Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 هەر عارف نیە مارفیشە! …

هەر عارف نیە مارفیشە! …

موحسین کەریم

عارف قوربانی، یەکێك لە نوسەران و ڕۆشنبیرانی کوردایەتی، لە چاوپێکەوتنێکدا لە کەناڵی (K24) لە پەیوەند بە هێرشی دەوڵەتی فاشیستی تورکیاوە بۆسەر ناوچە کوردنشینەکانی باکوڕی سوریا، ووتی: دەبێت کورد بۆماوەیەك ببێتە میللەتێکی فاشیست و لەبەرامبەر کوشتنی هەر مناڵێکی کورد دا ١٠مناڵی تورك بکوژین تا کۆمەڵگای نێودەوڵەتی حسابت بۆدەکات”!

ئەم کاك عارفە خۆی دان بەوەدا دەنێ کە ئەو کارەی ئەو پڕوپاگەندەی بۆدەکات فاشیزمە، بۆیە زۆری ناوێ لەسەر بڕۆین، خۆی دەڵێ کە فاشیستە! فاشیزمیش هەر ئەوە بەرهەم دەهێنێ کە خەڵکی بێتوان و مناڵ بکوژێت و وەکو بەشێك لە شانازی نەتەوەیی وێنای بکات! ئەوەی کە فاشیستە تورکەکانی سەر بە ئەکەپەو ناسیۆنالیزمی شۆڤینیستی تورکی و بەکرێگیراوە ئیسلامیەکانی بەناو ئۆپۆزیسیۆنی سوریا لە ناوچە کوردنشینەکانی سوریا دەیکەن، دیوێکی دیکەی ئەم فاشیزمە کوردیەی کاك عارفە. بەڵام تەنها کاك عارف نیە کە دنەی فاشیزم دەددات لەناو خەڵکی کوردستاندا، بەڵکو لە بنەڕەتداو بەشێوەی سەرەکی و بەبەرنامە، ئەوە ناسیۆنالیزمی کوردو کوردایەتی و کەناڵی (K24) و میدیای کوردایەتیە کە هانی ئەم فاشیزمە دەدات و فووی لێدەکات!

ناسیۆنالیزمی کوردو کوردایەتی، لەم مەزڵومیەتەی خەڵکی ناوچە کوردنشینەکانی سوریا، لەم تاوانەی سوپای فاشیستی تورکیاو نۆکەرانی لە گروپە ئیسلامیە دڕندەو خوێنخۆرەکان دژی ئەو خەڵکە ئەنجامی دەدەن، دەیەوێ نێچیری خۆی بگرێت. فوو بە فاشیزم و شۆڤینیزمدا دەکات تا ئاگری شەڕی نەتەوایەتی خۆش بکات و خۆشی لەسەر ئاکامەکانی دابنیشێت و خۆی بکاتە خاوەنی خەڵکی کوردزمان تا دوکانی کەسابەتەکەی باشتر قەرەباڵغ بکات و دەسەڵاتی فکری و سیاسی بەسەر خەڵکی کوردزماندا زاڵ بکات و بیهێڵیتەوە. ئەوەشی بۆئەوەیە کە خەڵکی کوردزمان لە چینە زەحمەتکێش و چەوساوەکەی بکاتە سوتەمەنی شەڕەکان و کێشمەکێشەکانی لەگەڵ بۆرژوازی نەتەوەکانی دیکە، بۆئەوەی بەشێكی زیاتر لە دەسەڵاتدارێتی و لە دابەشکردنی سامان و سەرمایەی بەربکەوێت.

هەر ئەو کەناڵەی کە مایکرۆفۆنی خستۆتەبەردەم عارف قوربانی تا ژەهری فاشیزم بڕێژێت، بە پارەو داهاتی دزراوی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشی کوردستانی عێراق، بە پارووی رفێنراوی بەردەمی مناڵانی کوردستانی عێراق دەچەرخێت و ئێستاش شێوەنی تیمساحی بۆ مناڵانی کوردی سوریا دەکات. هەر حزبەکەی خاوەنی ئەو کەناڵە لە خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوباتدا سنگی مناڵان و گەنجانی کوردی “هاوخوێنی!” بەفیشەك هەڵتەکاند کە داوای ژیانێکی ئینسانیان بۆ خۆیان و هاوڵاتیانی کوردستان دەکرد.

ئەم شۆڤینیزمە، ئەگەر بە ڕوالەت ئامانجەکەی مناڵانی تورکە، بەڵام ئامانجە ڕاستەقینەکەی خودی مناڵانی کوردو خەڵکی کوردستانە. ئەم فاشیزمە دەیەوێ لەڕیگای هاندان و پەرەدان بە فاشیزم و دڕندەیی و کۆنەپەرستی و کینەتۆزی و دڵڕەقی، هەموو دەنگە ناڕازیەکانی ئەمڕۆو سبەینێی خەڵکی کوردستان کپ و بێدەنگ بکات. ئەوەی کە فاشیزمی مۆسۆلینی و هیتلەر ئەنجامیان دا، سەرەنجام ڕووی لە لەناوخۆی ووڵاتەکەیان بوو، ڕووی لە کۆمۆنیزم و کرێکارو هەموو سیمایەکی یەکسانیخوازی و مرۆڤدۆستی ئەو کۆمەڵگایانە بوو. دەبێ بەرامبەر بەم فاشیزمە بەرنامە بۆ داڕێژراوەی کوردایەتی هوشیار بین. جێگای ئومێدە کە تائێستا بەچەندین شێوە دژی ئەم فاشیزمەی عارف قوربانی کاردانەوە نیشان دراوە، بەڵام تەنها عارف نیە، مارفیشە. ئاگاداربن!

About hkkk

Check Also

له‌ پێناو خۆئاماده‌كردن بۆ ئه‌ركه‌كانی داهاتوودا کۆبوونەوەی بەرفراوانی رێکخستنەکانی رێکخراوی دەرەوەی وڵاتی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان سازدرا …

ڕۆژانی شه‌ممه‌ و یەک شەممە ١٦ و١٧ ی نۆڤمبەری ٢٠١٩ کۆبوونەوەی بەرفراوانی ئەندامانی حزب کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *