Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 شەڕی نان بکەن شەڕی ئاڵا مەکەن 

شەڕی نان بکەن شەڕی ئاڵا مەکەن 

ڕۆژ عەزیز:

پێم بڵێن شەڕی ئاڵا چ قازانجێکی بۆ ئێوە تێدایە ؟ بێجگە لەوەی ئێوە دەبنە قوربانی سوتەمەنی ئەو شەڕی ئاڵایە، پێم بڵێن شەڕی ئێوە شەڕی ئاڵایە ؟ بۆ گیرفانەکانتان زۆر پڕە لە پارە؟ ژیان و گوزەرانتان باشە ؟ ئاو کارەبا لە ماڵەکانتاندا هەیە ؟ موچەتان هەیە ؟. پێم بڵێن شەڕی ئاڵا بۆ دەکەن و بۆ دەچنە جەبهەیەکەوە کە پەیوەندی بەژیان و گوزەرانتانەوە نیە ، دەی مەگەر وایە چ کارتان بەشەڕی ئاڵاوە هەیە. شەڕی ئاڵا شەڕی نەوت دزەکان و سەرمایەداران و دەسەڵاتی سەرکوتگەری قەومیە ، شەڕی ئاڵا شەڕی ئەوانەیە کە بەدرێژای مێژوو  بۆ مانەوەو ملهوری زیاتر شەڕ بەرپا دەکەن و  خۆشیان لە دوورەوە سەیر دەکەن و کوڕی فەقیرو هەژاریش بەکوشت دەدەن .

 ئەی دەزانن  ٢٦ ساڵە دەسەڵاتی ئەحزابی ناسیونالیستی کوردی لە کوردستانی عێراق دەسەڵاتی هەیەو نیمچە حکومەتی هەیەو کێشەی ئاڵاشی نیەو بەڵام ژیان و گوزەرانی خەڵکی بەشمەینەت لەو پەڕی خراپیدایە. ئەی لە خۆتان پرسیوە شەڕی ئاڵا گیرفانی خاڵیتان پڕ دەکات ؟ . لەخۆتان پرسیوە ٢٦ساڵ لەسایەی حکومرانی و ئاڵاکەیدا تاڵانکاری و دزی  دەکرێت فەقرو فەلاکەت بە جێگەیەک گەیشتووە کە دایکان و باوکان پارەی شیری کڕینی مناڵەکانیان نیە ؟. بیر بکەنەوە ئاڵاپەرستەکان کێن؟ بیر بکەنەوە هەڵگرانی ئاڵا مشەخۆرو تاڵانچیان و دەسەڵاتی قەومپەرستیە، یان ئێوەن ؟. شەڕی ئێوە لەگەڵ دەسەڵاتی بۆرجوازی کوردی و دەسەڵاتی حکومەتی مەرکەزیدایە کە سەروەت و سامانی کۆمەڵگای بۆ خۆی قۆرغ کردووە، بیر لە ئاڵاو هەڵکردنی مەکەنەوە، ئەم شەڕە دوورو نزیک پەیوەندی نیە بەژیانی ئێوەوە، قوتی دزراوتان لەژێر دەستی ئاڵا پەرست و قەومپەرستەکانی کوردو عەرەبدایە، هەر ئەوانەن قوتی ئێوەیان دزیووە و سەروەت وسامانی کۆمەڵگایان بۆ خۆیان لوش داوە .

خەڵکی بەشمەینەتی عێراق و کوردستان و بەتایبەتیش خەڵکی کەرکوک خۆتان باش دەزانن عێراق وڵاتێکی دەوڵەمەندەو نەوتێکی زۆری هەیە بەتایبەتیش شاری کەرکوک و شارەکەش لەسەر نەوت دەژی و ئەی لە خۆتان پرسیوە رێگاو بان و کارەبا و ئاوو خزمەتگوزاریتان لەو شارەدا چۆنە؟ بەراست شەرم نیە بۆ دەسەڵاتێک شارەکەی لەسەر نەوت بژی کەچی شارەکە لە کەلاوە دەچێت و هیچ سیمایەکی شارستانی پێوە نیە؟. ئەی لەخۆتان پرسیوە ئەم شەڕە ئاڵایەتان لە چیەو بەقازانجی کێێە؟. لەخۆتان پرسیوە شەڕی ئاڵا شەڕی قەومپەرستەکانەو خۆشتان بەدرێژای  تەمەنتان بوونەتە قوربانی شەڕی ئاڵاپەرستەکان. خەڵکی ئازادیخوازو بەشمەینەتی کوردستان و عێراق ڕێگە بە ئاڵا پەرستەکان مەدەن، ئاڵا هیچ سیمایەکی ئینسانی بۆ ئێوەو خواست و داواکاریتانی تێدا نیە و سفرەی خاڵیتان بە دیفاع کردن لە ئاڵا پڕ نابێت، واز لەم ئاگرە بهێنن کە دوا جار خۆشتان دەسوتێنێت. وەرن بیر لە ژیان و گوزەرانتان بکەنەوە ئاڵا هیچ بەهایەکی نیەو شەڕی دەسەڵاتی بۆرجوازی و ناسیونالیستەکانەو بۆ مانەوەو ملهوری زیاتر .

 وەبیرتان دەهێنمەوە ئەم شەڕی ئەحزابی ناسیونالیستی کوردیە بەناوی ئاڵا هەڵکردن کە دەیکەن، لەرێگەی بەکرێ گیراوەکانیانەوەیە تا لەگەڵ حکومەتی مەرکەزدا لەسەر شەریکە بەشیان شەڕ بکەن و هیچ پەیوەندیەکی نیە بە شەڕی نان و ئازادیەکانتانەوە. ئەوانەی بە ناوی شەڕکردن لەگەڵ حکومەتی مەرکەزیدا کەگوایە شەڕی نان و قوتتان دەکەن ئەمڕۆ لە کوردستان خۆیان قوتی ئێوە دەدزن وسەروەت وسامانی  کۆمەڵگاشیان بەتاڵان بردووەو دەیبەن. بیرتان نەچێت وا خەریکە خۆری داعش لە موسڵ و عێراق ئاوا دەبێت، بۆیە ئەحزابی ناسیونالیستی کوردو حکومەتی مەرکەزی لەعێراق و وە ئەحزابی مەزهەبیش لە عێراق خەریکی بەرێخستنی شەڕێکی دیکەن تا خەڵکی بەشمەینەتی پێوە خەریک بکەن و خۆشیان خەریکی تاڵانکردنی سەروەت و سامانی کۆمەڵگان.

 بۆرجوازی و ئیمپریالیزمی جیهانی بێ جەنگ و خوێن ڕشتن ئۆقرە ناگرێت بۆیە پێویستی بە شەڕێکی دیکەیە، کە ئەویش لە ڕێگەی ئەحزابی بزوتنەوەی کوردایەتی و حکومەتی قەومی و ئیسلامی عێراقەوەیە تا ئاگری جەنگێکی دیکە خۆش بکات و خۆشیان هەم هەیمەنە دەکەن بەسەر ناوچەکەداو هەم سەرمایەکانیان کەڵەکە دەکەن. جەماوەری ئازادیخوازو ناڕازی کوردستان وعێراق وەرن ئاڵای دەسەڵاتی ئەم کۆمەڵە تاڵانچیە بهێننە خوارەوە، وەرن دەست لەنێو دەستی یەک بنێن و ئەوانە پاشەکشە پێ بکەن کە خەریکی ئاگری شەڕی قەومین بەناوی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و وە داگرتنی ئاڵای عێراق ، ئەم شەڕە ئاڵایە ئەگەر بەری پێنەگیرێت کارەساتی گەورەی بەدواوە دەبێت .

 دەبێت وشیار بن ئاڵا پەرست و قەومپەرستەکان پاشەکشە پێ بکەن و شەڕی نان وکارو ئازادی و خواست داواکاری بەرهەقتان بکەن، ئاڵا پەرستەکان دەیانەوێت شەڕی ئاڵا بەئێوە بکەن و ئێوە بکەنە سوتەمەنی، ڕێگەیان پێ مەدەن وخواست و داواکاریەکانتان بە ناڕەزایەتی لە بەرامبەر ئاڵا پەرستەکان بەرز بکەنەوەو بەرۆکیان بگرن  و بڵێن شەڕی ئاڵا شەڕی ئێمە نیە شەڕی ئێمە لەگەڵ ئێوەیەو ئێمە کێشەی بێکاری ونەبوونی ئازادی و شەڕی نان و موچەمان لەگەڵ ئێوەیە نەک شەڕی  ئاڵا. خەڵکی ئازادیخواز و جەماوەری بەشمەینەت ئەگەر وریا نەبن بەبیانوی هەڵکردنی ئاڵاوە خواست و داواکاریەکانتان بیر دەچێتەوەو سەرقاڵتان دەکەن بە شەڕی ئاڵاو قەومپەرستیەوە. لەخۆتان دەپرسم ئەگەر لە کوردستان و کەرکوکیش لەهەموو سەربانی هەر ماڵێک ئاڵایەکی کوردستان هەڵبکرێت هیچ لەژیان و گوزەرانتان دەگۆڕێت و سفرەی خاڵیتان پڕ دەبێت؟ ژیان و گوزەرانتان باش دەبێت؟ نان و کارو ئازادیتان یاتر دەبێت؟ من دڵنیام هیچ لەباری سەرشانتان بە هەڵکردنی ئاڵاو پەرستنی سوک نابێت بگرە کارەساتی گەورەش بەرۆکتان دەگرێت ..   

About hkkk

Check Also

گفتوگۆ لەگەڵ ڕێبوار ئەحمەد، لەبارەی بڵاوبوونەوەی کتێبی “لەبری بیرەوەری” و کاردانەوەکانی …

ئەفسانە یان فاشیزم بۆپێشەوە: کتێبە تازەکەی مەلا بەختیار (لەبری بیرەوەری) گۆشەیەکی تر لە تاوان و …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *