Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6   لەگۆشەیەکی ترەوە, گۆڕان لەم دۆخەدا چی لە پارتی دەوێت…؟!

  لەگۆشەیەکی ترەوە, گۆڕان لەم دۆخەدا چی لە پارتی دەوێت…؟!

 

دوای چەند مانگ لە سیناریۆی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و سەرکەوتنی چاوەڕێ نەکراوی پارتی لە لایەن نەیارەکانی یەوەو، هەوڵە پیلانگێرانەکانیان بۆ پێکهێنانی حکومەت بەسەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، و جێگۆرکێ لە پۆستەکانی پارتی و بنەماڵەی بارزانی، یەکسەر هەموw لایەنەکان، بەتایبەتی گۆڕان، کەوتنە خۆشحاڵی دەربڕین و هەڵپەی دیدارو گفتوگۆ لەگەڵ سەرانی پارتی و بنەماڵەی بارزانیدا.

جا بۆ زویر نەبوونی سەرانی پارتی و بارزانی بەناوی ڕێکخەری گشتیانەوە نامەیەکیان ئاراستەی ڕیزەکانی ڕێکخستنیان و میدیاکانیان کرد کە کەس لێدوان دژی پارتی و بنەماڵەی بارزانی نەدات لەم قۆناغە هەستیارەدا.

ئەگەرچی هەندێک لە گۆڕانخوازەکان گومانیان خستە سەر ڕاستی ئەم نامەیە، بەڵام کۆبونەوەی شاندی سەرکردایەتی گۆڕان و پارتی و ڕاگەیاندنی ئاکامی کۆبونەوەکەو ڕێکەوتنیان لەم قۆناغە لەسەر ٣ خاڵ نەک هەر ئەو گومانەی ڕەواندەوە، بەڵکو مشتەکۆڵەیەکیشیاندا لەدەمی ئەو گۆڕانخوازانەی کە گومانیان خستبوە سەر نامەکە.

هەموو ئەم ڕوداوانەش لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ببوونە هەواڵی گەرمی دەزگاکانی ڕاگەیاندن و جێگای پرس و ڕای گشتی و، لە گۆشە نیگای جیاوازەو سەرنج و ڕایان لەبارەوە دەدا.

بەڵام پرسیاری سەرەکی لە نێو هەموو ئەم ڕوداو و پرسانەدا ئەوەیە ئاخۆ گۆڕان لەم دۆخەدا چی لە پارتی دەوێت…؟!

بۆ وەڵامی کورت و ڕۆشنی ئەم پرسیارە پێویست دەکات ئاوڕێک لە ڕابردوی پێگەی گۆڕان و هەراوهوریاو قیڕەقیڕی دەیگۆڕین دەیگۆڕین کە بۆ یەکەمجار لەسەر زاری ڕابەری ڕوحیانەوە کردیانە دروشم بۆ تەفرەدان و بەلاڕێدابردنی خواست و ناڕەزایەتییە بەرهەقەکانی جەماوەری ناڕازی لە دەسەڵاتی بنەماڵەیی و خێڵەکی و قەومی سەرکوتگەرو دزو گەندەڵی کوردایەتی بەسەرکردەیی پارتی و بارزانی.

دیارە هیچ گومان لەوەدا نییە کە بزوتنەوەی گۆڕان، وەک ئاماژەمان پێدا، بەهۆی ناڕەزایەتی قوڵی جەماوەر لە دەسەڵات کە لە شوباتی ٢٠١١ تا ڕادەی دروشمی کۆتایی پێهێنانی دەسەڵاتی میلیشایی ڕۆییشت، بوونە هێزێکی گەورەی سیاسی و کۆمەڵایەتی کاریگەر. ئەوەش بەهۆی خۆهەڵواسینیان لەگەڵ ناڕەزایەتییەکان و هاوکات بێ بەدیلی سیاسی و کۆمەڵایەتی جەماوەرو بەرەی ئازادیخوازو یەکسانیخوازەوە. وە لەژێر دروشم و خواستی دژی گەندەڵی و یەکخستنی هێزی میلیشایی ودەزگاکانی ئاساییش و ئیدارەو حکومەت و بە دامەزراوەیی کردنیان، بەرامبەر دەسەڵاتی پارتی و یەکیتی  قوت بوونەوە.

بەم شێوازە لە سیناریۆی هەڵبژاردنەکانی بەناو پەرلەمانی سێهەم و چوارەم توانیان ببنە خاوەنی ٢٤-٢٥ کورسی. یەکەمجار خۆیان وەک ئۆپۆزیسیون نیشان داو پاشان چونە ناو حکومەتی بنکە فراوانەکەی پارتی یەوەو کۆمەڵێک پۆستی پەرلەمانی حکومیان وەرگرت و هاوکات کەوتنە بەرنامە داڕشتن بۆ بەکردەوە دەرهێنانی نەخشەکانیان وەک لە بەرنامەی چاکسازییاندا هاتبوو.

بەڵام سەرەرای هەراو ئاژاوەو قیڕقیرو هاویشتنی بوتڵە ئاو لەنێو پەرلەمان تا گەیشتە دەرپەڕاندنی سەرۆکی پەرلەمانەکەیان وهەموو ئەندامان و وەزیرەکان و، تەنانەت بەڕیوەبەرەکانیشیان لە هەولێر، بەڵام پارتی ملی نەدا بە بەرنامە چاکسازییەکەیان. وە ڕۆڵی راوێژکارانەیان  لێوەرگرتنەوە. بەم شێوەیە هەموو دروشم و پلانەکانیان بوە بڵقی سەرئاو .

جا بە جیا لەوەی کە گۆڕان خۆیان چۆن لە نەخشەو پلان و دروشم و خواستەکانیان دەڕوانن کە گوایە لە قازانجی جەماوەری ناڕازیدا بووە، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا لە ڕوانگەی ئاسۆو ئامانجە چینایەتییەکانی جەماوەری ناڕازی و ئازادیخوازو یەکسانیخواز گۆڕان جگە لە ڕۆڵی ڕاوێژکاری بۆ پارتی وبارزانی هیچی تر نەبوو. ڕاستییەکەی هەر ئەو کات لە مانگی دوانزەی ٢٠١٢ لە نوسینێکدا بەناوی گۆڕان ڕۆڵی ڕاوێژکاری بارزانی دەبینێت لەسەر ئەو ڕۆڵ و پێگە سیاسییەیان ڕاوبۆچونی خۆماندا.

ئێستاش دوای هەموو ئەو ئاڵوگۆڕانەی لەسەر ئاستی سیاسی کوردستان و ناوچەکەو جیهان، و قوڵبونەوەی قەیرانەکان و، لاوازبوونی پێگەی ناسیونالیزمی کورد ڕویانداوە، هاوکات ڕۆڵ و پێگەی سیاسی گۆڕانیش زۆر لاواز بوەوەو، تەنانەت گەییشتونەتە بنبەستی سیاسی. ئەم ڕاستییەش بە نیسبەت گۆڕانەوە لە هەردوو هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و عیراقدا دەرکەوت.

جا بۆیە گۆڕان لەم دۆخەی ئێستادا ئەوەی لە پارتی و بارزانی دەوێت ئەوەیە کە ئامادەیە لە ڕۆڵی ڕاوێژکاری دەسەڵات، بە سەرکردایەتی پارتی وبارزانی، بێتە خوارەوە بۆ وەرگرتنی ڕۆڵی پاسەوانێکی دڵسۆزو بە ئەمەک.

هەروەها ئەم ڕاوبۆچونەش لەسەر ئەم پێگەو ڕۆڵەی گۆڕان بە ڕونی لەو ٣ خاڵەدا دیارە کە لەسەری ڕێککەوتون و داوای  یەک گوتاری کوردایەتی بەرامبەر دەسەڵاتی فیدرالی و، ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکوک، و یەکخستنەوەی ناو ماڵی کوردایەتی دەکەن. دیارە هەر بۆ ترش و خوێ کردنی ئەم ٣ خاڵە ئاماژەیەکیشیان بە باش کردنی گوزەرانی خەڵکی داوە.

بۆیە ئەگەر ئەمانە بەراورد بکەین لەگەڵ هەموو ئەو هەراو هوریاو قیڕە قیڕی دەیگۆڕین دەیگۆڕین و، پێشنیار کردنی چەندین نەخشەو پلان، وەک لە بەرنامەو دروشمەکانی هەڵبژاردنیاندا هاتوە، ئەوە دەسەلمێنێت کە ئیتر گۆڕان ئەو هێزە نییە ڕۆڵی ڕاوێژکاری دەسەڵاتی کوردایەتی ببینێتەوە، بەڵکو جگە لە پاسەوانێکی چالاک زیاتر هیچی تری لەبارا نەماوە.

بێگومان پارتی و بارزانیش بە خۆشحاڵییەوە ئەم داوایەی گۆڕان قەبوڵ دەکەن بە مەرجێک بەبێ هەراو هوریاو قیڕە قیڕ ئەگەر ئەم ڕۆڵە بگێڕن .

تێبینی: ئەم بابەتە لەبۆپێشەوەی ژمارە ٤٢ بەرواری ١٥/١٢/٢٠١٨ بڵاوبۆتەوە…

About hkkk

Check Also

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ هاوڕێ کاوە کەریم، بە بۆنەی ١٩ ساڵ تێپەربوون بەسەر ڕووداوی تیرۆریستی ١١ سێبتەمبەردا…

بۆپێشەوە: هێرشی تیرۆریستی و خۆکوژی ١١سێپتەمبەر… دنیای تەکاندا و بواری کردەوە تا ئەمریکا ملهوڕی و …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *