Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6   لە یادی ڕاپەریندا،کوردستان پێویستی بە جۆرێکی تر لە ڕاپەڕینە!…

  لە یادی ڕاپەریندا،کوردستان پێویستی بە جۆرێکی تر لە ڕاپەڕینە!…

ڕێبوار ئەحمەد…

٢٨ ساڵ لەمەبەر بە ڕاپەرینێکی جەماوەری دەسەڵاتی سەرکوتگەرانەی ڕژێمی فاشیستی بەعس لە هەموو شارەکانی کوردستان هەڵپێچرا. ئەوەی دەرفەتی بۆ ئەم ڕاپەرینە رەخساند، چونە سەری ئامادەیی خەباتکارانەی خەڵکی ستەمدیدەی کوردستان نەبوو لە دەوری سیاسەت و ئاسۆیەکی شۆڕشگێڕانە، بەڵکو شکستی سەربازی و لاوازبوونی ئەرکانەکانی دەسەڵاتی ڕژێمی بەعس بەدەستی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، ئەو دەرفەتەی ڕەخساند. ئاسۆی سیاسی زاڵ بەسەر ئەم ڕاپەڕینەدا، ئاسۆی ناسیۆنالیزمی کورد بوو. ناوەڕۆکی ئەم ئاسۆیە بریتی بوو لەوەی بۆرژوازی کورد ئەوەی بە بەشی خۆی دەزانی کە خوێن و شیلەی گیانی چینی کرێکار و جەماوەری زەحمەتکێشی کوردستان بمژێت، یان لانی کەم لەم خوێنمژینە لەگەڵ بورژوازی عەرەب شەریک بێتەوە. بورژوازی کورد دەیان ساڵ بوو هەوڵی بۆ ئەم ئامانجەی خۆی دەدا و ئەمەی ناونابوو “ئۆتۆنۆمی”. لەسەروبەری هێرشی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بۆ سەر رژێمی بەعس، سیاسەتی بورژوا-ناسیۆنالیستی کورد بوو بەوە کە “میللەتی کورد” و حزبەکانی لایەنگری سیاسەتی جەنگخوازی و ملهوڕی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بن، تەنانەت کڵاوەکانی سەریان بەدەستەوە بگرن و تا ئەتوانن بۆ لەبەیک و ستایشی جۆرج بوش و شوارسکۆف و موشەک و فڕۆکەکانی ئەمریکا، فڕێ بدەنە ئاسمان، تاوەکو لە چوارچێوەی کردەوەیەکی سەربازیدا کە هەموو کۆمەڵگەی عێراق نابوت دەکرد و ژێرخانی ئابوری ئەم کۆمەڵگەیە لەگەڵ زەوی تەخت دەکرد، هەروەها کوشتارگایەکی گەورەی دەخوڵقاند و ڕوباری خوێن لە کوشتاری بەکۆمەڵی منداڵ و گەنج و پیر، ژن و پیاو بەڕێ دەخست، هاوکات ڕژێمی بەعسیشی لاوازدەکرد(هەڵبەت ئەوەندەش لاواز نا کە بڕوخێت) و بوار دەکردەوە بۆ ئەوەی بۆرژوازی کورد بە مەرامە دێرینەکەی خۆی بگات. لە یەک رستەدا ناوەڕۆکی ئاسۆ و سیاسەتێک کە ناسیۆنالیزمی کورد گرتیەبەر بۆ گەیشتنی خۆی بە کورسی دەسەڵاتی سیاسی کە ناوی نابوو “رزگاری میللەتی کورد” کەوتە گرەوی کوشتاری بەکۆمەڵ و نابوتکردنی ماڵ و حاڵی ‘میللەتی عەرەب” ەوە.

بەم پێیە لە کاتێکدا کە ملهوڕی و عەسکەرتاریەتی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ئارامی و ئاسایشیان لە هەموو دنیا تێکدابوو، بەم بۆنەیەشەوە سەرجەم سیاسەت و کارکردیان جێگای نەفرەتی هەموو هێز و بزوتنەوە کرێکاری و پێشکەتوانە و ئازادیخوازەکانی دنیا بوو، بەڵام لەسایەی خۆگرێدانەوەی حزبە ناسیۆنالیستە کوردەکان بەو بەربەریەتەی ئەمریکاوە، هەروەها بەهۆی باڵکێشانی ئاسۆی سیاسی ئەم حزبانە بەسەر کۆمەڵگەدا، بە پێچەوانەی هەموو دنیاوە لە کوردستاندا لە جیاتی نەفرەت، هوتاف بۆ بەربەریەت و ملهوڕی و عەسکەرتاریەتی ئەمریکا و جۆرج بوشی تاوانکار دەکێشرا.

ڕاپەرینی ئازاری ١٩٩١ لەم بەستەرە سیاسیەوە سەریهەڵدا و ڕێچکەی گرت و چووە پێشەوە و هەر ئەمەش خەسڵەتی سیاسی ئەو ڕاپەڕینەی دیاریکرد. واتە هەر لە ڕوانگەی ئەم ئاسۆیەوە ئامانجی ڕاپەڕینیش لە باڵاترین و ڕادیکالترین ئاستی خۆیدا بەوە وێناکرا کە؛ بریتیە لە کردنەدەرەوەی دامودەزگاکانی ڕژێمی بەعس و گێڕانەوەی دەسەڵات و بەڕێوەبردنی شار و ناوچەکانی کوردستان بۆ دەستی حزبە بۆرژوا-ناسیۆنالیستە کوردەکان و سەرانی بزووتنەوەی کوردایەتی، کە گوایە ئەوان نوێنەرایەتی بەرژەوەندی باڵای هەموو گەلی کورد دەکەن و بەم جۆرە ئازادی و خێروخۆشی باڵ بەسەر کوردستاندا دەکێشێ. بۆرژوا-ناسیۆنالیستی کورد بۆ بەدەستهێنانی مافی مژینی خوێن و شیلەی گیانی کرێکاران و زەحمەتکێشانی کورد، کەڵکی لەو ستەمە میللیە وەرگرت کە دەیان ساڵ بوو لەلایەن ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراقەوە دژی خەڵکی کوردزمان پیادە دەکرا. بۆرژوازی کورد وای نیشان دەدا کە بە گێڕانەوەی دەسەڵات و بەڕێوەبردنی کوردستان بۆ دەستی خۆی، ئیتر هەموو ستەم و نەهامەتی خەڵکی کوردستان کۆتایی دێت. هەڵبەت دوای ڕاماڵینی دەسەڵاتی بەعس لە کوردستان، لانی کەم لەو ناوچانەی لەژێردەستی بەعس نەمابوو، ئەو ستەم و سەرکوت و کوشتارەی پەیوەندی بە ستەمی میللیەوە هەبوو کۆتایی هات، بەڵام ستەم و چەوسانەوەی چینایەتی و مەحرومیەت و بێدەرەتانی نەک هەر کۆتایی نەهات و تەنانەت کەمیش نەبوەوە، بەڵکو قوڵتر بوەوە و پەرەی سەند.

پاش ڕاماڵینی دەسەڵاتی بەعس لە کوردستان، وە لەکاتێکدا کە ڕژێمی بەعس لەژێرگوشارێکی گەورەی جیهانیدا بوو، لەوکاتەشدا بۆرژوا-ناسیۆنالیستی کورد خۆی شەتەکدابوو لەگەڵ سیاسەتی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، بۆیە لەو هێزهاوسەنگیەدا ئاستی چاوەڕوانیەکانی چووە سەرەوە. بۆیە لەو دەرفەتەدا ئەلگۆی بورژوازی کورد بۆ شەریکبونەوە لە دەسەڵاتی سیاسی لە ئۆتۆنۆمیەوە گۆڕا بۆ “فیدراڵیزمی قەومی”. رێگای دەستەبەرکردنیشی هەر وەکو دەیان ساڵی رابردوو بە سات و سەودا لەگەڵ رژێمی فاشیستی بەعس دیاریکرا. بێگومان ئەمە بە مانای ئەوە نییە کە جگە لەم ئاسۆ و بەدیلە هیچ سیاسەت و بەدیلێکی تر نەهاتبێتە ئاراوە، بەڵکو واتای ئەوەیە کە؛ یەکەم/ ئەمە ئاسۆ و سیاسەت و ئەلتەرناتیوی باڵادەست بوو کە حوکمڕانی بەسەر ڕاپەریندا دەکرد. وە دووەم/ هیچ ئاسۆیەکی رۆشنی دیکەی جیاواز لە ئاستی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا نوێنەرایەتی نەکرا، کە لە ڕیشەوە هەموو ئەم ئاسۆ و ئەلتەرناتیوە ناسیۆنالیستیە چاولەدەستەی ملهوری و عەسکەرتاریەتی ئەمریکا ڕەت بکاتەوە و سیاسەت و تاکتیکی شۆڕشگێڕانەی سەربەخۆ بگرێتە پێش.

لە ئاکامی ڕاپەڕیندا خەڵکی کوردستان لە دەسەڵاتی سەرکوتگەرانەی رژیمی فاسیستی بەعس رزگاریان بوو، بەڵام بە گشتی بارودۆخی ماف و ژیانیان لە هەموو ڕویەکەوە نەک هەر باشتر نەبوو بەڵکو نوقمی جۆرەها کارەسات بوو. سەرکوتی بەعس نەما، بەڵام زۆرەملێ و سەرەنێزەی میلیشیایی حزبە چەکدارەکان جێگای گرتەوە، نیشانەیەک لە ژیانی مەدەنی بە پێوە نەما و خەڵکی کوردستان لەناو ماڵی خۆیاندا بۆ چەندین ساڵ بوون بە ئاوارە و بە کۆمەکی ڕێکخراوە فریاگوزاریەکان ژیانی مەمرەومەژێیان درێژەپێدەدا. سەرکوتی بە عس کۆتایهات، بەڵام سەرەتایترین مافە سیاسی و مەدەنیەکانی خەڵک کران بە گاڵتەجاڕ و هەمان یاسا کۆنەپەرستانەکانی بەعس لە جێگای خۆیان مانەوە و بوون بە پێوانەی مافە فەردی و مەدەنیەکانی خەڵک، ئەو کوشتار و ئاپارتایدە دژی ژنەی بە بەهانەی پیسی ناموسپەرەستی و حەملەی ئیمانی لەلایەن بەعسەوە بەرپاکرابوو، نەک هەر کەم نەبوەوە بگرە زۆر پەرەی سەند و گەیشتە ئاستی تیرۆر و ڕەشەکوژی فراوانی ژنان. سەرکوتی بەعس نەما هەرچەندە دەسەڵاتی میلیشیایی حزبە کوردیەکان توانای ئەوەی نەبووهەمان ئاست لە سەرکوتی سیاسی داسەپێنێ، بەڵام بەجۆرەها شێوە سەرکوتی دەنگە ناڕازیەکان و تیرۆری نەیارانی دەسەڵات و رۆژنامەنوسان برەوی پەیداکرد. سەرکوتی بەعس نەما، بەڵام دکتۆر و دەرمان، ئاو و کارەبا و سوتەمەنی، قوتابخانە و خوێندن و موچە و کار، بۆ جەماوەرێکی ملیۆنی بوون بە کێشەی لەچارەنەهاتوو. بەکورتی کۆمەڵگەی کوردستان لەڕووی ئاستی ژیان و مەدەنیەت و مافەکانی خەڵکەوە دەیان ساڵ پاشەوپاش گێڕدرایە دواوە.

ئەم هەموو نەهامەتییە سەرکوت و بەربەریەت و فاشیزمی بەعسیان لەبیری خەڵکی کوردستان بردەوە. بیست ساڵ دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ لە ١٧ی شوباتی ٢٠١١دا جارێکی تر کۆمەڵگەی کوردستان خرۆشا و لەدژی دەسەڵاتی ستەمکارانەی کوردی هاتەمەیدانەوە. لەهەرشارێکی کوردستاندا هاوسەنگی هێز تۆزقاڵێک بواری دابێت، شەقام بوو بە شەپۆلی نەفرەت و ناڕەزایەتی و هەوڵدان بۆ لەکارخستنی ئەو دەسەڵاتەی کە لە ڕێگای ڕاپەڕینی بیست ساڵ لەوەپێشتر هاتبووە سەرکار. بەڵام بزووتنەوەی ١٧ی شوباتیش گرفتاری ئاستتەنگی خۆی بوو، بۆیە جگە لە ئەزمونێکی خەباتکارانە هیچ سەمەرێکی تری نەبوو. گرفتی ئەم بزوتنەوەیە جگە لە بەرتەسکی مەیدانی و نارێکخراوی و..و…گرفتی ئاسۆی سیاسی و ڕابەری هەبوو. ئەمجارە خەڵکی کوردستان باڵێکی بورژوازی کوردیان کرد بە نیشان، بەڵام خۆیان چونەژێر ئاسۆی سیاسی باڵێکی تری هەمان بورژوازیەوە. بۆ خەبات دژی ستەم و زۆرداری یەکێتی و پارتی چوونە ژێر ئاسۆی سیاسی و ڕابەری بزوتنەوەی گۆڕان و ئیسلامیەکانەوە. ئەم ئاسۆ ناسیۆنال-ئیسلامیە، گرفتی لەگەڵ یەکێتی و پارتی ئەوە نەبوو کە جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و ئازادیخوازی کوردستان نەدار و هەژار و بێدەرەتان و بێمافن، بەڵکو کێشەکەیان لەگەڵ دەسەڵات ئەوەبوو کە لە بەشی خۆیان لە دەسەڵات و داهاتی بەتاڵانبراوی کوردستان ناڕازیبون. لەم ڕوانگەیەوە لەسەرەتاوە بە هەموو توانا هەوڵیاندا بزووتنەوەی ١٧ی شوبات نەگاتە ئاستێک کە گشت دۆخی سیاسی ئەوکاتە و ئاسۆی ناسیۆنالیستی و بورژوازی کورد تێپەڕێنێ، تەنانەت نەوشیروان مستەفا بە نوێنەرایەتی بزووتنەوەی گۆڕان و هەردوو مەکتەبی سیاسی یەکگرتوی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامیش بە جیاجیا، ڕۆژی ١٧ی شوبات بزووتنەوە ناڕەزایەتیەکەیان بە ئاژاوەگێڕی تۆمەتبارکرد و ئامادەیی خۆیان دەربڕی هاوکاری دەزگا سەرکوتگەریەکانی دەسەڵات بکەن چ بۆ سەرکوتی ئەو “ئاژاوەیە”. بەڵام ڕۆژانی دواتر دوای ئەوەی توانیان سیاسەت و ئاسۆی خۆیان بەسەر ئەو بزووتنەوەیەدا زاڵبکەن، ئیتر بزوتنەوەکەیان کرد بە مەقاشی دەستیان و وەکو کارتی فشار لەسەر دەسەڵات بەکاریانهێنا بۆ سەپاندنی مەرامەکانی خۆیان. سەرئەنجامیش خەباتی جەماوەری ستەمدیدە و خوێنی قوربانیەکانی ئەو بزووتنەوەیەیان لەسەر مێزی دانوسانی پشتی پەردە هەرزان فرۆش کرد و بەشێک لە مەرامەکانی خۆیان بەسەر دەسەڵاتدا سەپاند و جەماوەری ناڕازیان بەدەستی بەتاڵ گێڕایەوە بۆ ماڵەوە.

دەمێکە جامی توڕەیی و ناڕەزایەتی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش پڕبوە و لێیدەڕژێت. ژیانی ئەم جەماوەرە لە هەموو ڕویەکەوە بوەتە تراژیدیا. پێویستی ڕاپەرینێکی تر بۆ ڕاماڵێنی دەسەڵاتی میلیشیایی و بۆرژوا-ناسیۆنالیستی کوردی بوەتە ئارەزوی دڵی جەماوەری ملیۆنی خەڵک و قسەی سەرزاری سەرجەم ستەمکێشان. بەڵام ئەوەی کە زۆر گرنگە و بە هیچ جۆرێک فەرامۆشی هەڵناگرێت. لەبەرچاوگرتنی دەرس و ئەزمونەکانی ڕاپەڕێنی ئازار و بزوتنەوەی ١٧ی شوباتە. فەرامۆشکردنی ئەو دەرس و ئەزمونانە، جارێکی تر خەباتی جەماوەری و قوربانیەکان بە هەدەر دەدات.

ئەزمون و دەرسەکانی ئەو دوو بزووتنەوەیە جەختکردنە لەوەی کە کۆمەڵگەی کوردستانی ئەمڕۆ کۆمەڵگەیەکی سەرمایەداریە، هەموو سیاسەت و پراتیکێک، هەموو بزوتنەوە و خەباتێک، هەموو حزب و رێکخراوێک، هەموو پەیام و دروشمێک..،… بەبێ هیچ ئەما و ئەگەرێک مۆرکێکی چینایەتی هەیە. کۆمەڵگەی ئەمرۆ دابەشبووە بەسەر دوو چینی کۆمەڵایەتی سەرەکید؛، بۆرژوازی و پرۆلیتاریا. هیچ سیاسەت و پراتیک و بزووتنەوە و حزب و پەیام و دروشمێک ناکەوێتە دەرەوەی ئەم دابەشبونە چینایەتییە. قازانج و بەرژەوەندی و گرفت و ئامانجی ئەم دووچینەش بە هیچ شێوەیەک یەکناگرنەوە. ئەوەی بە قازانجی بورژوازی بێت بەشێوەیەکی چارەهەڵنەگر دژی قازانجی چینی کرێکارە و پێچەوانەکەشی هەر ڕاستە. چینی بورژوازی زۆردەمێکە هەمووجۆرە  پێشکەوتنخوازی و ئازادیخوازی و شۆڕشگێڕێتیەکی لەدەستداوە. باڵە جیاجیاکانی ئەم چینە کە لە ئەحزاب و نەرێتە سیاسیە جیاوازەکاندا خۆیان بەرجەستە و رێکخراو کردوە، وەکو یەکێتی و پارتی، گۆران و ئیسلامیەکان و نەوەی نوێ. یان سۆسیال-دیمکرات و لیبرالەکان، کۆماریخواز و دیمکراتەکان، کۆنسەرڤاتیڤ و مۆدێراتەکان… لەمسەری ڕاستی توندەڕەیانەوە تا سەنتەر و تا ئەوسەری چەپی توندڕەویان و… تەنانەت قوڵترین کێشەو ناکۆکیەکانی نێوانیان، بە ئەندازەی نوکە دەرزیەک پەیوەندی بە بەرژەوەندی و مافی چینی کرێکار و زەحمەتکێشەوە نییە. لە دوا لێکدانەوەدا هەرکامیان خاوەن بەرنامەیەکن بۆ پارێزگاری لە نەزمی سەرمایەداری و فەراهەمکردنی قازانجی زیاتر بۆ چینی بورژوازی، لە ڕێگای مژینی خوێن و شیلەی گیانی چینی کرێکارەوە. تەنانەت ئەوانەیان کە دەم لە ریفۆرم دەکوتن، مەبەستیان ئەوە نییە کە تۆزقاڵێک مافی زیاتر بۆ چینی کرێکار و ستەمکێشان ڕەوادەببینن، بەڵکو لەو ڕوانگەیەوە باسی ریفۆرم دەکەن کە پێیانوایە هەندێک بەناوچاکسازی باشتر، هەلومەرج بۆ قازانج و کەڵەکەی سەرمایە دەڕەخسێنێ. واتە کێشە و ناکۆکی و کێبەرکێی ئەوان لەسەر ئەوەیە کە کام شێواز و سیستەمی سیاسی زیاتر و باشتر قازانجی سەرمایە مەیسەر دەکات؟ لەم بارەیەوە هەوڵدان بۆ مژینی خوێنی چینی کرێکار خاڵی هاوبەشی هەموویانە. سیستەمی مەزهەبی یان پۆلیسی و عەسکەرتاریەت و سەرکوتی سیاسی بێت، یان سیستەمی دیموکراسی و پەرلەمانتاریزم، هەروەها هەڵاواردنی جنسی و گەورەسالاری و تەفرەقەی میللی و مەزهەبی و ئاینی، ..هەریەک لەمانە ئەلتەرناتیو و مەلزومی جۆراوجۆرن بۆ یەک ئامانج؛ مەیسەرکردنی قازانجی زیاتر و بەردەوامی دەسەڵاتی سەرمایە لەسەر بناغەی چەوسانەوەی  کرێکاران و زەحمەتکێشان. هەر کرێکارێک، زەحمەتکیشێک، ستەمدیدەیەک و..و.. گرفتاری هەریەک لەم ئەلتەرناتیو و ڕوانگانە بێت، بەناچاری دوردەکەوێتەوە لە راستە رێگای خەبات بۆ رزگاری لە ستەمی سەرمایە و بێمافی و بێدەرەتانیەکانی دنیای ئەمرۆ.

ئەمرۆ کۆمەڵگای کوردستان نوقمی ستەم و بێدەرەتانی و مەحرومیەتە. قڵشتی چینایەتی لە هەموکات قوڵترە، کەمایەتیەکی کەم نوقمی سەروەت و سامانن، بەشی هەرە گەورەی کۆمەڵگەش بەدەست بێدەرەتانی و نەبونی و نەداری هەرەسەرەتایی ترین پێداویستیەکانی ژیانێکی سادەوە گرفتارن. هەر بزووتنەوە و ڕەوت و حزبێک چاو لەم ڕاستیە زەقە بنوقێنێ یان پەردەپۆشی بکات، یان بەرژەوەندی و ئاوات و ئامانجەکانی هەموو خەڵکی کوردستان بەدەر لە جیاوازیە چینایەتیەکان، لەژێر ناوی بەرژەوەندی گشتی میللەتی کورددا بەیەک بگرێت، هیچ مانایەکی نییە جگە لەوەی کە دەیەوێ جارێکی تر و بەشێوەیەکی تر بەرژەوەندی بۆرژوای کورد بکاتە ئاسۆی سیاسی زاڵ بەسەر هەمو کۆمەڵگەدا و لە ڕێچکەیەکی تازەوە چینی کرێکار و چەوساوەکان ڕاپێچی ژێرباڵی بورژوازی بکاتەوە. یەکێتی و پارتی و هاوپەیمانەکانیان ئەم کارەیان بە گەورەترین فریوکاری مەیسەرکرد. بیروهۆشی خەڵکیان بەوە لە مەنگەنەدا کە (مەسەلەی سەرەکی “میللەتی کورد” ئەوەیە کە چۆن بەشی ئەم “میللەتە” لە عێراقدا و لەبەرامبەر “میللەتی عەرەب و تورکماندا” زیادبکرێت). وتیان گرنگ ئەوەیە کورد پۆست و پلە وپایەی زۆرتری هەبێت، هەروەها دەبێ هەموو هەوڵێک لە پێناوی ئەوەبێت کە سنوری قەڵەمڕەوی دەسەڵاتی کوردی و حکومەتی هەرێم فراوانتر و کۆنترۆڵی بەسەر زۆرترین بیرە نەوتدا هەبێت..و…لەم پێناوەدا تەنانەت پێویستە چاوپۆشی لە هەموو زۆڵم و ستەم و تاڵانکاری دەسەڵاتی کوردی بکرێت. گوایە لەم رێگایانەوە دۆخی ژیانی هەموو خەڵکی کوردستان باشتر و ئاسودەتر دەبێت. ئەمڕۆ پێویست نییە باسی ئەوە بکەین کە هەموو ئەوانە جگە لە فریوکاری و جگە لە ڕێچکە گەلێک بۆ زیاترکردنی بەشی بورژوازی کورد لە داهات و سەروەتی بەتاڵانبراو و خوێن و شیلەی مژراوی چینی کرێکار زیاتر هیچی تر نەبوون. بەڵام باجی ڕوونبونەوەی ئەم ڕاستیانە بۆ چەوساوەکانی کوردستان، نزیکەی چارەکە سەدەیەک لە تەحەمول کردنی زوڵم و ستەم و تاڵان وبڕۆی بورژوازی کورد بوو.

دوای ڕیسوابوونی سەرجەم سیاسەت و کارکردی یەکێتی و پارتی، نۆرەی بزووتنەوەی گۆڕان و ئیسلامیەکان هاتەکایەوە. ئەوانیش کە لە بەشی خۆیان لە سەروەتی بەتاڵانبراو و خوێنی مژراوی کرێکاران و زەحمەتکێشان ناڕازی بوون، ڕێچکەی بەدیهێنانی مەرامی خۆیان بۆ زیاترکردنی بەشیان لە دەسەڵات و لەم ڕێگایەشەوە لە سەروەت، ناونا “بەدامەزراوەیی کردنی دەسەڵات و بەرپاکردنی سیستەمی پەرلەمانی و بە نیشتمانی کردنی میلیشیای پێشمەرگە..و….” هیچ یەک لەمانە هیچ پەیوەندییەکی بە ماف و بەرژەوەندی چەساوەکانەوە نەبوو. ئەوان پێداگریان لەسەر ئەم چەمکانە دەکرد، چونکە لەوە دڵنیابوون کە سەروبەری دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستان دەسەڵاتێکی میلیشیاییە و لە سایەی دەسەڵاتی میلیشیایشدا ئەستەمە ئەوان بتوانن بەشی زیاتر بەدەست بهێنن. بۆیە ویستیان بەم جۆرە ڕوکنەکانی دەسەڵات لە قۆرخکاری و رکێفی تایبەتی یەکێتی و پارتی دەربهێنن و گۆشەیەکی دەسەڵات و داهات بۆخۆیان بپچڕن. بۆ ئەم مەبەستەش دوو ڕێگای سەرەکیان گرتەبەر بۆ ناچارکردنی یەکێتی و پارتی بە مەرامەکانی خۆیان؛ یەکەم/ گوشاری پەرلەمانی بوو. هەراوهوریایەکی گەورەیان سازکرد دەربارەی ئەوەی کە ئەگەر گۆڕان و ئیسلامیەکان “ئۆپۆزیسۆن” بتوانن ببنە خاوەن ژمارەیەکی زۆر لە کورسیەکانی پەرلەمان، ئیتر لەو ڕێگایەوە دەستی ستەمکارانەی یەکێتی وپارتی لەسەر ژیانی خەڵک کورت دەکەنەوە و خێروبەرەکەتی دنیا بەسەر خەڵکدا دەبارێین. دووەم/ وەکو پشتیوانی ئەم کەناڵ و گوشارە پەرلەمانییە، هەوڵیاندا کەڵک لە توڕەیی و ناڕەزایەتی فراوانی خەڵک وەرگرن و شەقام بجوڵێنن، بەڵام بەجۆرێک کە شەقام دەستەمۆی خۆیان و لەچوارچێوەی  ئاسۆی سیاسی خۆیاندا دیل بکەن. بەم جۆرە لەدوو دەورەی هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا ئەم هاوپەیمانیە ناسیۆنال- ئیسلامیەی بزوتنەوەی گۆڕان و ئیسلامیەکان هەم توانیان پێگەیەکی پەرلەمانی بەهێز پەیدا بکەن و هەم توانیان شەقام لە چوارچێوەی دەستەمۆکراوی خۆیاندا بجوڵێنن. ئاکامی ئەمانە لە کابینەی پێشوی حکومەتی هەرێمدا خۆیان لە دەسەڵات شەریکردەوە و بە قەولی خۆیان حکومەتی بنکە فراوانیان دامەزراند و جەماوەری خەڵکی کرێکار و ستەمدیدەیان بەوە فریودا کە هەموو ئاوات و ئارەزوەکانیان لەلایەن ئەم حکومەتە بنکەفراوانەوە مەیسەر دەبێت. بۆیە نەوشیروان مستەفا بە نوێنەرایەتی بزوتنەوەی گۆڕان و ئۆپۆزیسیونی بورژوازی قۆناغی پێشوتر، بانگەوازی خەڵکی کرد کە شەقام ئارام ڕاگرن و بڕۆنەوە ماڵەوە و چاوەڕوانی ئەوەبن کە حکومەتی تازە بە بەشداری بزوتنەوەی گۆڕان و ئیسلامیەکان، ئاوات و ئامانجەکنیان دەستەبەر دەکات. بەداخەوە پەیامی نەوشیروان مستەفا و سیاسەتی بزوتنەوەی گۆڕان و بورژوازی ناڕازی، وەکو تەوق چووە گەردنی جەماوەری کرێکار و ستەمدیدەی کوردستانەوە. بڕگەیەکی تەواو خەبات و ناڕەزایەتیە جەماوەرییەکان لە چاوەڕوانی ئەوەدا هێوربوەوە کە بەڵکو سیاسەتی نەوشیروان و گۆڕان دەردەکانیان دەرمان بکات. سەرئەنجام حکومەتی بنکە فراوان بەسەر هەموو لایەنە بەشدارەکانیدا ڕوخاو و دۆخی ژیان و مافەکانی خەڵک نەک هەر هیچ باشبونێکی بەخۆیەوە نەبینی، بەڵکو زۆر بەرەوخراپترئاراستەی گرت. بە دیاریکراوی سیاسەتی زەوتکردنی کرێ و موچەکان بەناوی “پاشەکەوتی موچەوە” لەو بڕگەیەدا داسەپێنرا. لەم کاتەدا بزوتنەوەی گۆڕان و هاوپەیمانە ئیسلامیەکانی ئەودەمیان، بۆ شانخاڵی کردنی خۆیان، ئەوەیان بۆ مایەوە کە بڵێن “ئێمە ڕاستگۆ بووین لەگەڵ بەڵێنەکانی خۆمان و خیانەتمان لە دەنگدەری خۆمان نەکرد”، بەڵام یەکێتی و پارتی دۆخەکەیان بەرەوەخراپی برد. وەکو ئەوەی کە هەواڵێکی تازە بە خەڵکی کوردستان بدەن یان خەڵکی کوردستان گومان و دودڵیەکیان لە تاڵانکاری و جەردەی یەکێتی و پارتی بوبێت. بەڵام پەیامی پێشوتری بۆرژوا-ناسیۆنالستی و ئیسلامی ناڕازی ئەوە نەبوو کە ئەگەر یەکێتی و پارتی ڕێگەبدەن ئەوان دۆخەکە باشتر دەکەن، بەڵکو ئەوەبوو کە گوایە ئەگەر ئەوان ببنە بەرەیەکی پەرلەمانی گەورە و شەقام پشتیوانیان لێ بکات، دەتوانن دەستی یەکێتی و پارتی لەسەر ژیانی خەڵک کورت بکەنەوە و خواست و ئامانجەکانی خەڵک مسۆگەربکەن. بۆیە کاتێک ئیمتحانی خۆیاندا و بوونە خاوەن ئەزمونێکی شکستخواردو، ئیتر خەڵکی کوردستان پاساوی ئەوەی لێیان قبوڵ نەکرد کە “یەکیتی و پارتی نەیانهێشت”. دروست لەو بڕگەیەوە بە تایبەتی بزوتنەوەی گۆڕان و یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان برەوی خۆیان لە ناو جەماوەری ناڕازی لەدەستدا و تەنانەت خۆشیان ناچاربوون دان بە شکستی خۆیاندا بنێن.

بەڵام لە هەموو کۆمەڵگەیەکدا کاتێک ڕەوت و باڵێکی بورژوازی ئیمتحانی خۆی دەدات و دەکەوێتە پەراوێزەوە، باڵ و نەرێت و ڕەوتیکی تازەی بورژوازی سەردەردەهێنێت بۆ ئەوەی جێگای بگرێتەوە بۆ دەستەمۆکردنی ناڕەزایەتی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و سەڵامەتی سەری سیستەمی سەرمایە و کاری بەکرێ. ڕەوتێک کە ئێستا لە کوردستاندا دەیەوێ ئەسپی خۆی تاودات و شانسی خۆی تاقی بکاتەوە، بزوتنەوەی نەوەی نوێیە. نەوەی نوێ ڕەوتێکی بورژوازی و نوێنەری قازانج و بەرژەوەندی بەشێک لە سەرمایەدارە میلیاردێرە ناڕازییەکانی کوردستانە لە دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی. ڕەخنەی سەرەکی ئەم ڕەوتە لە دەسەڵات و دۆخی ئێستا ئەوەیە کە کوردستان بێبەریە لە سیستەمێکی سیاسی ئەوتۆ کە هەلومەرجێکی ئارام و چەسپاو بۆ ئاسایشی سەرمایە بەرقەرار بکات و بە یاسا ئەو هەلومەرجە بچەسپێنێ. رەخنەی لەوەیە کە دوو حزبی دەسەڵاتدار لە دەرەوەی قانوونمەندی و میکانیزمی بازاڕی سەرمایەداریدا، هەموو جومگەکانی ئابورییان قۆرخ کردوە. ڕەخنەی لەوەیە کە یەکێتی و پارتی و دوو بنەماڵە بەشی شێری سەروەت و سامان و شیلەی گیانی کرێکار و زەحمەتکێش بۆ خۆیان بەتاڵان دەبەن و دەرفەت بۆ ملیاردێرەکانی دەرەوەی ئەم دوو حزبە و ئەم دوو بنەماڵەیە و دەوروبەرەکانیان ناهێڵنەوە کە بەپێی هەلومەرجێکی بە یاسا پێناسەکراو میکانیزمی بازاڕدا خوێن و شیلەی گیانی چینی کرێکار و جەماوەری زەحمەتکێش بکەنە کەرەسەی کەڵەکەی سەرمایەکانیان.

بۆ ئەم مەبەستە لە جیاتی ئەوەی پێشوتر بزوتنەوەی گۆڕان دەیگوت رێگای سەرفرازی بریتیە لە دامەزراندنی سیستەمی پەرلەمانی و بەدامەزراوەیکردنی دەسەڵات و بە نیشتمانی کردنی هێزە چەکدارەکان، نەوەی نوێ جەخت لە گۆڕینی دەموچاوەکان دەکاتەوە. واتە لە ناوەڕۆکدا ڕێبازی نەوەی نوێ زۆر لە ڕێبازەکەی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ بێمایەتر و بەرتەسکترە و ڕواڵەتی ترە. دەیەوێ خەڵکی کوردستان بەوە فریوبدات کە تەنها گۆڕینی دەموچاوەکان بەسە بۆ ئەوەی نەهامەتی و بێدەرەتانی ئێستا کۆتایی بێت. بەڵام نەوەی نوێ دەیەوێ سەرنجی خەڵکی ناڕازی بە ڕواڵەتی توندی بانگەشەکەی بەرامبەر دەسەڵات رابکێشێ و بە هەڕەشەی ڕوکەشیانە توڕەیی خەڵک هەڵلوشێ و بیخاتە پشتی رێبازەکەی خۆی. لەم ڕۆژانەدا سەرۆکی ئەم جوڵانەوەیە هەمان ئاراستەی بزوتنەوەکەی بۆ گۆڕینی دەموچاوەکان گەیاندە لوتکە، کە بەرواڵەت توندترین و ڕادیکاڵترین حوکمیدا دژی دەسەڵات، کاتێک وتی “رۆژێک دێت کوڕانی بنەماڵەی تاڵەبانی لە مەیدانی سەرای شاری سلێمانی بەدەستی خەڵک لە سێدارە دەدرێن”. دواتریش لە لێدوانێکی تردا وتی “رۆژێک کوڕانی بنەماڵەی بارزانی لە قەڵای هەولێردا لە سێدارە دەدرێن”. ئەم لێدوانانە بەڕواڵەت زۆر توند و رادیکاڵ دەردەکەون، بەڵام لە ناوەڕۆکدا دیسانەوە هیچ نین جگە لە دوپاتکردنەوەی زەقتری “گۆڕینی دەموچاوەکان”. لە ڕوانگەی ئەم بزوتنەوەیە و ڕابەرکەیەوە بە کێشانەخوارەوەی ئەم دوو بنەماڵەیە لە دەسەڵات و “لە سێدارەدانی کوڕانی هەردوو بنەماڵە” ئیتر هەموو ستەم و چەوسانەوە و بێدەرەتانیەک کۆتایی دێت. ئەمەش گەورەترین درۆی مێژوە. هێشتا خەڵکی کوردستان ئەوەیان بیرنەچوەتەوە کە پاش ڕووخانی رژێمی بەعس، هەموو کوڕانی بنەماڵەی صدام تکریتی لە خوێنی خۆیاندا غەرقکران یان بە پەتی سێدارەدا هەڵواسران، بەڵام ئەمە نە تەنها تۆزقاڵێک مافی زیاتری بۆ خەڵکی عێراق زیاد نەکرد، بەڵکو هاوتا بوو لەگەڵ قوڵبونەوەی بێمافی و بێدەرەتانی و نەگبەتی زۆرتر بۆ هەموو دانیشتوانی عێراق. هەروەها خەڵکی کوردستان بینیان کە قەزافی بە شێوەیەک کوژرا کە لە سێدارەدان لە چاوی شەکربوو، بەڵام ئەمەش هاوتابوو لەگەڵ بەرپاکردنی کارەسات گایەک بۆ خەڵکی لیبیا کە سەردەمی قەزافی لە چاویدا بەهەشت بوو. کەوایە هاشوهوشی لە سێدارەدانی هەردوو بنەماڵەی تاڵەبانی و بارزانی بەڵێنی دەستەبەربوونی هیچ مافێک بۆ خەڵکی کوردستان نییە، تەنانەت خۆی لە خۆیدا بەڵگەی خوڵقانی هیچ دۆخێکی باشتر نییە.

من پێداگری لەسەر ئەوە دەکەم، رۆژێک کە دەسەڵات و سیستەمی میلیشیایی ئێستای دوو بنەماڵەی  بارزانی و تاڵەبانی و حزبەکانیان لە ڕێگای شۆڕش و ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی جەماوەی کرێکار و ستەمدیدەی کوردستانەوە تارومار دەکرێن، نەک تەنیا دەبێ “کوڕانی هەردوو بنەماڵە” بەڵکو هەموو سەران و زۆرداران و تاڵانچیان و تاوانکارانی هەردوو حزبی دەسەڵاتدار، لە دادگایەکی شۆڕشگێڕانەدا دادگایی بکرێن و سزای تاوانەکانی خۆیان وەرگرن، بەڵکو دەبێ سەرتاپای سیستەمی سیاسی و ئابوری ئێستای کوردستان و سەرجەم یاسا و ریسا کۆنەپەرستانە و دیلهێنەرەکانی تێک بڕوخێن ولە جێگایاندا سیستەمێکی نوێ و دەستورو یاساگەلێکی نوێ لەسەر بناغەی فەراهەمکردنی ئازادی و خۆشگوزەرانی و یەکسانی هەمەلایەنەی هاوڵاتیان دابمەزرێت. سیستەمێکی پشتبەستوو بە ئیرادەی راستەوخۆی خەڵک لە جێگایدا دامەزرێت کە ئیرادە و ئیختیار بگێڕێتەوە بۆ هاوڵاتیان. ئەوەش جگە لە سۆسیالیزم ناتوانێ هیچی تربێت. لە یادی ڕاپەڕینی ئازاردا کوردستان پێویستی بە شۆڕش و ڕاپەرینێکی بەڕاستی شۆڕشگێڕانە هەیە. ئەم شۆڕش و ڕاپەڕینە تەنها بە ڕیزی رێکخراوی سەربەخۆی چینی کریکار و جەماوەری زەحمەتکیش لە دەوری ئاسۆ و سیاسەت و بەرنامەی سۆسیالیستی بەسەمەر دەگات. لە ئێستاوە چینی کرێکاری دەبێ بە بەدیلی هەمەلایەنەی خۆیەوە، واتە سیاسەت و تاکتیک و ئاسۆ و حزب و ڕابەری سۆسیالیستی خۆیەوە بێتەمەیدان و سەرجەم چەوساوەکان بانگەواز بکات بۆ ریزبەستن لە پشتی ئەم بەدیلە سەربەخۆ کرێکارییە، لە پیناو بەرپاکردنی شۆڕش و راپەڕینێک کە بتوانێ سەرجەم نەهامەتی و بێدەرەتانی و ستەمکاریەکانی ئێستا لەبن بهێنێ و ئازادی و یەکسانی و خۆشگوزەرانی لە سایەی حکومەتی کرێکایدا بەرپابکات.

رێبوار ئەحمەد

کۆتای فیبریوەری ٢٠١٩

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٤٦ بەرواری ١/٣/٢٠١٩ بڵاوکراوەتەوە…

About hkkk

Check Also

دیمانە لەگەڵ بەشێک لە رابەران و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی شورایی سەبارەت بە ئەزموونی شوراکانی ساڵی ١٩٩١…

کاوە عومەر، درەو مەهد ، ئاسۆ کەمال، وەستا جەلال، جەمال کۆشش، خەسرەو سایە و ستاری …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *