Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 عەفرین و شەڕی بەرژەوەندییەکان
عەفرین و شەڕی بەرژەوەندییەکان

عەفرین و شەڕی بەرژەوەندییەکان

نووسینی: عەبدوڵا مەحمود

هێرش و لەشکرکێشی فراوان و هەمەلایەنەی دەوڵەتی فاشیستی تورکیا بۆسەر کانتۆنی عەفرین خەریکە دوو هەفتە تەواو دەکات و تا ئێستاش بەردەوامە… ئەو لەشکرکێشی و هێرشەی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر عەفرین، بەشێکە لە درێژەی دەستێوەردانی بەردەوامی زل هیزەکانی دنیا و وڵاتەکانی ناوچە…  کەلە ساڵی٢٠١١ وە تا ئێستا، دریژەی هەیە.

هێرش و دەستێوەردانی بەردەوامی دەوڵەتی تورکیا لە سوریا و لەوانەش بۆسەر کوردستانی سوریا و کانتۆنەکان و بۆ سەر کۆبانی و لە ئێستادا عەفرین، تەنها گۆشەیەکە لە دەستێوەردان و هێرشی هەمەلایەنەی ئەمریکاو روسیا و غەرب، ئیران و وڵاتانی ناوچەکە لە حەوت ساڵی رابردوودا. سوریا بۆتە یەکێک لەو جغرافیا و گۆرەپانی جەنگەی کە لێیەوە  هەر لایەنە بەدوای بەرژەوەندییە سەراسەری و گەورەکانی تری خۆیەوەیەتی، جەنگ لە سوریایە و پەیامەکان جیهانین… سوریا لە ئێستادا یەکێک لە مەیدان و گۆرەپانەکانی ململانێی قوتبە نەیارەکانی دنیا، بەتایبەت ئەمریکاو روسیایە بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشە گەورەترەکانی دنیا و دەست راگەیشتن بە پەیامە بنچینەییترەکان. ئەمریکا دوای شکستەکانی لە عێراقدا و پاشەکشەپێکرانی، لە سەرئاستی دنیاشدا، پێگەی ژاندارمێتی خۆی لەدەستدا. گێرانەوەی هەژموونی خۆی یان لانی کەم بەرگرتن بە داخزانی زیاتری بەدەستێوەردانی راستەوخۆی لە سوریادا، ویستی باڵانسی خۆی رابگرێت و پیگەی داروخاوی لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا، قەرەبوو بکاتەوە. بۆ روسیاش وەکو نەیارێکی سەرەکی، شکستی ئەمریکا لە عێراقدا، ئەو دەروازەیەی بۆ کردەوە لەسەر دارمانی نەخشەکانی ئەمریکاو نارۆشنی و ناکامیەکانی، ئەسپی خۆی تاو بدات و رای بگەینێ دنیای یەک قوتبی، خەوێکی نەزۆکە و سوریاش وەکو مەڵبەندو کوانویەکی هێز نیشاندان کردە سەکۆیەک بۆ نیشاندانی توانایەکانی خۆی، بە تایبەتیش لە ژێر ناوی جەنگ لەدژی داعشدا.

نارۆشنی ئەمریکا لە سوریا و شکستخواردنی لەوەی بتوانێت دەوڵەتی بەشار ئەسەد بروخێنی و حکومەت و دەوڵەتی دڵخوازی خۆی دابمەزرێنێ، نەک هەر ئەمریکاو نەخشەکانی مایەپوچ کردن، بەڵکو روسیای کردە کاراکتەرێکی بەهیز لە سوریا و تەنانەت خاوەن ماڵ لە سوریادا. سوریا بەهۆی پشتیوانی روسیا و دۆستەکانی لە ناوچەکەدا، نەک ریگری لەوەکرا کە بروخێت، بەڵکو توانای خۆگرتنەوەو بەهیزبوونەوەی پێدا و لەو ریگایەشەوە رژیمی سوریا توانی کۆنترۆڵی خۆی بەسەر زوربەی سوریادا بسەپینێتەوەو نەیارەکانی خۆی توشی شکستی گورجگبر بکات. ئەمرۆ رژیمی ئەسەد خۆی گرتۆتەوە و هێزی گرتۆتەوە، ئەمەش نەیارەکانی چ لەسەر ئاستی جیهانی و چ لە ئاستی ناوچەکەو ناوخۆی سوریادا، پاشەکشە پێکردووە. ئەمرۆ چ ئەمریکاو غەرب و تورکیای هاوپەیمانی پێشووی و لەبەرامبەر بە رۆڵ و نەخشی روسیاو ئیران و هاوپەیمانەکانی تریدا، بەرەو دواوە براون و پاشەکشەیان پێکراوە. توانایی سەربازی داعش، تیکشكێنراوە. هەلومەرجی دوای تیکشکانی سەربازی داعش، و خۆگرتنەوەی رژیمی سوریا و هێزگرتنەوەی، هەلومەرجێکی تازەیە… جەنگ و ململانێی ئەمریکاو غەرب و هاوپەیمانەکانی، لەگەڵ روسیا و ئیران و هاوپەیمانە ناوچەییەکانی تری دەبێ لە چوارچێوەی خۆگرتنەوەی رژیمی سوریا و کۆتاییهاتنی توانایی سەربازی داعش لێی بروانرێت. هێرشی رژیمی تورکیاش هەر دەبێ لە ئێستادا لە بازنەی دۆخی شکستی دوای داعش و خۆگرتنەوەی سوریادا تەماشا بکرێت… ئەگەر تا دوینێ جەنگ لە دژی داعش ئەو چەترە بوو دەیتوانی ئەمریکاو غەرب و روسیا کۆبکاتەوە و روپۆشێک بێت بۆ شاردنەوەو هەڵپەساردنی بەرژەوەندیەکانیان، ئەوا ئێستا و دوای داعش، جەنگی بەرژەوەندییەکان شەفافتر و بەرەکانی جەنگیش رۆشنتر و ئاینندەی ململانیکەش رونترن…

تورکیا لەچەند ساڵی رابردوودا مایەی لەسەر روخاندنی رژێمی… ئەسەد هەڵچنی بوو، پشتیوانی ئاشکرای داعش بوو، ئەمرۆ خەونی روخاندنی ئەسەد خاڵی بۆتەوە، داعش داروخاوە… بۆیە رژێمی تورکیا ناچارە بۆ بەشی خۆی و بۆ بەرگرتن بە خەتەری دامەزراندنی فیدرالیزم و ئیدارەیەکی سەربەخۆ لە کوردستانی سوریادا کە سنورێکی درێژی لەگەڵ تورکیا هەیەو بەشێکە لە هێزی هاوپەیمان و هاوخەتی پەکەکە، وە دەرگیری دەیان کیشەی سیاسی و ئەمنی و سەربازی و ئابوریی و ناوخۆییە، هێرشکردن بۆسەر عەفرین بە ئۆکە و هەڵکردنی گڵۆپی سەوزی ئەمریکاو روسیا، دەستی بۆ براوە.

 بێدەنگەی ئەمریکا لەسەر هیرش و دەستێوەردانی تورکیا لەسوریا و هیرش بۆسەر عەفرین لەسەر ئەو بنەمایەیە کە تورکیا هاوپەیمانێکی لەمێژینەی ئەمریکایەو هاوکات تا ئێستا ئەندامی ناتو و یەکێک لە دەوڵەتە بەهێزەکانییەتی، وە هەردوولایان هاوهەڵویستن بوون لەسەر روخاندنی رژیمی ئەسەد، ئەمریکا نایەوێت وا بەئاسانی دەستبەرداری تورکیا بێت و پەیوەندیەکانی بەتەواوەتی بەرەولیکترازان بچێت، بەتایبەتیش کە تەماحی روسیاو خزانی تورکیا بۆ بەرەی روسیا، راستیەکی پر بەڵگە و حاشاهەڵنەگرە، ئەمەش لەبەرژەوەندی ئەمریکا نییە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و ناوچەیەکی پر ئەزمەو تیکچژاودا. بۆ روسیاش بیدەنگەو تەنانەت ئۆکەی بۆ هیرش و دەستێوەردانی تورکیا لەسوریا و هیرش بۆ سەر عەفرین لیرەوە سەرچاوەی گرتووە کە بەجیا لەوەی دەیەوێت تورکیا زیاتر بخاتە ناو سێ کوچکەی روسیا و ئیران و عێراق، لە ئەمریکا و ناتۆ دوری بخاتەوە، هاوکات پەیوەندی ئابوری زۆر زەوەندی تورکیا لەگەڵ روسیا چ لە زمینەی ئابوری و بازرگانی چەکدا، ئەو هۆکارانەن کەوای لە رووسیا کردووە، ئەو بەرژەوەندیانەی بخاتە پیش بەرژەوەندیەکانی تر…

