Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 مانیفیستی نان و گوڵە سوورەکان…

مانیفیستی نان و گوڵە سوورەکان…

مافی مرۆڤ و ناعەداڵەتی زۆرتر میراتێکی تەژی لە پاڕادۆکس…

 وەرگێڕان: هەتاو عەبدولاهی و ڕامیار رەزایی …

بەشی دووەم

لە پەنجا ساڵی ڕابردووی ژیانی ژنان لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی بە تایبەت لە وڵاتانی ناوەندی و شارەگەورەکان بە جۆرێک ئاڵۆگۆری بەسەر داهاتووە کە دوور لە چاوەڕوانییە. لە ماوەی کەمتر لە چەندین دەیە خەباتی بێوچان و بەربڵاو، ژنان دەسڕاگەیشتنی زۆریان بە پەروەردە و مافی دیموکراتیکی و کاری دەوڵەتیی هەبووە. ئێمە ژنان توانیمان لەژێر قەیومیەت و سەرپەرشتی باوکان و هاوسەرەکانمان بێینەدەر و لە بواری یاسایییدا، سەربەخۆیی بە دەست بێنین. ئێمە خەباتمان کرد تا بتوانین خۆمان بۆ ژیان و ڕەگەز و جەستەمان بڕیار بدەین.

شەڕی مێژوویی بۆ ئازادی ژنان پرۆسەیەکی دارێژراو نییە کە وا هەست بکرێ  بە بەرەو پێشڤەچوونی زیاتر هەنگاو نانێ، بەڵکو بەو شێوە نییە کە هەموو ژنان لەخۆ بگرێ. سەرەرای ئەوە پێشکەوتنەکان لە بواری مافی ژنان  بە جۆرێک پەرەی سەندووە و لق و پۆی هاویشتووە کە خودی سەرمایەداران و دەسەلاتی سەرمایە ناچار بوون دانی پێدابنێن و تەنانەت بۆ پێشبردنی سیاسەتە دواکەوتووەکانی ژنانێکی وەکوو ئانجلا مێرکێل لە ئاڵمان و ترزا می لە بریتانیای وەک یەکەمین دەسەڵاتداری حکومەتی دەست نیشان کرد.

دەتوانین بڵێن بە بەراورد لەگەڵ دەیەکانی رابردو کەندو کۆسپی یاسایی لەسەر رێگای  ژنان بۆ گەیشتن بە دەسەڵات لابردراوە، تەنیا کورسی واتیکان نەبێ کە وەک دەسەڵات بە ژنان نابڕدرێ، ئەم پێشمەرجە لەگەڵ دەورەی ژنێکی شۆڕشگێری سۆشیالیستی وەکو رۆزا لۆگزامبورگ، کە دژی ئیمپریالیسمی ئەو کاتی ئاڵمان خەباتی دەکرد جیاوازی هەبوو. لە رابردوودا ژنان و خوێندکارانی ژن ئیزنی ئەندامێتی لە ڕێکخراوە سیاسیەکان و تەنانەت بەشداری لە کۆبوونەوەیەک کە لەودا باس و خواستی سیاسی دەکرا پێنەدراوە.

دەستەبەربوونی زۆربەی مافەکانی ژنان  لەبارودۆخی هەنووکەییدا سەرەنجامی خەباتی ژنان لە دەیەی ٦٠ و ٧٠ی زایینیە. ئەم ژنانە دروشمی تاکەکەسی سیاسیان هێنایە ئاراوە و کردیانە بەرنامە و پلانێک لە راستای خەباتی خۆیان. لەو دەورە لە مێژوودا بزوتنەوەی جۆراوجۆری فمینیستی ڕادیکاڵ لە سەرتاسەری دنیا هاواریان بەرز بوەوە کە نابەرابەری سیاسی، کۆمەڵایەتی، کلتوری و ڕەگەزی ژنان لە بەرامبەر پیاوان، تەنیا کێشەی ژن یان کیشەی تاکەکەسی ژن و پیاو بە تەنیایی نییە کە تایبەت بە چوارچێوەی پەیوەندیی تاکەکەسیی ئەوان بێ، بەڵکو پارامێترێکە کە کاریگەری لەسەر زۆربەی تاکەکان دادەنێ. ئەو کردەوانە دەرخەری ئەو راستیە بوو کە ئەزموونی ئەو رەوشە بە شێوەی دیالکتیکی ناوەرۆکی ستراکتۆری ئەم ئەزموونەی لەخۆ دەگرت، پرسێک کەوا نیشان دەردا پرسێکی سروشتیە، بەڵام شتێک بێجگە لە دەرکەوتنێکی  ئاڵۆزی مێژوویی کۆمەڵایەتی نەبوو.

لە دەیەی ٦٠ و ٧٠ی زایینی سەرەرای پیاو مەزنی، چەوساندنەوە، ڕەگەزپەرەستی و دگرجنسگەرا سالاری وەکو ئەو سیستمانەی کە دەسەڵاتیان قۆڕخ کردبوو لەچوارچێوەی ڕەوتێکی  مەزنی کۆمەلایەتی و رادیکاڵ بوونی سیاسی ئەو توێژانەی بە دژی سودمەندبوونی سەرمایەداری و بە دژی سەرکوتی بیروکراسی ئیستانیلیستی لە وڵاتانی کرێکاری رۆژهەڵاتی ئەوروپا راپەڕینیان کرد، بردە ژێر پرسیار.

ئاڵوگۆڕی بارودۆخی ژیانی بە میلیۆنان ژن بەبەراورد لەگەڵ بارودۆخی ژیانی جیلەکانی پیشوو لەوانەیە وەک شۆڕشێک لە قەڵەم بدرێ، سەرەرای ئەوە روون و ئاشکرایە کە مافی بە دەست هاتوو لەچوارچێوەی سەرمایەداری، نە چەوساندنەوەی پیاومەزنی و نە چەوساندنەوەی سەرمایەداریان لە ناو نەبرد. بە میلیۆن مرۆڤ هەروا ناچار بە کۆیلەیی حەقدەست و برسێتی مەترسیدار، شەڕ، پیسبوونی ژینگە، لافا و وشکەساڵی، بێکاری و دەیان چەرمە سەرین. لە سەدا ٧٠ ی زیاتر لە میلیاردێک مرۆڤ کە هەنووکە لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین لە ژنان   وکچان پێک دێ.

لە خەبات بۆ دەستەبەربوونی مافی ژنان سەڕەرای دەسکەوتە گرینگە مێژووییەکان ئاماری سەرکوت و چەوساندنەوەی دڕندانەش بوونی هەیە. بۆ نمونە ١،٥ تا ٣ میلیۆن ژن و کچ هەموو سالێک دەبنە قوربانی توندوتیژی جنسی. سەرەرای پێشکەوتنە بەرچاوەکانی زانست و تەکنەلۆژیا لەڕادەی جیهانی هەموو ساڵێ ٥٠٠ هەزار ژن بەهۆی دژواریی بارودۆخی دووگیانی و مناڵ بوون گیانیان لە دەستدەدەن، ئەوە لە حاڵێک دایە کە ڕۆژانە ٥٠٠ ژن بەهۆی لە باربردنی نایاسایی منداڵ و نەبوونی ئەمنیەتی گیانی بۆیان جەستەیان دەسڕدرێتەوە. لە بارودۆخی ئێستادا سێکسفرۆشی بۆتە سەرچاوەی داهاتی باندەکانی قاچاخ و مافیای مرۆڤ و وەک یەکێک لە پڕ داهاتترین بازرگانیەکانی هەنووکە لە قەڵەم دەدرێ و ڕۆژ بە ڕۆژ پەرەدەستێنێ و هاوکات دەبێتە هۆی پەرەسەندنی مافیای بازرگانی مرۆڤ.

لە سەدا ٧٠ی رێژەی ٩٦٠ میلیونی نەخوێندەواران لە ژنان و کچان پێکدێ سەرەرای ئەوە  ژنانەکردنی کار بەرزبوونەوەی زۆری بە خۆوە بینیوە، ئێمە ژنان زیاتر لە٤٠ لە سەدی هێزی کاری جیهانی پێک دێنین، ئەوە لە حالێک دایە نیوەی ئێمە لە ژێر بارودۆخێکی نالەبار و تاقەت پڕوکێن خەریکی کار کردنین. سەرەرای ئەوە کاری ناوماڵ گوشارێکی لە رادەبەدەری بۆ ئێمەی ژنان هێناوە.

لە ماوەی رابردودا لە زۆربەی وڵاتە رۆژئاواییەکان شایەتی سوڕانێکی سیاسی ڕاستڕەوانە بووین، کە لە دەرەنجامی ئەو بارودۆخە سیاسیە بەشێک لە مافی بە دەستهاتووی ساڵەها خەبات و بەرخودانی ژنان هێرشی کرایە سەر. بۆ نمونە دۆنالد ترامپ لەویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دژ بە مافی لە باربردنی مناڵ پێداگری دەکات. ناوبراو بەو شێوەیە هێرشی زۆربەی دەسەڵاتدارانی ئیالەتی کە لە رابردو و لە ماوەی سەرکۆماریی باراک ئۆباما سەر بە حیزبی دیموکرات لە کۆشکی سپی یاسا گەلێکیان دژ بە ژنان بەرەو پێش بردبوو زەق کردەوە و گرینگی پێدەدان. لە ساڵانی رابردوودا لە ئوروپا هاوتەریب بوون و هاوئاهەنگیەکی  زۆر لە راستەکان و بنەماخوازانی کاتۆلیک نەتەنیا بە دژی مافی لەباربردنی مناڵ بەڵکو و هەروەها بە دژی بەرابەری رەگەزی هاوسەران و ماف دیموکراتیکەکانی تر پێکهاتووە. پرسێکی بوو کە بەهیچ جۆرێک دوور لە چاوەروانی نەبوو، چونکە سەردەمی ڕادیکالیزەبوون و خەباتی چینایەتی لەدەیەکانی ٧٠ و ٨٠ ی زایینی بە شکست و بەلارێداچوونی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان لەوانە فمێنیزم کۆتایی هات. شتێک کە هەنووکە وەک نێئۆلیبرالیزم لە قەڵەم دەدرێ وەلامی دەمار گرژانەی سەرمایەداری بەشەپۆلی هاوتەریب بوون و هاوئاهەنگی چینایەتی، مانگرتنەکان و پرۆسەگەلێکی شۆڕشگێڕانە بوو کە لە دەیەی ٧٠ی زایینی هەرەشە بوو بۆ سەر دەسەڵاتی سەرمایەداری.

بە پشت بەستن بە خیانەتی رێبەرانی کۆنەپارێزی  جەماوەر، سیاسیەکان و سەندیکاچیەکان لە رۆژهەڵات و رۆژئاوا، سەرمایەداریی توانی لە قەیرانەکان خۆی دەرباز کات و سیاسەتێکی ئابووریی بگرێتە بەر کە بە میلیۆن مرۆڤ بێکار بکات. چینی کرێکار هەڵوەشێنێتەوە و لەبن دەربێنێ و بە جێگای بایەخی تاکڕەوانە و دروشمی هەر کەس دەتوانێ خۆی رزگار بکات جێگیر بکات. هەڵبەت بۆ سەپاندنی ئەو شکستە چینی حاکم و دەسەڵاتدار نەیدەتوانی تەنیا پشت بە هاوکاری رێبەرانی خۆفرۆشی چینی چەوساوە، بۆ رووبەرووبوونەوە لەگەڵ دوژمن حیساب بکات، بەڵکو دەبوایە رەخنەگرانی نەترس و بێباکی خۆیان لەناو بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان جیاکەنەوە و بی پاڵێون، داوای هاوکارییان لێبکەن و چوارچێوەیان بەرتەسک بکەنەوە. رەخنەگرانێک کە پیاومەزنی، جیابیرانی رەگەزیی، رەگەزپەرەستی، زوڵم و چەوساندنەوەی سەرمایەدارانیان خستببووە ژێر پرسیار. مافە بەدەستهاتووەکان لە دەیەکانی ٧٠ ی زایینی تا رادەیەک ئاکامی بە فەرمی ناسینی هێزی تازەی چینی دەسەڵاتدارە. ئەم مافە هەوڵێک بوو بۆ جوابدانەۆە بە نارەزاییەکان و هەروەها جوابێک بۆ ژنانەکردنی هێزی کار و بەرهەمهێنان. سەرمایەداری هەوڵی دەدا بەڕاکێشانی هەرچی زیاتری ژنان بۆ ناو پرۆسەی بەرهەمهێنان، ڕێژە پێویستی هێزی کار بەربڵاوتر بکات. سەرمایەداری بەم شێوە کێبەڕکێ نێوان جەماوەری پێۆیستی حەقدەستی زۆرتر کردووەو ڕۆژ بە ڕۆژ هێرشی کردووەتە سەر دەسکەوتە مێژوویەکانی چینی کریکار. (ئەم ستراتیژیە بەرچاوە دەگەرێتەوە بۆ کاتی دەستپیکی سەرمایەداری، کاتێک کە سەرمایە “ئەرتشی پاشماوەی پیشەیی” خۆڵقاند تا حەقدەستەکان کەمتر کاتەوە و بە ژنانە و پیاوانە، خۆجەیی و غەیرە خۆجەیی، یەکڕیزی چینی کریکاری تووشی کەلێن کرد)

