Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 نەوال سەعداوی جەنگاوەرێک بۆ مرۆڤایەتی

نەوال سەعداوی جەنگاوەرێک بۆ مرۆڤایەتی

ئامادەکردنی: ژیمان عەبدالرحمان

ئەو لە مەیدانی جەنگدا نییە، بەڵام جەنگاوەرێکی ڕاستەقینەیە لە مەیدانی ئازادی و مافی مرۆڤ و ژندا، ئەو ژنێکە جیاوازە و لەهیچ ژنێکی دیکە ناچێت لەگەل قەڵەمەکەیدا شۆڕشی دژی پیاوانی کۆمەڵگەی عەرەبی بەرپا کرد، زیندان، دەرکردن لە نیشتیمان و سانسۆرکردنی نوسینەکانی چۆکی پێدانەدا، لە کۆی بەرهەمەکانیدا داوای ئازادی (مرۆڤ، ژن و نیشتیمان) دەکات، وەك دەڵێت” ئازادی ژن و ئازادی نیشتیمان لەیەک جیاناکرێتەوە”، ئەو لە زۆرێک لە وڵاتانی دنیا خەڵات دەکرێت، بەڵام لە نیشتیمانەکەی خۆیدا ئاوارەو قەدەغە کراوە بەهۆی باوەڕ و نوسینەکانیەوە یەکێکە لەو ژنانەی لە لیستی تیرۆریستاندا لە ڕیزبەندی یەکەمدایە بۆ کوشتن، بەڵام لە مردن و نەخۆشی و زیندان و کوشتن ناترسێت ئەو ژنەی لەگەڵ کاغەزێکی سپیدا لە کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتیەکاندا شۆڕشی بەرپا کرد “نەوال السعداو”یە.

نەوال، کە بەواتەی بەخشین دێت هەموو ژیانی بۆ ئازادی ژنان بەخشیووە هیچ کاتێک نایەوێت بە ناوی سەعداوی باوکی بانگ بکرێت بەڵکو دەیەوێت پێی بوتریت (نەوال زەینەب)، ئەمەش وەك ڕێزێك بۆ قوربانی و ماندوبونەکانی دایک کە لە جیهاندا ژنان بەش خوراوترین بوونەوەرن بەتایبەت دایکان، نەوال لە کتیبی ( قضايا المرأة المصرية) دەڵێت “کاتێک فێری نووسینی ناوی خۆم بووم بەدوای ناوەکەمدا ناوی دایکم دەنووسی، بەڵام ڕۆژێک باوکم هاتوو ناوەکەی دایکمی سڕیەوە ناوی سعداوی خستە پاڵ ناوەکەم لەو ڕۆژەوە ڕقم لە ناوی سعداویە چونکە بووە هۆی سڕینەی ناوی دایکم”.

نەوال بەهۆی بیرو باوەڕەکانیەوە لە کۆمەڵگەی عەرەبیدا بە ژنێکی بێباوەر(کافر) پێناسە دەکرێت نووسین و بابەتەکانی لە بەشێک لە ڕاگەیاندنەکانی جیهانی عەرەبی و کۆمەڵگەی میسڕیدا قەدەغە کراوە کە دواینیان (کچێکی بێ باوەڕ)ە لە ساڵی ٢٠١٦ دا بڵاوکردنەوەی لە ڕۆژنامەکانی میسڕدا ڕاگیرا، لەگەڵ ئەوەی نەوال هەرگیز خۆی وەك ژنێکی بێباوەڕ نەناساندووە، بەڵام هەمیشە دژی بازرگانیکردن بە ئاین و ئەو کۆت و بەندانەیە کە پیاوانی ئاینی سەپاندویانەو مرۆڤ بە گشتی و ژنان بەتایبەتی بونەتە قوربانی دەستی ئەو کۆت و بەندانە، نەوال دژی باڵاپۆشی و بە سیمبول کردنی ژنان وەک شەرەف دەوەستێتەوە لەبارەی شەرەفەوە دەڵێت ” ئەگەر بونی چەند ئەندامێکی جەستەی ژن بەتایبەتی بوونی پەردە لە کچاندا هێمای شەرەف بێت ئەی پیاوان بە بی پەردە لە دایك دەبن کەواتە بە بێ شەرەفی لە دایک دەبن “ئەمە یەکێکە لەو خاڵانەی کە نەوال زۆترین شۆری لەبارەیەوە بەرپا کردووە ئەم خالە بۆتە هۆی قوربانی هەزاران ژنی کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتیەکان، لە کتێبی (مرآە و الجنس) باس لەو بارە بایلۆژیانەی جەستەی کچان دەکات تا پیاوان هۆشیار بن و ژنان نەکەن قوربانی ، یەکێکی دیکە لەو باسەنەی نەوال دژی دەوەستێتەوە باڵاپۆشی ژنانە ٢ لەو بارەیەوە دەڵێت “من دژی حیجابم لەبەرئەوەی دژی ئەخلاقم، نابێت ژنان خۆیان داپۆشن، بەڵکو دەبێت پیاوان چاویان داپۆشن ناکرێت، پیاوان لە جێگای فەرمی و سەر شەقامەکاندا بە چاوی حەزەوە سەیری ژنان بکەن، بەڵکو دەبێت چاوی ئەو پیاوانە دابخرێت، ژنانیش وەك پیاوان ئارەزویان هەیە کەواتە دەبیت پیاوانیش جەستەیان داپۆشن تا ژنان سەیریان نەکەن “.

