Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 نابێ لەم گاڵتەجاریەدا بەشداری بکەین!
نابێ لەم گاڵتەجاریەدا بەشداری بکەین!

نابێ لەم گاڵتەجاریەدا بەشداری بکەین!

کرێکاران، خەڵکی زەحمەتکێش و ئازادیخوازی کوردستان!

گاڵتەجاری هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق دووبارەکردنەوەی هەمان سەوداومامەڵەی ناو بازاڕی له‌خشته‌بردنی خه‌ڵکە. کێبڕکێی به‌ده‌ستهێنانی کورسیه‌کانە له‌نێوان ده‌سته‌وتاقمی کۆنه‌په‌رستی نەتەوەپەرست و مه‌زهه‌بی و تائیفیە میلیشیایه‌کاندا. مه‌یدانێکە بۆ درۆکردن و داپۆشینی ڕابردووی تاڵانچیتی و راوڕوتی خه‌ڵک و سڕینه‌وه‌ی خوێنی ده‌ست و مه‌چه‌کێکە که‌ له‌ تاوانه‌کانی کوشتن و تیرۆرو ده‌ربه‌ده‌رکردنی هاوڵاتیاندا سوورکراوه.

یاسایه‌کی هه‌ڵبژاردن که‌ له‌سه‌ر بنه‌مای به‌شی نه‌ته‌وه‌ی کوردو عه‌ره‌ب، سونه‌و شیعه‌، مه‌سیحی و سریانی، یه‌زیدی و تورکمان، ته‌نانه‌ت تورکمانی شیعه‌ وکوردی شیعه، کاکه‌یی ‌وفه‌یلی، ڕێژه‌ی نوێنه‌رانی په‌رله‌مانی دیاریکردوە‌، له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ مافی هاوڵاتیبوونی یەکسانی له‌خه‌ڵک سه‌ندۆته‌وه. لەلایەکی دیکەوە به‌شداریکردنی هێزه‌ ‌‌میلیشیاییه‌کانی وه‌ک “حه‌شدی شه‌عبی” و”عه‌سایبی ئەهلی حه‌ق” و “ڕێکخراوی به‌در” وهاوشێوه‌کانیان لە هەڵبژاردندا هیچ حوکمێك سەبارەت بەم هەڵبژاردنە ناهێڵێتەوە بێجگە لەوەی کە ‌بڵێین: ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ به‌کرده‌وه‌، نه‌ک هه‌ر شایانی ئه‌وه‌ نییه‌ به‌ هەڵبژاردن ناوببرێ، بگره‌ واتا و ناوه‌ڕۆکی “هه‌ڵبژرادن ودیموکراسی ڕۆژئاوایی” شی شه‌رمه‌زارکردوه‌.

‌بەڵام خه‌ڵکی کوردستان ئه‌مجاره‌ له‌دۆخێکدا رووبه‌ڕوی سیناریۆی گاڵته‌جاڕی هه‌ڵبژاردنی عێراق کراوه‌ته‌وه‌ که له‌ ڕیفراندۆمێکدا به‌شیوه‌یه‌کی مه‌ده‌نی و به‌ده‌ر له‌زه‌بروزه‌نگ ده‌نگی دا به‌جیابوونه‌وەو سه‌ربه‌خۆیی کوردستان. بڕیاریاندا که‌چیتر نایانه‌وێت ژیانی خۆیان و نه‌وه‌کانی داهاتویان له‌ژێر سایه‌ی ده‌ستورو ده‌سه‌ڵاتێکی عروبی و ئیسلامیدا به‌ڕێوه‌ ببه‌ن، بەڵام‌ دیمان عه‌بادی و حکومه‌ت و په‌رله‌مانی عێراق به ‌به‌ڕێخستنی جه‌نگێکی سه‌راسه‌ری چۆن وه‌ڵامی بڕیاری خەڵکی کوردستانیان دایه‌وه‌. ئایا دوای ئه‌م هه‌موو تاوانکاری و ده‌ستدرێژی و سه‌رکوتگه‌ریه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا، ئیتر به‌قه‌د سه‌ره‌ده‌رزیه‌ک‌ بواری متمانەبوون بەم دەسەڵاتە لای خه‌ڵکی کوردستان ماوەتەوە، تا ڕێگای به‌غدا و “شه‌راکه‌ت له‌حوکمه‌تدا” بۆ گه‌یشتن به‌ژیانێکی باش و ئاسوده‌ و به‌دور له‌ رقەبه‌ری نەتەوەیی و دینی بگرنه‌به‌ر!؟ ئایا به‌دوای ئه‌و هه‌موو ده‌ستدرێژیه‌ی کاربه‌ده‌ستانی به‌غدا، بانگه‌وازکردنی خه‌ڵکی کوردستان بۆ به‌شداری له‌هه‌ڵبژاردنێکدا که‌هه‌رئه‌م کاربه‌ده‌ستانه‌ ده‌خاته‌وه‌ سەر کورسی دەسەڵات، سوکایه‌تیکردن نیە پێیان!؟

ڕاستیه‌که‌ی ئه‌وه‌یه‌ ئەو جۆرە ‌ده‌سه‌ڵات و سیسته‌مە حوکمڕانیەی ‌له‌عێراقدا به‌ڕێوه‌ده‌برێ‌، هیچ فرسه‌تێکی له‌به‌رده‌م خه‌ڵکی کوردستاندا نه‌هێشتۆته‌وه‌ تا ڕێگای پێکه‌وه‌ژیانی ئازادانه‌و یەکیەتیەکی ئارەزومەندانە هه‌ڵبژێرین و هەر لێره‌شه‌وه‌ بۆ ‌هه‌ڵبژاردنه‌کانی عێراق بڕوانن. به‌پێچه‌وانه‌شەوە‌‌ رووداوه‌کانی ١٦ی ئۆکتۆبه‌ر و مامه‌ڵەی فاشیستانەو شۆڤێنیستانەی‌ ‌ده‌وڵه‌تی عێراق و ‌په‌رله‌مان و حزبه‌کانی سەر بە خێزانی بۆرژوازی عێراقی- عەرەبی‌ ‌به‌رامبه‌ر ڕیفراندۆم و ئه‌نجامه‌که‌ی، ئه‌وه‌ی سه‌لمانده‌وه‌ که ‌به‌شداریکردن له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا و گەڕانه‌وه‌ بۆبه‌غدا، جگه‌ له‌ پێشێلکردنی ئیراده‌ی خه‌ڵکی کوردستان و به‌زۆرلکاندنه‌وه‌ی کوردستان به‌عێراق و ژێرده‌سته‌کردنی خه‌ڵکه‌که‌ی شتێکی دیکە نیه‌.

له‌دۆخی ئێستادا، ئه‌م سیاسه‌تی گه‌ڕانه‌وه‌یە بۆ به‌غدا له‌ڕێگای به‌شداریکردن له‌هه‌ڵبژاردنه‌کانه‌وه‌، هه‌رچی زیاتر ریسوایی و زه‌بوونی و سەرشۆڕی بزوتنەوەی بۆرژوازی کوردو حزبه‌کانی نمایش دەکات. بۆیه‌ خه‌ڵکی کوردستان نه‌ک هه‌ر نابێ به‌بەشداریکردنیان له‌هه‌ڵبژاردندا باجی ئه‌م زه‌بونی و سەرشۆڕیەی بزوتنەوەی کوردایەتی و حزبەکانی بدەن، بەڵكو پێویستە له‌بازنه‌ی سیاسه‌ت و خۆشخه‌یاڵیه‌کانی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌دا بێنه‌ده‌رو ئیراده‌ی شۆڕشگێرانه‌یان له‌پێناو گه‌یشتن به‌ئازادی و یه‌کسانی و خۆشگوزه‌رانی بهێننە مەیدان.

خرۆشانی ئه‌م دواییانه‌ی خه‌ڵکی شاره‌کانی کوردستان و په‌لاماردانی بنکه‌و باره‌گای حکومه‌ت و حزبه‌کان، جگه‌له‌وه‌ی “نا” یه‌کی گه‌وره‌ی به‌ ڕووی دۆخه‌که‌دا هه‌ڵبڕی، هاوکات لێدانی یەکەمین زه‌نگی کۆتایی هێنان به‌م دەسەڵاتە نایەکسان و گەندەڵە بوو. بۆ کپکردن و چەواشەکردنی ئەم دەنگەیە کە‌ سه‌رجه‌م حزبه‌کانی کوردستان، به‌ ناسیۆنالیست و ئیسلامیه‌وه،‌ به‌وانه‌وه‌ که‌‌ده‌سه‌ڵاتیان به‌ده‌سه‌ته‌وه‌یه‌و به‌وانه‌شه‌وه‌ که‌بانگه‌شه‌ی ئۆپۆزسیۆن ده‌که‌ن، له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دان، به‌هه‌ر نرخێک بووه‌، “ئه‌زمونی حوکمرانیه‌که‌یان” له‌ مەترسی هاتنه‌مه‌یدانی شۆڕشگێرانه‌ی جه‌ماوه‌ر دوورخه‌نه‌وه‌ و له‌باشترین حاله‌تدا، له‌ڕیگای گۆڕینی چه‌ند ده‌موچاوێکه‌وه‌، په‌رله‌مان و حوکمه‌ته فاشیله‌که‌یان به‌سه‌ر سه‌ری خه‌ڵکه‌وه‌ رابگرن.

‌ئه‌وه‌ی که‌ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌‌، حزبه‌کانی وه‌ک ‌پارتی و یه‌کیه‌تی،‌ گۆڕان و ئیسلامیه‌کان، لیسته‌ تازه‌ پێگرتوه‌که‌ی به‌رهه‌م ساڵح و شاسوار عه‌بدولواحیدی خستۆته‌ نێو کێبڕکێی به‌خشینه‌وه‌ی “دڵسۆزی بۆخه‌ڵک”، “بانگه‌شه‌ی چاکسازی ودادپه‌روه‌ری”، “سه‌روه‌رکردنی یاساو دژایه‌تکردنی گه‌ندەڵی”، هاوکات ئه‌وه‌ی که‌خۆیان به‌”هێزی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی” ناو‌زه‌دکردووه‌ و به‌کۆبوونه‌وه‌یان له‌ده‌وری دروشمی”به‌دیهێنانی مافه‌کانی کورد له‌به‌غدا” بانگه‌وازی خه‌ڵک ده‌که‌ن بۆ به‌شداریکردن له‌هه‌ڵبژاردندا، هه‌رهه‌موویان له‌سه‌ر پێگه‌ی گه‌نده‌ڵیەکی سیاسی و درۆیه‌کی شاخدار ڕاوه‌ستاون. ئه‌م لایه‌نانه‌ که ‌به ‌لۆگۆی جیاواز و لیست و قه‌واره‌کانیانه‌وه‌ ڕوویان له‌خه‌ڵک کردوه‌ ده‌نگیان پێبده‌ن، ئه‌وانه‌ن که‌پشتیان له‌بڕیاری زۆرینه‌ی هه‌رئه‌و خه‌ڵکه‌ کردوه‌ که ‌له‌ڕیفراندۆمدا ده‌نگیان به‌ ‌سه‌ربه‌خۆیی دا. ئەم لایەن و لیست و قەوارانە ناوه‌ڕۆکی شۆڤینیستی وکارنامه‌ی سه‌رکوتگه‌ری ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق پەردەپۆش دەکەن‌و چاویشیان له‌هه‌موو ئه‌و تاوانانه‌ ‌نووقاندوه‌ که ئەمە دەسەڵاتە بەرامبەر به‌خه‌ڵکی کوردستان ئەنجامی داوەو درێژه‌ی پێدەدات!

جەماوەری ئازادیخوازی کوردستان!

به‌شداری له‌م گاڵتەجاریەدا مەکەن و مەهێڵن چاره‌نووسی خۆتان و نه‌وه‌کانتان جارێکیتر‌ به‌عێراقی عروبی و ئیسلامیه‌وه بلکێندرێتەوە. ڕێگامه‌ده‌ن بۆ چوارساڵی دیکە ژیانی خۆتان وخێزانه‌کانتان له‌گێژاوی سیاسی “په‌یوه‌ندیه‌کانی نێوان هەولێر و به‌غد”دا ڕابگیڕێ.

نابی ڕێگابدەین کڵاوی “هه‌ڵبژاردن” بکەنە سەرمان بۆئەوەی به‌پشتیوانی ده‌سەڵاتدارانی به‌غداو گه‌ڕانه‌وه‌ بۆلای عه‌بادی، ده‌سه‌ڵات و ئه‌زمونی شکسخواردوویان هه‌ڵسێننه‌وه‌. به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌بێ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ له‌لایه‌ن ئێوەوە،‌ هاوڵاتیان و خەڵکی ئازادیخوازه‌وه وەکو گاڵته‌جاڕ تەماشا بکرێ و شکستپێهینانی وه‌ک مه‌یدانێك ‌بۆ کۆتاییهێنان به‌ده‌سه‌ڵاتدارێتی ئێستاو گه‌یشتن به‌ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی به‌ده‌سته‌وه ‌بگیرێت.

 خەڵکینە!

ئه‌مه‌ هه‌ڵبژاردن نییه، ئه‌مه‌ سوکایه‌تیکردنه‌ به‌خه‌ڵکی کوردستان‌‌، نابێ بەشداری تێدا بکەین. وه‌رن با له‌درێژه‌ی ناڕه‌زایه‌تیه‌کانی تائیستاماندا ئاراستەی خەباتمان بەرەو ده‌سه‌ڵاتدارێتی جەماوەری ڕێکخراو له‌ئه‌نجومه‌ن و شوراکان و کۆنترۆڵی کارگه‌و دامه‌زراوه‌کاندا بکەین، هه‌نگاو به‌هه‌نگاو بۆ به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی چاره‌نوسی سیاسی خۆمان و کۆمه‌ڵگا، تێبکۆشین.

ئێمه‌ زۆرینه‌ی خه‌ڵکی کوردستان؛ کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشان و ئازادیخوازان، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م هه‌ڵبژردانه‌ و سیاسەتی گەڕانه‌وه‌ بۆبه‌غدا ڕێگایه‌کی ترمان له‌به‌رده‌مدایه؛ ئه‌ویش هێنانه‌مه‌یدانی بزوتنەوەیەکی سیاسی و شۆڕشگێرانه‌ی وایه‌ که‌ به‌پشتبه‌ستن به‌تواناو ئیراده‌ی جه‌ماوه‌ر، کوردستان له‌م گێژاوو دۆخە سیاسیە نارۆشنەی ئێستای دەربهێنێ و کوردستانێکی سه‌ربه‌خۆو دامه‌زراو له‌سه‌ر بنه‌مای بەشداری راسته‌وخۆی خه‌ڵک له‌شوراکان و ئه‌نجومه‌نه‌کاندا، دامه‌زرێنێنین.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

٢٦/٢/٢٠١٨

About hkkk

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*