بۆ تورکیاش دەستێوەردان لە سوریای تازەی دوای داعش، چەندین هۆکار و بەرژەوەندی بەدواوەیە… تورکیا لەناوخۆیدا روبەرووی نارەزایەتیەکی جەماوەرییە، رووبەروی ململانێی ناوخۆیەتی، رووبەروی جەنگە لەگەڵ پەکەکە و لەململانێدایە لەگەڵ هەدەپە… وە لەدریژەی سەرکوتی سیاسیدا کە بەدوای کودەتاکەی سوپادا، بەوپەری خۆ گەیشتوەو بەردەوامە، لە ئاستی ناوچەکەدا پیگەی بەرەولاوازی چووە، لە ئاستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا تەریک و تەریکتر بۆتەوە، لەباری ئابورییەوە نەیتوانیوە لەو ئەزمەیە دەربازی بێت کە چەندین ساڵە یەخەگیریەتی… گواستنەوەی زهنیەتی راگشتی تورکیا و دنیا لەسەر هەموو ئەو دۆسیەو کێشانەی دەرگیری حکومەت و دەوڵەتەکەیەتی و گواستنەوەی بۆ دەرەوەی تورکیا، بە بیانووی پاراستنی ئەمنیەتی تورکیا و سنورەکانی لەو هیزانەی لە پەکەکە نزیکن… ئەو پاساو و بەرژەوەندیانەیە کە تورکیای ناچار کردووە سەرەرۆیی بکات و دەستیوەردان و هیرش بکات و لە ئیستادا عەفرین بکاتە ئامانج…. دیارە شکستی تورکیا لەو هیرشانەیدا پیشبینی کراوە و ئەو شکستەش تورکیا دەخاتە بەردەم شکستێکی کەمەر شکێنەوە… شەری بەرژەوەندیەکان سەرئەنجام بە سەرکەوتنی لایەنێک یان چەند لایەنێک کۆتایی پێ دێت، بەڵام سەخت و ئەستەمە هەموو بەرژەوەندیەکان، ئامانجیان بپێکن… لەو نێوەدا ئیرادە و راوەستاوی خەڵکی عەفرین و کانتۆنەکان و هیزەکانی بەرگری لە عەفرین و ئەو پشتیوانییە جەماوەریەی لە ئاستی جیهانیدا هەیەتی و رۆژبەرۆژ بەرینتر دەبێتەوە، دەتوانێ شکستێکی گەورەی سیاسی و سەربازی و تەنانەت دیبلۆماسی و بۆ تورکیای بەدواوەبێت و ئەزمەی دەوڵەتی و حکومەتی تورکیا، قوڵتربکاتەوە.

ئەوەی کە ئەمریکاو روسیاو غەرب، بێ دەنگ یان شەرمنۆکانە لەپشت هیرشی تورکیان…  هاوپەیمانەکەی تریان یەپەگەیان کە لەشەری دژی داعشدا رۆڵی گرنگیان گێراو تەنانەت خۆراگری کۆبانێ بوو تەلیسمی ترسی داعشی تیکشکاند، نابێ وەکو خیانەتی ئەمریکاو روسیا لێی بروانرێت… روسیاو ئەمریکاو غەرب، نابێ لەوە زیاتریان لێ چاوەروان بکرێت، وەکو خۆیان نیشانیانداوەو هەمیشەش پێداگری لەسەر دەکەن، ئەوەیە کە پاراستنی بەرژەوەندیەکانی خۆیانە… پشت بەستن بە ئەمریکاو روسیاو غەرب، ئەزمونێکی تاڵی شکستخواردووە… ئەوەی دەبێت و کاری لەسەر بکرێت و جێگای پشتیوانی بێت، هاوسۆزی و پشتیوانی جەماوەری ئازادیخوازو ئینسان دۆست و دنیای شارستانی دژی جەنگە، لەسەراسەری دنیادا. ئەوەی مایەی شەرم و شەرمەزاری ئەمریکاو غەربە، ئەوەیە لە جەنگی بەرژەوەندیەکانی خۆیاندا، هەموو پرانسیب و بەهایەکی ئینسانی ژێر پێدەخەن و تەنانەت ئامادەنین، تاوانەکانی جەنگیش ئیدانە بکەن و رێگری لێبکەن.

عەفرین و بەرگری لە عەفرین تا خاوەنی ئیرادەی پشت بەستو بە هێزی ژنان و پیاوان و پشتیوانی دنیای وەخەبەرکەوتوو بێداری جەماوەری بێت، دەتوانێت سەربکەوێت و پشتیوانی گەورەتر بۆخۆی دەستەبەر، بکات… عەفرین و کانتۆنەکانی تر مایەی پشتیوانین، ئەزمونێکە کە تارادەیەکی زۆر ئیرادەی جەماوەری تیایدا رێزلیگیراوە، بەشیک نییە لە کەش و ململانی نائارام و نەخوازراوی سوریا لە چەند ساڵی رابردوودا، هەڵبژاردن و سیستەمی خۆ بەرێوەبەری لە خوارەوەیان لە جیگای سیستەمی نوێنەرایەتی پەرلەمانی جێخستووە، مافەکانی تاک لە زۆر ئاستدا بەرەسمی ناسراوە، زۆرێک لە مافە مەدەنیەکان، بەفەرمی ناسراون، مەرسومی یەکسانی ژنان و پیاوانیان پەسەند کردووە، کە لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا، ناوازەیە… بۆیە ئەم  ئەزموونە لەناو دۆخ و کەشی جەنگاوی و کۆنەپەرستی ناوچەکەدا، ئەزمونێکی جێگا پشتوانییە و پێویستە بەرگری لێبکرێت…

٣١/١/٢٠١٨                 

 

About hkkk

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*