Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 نەخێرەکان و جوڵانەوەی نەخێر دەڵێن چی؟
نەخێرەکان و جوڵانەوەی نەخێر دەڵێن چی؟

نەخێرەکان و جوڵانەوەی نەخێر دەڵێن چی؟

عەبدوڵا مەحمود:

سەرەتا دەبێ بە پێداگری لەراستیەک دەست پێبکەم. لەریفراندۆمدا، چۆن دەنگدان بە “بەڵێ” مافی هەر تاکێکە، ئاواش دەنگدان نەدان و دەنگدان بە “نەخێر” یش، مافی هەر تاکێکە… وە چۆن حزب و لایەنی سیاسی و جەماوەری و مافی خۆیانە بانگەشە بۆ بەڵێی ریفراندۆم بکەن، بەهەمان شێوەش حزب و رێکخراوەی سیاسی و جەماوەری و هەر کۆرو کۆمەڵەیەک مافی خۆیانە بانگەشە بۆ نەخێر و بایکۆتیش بکەن. ئەوەی لەم وتارەدا مەبەستمە ئەوەیە کە نەخێرەکان و جوڵانەوەی نەخێر، هیچ ناڵێن…

هەرکەسێک چاودێری دۆخی سیاسی کوردستان و پرسی ریفراندۆم و سەربەخۆی و بانگەشەکانی نەخێرەکان و جوڵانەوەی نەخێر بکات، راستی هیچ نەوتی جوڵانەوەی نەخێر لە ئێستادا دەبینێ. جوڵانەوەی نەخێرەکان هیچ شتێکی تازە ناڵێن. ئەوان دەڵێن ریفراندۆم لە ئێستادا کاتی نییە، وڵاتانی ناوچەکەو غەرب و بەتایبەتیش ئەمریکا لەگەڵ ئەنجامدانی ریفراندۆم نین، دەڵێن ریفراندۆم و شەرو کوشتار بەدوای خۆیدا دەهێنێ، دەڵێن نەخێری ئێمە نەخیر نییە بۆ ریفراندۆم و سەربەخۆیی، نەخێرە بۆ دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی و کارنامەی ٢٦ ساڵەیان، وە دەڵێن خەڵک دەبێ بەشداری ریفراندۆم بکات، بەڵام بەنەخێر دەنگ بدات و ئەگەر خەڵک بەشداری نەکات ئەوا دەسەڵات دەنگەکانی ئەوان بەبەڵی دەقەبڵێنێ یان لەجێی ئەوان بەڵی دەخەنە سندوقەکانەوە …تاد. یان دەڵێن ئەوە بۆ دروستکردنی میرنشینی بارزان و درێژکردنەوەی دەسەڵاتی پارتیییە…تاد.

ئەم دروشم و دەربرینانەی جوڵانەوەی نەخێرەکان،  هیچی تازەی تیا نییە، ئەگەر لە جێگای ئەمساڵ دوای دەیان ساڵی تریش باسی سەربەخۆیی و ریفراندۆم بکرێت، هەمان ئەو قسەو دروشمانە دەشێ بوترێن، وڵاتانی ناوچەکەو ئەمریکاو غەرب لەگەڵی نین، ئەگەری شەڕ و دەستێوەردانی سەربازی دەبێت، تەبایی ناو ماڵی کورد” ریزی بێ کێشەی حزبەکانی بورژوازی کوردستان”، وەدی نایەت.

ئەگەر بڕیار بێت ئەوانە نەمێنن کەواتە بڕیار بریاری پشتکردنە ریفراندۆم و سەربەخۆییە بۆ ئەبەد، چونکە نەوڵاتانی ناوچەکە هەرگیز لەگەڵ جیابوونەوەو پیکهاتنی دەوڵەت و ریفراندۆمن بۆ سەربەخۆیی، و نە ئەمریکاو غەرب، هەرگیزو لە هیچ شوێنێکی دنیا، بە ویستی خۆیان چوونەتە پشت هیچ جیا جیابوونەوەو سەربەخۆ بۆنێک. بۆیە ئەم دروشم و پاساوانەی جوڵانەوەی نەخێرەکان هیچ نەوتنە و رەتکردنەوەی ریفراندۆم لە ئێستاشدا نییە، بەڵکو بەو پاساوانەیان بۆ هەمیشە لەدژی ریفراندۆم و سەربەخۆیین.

جوڵانەوەی نەخێرەکان، دەڵێن نەخێری ئێمە نەخێر نییە بە ریفراندۆم و سەربەخۆیی، بەڵام لیستکردنی بیانوەکانیان هەروەکو پێشتر ئاماژەم پێداوە، رەتکردنەوەیەتی بۆ هەمیشە. دەڵێن نەخێری ئێمە نەخێرە بە دەسەڵاتی تاڵانچی و چەتەکانی سیاسی ٢٦ ساڵی رابردوو، ئەمەش وەکو داهێنان و دەستکەوتێکی جوڵانەوەکەیان نیشان دەدەن و بەبەشیک لە جەرائەتی سیاسی جوڵانەوەکەی دەزانن، لەکاتێکدا خۆیان باش دەزانن نەخێر بۆ دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی و کارنامەکانیان، تەنانەت نا وتن و نەخێر بۆ حكومەتە یەک لەدوای یەکەکانیان بە حکومەتی بنکە فراوانیشەوە، زۆر دەمێكە لە لایەن خەڵکی نارازی کوردستانەوە بەرزکراوەیەوە. خۆپیشاندان و نارەزایەتیە جەماوەرییەکانی ٢٠٠٦ تا دەگاتە خرۆشانی و خۆپیشاندانەکانی ١٧ شوباتی ٢٠١١ و تا بە ئەمرۆ دەگات.. نەخیری خەڵک و تورەیی لەم دەسەڵاتە بۆتە سیماو تایبەتمەندیەکی جێ کەوتوو. بۆیە ئەم بانگەشەیەش هیچ راستیەکی تیانییە و لەراستییدا هەوڵدانە بۆ دزینی نەخێری خەڵک و بەکاربردنی لەناو پرۆسیسی رەتکردنەوەی ریفراندۆمی جوڵانەوەی نەخیردا.

مەسەلەیەکی تر هەیە، کە چ جوڵانەوەی نەخێرەکان  و چ زۆرێک لە نوسەرو ئیلێتی کوردی، پەنای بۆ دەبەن ئەوەیە، کە ریفراندۆم و سەربەخۆیی بە موڵکی پارتی و بارزانی، یان بە موڵکی پارتی و یەکێتی دەزانن و لایان وایە ئەگەر بلێن نەخێر بۆ ریفراندۆم ئەوە نەخیرە بە پارتی و یەکێتی و کێشانی هیڵێکی ترەو لەو رێگایەوە دەتوانن خەڵکی کوردستان بخەنە بەرامبەر بە پارتی و یەکێتی… دیارە ئەوە راستە کە خەڵکی کوردستان بێ کۆتا لەدژی دەسەڵاتی تاڵانچی و میلیشیایی یەکێتی و پارتی و حکومەتە ناوەرۆک خاڵیەکانن، وە تورەیی خەڵکی کوردستان لەو دەسەڵاتە رۆژ بەرۆژ زیاتر هەڵدەکشێ، جوڵانەوەی نەخیرو بەشێک لە نوسەرو ئیلێتی کوردی، لەسەر مەبنای ئەو تورەیی جەماوەرەوە، بەرخورد بە ریفراندۆم و سەربەخۆیی دەکەن… ئەوەی لەو نێوەدا ئەم بەرێزانە نایانەوێت لێی حاڵی بن و دانی پیابنێن، ئەوەیە کە خەڵکی کوردستان پرسی ریفراندۆم و ویستی سەربەخۆیی و بوون بە دەوڵەت بوون، لەگەڵ دەسەڵاتی سەرکوتگەرانە و تاڵانچی پارتی ویەکێتی وەکو یەک کەیس، یەک پاکیچ نابینن… هەر ئەوەشە کە چ جوڵانەوەی نەخێر و چ نوسەرو بژاردەی سیاسی و توشی رامان و بن بەست کردووە.

بۆ دژایەتیکردنی پارتی و یەکێتی، کەیسی وەستانەوە بە رووی ریفراندۆم و سەربەخۆیدا، کایەیەکی دۆراوە. چونە پشت ریفراندۆم و سەربەخۆیی وسازدان و رێنوێنیکردنی خەڵکی کوردستان کە تیایدا ئیرادەی سیاسی خۆیان بخەنە گەرو نەهێڵن گۆرەپانەکە تەنها پاوانی گەمەی پارتی و یەکێتی بێت و بۆ مەبەستی حزبی و بنەماڵەیی خۆیان بەکاری بێهنن ئەو کەیسەیە کە دەتوانێت، پارتی و یەکێتی توشی سەدمەو پاشەکشە بکات و گورزی کوشندەیان ئاراستە بکات.

تا ئەو کاتەی پرسی سەربەخۆیی و دەوڵەت لە کوردستان وەڵامی وەرنەگرتۆتەوە، پارتی و یەکیتی و حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی، سەرباری تورەیی و نەخیری خەڵکی کوردستان بەو دەسەڵاتە، دەتوانن لەهەر برگەو دەورەیەکدا، هەر بەکەیسی سەربەخۆیی دەوڵەت سازییەوە خۆیان دوبارە بەرهەم بهێنەوە و بازسازی بکەن. پرسی خەڵکی کوردستان و سەربەخۆیی لە نەبوونی بزوتنەوەی شۆرشگێرانەو حزبی پێشکەوتنخوازدا، دۆسیەیەکە کە ئەوان هەمیشە دەتوانن بەدەستیەوە بگرن.

هەروەها خەڵکی کوردستان بەو هۆیەوە کە لەماوەی دەیان دەهەدا، روبەرووی کوشتن و راوەدونان و ئاوارەیی و کوشتاری بەکۆمەڵی وەکو کیمیایی و ئەنفال… بونەتەوە بەدەست رژێمە یەک لەدوایەکەکانی عێراقەوە، وە بەچاوی خۆیان سەرکوتگەری رژیمەکانی تر لە ناوچەکە دژی بەخەڵکی کوردستان دەبینن… بوون بەدەوڵەت و دورکەوتنەوەیان بەشێوەی فەرمی لەو دەوڵەتە سەرکوتگەر و دژە ئینسانیانە، بە خواست و خەونێکی جوان دەزانن و وێلی ئەو خەون و خواستەن. بۆیە گوێ نادەن بەوەی چ هیزێک و چ حزبێک بانگەشەی جیابوونەوە پیکهاتنی دەوڵەت و سەربەخۆیی دەکات. بۆیە سەرباری نەفرەت و تورەییان لەو حزبانەی بانگەشەی سەربەخۆیی بەدەستەوە دەگرن، تەنانەت بێ گویدانە ئەوەی ئایندەی ئەو سەربەخۆیی و دەوڵەتە چۆن دەبێت، دەچنە پشتی و بە هەنگاوێکی دەزانن بۆ رزگاری.

نەفرەتی خەڵکی کوردستان لە پارتی و یەکێتی و حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی، یەکسان نییە بە نەفرەتی خەڵکی کوردستان بۆ سەربەخۆیی و دەوڵەت لەسەر دەستی ئەو حزبانە. وە لایەن و هەوڵکیش بۆئەوەی وەستانەوە بە رووی ریفراندۆم و سەربەخۆیدا، یەکسان بکرێت بە واتای وەستانەوە بە دژی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی، لە بنەڕەتدا هەوڵێکی بێهودەیەو هیچی لێ سەوز نابێت… بەتایبەتیش ئەگەر ئەو راستیە لەبەرچاو بگرین، پرسی سەربەخۆیی و دەوڵەتسازی و جیابوونەوە لە شوینیکی وەکو کوردستاندا، تایبەتمەندی خۆی هەیە و یەکێکیش لەو تایبەتمەندیانە ئەوەیە ئەوەی کە ئەو دۆسیە بەدەستەوە دەگرێت یان دەبێت حزبی باڵادەست لەپشتی بێت، یان خۆی بیکات… چونکە هەر ئەو حزبە سیاسیە باڵادەست و دەسەڵاتدارانە بە زۆری هێز ریگە بەهیچ رەوت و ناوەندێکی تر نادەن دەست ببات بۆ چارەسەری دۆسیە گرنگ و چارەنووسازەکان… لە کوردستاندا بە لۆژیکی ژمارەی کورسی پەرلەمان، هیچ شتیک یەکلانابێتەوە، ئەوە لۆژیکی هێزە پەرلەمان دروست دەکات، هەڵدەوشینێتەوە، کارای دەکات، دای دەخات، ژمارەی کورسیەکانی پەرلەمان، دەکاتە کاریکاتیر…

پارتی و یەکێتی، بەخستەگەری دەزگا راگەیاندنەکانیان و گێرانەوەی هۆکارەکانی برسێتی و بێ موچەیی و گرانی و نەداری، تا دەگاتە بێ یاسایی و بێسەرەوبەرەیی، …تاد، بۆ بەغداو راگەیاندنی ئەوەی کە ئەوانە بەشێکی زۆری خەتای دەوڵەتی مەرکەزییە، خەتای مل نەدانی بەغدایە بە رێکەوتننامەکانیان لەگەڵ کورد، هۆکاری پابەند نەبوونی بەغدایە بە هاوبەشێتی سیاسی، ئەوانە بێکاریگەر نین لەسەر خەڵکی کوردستان… بەتایبەتیش کە بەشی فراوان لە خەڵکی بە شێوازی جۆراو جۆر لەگەڵ ئەوەشدا تورەن، بەڵام بە حزبەکانەوە بەستراونەتەوە.

دەنگە نەخێرەکان و جوڵانەوەی نەخێر دەیانەوێت تورەیی لە دەسەڵاتی ٢٦ ساڵەی پارتی و یەکێتی بکەنە، پاساو بۆ دژایەتی ریفراندۆم و سەربەخۆیی… بەو کارەشیان سزای خەڵکی کوردستان دەدەن، نەک دەسەڵات. چونکە باش دەزانن دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی بەهیچ جۆرێک یەکسان نییە، بە خواستی خەڵکی کوردستان بۆ سەربەخۆیی و دەست راگەیشتن بەدەوڵەت. تەنانەت ئەو کاتەش کە پارتی و یەکێتی سوێندیان بەیەکپارچەیی عێراق دەخوارد و جیابوونەوەو سەربەخۆیان بە خەونی چۆلەکە و شاعیرانە لەقەڵەم دەدا، خەڵکی کوردستان هەر خواستی جیابوونەوە دەست راگەیشتن بە دەوڵەتێکی سەربەخۆ، خواستی سەرەکیان بووە.

دەنگە نەخێرەکان و جوڵانەوەی نەخێر ئەگەر نەفرەتیان لە پارتی و یەکێتی، بنەمای وەستانەوەیانە بە رووی ریفراندۆمدا، ئەو مافەیان نییە ئەو مافە لەخەڵکی کوردستان بسەننەوەو تۆڵە لەدەسەڵات، بکەنە تۆڵە لە خەڵکی کوردستان، وە مافیان نییە ئەو پرسە بکەنە موڵکی پارتی و یەكیتی…

ئەگەر بەراستی جدین لە دژایەتی پارتی ویەکێتی، بفەرموون لە هەڵبژاردنی داهاتوودا” کە برواتان بە هەڵبژاردن هەیە” کەنزیکە، بفەرموون بایکۆتی هەڵبژاردەنەکان بکەن و بانگەوازی خەڵکی کوردستان بکەن سزای ئەو حزبانە بە بایکۆتی دەنگدان و هەڵبژاردن بکەن… نەک لەرێگای دژایەتی ریفراندۆم و سەربەخۆیی کە زۆرتر پەیوەندی بە کۆتاییهێنان بە پەیوەندی ناهاوسەنگ و نەخوازاوی هەریم بە بەغداوە هەیە…

لایەنگرانی جوڵانەوەی نەخێرو جوڵانەوەی نەخێر… مافی خۆیانە بانگەوازی خەڵکی کوردستان بکەن کە بەنەخێر دەنگ بدەن یان بایکۆتی ریفراندۆم بکەن… بەڵام بۆ ئەو کارەیان پێویستە هۆکارەکان و مەبنای ئەو هەڵوێستەیان بەیان بکەن، نەک وتنەوەی چەندین دەستەواژە کە بۆ دەیان ساڵی تریش دەست دەدەن و کارایان لەدەست نادەن. یان نابێ دزینی نەخێری خەڵک لەو دەسەڵاتە، بکەنە مەبنای نەخێری خۆیان بۆ ریفراندۆم و سەربەخۆیی…

نەخێر وتن بۆ دەسەڵات شتیکەو نەخێر وتن بۆ ریفراندۆم و سەربەخۆیی مەسەلەیەکی تر… جوڵانەوەی نەخێرەکان… ئەو دوو مەسەلەیە هوشیارانە تیکەڵ دەکەن… و لەراستیشدا نەک هیچیان بۆ وتن لانییە… بەڵکو لە دزینی دەنگی نەخێری خەڵکیشدا بە دەسەڵات راستگۆیی نیشان نادەن. خەڵک زۆر لە جوڵانەوەی نەخێر بە ریفراندۆم لەدەسەڵاتی پارتی و یەکیتی و کارنامەی ٢٦ ساڵەیان تورەترن، بەڵام خواستی سەربەخۆیی بە خواستی رەوای خۆیان دەزانن و نەک بە موڵکی پارتی و یەکێتی. جوڵانەوەی نەخێرەکان، پرسی ریفراندۆم و سەربەخۆیی و دەست راگەیشتن بە دەوڵەتێکی سەربەخۆ بە موڵکی دەسەڵات و پاوانی پارتی و یەکێتی دەزانن، ئەمەش ریشەی دژ بوونیانە بە خواستی خەڵکی کوردستان…

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ١٢ بەرواری ١٥/٩/٢٠١٧ بڵاوکراوەتەوە… www.bopeshawa.net

About hkkk

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*