Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 له‌ یه‌كی شه‌ش ڕۆژی مناڵه‌‌ كوڵم ڕه‌شه‌كان، مناڵه‌ سكپڕه‌كاندا!

له‌ یه‌كی شه‌ش ڕۆژی مناڵه‌‌ كوڵم ڕه‌شه‌كان، مناڵه‌ سكپڕه‌كاندا!

جه‌مال موحسین
١ ی جونی ٢٠١٨

’’گه‌وره‌ترین دز ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ كاتی یاری مناڵان ئه‌دزێ!‘‘ بیڵ هه‌یوود *
’’زیاتر له‌ نیوه‌ی ته‌واوی مناڵانی دنیا له‌ژێر كاریگه‌ری ململانێكان و هه‌ژاری و هه‌ڵاواردندان‘‘ ڕێكخراوی مناڵپارێزی جیهانی**

هه‌رچه‌نده‌ كاره‌ساته‌كه‌ زۆر له‌وه‌ زیاتره‌ كه‌ ته‌نها ژماره‌كان له‌ ڕاپۆرته‌كاندا ببینرێن، به‌ڵام خودی ئه‌و ژمارانه‌ش ناخهه‌ژێنن! بهێننه‌ پێش چاوتان كه‌ به‌ پێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوی مناڵپارێز توندوتیژی و نایه‌كسانی و هه‌ڵاواردن و هه‌ژاری و برسێتی و نه‌خوێنده‌واری ژیانی منداڵی له‌ ١،٢ ملیار مناڵ له‌ جیهاندا دزیوه‌.
ئه‌گه‌ر بیانووتایه‌ چیرۆكێكی ترسناك یان فیلمێكی ترسناك بخوێننه‌وه‌ و ببینن كه‌ تیایدا مناڵان به‌ لێشاو لاقه‌ ئه‌كرێن و سكیان پڕ ئه‌كرێ، ئه‌كرێن به‌ هێزی چه‌كداری ئه‌م و ئه‌و لایه‌ن و گروپی ئاینی، توندوتیژیان به‌رامبه‌ر ئه‌كرێ و زیندانی ئه‌كرێن و كاریان پێ ئه‌كرێ و بازرگانی به‌ پارچه‌كانی جه‌سته‌یانه‌وه‌ ئه‌كرێ…هتد كێ زاتی ئه‌وه‌ی هه‌بوو بیخوێنێته‌وه‌ یان ته‌ماشای بكات؟! كه‌چی ئێستا گۆی زه‌وی بووه‌ به‌م فیلمه‌ ترسناكه‌. له‌ پاڵه‌ ده‌ستمانه‌وه‌، له‌ كۆڵانه‌كه‌ی خۆمان، له‌ گه‌ڕه‌ك و شاره‌كه‌نی خۆمان، له‌ وڵاته‌كه‌ی ته‌نیشتمان یان ئه‌وسه‌ری دنیا قیژه‌ی مناڵانی ژێر ئه‌م نه‌گتبه‌تیانه‌مان گوێ لێیه‌. دنیای سه‌رمایه‌ش كڕه‌، بگره‌ به‌ شانازیه‌وه‌ چه‌مكی ’’مه‌چه‌كه‌ بچووكه‌كان و قازانجه‌ گه‌وره‌كان‘‘ دائه‌هێنێ كه‌ كۆمپانیاكانی ماركه‌ ناوداره‌كان له‌مپه‌ڕی ئه‌مریكای لاتینه‌وه‌ تاكو ئاسیای دوور هێزی كاری مناڵان ئه‌كه‌ن به‌ قازانج و كه‌ڵه‌كه‌ی سه‌رمایه‌ بۆ خۆیان. چ جای بگات به‌ برسێتی و نه‌خۆشی و نه‌خوێنده‌واری كه‌ قوربانیه‌كانی به‌ لێشاوه‌. ڕێكخراوه‌كانی ’’مناڵپارێز و مرۆڤدۆست‘‘ یش چاوه‌ڕێن هه‌ر ساڵه‌ و داتا و ژماره‌ی زیاتر و جیاواز بخه‌نه‌ به‌رده‌م!

له‌ كوردستان و عێراقیش، مناڵان له‌ژێر كاریگه‌ری شه‌ڕ و پشێوی و ململانێدان. مناڵ ئه‌كرێ به‌ هێزی حه‌شدی شه‌عبی و داعش، موبه‌لیغی سیاسه‌تی كۆنه‌په‌رستانه‌ و كاندیده‌كانی ئه‌حزابه‌كان (به‌ كوردی و عه‌ره‌بیه‌وه‌)، مناڵانی زۆربه‌ی خه‌ڵكی كرێكار و زه‌حمه‌تكێش بازاڕ و بازاڕی كار شوێنیانه‌ نه‌ك قوتابخانه‌ و یاریگا، سیمای منداڵییان گۆڕاوه‌ به‌ سیمای پیری و خه‌مخۆری و بێئومێدی و داڕووخان. به‌رپرسی یه‌كه‌م و كۆتا ده‌سه‌ڵاتی چینه‌ داراكانه‌ له‌ كوردستان، ده‌سه‌ڵاتێك كه‌ نه‌ك ته‌نها باوك یان دایكێكی كارگه‌ری كردووه‌ به‌ كۆیله‌ی كرێ نه‌دراوه‌كه‌ی بگره‌ ته‌واوی خێزانه‌كه‌ی راپێچی كاركردن كردووه‌. نه‌ك ته‌نها دایك به‌رپرسی خستنه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێی هێزی كاره‌، بگره‌ ئه‌بێ هه‌ر له‌ مناڵیشه‌وه‌ ڕایبهێنێ (له‌ناچاریدا) كه‌ كرێكارێكی كۆیله‌ی كرێگرته‌ی باش و لێهاتوو بێ.
كاركردن و شه‌ڕ و پشێوی و قه‌یران و نه‌بوونی مافه‌كان و توندوتیژی خێزان و قوتابخانه‌ و كۆمه‌ڵگا نه‌ك ته‌نها كاتی یاری، بگره‌ ته‌واوی منداڵیی مناڵانی دزیوه‌. خه‌نده‌ جێی خۆی داوه‌ به‌ لێوقڵیشان، فرمێسكی قه‌تیسماوی ناو چاوی مناڵان له‌ كاری نووسینی ڕاپۆرت و كتێب و ڕۆمان ده‌رچووه‌.

مناڵانی سه‌رشه‌قامه‌كان، شاگردی ناوچه‌ پیشه‌سازیه‌كان و چێشتخانه‌ و چاخانه‌كان، مناڵانی سه‌ر كوڵم له‌ چه‌وریدا ڕه‌ش بوو، هه‌ر به‌ مناڵی ده‌ست شه‌قار بوو، مناڵانی ’’یاری لێدزراو‘‘ پێویستیان به‌ ڕۆژێك نییه‌ تیایدا پیرۆزباییان لێ بكرێ، پیرۆزبایی له‌ چی؟! ئه‌وان پێویستیان به‌ بزووتنه‌وه‌ی سۆشیالیستی چینی كرێكار هه‌یه‌، بزووتنه‌وه‌یه‌ك كه‌ سه‌ر له‌به‌ری سیستمی چه‌وسێنه‌ری سه‌رمایه‌ هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌. ته‌خت و تاراجی سیستمێك تێك بدات كه‌ یاری و پێكه‌نین و شادی مناڵانی فڕاندووه‌ و ‘’’هێزی كاری ماسولكه‌ی لاوازیان‘‘ سوود لێوه‌رئه‌گرێ بۆ قازانجی خۆی.

بیڵ هه‌یوود، ڕابه‌ری یه‌كێتی كرێكارانی پیشه‌سازی جیهان له‌ سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی پێشوودا
** سه‌رچاوه‌: ئیندیپێنده‌نتی به‌ریتانی

About hkkk

Check Also

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ هاوڕێ کاوە کەریم، بە بۆنەی ١٩ ساڵ تێپەربوون بەسەر ڕووداوی تیرۆریستی ١١ سێبتەمبەردا…

بۆپێشەوە: هێرشی تیرۆریستی و خۆکوژی ١١سێپتەمبەر… دنیای تەکاندا و بواری کردەوە تا ئەمریکا ملهوڕی و …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *