Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 مستێك له‌ لمۆزی دیموكراسی!
مستێك له‌ لمۆزی دیموكراسی!

مستێك له‌ لمۆزی دیموكراسی!

جه‌مال موحسین
١٣ ی ئایار ٢٠١٨

١٢ ی ئایار ڕۆژی تۆماركردنی شكستێكی گه‌وره‌ی هێزه‌ سیاسیه‌كانی كۆمه‌ڵگای عێراق و كوردستان بوو. ته‌واوی هێزه‌ ڕه‌نگاوڕه‌نگه‌كانی بۆرژوازی عه‌ره‌بی و كوردی و ئیسلامی له‌ ماوه‌ی بانگه‌شه‌ی گاڵته‌جاڕی هه‌ڵبژاردندا هه‌موو هه‌وڵێكی خۆیان خسته‌ گه‌ڕ. له‌ سیاسه‌تمه‌دار و وته‌بێژ و قسه‌كه‌ری ڕه‌سمی و ناڕه‌سمیانه‌وه‌ بگره‌ تا هونه‌رمه‌ند و گۆرانیبێژ و ڕۆشنبیر و تا مه‌لا و مه‌رجه‌عه‌ دینیه‌كانیان و میلیشیا و به‌ڵته‌جیه‌كانیان هاوشانی یه‌ك چ به‌ پاڕانه‌وه‌ و په‌خشاندنه‌وه‌ی درۆ و ده‌له‌سه‌ و فه‌لسه‌فاندنی پرۆسه‌ی دیموكراسی و گرنگی ده‌نگدانی خه‌ڵك و چ به‌ فروفیشاڵی وه‌عده‌ و به‌ڵێنی باشكردنی ژیانی خه‌ڵك و چ به‌ چاوترساندن تێكۆشان جه‌ماوه‌ر ببه‌نه‌ سه‌ر سدنوقه‌كانی ده‌نگدان. هه‌ر لایه‌نێكیان هه‌وڵیاندا په‌نجه‌مۆری خه‌ڵك بۆ خۆیان به‌ ده‌ست بهێنن. به‌ڵام به‌شداری نه‌كردنی له‌ نیوه‌ زیاتری خه‌ڵك له‌ سه‌راسه‌ری عێراقدا و به‌ ئاماری خۆیان و به‌ ئاسته‌م له‌سه‌روو له‌ سه‌دا په‌نجای خه‌ڵكی كوردستان واقعیه‌تێكی تری نیشان دا. جه‌ماوه‌رێك كه‌ برسی و ماندوو كراوه‌، له‌ نێو تائیفه‌گه‌رێتی و قه‌ومگه‌راییدا په‌رت په‌رت كراوه‌، جه‌ماوه‌رێك كه‌ زه‌ق زه‌ق سه‌به‌بكارانی هه‌ژاری و نه‌هامه‌تیه‌كانی ئه‌بینێ له‌سه‌ر دۆشه‌كی پاره‌ ئه‌نوون و هه‌رچی سه‌روه‌ت و سامان و ئامێره‌كانی به‌رهه‌مهێنان و كاركردنیان به‌ تاڵان بردووه‌ له‌ كاتێكدا كه‌ فرمێسكی مناڵه‌كانیان جۆگه‌له‌ی به‌ستووه‌، ’’نا‘‘ یه‌كی گه‌وه‌ریان دا به‌ ڕووی ورد و درشتی پێكهێنه‌رانی ده‌سه‌ڵاتدا و ئه‌وانه‌ی ململانێ له‌سه‌ر بردنی پشكی ده‌سه‌ڵات ئه‌كه‌ن.
١٢ ی ئایار شتێكی لای جه‌ماوه‌ری برسیكراوی عێراق و كوردستان نه‌هێشته‌وه‌ به‌ ناوی ئومێده‌وه‌ به‌ پرۆسه‌ی سیاسی عێراق. ئیسلامی سیاسی و قه‌ومگه‌رایی عه‌ره‌بی و كوردی و ورده‌واڵه‌ سیاسیه‌ ڕه‌نگاڵه‌ییه‌كانی به‌ ناوی عه‌لمانی و مه‌ده‌نیه‌وه‌ له‌ ده‌وری ئه‌وان بوون شكستیان هێنا. جه‌ماوه‌ر مستێكی توندی له‌ لمۆزی دیموكراسی دا! جه‌ماوه‌ر نیشانی دا كه‌ به‌ ده‌ستهێنانی ئازادی و یه‌كسانی و ده‌سته‌به‌ركردنی بژێوی و ژیان و شكۆی ئینسانی لای ئه‌و هێزانه‌ نییه‌ كه‌ ساڵه‌هایه‌ هه‌ژار و برسییان كردوون، سه‌ركوت و نابوتیان كردوون و كه‌چی هه‌ر ٤ ساڵ جارێك په‌نجه‌مۆری ئه‌و نه‌هامه‌تیه‌ش له‌ خۆیان وه‌رئه‌گرن.
له‌ كوردستانیش سه‌رباری هاژوهوژی ئه‌و هێزه‌ به‌ ناو نوێ و جیاوازانه‌ی كه‌ له‌ پێناو ڕزگاركردنی ده‌سه‌ڵاتی چینه‌ داراكانی كوردستان و عێراقدا دروست بوون تاكو گوایه‌ شۆڕوشه‌وق بده‌ن به‌ پرۆسه‌ی ده‌نگدان و جه‌ماوه‌ر نوقمی گاڵته‌جاڕی هه‌ڵبژاردن بكه‌ن، نه‌یانتوانی كارێك بكه‌ن دڵیان ئاو بخواته‌وه‌. ئه‌وان ئه‌یانه‌وێ به‌شداری كه‌می خه‌ڵك به‌وه‌ بشارنه‌وه‌ كه‌ گوایه‌ هاك كردن و دزین له‌ سیستمی ده‌نگدان و هه‌ڵبژاردندا و ساخته‌كردن له‌ ده‌نگه‌كاندا ڕووی داوه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ دیموكراسیترین پرۆسه‌دا ئه‌مه‌ ڕوونه‌دا و شتێكی تازه‌ بێ! به‌ڵام بایكۆتی كۆمه‌ڵایه‌تی و ملنه‌دانی جه‌ماوه‌ری كوردستان به‌و گاڵته‌جاڕیه‌ی هه‌موو هێزه‌ سیاسیه‌كان تیادا به‌شدار بوون خۆی له‌ خۆیدا ڕه‌تكردنه‌وه‌ی هێز و باڵه‌ ڕه‌نگاوڕه‌نگه‌كانی بۆرژوازی كورده‌، شكستی ئه‌و هێزانه‌یه‌ له‌ ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تیدا.
ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ ئاستی سه‌راسه‌ری عێراقدا ڕوویداوه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ زۆرینه‌ی خه‌ڵك به‌شداری ده‌نگدانی نه‌كردووه‌. هه‌رچه‌نده‌ لایه‌نه‌كان و خودی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان ئاماری جیاجیا ئه‌ده‌ن به‌ ده‌سته‌وه‌، به‌ڵام ڕاستی مه‌سه‌له‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ و به‌شێك له‌ میدیا جیهانیه‌كانیش جه‌ختی لێ ئه‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ڕێژه‌ی به‌شداربووان ناگاته سه‌رو‌ %٤٤. كه‌وایه‌ ئه‌وه‌ی دروست ئه‌كرێ و ناوی لێ ئه‌نێن حكومه‌تی به‌رهه‌می دیموكراسی درۆیه‌كی قه‌به‌یه‌ و حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی كه‌مینه‌یه‌. حزبه‌كانی كوردستانیش كه‌مینه‌ی ناو ئه‌و كه‌مینه‌یه‌ ئه‌بن و دوور و نزیك نوێنه‌رایه‌تی جه‌ماوه‌ری كوردستان و خواستی ئه‌وان بۆ ژیانێكی باشتر و ئازاد و سه‌ربه‌خۆ له‌ ده‌سه‌ڵاتی قه‌ومی و تائیفی ناكه‌ن.
پرۆسه‌ی سیاسی و دیموكراسی عێراق شكستی هێنا. شكستی ئه‌وان و سه‌ركه‌وتنی جه‌ماوه‌ر له‌م هه‌نگاوه‌یدا پیرۆز بێ. به‌ڵام كار به‌مه‌ ته‌واو نابێ. جه‌ماوه‌رێك كه‌ به‌مجۆره‌ بایكۆته‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ ئه‌م شكسته‌ی تۆمار كرد، ئه‌بێ ئیتر خه‌ریكی خۆكۆكردنه‌وه‌ بێ، خه‌ریكی خۆ سازكردن و خۆچه‌كداركردن بێ له‌ دژی ته‌واوی سیستمی سه‌رمایه‌داری له‌ عێراق و كوردستاندا. ئه‌مه‌ش ئه‌رك و كاری كۆمۆنیسته‌كان و ئازادیخواز و یه‌كسانیخوازانه‌. گه‌ر بمانه‌وێ برسێتی و هه‌ژاری ملیۆنی، سه‌ركوت و نه‌بوونی ئازادی كۆتایی بهێنین ئه‌بێ به‌ره‌و سۆشیالیزم هه‌نگاو هه‌ڵگرین. بۆرژوازی كورد و عه‌ره‌ب گه‌رچی له‌ شكستی خۆشیاندا په‌ل بكوتن گه‌ر له‌سه‌ر ده‌ستی جه‌ماوه‌ری برسیدا نوقم نه‌كرێن له‌ قه‌یران و شكستدا، كه‌ڵبه‌یان له‌ جه‌سته‌ی كۆمه‌ڵگا به‌رناده‌ن و به‌ زه‌بر درێژه‌ به‌ ته‌مه‌نی سیاسیان ئه‌ده‌ن. به‌مجۆره‌ له‌مه‌ زیاتر كۆمه‌ڵگا به‌ نه‌هامه‌تیدا ئه‌به‌نه‌ خواره‌وه‌.
جارێكی تر دیموكراسی فاشیل و ساقت بوو، سۆشیالیزم ڕێگه‌چاره‌یه‌!

 

About hkkk

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*