مێژوویەکی دورو درێژ لە خەباتی  هاوبەش ئاکامەکەی بە دووبەرەکی و کەلێنی چینی کرێکار و بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان کێشرا. فێمێنیزم لە خەبات و بەرخۆدان دژی نۆڕمی کۆمەڵایەتی کە سەرمایەداری هیدایەتی دەکرد شکستی خوارد و تەسلیم بوو، چۆکدادان وشکە ستێک کە بۆ ژنان بە واتای چەرمەسەری و هەڵاواردن بوو. لە ئاکامی نەبوونی ئەو ئاسۆ شۆڕشگێڕانەیە و خیانەت و خۆفرۆشی ڕیبەرانی بزوتنەوەی کرێکاری، ئەم توێژە و چینی کرێکاری بەرەو داڕمانی شەریکە مەزنەکان دەبرد.

لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەم دەولەتی کرێکاری شورەوی بۆ ئەو ژنانەی کە لەهەوڵی ئازادی خۆیان دا بوون ئەزموونێکی مەزن بوو. لە دەیەی هەشتای زایینی کە دەیەی سەرهەڵدانەوەی کۆنەپارێزان بوو، سۆسیالیزمێکی ڕاستەقینە کە دامەزرابوو، وەک رەشنوسێکی پێچراو لە رابردووی خۆی بوو و رۆژ بە رۆژ بەرو کزی دەچوو، هاوکات پاڕامێتری سۆسیالیستی بزوتنەوەی ژنان کاڵ بوبۆوە و هەوڵدەدرا وەک پارادۆکسێک سەیری بکرێ و مۆرکی ئەوەی لێ بدرێ  کە هەموو هەوڵەکان بۆ خەبات دژی دەسەلاتی ئەو کات، نۆڕمی نوێ و دێوەزمەی دەسەڵات و سڕینەوەی ژنانی بە دواوە دەبێ. ستالینیزم دامەزراندنەوەی دووبارەی شیرازەی بنەماڵە و پڕوپاگەندە بۆ رۆڵی ژنان وەک هاوسەر، دایک و ژنی ناو ماڵ بە ئەرکی خۆی دەزانی. مافی لە باربردنی منداڵ هەڵوەشێندرایەوە، سێکسفرۆشی وەک دەورەی تێزار بە تاوان ناسرا، سیاسەتی هەرەوەزی و بە کۆمەڵکردنی پیشەی بەرهەمهێنان پاشەکشی پێکرا و دەتوانین بلێێن بەتەواوی کۆکرایەوە. بۆ نمونە لە پەیوەندیی لەگەڵ جڵ شۆرگەی گشتی، سلف سرویسەکانی نان خواردن و شوێنی نیشتەجێ بوونی گشتی، ئۆرگانی ژنانی حیزب هەڵوەشێندرایەوە. ئەوانە تەنیا گۆشەیەکی بچووک لەو هەوڵانە بوون کە بە پشت بەستن بە بروکراسی ستالینیستی، ئەو هەنگاوە بوێرانانەی کە لە شۆڕشی ساڵی ١٩١٧ی زایینی هەڵهێنرا بۆوە لە ناوبرد و پاشەکشێی پێکرد.

ماویەتی

 تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٤٨ی بەرواری ١٥/٣/٢٠١٩ بڵاوبۆتەوە

About hkkk

Check Also

هەر عارف نیە مارفیشە! …

موحسین کەریم عارف قوربانی، یەکێك لە نوسەران و ڕۆشنبیرانی کوردایەتی، لە چاوپێکەوتنێکدا لە کەناڵی (K24) …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *