Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 ٨ مارس سمبولی ” نا” وتن، بە ئاپارتایدی جنسی

٨ مارس سمبولی ” نا” وتن، بە ئاپارتایدی جنسی

لە هەموو ژنان و پیاوانی یەکسانیخواز و نارازی بە ستەم و بیمافی پیرۆز بێت…

ئەگەر پێوەری ئازادی ژن پێوەری ئازادی کۆمەڵگا بێت… گومان هەڵنەگرە کە هیچ کۆمەڵگایەکی ئازاد لەسەر ئەم گۆی زەوییە نادۆزینەوە. هیشتا ستەم و نابەرابەری، توندوتیژی و بێ مافی، هەڵاواردن لەسەر بنەمای جنسی قیزەونترین و ناشیرینترین دیاردەی چاوپۆشی لێنەکراوی دنیای ئەمرۆیە… ئەم واقعیەتە تاڵ و شەرم ئاوەرە ئەگەر لە وڵاتانی پێشکەوتووی دنیادا، بەخەباتی لێبراوانەو نەپساوەی بەرەی چینی کرێکارو بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان و ئوردوی ئازادیخوازی، تاڕادەیەک توانیویەتی بەشێک لەمافەکانی ژنان مەیسەر بکات، یەکسانی یاسایی نیوان ژن و پیاو، دابسەپێنی. ئەوا لە وڵاتانی پاشکەوتوو، وە لەژێر سایەی دەسەڵاتە سیاسییە دواکەوتوو مەزهەبی وناسیونالیستەکاندا، زوڵم ستەم و بیمافی و توندوتیژی، بە یاسایی کراوە، بەیاسا ژنان لە جێگەو ڕێگەی خوارتردا دانراون و ستەم کێشی و بێ مافی ژنان، بە فەرمی کراوە…

کوردستان، یەکێکە لەو جغرافیایانەی کە لەلایەن دەسەڵاتێکی ناسیونال- بۆرژوا ئیسلامی کوردەوە، بەڕێوە دەبرێت. ئەم دەسەڵاتە ئەلگۆیەکی ناشیرینی دەسەڵاتی دەوڵەتە کۆنەپەرست و ناسیونالیست و ئیسلامیەکانە، لە پەیوەند بە مافە فەردی و مەدەنیەکان و مافەکانی ئینسان بە گشتی و مافەکانی ژنان بە تایبەتی… لە ژێر سایەی ئەم دەسەڵاتەدا نەک مافە ڕەواکانی ژنان لە ئازادی و یەکسانی و بەرابەری بوونی نییە، بەڵکە بە هەزاران ژن لە ژیر ناوی شەرەف و ناموس پەستیدا قەسابی کراون، بەهەزاران ژن ناچار بە خۆکوژی و خۆسوتاندن کراون، کە ئاماری ئەم کوشت و برو جینۆسایدە، چەند بەرابەری قوربانیانی کارەساتی دڵ هەراشی کیمیا بارانی هەڵەبجەیە. بێمافی و توندوتیژی دژ بە ژنان بۆ ساتێکیش چییە وچان نادات، کەم رۆژ و هەفتە هەیە هەوڵی کوژران و خۆسوتاندنی ژنان، ڕانەگەیەنرێت… ئەم دەسەڵاتە نەک باکی بەو تراژیدیا ئینسانییە نییە، بەڵکو خۆی لە پشت، ئەو مەرگەساتەیە و بەشێکە لە ئۆردوی کۆنەپەرستی دژە ژن، بە یاسا و بە پشتیوانیکردنی لە یاسا و شەریعەتی بۆ گەناوی ئیسلامی داعشی محەمەدی و دەست خستە ناو دەستی ڕەوتگەلە ئیسلامیەکان، گەورەترین دۆزەخی بۆ ژنان خوڵقاندووە. تا ئێستا سەرچاوەی یاساکان و یاسای باری کەسێتی ریشەو بنەمای لە شەریعەتی ئیسلامیدایە… ئەمە رویەکی ناشیرین و پەڵەیەکی شەرم ئاوەرە بە تەوێڵی بزوتنەوەی کوردایەتیەوە… بەڵام ئەمە تەنها سیما و روخساری کۆمەڵگای کوردستان نییە، بەڵکو وەستانەوە و خەبات لە دژی دۆخی ناهەمواری و ژنان و بێمافیەکانیان، لە دژی دەسەڵاتی دژە ژنی کوردایەتی، ڕوویەکی تری کۆمەڵگای کوردستانە، بەڵام رویەکی گەشاوەو پیشکەوتنخوازانە. بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان و پیاوان، لەدژی ناسیونالیزمی کوردو کەلتوری دواکەوتوانەی کۆمەڵگا، خاوەنی مێژوویەکی پرشنگدارە، خاوەنی چەندین بەرامبەرکێی کۆمەڵایەتییە، خاوەنی نیشاندانی جەرائەت بەخشین و پەنجەکردنە بەچاوی کەلتوری پیاوسالاری و ناسیونالیزم و کۆنەپەرستی ئیسلامیدا، خاوەنی جێگیرکردنی سونەتی یادکردنەوەی ٨ مارسەکانە، خاوەنی ڕاگەیاندنی پلاتفۆرمی یەکسانی ژن و پیاو و ناساندنی مافەکانی ژنانە، وە خاوەنی بەرگری ڕاستەقینە و بێ سازشە لەسەر مافەکانی ژنان. هەر ئەو بزوتنەوەیە بوو کە توانی ڕابگەیەنێت و کە کوشتنی ژنان لە ژێر هەر بیانویەکدا، مایەی ڕیسوا کردنە، لەوەش واوەتر ڕێکخراوی سەربەخۆی ئافرەتان و سەنتەری بەرگری لە مافەکانی ژنان، بەدەست پێشکەری کۆمۆنیزمی کریکاری و هەڵسوراوانی لە کردەوەدا توانی بزوتنەوەیەکی یەکسانیخوازانە لە کۆمەڵگای کوردستاندا سازبدات، کە تائێستاش سایەی ئەم بزوتنەوەیە لە کۆمەڵگای کوردستاندا، دەبینرێت. ئەم بزوتنەوەیە دەبێ جارێکی تر بەهیزی تازەو توانای تازەوە، بێتەوە مەیدان.

ئەمساڵ لە کاتێکدا بەرەو یادی هەشتی مارس هەنگاو دەنیێن، کە لەلایەکەوە بەرەو یادی بزوتنەوەی شورایی ساڵی ١٩٩١ دەبینەوەو لەلایەکی تریشەوە، کۆمەڵگای کوردستان دەرگیری قەیرانێكی گەورەی دەستی دەسەڵاتی تاڵانچی بزوتنەوەی کوردایەتییە و مایە پوچ بوونی ئەم دەسەڵاتەیە… نەبوونی موچە و خزمەگوزاریەکان، گرانی بازار و تاڵانی، لە پاڵ بێ مافی ژنان و ستەمی بێ ئەوپەری سەر ژنان، جارێکی تر بانگەوازی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان دەکات، کە لەپاڵ بزوتنەوەی بایکۆت و ناڕەزایەتی جەماوەرییدا، ڕۆڵی خۆی بگێرێت، هێز بدات بە بزوتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری و جارێکی تر ئەلگۆی پشتبەخۆبەستن و نواندنی ئیرادەی سەربەخۆ، بهێنێتەوە مەیدان… ئەمەش بەوەرێخستنی کۆبونەوە جەماوەریەکان و ڕێكخراوبوون لەدەوری بزوتنەوەی ڕاستەوخۆی جەماوەی رێکخراو “پێکهێنانی شوراکان لە شوێنی کارو ژیاندا” دەتوانی مەیسەر بێت… ٨ی مارسی ئەمساڵ بانگەوازی هەموو ژنان و پیاوانی یەکسانیخواز دەکات، بۆ خۆ رێکخراوکردن و سازدانەوەی شوراکان، لە شوێنی کارو ژیاندا…. بێگومان خستنەوە گەری بزوتنەوەیەکی پێشکەوتنخوازانە و پشت بەستو بە توانا و ئیرادەی ڕاستەوخۆی جەماوەری، پێویستی بە دەستپێشخەری هەڵسوڕاوانی کۆمۆنیست و چەپ و رابەرانی بزوتنەوە کرێکاری و ناڕەزایەتی جەماوەرییە، دەبا بە خۆرێکخستنمان لەدەوری شوراکان و ‌هێزی ڕێکخراومان نیشان بدەین، وە خواست و مافەکانی خۆمان، لە موچەو خزمەتگوزاریەکانەوە، تا دەگاتە زامن کردنی ئازادیەکان و گێڕانەوەی مافە زەوتکراوەکانمان، بەدەست و توانایی خۆمان بگێرینەوە… خۆمان هەنگاو بەرەو بەرێوەبردنی کۆمەڵگا هەڵبگرین، ئەمە ڕێگای کارسازو دروستە کە دەتوانێ یەکسانی ژن و پیاوش زامن بکات و ئەو پەڵە رەشە، کە سوکایەتی و توندوتیژی و بیمافیە بەژنان، کۆتایی پێ بهێنێت… ٨مارس ڕۆژی (نا) وتنە بە ئاپارتایدی جنسی، با بۆکۆتایی هێنان بەو هەڵاوردنە، رێکخراو یەکگرتووبین لە شوراکانی خۆماندا، کەهەم بریاردەو و هەم بەرێوەبەری بڕیاری زوربەن، لە دۆخی ئازاد و خستنەگەری توانایی ئازادانەدا…

بژی ٨ مارس، بژی یەکسانی هەمەلایەنەی ژنان و پیاوان

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

ڕێکخراوی ده‌ره‌وه‌

مارسی ٢٠١٦

About hkkk

Check Also

هێرشی تیرۆریستی ١١ سێبتەمبەر دنیای خستە بەردەم دەورەیەکی نوێ لە جەنگی تیرۆریستان! …

عەبدوڵا مەحمود کردەوەی خۆکوژی و تیرۆریستی ١١ سێبتەمبەری ساڵی ٢٠٠١، دنیای خستە ناو بەرامبەرکییەکی نوێی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *