Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 ناسیۆنالیزم و سەربەخۆیی کوردستان

ناسیۆنالیزم و سەربەخۆیی کوردستان

رێبوار ئەحمەد:

مسعود بارزانی لەپەیامەکەی ١٦ی ئەم مانگەیدا کە لە باشیک پێشکەشیکرد، دیسانەوە باسی سەربەخۆیی کوردستانی هێنایەوە گۆڕی و پێداگری لەسەر نێتی خۆی و حزبەکەی کردەوە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی. ئەم ساڵانەی دوایی کەم پەیامی بارزانی هەیە کە باسی جیابونەوەی کوردستان و دەوڵەتی کوردی نەگرێتە خۆی. هەرکات تەنگ و چەڵەمەکانی دەسەڵاتی بۆرژوا ناسیۆنالیستی کوردی دەگاتە لوتکە و لەگەڵ ناڕەزایەتی فراوانی خەڵک بەرەوڕوو دەبێت، بارزانی باسی جیابونەوە و دەوڵەتی کوردی دەکاتە رێگایەک بۆ ئەوەی کێشەکانی ئەم کۆمەڵگایە و داخوازیەکانی خەڵک لە بیریان بەرێتەوە. هەرکات لەگەڵ حزب و لایەنە بۆرژوازیە ناسیۆنالیستی و ئیسلامیەکانی دیکە کێشە و ناکۆکیەکانیان قوڵدەبێتەوە و بەبنبەست دەگات، بارزانی هەوڵدەدات بەمزایەدەی سیاسی دەربارەی جیابونەوە و پێکهێنانی دەوڵەتی کوردی، رەقیبەکانی دەمکوت و ئیحراج بکات و بیانخاتە ژێر گوشارەوە. ئەگەر سەرجەم بەڵێن و بانگیشەکانی بارزانی جدی بونایە، ئێستا لەجیاتی دەوڵەتێکی کوردی دەرزەنێک دەوڵەتی کوردی دامەزرابوو! 

ئەمجارەش وەکو هەمیشە لایەنێکی گەورەی پەیامەکەی بارزانی پروپاگەندەیەکی سیاسیە، چ لە بەرامبەر نەیارەکانی، چ لە بەرامبەر قەیرانی دەسەڵاتی بۆرژوا ناسیۆنالیستی کورد و چ بۆ خۆگێلکردن لە داخوازیەکانی خەڵکی بە مەیدان هاتوی کوردستان و خوڵقاندنی دۆخێکی تازە و فەزایەکی تازە بۆ بازدان بەسەر قەیرانی برسی کردنی خەڵکدا. بەڵام دوور لەجدی بوون و جدی نەبوونی پەیامەکەی بارزانی، هەروەها بەدەر لەهۆکارە مێژوویەکانی خواستی سەربەخۆیی کوردستان بە تایبەت دەیان ساڵ ستەمی قەومی و ئەو کارەساتانەی بەسەر ئەم خەڵکەدا هێنراوە، لە راستیدا کارکردی ناسیۆنالیزمی کورد و دەسەڵاتی قەومی و تایفەگەری عێراق و ئەو ناکۆکی و رق و کینە قەومیە کۆنەپەرستانەی خوڵقاندویانە، ئیتر بە جێگایەک گەیشتوە کە بە داخەوە لە ئێستادا پێکەوە ژیانی خەڵکی کوردزمان و عەرەبزمان لەچوارچێوەی عیراقێکی یەکگرتودا نەک هەر سەخت و دژوار بووە، بەڵکو یەکسان بووە بە نەهامەتی و مایەی سیناریۆی تەڵخ و تەنانەت لە ئارادا بوونی مەترسی کارەساتی شەڕی قەومی. لە هەلومەرجێکی بەم جۆرەدا جیابونەوەی کوردستان و پێکهاتنی دەوڵەتی سەربەخۆ نە تەنیا وەکو رێگا چارەیەکی مومکن و پێویست بۆ بەرگرتن لە مەترسیەکان و هەروەها دەرهێنانی کوردستان لە گێژوای فیدراڵیزمی شکست خواردوی قەومی، بەڵکو ئیتر وەکو ناچاریەک داسەپێنراوە. لەڕوانگەی بەرژەوەندی چینی کرێکاریشەوە جیابونەوەی کوردستان رێگایەکە بۆ کۆتایهێنان بە کینە و ناکۆکی قەومی ئێستا و رەخساندنی زەمینە بۆ بەرجەستە بوونی گیانی هاوپشتی و هاوچارەنوسی لە نێوان کرێکاری کوردزمان و عەرەبزماندا. 

هەر لە پەیوەند بەم مەسەلەیەشەوە “ناوچە ناکۆکی لەسەرەکانیش” کە کراوە بە کێشەیەکی واقعی، پێویستی بەوە هەیە بە رێگاچارەی گونجاوی سیاسی و پێشکەوتوانە لە ئەلقەی شەڕەو کێشەی ناسیۆنالیستی کورد و عەرەب دەربهێنرێت و رێگا نەدرێت ببێتە مایەی کارەسات بۆ خەڵک بە گشتی و دانیشتوانەکەی بە تایبەتی. بەڵام لەم بارەیەوە پێویستە ئەوە لەبەرچاو بگیرێت و بە فراوانی ببرێتە ناو جەماوەری خەڵک، کە ئەگەر پرۆسەی جیابونەوەی کوردستان و یەکلاکردنەوەی ناوچە کێشە لەسەرەکان و رێگاچارەکانیان لە چوارچێوەی سیاسەت و ئاسۆی بۆرژواز ناسیۆنالیستی کوردی و کێشمەکێشی لەگەڵ ناسیۆنالیزمی عەرەبیدا بڕواتە پێشەوە، دوو ئاکامی کارەساتبار دەکاتە مەترسی گەورە لەسەر کۆمەڵگا؛

 یەکەم: پرۆسەی بە ئەنجام گەیشتنی جیابونەوەی کوردستان، بە پێی سیاسەت و ئاسۆی ناسیۆنالیستی دەبێتە مایەی راپێچکردنی خەڵکی کوردزمان و عەرەبزمان بۆ ناو بەرامبەرکێیەکی کۆنەپەرستانە و لە ئارادا بوونی مەترسی گەورەی شەڕی قەومی خوێناوی و ماڵوێرانکەر. ئەم کێشمەکێش و شەڕە قەومیە نەک هەر هیچ سودێکی نابێت بۆ بەدیهاتنی ئامانجە ئازادیخوازەکانی خەڵکی کوردستان، بەڵکو ئەگەری ئەوەی هەیە کارەساتێک بخوڵقێنیت کە جگە لە بە قوربانی بوونی لێشاوێک لەخەڵک، لەڕووی پێشکەوتن و ئازادیخوازی و بەختەوەریەوە ژیانی ئەم خەڵکە چەندین ساڵ بگیڕێتەوە بۆ دواوە. تەنانەت مەترسی ئەوە لە ئارادایە لە پرۆسەیەکی شەڕو کارەسات و نائەمنی و وێرانکاریدا ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان بکرێن بە شوێنەوارێکی نالەبار بۆ ژیانی هاوڵاتیان. ئەوەی لە کۆتاییەکانی سەدەی پێشودا لە بۆسنە و هەرسک روویداو ئێستا تەماشاکردنی شوێنەوارەکەی تەزوو بە لەشی مرۆڤدا دەهێنێ، لەسەر دەستی ئەم هێزو میلیشیا قەومی ومەزهەبیانە مەترسی هەیە لە دەهەی دووهەم و سێهەمی ئەم سەدەیەدا لە “ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان” دووبارە بێتەوە. بانگیشە و نەعرەتەی قەومی ناسیۆنالیزمی کورد و کاردانەوەی ناسیۆنالیزمی عەرەب جگە لە ئەگەری مەترسی راپێچکردنی کۆمەڵگا بۆ ناو ئەم سیناریۆ تەڵخانە، بەبێ هیچ ئەماو ئەگەرێک هیچ جۆرە ئایندەیەکی ئازاد و بەختەوەری لێسەوز نابێت. لەم بارەیەوە جگە لەوەی خەڵکی ئازادیخوازی کوردزمان و عەرەبزمان و سەرجەم هاوڵاتیان پێویستە دژی هەر جۆرە نەعرەتەیەکی قەومی و کۆنەپەرستانەیە راوەستن، هەموو هێزە سیاسیەکانیش دەکەونە بەردەم بەرپرسیارێتیەکی مێژوویی. ئەگەر نەیانەوێ وەکو بەشێک لە هێزی سیناریۆی تەڵخی شەڕی قەومی و نابوتکردنی مەدەنیەت رۆڵبگێڕن، یان لە ئاستیدا بێدەنگ بمێنن و دەرگای بۆ ئاوەڵا بکەن، دەبێ راشکاوانە دژی هەر جۆرە هاندان و بانگیشەیەکی نەتەوە پەرستی و شەڕ و دووبەرەکی قەومی رابوەستن. 

دووەم: ئەو دەوڵەتەی لە ئاکامی سیاسەت و ئاسۆی ناسیۆنالیستیدا بێتە دامەزران، ناکۆکی توندی دەبێت لەگەڵ ئاوات و ئامانجە ئینسانی و ئازادیخوازانەکانی خەڵکی کوردستان. بانگیشەی بارزانی و سەرانی کوردایەتی بۆ پێکهێنانی دەوڵەتی قەومی کوردی، لەگەڵ ئەوەی لە هەر پرۆسەیەکی خوێناوی و کارەساتباردا بڕواتە پێشەوە، دەکرێت سەرئەنجام کێشەیەک بە ناوی کێشەی کورد کۆتایی بهێنێ، بەڵام کۆمەڵگا بۆ ناو دۆخێکی دژوار و پڕستەمی نوێ پەلکێش دەکات.

بۆیە ئاسۆ و ئەلتەرناتیوی ناسیۆنالیستی نەک هەر رێگای گونجاو نیە بۆ کۆتایهێنان بەم کێشەیە و رەوتی سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ، وە نەک هەر بە هیچ جۆرێک رێگایەک نیە بۆ دەستەبەرکردنی ئازادی و داهاتویەکی پرشنگدار بۆ خەڵکی کوردستان، بەڵکو بەدەر لە ئاکامە کارەساتبارەکانی، لە ئەنجامی ئەم سیاسەت و رێگاچارە قەومیەدا زنجیری کۆیلایەتی و بێدەرەتانی و ستەم و هەڵاواردن و کۆنەپەرستی لە دەست و پێی ئەم خەڵکە دەهێڵێتەوە. حکومەتی هەرێمی ئێستا کە چارەکە سەدەیەکە کۆمەڵگای کوردستانی گرفتار کردوە، لە ئەزمونێکی درێژ و پڕ نەهامەتیدا شێوە جۆراوجۆرەکانی دەسەڵاتی قەومی کوردایەتی و بورژوازی کوردی نیشانی خەڵکی کوردستانداوە؛ دەسەڵاتی نیوە بەنیوەی یەکێتی و پارتی، دەسەڵاتی میلیشیای یەک حزبی یەکێتی و پارتی لە دوو ناوچەی جیاواز، دەسەڵاتی هاوبەش لەسەر بنەمای رێکەوتننامەی ستراتیژی، دەسەڵاتی بنەکە فراوانی نیشتمانی هەموو هێزە بۆرژوازیە ناسیۆنالیستی و ئیسلامیە کوردیەکان…..هەموو ئەلگۆکانی ئەو دەوڵەتە کوردیەی نیشانداوە کە بارزانی بانگیشەی بۆ دەکات و وەکو بەهەشتی بەختەوەری نیشانی خەڵکی کوردستانی دەدات. ئەم ئەزمونە نیشانی داوە کە لە سایەی دەوڵەتی قەومی کوردیدا کە ناونیشانێکە بۆ دەوڵەتی بۆرژوازی کورد، ستەم و سەرکوت و هەڵاواردن و کۆنەپەرستی قەومی و ئیسلامی و تاڵان و بڕۆ و گەندەڵی و بێدەرەتانی هەروەکو ئێستا مۆتەکەی سەر دڵی خەڵک دەبێت، کەمایەتیەک نوقمی سەروەت دەبن و بەشی هەرەزۆری دانیشتوانیش نوقمی هەژاری. دەسەڵاتی بنەماڵەیی و سەرو خەڵکی سەرەتای ترین ئیرادەی خەڵک دەخاتە ژێر پۆستاڵی میلیشیا و دام و دەزگا چەکدارەکانەوە. جەماوەری خەڵک هیج جۆرە رۆڵ و بەشداریەکیان لە دەسەڵات و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا نابێت. تەنانەت لە باشترین حاڵەتیدا ئەوەی بە ناوی سیستەمی پەرلەمانی و دەسەڵاتی نوێنەرانی خەڵکەوە بیروهۆشی خەڵکی پێدەشۆرنەوە، شتێک نیە جگە لە بە کارتۆنی کردنی ئەم سیستەمەی کە خۆی هەر لە بنەڕەتەوە بیروکراتیک و بێ بەریە لە دەخاڵەتی جەماوەری خەڵک. سەرئەنجام لە سایەی دەوڵەتی قەومی بۆرژوازی کورددا داپڵۆسینی خەڵک و تیرۆری نەیارانی سیاسی ئاستێکی فراوانترو یاسایی پەیدا دەکات. دەوڵەتی قەومی کوردی کە لە رێگای خۆگریدانی ناسیۆنالیزمی کورد بە سیاسەتە دژی ئینسانیەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بێتە دامەزران، دەبێتە نمونەی دەوڵەتێکی کۆنەپەرست و بەدناوی وەکو ئیسرائیل، کە لە هاوشانی دەوڵەتانی ملهوڕ و ستەمکاری زلهێزی جیهان رادەوەستێ و دەبێتە مایەی نەفرەت و بێزاری خەڵکی ئازادیخوازی جیهان و بزووتنەوە پێشکەوتوانە و یەکسانیخوازەکان. 
هەڵبەت ئەمانە بەڵگەنین لە دژی خودی خواستی جیابونەوە و پێکهاتنی دەوڵەتی سەربەخۆ لە کوردستان، بەڵکو بەڵگەن بۆ ئەوەی کە ئەو خواستە و رێگای دەستەبەرکردنی و دوارۆژی کۆمەڵگا لە بازنەی سیاسەت و ئاسۆی ناسیۆنالیستی کورد دەربهێنرێت. بۆ دەستەبەرکردنی ئەم خواستە و چارەسەری هەموو گرفت و کێشەکانی پەیوەست بەوەوە، پێویستە رۆڵی ناسیۆنالیزم و حزبەکانی لە کاربخرێت. پێویستە خەباتی ئەو جەماوەرە ئازادیخوازەی لە پێناو ئازادی و دواڕۆژێکی باشتردا بۆ سەربەخۆی کوردستان خەبات دەکەن، لە سیاسەت و ئاسۆی ئەو ناسیۆنالیزمە داببڕێت کە جیابونەوەی کوردستان و دامەزرانی دەوڵەتی سەربەخۆ دەکاتە رێگایەک بۆ بەرپاکردنی دەوڵەتی قەومی و کۆنەپەرستانە و ستەمکارانەی خۆی. پێویستە رێگای سیاسی و پێشکەوتوانەی دوور لە نەتەوە پەرستی و رق و کینە و شەڕی قەومی بگیرێتەبەر. پێویستە بە دەخاڵەتی هوشیارانە و هاتنەمەیدانی خەڵکی ئازادیخواز لە دەوری سیاسەتێکی رادیکاڵ و پێشکەوتوانە، رۆڵی بزووتنەوەی کۆنەپەرستانە و قەومپەرستانەی کوردایەتی و حزبەکانی لەکاربخرێت. 

ئەو دەوڵەتە سەربەخۆیەی کە وەکو بەرهەمی سیاسەتێکی رادیکاڵ و لە دەوری ئاسۆیەکی ئازادیخوانە دەبێ لە کوردستاندا دابمەزرێ، نابێ دەوڵەتی قەومی کوردی بێت. دەوڵەتی قەومی هەر ئەو ئەزمونە کۆنەپەرستانە و سەرو خەڵکیە درێژە دەدات کە چارەکە سەدەیەکە خەڵکی کوردستانی گرفتاری جۆرەها ستەم و نەهامەتی کردووە. جگە لەم ئەزمونە ئەگەر سەرنجێک لە دەوڵەتە قەومیەکانی ناوچەکە بدرێت بەڕوونی پیشانیدەدات کە دەوڵەتی قەومی لە هیچکوێی جیهاندا ئەلگۆیەک نەبووە و نیە بۆ دەستەبەرکردنی ئاوات و ئارەزووە ئازادیخوازانەکانی جەماوەری خەڵک. دەوڵەتی قەومی لەتورکیاو سوریا و میسر چەند نمونەیەکن کە ئەو کۆمەڵگایانەیان نوقمی ستەم و سەرکوت و کۆنەپەرستی کردووە.

دەوڵەتی قەومی کوردیش ناتوانێ لەو دەوڵەتە قەومیانە باشتر بێت. شوناسی قەومی کە لەلایەن چینی بۆرژوازیەوە دادەتاشرێت و وەکو تلیاک دەرخواردی جەماوەر دەدرێت و دامەزراندی دەوڵەتی قەومی دەکرێت بە ئاسۆ و ئامانج، بە هیچ جۆرێک رووی لە بەدیهێنانی ئاوات و ئارەزووە ئازادیخوازانەکانی خەڵک و مافەکانی جەماوەری ستەمدیدە نیە. بەڵکو رووی لەوەیە کە مافی چینی بورژوازی کورد بۆ دەسەڵاتدارێتی مسۆگەر و مەشروع بکات. ئەو نیشتمانەی کە پیرۆزی دەکەن تەنها بۆ ئەوەیە کە بیکەن بە قەڵەمڕەوی دەسەڵاتی چینی بۆرژوازی کورد، ئەو نەتەوەیەش کە وەکو باشترین خەڵکی سەرگۆی زەوی و قارەمان و فیداکار و پڵنگ و بەچکە شێر ستایشی دەکەن، تەنها بەو مەبەستەیە کە لەسەر خاک و نیشتمانی “پێرۆز” و لە ژێر رکێفی بۆرژوازی خۆماڵیدا، وەکو کۆیلە کار بکەن و رەنج بدەن و بێدەرەتانی تەحەمول بکەن لە پێناو بەرزکردنەوەی قەڵای سەروەتی بۆرژواکاندا. هەر دروست ئەوەی کە چارەکە سەدەیەکە ئەم خەڵکە دەست و پەنجەی لەگەڵ نەرم دەکەن. 

خەباتی ئازادیخوازانەی خەڵکی کوردستان دەبێ لە هەموو ئاسۆ و سیاسەت و ئەحزابی ناسیۆنالیستی خۆی جیابکاتەوە. خەڵکێک کە ئامانج و مەبەستی ئازادی و پێشکەوتنخوازی و دامەزراندنی ئایندەیەکی پرشنگدارە، نابێ خەباتی خۆی بەرێته‌ ژێر باری ئاڵا و ئاسۆ و سیاسەتی ئەو بزووتنەوە و حزبانەوە کە نەک هەر رێبواری ئەم رێگایە نین، بەڵکو ناکۆکی و دژایەتی توند و لە چارە نەهاتویان لەگەڵ هەموو پرەنسیپ و پێوانە ئازادیخواز و یەکسانیخوازو ئینسانیەکان هەیە. بەبێ ئەم دابڕان و خۆ جیاکردنەوەیە، وەکو دەیان ساڵی رابردوو خەبات و قورربانی دانەکان، تەنها دەبنە دەستمایەی حزبە بۆرژوازیە قەومیە کوردیەکان بۆ ئەوەی لە پیناو ئامانجە کۆنەپەرستانەکانی چینی بۆرژوازیدا رۆژێک سات و سەودای پێ بکەن و رۆژێکیش دەسەڵات و دەوڵەتی خۆیان بە ناوی دەوڵەتی نەتەوەوە بەسەر خەڵکدا داسەپێنن.

ئایندەیەکی باشتری دوور لە شەڕ و کێشەی کۆنەپەرستانە و ملهوڕی حزبە میلیشیاییەکان، ئایندەیەک کە ئاڵوگۆڕ بە قازانجی ئازادیخوازی و بەختەوەری مسۆگەر بکات، بەندە بەوەی خەباتی خەڵکی ئازادیخواز پێداگری لەسەر پێویستی دامەزراندنی سیستەم و دەوڵەتێکی سیکیولاری غەیرە قەومی و پشت بەستو بە ئیرادەی خەڵک بکات. سیستەم و دەوڵەتێک کە هاوڵاتیان لە رکێفی یاسا و ئەحکام و نەرێتە دینی و داعشیەکان رزگار بکات، هەروەها بە دوور لەناسنامەی دژە مرۆڤانەی قەومی و دینی و هەر جۆرە دەستەبەندیەکی هاوڵاتیان بۆ کەمایەتی و زۆرایەتی و پاشان نوێنەر داتاشین و دابەشکردنی دەسەڵات و داهات لە نێوان ئەم نوێنەرە درۆزنانەیە، هەمووان وەکو هاوڵاتی یەکسان لە هەموو بوارێکدا چاو لێبکات و لە هەموو بوارێکدا مافی یەکسان بۆ هەموان دابین بکات. ئەوەش سیستەمی شورایی و دەوڵەتی شوراکانی نوێنەرانی راستەوخۆ هەڵبژێردراوی خەڵکە. 

٢٥-١١-٢٠١٦

About hkkk

Check Also

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ هاوڕێ کاوە کەریم، بە بۆنەی ١٩ ساڵ تێپەربوون بەسەر ڕووداوی تیرۆریستی ١١ سێبتەمبەردا…

بۆپێشەوە: هێرشی تیرۆریستی و خۆکوژی ١١سێپتەمبەر… دنیای تەکاندا و بواری کردەوە تا ئەمریکا ملهوڕی و …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *