Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 له‌ ١٤ ی ته‌موزدا له‌گه‌ڵ هه‌موو كرێكاران و زه‌حمه‌تكێشان و ئازادیخوازانیان بوو!
له‌ ١٤ ی ته‌موزدا له‌گه‌ڵ هه‌موو كرێكاران و زه‌حمه‌تكێشان و ئازادیخوازانیان بوو!

له‌ ١٤ ی ته‌موزدا له‌گه‌ڵ هه‌موو كرێكاران و زه‌حمه‌تكێشان و ئازادیخوازانیان بوو!

جه‌مال موحسین
٨ ی ته‌موز، ٢٠١٨

مێژوویه‌كی دوور نییه‌ كه‌ كۆمه‌ڵێك كۆمۆنیستی خوێنگه‌رمی خه‌باتكاری جه‌سور له‌ شه‌قامی ناو شاری سلێمانی گولـله باران كران.
ئه‌و هاوڕێیانه‌ی گیانیان به‌خشی و كۆمۆنیسته‌كان مه‌ترسیدار بوون. ئه‌وان له‌ وه‌ته‌ری هه‌ستیاری كۆمه‌ڵگایان ئه‌دا. كاتێك زۆرینه‌ی كۆمه‌ڵگا خۆشخه‌یاڵییان هه‌بوو به‌ حزبه‌كانی كوردایه‌تی و پێیان وابوو كه‌ بۆرژوازی كورد ڕزگاركه‌ری خه‌ڵكی هه‌ژار و نه‌دارن، كۆمۆنیسته‌كان ئاڵایه‌كی سووری ”نا” یان به‌ ڕووی ئه‌واندا به‌رزكردبۆوه‌. هاوكاتیش ئاڵای ڕێكخستنی كرێكاران و زه‌حمه‌تكێشان و هه‌ر ده‌نگێكی ئازادیخواز و داكۆكیكار له‌ مافه‌كان و یه‌كسانی ژنانیان به‌رزكردبۆوه‌.
بوونی كۆمۆنیسته‌كان له‌ كوردستان بۆنی هه‌ستان و شۆڕشی كرێكاران و چه‌وساوانی دابوو به‌ كۆمه‌ڵگا. ژنێك هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆری له‌سه‌ر بووایه‌، ئه‌یانووت بڕۆ بۆ لای كۆمۆنیسته‌كان و ئه‌تپارێزن. كرێكار كه‌ كرێكه‌ی پێ نه‌ئه‌درا، حه‌وافز و قازانجی ساڵانه‌ی بۆ حساب نه‌ئه‌كرا، ئاواره‌یه‌كی زه‌حمه‌تكێش كه‌ ئارد و نان و خۆراكی مناڵه‌كه‌ی ئه‌كه‌وته‌ ده‌ست ”نوێنه‌رانی” مافیاكانی كوردایه‌تی و بازرگانیان پێوه‌ ئه‌كرد، له‌گه‌ڵ كۆمۆنیسته‌كان و به‌ ڕابه‌رایه‌تی ئه‌مان به‌ شوێن داوا و مافه‌كانیه‌وه‌ بوون.
كه‌ كرێكار ئه‌یویست خۆی ڕێكبخات، ڕووی ئه‌كرده‌ كۆمۆنیسته‌كان. كه‌ خه‌ڵكی هه‌ژار و بێكار ئه‌یویست له‌ دژی نه‌هامه‌تیه‌كانی ده‌نگ هه‌ڵبڕێ چاوی له‌ كۆمۆنیسته‌كان ئه‌بڕی خاوه‌ن و ڕابه‌رایه‌تیكه‌ری ئه‌و ده‌نگه‌ بێ. له‌ هه‌ر شوێنێك ببینرایه‌ منداڵێك بێمافی و توندوتیژی و چه‌وسانه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر ئه‌كرێ، باس له‌وه‌ ئه‌كرا كه‌ ته‌نها كۆمۆنیسته‌كان ئه‌توانن و ئه‌بێ ئه‌م واقعه‌ تاڵه‌ بگۆڕن… هتد.
باس له‌ یه‌كسانی ژن و پیاو و مافی جه‌ماوه‌ری كوردستان بۆ ده‌نگدان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ عێراقی عروبی بن یان كوردستان سه‌ربه‌خۆ بكه‌ن وابه‌سته‌ بوو به‌ كۆمۆنیسته‌كان. ده‌ستفرۆشانێك كه‌ بێزار بوون له‌ قڵیشانی ده‌ستیان به‌ سه‌رمای زستان و سووتانی ڕووخساریان به‌ گه‌رمای هاوین بۆ جوڵه‌ی ناڕه‌زایه‌تی خۆیان بۆ دابینكردنی شوێنێك كاری تیا بكه‌ن و بژێوی خۆیان و خێزانیان به‌ده‌ستبهێنن، خۆیان گرێدابۆوه‌ به‌ ڕاوه‌ستاوی و ئازایه‌تی كۆمۆنیسته‌كانه‌وه‌.

هاوڕێیانی گیانبه‌ختكردووی ١٤ ی ته‌موز خه‌باتكارێكی ماندوونه‌ناسی وه‌ڵامدانه‌وه‌ به‌ هه‌موو ئه‌و بێمافیانه‌ بوون كه‌ چین و توێژه‌ زه‌حمه‌تكێش و ده‌سته‌نگه‌كانی كۆمه‌ڵگا پێوه‌ی ئه‌یاننڵاند. ئه‌وان بوون كه‌ به‌ هیچ جۆرێك چاویان نه‌ئه‌پۆشی له‌به‌رامبه‌ر به‌ نایه‌كسانی و نه‌بوونی ئازادی و ژیانی كوله‌مه‌رگیدا.
بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگی كرێكارانی ناوه‌ند و بواره‌ جیاجیاكان خامۆش بكا، بۆ ئه‌وه‌ی زه‌حمه‌تكێشان و ده‌ستفرۆشان و ده‌سته‌نگان خه‌فه‌ بكا، بۆ ئه‌وه‌ی مامۆستایان و خانه‌نشینان و كارمه‌ندان بێده‌نگ بكا، بۆ ئه‌وه‌ی ژنان سڕ و تاساوتر ته‌سلیم به‌ توندوتیژی و مه‌رگی شێنه‌یی ڕۆژانه‌ و بگره‌ تیرۆری ناموسی بكا، بۆرژوازی كورد ئه‌بوا له‌ سه‌ری ڕمه‌كه‌وه‌ ده‌ست پێ بكا، سه‌ری ماره‌كه‌ پان بكاته‌وه‌!
بۆیه‌ به‌ نه‌خشه‌وه‌ و به‌ هاوكاری ده‌وڵه‌تێكی كۆنه‌په‌رستی وه‌ك كۆماری ئیسلامی ئێران و بۆ جێبه‌جێكردنی مه‌رامه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی به‌عسی فاشی، ئه‌بوایه‌، هه‌ر ئه‌بوایه‌ له‌ كۆمۆنیسته‌كانی بكوشتایه‌ و پاشه‌كشه‌ی پێ بكردنایه‌.
ئه‌وان له‌ ١٤ی ته‌موزدا، كه‌ له‌ چه‌ند ڕۆژ له‌وه‌و به‌ریشه‌وه‌ گه‌مارۆی باره‌گاكانی حزبی كۆمۆنیستی كرێكارییان دابوو و نان و خواردن و ئاو و كاره‌با و هێڵی ته‌له‌فونیان بڕی بوو، هات و ئه‌و گورزه‌ كوشنده‌یه‌یان وه‌شاند.
كوشتنی ٥ كۆمۆنیستی جه‌سور له‌ناوجه‌رگه‌ی شاردا بۆ چاوترساندنی ئۆردویه‌ك له‌ كارگه‌ر و ده‌سته‌نگ و زه‌حمه‌تكێش و ئازادیخواز و یه‌كسانیخواز بوو. له‌و ڕۆژه‌وه‌ی كه‌ ئه‌و هاوڕێیانه‌یان تیرۆر كردووه‌، ده‌نگی ده‌ستفرۆشیان كپتر كردووه‌، كرێكاریان خامۆشتر و ئازادیخوازان و ژنانیان تاساوتر كردووه‌، له‌وه‌ش زیاتر ژماره‌ی ژنانی كوژرواویان زیاتر و زیاتر كردووه‌.
بۆیه‌ له‌ كوشتنی ٥ كۆمۆنیستدا ته‌نها له‌گه‌ڵ ئه‌و ٥ ده‌نگه‌ ڕاسایه‌یان نه‌بووه‌، ته‌نها له‌گه‌ڵ باره‌گاكانی حزبی كۆمۆنیستی كرێكاری و كادر و هه‌ڵسوڕاوه‌كانی ئه‌و حزبه‌یان نه‌بووه‌. له‌و ڕۆژه‌وه‌ باشتر بۆیان چۆته‌ سه‌ر. سه‌ركوتكردنی ناڕه‌زایه‌تی كرێكاران و زه‌حمه‌كتێشان و خانه‌نشینان و مامۆستایان و كارمه‌ندان پته‌وتر بووه‌.
یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و سه‌ركردایه‌تیه‌كه‌ی ئه‌و كاتی ئه‌وه‌یان ویست و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یان بوو كه‌ ئیتر باس له‌و شتانه‌ نه‌كرێ. ئه‌وان ته‌نها مه‌سه‌له‌یان ئه‌وه‌ نه‌بوو چه‌ند كه‌س له‌ شاردا ئه‌كوژرێ. ئه‌وان مه‌به‌ستیان بوو ته‌واوی شار وه‌ك ئێستا تاریكستان و بێموچه‌ و ده‌ره‌تان بكرێ. گه‌ر به‌ كوشتنی ٥ كۆمۆنیست ئه‌م كاره‌ مه‌یسه‌ر ببێ، بۆچی بۆرژوازی ئه‌و كاره‌ نه‌كات و ده‌رفه‌تی خندانی ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تی و خۆڕێكستنی جه‌ماوه‌ری بێبه‌ش له‌ ده‌ست خۆی بدا؟!

About hkkk

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*