Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 لە پێنجەمین ساڵیادی جینۆسایدی خەڵکی شەنگال دا! …

لە پێنجەمین ساڵیادی جینۆسایدی خەڵکی شەنگال دا! …

عەبدوڵا مەحمود  …

٣ ئەم مانگە یادی پینجەمین ساڵیادی جینۆسایدی خەڵکی شەنگال و دەوروبەریەتی… پینجەمین ساڵیادی یەکێک لە گەورەترین تاوانی کۆمەڵکوژی هەزارەی سێهەمی هەسارەی سەر زەوییە، بەدەستی هیزێکی رەشی ئیسلامی محەمەدی… هیزیك کەدوای زیاتر لە چواردە سەدە، لەپەیدابوونی ئیسلام و داسەپاندنی دەسەڵاتی رەشەکەی، جارێکی تر لە ژینگەی ئامادەکراوی دەستی غەرب و ملهوری ئەمریکاو نۆکەرە ناوچەیی و لۆکاڵیەکانیدا،  سەری لە گۆڕ بەرزکردەوە و ویستی داسەپاندنی دەسەڵاتی ئیسلامی ڕاگەیاند. دوبارە داسەپاندنەوەی دەسەڵاتی ئیسلامی کردەوە بە پەیامی رۆژ و بە بەدەستەوەگرتنی ئایەتەکانی قورعان و خودا و فەرمودەکانی پەیامبەری ئیسلام، هیرشی هێناو گەورەترین تاوانی بەدژی ئینسان و مرۆڤایەتی بەگشتی وەرێخست…

داعش کاتێک هێرشی کردە سەر شاری موسڵ و چەندین ناوچەی تر لەماوەیەکی زۆر کەمدا توانی سوپای داوەشاوی حکومەتەکەی مالیکی راماڵێت… ئەو پێشرەیەی داعش تای نەتەوەپەرستی و دەمارگیری قەومی بردە سەرەوە، لە حزبە سیاسیەکانی بزوتنەوەی کوردایەتیەوە بۆ حزبە ئیسلامیەکان، کە هاوسۆزی داعش بوون، تا دەگاتە نووسەرە دەربارەکانی دەسەڵات و نوخبەی بەناو روناکبیری! کوردی… لەجەرگەی بیستن و بینیی هەزاران لاشەی لەخوێن هەڵکێشراوی عەرەب و کوردو مەسیحی و ئیزیدا، لە ناو ئاه و ناڵەی سەدان هەزار ئینسانی بێخانەو لانەکراو و ئاوارەدا…. خۆشحاڵی خۆیان بەسەرکەوتنی داعش دەردەبڕی. سەمای سەرکەوتنی کورد!!، و ئاهەنگیان بۆ دەستکەوتنی فرسەت وەرێخست. هەموویان وتیان فرسەتە، بارزانی مژدەی سەربەخۆی ڕاگەیاند.

کاتێکیش، داعش وەکو هێزی خوداو قورعان و جێبەجێکەری پەیامەکانی پەیامبەر… هێرشی کردە سەر شەنگال و ناوچەکانی دەوروبەری، هێزە زۆر زەوەندەکەی پارتی و حزبە هاوپەیمانەکانی، هاوشێوەی سوپای بودەڵەی مالیکی رایانکرد. و بەسەدان هەزار ئینسانیان بەدەستی بەستراوەوە بۆ جانەوەرانی ئیسلامی داعشی جێهێشت.

سەرانی بزوتنەوەی کوردایەتی و بەتایبەتیش پارتی، کە هەمیشە بە هێزی پێشمەرگە و زێرەڤانیەوە دەفشین، کاتێک هێزەکانی داعش پەلاماری شەنگال و دەوروبەریاندا، بێ هیچ بەرگرییەک رایانکردو بەسەدان هەزار ئینسانیان، بەدەستی بەستراوەوە بۆ دڕندەکانی ئیسلام جێهێشت. هێندە بێ شەرمانە رایانکرد، تەنانەت ئامادەنەبوون بەر لە ڕاکردنیان دانیشتوانی شارەکەو دەوروبەری ئاگادار بکەن، کە نایانەوێ یان ناتوانن بەرگری بکەن، تا لانی کەم خەڵک بیرێك لە خۆیان بکەنەوە یان بتوانن شار و شوێنی ژیانیان چۆڵ بکەن و کاریگەری ئەم کارەساتەو قوربانیەکانی کەم بکاتەوە. هەر ئەوەشە وادەکات گومان دروست بکات کە شەنگال لە مامەڵەیەکدا رادەست کراوە.

ئەو تاوانە کەم وێنە تەکاندەر و ویژدان هەژێنە گەورەیە، تا ئێستاشی لەگەڵ بێت، جگە لە ئاڵوگۆرێکی زۆر لاوەکی لە چەند پۆستێکی ئیداری کە پەنجەکانی دەستێک تەواو ناکەن، هیچ لێپرسینەوەو سزایەک، نەگەیشتە دەستی تۆمەتبارانی ئەم کۆمەڵکوژییە دڕندانەیە، بەتایبەتیش لە سلکی سەربازی و بەرگرییدا!! ئەوەش هێندەی تر ئەو راستیە دووپات دەکاتەوە، کە بریاری پشتی ئەو کارەساتە، بریاری سەرانی بزوتنەوەی کوردایەتی و پارتییە و سات و سەودایەکی پشت پەردەی پارتی لەگەڵ داعش بەئاشکرا بەیان دەکات. سات و سەودایەک کە ئەوکاتە بۆسەرانیان بۆتە نیعمەت، لەسەر لاشەی جینۆسایدی بەکۆمەڵ و ئیغتیسابی ژنان و کچان و بازارکردنەوەو مامەڵە پیکردنیان و ئاوارەیی بە کۆمەڵ و ئەو مەرگەساتەی هەرگیز ناتوانرێت لە بیربچێتەوە. ئەو راستیەش فەرامۆش  ناکرێت، کە تەواوی حزب و هێزەکانی تری بزوتنەوەی کوردایەتی و ئیسلامی، لە یەکێتییەوە، بۆ حزبی گۆڕان و سۆشیالیست و کۆمەڵ و یەکگگرتوو، هیرشی داعشیان بۆسەر خەڵکی شەنگال ئیدانە نەکرد، بەمەش نیشانیاندا، باکیان بە کوشتار و مەرگی بەکۆمەڵی خەڵکی نییە، پارتی هاوپەیمان و هاو خانەوادەیان و پەیوەندییەک کە ئەوان بە پارتی دەبەستێتەوە بە گەورەتر و گرنگتر لە گیانی قەسابی کراو گۆری بەکۆمەڵ و کرین و فرۆشتن بەژنانەوە، دەزانن… بەمەش بوونە هاوکار یان لایەنگر لەو پیلانە چەپەڵەی مەرگی هەزاران ئینسانی بەدوای خۆیدا هێناو برینێکی قوڵ و گەورەی ساڕێژ هەڵنەگری، لەدوای خۆی بەجێهێشت…

ئێستا کە ٥ هەمین ساڵیادی ئەو کارەساتەیە، هیشتا بەسەدان و هەزار کەس چارەنووسیان لەدەستی داعشدایە و بەسەدان ژن و کچ لای خەلیفەکانی داعشن، یان مامەڵەیان پێوەدەکرێت. هێشتا بەهەزاران کەسیان ئاوارەن و لەهەموو ئەوانەش واوتر برینی ئەم روداوە، لە قوڵایی روح و جەستەی هەموو ئینسانێکی بەئەمەک و ویژدان زیندوودا بۆ ئەبەد دەمێنێتەوە… سارێژکردنی ئەم زامە کەم دنیا دیووە، لە سەختی سەختر و لە ئەستەم ئەستەم ترە. کەچی جگە لەچەند رۆژ پێش و چەند رۆژ دوای ئەم بەروارە رەشە، ئەم مەرگەساتە لەبیرنەچووەوە، ئەحزابی دەسەڵات بەدەستی کوردستان و بەتایبەتیش پارتی، جگە لەهەندێک چالاکی فریودەرانەو بەرنامەی میدیایی، کارێکی تریان لە دەستوردا نییە، بۆ قوربانیانی ئەم رووداوە و قەرەبووکردنەوەیان… زۆرتر لەوەش ئەم کارەساتەش وەکو هەموو کارەسات و مەرگەساتەکانی تری وەکو کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و ئەنفال و… لەلایەن ئەحزبی سیاسی بزوتنەوەی کوردایەتیەوە وەکو سەرمایەی سیاسی بەدەستەوە دەگیرێت بۆ سات و سەوداو مامەڵە لەسەر کردن.

کارکردن و تیکۆشان بۆ رزگارکردنی ئەو ئینسانەی لەدەستی داعشدا ماون، بۆ رزگارکردنی ئاوارەکان و گێرانەوەیان، وە قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی ئەو کارەساتە و ئاوەدانکردنەوەی شەنگال و دەوربەری، کارێکی دەستبەجێیەو بەبێ کاری چروپڕ لەو زەمینانەدا، باسی بە جینۆساید ناساندنی ئەم مەرگەسات و کوشتارە بە کۆمەڵە، فریوکارییەکی ئاشکرایە.

دانیشتوانی شەنگال، لەلایەکەوە بەهۆی بوونی دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی و حزبەکانی، لەلایەن دەسەڵاتی ناوەندییەوە فەرامۆش کراون و بەو هۆیەوە شەنگال بە فەرمی سەر بە هەریمی کوردستان نییە، لەلایەن دەسەڵاتی سیاسی هەریمەوە، ئاوڕێکی جدی لێ نادرێتەوە. بەم شێوەیە دانیشتوانی شەنگال و دەوروبەری بەو زامە قوڵە کەم وێنەیەوە بوونەتە قوربانی ململانێی نیوان هەرێم و ناوەند، نێوان داعش و بزوتنەوەی کوردایەتی و هەرەشەی بەردەوامی دەوڵەتی تورکیا… بەم جۆرە ئاشی وردکردن و هارینی خەڵکی شەنگال و دەوروبەری بێ وەستان لەلایەن کۆمەڵێک هێزی دژە ئینسانیەوە، دەگەرێت. هەوڵدان بۆ رزگارکردنی شەنگال لەدەستی ئەو هەموو گورگە کەڵبە خوێناویانە، کاری تیکۆشەران و ئینسان گەلێکە کە ئینسان لایان بەنرخترین سەرمایەیەو، ماندونەناسی رزگاری ئینسانن بی لەبەرچاوگرتنی دین و مەزهەب و نەتەوە و ئینتیمای حزبی. خەڵکی شەنگال و دەوروبەری نابێ هیچ خۆشباوەریەکتان بە فریوکاری دەسەڵاتی ناوەند و هەرێم هەبێت. پێویستە قوڵی خەباتکارانەی لێ هەڵبماڵن و ئاسۆی رزگاری خۆیان و قەربووکردنەوەو ئایندەیەکی باشتر بەدەستی خۆیان، بە پشتیوانی هێزو لایەنی پیشکەوتنخوازو ئینسانی و دنیای بێدار بەپشت بەستن بەخۆیان بگرنە بەر. شەنگال، بەڵگەنامەی یەکێک لە گەورەترین تاوانی ئیسلام  و بزوتنەوەی کوردایەتی و پارتییە و لێخۆش بوون هەڵناگرێت و دەبێت، هەموو تۆمەتبارانی ئەم کارەساتە دوور یان نزیک لە دادگای نێودەوڵەتیدا، دادگایی بکرێن.

 کۆتایی تەموزی ٢٠١٩

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٥٧ بەرواری ١/٨/٢٠١٩ بڵاوکراوەتەوە

About hkkk

Check Also

 هەواڵی ناڕەزایەتییە کرێکاریی و جەماوەرییەکان ….

ئامادەکردنی: ئاراس ڕەشید مانگرتنی ٤ڕۆژەی ئەندازیارانی نەوت لە بەسڕە لە نامەیەکیاندا، ئەندازیارانی مانگرتوو دەڵێن” ئەمڕۆمان …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *