Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 مناڵان زوڵملێکراوترین بەشی کۆمەڵگەن!

مناڵان زوڵملێکراوترین بەشی کۆمەڵگەن!

نووسینی: عەبدوڵا مەحمود

پێویست بە بەڵگە هێنانەوە ناکات، کە لە کۆمەڵگەی چینایەتی ئیستادا، مناڵان بێبەشترین و ستەملێکراوترین توێژی کۆمەڵگەن. راستە ستەم و نابەرابەری، هەڵاوردن و هەژاری، بێکاری و گرانی، دەیان دەردو موسیبەتی تر یەخەگیری چینی کرێکار و توێژە بێبەشەکانە، بەڵام لەناو کورەی ئەم نابەرابەریی و ستەم و زوڵمە سیستماتیک و بێ پەروایەدا، مناڵان زوڵملێکراوترین بەشی کۆمەڵگەن. ئەگەر کرێکاران و کارمەندان، لاوان و ژنان، زوڵمیان لێدەکرێت و مافیان پایماڵ دەکرێت، بەڵام توانای بەرگری لەخۆکردنیان هەیە. لەکاتێکدا مناڵان بەتایبەتی لە خیزانە کەم دەرامەت و هەژارەکاندا قوربانی یەکەمی ژیانی مەمرەو مەژین، لەوەش واوەتر مناڵان بەهۆی مناڵ بوونیان توانای بەرگری لەخۆکردنیان نییە و پێویستیان بە پاریزبەندی و چاودێری گەورەکان و یاساو رێسایە، کە پارێزگارییان لێبکات.

ئەگەر لە بەشێک لە وڵاتانی دنیادا، تا رادەیەک مافی مناڵان بە فەرمی ناسراوەو دەوڵەت و یاسا بەرگری لە ماف و داخوازییەکانیان دەکات. هەرەشەو لێدان و سوکایەتیکردن پێیان یاساغە، کارکردن و بەدکەڵک وەرگرتنی سیکسی و بەکارهێنانیان لە ریزەکانی سوپاو…تاد، بەیاسا قەدەغەکراوە، وە بێگویدانە هەلومەرجی خیزانیان لەرووی مافەکانەوە، مافەکانیان پارێزراوە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی لەزوربەی هەرەزۆری دنیادا، هێشتا مناڵان لەسەرەتاییترین مافی مناڵی خۆیان نەک بێبەش کراون، بەڵکو هاوکات کارکردن بە مناڵان، هەرەشە و  چاوسورکردنەوەو لێدان و ئازاردان، بەکارهێنانیان لەسوپا و جەنگدا، تا دەگاتە بەدکەڵک وەرگرتنی سیکسی و گرتنە ئەستۆی بژێوی خێزان… راستیە شەرمئاوەرەکانی دنیای ئەمرۆن.

لە وڵاتانی دواکەوتوو، لەو دەوڵەتانەی سەرچاوەی یاساکانیان و دەسەڵاتەکانیان مەزهەبی یان تیکەڵاو بە دینە، دۆزەخی واقعی بۆ مناڵان داخراوەو جەستەی ناسکیان دەکاتە قەرەبروت. لە وڵات و شوێنی وەکو عیراق و کورستاندا، بەشێکی زۆری مناڵانی چین و توێژە نەدارەکان ئەو توێژەن، کە لە خوێندن و پەروەردە بێبەشن، ئەوانەشی شانسی چوون بۆ قوتابخانەیان هەیە، لە ژوری بچکۆلەدا ٣٠، ٤٠، ٥٠ قوتابی مۆڵ دەکرێن، سێ شفت دەوام هەیە بەهۆی نەبوونی بیناوە. نەهجی خوێندن قورس و ترس ئامێزو دواکەوتوانەیە، شوێنی یاری و وانەی سەرگەرمی کەمە. لە زۆر لە قوتابخانەکاندا ترس و چاوسورکردنەوە هەیە، تەنانەت لێدانیش ماوە. وە بەشێکی زۆری مناڵان بەهۆی سەختی ژیانەوە دەخرێنە ناو بازاری بێرەحمی کاری پیشەییەوە، لێدان و ئازاردان لە ماڵەوە بۆ قوتابخانە، راستیەکی حاشاهەڵنەگرە. تیکەڵ بەکاری سیاسی دەکرێن و ژمارەیەکی زۆریان تیکەڵ بە خورافەی دینی دەکرێن، مزگەوت بۆ کوران و و حجاب پۆشی بۆ کچان هەیە… لە قوتابخانەکاندا لەیەکتری جیادەکرێنەوەو نامۆ بەیەکیان دەکەن، یاری کوڕانەو کچانە هەیە، بە ئاگرو دوپشکی جەهەنەم دەرترسێنرێن و وانەی دینیان پێ دەوترێتەوە… بەکورتیەکی لە ژیانێکی تا بڵێی دژواردا راگیراون. لە جیاتی ئەوەی گەورەکان گوێ لە مناڵان و خواستەکانیان بگرن، بە مناڵان دەڵێن گوێرایەڵ بن. مناڵان وەک ئینسانی تەواو تەماشا ناکرێن، بە پاساوی ئەوەی کە لەشت تێناگەن راستییەکانیان پێناوترێت و هەوڵدەدرێت شتگەلێکی زۆریان لێ بشارنەوە. ئەم هەلومەرجە رێگە لەوە دەگرێت مناڵان لەزەت لە ژیانی مناڵانەی خۆیان ببەن… رێگە لەوە دەگرێت مناڵان خاوەن ئیرادەی سەربەخۆ بن و توانایەکانیان دەربخەن، بێ مافەکانیان هێندە زۆرە نەوە لەدوای نەوە مناڵی شەرمن لە دڵی کۆمەڵگەدا، بەدوای یەکدا دەهێنرێن. مناڵانی بێ دایک و باوک، یان بی سەرپەرشتی خێزان… دەوڵەت بەرپرسیاریەتی ژیان و گوزەرانیان هەڵناگرێت و ناچار بەوە دەکرێن خۆیان بەرپرسیاریەتی خۆیان و ئایندەیان لەسەر خۆیان بێت. نەک هەر بەد کەڵی سیکسیان بەرامبەر دەکرێت، بەڵکو کچانی تەمەن نۆ ساڵ لەلایەن رەوتە ئیسلامیەکان و لەسەر سونەتی محەمەدی ئیسلام رێگەپێداروە لە ٩ ساڵیدا بەشو بدرێن!!  ئیغتیسابی شەرعی… بکرێن. هێشتا کچانی خوار تەمەنی باڵق بوون بەزۆر بەشو دەدرێن،  بەڵی ئەمەیە حاڵی مناڵان لە شوێنی وەکو عێراق و کوردستاندا…

دیارە بەرپرسی سەرەکی ئەم ژیانە جەهەنەم ئاساو نابەرابەرو زاڵمانە و بێمافییە هەمەلایەنەیەی مناڵان، بەجیا لە دین و کاریگەری رەوتە کۆنەپەرست و ئیسلامیەکان، دەسەڵاتی سیاسییە… دەسەڵاتێکە کە باکی بە ئایندەی نەوەکانی ئایندەی خۆیی نییە و دەیەوێت هەموو کۆمەڵگە بە مناڵانیشەوە بخاتە خزمەت قازانج پەرستی و مانەوەی دەسەڵاتی زاڵمانەو دڵرەقانەی خۆیەوە…

ئەو هەلومەرجەی مناڵان قابیلی قبوڵ نییە. بەرەی ئینسانی ئازادیخواز و پێشکەوتنخوازو لایەنگرانی مافی مرۆڤ لە کوردستاندا لەبەرامبەر بەو دۆخە بەئاگان و پێویستە لە چوارچیوەی خەبانی خۆیاندا بۆ باشترکردنی ژیانیان، پرسی مناڵان بکەنە پرسێک بەرەو چارەسەر و بەیاسایی مافەکانی مناڵان بسەپێنن بەسەر دەسەڵاتدا. با یادی جیهانی مناڵان بە دروستکردنی ژینگەیەکی پر ئاڵاو واڵاو رەنگاو رەنگ و بەرەسمی ناسینی مافەکانیان بەرز رابگرین.

لە ژمارە ٢٩ی بۆپیشەوەدا بڵاوبۆتەوە

About hkkk

Check Also

گفتوگۆ لەگەڵ ڕێبوار ئەحمەد، لەبارەی بڵاوبوونەوەی کتێبی “لەبری بیرەوەری” و کاردانەوەکانی …

ئەفسانە یان فاشیزم بۆپێشەوە: کتێبە تازەکەی مەلا بەختیار (لەبری بیرەوەری) گۆشەیەکی تر لە تاوان و …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *