Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 له‌ به‌شی خواری خواره‌وه‌ ده‌ست پێ بكه‌، ئه‌ی پرۆفیسۆر!
له‌ به‌شی خواری خواره‌وه‌ ده‌ست پێ بكه‌، ئه‌ی پرۆفیسۆر!

له‌ به‌شی خواری خواره‌وه‌ ده‌ست پێ بكه‌، ئه‌ی پرۆفیسۆر!

 جه‌مال موحسین
٧ ی دیسێمبه‌ری ٢٠١٧

هاوین گه‌رمه‌ و زستان سارد، كێشه‌ نییه‌. كڕێوه‌یه‌ یا قرچه‌قرچی گه‌رما، گرنگ نییه‌. بێكارانێك و نه‌دارانێك كه‌ هیچ شتێ ژیانیان دابین ناكات ئه‌بێ پاڵ به‌ عه‌ره‌بانه‌كانیانه‌وه‌ بنێن، سندوقه‌ شڕه‌كانیان دانێن، پارچه‌ قوماشه‌ پڕتوكاوه‌كه‌یان دانێن و سه‌وزه‌ و میوه‌ و گیا و به‌رهه‌مه‌ كێویه‌كانی كه‌ به‌ چنگه‌كڕێ وه‌ده‌ستیان هێناوه‌ له‌سه‌ریان دایبنێن تا به‌ ساغكردنه‌وه‌یان پولێكی كه‌م بكه‌ن به‌ نان و بیبه‌نه‌وه‌ بۆ ده‌می مناڵه‌ زه‌رنه‌قوته‌ئاساكانیان، یان بیكه‌ن به‌ پوش و به‌ده‌وریاندا بیته‌نن. خۆ ئه‌وان خۆیان زۆر باش ئه‌زانن دیمه‌نی پڕ مه‌شه‌قه‌ت و چه‌رمه‌سه‌ری ئه‌وان تابلۆیه‌كی ته‌ڵخه‌ و له‌ ته‌نیشت تابلۆی زێڕینی پۆرش و لیمۆزین و فه‌رشی ئاوریشمین و ته‌لاری ڕازاوه‌ به‌ كریستاڵی ئه‌ڵماسی و تامدارترین خواردنی چینی ده‌سه‌ڵاتداردا دانراوه‌. چ گاله‌رییه‌كی پیس و ته‌ڵخه‌ كوردستان؟! جوانی جێی خۆی داوه‌ به‌ ناشرینی و پیسیش بووه‌ به‌ تاج. هه‌رچی پێی ئه‌ووترێ پرۆفیسۆر و فه‌یله‌سوف و له‌سه‌ری سه‌ره‌وه‌ دانراوه‌ قاوغێكی بۆشه‌ و ئه‌وه‌شی ڕووته‌ڵه‌یه‌كی كه‌لـله‌ وشك و ڕه‌شهه‌ڵاتووه‌ به‌رپرستین مرۆڤه‌.
له‌ سه‌رده‌می شێخ جه‌عفه‌ره‌وه‌ بگره‌ (كاتی به‌عس كه‌ كه‌س نازانێ هه‌ڤاڵ چی بووه‌ لایان) تا سالار عه‌زیزی دۆست و ئه‌ندامی باڵای بزووتنه‌وه‌كه‌ی ئه‌م هه‌ڤاڵه‌ و تا چه‌ندین ناوی تر بژمێرین هه‌مووتان یه‌ك بوون له‌به‌رامبه‌ر چینی هه‌ژار و نه‌داردا.
ئێستا هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر كه‌ دالێكی زۆر گه‌وره‌ی به‌ پێش خۆیه‌وه‌ ناوه‌، له‌ ده‌سه‌ڵاتدا دانیشتووه‌ و سه‌ر به‌ تابلۆی دووه‌مه‌. به‌ڵام ئه‌م بۆیه‌ هه‌یه‌ چونكه‌ تابلۆی یه‌كه‌میش هه‌یه‌. پێكهاته‌كانی تابلۆی یه‌كه‌م تاوانبارن چونكه‌ جوانی شار تێك ئه‌ده‌ن، چونكه‌ به‌ قسه‌ی ده‌سه‌ڵات ناكه‌ن و بچن به‌ شێوه‌یه‌كی باشتر و جوانتر و ئازادتر هێزی كاریان بفرۆشن. ئایا ئه‌گه‌ر ئه‌م به‌شه‌ له‌ به‌شه‌ری چه‌وساوه‌ نه‌بوونایه‌، هه‌رگیز گه‌لۆرێكی وه‌ك هه‌ڤاڵ ئه‌یتوانی له‌لایه‌ك فه‌رمانی شكاندنی عه‌ره‌بانه‌كانیان ده‌ربكات و له‌لایه‌ك گاڵته‌ به‌ سه‌رمابرده‌ڵه‌یی جه‌ماوه‌ری بێبه‌ش بكات و له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ قڕقێنه‌كه‌ی به‌ ئایه‌تێكی قورئانی بداته‌وه‌؟! ئه‌ها چ سیستمێكی چینایه‌تیه‌ ئه‌م پۆخڵه‌ی كردووه‌ به‌ پایه‌دار؟!
مه‌سه‌له‌كه‌ له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌، گه‌ر كه‌سێك له‌سه‌ر كورسیه‌ك دانه‌نیشتایه‌ تا پاره‌ و پڕۆژه‌ و كۆمپانیاكای شار بۆ خاوه‌نه‌كانیان بپارێزێ، هه‌رگیز كه‌سانێك كه‌ ژیانیان دابین و مه‌یسه‌ر نه‌بووه‌ و بێپاره‌ و پولن، ئاوها بێده‌سه‌ڵات نه‌ئه‌بوون.
مێژوو پێویستی به‌ گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كی زۆر نییه‌ بۆ دواوه‌ تا نیشانی بدا كه‌ گۆڕانی حزبه‌كه‌ی ئه‌م لاله‌ ئیسلامیه‌ ڕێك به‌سه‌ر دڵ و جه‌رگی مناڵانی ده‌ستفرۆشدا سه‌ركه‌وت تا بگاته‌ كابینه‌ی حكومه‌ته‌ هاوبه‌شه‌كه‌ له‌گه‌ڵ گه‌لوگورگی دیكه‌دا. شاگه‌شكه‌ بوون له‌ جۆلانه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا هه‌میشه‌ ئه‌م په‌ڕ و ئه‌و په‌ڕی پێكردوون. ئه‌مانه‌ وان، تا له‌ناو هه‌یكه‌له‌ی ده‌سه‌ڵاتدان ئه‌مبه‌ر و ئه‌وبه‌ر، ئه‌مسه‌ر و ئه‌وسه‌ر ئه‌كه‌ن و جیاوازیه‌ ڕووكه‌شیه‌كه‌ی هیچ گرنگیه‌كی نییه‌ و هه‌مووشی بۆ پاراستنی ئاخوڕه‌كه‌یانه‌. به‌ڵام كه‌سانی برسی و ڕه‌شوڕووت و بێخانه‌ولانه‌ له‌ دژی دۆستی پێشووتری خۆیان هه‌ڵئه‌خه‌ڵه‌تێنن. زۆر ڕه‌شیدن ده‌نگی ئه‌م جه‌ماوه‌ره‌ بۆ خۆیان به‌رن. كاتێكیش گڵۆڵه‌یان ئه‌كه‌وێته‌ لێژی ئیتر ده‌سته‌وئه‌ژنۆ كڕنووش بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ ئه‌به‌ن كه‌ ڕۆژانێك عه‌ره‌بانه‌كانیانیان شكاند، خانوه‌ له‌ له‌وح دروستكراوه‌كانیانیان ڕووخاند. مه‌منونی نینۆكی په‌نجه‌ پێی مناڵه‌كانی هه‌ژاران ئه‌بن شه‌فاعه‌تێكیان بۆ بكه‌ن.
ئه‌ها پرۆفیسۆری گه‌لۆر، كه‌ له‌ خواری خواره‌وه‌ ده‌ستت پێكردووه‌ چۆن پیسی خۆتت نیشان داوه‌؟!
ئه‌تكه‌م به‌ قوربانی سێو و هه‌نارێكی فلیقاوه‌ی ده‌ستگێڕه‌ شه‌ریفه‌كانی شار، هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كری محافز!

About hkkk

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*