Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 قۆناغێکی تازە لە جەنگی “ئازادی” موسڵ!
قۆناغێکی تازە لە جەنگی “ئازادی” موسڵ!

قۆناغێکی تازە لە جەنگی “ئازادی” موسڵ!

رێبوار ئەحمەد:

توندبوونەوەی کارەسات و ناکۆکیەکان

 دوای زیاتر لە دوو مانگ و نیو لە بەردەوامی ئۆپەراسیۆنی موسڵ، هاوپەیمانانی شەڕی دژی داعش راپۆرتی جۆراوجۆر دەربارەی چۆنیەتی بەرەوپێشچونی شەڕەکە دەدەن، لەوانە بەرزترین رێژە کە رایانگەیاندوە ٣٠% موسڵ ئازاد کراوە، ئەمرۆش رایانگەیاند کە ٨٠% بەرەی رۆژهەڵاتی موسڵ ئازادکراوە. بەڵام تا ئێستا لە هیچ لێدوانێکدا ناتوانن پێشبینیەکی زەمەنی بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی هەموو موسڵ بەدەستەوە بدەن. خۆشبینترینیان دەڵێن لانی کەم دوو مانگی تری دەوێ و هەندێکیان باسی پێویستی چوار مانگ و زیاتر دەکەن. نزیکەی ٢ هەفتەش راوەستانی پێشرەوی هێزە عێراقیەکان بە هۆکاری جۆراوجۆر پاساو دەدرێت، وەکو پێویستی پلانی تازە، وەرگرتنی ئارایشی تازە، شەکەت و ماندوبوونی هێزە عیراقیەکان و نەبوونی هێزی یەدەگ بۆ ئەوەی جێگای هێزە شەکەتەکان بگرێتەوە و هەندێک لە راپۆرتە نا فەرمیەکانیش باسی نابوت بوونی نزیک بە نیوەی هێزەکانی دژە تیرۆر دەکەن. بەڵام وا دێتەبەرچاو هۆکاری لە هەموو ئەمانە بنەڕەتی تر، پەیوەندی بەوەوە هەبێت کە کەوتنی حەڵەب لەسەر دەستی دەوڵەتی بەشار ئەسەد و هێزە روسیەکان، پلانی لە هاوپەیمانەکانی بەڕابەری ئەمریکا تێکدابێت. ئەوان هەوڵیاندەدا بە گرتنەوەی موسڵ هاوسەنگی کێشمەکێشەکانی ناوچەکە بە قازانجی رۆڵ و نفوزی دەسەڵاتی خۆیان بگۆڕن، بەڵام بەرلەوەی لە ڕاستای ئەم ئامانجەیاندا پێشڕەویە پێشبینی کراوەکانیان بەدی بێت، لەو لاوە حەڵەبیان لەدەستدا و فاکتۆرێکی گرنگ لە هاوسەنگی بە زەرەریان لانی کەم لەم بڕگەیەدا یەکلابوەوە. تازە ئەگەر موسڵ بە تەواوی لە دەستی داعشیش دەربێت و بە گریمانی ئەوەی پێشڕەویەکانی جەمسەری بەرامبەر بەڕابەری روسیا لەم ئاستەی ئیستاشدا بمێنێتەوە، هێشتا دۆخ و هاوسەنگیەکە ناگەڕێتەوە بۆ قۆناغی بەر لە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی موسڵ. ئەمە هەموو پلانی جەمسەری جیهانی بە قازانجی ئەمریکای شێواندوە و هەر ئەمەش هۆکاری سەرەکی بوو لەو راوەستانەی دوچاری ئۆپەراسیۆنی موسڵ بوو.

