Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 میدیای ئەهلی مینبەری کام بەرەیە؟

میدیای ئەهلی مینبەری کام بەرەیە؟

عەبدوڵا مەحمود
abdulla.mahmud@gmail.com

هەرێمی کوردستان خاوەنی سەدان دەزگاو کەناڵی میدیایی راگەیاندنی هەمە چەشن و هەمە جۆرە. لەناو ئەو هەموو کەناڵانەدا ژمارەیەکیان راستەوخۆ سەر بەحزب و رێکخراوە سیاسیەکانن. ژمارەیەکیشیان میدیای سێبەرن و دەستوخەت و دەنگیان دەناسرێتەوە. بەڵام هەندیك میدیای تر هەن کە خۆیان بە سەربەخۆ یان ئەهلی دەناسێنن یان واناسراون. من لێرەدا قسەم لەسەر میدیای حزبەکان نییە، بەڵکو دەمەوێت سەبارەت بە میدیای ئەهلی یان سەربەخۆ قسە بکەم. دیارە مەبەستم لە میدیای ئەهلی یان سەربەخۆ ئەوە نییە، کە ئەم میدیاو کەناڵانە، جیاواز یان دوورن لەدیدو روانینی بزوتنەوەی ناسیونالیستی و رەوتگەلی دینی، بەڵکە تەنها مەبەستم ئەو کەناڵ و دەزگا راگەیاندنانەیە کە خۆیان لەدەرەوەی چوارچێوەی رێکخراوەیی حزب و رێکخراوە سیاسیەکانی کوردستاندا، پێناسە دەکەن.

ئەوەی زۆر جێگای لێرامانە، هەموو ئەو میدیاو دەنگانەی خۆیان بەسەربەخۆ رادەگەیەنن، یان بانگەشەی ئەهلی بوون دەکەن، هێندەی نووسەر و کادر وسەرکردەی حزب، تیایدا دەردەکەون مینبەریان دەخرێتە بەردەم، بە دەگمەن روودەدات نوسەرێک، هەڵسوراوێک، چالاکوانێک، رابەری بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی، لەو میدیایانە دەربکەون و میدیا و مینبەر بخرێتە بەردەمیان. ئەم حاڵەتە پێویستی بە زۆر لێڕامان نییە، ئەرشیفی ئەو میدیایانە لە پێش هەموویانەوە ئەو کەناڵانەی زۆر بانگەشەی سەربەخۆیی دەکەن لە چەشنی NRT سیخناغە لە دەمو چاوی کادرانی حزب و نووسەرانی حزب و موچەخۆرانی. لەناو ئەو لەشکرەش لە بەرپرس و کادر و نووسەرانی حزبدا، خێلی مەلای بەلاشخۆری عەمامە بەسەر بێ عەمامە، سەرکردەو کادری حزبە ئیسلامیەکان، نووسەرانی ئیسلامی، نووسەرانی سەلەفی و تەنانەت هەڵگرانی دید و بەرگریکەران لەداعش، پشکی شێریان لەناو ئەو میدیایانەدا، پێبراوە. کەم بەرنامەو تەوەر، دیدار و گفتوگۆ هەیە، مەلاو کادرانی ئیسلامیەکان تیادا بەشدار نەبن. رۆژ و شەوێک نییە کادرانی کۆنەپەرستی ناو کۆمەڵگا، نووسەرانی ئیسلامی، بەرگریکاران لە داعش، میوانی ئەو میدیا و دەزگا راگەیاندنە بەناو سەربەخۆو ئەهلیانە نەبن. ئەوە لە کاتێکدایە، کەئیسلامیەکان و حزبە ئیسلامیەکان و خۆیان خاوەنی چەندین دەزگای میدیایین لە گۆڤارو رۆژنامەو هەفتەنامەو پەیچ و کەناڵی سەتەلایت و تەلەفزیۆنی ناوخۆیی محەلی. کەچی دیسان، میدیای ئەهلی و بەناو سەربەخۆ، دەرگایان بۆ ئەم ئیسلامیانە خستۆتە سەرپشت، تا ئازادانە سوکایەتی بە هەموو پیرۆزیەکانی ئینسان و جوانیەکانی ناو کۆمەڵگا بکەن. پرسیار ئەوەیە ئایا بەراستی ئەم کەناڵ و میدیا بە ناو ئەهلی و سەربەخۆیانە، بەشێک نین لە هێزو وزەی گێرانەوەی کۆمەڵگا بۆ دواوە؟ ئایا بەراستی ناراستگۆیی بانگەشەکانیان، بەرۆشنی نیشان نادەن؟ ئایا بەراستی جێگای شەرم نییە ئەم میدیا و کەناڵە خۆ بەسەربەخۆزان و ئەهلیانە، چاوی بینین و گوێچکەی بیستنی دەنگ و خواستی ئۆردویەک لە ئینسانی سەربەخۆ، ئازادیخواز، چەپ، هەڵسواروانی بەرگری مافە ئینسانیەکان، لە مافی ژنان و لاوان و مناڵان… هەزاران هەڵسوڕاوی سیاسی سەربەخۆ، چالاکوان و هەڵسواراوانی کۆمۆنیست و چەپ، مۆدیرن و عەلمانیەکانیان، نییە. خۆ باش دەزانن تەنها ئەم ئۆردووە خاوەنی کەناڵ و دەزگای میدیایی خۆیان نیین. خۆ باش دەزانن ئەم لەشکرە زۆرتر دەکرێنە نیشانەی قیرەقیری ئیسلامیەکان و کۆنەپەرستەکان و دەسەڵاتی سیاسی. پرسیار ئەوەیە هۆکار چییە ئەم لەشکرە لەلایەن ئەم میدیا ئەهلیانەوە پەراوێز دەخرێن و ئەوانەش خاوەنی چەندین میدیا و دەریایەک لە پارەوپوڵن و نوێنەری بەرەی کۆنەپەرست و ئیسلامی سیاسین، پێشوازی دەکرێن؟ هەتا بەشێکی زۆر لەپێشکەشکاری بەرنامەو تەوەرە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان و پرسە گرنگەکانی ناو کۆمەڵگا، خۆیان هێندە دواکەوتوو کۆنەپەرستن، یان نا پرۆفیشناڵ و بێ زانیارین، کە بەسانایی دیارە لە ئەلف و بێ میدیاو کاری رۆژنامەگەری نازانن.

زۆر جار ئینسان، سەراسیمە دەبێت بەو کەناڵانە کەچۆن دەتوانن کەسانی واگەمژه بدۆزنەوەو بانگهێشتی بەرنامەکانیان بکەن؟ کە زۆر جار بەئاشکرا سوکایەتی بە پێشکەش کاری بەرنامەکان، دەکەن. سوکایەتی بە کۆمەڵگا دەکەن. تەنانەت بە ئاشکرا بەرگری لە داعش و هاوشێوەکانیان دەکەن. لێکۆڵەر و توێژەر و چاودێری سیاسی وا گەمژە و بێئاگا ئەدۆزنەوە کە لێکدانەوەکانیان، بەشی ٢٤ سەعات، ناکات.

ئەو میدیا بەناو ئەهلی و سەربەخۆیانە، بەم رەوتەی گرتویانەتە بەرو بەو ئاراستەیەی هەیانە هێندەی تەلەفزیۆنی حزبەکان و میدیاکانیان، نووسەرو کادرە مۆڵەتپێدراوەکانیان، بەرپرسن لەو سەرگەردانییەی میدیا لە کوردستان و رۆژنامەگەری، تیادا نوقمە. میدیا و کەناڵە بەناو ئەهلییەکان، وەکو حزبە دەسەڵات بەدەست و دواکەوتووەکان، بەشێکن و بەشدارن لەو ژەهراوەی کۆمەڵگای پێ گێژ دەکەن و راستیەکانی کۆمەڵگا، دەشارنەوە. بەشێکن لەو هێزەی کە رێگری دەکەن لە گەشەی کۆمەڵگاو بێئیرادەکرنی خەڵک، بەشێکن لەو هێزەی کۆمەڵگا بەرەو دواوە دەبەن. بەشێکن لە پاشەکشەکردن بە فەرهەنگ و دیدی ئینسانی و بێرێزیکردن بە شکۆی ئینسانی. بەشێکن لە دروستکردنی ناسنامەی ساختە و بڵاوکردنەوەی رق و کینە و دڵرەقی. بەشێکن لە ماشینی درۆ سازی و درۆ دەرخوارد دانی کۆمەڵگا. من لام وایە ترسناکی ئەم جۆرە میدیایە، هیچی لە ترسناکی دەسەڵاتی میلیشیایی و مافیایی کەمتر نییە. ئەم میدیایە هیچ تەبایەکی لەگەڵ ئازادیخوازی و پێشکەوتنخوازی و ئینسان دۆستی نییە. وە نەیاری سەرسەخت و کۆسپێکی واقعی بەردەم رەوتی پێشکەوتنی کاری میدیای و میدیای ئەهلی و سەربەخۆیە. دژی ئۆردوی ئینسانە ئازادیخوازەکان و نووسەران و هەڵسوارو چالاکوانە مۆدیرن و پێشکەوتنخوازەکانن. میدیای بەرەی کۆنەپەرستی کۆمەڵگا و مینبەری حزب و لەناو حزبەکانیشدا مینبەری ئیسلامی سیاسی و کۆنەپەرستی ئیسلامین…

دیارە ژینگەو زەمینەی میدیایەکی ئاوا، کە بەناوی ئەهلی و سەربەخۆوە، بۆتە بڵندگۆی کادرانی حزب و بەتایبەتیش بڵند گۆی کۆنەپەرستی و پیاوانی دینی و کادرانی حزبە دینیەکان، دەسەڵاتدرایتی سیاسی لێی بەرپرسە یان ناراستەوخۆ لەلایەن کەسانێک کە لە فەلەکی حزبیدان، ئاراستە دەکرێن. لە کۆتاییدا بە پێویستی دەزانم پێداگری لە راستیەکی سەلماو بکەم کە هیچ گومانم لەوەیە نییە چۆن هیچ حزب و رێکخراوێکی سیاسی عەلمانی لە ناو بزوتنەوەی ناسیونالیستی کوردیدا بوونی نییە، ئاواش دڵنیام هیچ کەناڵ و میدیایەکی عەلمانیش لە کوردستاندا کەسەر بەخانەوادەی بزوتنەوەی کوردایەتی بێت، بوونی نییە. لە دۆخێکی ئاواشدا، بوونی میدیای بەناو ئەهلی و سەربەخۆ بەو ناوەرۆکە دواکەوتوو کۆنەپەرستیەوە، حاڵەتێکی چاوەروانکراوە. بەڵام بێدەنگی بەرامبەر بەو جۆرە لە میدیا، ناچاوەروانکراوەو پێویستە ئەو میدیایە، ماهیەتەکی و ترسناکیەکەی و کاریگەریە وێرانکەرەکانی لەسەر کۆمەڵگا، لەلایەن بەرەی ئازادیخوازو پێشکەوتنخوازی کۆمەڵگاوە، بخرێتە روو. ئەم جۆرە میدیایە لە ناوەرۆکدا سەر بە رەوت و بزوتنەوەیەکی کۆنەپەرستانەی کۆمەڵایەتییە. کە خوازیاری هێشتنەوەی دۆخی ئێستاو تەنانەت هەوڵی پاشەوپاش گەڕانەوەی کۆمەڵگاو سەندنەوەی ماف و دەستکەوتە شارستانی و مافە جیهانداگرە ئینسانیەکانی ئەدات. ئەم میدیایە بە نەخشەوە ئاراستە دەکرێت بۆ وەستانەوە بەرامبەر بە بزوتنەوەو کەلتورێک کە نارازییە بە دۆخی باو و خوازیاری ئاڵوگۆر و ژیانی باشتر و پێشکەوتنخوازیییەو هەوڵی بێوچان دەدەت بۆ دەست راگەیشتن بە دەستکەوتە هەمەلایەنەکانی پێشکەوتنی ژیانی ئینسانی.

ئابی ٢٠١٥

About hkkk

Check Also

گفتوگۆ لەگەڵ ڕێبوار ئەحمەد، لەبارەی بڵاوبوونەوەی کتێبی “لەبری بیرەوەری” و کاردانەوەکانی …

ئەفسانە یان فاشیزم بۆپێشەوە: کتێبە تازەکەی مەلا بەختیار (لەبری بیرەوەری) گۆشەیەکی تر لە تاوان و …