Home 6 بەڵگەنامەکان 6 لەبەڵگەنامە پەسەندکراوەکانی کۆنگرەی چوارەم

لەبەڵگەنامە پەسەندکراوەکانی کۆنگرەی چوارەم

ئاڵوگۆرە سیاسیەکانی ئەم دواییانەی عێراق‌و کوردستان و شەڕ بە دژی داعش وهێڵی سیاسیو پراتیکی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

روونکردنەوەیەکی  پێویست :

ئەم بەڵگەنامەیە کەلەلایەن کۆمیتەی ناوەندی حزبەوە لەسەر راسپاردەی کۆنگرەی چوارەمی حیزب ئامادەکراوە،ئاکامی قسەو باسی بەشداربوانی کۆنگرەبوو لەسەر بەڵگەنامەی “ئاڵوگۆڕە سیاسەکانی ئەم دواییانەی عێراق‌و کوردستان و پلاتفۆرمی هەر دوو حیزب..”  کە لە کۆنگرەدا بڕیاردرا لە سەر بنەمای سەرنج‌و تێبینی و پێشنیارەکان سەرلەنوێ ئەو بەڵگەنامەیە دابڕێژێتەوە. بەڵام ئەوەی پێویستە ئاماژەی پێبدەین بە هەڵە لەڕاگەیاندنی کۆتایی کۆنگرەدا نوسرابوو کە ئەو بەڵگەنامەیە لەلایەن کۆنگرەی چوارەوە پەسەندکراوە.

لەگەل کەوتنی شاری موسڵ بۆ ژێر دەستی داعش‌وگروپە چەکدارە ئیسلامی‌و ناسیۆنالیستە هاوکارەکانی، بارودۆخی سیاسی عیراق پێینایە قۆناغیکی تازەوە، کەخۆی لەگۆڕانێکی چۆنایەتی لەهاوکێشەی هێزی نێوان لایەنە دژ بەیەکەکانی ناو بارودۆخی سیاسی عێراق نیشان دەدات. قۆناغێکی تازە کەدەرگای ئاڵوگۆڕێکی سیاسی‌و کۆمەڵایەتی گەورەی خستۆتە سەرپشت‌ وبۆتەمایەی توندبوونەوەی ناکۆکیە سیاسیەکان‌و تێكچوونی لەرادەبەدەری بارودۆخی ئەمنی‌ولەگەڵ خۆشیدا کوێرەوەری‌وبێدەرەتانی بۆسەر خەڵکی عیراق زیادکردووە.

‌هەڵکشان‌وبەرجەستەبونی ڕۆڵی سەربازی‌و سیاسی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی(داعش) لە عێراق‌دا بەرەنجامی شکستی ستراتیژی سیاسی‌ ئەمریکاو رۆژئاوابوو لە جەنگی ناوخۆی سوریادا، کە ئامانجەکەی وەشاندنی گوزری کاریگەر بوو لە جێگاورێگای روسیاو چین وەکو دوو گەورەهێزی ئابوری-سیاسی لەئاستی جیهانیدا لەرێگای روخاندنی رژێمی سوریاو لە ئاکامی ئەویشەوە تەنگەبەرکردنەوەی نفوزی سیاسی ئێران وەکو یاریزانێکی ناوچەیی‌و هاوپەیمانی روسیاو چین‌. ئەم سیاسەتەشیان لەرێگای هاوکاریکردن‌و بەهێزکردنی رەوتە ئیسلامیەکانی دژ بە دەوڵەتی سوریا دەبردەپێشەوە کە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاو سعودیەو قەتەرەوە وەکو هاوپەیمانە ناوچەییەکانی رۆژواوە جێبەجێ دەکرا.

دروستبوون‌و گەشەکردنی(داعش)و گروپە تیرۆریستە ئیسلامیەکانی دیکەی ناوچەکەلەهەناوی قەیرانێکی خنکێنەرو لە کەشوهەوایەکی سیاسیدایە کەگشت هێزەکانی بۆرژواناسیونالیستی عەرەبی، لە هەوڵدان بۆ دابینکردنی سەقامگیری دەسەڵاتی بۆرژوازی‌وجێگیرکردنی سیستەمێکی دژە شۆڕشی بۆرژوازی لایەنگر بۆ ئەمریکاو ئەوروپا لەرۆژهەلاتی ناوەراستدا. ئەمەش بۆ خۆی قەیران و کارەساتێکە کەبەدوای هەلومەرجەکانی پاش شۆڕشەکانی تونس‌ومیسر، قوڵتربۆتەوە.

ئەوەی ئیستا لەئارادایە هەوڵێکە بە ئاراستەی بەئەنجام گەیاندنی گۆرانکاری لەعیراقدا بە ئامانجی قەرەبووکردنەوەی شکستی ئەمریکا لەسوریا‌و جێگیرکردنی دەوری هاوپەیمانە ناوچەییەکانیەتی.بەمجۆرەش ئاڵوگۆرەکانی ئەم دواییانەی عێراق دەرگایەکی تازە لەبەردەم دەستێوەردان‌و کایەی سیاسی ئەمریکاو هاوپەیمانە ناوچەییەکانی دەکاتەوە، بۆ گۆرانکاری تازە لەهاوکێشە سیاسیەکانی ناوچەکەدا.

هاوکیشە سیاسیەکان لەعێراق گۆڕانی بەسەرداهاتووە. لەگەڵ گۆرانکاریەکانی ئەمدوایانەدا کێشمەکێشی نێوان هیزە ئیسلامی‌و قەومیەکان‌و ئەوانەی بوونەتە هاوپەیمانی داعش، لەسەر

دەسەلات‌و دابەشکردنی سامان، گۆڕدراوە بۆ قۆناغیکی تازە کەناتوانرێ بۆسەردەمانی پێشوو بگێردرێتەوە.بەم پێیەش مەسەلەی ئەوەی کەچ لایەنێک لەڕەوتە سیاسیەکانی ئیسلامی سیاسی‌و ناسیونالیزمی عەرەبی دەسەلاتی عیراق بەدەستەوە دەگرێ، جێگایەکی سەرەکی لەو کێشمەکێشە سیاسیەدا گرتووە کەئیستا لەناوخۆی عێراقدا، بەشیوازێکی ئەوپەڕی خوێناوی‌وئاڵۆز بەرێوەدەچێ‌وکۆمەڵگای لەبەردەم هەڵدێرێکی سیاسی‌و ئەمنی مەترسیداردا راگرتووە.ئەم قۆناغە تازەیە نەک تەنها بەم گۆرانکاریانەوە، بەڵکو بەبالادەستی کۆنەپەرستی سیاسی‌و سەربازی‌وهەمەگیربوونی کێشمەکێشەکانی نیوان هێزە جیاوازە بۆرژوازیە ئیسلامی‌و قەومیەکانیش دەناسرێتەوە.

رەوتەکانی ئیسلامی سیاسی  شیعە و حکومەتەکەی، لە گەڵ ئەم ئاڵوگۆرە تازانەدا، دەستیانداوەتە سوود وەرگرتن لە بارودۆخەکە بۆ میلیتاریزەکردنی کۆمەڵگە و توندوتیژکردنەوەی رەوەندی سەرکوتگەرانەو خنکاندنی زیاتری ئازادیەکان و جێگیرکردنی کۆنترۆلی میلیشیا چەکدارەکانی، هەروەها بە سیاسەت و کردەوەکانی هەردەم ئاگری تایفەگەری و رقوکینەی نەتەوەیی خۆش دەکەن. لەوبەریشەوە دەرکەوتنی داعش لەچەقی رووداوەکانی ئەم دواییانەدا وەک هێزێکی کاریگەری ئیسلامی سیاسی سونە، هەموو ئەو سنورانەی سڕیەوە کەپێشتر لەگەڵ گروپ‌‌و تاقمە چەکدارەکانی تری ئەم ناوچانەداهەیبوو وە وایان نیشان دەدا نوێنەرایەتی بەرژەوەندی دانیشتوانی ئەم ناوچانە دەکەن لەبەرامبەر سەرکوتگەریەکانی حکومەتی مالیکیدا.

لەگەڵ ئاڵوگۆرەکانی ئەمدوایانەدا، عێراق پێی ناوەتە قۆناغیکی تازەوەو چەندین مەسەلەو گرفتی تازە زیادبووە بۆ گرفت‌و کێشە کۆنەکان‌وهەموو بەدیلە بۆرژوازیەکان لەیەکەمیانەوە بۆ ئاخریان ڕەشو تاریکن.ڕیزەکانی چینی بۆرژوازی پەرشوبڵاوە‌ودەسەڵادارانیش گیرۆدەی قەیرانن‌وبێتوانان لەدۆزینەوەی ڕێگاچارەیەک بۆ ئەو قەیرانەی کەعێراق‌وناوچەکە لەگەڵیدا دەژی.کوردستانیشبوەتە مەیدانێکی شەڕی نێودەوڵەتی و ناوچەیی دژ بەداعش . دەور و سیاسەتی یەکێتی و پارتی وەک هەمیشە پاشکۆیەتی سیاسەتی باڵادەستی ئەمریکا ویاریکردن لەسەر پەتی شەڕی دوو قوتبی نێوان دەوڵەتەکانی ناوچەکەیە.ناسیونالیزمی کوردوحزبە دەسەڵاتدارەکانی ئەم بزوتنەوەیە، بەتایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەمەنتقی بەرژەوەندیەکانیانەوە چوونەتە نێو ئەم دۆخەوە.ئەم هێزانە بەمەبەستی سود وەرگرتن‌ وەکو فرسەتێک بۆ بەدیهینانی بەرژەوەندیە نەتەوەیی‌وحزبیەکانیان‌وبۆ فراوانکردنەوەی پێگەی دەسەلات‌و سەرچاوەی دارایی خۆیان‌، بۆ ڕاکێشانی خەڵکی کوردستان بەدوای ئاسۆو سیاسەت‌و ستراتیژوبۆ برەودان بە خۆشباوەڕی لەنیو دانیشتوانی کوردستاندا سەبارەت بەوەی کەکێشەی ناوچە لەسەرەکان بەقازانجی خەڵک کۆتایی پێدێنن، دەخاڵەتیان لەم دۆخەدا کرد.

ئیسلامی سیاسیش لە کوردستان خۆی بەهاوبەشی ستراتیژی دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسلامی و خەلافەتەکەی دەزانێ بەڵام هاوسەنگی هێز و بەرژەوەندیە سیاسیەکانی بەشداری لە حکومەتی هەرێمدا ڕێگای ئەم هەڵبژاردنەی لێ بەرتەسک کردۆتەوە کە لە پێش لە ١١سێپتەمبەری ٢٠٠١دا بۆ پشتیوانی تیرۆریزمی ئیسلامی گرتبویەبەر.هەربۆیە هەمیشە وەک خەتەری داعشی نوستو لە کوردستان لەئارادایە.

لە دۆخێکی ئاوادا هیچ ڕێگایەک لەبەردەم چینی کرێکارو کۆمۆنیستەکان‌وجەماوەری بێبەش‌و سەرجەم ئازادیخوازاندا نەماوەتەوە، جگەلەوەی جڵەوی دەستپێشخەری بەدەستەوە بگرن‌و کاربکەن بۆ بەهێزکردنی ڕیزی خەباتیان بۆ کۆتاییهێنان بەم بنبەستەی ئیستاوداسەپاندنی پاشەکشەیەک بەسەر گشت هێزەکانی بۆرژوازی‌ بە ئیسلامی‌وناسیۆنالیستیەوە، کەخۆیان بەسەر جەماوەردا داسەپاندووە.

بەدیلیحزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان ‌وڕیگاچارەی بۆ گشت گرفتەکان‌و کوێرەوەریەکانی جەماوەرودامەزراندنی کۆمەڵگایەکی ئازادو یەکسانو ئارام، بریتیەلە پەرەدان بەخەباتی ڕزگاریخوازانە‌ویەکگرتوانەی چینی کرێکار لەعێراق‌وکوردستان، بۆ کۆتاییهێنان بەدەسەڵات‌و باڵادەستی رەوتە جۆراوجۆرەکانی بۆرژوازی‌ودامەزراندنی حکومەتی کرێکاری.چینی کرێکارو جەماوەری بێبەشی عێراق‌و کوردستان هیچ دوژمنایەتیەکیان لەگەڵیەکدا نییە، بەڵکو لەدەرەوەی ناسنامەی دروستکراوی نەتەوەیی‌و دینیان، یەک چارەنوس‌ویەک بەرژەوەندییان هەیە؛ ئەویش لەهاوپشتی‌ویەکگرتوویی ڕیزەکانی خەباتیاندایە.بەڵام لەئێستاداو لە جەرگەی شەڕ دژی دەوڵەتی ئیسلامی(داعش)دا حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان هەوڵەکانی دەخاتەگەڕ بۆ بەرێخستنی بزوتنەوەیەکی سیاسی جەماوەریی چەکداری بۆ بەرەنگاربوونەوەو تێكشکاندنی داعش‌ بە هاوکاری لەگەڵ حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق‌و سەرجەم هێزە سیاسیە چەپ‌و کرێکاریەکان‌و جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێش‌و ئازادیخوازی عێراق‌و سەرەنجام جێگیرکردنی سەرکەوتن بەسەر داعشدا لەبەرژەوەندی ئازادی‌و خۆشگوزەرانی‌و دەستبەربوونی مافە سەرەتاییەکانی جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێشی کوردستان‌و عەمەلیکردنەوەی ئیرادەی سیاسی و دەسەڵاتی شۆرشگێرانەی خۆیان.

بەرەنگاری‌و شەڕ لەدژی داعش لە کوردستانی سوریاو بەتایبەتی لە کوبانی نمونەیەکی سەرکەوتوی لە سیاسەتی پشتبەستن بەبەرگری جەماوەری و شەڕ دژی دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسی نیشان داوەو وەکو ئەزمونێکی سیاسی لە هۆش‌و بیرکردنەوەو میزاجی خەڵکی کوردستان‌و ناوچەکەدا جێگای گرتوە.پەسەندکردنی مەرسومی مافەکانی ژنان لە کانتۆنی جەزیرە وەکو بەرهەمێکی بەرەنگاری جەماوەری‌و نەخشی ژنان لەو بەرەنگاریەدا رەسمیەتی دا بە تایبەتمەندی ئازادیخوازانەی ئەو بەرگریە جەماوەریە . پشتیوانیەکیجیهانیش کە خەڵک‌و جەنگی بەرگری ژنان‌و پیاوانی کوبانی کرا نیشانەی ئامادەیی بەرەی ئازادیخوازی دنیایە بۆ راوەستان لەپاڵ هەر بزوتنەوەیەکی چەکدرای جەماوەری بە دژی داعش‌و تیرۆریزمی ئیسلامی‌و ئەم بەدیلە فاشیستیەی ئیسلامی سیاسی.

لەبەر ڕۆشنایی هەموو ئەوانەی خرانەڕوو، حزبی کۆمۆنستی کرێکاری کوردستان بەرامبەر بەدۆخی ئێستا، هەلدەستێ بەپەیرەویکردن لەم سیاسەت‌و هەنگاوانەی خوارەوە. بێگومان کردنی ئەم سیاسەتە گشتیانە بەنەخشەیەکی عەمەلی کامڵ‌ودەرکێشانی سیاسەت‌و تاکتیکی دیاریکراو بۆ قۆناغی ئیستای خەباتی شۆڕشگێرانە، لەچوارچێوەی ئاراستە گشتیەکاندا دەبێت بەرووی دۆخی ئێستادا:

١/  حزبی کۆمۆنستی کرێکاری تێکشکاندنی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) بە یەکێك لە ئامانجە سیاسیەکانی خۆی دەزانێت بە ئاقاری دابینکردنی ئازادی‌و ئارامی‌و خۆشگوزەرانی بۆ خەڵکی کوردستان. لەو روەوە کارکردن بۆ بەرێخستن‌و پێکهێنانی هێزی بەرگری جەماوەری لەژنان‌و پیاوانی ئازادیخوازو یەکسانیخواز بۆ بەرەنگاربوونەوەو جەنگ لە دژی داعش بە ئەرکی سەرەکی ئەم دەورەیەی خۆی دەزانێت‌.لەو روەوە جەنگی بەرەنگاری خەڵکی کوبانی‌و سەرکەوتنیان بەسەر داعشدا وەکو ئەزمونێکی سەرکەوتووی بەرگری جەماوەری‌و شۆرشگێڕانە تەماشادەکات‌ کە هەوڵ دەدات بۆ دوبارەکردنەوەی لە جەنگی دژی داعش لە کوردستان‌و عێراقدا.

٢/ ڕیسواکردن‌و ناساندنی هەر دەوڵەت‌و لایەنێکی سیاسی کەپشتیوانی لەداعش‌ دەکات یان بەندوبەستی سیاسی لەگەڵ دەکات، وەکو دوژمنی خەڵکی کوردستان‌و عێراق‌و ناوچەکەو دوژمنی مرۆڤایەتی بەشێوەیەکی گشتی.هەوڵدان بۆ هەڵخڕاندنی هێزی جەماوەری لەدژیان‌‌و پاشەکشەپێکردن‌و شکستپێهێنانیان. بەرپەچدانەوەوراوەستانەوە بەڕووی دەستێوەردانیووڵاتانی ناوچەکەو دەوڵەتانی ئیمپریالیست‌‌و پەیمانی ناتۆ لە کوردستان‌و عێراق‌، ریسواکردنی سیاسەتی

سازشکارانەو بەرژەوەندخوازانەو جەنگی ناشێلگیرانەیان لەدژی داعش‌و درێژکردنەوەی بارودۆخی کارەساتباری عێراق و ناوچەکە بەمەبەستی جێبەجێبوونی سیاسەت‌و بەرژەوەندیەکانی خۆیان، لەرێگای هەڵخڕاندن‌و بەرێخستنی بزوتنەوەی جەماوەری لەسەر ئاستی کوردستان‌و ناوچەکەو جیهاندا بەهاوپشتی لەگەڵ بزوتنەوەی کرێکاری‌و هێزولایەنە چەپ‌و پێشکەوتوخوازەکان.

٣/ خەباتێکی سیاسی جەماوەری لەشارەکانی کوردستان بەڕێ دەخا دژ بە بنەماکانی دەسەڵات و دەستور و یاساکان و تاوانەکانی دەوڵەتی ئیسلامی داعش دژ بە خەڵکی کوردستان و عێراق و سوریا و دژ بە ژنان و پەیرەوانی ئاینەکانی تر و سەرجەم ناوچەکە. حزب ئەم خەباتە ئاراستە دەکا بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسایانەی لە شەریعەتی ئیسلامەوە سەرچاوەیان گرتوە،لابردنی هەموو کاریگەریەکانی ئاینی ئیسلام‌و ئاینەکان بەسەر سیستەمی خوێندنەوە.زیادکردنی مادەکانی یەکسانی ژن و پیاو و مافە سەرەتایی و جیهانیەکانی مرۆڤ لە خوێندن و پەروەردەدا…تاد.

٤/ ڕاوەستانەوە لە بەرامبەر هەوڵەکانی داعشی نوستو و ئیسلامی سیاسی لە کوردستان کە هاوکاری سیاسی و مەعنەوی داعش و ئامانجە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی دەکا و ڕێگەگرتن لە مەلا و ناوەندە ئیسلامیەکان لە هاندان و توندوتیژی دژ بە مافە مەدەنیەکانی خەلکی کوردستان.

٥/ خەباتی پەیگیرانە دەکەین لەدژی ئاگری رقەبەری‌ودوژمانکارانەی قەومی، کەلەلایەن حزب‌و ڕەوتە ناسیونالیستەکانی کوردو عەرەبەوە دەبزوێندرێ.حزبی کۆمۆنیستی کریکاری تیدەکۆشێ وبازنگەوازدەکات بۆ دابینکردنی فراوانترین پەیوەندی خەباتکارانەی نیوان چینی کرێکارو جەماوەری زەحمەتکێشی کوردستان‌وعێراق، لەپێناو بەرژەوەندی‌و چارەنوسی هاوبەشیان‌وسنورکێشانیان لەگەڵ ڕەوتە بۆرژوا ناسیونالیستەکاندا.

٦/ خەبات دژی سەپاندنی فەزای جەنگی بەسەر کۆمەڵگەداو میلیتاریزەکردنی لەبەرژەوەندی هێزەکانی دەسەڵات لەعێراق و کوردستاندا، رێکخستنی نارەزایەتیە جەماوەریەکان بەرووی سیاسەتە جەنگی و ئیجرائاتە سەرکوتگەرانەکانی دەسەڵات لە عێراق و کوردستان و پێشێلکردنی ماف وئازادیە سیاسی و مەدەنیەکان‌و هێرش بۆسەر ئاستی ژیان‌و گوزەرانیان بەبیانوی جەنگەوە.

٧/هەوڵدان بۆ بەرێخستنی بزوتنەوەیەکی سیکولاریستی بە مەبەستی پشتیوانی لە خەبات و شەڕی رزگاریخوازانەی جەماوەری دژی دەولەتی ئیسلامی داعش و سیاسەت و تاوانەکانی دژ بە خەڵکی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و دژ بە مرۆڤایەتی‌و کۆمەك کردن بە بەهێزکردنی سکولاریزم  و جیاکردنەوەی دین لەدەوڵەت لە کوردستان و ناوچەکەدا.

٨/ حزب هەڵدەستێ بەفریاکەوتنی ئاوارەو زیانلیکەوتوانی ئەو ناوچانەی کەگیرۆدەی جەنگن‌و گەیاندنی کۆمەک پێیان‌وبەرپەچدانەوەی هەر دەنگ‌و کردەوەیەکی شۆڤێنیستانەی قەومی‌وتیرەگەری کە لەمامەلەکردن لەگەڵ ئاوارەکاندا بەکاردەبرێت.

٩/ خەباتی بەردەوام بۆ جیاکردنەوەی ریزەکانی کریکاران‌وزەحمەتکێشان لەنفوزی رەوتە قەومی‌و ئیسلامی‌وتایەفەگەریەکان‌وڕزگارکردنیان لە ئاسۆی سیاسی ئەم هێزانە.ڕیسواکردنی سیاسەتە بۆرژواییەکان لەچەشنی “بەرگری لەنیشتیمان” کەلەلایەن ڕەوتەکانی ئیسلامی سیاسی

شیعەوە بانگەشەی بۆدەکرێ. ریسواکردنی پڕوپاگەندەی ناسیونالیزمی کوردو حزبە دەسەڵاتدارەکان بۆ گەیشتن بەتموحەکانیان سەبارەت بەوەی کەروداوەکانی ئێستا هەلکەوتنی “فرسەتێکە”.هەروەها ئاشکراکردنی بەرژەوەندیە شاراوەکانی ناسیونالیزمی عەرەبی‌و ئیسلامی سیاسی سونەگەرا، کەلەژێر پەردەی بەرگریکردن لەزوڵم‌و بەرژەوەندیەکانی خەڵکی ناوچە سوننیەکاندا کەئیستا گیرۆدەی جەنگن، دەخرێتە روو.

١٠/ کارکردن بۆ بەهێزکردن‌و یەکگرتووکردنی خەباتی چینی کرێکارو کۆمۆنیستەکان لەئاست ناوچەکەو ڕۆژهەلاتی ناوەراست‌وکردنی بەهێزیکی کاریگەر بەئاراستەی سەپاندنی پاشەکشە بەسەر قوتبە ناوچەیی‌و ئیمپریالیستیەکانداوشکستپێهێنانی نەخشەو سیاسەت‌و ستراتیژیە کۆنەپەرستیەکانیان لەئاست عێراق‌وناوچەکەدا.

کارکردنی هاوبەش لەگەڵ حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراقدا لەشەڕی دژی داعشدا و بۆ پاراستنی ڕیزی ئەنتەرناسیونالی وهاوخەباتی کرێکاران و ئازادیخوازانی عێراق و کوردستان دژ بە شەڕی قەومی و مەزهەبی هێزە ناسیونالیست و ئیسلامیەکان.

ئێمە بانگەوازی چینی کریکار، کۆمۆنیستەکان‌و سۆسیالیستەکان، چەپ‌و ئازادیخوازو ئینسان دۆستانی جیهان دەکەین بۆ هاوپشتیکردن لەگەل خەباتی چینی کرێکارو زەحمەتکێشان‌وهەردووحزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق‌وکوردستان، بۆ رزگارکردنی عێراق‌وکوردستان لەم تەنگانەیەی ئێستاوبۆ بەدیهێنانی ئازادی‌و یەکسانی‌و دواڕۆژێکی باشتر.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

کانونی دووەمی ٢٠١٥

About hkkk

Check Also

هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان پەیامێك بۆ پاکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگا له ‌ڤایرۆسی ناسیۆنالیزم ونه‌ته‌وه‌چێتی! …

دوێنێ سێشەممە ٢٣/٧/٢٠١٩ گۆڕێکی بە کۆمەڵ هەڵدرایەوە لە پارێزگای سەماوە کە تەرمی دەیان ژن و …