 مەزەنەکردنی ئەبعادی کارەساتباری ئەم جەنگە ئەستەمە، هەرچەندە هەندێک حزبی چەپی ئومێد بەستوو بە تەحەولاتی کۆنەپەرستانە و خزاو بۆ پاڵ سیاسەتی ئەمریکا، پێشبڕکێیان لەسەر ستایشی دەکرد، یەکێکیان دەیگوت “ئاڵوگۆڕێکی موسبەت” و یەکێکی تریان خاترجەمی دەکردین کە “کەم تەلەفاتی”ش دەبێت،. بەڵام هەر لەو سەرەتایەوە ئاشکرابوو کە ئەم گفتانە بێ پایەن. بەڵام مەزەنە کردنی ئەبعادی کارەساتباری ئەستەمە، لەبەرئەوەی تەعتیمێکی میدیایی توند لەسەر شەڕەکە و مەیدانی شەڕ دانراوە. بەپێی ئەو زانیاریە کەمانەی کە دزەیان کردوە یان میدیای رەسمی و نۆکەر رایانگەیاندوە، نزیکەی ١٥٠ هەزار کەس ئاوارە و دەربەدەر بوون و لە کارەساتێکی مرۆیی گەورەدا لەگەڵ مەرگ دەجەنگن. ئەمە دروست قسەی خۆیانە، وتەبیژی هاوپەیمانان خۆی لەگەڵ رۆژنامەی کەیهانی لەندەنی ئەمانەی باسکردوە. جگە لە ئاوارەیی هەر بەپێی ئەو زانیاریانەی کە دزەیان کردوە هەزاران کەس لە خەڵکی سڤیڵ و هەزاران کەس لە هێزە عێراقیەکان و هەزاران کەسیش لە چەکدارانی داعش کوژراو و بریندار بوون. بە جۆرێک کە بۆن و میکرۆبی لاشە بۆگەن بووەکان دانیشتوانی موسڵی هەراسان و نوقمی نەخۆشی کردوە. ئاستی وێرانکاری شار و ماڵ و حاڵ و ئاسەواری مەدەنیەت و ژێرخان لە ناو تەعتیمی ئیعلامیدا ونکراوە. ئەوەی ئاشکرایە کە پرد و رێگاوبانەکان وێران و موسڵ خەریکە دەبێت بە حەڵەبێکی تر. جۆن دۆڕیانی وتەبێژی رەسمی هاوپەیمانەکان مانگێک لەمەوبەر رایگەیاند کە تا ئەوکات ٥٠ هەزار بۆمبیان بەسەر مەسڵدا باراندووە. هەڵبەت بە وتەی ئەو گوایە ئەو بۆمبانە تەنها ئاراستەی مۆڵگەکانی داعش کراون، بەڵام ئەم بۆمبانە لە بیابان نەکەوتونەتە خوارەوە، بەڵکو کەتونەتە ناو دانیشتوانێکی ملیۆنیەوە و بەمپێیە دەکرێت مەزەنەی زەرەرو زیانەکەی بکرێت. جۆن دۆڕیان لە وەڵامی پرسیارێکدا کە بۆچی لەگەڵ دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی موسڵدا شەپۆلی ئاوارە بوون زیادی کردووە؟ بە پێچەوانەی فڕوفیشاڵەکانی رابردوویان کە بە خەڵکی موسڵیان دەگووت لە ماڵەکانی خۆتان بمێننەوە سەڵامەت دەبن، پەردەی لەسەر راستیەکان لابرد و بە رستەیەک وتی : “چونکە هەم شەڕەکە توند بووەتەوە و هەم بۆمبارانەکان زۆر چڕتر بونەتەوە.” کەواتە هەر بەپێی ئەم لێدوانەی جەنابی دۆڕیان شەپۆلی ئاوارە بوون ئەنجامی هەڵهاتنی خەڵکە لە دەست جەنگ و بۆمباران کە بڕیاربوو بۆمبەکانیان زیرەک بن و تەنها سەری داعشەکان بپێکن.

دەربارەی کارەساتی برسێتی و نەبوونی هیج پێداویستیەکی بە زیندوێتی ماونەوە و بڵاوبونەوەی نەخۆشی و بێ دەرمانی و نەبوونی ئاوی خوادنەوە و سوتەمەنی و…تەنها دەکرێت مرۆڤ مەزەنە بکات چونکە جگە لە زانیاری گشتی کە گوزارشت لە قەومانی کارەساتی مرۆیی دەکات، هیچ راپۆرتێکی ورد راناگەیەنرێت. تا ئەو جێگایەش کە بە مامەڵەی هێزە هێرشبەرەکان لەگەڵ خەڵکی سیڤڵ و پابەندبوون بە یاسا نێو دەوڵەتیەکانی جەنگ دەگەڕێتەوە، تا ئێستا رێکخراوی هیومان رایتس ۆچ و ئەمنیستی ئەنتەرناسیۆناڵ چەند جارێک هێزە عێراقیەکان و حشدی شعبی و هێزی پێشمەرگەیان لەسەر ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و ئیعدام و رەشەکوژی سەرکۆنە کردووە. 

ئەم جەنگە سەرباری هەموو کارەسات و وێرانکاریەکان، بڕیاربوو هەڕەشەی تیرۆریزم لەسەر جیهان لەبەینبەرێت. بەڵام شەپۆلە تیرۆریستیەکانی هەر ئەم چەند هەفتەیە بۆسەر ئەڵمانیا و ئوسترالیا و لە خوێنهەڵکێشانی ئەستەمبوڵ و بەغداد و شارەکانی تری ئەم دوو وڵاتە و دڵەخورپەی هەموو خەڵکی جیهان…هتد، نیشانیدا کە ئەم جەنگە نەک هەر تیرۆریزم لەبەین نابات، بەڵکو چاوەڕوانی بۆ ئەوەی لە رێگای ئەم ئۆپه‌راسیۆنە سەربازیانەوە تەنانەت تیرۆریزم بەرەو کەمبونەوەش بڕوات تەنها خەیاڵ پڵاوی و لە راستیدا جگە لە مێشک داشۆرین هیچی تر نیە. لە رووی پاشخانی سیاسیشەوە، هەم شەڕی حکومەتی عەبادی و بارزانی کە لە ناوەرۆکدا شتێک نیە جگە لە شەڕی کۆنەپەرستانەی قەومی کورد و عەرەب، هەم شەڕی بارزانی و پەکەکە، تا لێواری تەقینەوە رۆیشت و هێشتاش مەترسی ئەم شەڕانە ئاوا نەبوونە. تێکچونی دۆخی سیاسی تورکیا و تارمایی شەڕی ماڵوێرانکەری ناوخۆ و قەرارگرتنی لەبەردەم شەپۆلە تیرۆریستیەکان، هەرچەند یەکلایەنە ئاکامی شەڕی موسڵ نین، بەڵام لانی کەم قوڵبونەوەیان کاریگەری لەشەڕی موسڵ وەرگرتووە.

لە کوردستاندا شەپۆلێکی تر لە رۆڵەی کرێکار و خەڵکی ستەمدیدە کە بە ناوی “گێڕانەوەی ناوچە دابراوەکان” بۆ ژێر قەڵەمڕەوی مەملەکەتی بارزانی و تاڵەبانی کران بە قوربانی، لە راستیدا کران بە سوتەمەنی سەفقە سیاسیەکانی بارزانی لەگەڵ ئەمریکا و میحوەرە ناوچەییەکەی. نەداری نان و ئاو و کار و کارەبا و سوتەمەنی و موچە و خوێندن و ..هتد بەوپەڕی خۆی گەیشت. ناکۆکی و قڵشتی قەومی و تائیفی لە سەراسەری عێراقدا چووە قۆناغیکی ترەوە. هەر ئەمڕۆ نوری مالکی لە ئێرانەوە رایگەیاند کە هێزی پێشمەرگە نەک هەر دەبێ لەو ناوچانە بکشێتەوە کە بە هۆی ئۆپەراسیۆنی موسڵەوە دەستی بەسەردا گرتوون، بەڵکو دەبێ بگەڕێتەوە بۆ هێڵەکانی بەر لە شەڕی ٢٠٠٣. ئەمەش جەختکردنەوەیەکی راشکاوتر بوو لەسەر لێدوانەکەی عەبادی کە زیاتر لە مانگێک پێش ئیستا رایگەیاند لە وەڵامی مسعود بارزانیدا دەربارەی ئازاد کردنی هەموو ناوچە کوردستانیەکان و نیازیان بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی کوردی. 

 ئەمانە بێگومان لە روانگەی بارزانیەوە بەرجەستەترینی ساڵە پڕ دەسکەوتەکەی ئەون. ئەو راست دەکات ساڵی ٢٠١٦ ساڵێکی پر دەسکەوت بوو، بەڵام نەک بۆ مرۆڤایەتی بە گشتی و بۆ خەڵکی کوردستان بە تایبەتی، بەڵکو بۆ بەربەریەت و سەرجەم ئەو هێز و بزووتنەوە و دەوڵەتانەی کە دەیانەوێ کۆمەڵگای بەشەری و جیهانی ئەمرۆ لە زەلکاوی بەربەریەتدا نوقم بکەن. فەرمایشتەکەی بارزانی پەیوەندی بە راست و ناراست بوونەوە نیە، بەڵکو پەیوەست بەوەیە کە لە کام روانگەوە و لە رونگەی کام ئاسۆ و کام بزووتنەوە و کام بەشی کۆمەڵگاوە چاو لە روودا و رەوەندەکانی ساڵی ٢٠١٦ دەکرێت. سەرهەڵدانی داعش و بەرپابوونی جەنگی دژی داعش ئەگەر بۆ خەڵکی جیهان بە گشتی و خەڵکی عێراق و کوردستان بە تایبەتی بوو بە هۆکاری زنجیرەیەکی نەبڕاوە لە کارەسات و نەهامەتی و بێدەرەتانی و نەبوونی ئاسایش، بەڵام بۆ بارزانی و بزووتنەوە و دەسەڵاتەکەی بوو بە مایەی گەرم کردنی جێگای خۆی لە باوەشی بەرەی کۆنەپەرست و ئیمپریالیستی غەربی و هاوتا ناوچەییەکەی، بوو بە بەهانەیەک بۆ قه‌بڵاندنی جۆرەها نەدای بە خەڵکی کوردستان و بە نیوکلاج تێپەراندنی دوو سێ ساڵ لە دۆخی قەیرانگرتووی دەسەڵاتەکەیان.

دەربارەی ئۆپه‌راسیۆنی موسڵ ئەگەر لە سەرەتای دەستپیکردنیەوە هەر هۆکارێک بووبێ بۆ ئەوەی خەڵک و هەر لایەنێکی هەراسان لە بەربەریەت و ئینسانکوژی داعش، خۆشباوەڕ بێت بەوەی کە لە رێگای ئەم ئۆپەراسیۆنە سەربازیە پوچ و کارەساتبارەوە دەکرێت داعش و تیرۆریزمی ئیسلامی لەبەین ببرێت یان لانی کەم لاواز بکرێت، ئەوە دوای تیپەڕ بوونی نزیکەی ٣ مانگ و بەدەرکەوتنی هەندێک لە ئاکام و ئاسەوارە کارەساتبار و پاشخانە سیاسیە کۆنەپەرست و پڕ مەترسیەکانی، ئیتر بوارێک بۆ ئەو خۆشباوەریە نەماوەتەوە. پێداگری لەسەر پەخشانەوەی ئومێد بەو جۆرە رووداو و ئاڵوگۆڕە کۆنەپەرستانە، ئیتر راستەوخۆ هەڵبژاردنێکی سیاسیە بۆ راوەستان لە پاڵ رەوەندێک کە دەیەوێ بەربەریەت بەسەر دنیادا بسەپێنێ.

ئەم جەنگە نەک هەر دژی تیرۆریزم نیە، نەک هەر رووی لەوە نیە کە تیرۆریزم و زەمینە و هۆکارەکانی لەبەین بەرێت یان تەنانەت لاوازی بکات، بەڵکو خۆی لە پێشدا ئۆپەراسیۆنێکی تیرۆریستیە و ئاکامەکانیشی زەمینەکانی تیرۆریزمی متەقابل بەهێزتر دەکات و بەم جۆرەش خزمەت بە پەرەسەندی ئەم تیرۆریزمە دەکات. ره‌نگە داعش لاواز بکات، بەڵام ئەم جەنگە زەمینە بۆ نەشونما کردنی جۆرەها دارودەستەی تری تیرۆریستی دەخوڵقێنێ. محەمەد جەواد زەریف کە لە ساڵی ٢٠٠٣ سەفیر و نوێنەری ئێران بوو لە نەتەوە یەکگرتوەکان و ئێستاش پۆستی وەزارەتی دەرەوەی ئەو رژێمەی هەیە، لە باسێکدا بە ناوی ” ریشەکێش کردنی ریکخراوە تیرۆرستیەکان پێویستیەکی دەستبەجێی ئەمڕۆیە” بە دروست و بە دەربڕینی خۆی قامکی لەسەر هەندێک لە زەمینە و هۆکارەکانی سەرهەڵدان و پەرەگرتنی تیرۆریزم داناوە. کە بە کورتی لەم رستانەدا بەیانی کردوون ” ئێمە لەگەڵ دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی رووبەڕووین کە هەست کردنێکی قوڵە بە مەحرومیەت، بە نامۆبوون و پەراوێزخستن کە لە ناوەندێکی خۆشگوزه‌ران و پەرەسەندوودا بەدیهاتووە و بەکردەوە تاکەکان و گروپەکان و کۆمەڵگاکانی لە ئاسایش و رێز و بەشداری و ئومێد بێبەش کردووە.” هەروەها “پەلاماری دەرەکی و داگیرکاری و ئاکامەکانی” هەروەها “بێ توانایی رەشبینانەی دنیای ئیسلام بۆ چارەسەر و یەکلاکردنەوەی دۆخی فەلەستین” هەروەها ” هەست بە نائومێدی و دیپرەیشن لە ناو لاوان”…..دەکرێت لیستێ زەمینە و هۆکارەکانی تیرۆریزمی ئیسلامی درێژ بکرێتەوە، بەڵام هەر ئەوەندەی جەنابی زەریفی وەکو سیاسەتمەدارێکی دەوڵەتێکی تیرۆریست باسی کردوون بەسە بۆ رۆشنکردنەوەی باسەکەمان. ئەو دیسانیش هەر بە دروست دەڵێ “دێوەزمەیەک پێکهاتووە کە نەک تەنیا لە رێگای خوێنڕێژیەوە نابووت ناکرێت، بەڵکو لە راستیدا بڵاوبونەوەی هەنگاوە توندوتیژ ئامێزەکان خۆیان دەبنە هۆکاری راکێشان و بەکارخستنی بەکرێگیراوانێکی تازە بۆی”.

ئەم جەنگە بەرئەنجامی رەوەند و ئاراستەیەکی سیاسی راستڕەوانەی توندە کە دەستی راستڕەوانەترین باڵی بۆرژوازی لە ئاستی جیهانیدا راکێشاوە بۆ سەر کورسی دەسەڵات. دۆناڵد ترەمپ نمونەیەکە. پەیوەندی لەگەڵ تیرۆریزمی ئیسلامی تەنها پەرەپێدان و قوڵکردنەوەی زەمینە و هۆکارەکانیەتی.

کەمێک وردبوونەوە لە زەمینە و هۆکارەکانی سەرهەڵدان و پەرەگرتنی تیرۆریزمی ئیسلامی بەسە بۆ تێگەیشتن لەو راستیەی کە ئەوە تیڕوانینێکی لە پوچ پوچترە کە پێی وایە لە رێگەی ئەم جۆرە ئۆپه‌راسیۆنە سەربازیەوە ئەو تیرۆریزمە بنەبڕ یان لاواز دەکرێت. بێگومان تیرۆریزمی ئیسلامی لە دوا ئەنجامدا دەبێ بە زەبری چەک لە مەیدانی سەربازیشیدا تێکبشکێت، بەڵام ئەم زەبری چەکە تەنها دەتوانێت یەک لایەنی خەباتێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەمەلایەنە بێت کە لە وتاری ” ئازادی موسڵ یان شەڕی کۆنەپەرستانەی جەمسەرەکان “دا مەیدانەکانیم باسکردووە. مەیدانی ئەم خەباتە تەنها موسڵ و عیراق و سوریا نیە بەڵکو هەموو جیهانە. ئەم کارەش کاری کۆمۆنیزم و چینی کرێکارو بزووتنەوەی سۆسیالیستی و بەشەریەتی ئازادیخوازە. ئەمڕۆ بێت یان سبەی هەر ئەمە رێگای کۆتایهێنانە بە کابوس و مەترسی تیرۆریزمی ئیسلامی و شکاندنی ئەو دەستانەش کە بە جەنگ و تیرۆریزمی دەوڵەتی بەربەریانە و وێرانکارانە ئاو دەکات بە ئاشی تیرۆریزمی ئیسلامیدا. دواکەوتن لەم کارە، تەنها کارەساتەکان زیاتر و خودی کارەکە سەختر دەکاتەوە.

٧-١–٢٠١٧

About hkkk

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*