Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 لەپێشوازی ٨ مارسدا …

لەپێشوازی ٨ مارسدا …

عەبدوڵا مەحمود

ئەمساڵ لەکاتێکدا پێشوازی لە هەشتی مارس ڕۆژی نەفرەت لە هەڵاواردنی رەگەزی دەکەین، کە هەر چەند رۆژ پێش ئێستا هەواڵی دەستدریژی سیکسی چەند کەسێک بۆسەر کچێکی ٨ ساڵان، ویژدانی هەموو ئینسانێکی خاوەن ویژدانی هەژاند. وە هەر مانگێک لەوەپیش مەلا مەزهەر لەسەر سوکایەتی بەژنان راپێچی بەردەم دادگا کرا… مەلا هەڵۆ سوکایەتی بەزوربەی هەرەزۆری کۆمەڵگە کرد و سفور بوونی ژنانی دایە بەر رمی کۆنەپەرستی ئیسلامی و لە لێدوانێکی تازەشیدا دەڵێت” پەیمانگای هونەرە جوانەکان شوێنی لەشفرۆشی و سۆزانیەکانە”. چەند مانگ لەوە بەر فتوای ئەنجومەنی زانایانی ئیسلامی  هاتووچۆی ژنانی بە بەتەکسی و بەتەنها یاساغ کرد.. بەر لەوەش لیژنەی فتوا فتوایدا کە مناڵی بلورین کارێکی نەشیاو ناحەڵاڵە… یەکگرتووی ئیسلامیش هەر چەند رۆژ بەر لەئیستا دەیان ژنی حجاب پۆش کرد و بەرگی باڵاپۆشی و تاجی زێر!! لەسەرنانی ژنانی، بەشێوەی ئیخوانی و فۆرمی ئەردۆغانی نمایش کرد. کارێکی شانۆی لەکەلار مەلاکان و ئەوقافی شیتگیر دەکەن و سکاڵایی یاسایی تۆمار دەکەن و  سوکایەتی و تۆمەت بەخشینەوەشیان بەردەوامە. رۆژانەش لە میدیاو ماس میدیاکان و سۆشیال میدیا و لەمینبەری مزگەوتەکانەوە گوێ بیستی غەزەبی مەلاکان بۆسەر مافەکانی ژنان و بەتایبەتیش مافە فەردی و مەدەنیەکانیان دەبین… ئەمانە تائێرە تەنها گۆشەیەکە لە هێرشی بەردەوامی کۆنەپەرستی ئیسلامی و مەلاکان و رەوتە ئیسلامیەکان بۆسەر ژنان بەتایبەتی و هەموو سیماو دیاردەیەکی مەدەنی کۆمەڵگە بەگشتی.

لایەنێکی تر ئەوەیە کە رۆژ نییە هەواڵی توندوتیژی بەژنان، لەسوکایەتی و لێدانەوە تا ناچارکردنی ژنان بۆدەستبردن بۆخۆکوژی و خۆسوتاندن، یان هەواڵی تیرۆرکردنیان نەبیسترێت. بەهۆی خراپی باری ئابوری و گوشارەکانی، تادێت پشێوی نێوان خێزانەکان پەرە دەسەنێت و رادەی جیابوونەوە بەرەو هەڵکشان دەچێت. بەهەمان هۆکاری نەبوونی و گرانی، باندەکانی لەشفرۆشی زیاد دەکەن.

دەسەڵاتی سیاسی و حکومەت و پەرلەمانەکەی کە پشتبەستوون بەسەرچاوەکانی شەرع و قورعان، ریگەیان داوە دەیان یاسای زاخاوکراو بە ئیسلام بسەپینن و لەناو پەرلەمانەوە مۆر بدەن لە فرەژنی و بەیاسایی بکەن.

بەڵێ لە کاتێکدا بەرەو هەشتی مارس هەنگاو دەنێین…. کە مەلاکان و رەوتە ئیسلامیەکان، بە پالپشتی حزبەکانی دەسەڵات و حزبە ئۆپۆزیسیۆنە دەستگرتوەکان بە کۆنەپەرستی ئیسلامیەوە، لەهێرش بۆسەر ژنان و ئازادیخوازی بەردەوامن و رۆژانەش شاشەی تەلەفزیۆنەکانیان و بەرنامەو تەوەرەکانیان مەلایەک و کۆنەپەرستێکی ئیسلامی بانگهێشت دەکەن و مینبەریان دەخەنە بەردەست… بەکورتییەکەی دەسەڵات و ئۆپۆزیسۆنی بۆرژوازی بە قەومی و ئیسلامیەکەیەوە، لەهێرش بۆسەر ژنان و مافەکانیان و هەر سیمایەکی ئازادیخوازانە بەردەوامن، بەڵام ئەمانە هەموو واقعیەتی کۆمەڵگەی کوردستان بەیان ناکەن، بەڵکو تەنها لایەنێکی پێش چاو دەخەن… لایەنێکی قێزەون و ناشیرین. لایەنێکی تر لە واقعیەتی سیاسی کۆمەڵایەتی کوردستاندا، وەستانەوەی ئۆردوی ئازادیخوازی و بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنانە، بەرووی هیرشی دەسەڵات و ئیسلامیەکان و مەلاکان و میدیای تاسەر مۆخ کۆنەپەرست و یاساو فتوا ئیسلامیەکان و وەستانەوەیە بەرووی بۆگەناوی ئەو مەلایانەی عادەتیان بە سوکایەتی و جنیوفرۆشیەوە گرتووە. چەندە دزێوی دەسەڵات و ئیسلامیەکان ومەلاکان و دیوی و قێزەونی و فەرهەنگێکی کۆنەپەرستانەی لەکۆمەڵگەدا دەخاتە روو، ئاواش وەستانەوەی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان و ئۆردوی ئازادیخوازی بۆ بەرگری لە ماف و ئازادییەکانی ژنان و سیماو روخسارێکی هەرە جوانی ناو کۆمەڵگەی کوردستانە… وە لەبنەرەتیشدا ململانیی نیوان دوو بزوتنەوەی کۆمەڵایەتی جیاوازو دژ بەیەکە. بزوتنەوەی چەپ و سکۆلاریزم و ئازادیخوازی لەلایەک و بزوتنەوەی کۆنەپەرستی ئیسلامی بەپشتیوانی دەسەڵات لەلایەکی ترەوە.

ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و هەموو ئەو رێکخراو و کۆرو کۆمەڵە ئازادیخوازانەی کە خوازیاری یەکسانی نیوان ژن و پیاو مافە فەردی و مەدەنیەکانی ژنان و کۆمەڵگەن، ئەرکیانە هەشتی مارس بەشایستەیەکی گەورەوە بەرز رابگرن و شەپۆلی وەستانەوە بەرووی کۆنەپەرستیدا بەرینتر و فراوانتر بکەنەوە. گوشارەکانیان لە رێگای کاری رێکخراو و جەماوەری و مەیدانی و بەکردەوەوە، بۆسەر دەسەڵات زیاد بکەن و ناچار بە پاشەکشە و مل دان بە مافەکانی ژنانیان بکەن و هاوکاتیش دەستی ئیسلامیەکان و کۆنەپەرستی لەسەر کۆمەڵگە کورت بکەنەوە. کاتی ئەوە هاتووە ژنان و پیاوانی چەپ و کۆمۆنیست و ئازادیخواز هەر کەسێکی پیشکەوتنخواز کە باوەری بە یەکسانی بێ ئەم لاوی ژنان و پیاوانە، ریکخراوەیەکی جەماوەری سەربەخۆ بۆبەرگری لە ژنان و مافەکانیان، دەست بۆببەن و هاوکات میدیایەکی کارای تیژ و بەرگریکار لە مافەکانی ژنان بەدەستەوە بگرن و کە هەمیشە ئامادەی وەڵامدانەوەی سوکایەتی و بێرێزی مەلاو بانگخوازان، وەزارەتی ئەوقاف و لیژنەی فتوا و یاساو ریسا دژە ژنەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنە پوچە دژە ژنەکان و میدیا سەراپا کۆنەپەرستەکانیان بداتەوەو کۆمەڵگە لە مەترسی کۆرۆنای ئیسلامی و داعشی بپارێزن.

خواستی دادگاییکردنی ئاشکراو عادلانەی دەستدرێژی سیکسی بۆسەر کچە ٨ ساڵانەکە، جیاکردنەوەی دین لە دەسەڵات، ئازادی دینداری و بی دینی، یەکسانی یاسایی ژنان و پیاوان، لیپرسینەوە لەوانەی سوکایەتی بە ژنان  ومافەکانیان دەکەن… سەرەکیترین ئەو خواستانەن کەپێویستە بەسەر دەسەڵاتدا بسەپێنرێن.

تێبینی: ئەم بابەتە لە ژمارە ٧٠ی بەرواری ١/٣/٢٠٢٠ دا بڵاوبۆتەوە

About hkkk

Check Also

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ هاوڕێ کاوە کەریم، بە بۆنەی ١٩ ساڵ تێپەربوون بەسەر ڕووداوی تیرۆریستی ١١ سێبتەمبەردا…

بۆپێشەوە: هێرشی تیرۆریستی و خۆکوژی ١١سێپتەمبەر… دنیای تەکاندا و بواری کردەوە تا ئەمریکا ملهوڕی و …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *