Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 نابی ڕێگا بدرێت ده‌وڵه‌تی فاشستی تورکیا کوردستان بکاته‌ مه‌یدانی جه‌نگ و نائارامی
نابی ڕێگا بدرێت ده‌وڵه‌تی فاشستی تورکیا کوردستان بکاته‌ مه‌یدانی جه‌نگ و نائارامی

نابی ڕێگا بدرێت ده‌وڵه‌تی فاشستی تورکیا کوردستان بکاته‌ مه‌یدانی جه‌نگ و نائارامی

چه‌ند ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر ده‌وڵه‌تی فاشیستی تورکیا،‌ به‌ پاساوی ” شه‌ڕ له‌دژی په‌که‌که ‌” هیزێکی سه‌ربازی به‌ ژماره‌یه‌ک زرێپۆشه‌وه‌ رەوانەی هەرێمی کوردستان کرد. هێزەکەی تورکیا بە ‌قوڵایی ٣٠ کیلۆمه‌ترو بە پانتایی دەیان کیلۆمەتر، لە‌ چه‌ند گوند و ناوچه‌ی سه‌ر به‌ ‌قه‌زای سۆران و سیده‌کان و بارزان، دەیان بنکه‌ی سه‌ربازییان جێگیر کردوەو بەپێی راگەیاندنەکانی دەوڵەتی تورکیا ئامانجی ئەو هێزە هێرشکردنە بۆسەر پەکەکە لە قەندیل.

بەهۆی ئه‌م لەشکرکێشیەوە، دانیشتوانی گوندەکان له‌به‌ر مه‌ترسی بۆردومان و هه‌ڵگرساندنی شه‌ڕ، ناچار بوون ماڵو حاڵیان جێبهێڵن و ئاوارە بوون. به‌ڵام ئاکامه‌ زیانباره‌کانی ئه‌م ملهوڕی و له‌شکرکێشیه‌ی ده‌وڵه‌تی تورکیا، هه‌ر به‌ کوشتار و تێکدانی ماڵوحاڵی خه‌ڵکی ئه‌م ناوچانه‌ ته‌واو نابێت، به‌ڵکو‌ دەبێتە هۆی داسه‌پاندنی فه‌زای جه‌نگ و میلیتاریزم به‌سه‌ر کوردستان‌ لەلایەك و لەلایەکی ترەوە، ڕاکێشانی خه‌ڵکی کوردستانە‌ بۆ ژێر سایه‌ی داگیرکاری و ده‌ستدرێژیه ‌سه‌ربازیه‌کانی ده‌وڵه‌تێکی فاشیست، کە ‌له‌ناوخۆی ووڵاتەکەیدا ئه‌وپه‌ڕی سه‌رکوت و کۆنه‌په‌رستی دژ به‌هاوڵاتیانی ژێرده‌ستی په‌یڕه‌و ده‌کاو زیندانه‌کانی له نه‌یارانی خۆی سیخناخ کردووه‌ و به‌ئاگرو ئاسن وه‌ڵامی خه‌ڵکی ناڕازی‌ ده‌داته‌وه‌.

ئامانجی ئۆردوگان، ئه‌م سەرکردە دیکتاتۆره‌ی دیموکراسی بۆرژوازی تورکیا و ئه‌م ڕیفۆرمخوازه‌ ئیخوانیه‌ی ناسیۆنال ئیسلامی، له‌م له‌شکرکێشی و سیاسه‌ته‌ جه‌نگخوازیه‌یدا، کە ئه‌مجاره‌ سه‌لامه‌تی و ئارامی خه‌ڵکی کوردستانی عێراقی له‌پاڵ کوشتارو کاولکاری و ده‌ستدرێژیه‌ سه‌ربازیه‌کانی بۆسه‌ر ناوچه‌ی عه‌فرین و مه‌نبیج له‌سوریا کردۆته‌ ده‌ستمایه‌ی خۆی، بۆ خۆده‌ربازکردنە له‌قه‌یرانی ناوخۆی ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی و بۆ ئه‌وه‌یه‌ جارێکیتر له‌هه‌ڵبژاردنه‌کاندا، جڵه‌وی  ده‌سه‌ڵات بگرێته‌وه‌ ده‌ست و ئه‌وه‌ نیشان به‌شه‌کانی بۆرژوازی و چینی ده‌سه‌ڵاتداری تورکیا بدات، که‌هێشتا توانای ڕاگرتنی حکومه‌ت و پایه‌کانی ده‌وڵه‌تی هه‌یه‌.

گومان لەوەدا نیە کە ئه‌م له‌شکرکێشی و پاوانخوزیه‌ی ده‌وڵه‌تی تورکیا به‌بێ ئاگاداری و ڕێکه‌وتن له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم و به‌غدا لەتوانادا نیە. هه‌ردوو ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ دژه‌ خه‌ڵکیه‌ش به‌خۆگونجاندن و پێشکه‌شکردنی ته‌نازولات له‌فه‌زای سیاسی لیخنی ناوچه‌که‌دا که‌وتونه‌ته‌ شوێن به‌رژه‌وه‌ندی و ده‌ستکه‌وته‌کانی خۆیانه‌وه‌، بۆئه‌مه‌ش ئاماده‌ن ژیان و ئارامی و سه‌لامه‌تی هاوڵاتیانی ژێرده‌ستیان له‌هه‌ر سه‌وداو مه‌مه‌ڵه‌یه‌کی ئاشکراو ژێربه‌ژێردا، هەراج بکەن!

 

بێگومان ئەم له‌شکرکێشیه‌ی ده‌وڵه‌تی تورکیا بۆسه‌ر کوردستانی عیراق، ‌له‌درێژه‌ی ئاڵوگۆڕه‌ سیاسی و سه‌ربا‌زیه‌کان وجێگاو ڕێگای هێزه‌ ئیمپریالیسته‌کان و هێزه‌ ناوچه‌ییه‌کان، له‌په‌یوه‌ند به‌جه‌نگ له‌سوریادا‌ هاتۆته‌کایه‌وه. ‌دوای ملدانی ئه‌مریکا به‌جێگیرکردنی هیزه‌ سه‌ربازیه‌کانی تورکیا له‌مەنبیج، ڕۆڵی تورکیا له‌سوریاو عێراق و کوردستاندا، کراوه‌ته‌ فاکتۆرێک بۆ لاوازکردنی ڕۆڵی ئێران له‌ناوچه‌کەدا‌ لەلایەك و  به‌رگرتن به‌ڕۆچوونی زیاتری ده‌وڵه‌تی تورکیا به‌ره‌و که‌مپی ڕوسیا لەلایەکی دیکەوە‌، به‌جۆرێک که ‌به‌قازانجی ئه‌مریکاو راستکردنەوەی لا‌سه‌نگی هێزی له‌ئاست ناوچه‌که‌دا بێت‌. راکێشانی هێزی سوپای تورکیا بۆ سه‌ر شوێنگه‌ی ژیان و کاری خه‌ڵکی مه‌ده‌نی چ له‌کوردستان چ له‌سوریا، به‌شێکه‌ له‌م ئامانجه‌ گلاوه‌ی ئه‌مریکا له‌ئاست ناوچه‌که‌دا.

ئه‌م ملهوڕی و له‌شکرکێشه‌یه‌ی دەوڵەتی بۆرژوا فاشستی تورکیا بۆسەر هەرێمی کوردستان، هیچ پاساوێک هه‌ڵناگرێ و ده‌بێ ده‌ستبه‌جێ هەرێمی کوردستان جێبهێڵن. پێویستە خەڵکی کوردستان داوای کشانه‌وه‌و چونه ‌ده‌ره‌وه‌ی هێزه‌کانی تورکیا بکەن و  فشار بخەنە سەر ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم و عێراق و داموده‌زگا نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان بەمەبەستی کردنە دەرەوەی ئەم هێزانە. ده‌بێ سیاسه‌تی چه‌په‌ڵی به‌رژه‌وه‌ند خوازانه‌ی ئه‌حزابی دەسەڵاتدار له‌کوردستان که‌ژیان و ئه‌منیه‌تی خه‌ڵکیان کردۆته‌ کاڵایه‌ک بۆ سات و سه‌دوا له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی کۆنه‌په‌رستی ناوچه‌که‌دا، ڕیسواو سه‌رکۆنه‌ بکرێ.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بانگه‌وازی خه‌ڵکی کرێکارو ئازادیخوازو سته‌مدیده‌ و خه‌ڵکی مرۆڤدۆست و پێشکەوتنخوازی جیهان و ناوچه‌که‌ ده‌کات کە دژ به‌م ده‌ستدرێژیه‌ی حکومه‌تی تورکیا لەپاڵ خەڵکی کوردستانی عێراقدا  ڕابوه‌ستن. شان بەشانی جالیەی کوردی به‌رده‌م بالۆێزخانه‌کانی تورکیا بکه‌نه‌ مه‌یدانی ده‌نگ هه‌ڵبڕینی ناڕه‌زایه‌تی و دانانی سنورێک بۆ حکومه‌ته‌ فاشسته‌که‌ی ئه‌ردوگان.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

8/6/2018

 

 

 

About hkkk

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*