Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 كۆبونەوەی گشتی ڕێکخراوی کەنەدای حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان سەرکەوتوانە کۆتایی هات …

كۆبونەوەی گشتی ڕێکخراوی کەنەدای حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان سەرکەوتوانە کۆتایی هات …

یەکەم… کۆبوونەوەی گشتی ئەندامان و دۆستانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان:

 

بەئامادەبوونی زۆرینەی ئەندامانی حزب و بەبەشداری هاوڕێیانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق ومیوانداری دۆستانێکی حزب و بەسەرپەرشتی هاوڕێ خەسرەو سایە، ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٤/٢/٢٠٢٠ لەشاری گوێڵف/ کەنەدا،  ڕێکخراوی کەنەدا کۆبوونەوەی گشتی خۆی گرێدا.  ئامانج لەم کۆبوونەوەیە چاوخشاندانەوە بەهەڵسوڕانی دەورەی پێشوو و دووبارە سازدانەوەی ڕێکخستن و بەدەستەوەگرتنی ئەولەویاتێکی تازە کەهاوجوتبێت لەگەڵ ئاڕاستەکانی کاری حزب لەپەیوەند بەهەلومەرجەکانی ئێستای کوردستان وناوچەکەو جیهانەوە.

سەرەتای کۆبوونەوەکە هاوڕێ ئاراس ڕەشید بەرپرسی ڕێکخراوی کەنەدا، بەوتەیەک بەخێرهاتنی ئامادەبوانی کرد و پاشان هاوڕێ عادل ئەحمەد بەرپرسی “ڕێکخراوی کەنەدای حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق” یش بەوتەیەک بەخێرهاتنی ئامادەبوانی کردو گرنگی ئەم کۆبوونەوەیەی نرخاند. پاشان هاوڕێ ئاراس راپۆرتی دەورەی پێشوی پێشکەش کردو تێیدا لەسەر گرنگترین لایەنەکانی هەڵسوڕانی حزبی لەوڵاتی کەنەدا ڕاوەستا. بەدوای ئەوەدا دەرگاکرایەوە بۆ موناقەشە و دانی سەرنجو تێبینی لەلایەن ئەندامانو میوانەکانەوە. هەرلەوێشدا هاوڕێ خەسرەو قسەو باسێکی لەسەر وەزعی سیاسی کوردستان و ئاراستەکانی حزب پێشکەش کردو تێیدا سەرنجی هاوڕێانی بۆ هەستیاری دەورەیەکی تازە لەخەباتی چینایەتی و ڕۆڵی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بەئاراستەی کۆتاییهێنان بەدەسەڵاتی ئەحزابی بۆرژوازی کورد کرد، و داوای کرد کەهاوڕێیان هێز و توانای خۆیان چڕ بکەنەوە لەپێناو بەرەو پێشبردنی ئەرکەکانی حزب کەلەم دەورەیەدا کەوتۆتە سەرشانی. لەم پەیوەندەشدا باس لە ئامادەکاریەکانی کۆنگرەی پێنجەمی حزب کراو داواکرا کەئەندامانی حزب بەجدیەتێکی زۆرەوە لەپڕۆسەی خۆئامادەکردنەکانی کۆنگرەدا بەشداربن، و وەک وێستگەیەک بۆ بردنەسەرەوەی ئامادەییە سیاسی و ڕێکخراوەیەکان بەدەستیەوەبگرن.  سەرەنجام کۆبوونەوەکە بەدوای دەخالەتی ئامادەبوان ودانی سەرنج و پێشنیاری بەسود، کۆبوونەوەکە توانی سەرخەتی ئەولەویاتەکانی دەورەی داهاتووی ڕێکخراوی کەنەدا گەڵاڵە بکاتەوە و لەبەر ڕۆشنایی خاڵەکانی، شێوازێکی گونجاو بۆ کاری ڕابەری تەشکیلات بخاتە بەردەم. بەدیاریکراویش پێداگری لەکاری هاوبەش و پێکەوەیی لەگەڵ هاوڕێیانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق کراو وخەبات بۆ کۆمەڵایەتی کردنەوەی کۆمۆنیزم و دەرکەوتنی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری وەک ئۆپۆزیسیۆنێکی سەرەکی بەڕووی دەسەڵاتی ئەحزابی بۆرژوازی چ لەعێراق و چ لەکوردستان کرا.

جێگای ئاماژەیە هاوڕیانێک کەوەک میوان لەکۆبوونەوەکەدا ئامادەبوون پەیوەست بونی خۆیان بەحزبەوە راگەیاند، هەروەها هاوڕێیانێکیش هەرلەوێدا ئامادەییان نیشاندا وەک میوانی کۆنگرەی داهاتوو ئامادەبن. کۆبوونەوەکە بەدوای ٤ کاتژمێر لەقەسە و باسو گۆڕینەوەی بیروڕا، سەرکەوتوانە کۆتایی بەکارەکانی خۆی هێنا.

دووەم… سمیناری خەسرەو سایە لە تۆرنتۆ: 

لەچوارچێوەی سەردانەکەی هاوڕێ خەسرەو سایەدا، ڕێکخراوی کەنەدای کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان ئێوارە کۆڕێکی لەژێر ناوونیشانی ” کوردستانی عێراق؛ دەورەیەکی نوێ لەخەباتی چینایەتی” دوای نیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٦/٢/٢٠٢٠ لە شاری تۆرنتۆ/کەنەدا سازدا.

کۆڕەکە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و کۆمۆنیست و ڕازاندنەوەی سەکۆی کۆڕەکە بە پەیکەرێکی گەورەی مارکس کە لەلایەن هونەرمەندی کۆمۆنیست ” کاوان قادر” ەوە دروستکراوبوو، بەڕێوە چوو.

ئاراس ڕەشید وەک ڕێکخەری ئێوارە کۆڕەکە دوای بەخێرهاتنی ئامادەبوان، سەرخەتی باسی سمینارەکەی پێشکەش کرد کە بریتیبوون لە :(باس لە دۆخی سیاسی و ئابووری و دەوری جوڵانەوە کۆمەڵایەتیەکان و جێگاو ڕێگای دەسەڵات و حزبەکان لەپەیوەند بەدۆخی ناوچەکە، هەروەها باس لەداهاتووی کوردستان و ئەڵتەرناتیڤەکان. ڕۆڵی خۆپیشاندانەکانی عێراق بەسەر کوردستان).

هاوڕێ خەسرەو دوای خۆشحالی دەربڕینی خۆی بە بینینی دووبارەی زۆرێک لە هاوڕێیانی دێرینی کە لەم ئێوارە کۆڕەدا ئامادەبوون دەستیکرد بەباسەکەی. پاشان ئاماژەی بەزۆر گۆشەو و لایەنی هەلومەرجی سیاسی کوردستان و عێراق کرد، لەوانە کاریگەریەکانی دۆخی ناوچەکە و ڕاپەڕینی جەماوەری لەسەر هەرێمـی کوردستان، ئینجا ڕووداوەکانی دوای ١٦ ئۆکتۆبەر و شکستی ستراتیژی ئابوری سەربەخۆ و پێلێڕاکێشانی بۆرژوازی کورد لە پەیوەندیەکانیدا لەگەڵ بەغدا وپاشان دەستبردن بۆ دەورەیەکیتر لەهەڵبژاردن وپێکهینانی کابینەی حکومەت وەک وەڵامێک هەم بۆ ئیلحاقکردنەوەی کوردستان بەدەوڵەتی عیراقەوە، و هەم بۆ یەکخستنی ڕیزەکانی بۆرژوازی کورد وحزبەکانی بەدەوری خۆبەستنەوە بەسیاسەت و ئابوری بەغداو راگەیاندنی یەکڕیزی بەرامبەر بەخەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستان لەژیر ناوی “چاکسازیدا”، ولێرەشەوە جێگا و ڕێگای حزبەکان و بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکان… هەموو ئەم گۆڕانکاریانەش دەورەیەکی تازەی خەباتی چینایەتیان هێناوەتە کایەوە کەتێیدا لەلایەک بۆرژوازی کوردی لەئاست پەیوەندیەکانی لەگەڵ بەغدادا، ڕووبەڕووی بنبەستێکی سیاسی کردۆتەوە، بەتایبەتی کەڕاپەڕینی شارەکانی عێراق، قەیرانی حکومەتی لەبەغدای قوڵکردۆتەوە، و ئەحزابی بۆرژوازی کوردی لەچاوەڕوانی و ترس لەپەڕینەوەی ڕاپەرینی جەماوەریدا راگرتووە. وەلەلایەکی ترەوە فرسەتێکی تازەی بۆ کۆمۆنیزم وجەماوەری کرێکارو زەحمەتکێش هێناوەتە کایەوە تا خەباتی خۆیان بۆ بەدیهنانی داخوازیەکانیان لەدەوری ئامانجی وەلانانی دەسەڵاتی چەندین ساڵەی حزبە بۆرژواز ناسیونالیستەکان بهێننە مەیدانەوە…

بەدوای پشوویەکی کورت ماوە درا بەئامادەبوان بۆ دانی سەرنج و پێشنیار و پرسیارەکانیان کەبەهۆیەوە ئاوڕی لەچەندین لایەنی بارودۆخەکەدایەوە وقسەوباسی کۆڕەکەی گەرمتر کرد. ئەمەش فرسەتیدا بەهاوڕێ خەسرەو تا ڕۆشنایی زیاتر بخاتەسەر باسەکە ولەئاکامدا سەرنجی ئامادەبوان بۆ هاوخەباتی و پشتیوانیکردن لەخەباتی سەربەخۆی جەماوەر و خواستەکانیان رابکێشی. کۆڕەکە بەدوای زیاتر لە ٣ کاتژمێر قسەوباس و ڕاگۆڕینەوە لەکەش و هەوایەکی ئازادانەدا سەرکەوتوانە کۆتایی هات.

ڕێکخراوی کەنەدای حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان

١٨/٢/٢٠٢٠

 

About hkkk

Check Also

کەلێنی نێوان قسە و کردار …

مەنسوور حیکمەت وەرگێڕان: حەمە غەفور خوێندنەوە: کاوان قادر کلیکی بەشەکان بکە بۆ گویبیستی بابەتەکە  بەشی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *