Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 نمایشی زەینەب و نیقاب …

نمایشی زەینەب و نیقاب …

عەبدوڵا مەحمود…

گواستنەوەی زەینەب نیاز مستەفای نیقاپ پۆش لە ڕیزی پێشەوە بۆ ڕیزی دواتر لە مەراسیمی ڕاگەیاندنی ناوی دەرچووەکانی یەکەم و دووەم و سێهەمەکانی قۆناغی ١٢دا، پێویستی بەهیچ مشت و مڕو لێكدانەوەیەک نییەو دوور و نزیکیش ناتوانێت وەکو رەتکردنەوەی نیقاب لەلایەن بزوتنەوەی کوردایەتیەوە، نیشان بدرێت.

ئەوەی لەم مەراسیمەدا نابێ جێگای باس بێت گواستنەوەی زەینەبە، ئەوەش کەدەبێت فۆکوسی بکرێتە سەر”  لەلایەکەوە سازدانی ئەو مەراسیمانەیە بۆ دەرچوانی یەکەم و دووەم و سێهەمەکان، کە جیاوازیکردن و بەچاوی سوک تەماشاکردنی ئەو خوێندکارانەیە کە شانسی یەکەم و دووەم و سێهەمیان نەبووە، ئەم نەریتە نەریتێکی دواکەوتوو بۆگەن و هەڵاواردن ئامێزە. لایەنێکی تر نمایشی نیقابە” لە مەراسیمێکی تایبەتیدا کە سلکی پەروەردەیە. ڕەخنەگرتن لە گواستنەوەی زەینەب، یان نیگەرانی لە مامەڵەی بەڕێوەبەرانی مەراسیمەکەدا، ناتوانێت پرسی نیقاب و پەیامی ئەو نیقاب پۆشییە و پاساو بدات. ئیسلامیەکان دەیانەوێت گواستنەوەی زەینەب زەق بکەنەوە تا ڕەوایەتی بە” نیقاب” پۆشین بدەن و خۆیان لە گورزی ڕەخنە لە نیقاب بەدوور بگرن.

زەینەب نیاز کاتێک بەنیقابەوە لەڕیزی پێشەوە خۆی نمایش دەکات، نمایشی نەریتی بزوتنەوەیەکی ڕەش و تاریکی بزوتنەوە ئیسلامییە دژە ئینسانی و دژە ژنەکان، دەکات.

زەینەب بە نیقابەوە، لەکاتێکدا هێشتا محەجەبوون مایەی نیگەرانی رەوتی مەدەنیەتی کۆمەڵگەیە، نیشانەی ئەوەیە کە رەوت گەلی ئیسلامی سیاسی دەیانەوێ لەرێگای زەینەبەکانەوە “رەوتی پێشگیری بە مەدەنیەت” بگرنەبەر و هۆشداری بدەن بەوەی کەنەک حیجاب، بەڵكو نیقابیش مافی ژنان و بەشێکیشە لە ئازادی جل و بەرگ پۆشین و مافی تاک.

ئەوە لە کاتێکدایە کە لەناو دڵی ئەوروپادا، بەشێکی زۆری وڵاتەکان لەکاتی فەرمی و کارکردن و کەشی گشتی کۆمەڵگەدا نیقابیان یاساغ کردووە. یاساغکردنی نیقاب بەمانای یاساغکردنی ئیسلام و رەوتە ئیسلامیەکانیش نییە، بەڵکو ڕێگەگرتنە لەو پۆششەی کە سیمای ئینسان” بەهەر ئایدیایەکەوە” دادەپۆشیت و کەس نازانێت چ کائینێک لەژێر ئەو ڕەشایەدایە کە تەنها وەکو سندوقی پۆست کونێک یان دوو کونی بچوک لەبەشی سەرەوەیدا کراوەن.

نیقاب پۆشەکان، هەموو دیمەنەکانی کۆمەڵگە بە ئینسان و شمەکەکانیەوە، بەجوڵەو ماتریالە وەستاوەکانەوە، بە باش و خراپیەوە دەبین، لە کاتێکدا ئازادی نیشاندانی سیمای خۆیان لە کۆمەڵگەو هەموو ئینسان و بوونەوەرێک وەکو ئینسان دەشارنەوە و لەورێگایەشەوە خۆیان و سیمایان لەکۆمەڵ یاساغ دەکەن.

کۆمەڵگە لەدیدی نیقاب پۆشەکان و رەوتی سیاسی پشتیان، کۆمەڵگەیەکی هەڵگەڕاوەیە، ژن و پیاوی کۆمەڵگەکان لەڕی لادراون و پشتیان کردۆتە ڕێز و شەرەف پاریزی و بەرەڵاییان کردۆتە مۆد و نەریت. ژنی نا حیجاب و نا نیقاب پۆش، ژنی بەرەڵاو سەرچاوەی بزواندنی هەستی پیاو جوڵاندنی رەگەکانی شەهوەتی سێکسییە… بۆیە بۆ ئەوەی خۆیان لە کۆمەڵگە جیابکەنەوەو بەدووربن لەوەی ببنە مایەی فیتنەیی و جوڵاندنی شەهوەت و بزواندنی هەستی سێکسی پیاوان، پەیڕەوی لە حجاب و نیقاب دەکەن!!.

نیقابی زەینەب و خۆ دەرخستنی لەو بۆنەیەدا” کە بۆنەیەکی بێمانا و شکاندنی خودی پیرۆزییەکانی پەروەردەو جیاکراییەکی ئاشکرایە لەگەڵ خوێندکارەکانی دەرەوەی یەکەم و دووەم سێهەمەکان” دریژکراوەی هەوڵی حزب و  رێکخراو ڕەوتە ئیسلامیە سیاسیەکانە لە چوارچێوەی مەراسیمەکانی تاج لەسەر نان… کە پێشتر لە هەردوو شاری سلێمانی و کۆیە سازیاندا. دەیان لە ژنانی ئیسلامی و کادرە حجاب پۆشەکانی خۆیان هێنایە سەر ستەیج و لە نمایشێکدا دوبارە حیجاب کرانەوە” تاجیان نایەوە سەریان”!! تاجی بەکۆیلەکردنی ژنانیان” نیشانی کۆمەڵگە دایەوە.

ئەو هەنگاوانەی ئیسلامیەکان ماوەیەکە چڕتر لە پێشوو دەستی بۆ دەبەن، پەلەقاژەیەکە بۆ نۆژەنکردنەوەی پێگەی خۆیان لە هەلومەرجێکی تایبەتی تردا. هەلومەرجێک کە لەلایەکەوە رەوتە ئیسلامیەکان و بەدیلی ئیسلامی چ لەسەر ئاستی ناوچەکەو چ لە کوردستاندا، روو لەداکوژانە. داعش لە باری سەربازییەوە توانایەکانی تێکشکاوە. ئەردۆغان و ئاک پارتی، ئیخوانەکانی میسر، ریسوایی ئەلگۆی ئیخوانیان و ناکۆکی حاشاهەڵنەگریان لەگەڵ ئازادی و مافە سیاسیەکان و مافە فەردی و مەدەنیەکان، نیشانی دنیادا… لە کۆمەڵگەی کوردستاندا رەوتی مەدەنیەتی و کرانەوەی خێرا بۆتە گوشارێکی تر لەسەر ئیسلامیەکان، لە ئاستی جەماوەریدا ئیسلامیەکان بە دانپیانانی خۆیان پاشەکشەیان بە هەنگاوی قەڵەم باز کردووە… لەو دۆخەشدایە کە لە پرۆسەی فەرمی و حکومداری بۆرژوازی کوردیشدا، پەراوێز خراون. هەموو ئەوانە چەند هۆکارێکن بۆئەوەی ئیسلامیەکان… زەینەبەکان بە تاک لە نمایش و ئاهەنگەکاندا بخەنەروو، وە بەشێوەی کۆمەڵ و کۆش” جەمعی” ڤیستڤاڵی تاج لەسەرنان بکەنە نەریت… و لە هەوڵی تریشدا نیقاب پۆشین بخەنە روو، تا لەو رێگایەوە حزوری سیاسی و رۆڵی ئەکتیف بوونی خۆیان بە کۆمەڵگە رابگەیەننەوە.

زەینەب… یەکەمین قوربانی کۆیلەیی ئیسلامیەکانە لەیەکەمین هەنگاوی ئاراستەکراوی رەوتە ئیسلامیەکاندا… لەم هەلومەرجە تازەیەی دوای داعش و کرانەوەی خێرای کۆمەڵگەی کوردستاندا.

دیارە هێشتا ڕەوتی مەدەنیەتی کۆمەڵگە پێویستی بە هەڵزنینی خێراو بەنەخشەیە بۆ بەرگرتن بە هەوڵی ئیسلامیەکان بۆ دوبارە وەڕێخستنەوەی حیجابکردنی ژنان و کۆمەڵگەو خستنەرووی نیقابی ئیسلامی، کە نەک تەنها سوکایەتییە بە ژنی نیقابکراو، بەڵکو بێڕێزییە بە هەموو ژنان و بەهەموو ستراکتۆرێکی مەدەنی کۆمەڵگە. ژنێک کە نیقاب پۆش دەکرێت… عەقلیشی نیقاب دەگرێت و توانایی بینین و بیرکردنەوەو ڕوانینی فەزای گشتی خوێندنەوەی دیمەنە واقعیەکانی کۆمەڵگەی لێدەسەنرێتەوە… هەربۆیە دەبێ نیقاب لە فەزای گشتی و لەئاستی کۆمەڵایەتی و لە کاتی دەوام و شوێنی کار…دا، بەتەواوی یاساغ بکرێت و ئەو ئازادی!! جل پۆشینە ئیسلامیە!! بگوازرێتەوە بۆ ناو ژیانی تایبەتی و چوار دیواری ماڵە ئیسلامیەکان خۆیان.

کۆتایی یونی ٢٠١٩

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٥٥ بەرواری ١/٧/٢٠١٩ بڵاوبۆتەوە

About hkkk

Check Also

ئامادەبون بۆ نوێنەرایەتی کەسێک کە بە شایانی سزای تەوبیخی دەزانی، مانای چیە! …

وەڵامێک بە موئەیەد ئەحمەد … عوسمانی حاجی مارف … لە پلنۆمی ٣٣ی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *