Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 نە ڕیفراندۆم و نە سەربەخۆیی هیچکامیان پیرۆزنین! …

نە ڕیفراندۆم و نە سەربەخۆیی هیچکامیان پیرۆزنین! …

موحسین کەریم

لە ڕوانگەی کۆمۆنیستەکانەوە نە ڕیفراندۆم و نە سەربەخۆیی هیچکامیان پیرۆزنین. هیچ کۆمۆنیستێکی واقعی بە بێ مەرج لەگەڵ سەربەخۆیی کوردستاندا نیە.

کۆمۆنیستەکان لەبەرخاتری گەشەی ڕۆشنبیری نەتەوەیی و مافی نەتەوەیی کوردو مەزڵومیەتی کوردەوە لەگەڵ سەربەخۆیی نین، بەڵکو بە مەرج و لە هەلومەرجی سیاسی دیاریکراودا پشتیوانی لە سەربەخۆیی دەکەن. بۆئەوە پشتیوانی لێدەکەن کێشەیەك چارەسەر بکەن کە لەسەر رێگای ڕزگاری چینی کرێکاردا لەلایەن بۆرژوازیەوە دانراوەو ڕێگاکانی دیکە بۆ لابردنی ئەو کێشەیە لەبەردەستا نین!

ڕیفراندۆم ؛ ڕاپرسیە. دەکرێ لەسەر هەرشتێك ئەو ڕاپرسیە بکرێ! هیچ مانایەکی ڕادیکاڵ و شۆڕشگێڕانەو ئازادیخوازی و سۆشیالیستی لەناو ئەم چەمکەدا نیە! ریفراندۆم هەر کەسێك بیکات، بۆ هەرمەبەستێكی سیاسی بیکات، ریفراندۆمە. هەڵویست وەرگرتن لەسەر جەوهەری ئەو هۆکارەی ریفراندۆمی بۆ ئەنجام دەدرێ هیچ پەیوەندیەکی بەوەوە نیە کە چ جۆرە هەڵوێستێك لەبەرامبەر خودی ڕیفراندۆم وەردەگری، چونکە ریفراندۆم بۆ بەڵێ یان نەخێر ووتنە لەسەر پرسارێکی دیاریکراو.، مەگەر ئەوەی بڕوات بە خودی مەبدەئی راپرسی؛ واتە ریفراندۆم نەبێ!

ئەوەی لە ریفراندۆمی کوردستاندا ڕاپرسی لەسەر کرا و لەسەر فۆرمەکە نوسرابوو:( ئایا کوردستان جیابێتەوە یان سەربەخۆ بێت؟) پرسیارێکی ڕوون و ڕۆشن. ئەگەر پێتوایە ئەم مافە مافێکی سادەی خەڵکی کوردستانە کە بڕیار بدات جیابێتەوە لە دەوڵەتی عێراق یان لە چوارچێوەی عێراقدا بمێنێتەوە، ئیتر شێرورێوی هێنانەوەی ناوێ! ئەگەر پێتوابوو جیابوونەوە لە زیانی خەڵکی کوردستان و بگرە لە زیانی چینی کرێکاری کوردستان بوو،یان بەهەر هۆکارێکی دیکە ئەوا دەتتوانی بە نەخێر وەڵامت بدەیتەوە و هانی خەڵکیش بدەی کە دەنگ بە نەخێر بدەن. ئەگەریش لایەنگری جیابونەوەو سەربەخۆیی بوویت بەهەر هۆکارێکەوە دەتتوانی دەنگ بە بەڵێ بدەی و هانی خەڵکیش بدەی ئەوە بکەن!

بەڵام ئەوەی کە دەوترێ ریفراندۆم بۆ ئامانجی دیکە کرا، بەڕاستی تەنها سەتحیگەری سیاسی دەخاتەڕوو و هیچی دیکە. ریفراندۆم بۆ وەڵام بەو پرسیارە کرا کە لەسەر فۆرمەکە نوسرابوو، بەڵام هیچ حزبێك ئەوەندە بێ عەقڵ نیە سیاسەتێك بکات لەسەرەتاوە بزانێ لەدژی خۆی دەشکێتەوە. هەموو حزب و لایەنێك کاتێك سیاسەتێك دەخاتەڕوو بێگومان پێیوایە لەبەرژەوەندی سیاسی خۆی دەشکێتەوە. بێگومان دەیەوێ وەکو مادەیەك بۆ نفوزپەیداکردن لەناو خەڵکدا سوودی لێوەربگرێ. پارتی ریفراندۆمی بۆئەوە نەکرد کە عاشقی چاوی کاڵی خەڵکی کوردستانە، بەڵکو لەپێناو بەرژەوەندی سیاسی خۆیدا کردی. بەڵام ئایا کاتێك هێزێکی کۆنەپەرست مل بەوە دەدات کە لە رێگایەکی دیموکراتیەوە بەرژەوەندیەکانی خۆی بەئاکام بگەیەنێ باشتر نیە لەوەی بەشێوازی خوێنڕشتن و کوشتار وسەرکوت ئەو کارە بکات!؟ بۆنمونە ئایا بۆرژوازی ڕۆژاوا کە لەڕێگای دیموکراسیە شەقوشڕەکەیەوە ئیدارەی کۆمەڵگا دەکات، بۆ ئینسان و بۆ کرێکاریش باشتر نیە لەوەی کە لە رۆژهەڵات و لە ئێران و سعودیەو میسر و سوریاو تورکیاو… لەرێگای سێدارە و کوشتن وئەشکەنجەو زیندان و شەڕەوە سیاسەتیان دەبەن پێشەوەو کۆمەڵگاکان بەڕێوەدەبەن!

من دنیایەك جیاوازیم لەگەڵ حزبی کاری بەریتانی(لەیبەر)دا هەیە، بەڵام ئایا هاتنەسەر حوکمی ئەوان بۆ خەڵکی بەریتانیا و بەتایبەتی بۆ خەڵکی کرێکار و توێژە کەمدەرامەت و هەژارەکانی بەریتانیا حکومەت بەدەستی ئەوانەوە بێت باشتر نیە لە حکومەتی پارێزگاران!؟ ئایا بەڕاست ئەوەی کە بۆرژوازی تونس ملی بەوەدا دا یاسای زەواجی ئیسلامی لابەرێت و زەوجی مەدەنی بکاتە یاسا، یاسی میراتی ئیسلامی هەڵوەشێنێتەوە، بۆ ژنانی تونس باشتر نیە لەوەی یاساکانی حزبی نەهزەی ئیسلامی زاڵ بوایە بەسەر خەڵک و ژنانی ئەو وڵاتەدا؟ ئایا بەڕاست ئەوەی کە ژنانی سعودیە مافی شۆفێریان بەدەست هێناوەو جۆرێك لە ئازادی جل پۆشین لەو وڵاتە ئازاد کراوەو جۆرێك لە سەماو بۆنەی تەرفیهی رێگای پێدراوە، باشتر نیە بۆ ژنانی سعودیەو بۆ خەڵکی سعودیە، وەکو لەوەی پێشتر هەبوو!؟ ئەمانە هیچی لەچاو ئەو مافانەی کە کۆمۆنیستەکان بۆ ژنان و بۆ سەرجەم خەڵکی بە ڕەوا دەزانن، تەنها دڵۆپێکن لە دەریایەك، بەڵام لە روانگەی ژنانی سعودیەوە جۆرێك لە کرانەوەی باڵیانە! چۆرێك لە شلبونەوەی زنجیرەکانی قاچ و دەستیانە…

سەرەنجام، بەشێکی زۆر لەوانەی ڕەخنە لە خودی پرۆسەی ریفراندۆم دەگرن، لە ڕوانگەی ناسیۆنالیزمی ناڕازی کورد و دژە پارتیەوە ڕەخنە دەگرن و خۆیان سەر بە خێزانی ناسیۆنالیزمی کوردن. نەیان دەتوانی ئەوە قبوڵ بکەن کە ئەو دەسکەوتە بۆ پارتی بنوسرێ، چونکە ئەوان مونافیسی پارتین لەناو هەمان خێزانی کوردایەتیدا. بەشێکی دیکەشیان کە ڕەخنەیان گرت بە بڕوای من لە ڕوانگەیەکی ناسیاسی و ئایدیۆلۆژیەوە بوو، نەك لە ڕوانگەی پێداویستیە سیاسی و کۆمەڵایەتی و چینایەتیەکانی کرێکاران و خەڵکی ستەمدیدەی کوردستانەوە کە بریتیە لە پاکردنەوەی رێگریە نەفسی و فکری و سیاسی و مادیەکانیە لەسەر رێگای خەباتیان بۆ سۆشیالیزم! ئەو بەڕێزانەی پێیانوابوو ریفراندۆم لە بەرژەوەندی پارتی و مانەوەی دەسەڵاتەکەی دەبوو، ئایا ئیستا کە ئاکامی دەنگدانی خەڵك لە ریفراندۆمەکەدا خراوە سەر ڕەفە تۆزلێنیشتوەکان، دەسەلاتی پارتی لاواز بووەو بەرەو هەڵوەشانەوە چووە!؟ یان بە پێچەوانەوە ئەو هێزانەی ناو بزوتنەوەی کوردایەتی کە دژی ریفراندۆم بوون یان بە ترس و دوودڵیەوە لەگەڵی بوون، ئێستا رۆژەکانی تەمەنی سیاسی خۆیان دەژمێرن!؟ ئایا حکومەت و پەرلەمانەکەی کوردایەتی و بۆرژوازی کورد و بگرە پێگەی سیاسی و بەشداریکردن لە دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندیدا بە پلەی سەرەکی لەدەستی پارتیدا نیەو بڕیاردەری سەرەکی و بگرە یەکلاکەرەوە پارتی نیە!؟

شەڕی خەڵک لەگەڵ پارتیدا دژایەتیکردنی ریفراندۆم نیە، شەڕی خەڵک لەگەڵ پارتیدا شەڕی دەسەڵاتی ئەو حزبەیە بەسەر ژیانی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی خەڵکی کوردستاندا. هەموو ئەو هێزو لایەنانەی کە شەڕی ڕیفراندۆمیان بە پارتی فرۆشت، چوونە خزمەت پەرلەمان و حکومەتەکەی پارتی و دەسەڵاتی پارتیان بەسەر ژیانی خەڵكدا زاڵتر و پتەوتر و جێگیرتر و فەرمیتر کرد!

٣٠-٩-٢٠١٩

About hkkk

Check Also

پیلانی نێودەوڵەتی بۆ له‌ژێرپێنانی ئیرادەی خەڵکی کوردستانی سوریا مه‌حکومه‌! …

“ڕاگەیاندنی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان سەبارەت بە ڕوداوەکانی ناوچە کوردنشینەکانی سوریا” دوابەدوای لەشکرکێشی دەوڵەتی بۆرژوا- …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *