەسەر ئەوەی لەسەر کاغەز دەنگیانداو نەیانویست بچنە نێو حکومەتێکی قەومی مەزهەبی و تائیفیەوە، ویستیان بەئازادانە بژین، کەچی ئەو حکومەتەی ئەمرۆ ناسیونالیستەکانی کورد دەچنەوە باوەشی هەر دوێنێ لەسەر ریفراندۆم پەلاماری خەڵکی کەرکوک و دوزخورماتووی داو خەڵکەکەیان  بێدەنگ کرد.

کەچی ناسیونالیستەکانی کورد ئەمەیان بیرچوو ئەمرۆ بەنیازن بچن لەگەڵ ئەو حکومەتە درێژە بە بەهێز کردنەوەی ئەو حکومەتە بدەن تا سبەینێ جارێکی دیکە بەبیانوی دیکەوە سەرکوتی خەڵکی کوردستان بکات کە دەسەڵاتی خۆشیانی خستۆتە مەترسیەوە، حکومەتێک ئەمە کارو کردەوەی بێت داخۆ لە پەرلەمانی حکومەتی تائیفی قەومی مەزهەبیدا دەتوانێت مافە دەستورییەکان وەربگرێتەوە لەرێگەی پەرلەمان و دەستورە تایفی و قەومییە کۆنەپەرستانەکەیان؟ دەکرێت بپرسین داخۆ لە پەرلەمان بڕیارەکان بە پێوەری زۆرینەو کەمینە نییە؟ ئەی حکومەتێکی قەومی و مەزهەبی تائیفی هیچ کات پشتیوانی لە داواکاری پەرلەمانتارانی!! کورد دەکات؟ بەبروای من نەخێر، چونکە عەقڵیەتی حکومەتی قەومی و مەزهەبی تائیفی هەرگیز لەگەڵ خەڵکی کوردستان مافەکانی نین بۆیە شەڕی دەستوری تەنها قسەیەکی پوچ وبێ بنەمای ئەمانەیە بۆ گەیشتن بەدەسەڵاتی زیاتر وشەریک بوون لەو حکومەتەدا، لکاندنەوەی کوردستان و بەستنەوەی ماف وخواستەکانی خەڵکی کوردستان بەغدادەوە شان خاڵی کردنەوەی سەرانی کوردە لە حوکمرانی خۆماڵی خۆیاندا کە بەهۆی تاڵانکاریانەوە شکستیان خواردوە و هەموو رۆژە خەڵک لێیان ناڕازیە بۆیە بەم جۆرە دەیانەوێت ناڕەزایەتیەکان لەکۆڵ خۆیان بکەنەوە، و هەمووی بخەنە ئەستۆی حکومەتی مەرکەزیەوە. دەسەڵاتی کوردی ٢٧ساڵە سەروەت وسامانی کۆمەڵگە بۆ خۆیان بەتاڵان دەبەن بەڵام بۆ شاردنەوەی تالانکاریەکەیان ئەمرۆ دەچنەوە بەغدادو دەڵێن شەڕی مافە دەستوری بودجە دەکەین، لەکاتێکدا خۆیان ٢٧ساڵە داهاتی باشیان لەژێر دەستەو بۆخۆیانی دەبەن نایدەنە خەڵکی کوردستان کەچی دەڵێن شەڕی بودجە دەکەین.

ئەی دەپرسین لەکوردستان کێ شەڕی بودجەو داهاتان لەگەڵ دەکات، مەگەر خەڵکی کوردستان نییە؟ کە ئێوە قوتی ئەوانتان بۆ خۆتان بردوە؟ سەیر بکەن کۆمەڵێک بزوتنەوەی نوێ دروست بوون وەک وەک نەوەی نوێ و لیستی هاوپەیمانی کە بزوتنەوەکەی بەرهەم ساڵحیشی تێدایە کە چۆن فریوکارانە پروپاگەندە دەکەن کە گوایە شەڕی دەستورو مافە دەستوریەکان دەکەن دەسەڵاتی کوردیش دەگۆڕن، ئەمە لەکاتێکدایە شاسوار عەبدولواحید  خودی خۆی سەروەت و سامانەکەی لەسەر گیرفانی خەڵک کۆکردۆتەوە وژیان گوزەرانی کارمەندەکانی کەناڵی ئێن ئار تی باش نەکردوە، کەچی باس لەباشکردنی ژیانی خەڵک دەکات وئەمرۆ هاتۆتە ساحەکەوە قسەی بریقەدارانە دەکات، عەقڵیەتیکی سەرمایەداری هەیە تا لەسەر ژیانی خەڵک زیاتر خۆی دەوڵەمەندتر بکات.

شاسوار عەبدولواحیدو بزوتنەوەکەی زۆرتر لایەنگری عەبادین دەیانەوێت کوردستان پەلکێشی مەرکەز بکەنەوە ئەمە لە سەرەتاوە دژایەتی خۆی ڕاگەیاند لەدژی بەڵێ بۆ ڕیفراندۆم و لەبەرەی دژە ریفراندۆم بوو بێ ئەوەی ئەنتەرناتیفی هەبێت بۆ خەڵکی کوردستان لەجیاتی ریفراندۆم سەربەخۆی. هەرچی لیستی هاوپەیمانی وقەوارەی  دیموکراسی و دادپەروەریە کە بەرهەم ساڵح ڕابەرایەتی ئەمانەش خوازیارن بچنەوە باوەشی عەبادی دژی ڕیفراندۆم بوون وەک ئەوەی لە بەغداد زۆر مافەکانی خەڵکی کوردستان بەدی بهێنن. ئەمانە زۆرتر لایەنگری عەبادین و پێگەی ئەو بەهێز دەکەن تا لەو دەسەڵاتەی خۆی شەریکیان بکات، سەرمایەکەشیان نەکەوێتە مەترسیەوە.

بورجوازی باش دەزانێت بەهەڵبژاردن و سیستەمی پەرلەمانی ناروخێت ئەگینا هەرگیز پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجام نەدەدا، عەبادی حوکمەتەکەشی دەزانن بە شەریک بوونی پەرلەمانتارانی کورد حکومەتەکەی بەهێزتر دەبێت بۆیە  دەیەوێت ئەوانیش بەشدار بکات لەهەڵبژاردندا، ئەمرۆ پرۆسەی هەڵبژاردن بەقازانجی ناسیونالیزمی کوردو هێزەکانی دیکەیە، ئەوەی زەرەرمەندی یەکەمە خەڵکی عێراق وبە گشتی کوردستانە ئەگینا ماف ئازادی موچەو خزمەتگوزاریەکانی لە کوردستاندا لەئەستۆی دەسەڵاتی ئەحزابی ناسیونالیستی کوردیە، نەک عەبادی یاخود نەک مەرکەز، ئەمانە دەیانەوێت بە پەلکێشکردنەوەی خەڵکی کوردستان بۆ بەغداد شانی خۆیان خاڵی بکەنەوە و نارەزایەتیەکان کپ بکەنەوە خۆشیان بە بیانوی ئەوە عەبادی یاخو مەرکەز موچە نانێرێت، خەڵک فریو بدەن و خۆشیان هەر گیرفان پڕ بدەن .

خەڵکی کوردستان نابێت لەوەها هەڵبژاردنێکدا بەشدار بن، کە بێجگە لەفریوکاری هیچی دیکە نییە هیچ لە ژیان و گوزەرانیان ناگۆرێت ئەگەرچی پێگەی کاندیدەکانی کورد لەبەغداد زیادیش بێت، یەک ڕیزی ماڵی کوردو هێزە سیاسیەکان مسقالە زەڕەیەک پەیوەندی نییە بەژیانی خەڵکەوە، یەک ڕیزی ئەمانە بۆ خۆیان گرنگەو زیاتر دەتوانن داوای بەشە داهات وبەشە دەسەڵاتی خۆیان بکەن لە حکومەتی مەرکەزی. هاتوهاواری هەڵبژاردن پەلکێش کردنەوەی کوردستان بە مەرکەزەوە  کارو کردەوەی سەرانی کوردە بەتایبەتیش لەم ساتەوەختەدا نەوەی نوێ و بزوتنەوەی گۆڕان قەوارە سیاسیەکەی بەرهەم ساڵح زیاتر خۆشخەیاڵن بە پروپاگەندەی هەڵبژاردن وە زۆرتر پڕوپاگەندەکانیان لەدژی ریفراندۆم و ئەوانەیە کە دەنگیان بە ڕیفراندۆم دا، وەک ئەوەی خۆیان بە نەتیجەی ڕیفراندۆم سەرکەوتوبووبن دەڵێن لەو کاتەدا ڕیفراندۆم کاتی نەبوو یان دەڵێن ڕیفراندۆم هەڵە بوو لەکاتێکدا سەرکردەی بزوتنەوەی گۆڕان دەنگی بە بەڵێ دا بۆ سەربەخۆیی کەچی یوسف محمدی بزوتنەوەی گۆران و سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت دەبێت ئەنجامدەرانی ڕیفراندۆم دادگایی بکرێن وەک ئەوەی ڕیفراندۆم تاوانی گەورە بێت.

دەبێت هەموومان ئەو راستیە بزانین کە بزوتنەوەی گۆڕان یوسف محمد بۆچی لەم کاتەدا دەستی بردوە بۆ پڕوپاگەندەیەکی ئاوا، ئیتر مەعلومە ئەمانە چوونەوە باوەشی مەرکەزو لەوێ بۆ شوین بەهێزکردن وشەریک کردن وەک عبادی دژایەتی ریفراندۆم دەکەن. ئومێد خۆشناوی کادری پارتیش دەڵێت دەبێت بەرەی نەخێر بۆ ڕیفراندۆم دادگایی بکرێن لەکاتیکدا خۆی وحیزبەکەی بەنیازە بچنەوە بەغدادو حکومەتی مەرکەز کە ئەنجامی ڕیفراندۆم و خواستی خەڵکی کوردستانی قبوڵ نەبوو سەرکوتی کردن ئیتر نازانم  هەڵبژاردنی ئەم جارەش  هەمان  حکومەتی قەومی مەزهەبی تائیفیە، بێجگە لە ماڵوێرانی بۆ خەڵکی چی دیکەی تێدایە؟ دڵنیام ئەم هەڵبژاردنەش خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشی کوردستان زەرەر مەندی گەورە دەبن و ئەو هێزە  قەومی و ئیسلامیانەش کە شەریکن  لە دەسەڵات  تا ٤ساڵی دیکە  شەرعیەتی وەردەگرنەوە بەم گاڵتەجاڕیە. بۆ ئەوەی ئەمانە شەرعیەت وەرنەگرنەوە بۆ ٤ساڵی دیکە پێوستە خەڵک بایکۆتی هەڵبژاردن بکات و نەچن بۆ دەنگدان بە دەسەڵات بڵێن هەڵبژاردن هیچ لەژیانمان ناگۆڕێت و ئەگەر بورجوازی ودەسەڵاتەکەی بزانن بەدەنگدان دەروخێن هەرگیز قبوڵیان نەدەکرد پڕۆسەی هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، هەر بۆیە بورجوازی باش دەزانێت هەڵبژاردن لە قازانجی خۆیەتی و بەزەرەری خەڵکە. حکومەتی شکست خواردوی فیدراڵی بەهەڵبژاردن ناتوانێت شکستەکانی پڕ بکاتەوە، بەڵکو ئەم هەڵبژاردنەش ئەوەندەی دیکە  هێزو لایەنە سیاسیەکان بەگژ یەکدا دەکات…

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٢٧ بەرواری ١/٥/٢٠١٨ بڵاوبۆتەوە

 

About hkkk

Check Also

گفتوگۆ لەگەڵ ڕێبوار ئەحمەد، لەبارەی بڵاوبوونەوەی کتێبی “لەبری بیرەوەری” و کاردانەوەکانی …

ئەفسانە یان فاشیزم بۆپێشەوە: کتێبە تازەکەی مەلا بەختیار (لەبری بیرەوەری) گۆشەیەکی تر لە تاوان و …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *