Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 ناساندنێک سەبارەت بە مارکس، ئەو شۆڕشگێڕەی دنیا پێویستی پێیەتی

ناساندنێک سەبارەت بە مارکس، ئەو شۆڕشگێڕەی دنیا پێویستی پێیەتی

جەمال موحسین

خوێنه‌رانی خۆشه‌ویستی دیدگای سۆشیالیستی، ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ سیمینارێكدا له‌ ڕۆژی ١ ی حوزه‌یرانی ٢٠١٤ له‌ شاری ئۆسلۆ پێشكه‌ش كرا. ئه‌مه‌ی به‌رده‌ستتان ده‌قی كورتكراوه‌ و ئاماده‌كراوه‌ بۆ چاپ به‌ هه‌ندێ ده‌ستكاریه‌وه‌. من لێره‌دا هه‌وڵم داوه‌ كه‌ شێوازی پێشكه‌شكردنی باسه‌كه‌ وه‌ك خۆی بمێنێته‌وه‌، ئه‌وه‌نده‌ نه‌بێ كه‌ باسكردن به‌ زاره‌كی جۆرێكه‌ و ئاماده‌كردنی بۆ نووسین و بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌ شێوه‌ی چاپ جۆرێكی تره‌ و هه‌ندێك ئاڵوگۆڕ له‌ فۆرمی باسكردنه‌كه‌ ئه‌هێنێته‌ ئاراوه‌. هه‌ندێ ده‌ق كه‌ له‌ خودی سیمیناره‌كه‌دا بواری وه‌رگێڕانی به‌ ته‌واوه‌تی نه‌بووه‌، لێره‌دا به‌ گوێره‌ی توانا دانراوه‌ته‌وه‌. وه‌رگێڕانه‌كان هی خۆمه‌ كه‌ یان له‌ زمانی ئینگلیزیه‌وه‌ یان له‌ فارسیه‌وه‌ وه‌رمگێڕاونه‌ته‌ سه‌ر زمانی كوردی و به‌رپرسیارێتیه‌كه‌ی له‌ ئه‌ستۆی خۆمدایه‌.

١. ئامانج لە سیمینارەکە:

ناساندنی مارکس، ئەو کەسەی کە لە باری زانستی و فەلسەفی و هەتا مێژوییەوە لێکدانەوەی سەبارەت بە دنیای سەرمایەداری و موسیبەتەکانی گۆڕی، لە باسێكدا كه‌ بۆ سیمینارێكی چەند کاتژمێری ئاماده‌ كرابێت كارێكی مه‌حاڵه‌ و ئاسان نییە. ناتوانین لەم ماوە کورتەدا تەواوی بیروڕاکانی و تەنانەت خاڵە گرنگەکانی بدەینە بەر باس. گەر بە شێوەیەکی کرۆنۆلۆژی (واتە تۆماری مێژوویی) تەنها باسی ئەو کاتانە بکەین کە تیایدا کاری کردووە، نووسیویەتی و بیری کردۆتەوە هێشتا بە چەندین ڕۆژمان پێویستە. هەربۆیە ئامانجی من لە پێشکەشکردنی ئەم باسە، کە شێوەیەکی سیمیناری وانەیی هەیە ئەوەیە دەروازەیەک بکەمەوە بە ڕووی بیرمەندێکی گەورەی وەک مارکسدا و هه‌ندێك كاری گرنگ کە ئەو لە ژیانیدا کردوویەتی نیشانی بدەم. بۆچی دەروازە؟ یان ناساندن؟ (واتە ئنترۆدەکشن) چونکە سیمینارەکە هەوڵ ئەدات وێنەی مارکس لەو ڕۆژەوەی بە مەسەلە جدیەکانی ژیانەوە سەرقاڵ بووە بخاتە ڕوو. هەر بۆیە وەک لە زنجیره‌ی باسه‌كاندا هه‌یه‌، سەرەتا بە بایۆگرافیەکی سیاسی ئەو دەست پێ ئەکەم، ئنجا دێمە سەر ڕۆیشتنێک بەسەر بەشێک لە بەرهەمە سەرەکیەکانی مارکسدا. لەم بەشەدا ناوی هەندێک لە بەرهەمەکانی و ساڵی نووسینەکانیان ئه‌كه‌م لەگەڵ ئاماژەیەکی کورت بە ناوەڕۆکەکانیان. بەڵام هەر لێرەدا بە باشم زانیوە کە سێ بابەتی گرنگی کەمێک زیاتر بخەمە ڕوو. ئەوەی کە بۆچی ئەو سێ بابەتەم هەڵبژاردووە بیانناسێنم (کاپیتاڵ، ئایدۆلۆژی ئەڵمانی و مانیفێستی کۆمۆنیست)، لەوێوەیە کە ئەم سیانە بەشێک لە سەرچاوە ئابوری و فەلسەفی و ئایدۆلۆژی و دواتریش لێکدانەوەیی و پراتیکیه‌كان، ئەدەن بە دەستەوە.

به‌و هیوایه‌ی ئه‌مه‌ كۆمه‌كێك بكات له‌ هەوڵداندا بۆ گەڕانەوە بۆ مارکسیزم و دەرسەکانی مارکس و هێنانەوە کایەوەی لێکدانەوە چیانیەتیەکانی ئەو و خستنە ڕووی میتۆدە شۆڕشگێڕانەکەی ئەو تاکو ئەو چەکەی کە ئەبێ بە دەست هەر کۆمۆنیستێک و هەر کرێکارێکی پێشڕەوە بێت مەحکەم تر بکەین. مارکسیزم جگە لەوەی بەدەستەوەدانی زانستێکە بۆ لێکدانەوەی کۆمەڵگای سەرمایەداری و نیشاندانی سەرچاوەکانی موسیبەت و نەگبەتیەکانی سەردەم، هاوکاتیش مەیسەرکردنی ئەو وەسیلە شۆڕشگێڕانەیەیە کە بۆ گۆڕینی ئەو دنیا ئاوەژووە پێویستە بە دەستەوە بگیرێت.

٢. ڕەوتی چوونە پێشەوەی سیمینارەکە:

بایۆگرافی و پانۆراما بە ناو هەندێک لە بابەتەکانی مارکسدا:

لێره‌دا ئامانجم ئەوە نییە کە باسکردنێکی ئاسایی لە دایک بوون و چی کردنی ئەم ئینسانە بکەم. بەڵکو ئەمەوێت ڕێڕەوی سیاسی ژیانی نیشان بدەم. دەنا سەبارەت بە ژیانی هەر کەسە و ئەتوانێ بچێت چەندین بابەت و کتێب هەیە لەسەری بیخوێنیتەوە. ئەو چالاکیە سیاسی و فیکریانەی من لێرەدا ئەیانڵیم هەم بەشێکن لە بایۆگرافیای سیاسی مارکس و هەمیش بۆ خۆی پانۆرامایەکن بەسەر بەرهەمەکانیدا کە هەمووی لە وەڵام بە مەسەلە فەلسەفی، فیکری، سیاسی، مێژووی، کۆمەڵایەتی و ئابوریەکانی ئەو سەردەمانەدا ئامادە کراون و نووسراون. لە ناساندی ئەو سێ بەرهەمەیدا، بە ناچار هەندێک ئیقتباس، سایتەیشن، واتە لە دەقە ئەسڵیەکەوەم وەرگرتووە و به‌ وه‌رگێردراوی بۆ كوردی ئه‌یخه‌مه‌ به‌رده‌ست.

  • لە ڕۆژی ٥ ی ئایاری ١٨١٨ دا لە دایک بووە لە شاری ترەیر لە پروسیای جاران واتە ئەڵمانیای ئێستا.
  • یاسا و مێژوو و فەلسەفەی خوێندووە لە زانکۆی بۆن و بەرلین و دواتریش تێزی دکتۆراکەی سەبارەت بە فەلسفه‌ی ئەپیکۆروس نووسیوە و پێشکەش کردووە.
  • لەو کاتانەدا کە تەمەنی ٢٣ ساڵ بووە (واتە ١٨٤١)، بۆچوونەکانی سەر بە ڕەوتی فیکری ئایدیالیستی هیگڵ بووە. لەگەڵ برونۆ باوەر، کە پرۆفیسۆرێکی گەنج بووە لە زانکۆ، بەشێک بوون لە حەلقەی “هیگڵیە چەپەکان” کە هەوڵیان داوە لە فەلسەفەی هیگڵ سەرئەنجامی شۆشگێڕانە دەربکێشن. بەڵام لە چەند ساڵێک لەوەو بەرەوە (لە ١٨٣٦) ەوە فیورباخ دەستی بە باسەکانی سەبارەت بە ماتریالیزم کردووە. وە بە تایبەتی لە ساڵی ١٨٤١ دا فەلسەفەکەی کە ڕەخنە بووە لە ئاینناسی یان خوداناسی (ثیۆلۆجی) لە کتێبی (جەوهەری مەسیحیەت) دا بڵاوکردەوە.
  • دوای دەرچوون لە زانکۆ، مارکس سەرەتا بیری لەوە کردۆتەوە کە ببێ بە مامۆستای زانکۆ لە بۆن، بەڵام بە هۆی سیاسەتی کۆنەپەرستانەی حکومەتەوە کە ڕێی لە هەردووک فیورباخ و باوەر گرتووە لە زانکۆ کار بکەن، مارکسیش وازی لەو بیرۆکەیە هێناوە.
  • لە ساڵی ١٨٤٢ هەندێک بۆرژوازی رادیکاڵ بڵاوکراوەیەکیان دەرکردووە، بە ناوی ڕەینیچە زێیتونگ، و داوایان لە مارکس و باوەر کردووە کاری تیا بکەن و لە ئۆکتۆبەری هەمان ساڵدا مارکس بووە بە سەرنووسەرەکەی و ژیانی گواستۆتەوە لە بۆنەوە بۆ کۆڵن. بەڵام بە هۆی زاڵبوونی بیروڕا شۆڕشگێڕانەکانی مارکسەوە بەسەریدا، حوکمەت چاوی سانسۆری زیاتری خستە سەر و لە ساڵی ١٨٤٣ دا بڵاوکراوەکەی داخست! هەڵبەتە مارکس پێش ئەوە ناچار کرا کە دەست لە کاربکێشێتەوە!
  • دوای ئەوەی لە ساڵی ١٨٤٣ دا فیورباخ کتێبەکەی بە ناوی (سەرچاوە بنچینەییەکانی فەلسەفەی ئایندە) (Principles of the Philosophy of Future ) دەرکرد، مارکس و ئەنگلس و هیگڵیە چەپەکان (وەک ئەنگلس خۆی ئەڵێت) یەکسەر بوون بە فیورباخیست.
  • یەکێک لە ووتارە بەناوبانگەکانی لەو سەردەمەدا کە لەسەر کرێکارانی دروستکردنی شەراب لە دۆڵی مۆسیل نوسسیبووی هەرای نایەوە. لەو کاتەدا کرێکاران کە هیچ ئامڕازێكی سوتەمەنیان نەبوو ناچار بوون دار ببڕنەوە، حکومەت کە بەم کارەی زانی باجێکی زۆر زۆری خستە سەر بە جۆرێک کە خەڵک ئیتر نەتوانن ئەو کارە بکەن و هەرچیش بیکردایە زیندانی ئەکران (وە حکومەت بە دزی دائه‌نا).. ئەمەش ناڕەزایەتیەکی زۆری لێکەوتەوە. کارکردنی مارکس لە بواری ڕۆژنامەگەریدا و بە تایبەت لە بە دواداچوون بۆ ئەم مەسەلەیەدا، وای لێ کرد بیر لەوە بکاتەوە کە ئەبێ دیراسەی ئابوری سیاسی بکات. هەر لێرەوە نیشانەکانی ئاڵوگٶڕ لە ئایدیالیزمەوە بەرەو ماتریالیزم و لە شۆرشگێڕێتی دیموکراسیەوە بەرەو کۆمۆنیزم هەست پێ ئەکەین.
  • لە پایزی ١٨٤٣ دا مارکس ڕووی لە پاریس کرد و بە هاوبەشی لەگەڵ ئارنۆڵد ڕیوجدا بڵاوکراوەیەکی ڕادیکاڵیان دەرکرد، بەڵام تەنها یەک ژمارەی لێدەرچوو، بە بۆنەی ئەوەی کە بە نهێنی نەئەتوانرا لە ئەڵمانیا بڵاوبکرێتەوە و هاوکاتیش هۆکارێکی تر ئەوە بوو کە هاوڕا نەبوون له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌كان. ڕیوج بسمارکی بوو.
  • وەک لینین ئەڵێ: ووتارەکانی مارکس لەم بڵاوکراوەیەدا ئەو ڕاستیەی نیشان داوە کە مارکس هەر ئەو کاتە شۆڕشگێڕێک بووە کە “بێڕەحمانە ڕەخنەی لە وجودی هەر شتێک گرتووە” و بانگەوازەکەی ڕوو بە جەماوەر و کرێکاران کردووە.
  • لە پایزی ١٨٤٤ دا کاتێک کە ئەنگلس سەردانی پاریسی کردووە، لەگەڵ مارکس یەکیان ناسییوە و تا لە ژیاندا بوو بەیەکەوە هاوڕێ بوون.
  • ئەم ماوەیە، ماوەی ڕەخنە بووە لە ترێندەکانی سۆسیالیزمی ووردەبۆرژوازی و لەسەروویانەوە پرۆدۆنیزم. تێڕوانینی پیه‌ر جۆزیف پرۆدۆن زۆرتر له‌ ڕوانگه‌ی وورده‌بۆرژوازیه‌وه‌ بوه‌ گوایه‌ ئه‌توانرێ ’’داموده‌زگای خه‌ڵكی یان بانكی خه‌ڵكی‘‘ پێكبهێنرێن و هاوكاری كرێكاران بكه‌ن ببنه‌ خاوه‌نی هه‌ندێك موڵكدارێتی بچوك. ئه‌وه‌ بوو دواتر كه‌وته‌ به‌ر ڕه‌خنه‌ی ماركس.
  • لە ١٨٤٥ دا، مارکس و ئەنگلس پێکەوە (خێزانی پیرۆز) و (دژی برونو باوەر) و چەندین نامیلکەی تریان نووسی. وە لە بەهاری هەمان ساڵدا مارکس تێزەکانی دەربارەی فیورباخ نووسی.
  • لە ساڵەکانی ٤٥ تاکو ٤٧ چەندین ووتاری نووسیوە کە بەشێکی زۆریان تا ئێستاش نە وەرگێڕدراون و نە سەرلەنوێ تایپ کراونەتەوە.
  • لە ٤٧ دا کارە سەرەکیەکەی لە دژی پرۆدۆن نووسی بە ناوی (هەژاری فەلسەفە) یان بوئس الفلسفة (The Poverty of Philosophy) کە وەڵام بوو بە کتێبەکەی پرۆدۆن بە ناوی فەلسەفەی هەژاریی (The Philosophy of Poverty).
  • لە ٤٧ دا یەکێتی (یان کۆمەڵەی) کۆمۆنیستی بە سەرپەرشتی مارکس و ئەنلگس لە لەندەن پێکهات و ئەوە بوو دوایی لە ساڵی ١٨٤٨ دا و بە هاوبەشی لەگەڵ ئەنگڵسدا شاکارەکەیان بە ناوی (مانیفێستی کۆمۆنیست) یان مانیفێستی حزبی کۆمۆنیست بڵاوکردەوە وەکو بەرنامەیەک بۆ یەکێتی ناوبراو.
  • لە هەڵگیرساندنی شەڕی ساڵی ١٨٤٨دا مارکس وەردەرنرا لە بەلجیکا و گەڕایەوە بۆ فەرەنسا. بەڵام لە دوای شۆڕشی مارسی ئەو ساڵەدا گەڕایەوە بۆ کۆڵنی ئەڵمانیا.
  • لە مانگی شەشی ١٨٤٨ ەوە تاکو مانگی پێنجی ١٨٤٩ بڵاوکراوەی (نیو ڕەینییچە زێیتونگ) دەرکرد و لە یەکێک لە بەناوبانگرتین ووتارەکانی لەسەر کاری بە کرێ و سەرمایە بوو لەوێدا بڵاوبۆوە.
  • ڕووداوە شۆڕشگێرانەکانی نێوان ٤٨ تا ٤٩ حەقانیەتی زیاتری تیۆر و بیروڕا شۆڕشگێرانەکانی مارکسی دەرئەخست. بەڵام هەوڵە دژە شۆڕشەکانی حکومەت بوونە هۆی بە دادگایی کێشانی مارکس هەرچەندە لە مانگی شوباتی ١٨٤٩ دا بێتاوان دەرچوو، بەڵام دواتر نەفی کرا لە ئەڵمانیا لە مانگی ٥ هەمان ساڵدا. سەرەتا چوو بۆ فەرەنسا بەڵام دوای خۆپیشاندانەکەی ١٣ ی جونی ١٨٤٩ لەوێش نەفی کرا و بە ناچاری چووە لەندەن و تا لە ژیاندا بوو لەوێ مایەوە.
  • ئەبێ ئەوە بووترێ کە ژیانی ئاوارەیی مارکس زۆر خەست بوو وە ئەگەر گیانی لە خۆبوردوویی و هاوکاری بێ بەرامبەری ئەنگڵس نەبووایە مارکس نەک کاپیتاڵ و بەرهەمە سیاسی و فیکریەکانی تری بۆ تەواو نەئەکرا، بگرە نەبوونی تەنانەت هەناسەشی لێ ئەبڕی!
  • لە ساڵی ١٨٥٠ دا و لە شاری هامبۆرگ شەش ژمارە لە بڵاوکراوەی ناوبراوی دەرکرد کە تیایدا چەندین ووتار و لەوانە کۆمەڵێک ووتاری کە دواتر ئەنگلس لە سالی ١٨٩٥ دا بە نامیلکەیەک بڵاوکردەوە لە ژێر ناونیشانی خەباتی چینایەتی لە فەرەنسا لە ساڵەکانی ١٨٤٨ تاکو ١٨٥٠.
  • لە ساڵی ١٨٥٢ دا لە نیویۆرک کتێبی ١٨ ی برۆمێری لویس بۆناپارت و لە لەندەنیش نامیلکەی دادگای کردنی کۆڵنی کۆمۆنارەکان بڵاوکرانەوە.
  • لە ساڵی ١٨٥١ تاکو ١٨٦٢ مارکس بە بەردەوامی بابەتی بۆ تریبیۆنی نیویۆرک نووسیوە و هەروەها لەگەڵ چەندین بڵاوکراوەی ئەڵمانی و نەمساوی و لەندەنی شتی نووسیوە. ئەمە و نامیلکەی بەشداریەک لە ڕەخنە لە ئابوری سیاسیدا (Contribution to the Critique of Political Economy) لە بەرلین لە ٥٩ دا بڵاوبۆوە.
  • لە ١٨٦٤ دا کۆمەڵەی کرێکارانی نێونەتەوەیی (ئینتەرناسیۆنالی یەک) دروست کرا، بانگەوازەکەی لە لایەن مارکسەوە نووسرا لە لەندەن بڵاوکرایەوە. ئەمە جگە لەوەی چەندین ووتاری تر و بابەت و بڕیار و بانگەواز لەلایەن ئەوەوە بۆ ئەنجومەنی سەراسەری ئینتەرناسیۆنال نووسراوە. یەکێک لەو دۆکیومێنتانە بانگەوازی ئەنجومەنی سەرتاسەری ئینتەرناسیۆنالە سەبارەت بە کۆمۆنەی پاریس کە لە ساڵی ١٨٧١ دا و لە شێوەی نامیلکەیەکدا لە لەندەن چاپکرا بە ناوی (شەڕی ناوخۆ لە فەڕەنسا).. لێرەدا ئەبێ ئاماژە بەو ململانێ فیکری و سیاسیە بکەین کە لە نێوان مارکس لە لایەک و پرۆدۆن (فەرەنسی) و باکونین (روسی) دا لە لایەکی ترەوە هەبوو کە ئەوان نوێنەری ئانارکیزم بوون لە ناو ئینتەرناسیۆنالدا و ئیتر دوو جەمسەر دەرکەوت لە ناویدا.
  • لە ساڵی ١٨٦٧ دا بەرهەمە سەرەکیەکەی مارکس، کاپیتاڵ: ڕەخنە لە ئابوری سیاسی بەشی یەکەم، لە هامبورگ بڵاکرایەوە و دواتریش لە ساڵەکانی ١٨٨٥ و ١٨٩٤ و دوای مەرگی خۆی بەشەکانی دوو و سێ لە لایەن ئەنگلسەوە بڵاوکرایەوە.
  • لە ساڵی ١٨٧٦ دا مارکس بەشداری کرد لە دەرکردنی کتێبی ئەنتی دوهرینگ لەگەڵ ئەنگلسدا. (کە بەسەر هەموو کارەکەدا چۆوە و تەنانەت ئەو چاپتەرەی سەبارەت بە مێژووی ئابوری سیاسیە، خۆی نووسی).
  • وەک لینین ئەڵێ، مارکس تەنانەت زانستیشی شۆڕشگێر کرد (هەروەک نمونەی بەشداریەک لە ڕەخنە لە ئابوری سیاسی) لە ٥٩ و کاپیتاڵ بەشی یەک لە ٦٧ دا دێنێتەوە کە چۆن بە شێوەیەکی زانستی ئەو هاوکێشە ئابوریانەی کۆمەڵگای لەسەر بەندە داوەتە بەر لێکۆڵینەوە و ڕەخنە.
  • هەبوونی ترێندەکانی سۆسیالیزمی ووردەبۆرژوازی و هەتا نا کرێکاریی، مارکسی وادار کردبوو بە ڕەخنەیەکی بێرەحمانە و توند لە دژی هەموو ئەو بۆچوونە نا کرێکاریانە و برەو دان بە سۆسیالیزمی زانستی.
  • هەروەها بوژاندنەوەی مەیلە دیموکراتیەکان لە کۆتایی ٥٠ کان و سەرەتای ٦٠ کاندا، مارکسی وا لێکرد بەشداری عەمەلی بکات. هەروەک لە پێکهێنانی ئینتەرناسیۆنالی یەکدا دەستی هەبوو وە بگرە تەنانەت وەک دڵ و ڕۆحی ئەو ڕێکخراوە وابوو.
  • لە دوای ڕووخانی کۆمۆنەی پاریس لە ١٨٧١ دا و دوای ئەو ئینشقاقەی کە بە هۆی باکونینەوە ئینتەرناسیۆنال توشی بوو ئەو ڕێکخراوە (ئینەترناسیۆنال) نەیئەتوانی بمێنێتەوە لە ئەوروپادا. هەربۆیە لە کۆنگرەی دان هاغ (لاهای) ساڵی ١٨٧٢ دا ئیتر بە تەواوەتی ئەم دوو باڵە واتە ئانارکیزم بە سەرۆکایەتی باکونین و سۆسیالیزمی زانستی بە سەرۆکایەتی مارکس جیابوونەوە و بەمجۆرە مارکس ڕێی کردەوە بۆ گەشەی زیاتری مەودای بزووتنەوەی کرێکاریی و تەنانەت چەندین ئەحزابی سیاسی سۆسیالیستی لە ووڵاتانی جیاجیادا پێکهاتن.
  • هیلاکی و مەشەقەتی زۆر و تەنانەت نەبوونی مارکسیان زۆر ماندوو کرد و بە داخەوە نەیتوانی کاپیتاڵ تەواو بکات و ئەوە بوو لە ١٨ ی مارسی ١٨٨٣ دا بە هێمنی و لەسەر کورسیەکەی خۆی و لە کاتی بیرکردنەوەدا مێشکی لە کار وەستا.

 

لە شاکارەکانی ماركس:

  • ڕەخنە لە فەلسەفەی مافی هیگڵ (١٨٤٣-١٨٤٤)
  • ڕەشنوسەکانی سەبارەت بە ئابوری و فەلسەفە (١٨٤٤)
  • سەبارەت بە مەسەلەی جو (یەهود)، (خۆی لە ساڵی ٤٣ دا نووسراوە بەڵام لە ٤٤ دا بۆ یەکەم جار بڵاوبۆتەوە)
  • ئایدۆلۆژی ئەڵمانی، لەلایەن مارکس و ئەنگلسەوە (پایزی ١٨٤٥ بۆ ناوەڕاستی ١٨٤٦)
  • کاری بە کرێ و سەرمایە (١٨٤٧)
  • شەڕی جوتیاران لە ئەڵمانیا (١٩٥٠ لەندەن، کە لە نیو ڕێینیچە زێیتونگدا بڵاوبۆوە)
  • گروندریسە: سەرخەتەکانی ڕەخنە لە ئابوری سیاسی (لە ساڵەکانی ١٨٥٧ تاکو ٦١) کە لە ئاستیدا ئەم مسۆدەیە یان سەرخەتانە (مەخطوطات) خۆ ئامادەکردنێک بوو بۆ کتێبەکانی (بەشداریەک لە ڕەخنە لە ئابوری سیاسی، لە ساڵی ١٨٥٩ بڵاوبۆوە) وە (کاپیتاڵ، لە ساڵی ١٨٦٧ بڵاوبۆوە) لە ڕاستیدا کاتی خۆی ئەم دەستنوس و مسۆدەیە فەوتا و دیار نەما، تا لە ساڵی ١٩٥٣ دا بە زمانی ئەڵمانی تەواوی کتێبەکە چاپ کرا و بڵاوبۆوە، بەڵام پێشتر لە ساڵی ١٩٣٩ دا لە ڕووسیا بە شێوەی بچڕ بچڕ لێی بڵاوبووبۆوە.
  • چەند ووتارێک سەبارەت بە شەڕی ناوخۆ لە ئەمریکا لە ساڵی ١٨٦١ دا
  • ڕەخنە لە بەرنامەی گۆتا (سەرەتای مای ١٨٧٥)
  • مخطوطات سەبارەت بە ماتماتیک کە لە ساڵی ١٨٨١ دا نووسراوە.
  • بەشی دووی کاپیتاڵ، کە لە ساڵەکانی ١٨٦٣ تاکو ١٨٧٨ نووسراوە و دواتر لە ساڵی ١٨٨٥ دا بە نووسینێکی پێشەکیەوە لە لایەن ئەنگلسەوە چاپ و بڵاوکراوەتەوە..
  • بەشی سێی کاپیتاڵ، کە لە ساڵەکانی ١٨٦٣ تاکو ١٨٨٣ نووسراوە و دواتر لە لایەن ئەنگلسەوە پیاچونەوەی بۆ کراوە و تەواوکراوە و لە ساڵی ١٨٩٤ دا چاپ و بڵاوکراوەتەوە

ئەمانە و دەیان ووتاری سیاسی کە لە بڵاوکراوە جیاجیاکاندا بڵاوکرانەتەوە لەگەڵ سەدان نامە و بیروڕا گۆڕینەوە لەگەڵ کەسایەتی جیاجیای جیهانی و ناوخۆیدا بەشێکن لە بەرهەم و کارەکانی مارکس.

٣/ چاوخشاندنێکی خێرا بەسەر سێ بەرهەمدا:

کاپیتاڵ:

كتێبی كاپیتاڵ كه‌ زۆرجار بە مەزنترین کاری مارکس لە قەڵەم ئەدرێ، لە سێ ڤۆلیۆمدا (واتە بەرگدا) دەرچووە. گەر بێت و ئێستا تەنها ناوی بەندەکانی ئەم سێ بەرگە بهێنین لەگەڵ تایتڵەکانیاندا کاتێکی زۆر ئەوێ. وە ئێمە لێرەشدا ناتوانین تەواوی ئەوەی کە لەم سێ بەرگەدا هاتووە چاوپیابخشێنینەوە، بۆیە به‌ تەنها هه‌ندێ مەسەلەی سەرەکی لەم کتێبە مەزنەدا نەک هەر وروژێندراوە بگرە شیکراوەتەوە و دراوەتە بەر ڕەخنە دێنینه‌ به‌رچاو. هەڵبەتە زۆر کەس خوێندنەوەیان بۆ کاپیتاڵ کردووە یان لەسەری نووسیویانە یان هەوڵی ناساندنیان داوە لەگەڵ مەسەلەکانی ئەمڕۆدا، لەوانە لویس ئەڵتوسەر و ئێتیێنا بالیبار لە کتێبی خوێندنەوەی کاپیتاڵ کە بە چەند بەشێک نووسراوە، دەیڤید هارڤی کە پرۆفیسۆرێکی زانکۆیە لە ئەمریکا هەروەها خوێندنەوەی بۆ کاپیتاڵ کردووە. میشێل هینریش کتێبەکەی بە ناوی ناساندنێک بۆ هەر سێ بەرگەکەی کاپیتاڵ نووسیوە. بەڵام من ئەمڕۆ پشت بە سیمیناری مەنسور حکمەت (دوبارە خوێندنەوەی مارکس، کە لە مانگی ٢ ی ساڵی ٢٠٠١ دا لە ئەنجومەنی مارکس پێشکەشی کردووە) ئەبەستم. بۆچی ئەم باسە؟ چونکە مەنسور حکمەت کە مارکسیستێکی پراکتیسیۆنی هاوچەرخی ئێمە بووە و خەتپێدەری كۆمۆنیزمی كرێكارییه‌، بە دەستەوەگرتنی کاپیتاڵ چ بۆ تێگەیشتن لە دنیای ئەمڕۆ و چ بۆ ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە لەم دنیایەدا بە پێویست ئەزانێت. نەک وەک ئەوەی کە لە هەندێک لە زانکۆکان و ناوه‌نده‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌دا ئەیانەوێت کاپیتاڵ وەک تیگەیشتن لە چۆنێتی کارکردنی کۆمپانیاکان و بازاڕی بۆرسە و ئەو شتانە بناسێنن. لە کاپیتاڵدا مەسەلەکانی کاڵا، بەرهەمهێنان، پارە، کەڵەکەی سەرمایە و سوڕی کەڵەکە، قازانج و سود، سو، ئاڵووێر، بازاڕ، زێدەبایی، چینەکان.. و…. چەندین مەسەلەی تر لە شێوازە زانستی و لێکدانەوەکەیدا دراوەتە بەر باس.

گرنگی جێگاوڕێگای کاپیتاڵی مارکس لە تیۆری مارکسدا لەوەدایە کە چ جۆرە لێکدانەوەیەکی کۆمۆنیستی و مارکسیستی لە دنیای سەرمایەداری بە دەستەوە ئەدات. هەتا وەک مەنسور حکمەت ئەڵێ ئەم کتێبە خەسڵەتێکی شۆڕشگێڕی هەیە کە لە کتێبی تر جیای ئەکاتەوە. ئایا باسکردنێکی کورتی ئێستا لە کاپیتاڵ وامان لێ ئەکات بچین بیخوێنینەوە؟ گەر ئەوە بکەین یانی ئامانجێکی کە لە پشتی ئەم سیمینارەوەیە هاتۆتە دی. ئیتر ئه‌وه‌ی كه‌ خوێندنه‌وه‌ی كاپیتاڵ دواتر ئه‌مانگه‌یه‌نێت به‌ چی و چ كارێكی پێ ئه‌كه‌ین، مه‌سه‌له‌یه‌كی پراتیكی و هه‌ڵسوڕانی سیاسیه‌. خوێندنەوەی کاپیتاڵ بۆ هەر مارکسیستێک نەک هەر زەرورە بگرە ئەبێ هەوڵیش بدات تێیبگات بۆ ئەوەی بزانێت چ لێکدانەوەیەک لە کۆمۆنیزم بە دەستەوە ئەدات.

ڕاستە لە ڕوویەکەوە کاپیتاڵ کتێبێکی زانستی و شیکردنەوەی زانستی و ئیسپاتیە، بەڵام هاوکاتیش ڕویەکی سلبی و ڕەتکردنەوە و ڕەخنە و کردەوەی شۆڕشگێڕانەیە. بەڵام ئەوەی کە لە زانکۆکاندا کەمتر ئەبینرێ و ئەخوێندرێ، ئەوە لەو سیفەتە شۆڕشگێڕیەوەیە كه‌ ئه‌م كتێبه‌ هه‌یه‌تی. سه‌رنجڕاكێش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كتێبه‌كانی ئینجیل و قورئان و كتێبه‌ دینیه‌كان له‌ شوێنی گشتی و ته‌نانه‌ت ئوتێله‌كاندا ده‌ست ئه‌كه‌وێت، به‌ڵام بۆ كاپیتاڵ ئه‌بێ چه‌ندین كتێبفرۆش و ئه‌مسه‌روئه‌وسه‌ر بكه‌یت تا ده‌ست ئه‌كه‌وێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌ كوردستان جێی داخه‌ كه‌ ئه‌م كتێبه‌ و به‌شی زۆری به‌رهه‌مه‌كانی ماركس به‌ كوردی له‌به‌رده‌ستی خه‌ڵكدا نییه‌. “کاپیتاڵ لە ڕووی شیکردنەوەوە کتێبێکی گشتگیرە، بەڵام لە ڕووی سیاسیەوە جێگا و ڕێگایەکی ڕەخنەگری و پراتیکی شۆڕشگێڕانەی هەیە” (مه‌نسور حکمەت_دوباره‌ خوێندنه‌وه‌ی كاپیتاڵ). بەڵام بێگومان خوێندنەوەی ئەو لایەنه‌ زانستیەشی زۆر گرنگە بۆ بەدەستەوە دانی ئەو میتۆدە شۆڕشگێڕانەیەی سەبارەت بە شیکردنەوەی کۆمەڵگا خستویه‌تیه‌ به‌رده‌ممان.

مارکس هەر لەو کاتەوە کە مەسەلەی کرێکارانی شەراب دارەکانیان ئەبرد و دەوڵەت یاسای لە دژیان دەرکرد، قانع بوو بەوەی کە وەڵامی مەسەلەکان لەوەدا نییە دیراسەی فەلسەفە و مێژوو و مافناسی و ئەو شتانە بکەیت، بە ناچاری دەستی دایە دیراسەکردنی ئابوری و ئابوری سیاسی و چوون بە دوای بنەمای مادی کۆمەڵگادا کە لێیەوە ماف و فەلسەفە و هەموو کۆمەڵگا سەرچاوە ئەگرێت. هه‌ربۆیه‌ خۆی ته‌رخان كرد بۆ ئه‌م لێكدانه‌وانه‌ له‌ به‌رینترین ئاستی خۆیدا. مه‌سه‌له‌یه‌كی سه‌ره‌كی كه‌ زۆر بۆی گرنگ بووه‌ ئه‌و شێوازه‌ بووه‌ له‌ به‌رهه‌مهێنان كه‌ كۆمه‌ڵگا به‌ڕێوه‌ ئه‌بات و هه‌ر ئه‌وه‌ش به‌ره‌و چ جۆره‌ په‌یوه‌ندیه‌ك له‌ به‌رهه‌مهێنان و چ په‌یوه‌ندیه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌ڕوات. ئه‌و له‌ به‌شداریه‌ك له‌ ڕه‌خنه‌ له‌ ئابوری سیاسیدا به‌ ڕۆشنی باسی له‌وه‌ كردووه‌ كه‌ شێوازی به‌رهه‌مهێنان كه‌ په‌یوه‌ندیه‌كانی به‌رهه‌مهێنان و پێكهاته‌ی ئابوری كۆمه‌ڵگا پێكئه‌هێنێ ئه‌بێته‌ سه‌رچاوه‌ بۆ هوشیاری كۆمه‌ڵایه‌تی. به‌مجۆره‌ شێوازی به‌رهه‌مهێنانی ژیانی مادی ئه‌بێته‌ پێشمه‌رجێك بۆ ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و هه‌تا فیكری له‌ كۆمه‌ڵگادا. وه‌ دواتریش له‌ كاپیتاڵدا دێته‌وه‌ سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌. باسی مارکس ئەوەیە کە ئەوە هوشیاری و هەست و زهنیەتی ئینسان نییە کە ژیانی مادی ئەو ئەچەرخێنێ، لەسەر بنەمای فیکرەوە نییە کە کۆمەڵگا ڕێكئەخرێت، بگرە لەسەر بنەمای ڕێکخستنی ئابوریانه‌ی كۆمه‌ڵگایه‌ كه‌ ئەفکار شکڵ پێئەدات. هه‌ربه‌مجۆره‌ش فیكر و سیاسه‌ت و یاسا و فه‌لسه‌فه‌ و دین و هونه‌ر و هه‌تا ئه‌ندێشه‌ی مرۆڤ بناغه‌كه‌ی له‌ شێواز و په‌یوه‌ندیه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی كۆمه‌ڵگادایه‌. كۆمه‌ڵگا و ژیانی ساكاری سه‌ره‌تاكانی مرۆڤایه‌تی و كۆمه‌ڵگای ئاڵۆزی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی سه‌رمایه‌داری وه‌ك نین، گه‌ر له‌ مێژوویه‌كی دووردا مرۆڤه‌كان به‌ چنینی میوە ئەژیان، ئه‌وا ئێستا هەمووی پیویستی بەیەکە و بەرهەمی کۆمەڵایەتی و زۆر ئاڵۆز ژیان ئەبات بەڕێوە. هه‌ر بۆیه‌ شێوازی به‌رهه‌مهێنان جیاوز بووه‌ وه‌ك له‌ ئێستا. ئه‌وه‌ی كه‌ ماركس پێی ئه‌ڵێ (mode of production)  مەبەستی لە شێوازی بەرهەمهێنان ئەو نەمتە، ئەو ئوسلوب و شێوازەیە کە بەرهەمی کۆمەڵایەتی پێڕێکخراوە، و لەسەر بنەمای ئەو شێوازەوە پەیوەندی نێوان مرۆڤەکان، بیروڕای مرۆڤەکانو تەواوی ژیانی ئێمە و سەرخانی حقوقی و سیاسی و قانونی و هونەری بنیاتنراوە. ئەم شێوازەیە کە تەواوی دیاردەکانی دەوروبەرمان لێکئەداتەوە. بۆ نمونە ئەو شێوازە لە بەرهەمهێنان کە لە دەرەبەگایەتی (فیوداڵیزمدا) هەیە جۆرێک لە پەیوەندی، بیرکردنەوە، یاسا، هونەر و … هتد هەیە کە بە تەواوەتی لەگەڵ ئێستادا جیایە، یان لە سۆشیالیزمدا مرۆڤه‌كان قەلەقی و مەشغەڵە و مەسائیلی تریان هەیە.. ئەمەش ئه‌وه‌یە کە مارکس پێی ئەڵێ mode of life واتە شێوازی ژیان. تێگەیشتن لە شێوازی بەرهەمهێنان بنەمایە بۆ تێگەیشتن لە خودی مێژوو و وە تەنانەت لە دەرکردنی دەوڵەت، لە سەردەمێکدا کە ئاستی بەرهەمهێنان لە ئاستێکدایە کە ئینسانەکان تەنها فرسەتی ئەوەیان هەیە زیندوو بمێننەوە، زەرورەتێک بۆ بوونی دەوڵەت نییە، بگرە لە کاتێکدا کە زیادەیەک هەیە و ئەبێ لای کەسانێک کۆببنەوە ئیتر دەوڵەت و سەرکوت مانا پەیدا ئەکەن.

کاپیتاڵ ڕەخنەیە لە ئابوری سیاسی، ئەوەی کە مارکس خۆی هەمیشە جەختی لێئەکاتەوە، بەم مانایەش ڕەخنەیە لە ئابوریناسە بۆرژوازیەکان، و ڕیکاردۆ و ئادەم سمیث (کە دوو کەسی تیۆریسیۆنی ئینگلیزی بوون لە بواری ئابوری سیاسیدا). میتۆدێک کە مارکس بەکاریهێناوە ڕەخنەگرتنە لە لێکدانەوە و تەنانەت گەر بشێت بڵێین زانستەکانی پێش خۆی. بۆ نمونە خەڵک و خودی مارکسیش لە دەمی ریکاردۆ و ئادەم سمیث و هەتا ماڵتوسەوە باسی مەسەلەی بەهایان زانیوە کە بەها بەرهەمی کارە، بەڵام ماركس سه‌ره‌تا هاتووە باسی لە کاڵا کردووە وەک دەروازەیەک بۆ چوونە نێو دنیای تێگەیشتن لە سەرمایەداری کە كۆمه‌ڵگایه‌كه‌ لە یه‌كه‌مین نیگادا مرۆڤ کاڵا ئەبینێ. كاڵا ئه‌كرێت به‌رهه‌مێكی مادی بێت یاخود چالاكیه‌كی مرۆڤ. له‌ به‌رگی یه‌ك، به‌ندی یه‌ك، به‌شی یه‌كدا سه‌باره‌ت به‌ كاڵا هاتووه‌: ’’كاڵا پێش هه‌ر شتێك شتێی ده‌ره‌كیه‌، شتێك كه‌ له‌ڕێی چۆنێتیه‌كه‌یه‌وه‌ (تایبه‌مه‌ندێتیه‌كه‌یه‌وه‌) هه‌ر پێداویستیه‌كی مرۆڤ دابین بكات. سروشتی ئه‌م پێداویستیانه‌، ئه‌گه‌ر بۆ نمونه‌ له‌ گه‌ده‌وه‌ یان له‌ خه‌یاڵه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتبێ، هیچ جیاوازیه‌كی نییه‌. لێره‌دا ئه‌وه‌ش كێشه‌ نیه‌ كه‌ ئه‌و شته‌ چۆن ئه‌و پێداویستیه‌ی مرۆڤ دابین ئه‌كات، ئایا به‌ شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆیه‌ وه‌ك ئامڕازێك بۆ مانه‌وه‌ی مرۆڤ، یانی شتێك بۆ به‌كارهێنان، یان ناڕاسته‌وخۆ وه‌ك ئامڕازێك بۆ به‌رهه‌مێینان.‘‘ ئه‌مه‌ ئیتر چ به‌رهه‌مێك ئه‌گرێته‌وه‌ كه‌ مرۆڤ بۆ ژیان به‌كاری دێنێت، یان به‌رهه‌م و چالاكی فیكریش ئه‌گرێته‌وه‌. هەروەها باس لەوە ئەکات کە هەر کاڵایەک بەهای بەکارهێنان و بەهای ئاڵووێرکردنی هەیە. (use value and exchange value). بەهای بەکارهێنان سیفەتی شتێکە (یانی کە بە کەڵکی بەکارهێنان دێت بۆ نمونە)، به‌واتایه‌ك به‌های كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و كاڵایه‌یه‌. لە کاتێکدا بەهای ئاڵووێر توانای شتێکە کە لەگەڵ شتێکی تردا ئاڵوگۆڕی پێ بکرێ. بۆ نمونە گەركه‌سێك شتێکی کۆنی هەبێ لە ماڵەوە بیەوێ فڕێی بدات، ڕەنگە هاوسەرەکەی نەهێڵێ و بڵێ، قیمەتی خۆی هەیە! ئەمە یانی ئەو مەبەستی لەوەیە کە لەگەڵ شتێک ئاڵوگۆڕی پێکراوە، کە ئەمە جیاوازە لەوەی کە بڵێت بە کەڵک دێت، واتە بەکاردێت هێشتا یانی بەهای بەکارهێنانی هەیە. ئەوەی کە مارکس جەختی لێ ئەکاتەوە ئەوەیە کە ئەڵێ تۆ ناتوانی کاڵایەک هەم بەکاربهێنیت و هەمیش بیگۆڕیتەوە، یان ئەبێ بەکاری بهێنیت یان ئەبێ بیگۆڕیتەوە. به‌شێكیش له‌ به‌های گۆڕینه‌وه‌ به‌ پاره‌ ئه‌كرێ، كه‌ ئه‌وه‌ش ناونراوه‌ نرخ. هه‌موو ئه‌م مه‌سه‌لانه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی زانستی و تیۆری باسی لێوه‌ كراوه‌ و لێكدراوه‌ته‌وه‌.

مەسەلەیەکی تر ئەوەیە کە مارکس قسە لەسەر “بەخۆنامۆبوون” (alienation or enstrangement) ئەکات. لە شێوازی بەرهەمهێنان و واقعیەتی ئێستادا ئێمە وەک تاک لەبەرامبەر کۆمەڵگادا ڕاوەستاوین و کۆمەڵگا بەرەوڕوومان ئەبێتەوە، جا ئەم مەسەلەیە بە جۆرێکە کە وا هەستی پێ ئەکەین كه‌ بەرەوڕووی هێزێکی گەورەی دەرەکین کە ئەوە ئەو هێزه‌یه‌ ژیان و بژێویمان، شوێنی نیشتەجێبوونمان و تەنانەت تەمەنیشمان دیاری ئەکات. بەڵام کە زیاتر وورد ئەبینەوە سەیر ئەکەین خودی ئەو هێزە دەرەکیەش دەستکردی خۆمانە. کرۆکی تیۆریەکەی مارکس لەسەر بەخۆنامۆبوون ئەوەیە کە شێوازێکی بەرهەمهێنان کە خودی مرۆڤ بۆ مانەوە دروستی کردووە، بووە بە هێزێک لە دژی خودی خۆی! گەر ئێمە لەم شێوازە لە بەرهەمهێنان تێنەگەین، ناشتوانین لەو بەخۆنامۆبوونە تێبگەین. له‌ كاتی ڕوونكردنه‌وه‌ی كاپیتاڵدا، مه‌نسور حكمه‌ت باس له‌وه‌ ئه‌كات كه‌:’’ئێمە لە هەموو مەسەلەکانی ژیانماندا، لە پەروەردە و فێرکردن و تەنانەت لە مەرگ و ژیانیشماندا ئەو هێزە هه‌یه‌. زۆر کەس لە خۆی ئەپرسێ کە ئەسڵەن مانای ژیان چییە، ئێمە بۆ هاتووینەتە دنیاوە؟ مارکس ئەڵێ شێوازی بەرهەمهێنان تەماشا بکە و علەتی ئەوەی کە ئه‌و هەسته‌ت هه‌یه‌ ببینە. پاشان مارکس باس لەوە ئەکات کە چۆن لە کۆمەڵگای سۆشیالیستیدا مرۆڤ حاکمە بەسەر بەرهەمی کاری خۆیدا و ئیتر ئەو بەرهەمە وەک هێزێکی دەرەکی و حاکم بەسەر خۆیدا دەرناکەوێت و بەمجۆرەش بەخۆنامۆبوون له‌ناو ئه‌چێت و ناساندنێكی زیندوتر له‌ خودی مرۆڤه‌كان و پێداویستیه‌كانی دێته‌ ده‌ست‘‘. دیاره‌ ئه‌م بنه‌ما مادیه‌ش بۆ لێكدانه‌وه‌ی بوونی مرۆڤ و په‌یوه‌ندیه‌كانی بۆته‌ سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ لێكدانه‌وه‌یه‌كی ماتریاڵیانه‌ له‌ مێژوو.

لە باسکردنی کاپیتاڵدا ئەگەین بەو ڕاستیەی کە خاوەندارێتی تایبەتی كه‌ سەرچاوەی شێوازێكی به‌رهه‌مهێنانه‌ له‌ سەرمایەداری و دابەشبوونی چینایەتیش یەکێکە لە تایبەتمەندیەکانی ئەو کۆمەڵگایە، کۆمۆنیزمیش بریتیە لە هەڵوەشانەوەی خاواندارێتی تایبەتی و لەنێوبردنی ئەو دابەشبوونە چینایەتیە. بەڵام لە ڕوانگەی مارکسەوە کۆمۆنیزم بزووتنەوەیەک نیە بۆ لە ناوبردنی ئەوانە ئێمە بەڕێی بخەین، بەڵکو بزووتنەوەیەکی واقعی کە خودی خۆی بۆ لە ناوبردنی ئەوانە بەڕێکەوتووە پێی ئەڵێین کۆمۆنیزم. بە مانایەکی تر کۆمۆنیزم ئەو بزووتنەوە واقعیەیە کە ئەوەی هەیە نایەوێت و قبوڵی نییە. یانی ئەوەی کە مارکس ئەڵێ بنەمای سەرمایەداری خاوەندارێتی تایبەتی و کاری بەکرێیە وەک سیستمێک، ئەوا کۆمۆنیزمیش بزووتنەوەیەکە لە دژی کاری بە کرێ و بۆ هەڵوەشانەوەی خاوەندارێتی تایبەتی. هەر ئەمەش ئەو لایەنە سلبیە شۆڕشگێڕیەیە لە مارکسیزم کە مرۆڤ ناتوانێت بە دیراسەکردنی بەشە زانستیەکەی کاپیتاڵ ئیتکفا بکات. بۆیە بە مانایەک ناسینی کۆمەڵگای سەرمایەداری و پایەی پێکهاتەکەی، خود بە خود ئەتگەیەنێت بە کۆمۆنیزم ئەمە هەر ئەوەیە کە مارکس ئەیڵێت بەڵام بێ ئەوەی باسێک لە خودی کۆمۆنیزم بکات! مارکس ئەیەوێت جەخت لەوە بکاتەوە کە مەسەلەکە ئەوە نییە کە، مەنسور حکمەت ووتەنی خوێنی خەڵکیان کردۆتە شوشەوە، بەڵکو چەوسانەوە، دەوڵەتی سەرکوتگەر، بە خۆنامۆبوونی ئینسان و هەڵاواردن ئەبینیت کە بیروڕا و ئایدۆلۆژیای چینی سەردەست ئەیانەوێت تیۆریزەی ئەمانە بکەن.

کەوایە کاپیتاڵ دوو میحوەری هەیە، یەکێکیان لایەنی تیۆری و زانستی و ئیسپاتی تیۆری مارکس، ماتریالیزمی مێژوویی و تێگەیشتن لە شێوازەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری وەک لێکدانەوەیەک بۆ دیاردەکانی ناو کۆمەڵگا و لایەنی دووهەمیشی لایەنی نەفی واتە عەمەلی بە مانای بوونی بزووتنەوەیەکی واقعیە کە کۆمۆنیزمە وەک بزووتنەوەیەکی ڕەخنەگرانە کە ئەیەوێت دنیا هەڵبگێڕێتەوە. خوێندنەوەی کاپیتاڵ هەم لەم ڕووە زانستیەوە تێگەیشتنی دروستمان لە کۆمەڵگا بۆ ئەدات بە دەستەوە وە هەمیش وەک مەنسور حکمەت ئەڵێ خودی کۆمۆنیزم وەک ڕەخنەی ڕەتکردنەوەی ئەو کۆمەڵگا سەرەوخوارە ئەخاتە ڕوو.

ئایدۆلۆژی ئەڵمانی:

ئەم کتێبە لە ساڵی ١٨٤٥، بە هاوبەشی لەگەڵ ئەنگلسدا نووسراوە. لە ڕاستیدا ئەمە یەکەم کتێبی مارکس و ئەنگلسە کە تیایدا هەوڵیان داوە تێگەیشتنێک بۆ مێژوو و کۆمەڵگا بدەن بە دەستەوە کە لە بەرهەمەکانی دواتریان و هەتا لە کارە عەمەلیەکانیاندا ڕێنوێنی کردون. کتێبەکە لە دوو بەرگدایە، کە بەشێکیان وەڵامدانەوەیە بە شێوەی ڕەخنە بە ئایدۆلۆژی ئەڵمانی ئەو کات کە لە برونو باوەر، ماکس ستێرنەر، و لودڤیک فیورباخدا خۆی ئەبینێتەوە. وە بەشەکەی تریان ڕەخنەیە لە سۆسیالیزمی ئەڵمانی (کە ئەو کات باو بوو).

هیگڵ پێی وابوو کە مێژوو ئەتوانرێ لە پێشکەوتنی ئایدیاوە یان فیکرەوە سەیر بکرێ، ئەو مێژووەش چەند هەنگاو یان قۆناغێک بووە کە لە گەشەی ئەوەی پێی ئەووت (World Spirit) یان ڕۆحی جیهان، یان (Absolute Mind) عەقڵی ڕەها. ئەمەش لەو سەردەمەدا وا لێکئەدرایەوە کە کەواتە حکومەتی سەرکوتگەری (ئیستبدادی) ئەو کاتی پروسیا نوێنەرایەتی لوتکەی ئەو مێژووەی جیهانی ئەکرد…. هیگڵیە چەپەکان یان لاوەکان ئه‌مه‌یان قبوڵ نه‌بوو وه‌ بیرۆکەی عەقڵی ڕەهایان ڕەت ئەکردەوە بەڵام بە هەمان شێوە ئایدیالیست بوون کە پێیان وابوو گەشەی مێژوو بەرهەمی خودئاگاهی مرۆڤ یان مرۆڤایه‌تیە. جا لەسەرەتای تەمەنیاندا مارکس و ئەنگلس سەر بەم ڕەوتە بوون، بەڵام زوو خۆیان دابڕان و لە سەرەتا کەوتنە ژێر کاریگەری فیورباخەوە کە ئایدیالیزمی ڕەتکردەوە و لێکدانەوەیەکی ماتریالیستی دا بە دەسەتەوە بۆ شێکردنەوەی دین. هەرچەندە ئایدۆلۆژی ئەڵمانی لە بەشێکی زۆریدا نیشانەی دابڕانی مارکس و ئەنگلسە لە هیگڵیە لاوەکان یان چەپەکان بەڵام هاوکات و گرنگتر لەوە نیشاندانی دیدگای خۆیانە لەسەر ماتریالیزم، شۆڕش و کۆمۆنیزم.

یه‌كێك له‌ لێكدانه‌وه‌ گرنگه‌كانی ناو كتێبی ئایدۆلۆژی ئه‌ڵمانی لێكدانه‌وه‌ی ماتریالیستانه‌ی بوونی مرۆڤ و مێژووه‌. ماركس و ئه‌نگڵس ئه‌ڵێن: ’’مرۆڤ ئه‌كرێ به‌ هوشیاری، به‌ ئاین یان هه‌ر شتێكی تری له‌م بابه‌ته‌ له‌ ئاژه‌ڵ جیابكرێته‌وه‌. ئه‌وان خۆیان هه‌ر زوو كه‌ ده‌ست ئه‌كه‌ن به‌ به‌رهه‌مهێنانی ئامڕازه‌كانی مانه‌وه‌ و گوزه‌ران كردن، كه‌ ئه‌مه‌ش هه‌نگاوێكه‌ پێویستی به‌ ڕێكخستنی جه‌سه‌دیانه‌، ده‌ست ئه‌كه‌ن به‌ خۆجیاكردنه‌وه‌یان له‌ ئاژه‌ڵ. به‌ به‌رهه‌مهێنانی ئامڕازه‌كانی گوزه‌ران مرۆڤه‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ ژیانی مادی واقعی خۆیان به‌رهه‌مئه‌هێنن. ئه‌و ڕێگایه‌ی كه‌ مرۆڤه‌كان ئامڕازه‌كانی گوزه‌رانی خۆیانی پێ به‌رهه‌مئه‌هێنن به‌ر له‌ هه‌رشتێك پشت ئه‌به‌ستێ به‌ سروشتی ئامڕازه‌ واقعیه‌كانی گوزه‌ران كه‌ بوونی هه‌یه‌ و ئه‌وان ئه‌بێ دووباره‌ به‌رهه‌میبهێننه‌وه‌. ئه‌م شێوازی به‌رهه‌مهێنانه‌ نابێ به‌ ساده‌یی وا ته‌ماشای بكرێ كه‌ به‌رهه‌می بوونی جه‌سه‌دیانه‌ی تاكه‌كانه‌. به‌ڵكو شێوه‌ی (فۆڕمی) ڕێكوڕه‌وانی چالاكی ئه‌م تاكانه‌یه‌، شێوه‌ی ڕێكوڕه‌وانی دیاریكردنی ژیانیان و شێوازێكی ڕێكوڕه‌وانی ژیانیانه‌. به‌و پێیه‌ی كه‌ تاكه‌كان ژیانیان دیاری ئه‌كه‌ن كه‌واته‌ بوونیان هه‌یه‌. ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌ن هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ به‌رهه‌مه‌كانیاندا، هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ هه‌ردووك ئه‌وه‌ی كه‌ چی به‌رهه‌مئه‌هێنن و چۆن به‌رهه‌میئه‌هێنن. هه‌ربۆیه‌ سروشتی تاكه‌كان پشت ئه‌به‌ستێ به‌و هه‌لومه‌رجه‌ مادیانه‌ی كه‌ به‌رهه‌مهێنانه‌كه‌یان دیاری ئه‌كات‘‘ (ئایدۆلۆژی ئه‌ڵمانی، لاپه‌ڕه‌ ٣٧). ئەمە بەشێکی گرنگە بۆ لێکدانەوەی ماتریالیستیانەی بوونی ئینسان و مێژوو. ئه‌مه‌ ڕێك نیشاندانی ئه‌و لێكدانه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌ڵێن مرۆڤ خۆی به‌رهه‌می كاری كۆمه‌ڵایه‌تیه‌.

هەروەها لە هەمان بەرگدا و لە بەشی (ناوەڕۆکی مەفهومی ماتریالیستی بۆ مێژوو. بوونی کۆمەڵایەتی و هوشیاری کۆمەڵایەتی) دا ئەڵێن:’’ڕێك به‌ پێچه‌وانه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌ڵمانیه‌وه‌ كه‌ له‌ ئاسمانه‌وه‌ دێته‌ خوار به‌ره‌و زه‌وی، لێره‌دا مه‌سه‌له‌كه‌ سه‌ركه‌وتنه‌ له‌ زه‌ویه‌وه‌ به‌ره‌و ئاسمان. به‌ واتایه‌كی تر، نه‌ك ده‌ستپێكردن له‌وه‌وه‌ كه‌ مرۆڤه‌كان ئه‌ڵێن چی، خه‌یاڵ له‌ چی ئه‌كه‌نه‌وه‌، ده‌رك به‌ چی ئه‌كه‌ن،وه‌ نه‌ له‌وه‌وه‌ كه‌ باسی مرۆڤ ئه‌گێڕدرێته‌وه‌، بیر و خه‌یاڵی لێ ئه‌كرێته‌وه‌، ده‌ركی پێ ئه‌كرێ تاكو بگه‌ین به‌ مرۆڤی زیندوو به‌ گۆشت و خوێنه‌وه‌، بگره‌ ده‌ستپێكردن له‌ مرۆڤه‌ واقعی و چالاكه‌كانه‌وه‌ و له‌سه‌ر بنه‌مای پرۆسه‌ی ژیانی واقعیان نیشاندانی گه‌شه‌سه‌ندنی ڕه‌نگدانه‌وه‌ ئایدۆلۆژیه‌كان و ده‌نگدانه‌وه‌كانی ئه‌م پرۆسه‌ی ژیانه‌…. ئه‌خلاقیات، ئاین، میتافیزیكس و هه‌موو به‌شه‌كانی تری ئایدۆلۆژیا و هاوكاتیش هه‌موو شێوه‌كانی هوشیاری كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌مانه‌وه‌، چیتر ده‌ست به‌ سه‌ربه‌خۆیی خۆیانه‌وه‌ ناگرن. ئه‌وانه‌ مێژوویان نیه‌، گه‌شه‌سه‌ندنیان نییه‌، به‌ڵام مرۆڤه‌كان به‌ گه‌شه‌سه‌ندنی به‌رهه‌م و په‌یوه‌ندیه‌ مادیه‌كانیان و شان به‌ شانی ئه‌م ژیانه‌ واقعیه‌یان بیركردنه‌وه‌ و به‌رهه‌مه‌كانی بیركردنه‌وه‌شیان ئه‌گۆڕن. ئه‌وه‌ هوشیاری نییه‌ كه‌ ژیان دیاری ئه‌كات، بگره‌ ژیانه‌ كه‌ هوشیاری دیاری ئه‌كات..‘‘ (لاپه‌ڕه‌ ٤٢). گه‌ر ووردبینه‌وه‌ ‌ناوه‌ڕۆكی ماتریالیستانه‌ سه‌یركردنی مێژوو لێره‌دا ده‌رئه‌كه‌وێ. ئەم لێکدانەوەیە وامان لێ ئەکات کە ئیتر مێژوو وەک کۆکراوەی چەند حەقیقەتێکی مردوو سەیر نەکەین. ئەوانە بەرهەمی پەیوەندی ماتریالی و بەرهەمهێنانی ماتریالی کۆمەڵگان.

لەم خاڵەدا هەردووکیان لەگەڵ فیورباخدا کۆکن کە لێکدانەوەیەکی ماتریالیستیە (بە پێچەوانەی هیگڵەوە) بەڵام دیسان ڕەخنە لە فیورباخ ئەگرن و باس لەوە ئەکەن کە فیورباخ کاتێک ماتریالیستە مامەڵەی مێژوو ناکات و کاتێکیش باس لە مێژوو ئەکات ماتریالیست نییە!

مارکس لە مەسەلەی لێکدانەوەی ماتریالیستانە بۆ مێژوودا، کە سەرچاوەکەی گەڕاندەوە بۆ پرۆسەی بەرهەمهێنانی ماتریالیستی کۆمەڵگا، لێرەوە ئەیگەیەنێت بەوەی کە لەو پرۆسە ماتریالیستیەدا کە ئینسان بەرهەمی ماتریالی بەرهەمدێنێ هەر لەو ناكۆكیه‌دا کە لەو پرۆسەیەدا هەیە، واتە لە کۆمەلگای سەرمایەداریدا، سەرئەنجام لە ئەنجامی پراتیکدا ئەگات بە کۆمەڵگایەکی تر کە ئەویش کۆمۆنیستیە. دیارە هەموو ئەمەش بە پرۆسەیەکی شۆڕشگێڕانەدا تێئەپەڕێ. بنەمای مێژوو پراکتیک لە ئایدیاوە ڕوون ناکاتەوە، بگرە پێکهاتنی ئایدایاکان لە پراکتیکی ماتریالیەوە لێکئەکداتەوە کە ئەمەش ئەمانگەیەنێت بەو سەرئەنجامەی کە هەموو شێوازەکان و بەرهەمەکانی هوشیاری ناتوانرێ بە ڕەخنەی زهنی هەڵبوەشێنرێتەوە یان بەوەی کە ئایدۆلۆگە ئەڵمانیەکان ناویان ئەنا، بە تارمایی و خێو و شتی وا، بگرە بە پراکتیک زاڵ بوون بە سەر ئەو پەیوەندیە کۆمەڵایەتیانەدا کە هەیە و بۆتە هۆی سەردەرهێنانی ئەو “توڕەهاتە” ئایدیالیستیەی کە هەیە. ئەوە ڕەخنە نییە کە بزوێنەری مێژوو، دین و فەلسەفە و هەرجۆرە تیۆریەکە، ئەوە شۆڕشە!

بۆ زیاتر ڕۆچوونه‌ ناو ڕەنگدانەوەی ژێرخانی کۆمەڵگا لەسەر سەرخانی کۆمەڵگا، لە بەرگی یەکەم، بەشی(چینی ده‌سه‌ڵاتدار و بیروڕای حاكمدا باس له‌وه‌ ئه‌كات كه‌ بیروڕای باوی هه‌ر سه‌رده‌مێك بیروڕای چینه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانه‌، واته‌ چینێك كه‌ هێزی ماتریاڵانه‌ی حاكمه‌ به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگادا هاوكاتیش هێزی هزریه‌كه‌شیه‌تی. چینێك كه‌ باڵاده‌ستی به‌سه‌ر ئامڕازه‌ مادیه‌كانی به‌رهه‌مهێناندا هه‌بێ بێگومان باڵاده‌ستیشی به‌سه‌ر ئامڕازه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی فیكریدا هه‌یه‌ (لاپه‌ڕه‌ ٦٧).

هەموو ئەم باسانە مارکس ئەگەیەنێ بەوەی لە بەشەکانی تردا باس مەسەلەی بەرهەمهێنانی مادی لە کۆمەڵگای سەرمایەداریدا بکات. سەرئەنجام ئەڵێ:” کۆمۆنیزم بە جیاواز لە بزووتنەوەکانی پێش خۆی، پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنانی پێش خۆی هەڵئەگێڕێتەوە و بۆ یەکەمجار بە هوشیاریەوە مامەڵەی هەموو شتە بە سروشتی بە دەستهاتووەکانی ئێستا وەک بەرهەم و داهێنانی خودی ئینسان ئەکات و لە تایبەتمەندیە سروشتیەکەیان دایئەبڕی و ئەیانخاتە ژێر کۆنترۆڵی هێز و دەسەڵاتی تاکە ڕێکخراوەکانەوە” (واتە تاکەکان لە شیوازی بە کۆمەڵێ ڕێکخراودا، ئەمەش پەیوەست ئەبێتەوە بە کۆنترۆڵی بە کۆمەڵی ئامڕازه‌کانی بەرهەمهێنان و خودی بەرهەمە کۆمەڵایەتیەکانەوە)… (لاپەڕە ٩٠/ بۆ ٩١)..

هەروەها لە بەشەکانی دواتردا دێتە سەر ڕەخنە لە فۆریەریزم و پرۆدۆنیزم کە دوو تێگەیشتنی ووردە بۆرژوازی بوون لە سۆسیالیزم.

لە کۆتاییدا ئەوە بڵێم کە كتێبی ئایدۆلۆژی ئەڵمانی لە سەردەمی مارکس و ئەنگلس خۆیاندا چاپ و بڵانەکرایەوە چونکە ئەو ناوەڕۆکە دژی هیگڵیە لاوانەی هەیبوو وە هەم ئەو ڕەخنە سەرەکیەی لە تەواوی سیستمی فیکری و بونیادی کۆمەڵگای ئەگرت وای لە خانەکانی بڵاوکردنەوە کردبوو پێیان وابوو کە ئەبێتە مایەی توڕەیی دەسەڵاتی ئەوکات. وەک مارکس دوای خۆی وتویەتی لەسەری کە کتێبە جێهێڵراوە بۆ ” داکرماندنی مشکەکان”.

مانیفێستی حزبی کۆمۆنیست:

لە ساڵی ١٨٤٨ دا نووسراوە لە لایەن مارکس و ئەنگلسەوە، وەک بەرنامەیەک بۆ کۆمەڵەی (یان یەکێتی) کۆمۆنیستەکان، کە ئەو کات لە ئەڵمانیا پێکهات و ڕێکخراوێکی شۆڕشگێڕ بوو مارکس و ئەنگڵس لە ڕابەری کۆمەڵەی ناوبراودا بوون و داوا لە مارکس کرا کە ئەو بەڵگەنامەیە، وەک بەرنامەی کۆمۆنیستی، ئامادە بکات. لەو کاتەوە تا ئێستا بە گرنگترین بەرهەمی سیاسی بەرنامەیی دائەنرێت، لە ئاستی جیهانیدا. دیارە وەک بەشێک لە کلاسیکی مارکسی و ئەرثۆدۆکسی مارکسی. من مەبەستم لە دەرخستنی ئەو ڕاستیە ئه‌وه‌یە کە تەنانەت لایەن و ئەحزاب و میدیای بۆرژوازیش دان بەوەدا ئەنێن کە مانیفێست ئەو بەرهەمە سیاسیە گرنگەیە. جێی خۆیەتی لێرەدا ئەوە بڵێم کە بەرنامەی “دنیایەکی باشتر” لە نوسینی مەنسور حکمەت، وەک مانیفێستی ئەم سەردەمەیە بۆ کۆمۆنیستەکان، بە تایبەتی کۆمۆنیستەکانی کوردستان و عێراق و ئێران. بەڵام بە داخەوە ئەم بەرهەمە سیاسی و بەرنامەییە هێشتا لە ئاستێکی فراوانی كۆمه‌ڵگادا چ له‌ ناوخۆ و چ له‌ جیهاندا ناناسرێ و دەرنەکەوتووە. ئەوە نەبێ کە نزیک بە دوو ساڵێک لەمەوبەر حزبێکی مارکسی ئەمریکی تەواوی دنیایەکی باشتریان وەک بەرنامەی سیاسی خۆیان قبوڵ کرد، جگە لە هەندێ ووشە کە بەباشیان زانیبوو بیگۆڕن… بەهەرحاڵ ئەوە جێگای باسی ئێرەم نییە بەس تەنها ویستم ئەوە بڵێم کە بە سەرچاوە وەرگرتن لە لێکدانەوەکانی مارکس و مانیفێست، دنیایەکی باشتریش هەوڵئەدا ئەو دنیابینیە بۆ جیهانی ئەمرۆ و بەرنامەی سیاسی لانی کەمی کۆمۆنیستەکان بخاتە ڕوو…

لێره‌دا لەسەر ئەم کتێبەش ناتوانین زۆر بڵێین تەنها ناساندنی ئەوە نەبێ کە وەڵام بە چ مەسەلەیەک ئەداتەوە.مانیفێست جگە لە پێشەکیەکەی لە چوار بەش پێکهاتووە: بۆرژوز و پرۆلیتاریا، پرۆلیتاریا و کۆمۆنیستەکان، ئەدەبی سۆسیالیستی و کۆمۆنیستی، هەڵوێستی کۆمۆنیستەکان سەبارەت بە پارتە ئۆپۆزسیۆنە جیاجیاکان.

مانیفێست وەڵام بە چی ئەداتەوە؟

ئەم شاکارەی مارکس و ئەنگلس، جگە لە لێکدانەوەی کۆمەڵگا و ململانێی نێوان چینەکان، هاوکاتیش لائیحەیەکی داواکاریەکان ئەخاتە بەردەم کۆمەڵگا، کە لەو کاتەدا هاتنەدیان ئەبووە مایەی ئاڵوگۆڕ لە ژیانی کرێکارا ن و ته‌وای كۆمه‌ڵگادا.

ئەو ڕستەیەی کە بەشی یەکەمی پێ دەست پێئەکات “مێژووی تا ئێستای هەموو کۆمەڵگاکان، مێژووی ململانێ چیانەیەتیەکانە”، تەواوی ڕەوڕەوەی مێژوو ئەداتە بەر ئەو لێکدانەوەیە کە لە کاتی کۆیلەکانەوە تا جوتیار و ئەربابەکان و تا کرێکاری سەنعەتی، دنیا دنیای کێشمەکێشی چینی سەر دەست لە لایەک و چینی ژێر دەست لە لایەکی ترەوە بووە. مانیفێست ئەو ڕاستیە مێژوویەمان ئەخاتە بەردەم کە دۆزینەوەی میتاڵ و مادە خامەکان، دۆزینەوەکانی جیهان و کردنەوەی بازاڕە جیهانیەکان کە تەکانی بە پرۆسەی بە پیشەسازیکردنی دنیا دا، لە هەناوی خۆیدا ئەو چینە نوێیە، بۆرژوازی، کە پاشکۆی فیوداڵیزم بوو هێشتا، لەبەرامبەر فیودالیزمدا هێنایە کایەوە بە کۆبوونەوە و کەڵەکەکردنی سەروەت و سامان لە دەست خۆیدا بووە چینی باڵادەست و چینی ژێردەستەی نوێی بەرهەمی بە پیشەسازیکردنی کۆمەڵگا، کرێکاران، یان پرۆلیتاریاشی لەبەرامبەر ئەو چینەدا ڕاگرت. هەڵبەتە ئەبێ ئەوە بووترێ کە لە زۆرێک شوێنی دنیادا مەسەلەی کۆتایی هێنان بە فیودالیزم بە شۆرش هاتۆتە کایەوە. بەمجۆرە شێوازێک لە ململانێی چینایەتی کە لە فیودالیزمدا هەبوو، جێی خۆیدا بە شێوازێکی تر لە ململانێی چینایەتی لە نێوان پرۆلیتاریا و بۆرژوازیدا. ئیتر لێرەوە مەسەلەی کارگە گەورەکان و دروستبوونی شارە گەورەکان و ئەو شتانەی تر هاتنە پێشەوە. بەمجۆرە مانیفێست نیشانمان ئەدات کە چۆن کۆمەڵگای سەرمایەداری کۆمەڵگای بۆ دوو بەش دابەش کردووە: بۆرژوازی، یان سەرمایەداران، کە هەموو هۆکانی بەرهەمهێنانیان خستۆتە دەستی خۆیانەوە و خاوەندارێتی ئەکەن له‌ كاتێكدا كه‌مینه‌ی كۆمه‌ڵگان، وە کرێکاران کە زۆرینه‌ی كۆمه‌ڵگان و هێزی کاری خۆیان ئەفرۆشن و لە بەرامبەریشدا سەرمایەداران کەمترین کرێیان ئەدەنێ تەنها به‌شی ئەوەندەی لە ژیاندا بمێننەوە و هێزی کارکردنی سبەینێیان پێ بێ کە لە ئاکامدا ئەبێ بە کەڵەکەبوونی زیاتری سەرمایە لە دەستی بۆرژوازیدا.

لە مانیفێستدا مارکس جەخت لەوە ئەکاتەوە کە بۆرژوازی هەمیشە هەوڵی بە شۆڕشاندنی (له‌ڕه‌گه‌وه‌ گۆڕین) هۆکارەکانی بەرهەمهێنانی داوه‌ بە پێچەوانەی کۆمەڵگاکانی پێش خۆیەوە کە هەمیشە دەستیان بە شتە نەگۆڕ و دەستلێنەدراوەکانەوە گرتووە. هەربۆیە ئەبینین بە هاتنەدی بۆرژوازی بەشێک لە ئەفکارە پیرۆزەکان پێی پیانراوە و شتە ڕه‌ق و پته‌وه‌كان توێنراونەتەوە، بازاڕە نوێکان کراونەتەوە، وەک ئێستا ئەبینین کوێرەدێی دنیا نەماوە بەرهەمی مۆدێرنی سەرمایەداری پی نەگەیشتبێ.

لە لاپەرە ٢١ ی مانیفێستدا دا هاتووه‌:

’’هه‌تاكو ئێستا وه‌ك بینیمان هه‌موو فۆرمه‌كانی كۆمه‌ڵگا له‌سه‌ر بنه‌مای ململانێی چینه‌ چه‌وسێنه‌ر و چه‌وساوه‌كان بنیاتنراوه‌. به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی چینێك بچه‌وسێنرێته‌وه‌ پێویست به‌ فه‌راهه‌مكردنی هه‌لومه‌رجێك ئه‌كات بۆ ئه‌و چینه‌ كه‌ له‌ سایه‌یدا لانی كه‌م بتوانێ درێژه‌ به‌ بوونی كۆیله‌تی خۆی بدات. به‌نده‌ له‌ سه‌رده‌می كۆیله‌تیدا توانی خۆی به‌رزبكاته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌وه‌ به‌ ئه‌ندامی كۆمۆن، هه‌روه‌ك چۆن ورده‌بۆرژوازی، له‌ ژێر سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌های فیوداڵیدا، توانی گه‌شه‌ بكات و ببێ به‌ بۆرژوازی. كرێكاری سه‌رده‌م، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ له‌ جیاتی به‌رزبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ پرۆسه‌ی پیشه‌سازیدا، قوڵتر و قوڵتر ڕۆئه‌چێته‌ هه‌لومه‌رجه‌كانی بوونیه‌وه وه‌ك چینێك. ئه‌بێ به‌ هه‌ژارێكی ڕه‌شوڕووت، هه‌ژاریش به‌ خێراییه‌كی زیاتر له‌ گه‌شه‌ی دانیشتوان و سه‌روه‌ت، زیاد ئه‌كات. وه‌ لێره‌دا‌ ڕۆشن ئه‌بێته‌وه‌ كه‌ بۆرژوازی چیتر گونجاو نیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی چینێكی باڵاده‌ست بێت له‌ كۆمه‌ڵگادا و بتوانێ هه‌لومه‌رجه‌كانی بوونی خۆی به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگادا وه‌ك یاسایه‌كی زاڵ بسه‌پێنێ. گونجاو نییه‌ بۆ باڵاده‌ستی له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌ توانایدا نییه‌ زه‌مانه‌تی وجودی كۆیله‌كه‌ی بكات له‌ چوارچێوه‌ی كۆیلایه‌تیه‌كه‌ی خۆیدا، له‌به‌رئه‌وه‌ی ناتوانێ پێشبگرێ به‌وه‌ی كۆیله‌كه‌ بكه‌وێته‌ دۆخێكه‌وه‌ كه‌ ئه‌و بیژیه‌نێت له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی خۆی له‌سه‌رئه‌و كۆیله‌یه‌ بژی. كۆمه‌ڵگا له‌مه‌ زیاتر ناتوانێ له‌ژێر سایه‌ی بۆرژوازیدا بژی، بوونی ئه‌و به‌ هیچ جۆرێك گونجاو نیه‌ بۆ كۆمه‌ڵگا.‘‘

سەیرێکی ئێستای دنیا بکەین، لە دوای ١٦٧ ساڵ لە نووسینی مانیفێستەوە، بۆمان دەرئەکەوێ حەقانیەتی ئەو قسانە لە دنیای سەرمایەداری ئەمڕۆدا چۆن مرۆڤه‌كانی هاڕیوە. سەیری ڕێژەی هەژاری، مەرگ بە نەخۆشی و بێکاری و دەردەکانی تری کۆمەڵگا بکەین ئەم ڕاستیە ئەبینین. هه‌ربۆیه‌ ئه‌م سیستمه‌ی به‌ ده‌ستی چینی باڵاده‌ست، چینی بۆرژوازیه‌وه‌ ناگونجێ له‌گه‌ڵ مرۆڤایه‌تیدا.

هەروه‌ها لە مانیفێستدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە کۆمۆنیستەکان بەرژەوەندیەکی جیاواز لە بەرژەوەندی چینی کرێکاریان نییە بەڵام کۆمۆنیستەکان لە بەشەکانی تری یان پارتە سیاسیەکانی تری ناو ئەو چینە بەوە جیائەکرێنەوە کە بەرژەوەندی میللی لێکنادەنەوە و تەواوی چینەکە بە چینی نێونەتەوەیی خاوەن یەک بەرژەوەندی ئەزانن وە لە تەواوی خەباتی کرێکاران و ململانێیان لەگەڵ بۆرژوازیدا، کۆمۆنیستەکان نوێنەرایەتی تەواوی بزووتنەوەکە ئەکەن. بە کورتی ئامانجی کۆمۆنیستەکان بریتیە لە :’’بینینی تەواوی پرۆلیتاریا وەک یەک چینی سەربەخۆ، زاڵبوون بەسەر باڵادەستی بۆرژوازیدا، وە سەرئەنجام بەدەستەوە گرتنی دەسەڵاتی سیاسی لەلایەن پرۆلیتاریاوە.‘‘

لە بەشی ئەخیردا جەخت ئەکەنەوە کە ’’به‌ كورتی، كۆمۆنیسته‌كان له‌ هه‌ر شوێنێك بن پشتیوانی هه‌ر بزووتنه‌وه‌یه‌كی شۆڕشگێڕانه‌ ئه‌كه‌ن له‌ دژی ئه‌ نه‌زمه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیه‌ی كه‌ له‌ ئێستادا شته‌كانی ڕێكخستووه‌‘‘ (لاپه‌ڕه‌ ٤٤). هەروەک پێمان ئەڵێ کە کۆمۆنیستەکان ئامانج و تێروانینەکانیان ناشارنەوە و بە ئاشکرا هاوار ئەکەن کە” با چینە چەوسێنەرەکان لەبەرامبەر شۆڕشی کۆمۆنیستیدا سەرتاپایان بێتە لەرزین. کرێکاران جگە لە زنجیرەکانیان هیچ لە دەست نادەن، بەڵام جیهانێک بە دەست دێنن” لا ٤٤.

مانیفێست بەرهەمێکی پراتیکی مارکس و ئەنگلسە، دوای لێکدانەوە زانستی و فیکریەکان، دوای هەندێ مەسەلە کە لە ئایدۆلۆژی ئەڵمانی و سەرخەتە ئابوری و فەلسەفیەکان مارکس داویەتی بە دەستەوە، ئیتر دەستدانە پراتیک، کردەوە، مەسەلەیەکی حەیاتی بووە. ڕابەریکردن لە کۆمەڵەی کۆمۆنیستیدا، و نووسینی بەرنامەکەی، کە نەک هەربۆتە بەرنامە بۆ ئەو کۆمەڵەیە بگرە وەک ئه‌جێندایه‌كی عه‌مه‌لی کۆمۆنیستەکان تەنانەت لەم سەردەمەشدا سوودی لێوەرئەگیرێت… مانیفێست لێکدانەوە و شەرحکردن نییە، بگرە بانگەوازە بۆ ئاکشنێکی سیاسی هەروەک لە دروشمەکەیدا هەیە کە”کرێکارانی جیهان یەکگرن!”ە.

سێ پێکهاتەکەی مارکسیزم:

لەم بەشەدا سەرەتا ئەبێ جەخت له‌وه‌ بکەمەوە کە لە ناساندنی ئەو سێ شاکارەی بەرهەمی فیکری و سیاسی و پراتیکی مارکسدا بە جۆرێك ئەوەمان ناساند کە پایەی بنەڕەتی مارکسیزم لەسەر چی ڕاوەستاوە. ئەوەی کە کاپیتاڵ باسی چی ئەکات، پێمان ئەڵێ کە بۆچی لە تێگەیشتن لە دنیا، لە نەهامەتیەکانی دنیا، لە برسێتی و بێکاری و نەبوونی، خورافات و دین و ئایدۆلۆژیای زاڵکراو و چەندین توخمی تری سەرخانەکانی ئەم کۆمەڵگایە تێبگەین، ئەبێ چاوێک بە ژێر خانی کۆمەڵگادا (واتە پێکهاتەی ئابوریدا) بخشێنین و لێکی بدەینەوە. ئەوەی کە ئایدۆلۆژی ئەڵمانی جەختی لێئەکاتەوە کە چ فەلسەفە و چ دین و چ یاسا و بەشەکانی تری کۆمەڵگا چۆن بەشێکی دانەبڕاون لە پرۆسەی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی و پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنان و زەرورەتی لەبەینچوونی ئەمەش وابەستەیە بە شۆڕش، شۆڕشی کۆمۆنیستیەوە، دەروازەیەک لە باسە فەلسەفیەکانی مارکس ئەکاتەوە. ئەوەی کە مانیفێست پێمان ئەڵێ پێویستمان بە کردارە و ڕێی ڕۆشنی بەردەممان بە کردەوە دیاری ئەکرێ، هەنگاوەکانی گەیشتی بە سۆسیالیزممان ئەخاتە بەرچاو…

بۆ ئەم بەشە من پشت ئەبەستم بەو ووتارە گرنگەی لینین کە لە ژێر ناوی: (سێ سەرچاوە و سێ پێکهاتەکانی مارکسیزم) دا نووسیویەتی.

لینین بەوە دەست پێ ئەکات کە بۆ بۆرژوازی، “مارکسیزم سێکتە وێرانکەر یان کاولکەرەیەکە” (pernicious sect). بەڵام لەبەرئەوەی مارکسیزم وەڵام بە هەموو مەسەلەکانی کۆمەڵگا ئەداتەوە ئەکرێ بە زانستێکی توانا فراوان بیهێنینە بەرچاوی خۆمان. بەهەرحاڵ سێ سەرچاوەی گرنگ کە ئەم زانست و تیۆر و هەتا بیروباوەڕە ئەناسێنێت بریتیە لە: فەلسەفە، ئابوری، سۆشیالیزم. هەر ئەم سێ سەرچاوەیەش پێکهاتەکەی پێکئەهێنێت. با پێكه‌وه‌ چاوێکیان لێ بکەین:

هەروەک بینیمان لە باسەکانی پێشوودا کە ئایدیالیزم یەکێک بووە لە بیروڕا و بیرکردنەوە باوەکانی کۆتایی سەدەی هەژدە و سەرەتای نۆزدە لە فەرەنسا، بەڵام دواتر بە هەندێ ئەفکاری ماتریالیستی وەڵامیان وەرگرتەوە. بینیمان کە هیگڵ هەرچەندە باسی لە پرۆسەی دیالەکتیکانەی شتەکان ئەکرد، بەڵام لە بنەمایەکی ئایدیالیستیەوە، ئەوە بوو دواتر فیورباخ بە پێچەوانەی هیگڵەوە هات و لێکدانەوەیەکی ماتریالیستی د ابە دەستەوە (هەرچەندە ئەنگلس لە کتێبی لیدڤیک فیورباخ و کۆتایی فەلسەفەی کلاسیکی ئەڵمانی دا، لە بەشی سێهەم بە ناوی فیورباخدا، ئەڵێ”ئایدیالیزمی فیورباخ لەوێدا دەرئەکەوێ کە دێتە سەر فەلسەفەی دین و ئەخلاق، کە ئەو نایەوێت دین هەڵبوەشێنێتەوە، بگرە ئەیەوێ تەواو و کامڵی بکات”—– ئاخر فیورباخ ئەڵێ دڵ جەوهەری دینە و سەردەمەکانی بەشەریەت بە ئاڵوگۆڕە دینیەکاندا جیائەکرێنەوە! بەهەرحاڵ ئەمەیان باسێکی ترە… ڕاستە لەو کاتەدا دیالەکتیک وەک دەسکەوتێکی هەتا زانستی لە لێکدانەوەی سروشت و زانستەکانی تردا هاتبووە ئاراوە، بەڵام قوڵبوونەوەی مارکس لەم مەسەلەیەدا بردی بەرەوە ماتریالیزمی مێژووی، کە مەسەلەکانی بەستەوە بە خودی کۆمەڵگای بەشەری و پەیوەندیەکانی ئینسانەوە. وەک لینین ئەڵێ ئەو فەوزایەی کە لە ڕوانگەکاندا سەبارەت بە مێژوو و سیاسەت هەبوو لە لایەن مارکسەوە بەو تیۆریە زانستیە وەڵامدرایەوە کە لە ئەنجامی بەرەوپێشچوونی هێزەکانی بەرهەمهێنانەوە و لە سیستمێکی کۆمەڵایەتیدا سیستمێکی تر و هەتا باڵاتر گەشە ئەکات، هەروەک چۆن بینیمان کە چۆن سەرمایەداری لە فیوداڵیەتەوە هاتە دەرەوە. هەروەک چۆن زانیاری ئینسان ڕەنگدەرەوەی سروشتە (کە وەک سەربەخۆ لە خۆی هەیە)، ئاوهاش زانیاری کۆمەڵایەتی ئینسان (یانی دین و فەلسەفە و سیاسەت و هتد) ڕەنگدەرەوەی سیستمی ئابوری کۆمەڵگایە. یانی بۆ نمونە ئێستا سەیری سیاسەت و یاسا و فەلسەفە و دین کە فۆرمی کۆمەڵگای کوردستان یان عێراق یان هەر کۆمەڵگایەکی ترە بكه‌ین، هەمووی لە پێناو بەهێزکردنی کۆنترۆڵی سەرمایەدارە بەسەر کرێکاراندا.

تا ئێرە ئەوە بوو کە لێکدانەوەی ماتریالیزمی مێژوویی بنەماکەی ئەوەیە کە سەرخانی سیاسی لە پێناو ژێرخانی ئابوریدایە. بۆیە دێینە سەر پێکهاتەی دووەم کە ئابوریە. ئەم مەسەلەیەش لە بەرهەمەکەی مارکس بە ناوی کاپیتاڵدا هاتووە. هەروەک ووتمان زانستی ئابوری لە لایەن ریکاردۆ و ئادەم سمیثەوە، کە لە بەریتانیا وەک پێشکەوتووترین ووڵاتی سەرمایەداری ئەو کاتەدا بوون، باسەکانیان کرد. ئەوان باسی تیۆری کار بۆ بەهایان کرد. مارکس ئەوەی نیشاندا کە بەهای هەر کاڵایەک بە بڕی ئەو کارە کۆمەڵایەتیەی تەرخانکراوە بۆ خوڵقاندنی یان بەرهەمهێنانی دەستنیشان ئەکرێ. مارکس باسی لە پەیوەندی نێوان مرۆڤه‌کان کرد. ئاڵووێری کاڵاکان دەرخەری پەیوەندی نێوان تاکە بەرهەمهێنەرەکانە لە تەواوی بازاڕدا. پارە دەلالەت لەوە ئەکات کە ئەو پەیوەندیە تا بێت نزیک و نزیکتر ئەبێتەوە و ژیانی ئابوری تاکە بەرهەمهێنەرەکان کۆئەکاتەوە و ئەیکات بە یەک. سەرمایەش دەلالەت لە گەشەیەکی زیاتری ئەو پەیوەندیە ئەکات کە لێرەدا مەبەست لەوەیە هێزی کاری مرۆڤ ئەبێ بە کاڵا و کرێکاری بەکرێ هێزی کارەکەی خۆی ئەفرۆشێت بە خاوەن کار یان کارگە و خاوەنی هێزەکانی بەرهەمهێنان. کرێکار بەشێک لە ڕۆژەکە کار ئەکات تا خەرجی تەنها مانەوەی خۆی و خێزانی دەربهێنێ و بەشەکەی تری ڕۆژ بەبێ هیچ دەسکەوت و موکافەئەیەک کار ئەکات، کە ئەمە ئەبێتە زێدەبایی بۆ سەرمایەدار کە سەرچاوەی قازانج یان سودە و سەرچاوەی سەروەتی چینی سەرمایەدارانە. وە لە ڕاستیدا باسی زێدەبایی بە بڕبڕەپشتی تیۆری مارکس بۆ ئابوری دائەنرێت.

باسی سێهەم باسی سۆسیالیزمە وەک پێکهاتەیەکی تری مارکسیزم:

سەرهەڵدانی سەرمایەداری دوای فیوداڵیزم بووە مایەی زۆر ناڕەزایەتی، و لەوانەش هەندێک مەیلی سۆسیالیستی پەیدا بوون. کە یەکەمیان سۆسیالیزمی خەیاڵی (یان یۆتۆپیایی) بوو. ئەو مەیلە هەرچەندە ڕەخنەی لە سەرمایەداری ئەگرت و نەفرەتی نیشان ئەدا و خەونی بە ڕوخاندنیەوە ئەبینی و ڕوانگەیەکی بۆ کۆمەڵگایەکی باشتر هەبوو، بەڵام هەم لەلایەک ئەخلاقیانە ئامۆژگاری بۆرژوازی ئەکرد کە چەوساندنەوە ئەخلاقی تیا نییە، و هەمیش نەیئەتوانی باس لە سروشتی کۆیلەتی کرێ بکات و هەمیش نەیئەتوانی ئەو هێزە کۆمەڵایەتیە نیشان بدات کە ئەبێتە مایەی ئاڵوگۆڕ. هیچ یەکێک لەو ئاڵوگۆڕانە و لەو لێکدانەوانە و تەنانەت ئەو شۆڕش و ناڕەزایەتیە توندانەش هێزی ئەسڵی ئاڵوگۆڕیان دیاری نەکرد، کە خەباتی چینایەتیە. ئەوە ئەو کلیلە بوو کە مارکس نیشانی کۆمەڵگای مرۆڤایه‌تی دا. کۆمەڵگا بۆرژوازیەکان لەو کاتەوە کە پێکهاتن و هەتا ئێستاشی لەگەڵ بێ لەهەوڵی داکۆکی لە بنەماکانی ئەو سیستمە ئەکەن کە لەسەری بەندە، تەنها هێزێک کە لە خودی ئەم کۆمەڵگایەدا هەیە، کە هێزێکی واقعی و بە پێی جێگاوڕێگای کۆمەڵایەتی خۆی ئەتوانێ و ئەبێ ئەو هێزە پێکبهێنێ و ڕێبکخات کە ئەو بنەمایانە ئەخاتە لاوە و کۆمەڵگایەکی نوێ بێچین و چەوسانەوە دابین بکات، ئەویش چینی کرێکارە بۆ بەرپاکردنی شۆڕشی سۆشیالیستی….. سەرئەنجام تەنها ماتریالیزمی مێژوویی مارکس ڕێگای ڕزگار بوون لە “کۆیلەتی ڕۆحی”، وەک لینین ناوی ئەنێ، نیشانی چینی کرێکار داوە و ئەدات، تەنها تیۆری ئابوری مارکسە لە جێگاوڕێگای واقعی و ڕاستەقینەی چینی کرێکاری لە سیستمی سەرمایەداریدا نیشان داوە و ئەدات. وە تەنها ئەو پراتیکە سیاسیە، سۆشیالیستە ڕێکخراوە هوشیارەیە، کە مارکس پەنجەی خستۆتە سەر کە ئەتوانێ دەروازەی بەردەم کۆتایی هێنان بەو سیستمە و دامەزراندنی سیستمێکی نوێ بکاتەوە.

میثۆدۆلۆژی مارکس:

دیارە ئەم باسەش زۆر زۆر هەڵئەگرێت و ئێمە فرسەتی داپۆشینی هەموو بابەتەکەمان نابێ. بەڵام با سەرەتا ئەوە بڵێین کە میتۆدی سەرەکی مارکس ئەوەیە کە ناو ئەنرێ “ڕەخنەی بێڕەحمانە” لە کۆمەڵگای چینایەتی و بنەمای ئابوری چەوسانەوەی مرۆڤ. بۆ ئەوەی بتوانێ ئەو کارە بکات هەرچی فەلسەفە و ئایدۆلۆژیا و بیروڕاکانی سەردەمی خۆی هەیە داویەتی بە ڕەخنە و ڕەتکردنەوە، وەک لە هەندێ لە نمونەکانی پێشوودا بینیمان.

بۆ باسکردن لە هەندێ لایەنی ئەم مەسەلەیە پشت ئەبەستین بە باسێکی مەنسور حمکەت بە ناوی مارکسیزم و پراکتیکی شۆڕشگێڕانە، دەربارەی میتۆدۆلۆژی لینین، کە بەشێکە لە باسی فکری “یەکێتی کۆمۆنیستی، ئەناتۆمی لیبرالیزمی چەپ” دا لە گۆڤاری حزبی کۆمۆنیستی ئێران “بەرەو سۆسیالیزم” ساڵی ١٩٨٢ دا بڵاوبۆتەوە (ئەم بابەتە لە وەرگێڕانی خەسرەو سایەیە و لە بەرگی یەکەمی کتێبی هەڵبژاردەیەک لە نووسراوەکانی مەنسور حکمەت، چاپی ڕەنج ساڵی ٢٠٠٨ دا بڵاوبۆتەوە (لا: ٣١٧_٣٤٢). هەرچەندە ئەو باسە خۆی سەبارەت بە میثۆدۆلۆژی لینینە، بەڵام حکمەت هەردووکیانی پەیوەست کردۆتەوە بە یەکەوە و ئەتوانێ تێگەیشتنێک لە مارکسیش بدات بە دەستەوە. هاوکاتیش یەکێک لە جەوهەرەکانی پراتیکی شۆڕشگێڕانە کە لە تێزەکانی فیورباخدا هەیە، باس ئەکەین. ئەوە لەو باسەدا ڕۆشن کراوەتەوە کە بۆ گەڕان بۆ میثۆدۆلۆژی مارکس ئەبێ بگەڕێینەوە بۆ تێزەکان دەربارەی فیورباخ و ئایدۆلۆژی ئەڵمانی. لە هەندێک لە خاڵەکانی پێشوودا سەبارەت بە ڕەخنەی مارکس، کە لە ئایۆلۆژی ئەڵمانیدا هێنامانەوە، مارکس ڕەخنە لەو ماتریالیزمە میکانیکی و ستاتیکەی کە هەبووە ئەگرێت و لە جێیدا وەک ووتمان بیر و هۆشی ئینسان پەیوەست ئەکاتەوە بە خودی کۆمەڵگا و پەیوەندیە کۆمەڵایەتی و ئابوریەکانەوە. وە ئاڵوگۆڕیشی لەوەدا بە پراتیکی ئاڵوگۆڕبەخشەوە، واتە شۆڕشگێڕانەوە، بەستۆتەوە. ئەمە یەکێکە لە کرۆکەکانی میثۆدی مارکس بۆ ڕەخنە، یاخو بەشێکە لە ماتریالیزمی مارکس. “مارکس مرۆڤ ئەباتەوە جێگای واقعی خۆی و لە مێژووی خۆیدا دایئەنێ” (حکمەت). ئەمە ئەو مەسەلەیەیە کە مارکس لە تێزی یەکەم سەبارەت بە فیورباخدا ئەیڵێ:’’هه‌تا ئێره‌ ئه‌و له‌ گرنگی چالاكی شۆڕشگێڕانه‌ و ڕه‌خنه‌گرانه‌ی به‌ كرده‌وه‌ تێنه‌گه‌یشتووه‌.‘‘ ئەمە بەو مانایە ڕۆیشتنە لە سەبجێکتەوە، کە لە فیکری فیورباخدا هەیە، بەرەو ئۆبجێکت، کە مارکس تەرحی ئەکات. بەم مانایە ئەتوانین بڵێین کە ئەمە بەشێکە لە میثۆدۆلۆژی مارکس بۆ “ماتریالیزمی پراتیک”. هەڵەبەتە باسەکەی مەنسور حکمەت لێرەوە پەیوەست ئەبێتەوە بە ڕۆڵی توخمی چالاک و هەبوونی ڕابەر بۆ شۆڕش و ئەو مەسەلانەوە کە لینین کردوونی، بەڵام ئەمەیان جێگای ئەم باسەی ئێمە نییە.

ئەم مەسەلەیە زۆر ڕەبت ئەبێتەوە بە شۆڕشگێڕێتی مارکسەوە، کە بۆرژوازی جیهانی تا ئێستاش زۆر هەوڵئەدات لەو سیفەتەی دایببڕێ و تەنها وەک ئابوریزانێک ناوی ببات.

هەروەک مارکس لە تێزی دووەمدا ئەڵێ کە حەقیقەتی بیرکردنەوە ناتوانرێ لە پراتیک جیابکرێتەوە، گەر ئەو کارە بکرێ ئەو تەنها لێکدانەوەیەکی سکۆلاستیکیە (دیراسی یان تەعلیمی).

ئەمەش گەیاندوویەتی بە تێزی سێهەم کە ئەڵێ هەرجۆرە گۆڕانکاریەک لە هەلومەرجدا یان هەتا ئاڵوگۆڕ لە خود و چالاکی ئینساندا تەنها ئەتوانرێ وەک پراتیکێکی شۆڕشگێڕانە لێکبدرێتەوە.

یان ئەوەی کە وەک ڕەخنەیەکی قوڵ لە ماتریالیزمی پێشوو یان فەیلەسوفەکانی پێشتری گرتوویەتی لە تێزی ئاخیردا، یانزەیەم، ئەڵێ “فەیلەسوفەکان تەنها جیهانیان لە ڕێگای جۆراوجۆرەوە لێکداوەتەوە، بەڵام مەسەلەکە گۆڕینیەتی”.

مارکس ئەڵێ کە بۆ تێگەیشتن لە بیری مرۆڤ و بەرهەمەکانی تری مرۆڤ ئەبێ لە خودی کۆمەڵگاوە دەست پێبکەین، کە خودی کۆمەڵگاش بەرهەمی پراتیکە، پراتیکیش لە پرۆسەیەکی دیالەکتیکیدا چۆتە پێشەوە و ئەچێتە پێشەوە، واتە ئاڵوگۆڕ بە پراتیکی شۆڕشگێڕانە ئەکرێت.

لێرەوە ئەگەین بە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە کردوومانە و ئه‌ویش پەیوەندی تیۆر و پراتیکە. مارکس تەنها دنیای لێک نەداوەتەوە و لەمبارەیەوە تیۆر دابڕێژێ، زانستێک دابنێ، و تێگەیشتن بدات بە دەستەوە. مارکس بەو لێکدانەوانە ئەگات بەوەی کە دنیایەک کە بەوجۆرە بێت ئاڵوگۆڕی پێویستە. ئەو ئاڵوگۆڕەش تەنها و تەنها بە کردەوە، بە کار، بە پراتیک ئەکرێ. ئەمە سیفەتی جیاکەرەوەی کۆمۆنیزمی مارکسە لە هەر جۆرە مۆدێلێکی تر لە کۆمۆنیزم یان ڤێرژنێک کە بە ناوی کۆمۆنیزمەوە دەرخواردی چینی کرێکار و کۆمەڵگای مرۆڤایه‌تی ئەدرێت. هەروەک لە بەشەکەی سەبارەت بە مانیفێستدا، وەک وەرەقە عەمەلێکی کۆمۆنیستەکان، ووتمان بۆ ئەو پراتیکە شۆڕشگێڕانەیەی بۆ ژێرەژوورکردنی دنیای سەرمایەداریە پێویستە.

كۆتایی:

هه‌روه‌ك له‌ سه‌ره‌تای بابه‌ته‌كه‌دا هاتووه‌، ئه‌مه‌ ته‌نها ناساندنێكی خێرا و چاوخشاندنێكی خێرایه‌ به‌سه‌ر ماركس و هه‌ندێ مه‌سه‌له‌ی ماركسیزمدا. ئیتر ئه‌مه‌ ئه‌بێت بمانگه‌یه‌نێت به‌و پرسیاره‌: بۆچی ماركس و ماركسیزم و شۆڕش؟ ماركس و ماركسیزم بۆ تێگه‌یشتن له‌ كۆمه‌ڵگا و شۆڕشیش بۆ ئاڵوگۆڕ. بێگومان بۆ لێكدانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگای كوردستان و ناسینی میكانیزمه‌كانی ئاڵوگۆڕ له‌م كۆمه‌ڵگایه‌دا، سه‌ره‌تا پێویست به‌ ناسینی خودی كۆمه‌ڵگاكه‌ و لێكه‌وته‌كانی و پێكهاته‌ ئابوریه‌كه‌ی و به‌مپێیه‌ش پێكهاته‌ سیاسی و فیكریه‌كه‌ی ئه‌كات. پاشان ئه‌وه‌ی كه‌ كۆمۆنیزم له‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی له‌م چه‌شنه‌دا چۆن بگاته‌ ئه‌نجام، مه‌سه‌له‌یه‌كی پوختی عه‌مه‌لی و سیاسیه‌. به‌و هیوایه‌ی ئه‌م ناساندنه‌ی ماركس پاڵنه‌رێك بێت بۆ چینی كرێكاری كوردستان بۆ زیاتر به‌ ده‌سته‌وه‌ گرتنی لێكدانه‌وه‌ و میتۆده‌كانی ئه‌و تاكو بتوانین پراتیكی شۆڕشگێڕانه‌كه‌ی ئه‌و بگرینه‌ به‌ر.

ئۆکتۆبەری ٢٠١٥

 سەرچاوەکان:

  1. فریدریك ئه‌نگلس: كارڵ ماركس (ئنیگلیزی): http://www.marxists.org/archive/marx/bio/marx/eng-1869.htm
  2. لینین: كارڵ ماركس، سه‌رخه‌تێكی كورتی بایۆگرافی و نیشاندانی ماركسیزم (ئینگلیزی):http://www.marxists.org/archive/lenin/works/1914/granat/index.htm
  3. مه‌نسور حكمه‌ت: دوباره‌ خوێندنه‌وه‌ی كاپیتاڵ، ساڵی ٢٠٠١ (فارسی):http://hekmat.public-archive.net/fa/3200fa.html
  4. كارڵ ماركس: پێشه‌كی به‌شداریه‌ك له‌ ڕه‌خنه‌ له‌ ئابوری سیاسی (ئینگلیزی):http://www.marxists.org/archive/marx/works/1859/critique-pol-economy/preface.htm
  5. كارڵ ماركس و فریدریك ئه‌نگلس: ئایدۆلۆژی ئه‌ڵمانی (ئینگلیزی)، The German Ideology, Marx& Engels. New York, Prometheus Books (Great books in philosophy), 1998.
  6. سپاركنۆوتس ده‌رباره‌ی ماركس و به‌رهه‌مه‌كانی (ئینگلیزی):http://www.sparknotes.com/philosophy/marx/
  7. فیڵ گاسپه‌ر، كلاسیكه‌كانی ماركسیزم، ئایدۆلۆژی ئه‌ڵمانی (ئینگلیزی):http://www.isreview.org/issues/33/germanideology.shtml
  8. لینین: سێ سه‌رچاوه‌ و سێ پێكهاته‌ی ماركسیزم (ئینگلیزی):http://www.marxists.org/archive/lenin/works/1913/mar/x01.htm
  9. مه‌نسور حكمه‌ت: ماركسیزم و پراتیكی شۆڕشگێڕانه‌. هەڵبژاردەیەک لە نووسراوەکانی مەنسور حکمەت، لە پیاچونەوە و ئامادەکردنی سالار ڕەشید، چاپی ساڵی ٢٠٠٨، بەرگی یەکەم. چاپخانەی ڕەنج (لاپەڕکانی ٣١٧-٣٤٢)
  10. كورشی موده‌ریسی، دووباره‌ خوێندنه‌وه‌ی مانیفێستی حزبی كۆمۆنیست، ساڵی ٢٠٠٩: http://www.koorosh-modaresi.com/Farsi/bazxaniManifest.html
  11. كارڵ ماركس و فریدریك ئه‌نگلس: مانیفێستی حزبی كۆمۆنیست (ئینگلیزی). (The Communist Manifesto, Marx and Engels, New York, International Publishers, 2007)، هه‌روه‌ها له‌م لینكه‌شدا ده‌ست ئه‌كه‌وێت: http://www.marxists.org/archive/marx/works/1848/communist-manifesto/ch01.htm
  12. كارڵ ماركس، كاپیتاڵ. بۆ ئه‌مه‌ سوود له‌ زانیاریه‌كانی به‌رگه‌كانی كاپیتاڵ كه‌ له‌م سێ لینكه‌دا هاتووه‌ وه‌رگیراوه‌:
  13. به‌رگی یه‌ك: https://www.marxists.org/archive/marx/works/download/pdf/Capital-Volume-I.pdf
  14. به‌رگی دوو: https://www.marxists.org/archive/marx/works/download/pdf/Capital-Volume-II.pdf
  15. به‌رگی سێ: https://www.marxists.org/archive/marx/works/download/Marx_Capital_Vol_3.pdf

 

 

 

 

About hkkk

Check Also

ئیسلام گەرایی لە ئەمەریکادا  لە ژێر سایەی ترەمپ دا گەشە دەکات ! …

( ئایا ترەمپ بەڵێنەکانی کە بە خەڵکی ئەمەریکای دابوون بردە سەر بۆ لە ناوبردنی ئیسلامی …