Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 مارکس چی بەڕاستی پێکاوە؟

مارکس چی بەڕاستی پێکاوە؟

نووسين و ئامادەكردنى: سالار حمەسەعيد

گۆڤاری (نیو ستەیتس مان) کە گۆڤارێکی سیاسی کولتوورییە ١٠٤ ساڵە لە بەریتانیا دەردەچێت، گۆڤارێکی لیبراڵە بەڵام کاتی خۆی لەلایەن سۆسیالیستە فابییەکانەوە دەردەچوو. ئەم گۆڤارە لەژمارەی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا وتارێکی تەرخان کردووە بە باسکردن لەسەر مارکس و تێڕوانینەکانی.  مارکس دەخاتەوە بەرباس ولێکۆڵینەوە و سەبارەت بەتیۆریە ئابووریەکانی مارکس دەدوێ. ئەمە لەکاتێکدایە کە بەریتانیا و تەواوی جیهان ڕووبەڕووی قەیرانێکی لێک نەپچڕاو و بەردەوامی ئابووری قووڵ دەبێتەوە. بۆرژوازی لەم کاتەدا دووبارە پەنادەباتەوە بەر مارکس و تێڕوانین و تیۆرە ئابووریە ڕاست ودروستەکانی. دەیەوێ دووبارە و چەند بارە بیداتەوە بەرگوێی کرێکاران کە ئەم تیۆریە ناڕاستە وبەشێوەیەکی پراکتیکی بەهەڵە دەرچووە و جارێکی تر فریوی نەخۆن. بەڵام ئەگەر ئەم تیۆرییە وابێت بەوشێوەیەی کە دەڵێ ئەی ئەم هەڵوەدابوونەی بۆچییە. گەر سەلمێنراوە هەڵەیە، کەواتە ئەم وتارە دوورودرێژە بۆچی؟ بۆچی کاتی خۆی بەفریو دەدات بەشتێک کە کۆتایی پێهاتووە. بەڵام پێچەوانەکەی ڕاستە. ئەمە هەمووی دڵهووڕە وترسی بۆرژوازی یە لەڕاستی تیۆریە ئابووریەکانی مارکس.

نووسەری ئەم ووتارە بەناوی (جۆناثان پۆرتیس) دەڵێ : ‘ئەوەی مارکس ڕاست پێکاویەتی سەبارەت بە کاپیتالیزم دوو تێگەیشتن وچەمکە’. ئەو دەڵێ مارکس دووچەمک وتێگەیشتنی سەرەکی وبنەمایی هەبووە. جۆناثان دەڵێ : تێگەیشتنی یەکەمیان گرنگی پاڵنەرە ئابووریەکانن (یا هێزە ئابووریەکانن) لە شکڵدان بە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی. بەلای مارکسەوە ‘ شێوازی بەرهەمهێنان (اسلوب الانتاج) ە کە کەم وزۆر هەمووشتێک لێکدەداتەوە سەبارەت بە کۆمەڵگە لەسیاسەتەوە بۆ کولتوور و فەرهەنگ،  کە چۆن کارو سەرمایە پێکەوە گرێ دراون وە لەژێرسایەی چ یاساو ڕێسایەکدا. جۆناثان دەڵێت کە بە پێی مارکس هەروەک چۆن شێوازی بەرهەمهێنان دەگوڕێ هەرواش کۆمەڵگە وە ئەو زۆر بەدروستی گەیشتووە بەو بەرەنجامەی کە پیشەسازی بوون (سنعەتی بوون و کاپیتاڵیزم بەرەو گۆڕانکاری ڕیشەیی و قووڵ لەکۆمەڵگە مل دەنێت، کاریگەری لەسەرهەموو شتێک دادەنێ، لە سیستەمی سیاسیەوە بیگرە تا مۆراڵ و ئەخلاقیات. دووەمین چەمک وتێگەیشتنی بنەمایی کە مارکس ڕاست پێکاویەتی بە پێی ئەم وتارەی جۆناثان پۆرتیس بریتی یە لە تێگەیشتن لە سروشتی داینەمیکی (واتە زیندوو وچالاک و بەردەوام) سەرمایەدارییە. مارکس لەوە گەیشتبوو کە سەرمایەداری ناتوانێ جێگیرو وبێ جووڵە بێت بەلەبەرچاوگرتنی قازانج لە ئابووریەکی پڕ لە پێشبڕکێ و بەرامبەرکێ دا کە فشارو زۆری بەردەوام دەبێت بۆ هەرچی زیادکردن لە سەهمی سەرمایەو چاککردنی بەرهەمهێنان، ئەمەش بەپێی مارکس ئەم بەنۆبەت مل دەنێ بەرەو پاشەکەوتکردن لە کار یاخود بەتین بوونەوەی سەرمایە و گۆڕانکاری تەکنۆلۆژی. جۆناثان دەڵێ کە مارکس دروست ئەم دووچەمک وتێگەیشتنەی پێکەوە داناوە، کاپیتاڵیزم وەک هێزێکی ڕادیکاڵ وێنادەکات وە داینەمیکی نێوخۆییەکەی وەهایە کە ئابووری بەردەوام پەرەدەستێنێ و ئەمەش بەنۆرەی خۆی دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لەکۆمەڵگەیەکی بەرفراوانتردا.

نووسەری ئەم وتارە (جۆناثان پۆرتیس) دەڵێ پێش بینیەکەی مارکس واتە دژایەتی حەتمی نێوان کرێکاران وسەرمایەداری وە لە ئاکامدا سەرکەوتنی کرێکاران و کۆتایی هاتنی سەرمایەداری، هەڵە بووە. نووسەر خۆشی باش دەزانێت کە وانییە و وانەبووە و وتەکانی بێ بنەمان. بەڵام بێگومان دەبێت وابڵێت چونکە ئەوە ئەرکیەتی دەبێ هەڵسێ بەو ئەرکەی کە دیفاع کردنە لەو سیستەمە وەک پارێزەرێک وایە کە دیفاع لە تاوانبارێک دەکات کە باش دەزانێت تاوانبارە، بەڵام ئەرکەکەی وای پیدەڵێ کە بەرگری بکات لەو تاوانبارە لەبەرهەندێ هۆکاری زۆر ئاشکرا هەمان شت بۆ ئەم نووسەرە بەرگریکارە لەسیستەمی سەرمایەداری ڕاستە. چونکە باش دەزانێ کە ئەم سیستەمە کۆتاییەکی حەتمی هەیە کە لەناوچوونیەتی و چەندەها نموونەی زیندوو لە مێژوودا بەڵگەی ئەم قسانەیە.

جۆناثان دەڵێ: مارکس هەڵە بووە لەوەدا کە هەقدەست بەرەوخوارەوە دەچێت بە هەرچی زیاتر پێشبڕکێی بەینی سەرمایەداران و وەبەرهێنانی زیاتر وە پاشەکەوتکردن لە هێزی کاربە پیشکەوتنی مەکینە وسەنعەت. هەروەها دەڵێ خۆشبەختانە هەرچی بەرهەمهێنان بەرەو زیادچوون چووە و داواکاری و پێداویستیەکانی کرێکاران دابین کراوە وبەراوردەکراوە بەبێ ئەوەی ببێتە هۆی داڕمانی سیستەمی سەرمایەداری. هەروەها خۆشحالی خۆی دەردەبڕێ بە وەی کە بەرهەمهێنان لە زیادبوون دایە وبەهەمان شێوەش هەقدەست لەبەرزبوونەوەدایە.

مارکس دەڵێ: ڕێژەی کەڵەکەبوون ناجێگیرێکی (متغیر) سەربەخۆیە نەک وابەستە، ڕێژەی هەقدەست (مووچە) ناجێگیرێکی وابەستە  یە نەک سەربەخۆ. مارکس هەروەها لە بەرگی یەکەمی کاپیتاڵ دا دەڵێ: ئەگەر قەوارەی بەرهەمهێنان فراوان وبەرین ببێ لە خێراییەکی کافی دا داوا لەسەر کار بەرزدەبێتەوە و بەشێوەیەکی زیاد بڕێکی زۆر لەکاری زیندوو دەخرێتە بەرهەمهێنانەوە و قەوارەی زێدەی ڕێژەی دانیشتوان کەمدەبێتەوە و هەقدەست زیاد دەکات. نرخی کار بەردەوام دەبێ لە بەرزبوونەوە هەتا ئەوکاتەی گەشەکردنی ڕێگری نەکات لە کەڵەکەبوونی سەرمایە واتە تائەوکاتەی ڕێژەی زێدەبەها گەشە وزیاد دەکات. بەمانایەکی تر مارکس نکوڵی ناکات لەبەرزبوونەوەی هەقدەستی کرێکاران بە بەرزبوونەوەو گەشەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری تائەو جێگەیەی ڕێگری نەبێت لەبەردەم گەشەی بەردەوامی کەڵەکەی سەرمایە و قازانج کە باشترین نموونەش دەرکردن وبیکارکردنی کرێکارانە کاتێک ئەو هاوکێشەیە ناڕێکی تێدەکەوێ. وە مارکس هەروەها دەڵێ: کەڵەکەبوون، لاوازو خاو دەبێتەوە لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی لەبەهای کار چونکە پاڵنەری سوود وقازانج لاوازبۆتەوە. مارکس بەرگی ١ لاپەرە ٥٨١.

لەکۆتاییدا نووسەری ئەم وتارە دەڵێ ئەی بەدیل وئەلتێرناتیڤ چیە؟ ئەو دەڵێ گومانی تیانییە کەهیچ ئەلتەرناتیڤێکی پراکتیکی بوونی نییە کە پراکتیزە بکرێت جگە لە کاپیتاڵیزم و ئەم سیستەمە تەنها سیستەمی سەرکەوتوو و مومکینی ئابوورییە. سەرمایەداری و تیۆریسینانی سەرمایەداری هیچ بەدیل وئەلتەرناتیڤێکیان لەبەردەست دا نییە سەرەڕای هەموو ئەو قەیران و کەلێن وکێشانەی کە ئەو سیستەمە داڕماوە هەیەتی. کاری تیۆریسین وپارێزەرانی سەرمایەداری پینەکردن وجوانکردنی سیستەمە شڕەکەیانە. ئامانج لەم جۆرە وتارانە خاوکردنەوە و سستکردنەوەی بزوتنەوە چەپ و کرێکاریەکانە کە پشت ئەستوورن بە تێڕوانینی مارکسیستی و کۆمۆنیستی، بەڵام لەهەمان کاتدا گرنگی و ئەهەمیەتی ئەم تیۆریە ئابووریانەی مارکس دەخاتە ڕوو کە تائێستاش راستی ودروستیان لەلایەن بۆرژوازیشەوە نکۆڵی لێ ناکرێت.

11 ى ته مموز2017

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٨ بەرواری ١٥/٧/٢٠١٧ دا، بڵاوبۆتەوە…www.bopeshawa.net

About hkkk

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*