یەکێکی دیکە لەو خاڵانەی نەوال کاری لەسەر کردووەو لە دژی وەستاوەتەوە خەتەنە کردنی کچان بووە، بەهۆی دواکەوتوی خێزانەکەیەوە نەوال لە تەمەنی ٦ ساڵیدا خەتەنە دەکرێت ئەمەش وا دەکات کە دژی ئەو کارە بوەستێتەوە نەوال لەبارەی خەتەنەکردنیەوە لە کتیبی (قضایا مرآە المصریە) دەڵێت ” باوکم پێی دەوتم خودا دروستکارێکی کامڵ و تەواوە سەرجەم کارەکانی تەواو و کامڵە لەش و لاری ئێمەی بە جوانترین شێوە دروست کردووە، بەڵام لە شەوێکی تاریکدا ژنێك بە گوێزانەوە هات بۆ خەتەنە کردنم، ئەوکاتە تەمەنم شەش ساڵ بوو پارچەیەکەی لە ئەندامیکی لەشم بڕی و وتی ئەوە فەرمانی خودایە، نەم دەتوانی بپرسم چۆن خودا فەرمان بە بڕینی پارچەیەکی جەستە دەکات کەخۆی دروستی کردووە!.”.
لە کتێبی (المرآە و الجنس) بە تەواوی دژی خەتەنەکردنی کچان دەوەستێتەوەو باس لە کاریگەریەکانی ئەو کارە نامرۆڤانەیە دەکات کە بەرامبەر کچان ئەنجام دەدرێت.

ژیانی نووسەر:
نەوال سعداوی، ژنە نووسەر وداکۆکیکاری بواری مافەکانی ژنان و پزیشکی نەخۆشیە دەرونیەکان لە ٢٧ی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٣١ دا لە گوندی کەفەر تحلە، سەر بە پارێزگای القلیوبیە، لە دایك بووە دووەم منداڵی خێزانەکەی بووە، نەوال لە خێزانێکی پارێزگار بە داب و نەریتە کۆمەڵایەتیەکانەوە لە دایكبووە لەلایەن خێزانەکەیەوە لە تەمەنی ٦ ساڵی خەتەنە کراوە .
لە ساڵی ١٩٥٥ بڕوانامەی بەکالوریوسی لە پزیشکیدا بەدەستهێناوە دواتر بۆتە پزیشکی نەخۆشییە دەرونییەکان، هەر لەهەمان ساڵدا لەگەڵ یەکێك لە هاوپیشەکانی بەناوی ئەحمەد حلمی، هاوسەرگیری ئەنجام دەدات، بەڵام ماوەی هاوسەرگیریەکەی زۆر ناخایەنێت و دوای دوو ساڵ لە هاوسەرەکەی جیا دەبێتەوە .
لەماوەی کارکردنیدا وەك پزیشك هەستی بە کێشە جەستەی و دەرونییەکانی ژنان کردووە کە بونەتە هۆی کپکردنیان لە کۆمەڵگەدا بەتایبەت ئەو نەخۆشیانەی ڕووبەڕوی ژنانی لادێ نشین دەبنەوە.
دوای کۆتایهاتنی هاوسەرگیری دووەمی لە ساڵی ١٩٦٤ دا لەگەڵ پزیشك و ڕۆمانوس شەریف حتاتە، ژیانی هاوسەری پێکهێناوە لەو هاوسەرگیریەدا بۆتە خاوەنی کچ و کوڕێک دوای ٤٣ پێکەوە بوون کۆتایی بە هاوسەرگیری سێیەمی دەهێنێت.
لە ساڵی ١٩٧٣ بۆ ساڵی ١٩٧٦ نەوال گرنگی بە ڕوانگەی مافەکانی ژنان داوە لەگەڵ نەخۆشیە دەماریەکان لە کۆلێژی پزیشکی لە زانکۆی (عین الشمس)، لە ساڵی ١٩٧٩ بۆ ساڵی ١٩٨٠ بۆتە ڕاوێژکاری نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ کاروباری ژنان لە ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

زیندانیکردن:
نەوال سەعداوی یەکێکە لەو کەسایەتیانەی کە لەلایەن حکومەتی میسڕەوە دوچاری زیندانیکردن و دەربەدەر کردن بۆتەوە لە ساڵی ١٩٨١ دا بەشدار دەبێت لە دەرکردنی ڕۆژنامەیەکی تایبەت بە ژنان بە ناوی (ڕوبەڕوبونەوە) ئەمەش دەبێتە هۆی دەستگیرکردنی لەلایەن حکومەتی ئەو کاتەی میسڕ بە سەرۆکایەتی ئەنوەر سادات، و ماوەیەك ژیان لە زینداندا بەسەر دەبات نەوال ڕۆژەکانی زیندان بە جوانترین ڕۆژەکانی ژیانی ناودەبات لەبارەی زیندانی کردنیەوە دەڵێت “ترس بەشێک بوو لە ژیانم کاتێک قەڵەم و نووسینم بەرز کردەوە، بەلام ئێستا هیچ شتێك لە وتنی ڕاستی ترسناکتر نییە لە جیهانی درۆیا “.
نەوال کاتێک لە زینداندا دەبێت دەست بە نوسینی کتێبێکی بەناوبانگی دەکات بەناوی (بیرەوەریەکانی زیندانی ژنان) لەساڵی ١٩٨٣ دا .
لە ١٢ی مارسی ٢٠٠٨ دا دادگای میسڕ ڕەتی کردەوە ڕەگەزنامەی میسڕی لەنەوال سعداوی بسەنێتەوە کە لەلایەن پارێزەرێکی میسڕیەوە بەهۆی بیروباوەڕەکانیەوە داوای لە دژ بەرزکرابۆوە تا ڕەگەزنامەی میسڕی لێبسەندرێتەوە.

کارەکانی نوسەر:
نەوال خاوەنی دەیان کتێب و نوسینە کە وەرگێراونەتە سەر ٢٢ زمانی جیاواز خوێنەریان لەسەرتاسەری جیهاندا هەیە .
سەرەتای نووسینی نەوال دەگەڕێتەوە بۆ چیرۆکێکی کورت بە ناونیشانی (فێری خۆشەویستی بووم) لێرەوە سەرەتای درەوشانەوەی خامەی نەوال دەستی پێکرد، دواتر لە ساڵی ١٩٥٨ دا یەکەمین ڕۆمانی بەناوی (بیرەوەریەکانی دکتۆرەیەک) بڵاوکردەوە کە ئەم ڕۆمانە زادەی ئەزمونی کاری نەوال بووە لەماوەی پیادەکردنی پیشەی پزیشکیدا .

یەکێکی دیکە لە ڕۆمانە ناوازەو بەناوبانگەکانی نووسەر بریتیە لە (ئافرەتێک لە خاڵی سفردا) ئەم ڕۆمانە لە نێوان ساڵانی ١٩٧٧ تا ٢٠١٥ بە شەش زمانی جیاواز ٩٩ جار چاپکراوەتە لەسەرانسەری جیهاندا خوێنەری هەبووە، ڕۆمانەکە باس لە کچێک دەکات کە لەلایەن خێزانەکەیەوە پەراوێز دەخرێت ودواتر لە تەمەنێکی منداڵیدا هاوسەرگیری پێشوەختی پێئەنجام دەدرێت، ئەم کارە دەبێتە هۆی ڕاکردنی لە خێزان و هاوسەری تا تێکەڵ بوون لەگەڵ گروپێکی لەشفرۆشیدا لەوێوە پاڵەوانی ڕۆمانەکە بەهۆی دروست بوونی گریی دەرونی بەرامبەر ئەو پیاوانەی ئازارای جەستەی و ڕۆحیان داوە دەبێتە کچێکی بکوژ و لە زینداندا چاوەڕێی مەرگ دەکات)، ئەم ڕۆمانە کاردانەوەیەکی گەورەی لە کۆمەڵگای عەرەبی و میسڕیدا دروست کرد بەوهۆیەوە لەلایەن حکومەتی میسڕەوە سزای زیندانیکردن بۆ نەوال دەردەکرێت.

تەواوی کتێب وڕۆمان و نووسینەکانی نەوال کاریگەری گەورەیان لەسەر هزری خوێنەر دروست کردوە شۆڕشێکی فکریان لە کۆمەڵگەی عەرەبیدا دروست کردووە بەرهەمەکانی نووسەر بریتین لە (بیرەوەریەکانی پزیشکێک، لاپەڕەکانی ژیانم، بیرەوەریەکانی زیندانی ژنان، شانۆنامەی شین، کێشەی ژنانی میسڕ لە سیاسەت و سێکسدا، شۆڕشێکی نوێ لە دۆسیەی ژندا، ڕۆمانی مردنی دواین پیاو لەسەر زەوی، کورتە چیرۆکی فێری خۆشەویستی بووم، دوانەی دەسەڵات و سێکس، گەشتەکانم بە جیهاندا، کورتە چیرۆكی ساتی ڕاستگۆی، ڕۆمانی بەهەشت و شەیتان، ڕۆمانی وێنە دڕاوەکە، ڕۆمانی ئافرەتێک لە خاڵی سفردا، ڕۆمانی کەسێکی نادیار، ژن و دین و ئەخلاق، توێژینەوە دەربارەی ژن و پیاو، شکاندنی سنورەکان، شانۆنامەی فەرمانڕەوایەتی بە فەرمانی خودا، ڕۆمانی شکستی ئیمام، ڕۆمانی دوو ژن لە ژنێکدا، داو و چاوی ژیان، ژن و سێکس، ژن و ململانێی دەرونی، ڕۆمانی خۆشەویستی لە سەردەمی نەوت، ڕۆمانی زینە،…هتد).

خەڵاتەکانی:
نەوال سەعداوی بەهۆی بەپێزی و کاریگەری نووسین و کارەکانیەوە لە چەند وڵاتێکی جیهان خەڵات کراوە لەوانە:
خەڵاتی باکور و باشور لە ئەنجومەنی ئەوروپا ساڵی ٢٠٠٤.
وەرگرتنی خەڵاتی من لە کوێم لە وڵاتی بەلجیکا ساڵی ٢٠٠٥.
وەرگرتنی خەڵاتی ستیغ داغیرمان، لە سوید ساڵی ٢٠١١.
وەرگرتنی خەڵاتی ماکبراید بۆ ئاشتی لە سویسرا ساڵی ٢٠١٢.
تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارەی ژمارە ٢٥ی بەرواری ١/٤/٢٠١٨ بڵاوبۆتەوە…

 

About hkkk

Check Also

گفتوگۆ لەگەڵ ڕێبوار ئەحمەد، لەبارەی بڵاوبوونەوەی کتێبی “لەبری بیرەوەری” و کاردانەوەکانی …

ئەفسانە یان فاشیزم بۆپێشەوە: کتێبە تازەکەی مەلا بەختیار (لەبری بیرەوەری) گۆشەیەکی تر لە تاوان و …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *