Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 قەوم پەرستی و گۆڕە بەکۆمەڵەکان…

قەوم پەرستی و گۆڕە بەکۆمەڵەکان…

عەبدوڵا مەحمود

بەرواری ٢٣ی تەموز، سێ گۆڕی بەکۆمەڵ لە تەلڵەت ئەلشیخیە لە بیابانەکانی سەماوە دۆزانەوە، یەکێک لە گۆرە بە کۆمەڵانە کە نزیک بەسەد کەسی تیابوو هەڵدرایەوە، زوربەی ئەوانەی لەو گۆڕە بەکۆمەڵەدا بوون ژن و مناڵ بوون، دوای ئەوەی گوللە باران کرابوون بە جل و بەرگ و شمەکی لەشیانەوە، ژێر خاکی لمین خرابوو.

دۆزینەوەی بەردەوامی ئەم گۆڕە بەکۆمەڵانە، هێمایەکی رۆشنە بۆ ئەوەی کە هێشتا دەیان گۆری بەکۆمەڵی تر بەشاراوەیی ماونەتەوە، هاوکات ئەو گۆرە بە کۆمەڵانە، بەجیا لەوەی ماهیەتی دڕندەیی رژیمی بەعسی قەومی گۆڕ بەگۆڕمان نیشان دەدات، هاوکات لەوەش واوتر دڕندەیی ئایدۆلۆژیای قەوم پەرستی دەخاتە ڕوو. وە ئەو ڕاستیە چەند بارە پێشچاو دەخاتەوە، کە قەوم پەرستی سەرچاوەی قڕکردنی نەتەوەکانی دەرەوەی خۆیەتی، سەرچاوەی فاشیزم و نازیزم و راسیزمیشە.

رژیـمی گۆر بەگۆری بەعس، چونکە پایەی دەوڵەت و دەسەڵاتەکەی لەسەر ناسنامەی قەومی عەرەبی دامەزراندبوو، هەموو هاوڵاتیانی دەرەوەی قەومیەتی عەرەبی بە پلە دوو تەماشا دەکرد و هەوڵی دەدا هەمووشیان لە بۆتەی ناسنامەی قەومی عەرەبیدا بتوێنێتەوە. هەر بەرەنگاری و نارەزایەتیەکیش بەرووی ئەو سیاسەتە قەوم پەرستانەو دەوڵەتەکەیدا بە شکاندنی شکۆی نەتەوە” عەرەب” و تێکدانی ئارامی نەتەوەیی و رێزنەگرتن لەسەروەری نیشتیمانی لەقەڵەم دەدا و بەو هۆکارەش بە زەبروزەنگی دڕندانەی قەومی بەرەو رووی دەبوەوە. لەبەرامبەردا بزوتنەوەی کوردایەتی لەسەر بنەمای ئەو ستەمە قەومییەی دەسەڵاتی قەوم پەرستی عەرەبی دایسەپاندبوو، هاتوونەتە مەیدانی وەستانەوە بەرووی دەسەڵاتی بەعسدا، بەڵام بەهەمان ئایدۆلۆژیای قەومی… واتە ڕێگاچارەی خۆیان بۆ وەستانەوە بەرووی دەسەڵاتی قەوم پەرستانەی عەرەبیدا، بە بەدەستەوە گرتنی ناسنامەی قەومی کوردییەوە، دەستپێکردووە. واتە لەجێگای نەفرت کردن لە ئایدۆلۆژیای قەوم پەرستانەو دەسەڵاتدارێتی بەعسدا، خۆشیان بوونە هەڵگری ناسنامەی قەومی و لە پێناو دەستڕاگەیشتن و بەشداری بوونیان لەدەسەڵات لەگەڵ دەسەڵاتی قەوم پەرستانەو دڕندانەی بەعسدا. بۆیە هەمیشە لە بازنەی” شەڕ، مفاوەزات، شەڕدا” بوون.

لەو چوارچیوەیەشدا بۆ ئەوەی رژێمی بەعس ناچار بکەن بۆ گفتوگۆ و سازان، سڵیان لە هیچ جۆرە خۆشخزمەتی و نۆکەر پیشەیییەک بە وڵاتانی تری کۆنەپەرستی ناوچەکە نەکردۆتەوەو… ستەمی نەتەوایەتی سەر خەڵکی کوردستانیان، کردۆتە ڕیگایەک بۆ بەشدار بوونی خۆیان لە دەسەڵاتی دڕندانە بەعسدا… لەو نێوەدا کەڵک وەرگرتن لە ناکۆکی و ململانی و ئاڵۆزی و بۆشایی کە لەنێوان وڵاتەکاندا هەبووە، کردۆتە پایەی جوڵەو هێزگرتن و ڕەوتی بەرەو پیشەوە بردنی بزوتنەوەکەیان، بزوتنەوەی کوردایەتی. لەجەرگەی ئەو ململانێیە و بەخۆ هەڵواسین بە پرسی خەڵکی کوردستانەوە لەلایەکەوە توانیویانە ئاسۆی بزوتنەوەی ناسیونالیستی خۆیان بەسەر بزوتنەوەی نارازەیەتی رەوای خەڵکی کوردستاندا بۆ رزگاری زاڵ بکەن، لەلایەکی تریشەوە خەڵکی کوردستانیان کردۆتە ئامرازیک لە کێشمەکێشەی نێوان خۆیان و بەعسدا. لەچوارچێوەی ئەم ململانێیەشدا، چاویان لە دڕندەیی بەعس پۆشیوەو ئامادەبوون دڕندەکانی ترو دژە خەڵکی کوردستان لە وڵاتانی ناوچەکە بکەنە پشت و پەنای خۆیان و بە فریاد رەس نیشانیان بدەن. خۆشخزمەتی بە ئێران تا ڕادەی پیش لەشکریان بۆ هێنانی پاسدارن بۆ سەر “دڵ و قودسی کوردستان” و هێرش بۆسەر کێڵگە نەوتیەکانی… تا دەگاتە پیش لەشکری بۆ سوپای ئیران بۆسەر هەڵەبجە و دەیان  ناوچەی تر و ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی، لەگەڵ پەلکیش کردنی سوپای تورکیا و هەڵدان بەسەر ئەتاتورک و جەنگ وەرێخستنیان لەدژی ئۆپۆزیسیۆنی تورکی و…تاد گۆشە بەگۆشەی کارنامەی حاشا لێنەکراوی خۆشخزمەتی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتین بۆ وڵاتانی چنگ بەخوێنی ناوچەکە.

کارەساتی بۆمبابارانی قەڵادزێ و هەڵەبجە، کیمیابارانی هەڵەبجەو دەیان ناوچەی تر…. تێک و پێکدانی سەدان دیهات و شارو شارۆچکەو تەختکردنیان لەگەڵ زەوی، تا دەگات بە ئەنفالی خەڵکی دەیان و سەدان ناوچە و گوللەباران کردن و بە کۆمەڵ ژێرخاک خستنیان…. هەموویان لە ململانێی نێوان رژێمی بەعس و بزوتنەوەی کوردایەتیدا روویان داوە… بۆیە قوربانیانی ئەو هەموو کارەساتە جەرگبڕ و جینۆسایدە ئاشکرایە، لەگەڵ ئەوەدا کە رژێمی بەعس ئەنجامدەرو تاوانکاری سەرەکییە، بەڵام بەهەمان شێوەش حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی هاوبەشن لە هەموو ئەو تاوانانەدا. لەوەش زیاتر ئاوڕ نەدانەوەی پێویست لە قوربانیانی دەستی رژیمی بەعس و قەرەبوونەکردنەوەیان و و دابین نەکردنی ژیانێکی شیاوی ئینسانی بۆیان، بەڵگەی حاشاهەڵنەگری بێباکی دەسەڵاتی قەوم پەرستانەی بزوتنەوەی کوردایەتییە.

هیشتا دیاری نەکردن و ئاشکرا نەکردنی چارەنووسی قوربانیانی شەری دەسەڵاتی ناوخۆیی نێوان پارتی و یەکێتی و تەنانەت شوێنی گۆرەکانیان، دەرخەری ئەو راستیەیە کە بزوتنەوەی کوردایەتی وەکو بزوتنەوەیەکی بۆرژوازی و کۆنەپەرستانە، لە قوتابیانی هەمان قوتابخانەی دژە ئینسانی بەعس و رژێمەکانی ناوچەکەدان.

ئەگەر ئیستا بۆ خەڵکی کوردستان و بەشێکی زۆری دنیا دەرکەوتووە کە قوربانیانی دەستی بەعس کێن و لەکوێن و گۆرەکانیان لەکام بیاباندایە، بەڵام هێشتا بۆ خەڵکی کوردستان دیار نییە، گۆری قوربانیای جەنگی ناوخۆیی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی، لەکام لێرەوارو بناری کام شاخ و تەپۆلکەدا، ژێر خاک خراون.

گۆرە بەکۆمەڵەکانی دەستی بەعس و گۆرە بۆ کۆمەڵە گومناو جێگا نادیارەکانی دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی، گۆری ئەو ئینسانەن، کە بەدەستی رژێمی بەعسی گۆر بەگۆڕ و دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی، ژیانیان لێسەندراوەتەوە، هەردوو لاشیان ناسنامەکەیان ئایدۆلۆژیای قەومییە… ئەم واقعیەتە تاڵە هەزاران جار نەفرەت لە قەومپەرستی دەکات وپێویستی ئینساندۆستی، کردۆتە ویستێک بۆ ڕزگاری و بەچارەسەر گەیاندنی کیشەی خەڵکی کوردستان و زامنی دابین کردنی ژیانێکی شایستە بە ئینسانی ئەم سەردەمە.

کۆتایی تەموزی ٢٠١٩

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٥٧ بەرواری ١/٨/٢٠١٩ بڵاوکراوەتەوە

About hkkk

Check Also

ئیسلام گەرایی لە ئەمەریکادا  لە ژێر سایەی ترەمپ دا گەشە دەکات ! …

( ئایا ترەمپ بەڵێنەکانی کە بە خەڵکی ئەمەریکای دابوون بردە سەر بۆ لە ناوبردنی ئیسلامی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *