Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6  هەواڵی نارەزایەتییە کریکاریی و جەماوەرییەکان
 هەواڵی نارەزایەتییە کریکاریی و جەماوەرییەکان

 هەواڵی نارەزایەتییە کریکاریی و جەماوەرییەکان

ئامادەکردنی شوان عەزیز و ئاراس رەشید

مامۆستایانی چینی و یابانی و کۆری دەنگیان بۆ ئاشتی بەرزدەکەنەوە لەبواری فێرکردندا!

موناسەبات و بۆنە مێژووییەکان، بە شێوەیەکی جیاواز فێردەکرێن و لێکدانەوەیان بۆ دەکرێت. زۆرجارانیش ئەو لێکدانەوانە بە شێوەیەکی توندڕەوانە نیشاندەدرێن لەهەر وڵاتە و بەشێوەیەکی جیاواز لەوەی تریان.

بۆ نموونە؛ ئەو وڵاتانەی کە لەشەڕدان لەگەڵ یەکتردا، تەواوی سیستەمی پەروەردەوفێرکرنی وڵاتەکەیان، کتێبەکانی خوێندنگاکان، و تەواوی ڕای گشتی لەسەر ئەوە ڕادەهێنرێت کە بەشانو باڵی سەرکەوتووەکاندا هەڵ بڵێن، لەبەرامبەریشدا توندوتیژی و تەواوی پێشێلکاریەکان لەبەرامبەر قوربانیەکاندا وەلابنێن. هەرئەوەش پاڵی بە مامۆستایانی چینی و یابانی و کۆریەوە نا کە پێیان وابێت، فێرکردنی ناو خوێندنگاکان دەبێتە هۆی فشارێک بۆ هێنانی ئاشتی. هەرلەوبارەوە ئەو مامۆستایانە لە شاری سیئۆلی کۆریادا کۆنفرانسی نۆهەمیان بەست لە ١٧ی ئەم مانگەدا. وە لەو کۆنفرانسەدا ئەوەیان دووپات کردەوە کە دەبێت بە کرداری لەناو ژووری پۆلی خوێندنگاکانەوە ئاشتی بڵاوبکرێتەوە.

جێگەی باسە کە لەو کۆنفرانسەدا مامۆستایان پێداچوونەوەیان کرد بەوبابەت و پڕۆگرامانەی کە لە ڕابردوودا لە خوێندنگاکاندا خوێندراون لەهەر یەکێک لەو وڵاتانەدا. ئەو لایەن و ڕێکخراو و کۆمەڵانەی کە لەو کۆنفرانسەدا بەشدارییان کرد بریتیبوون لە:

یەکیەتی مامۆستایانی یابان(جەی تی یو)، کۆمیتەی نیشیتیمانی بۆ فێرکردن وزانستی و ڕۆشنبیری و هەروەها یەکیەتی کرێکارانی وەرزشی چین و فیدڕاسیۆنی مامۆستایانی کۆریاش (کەی تی یو) .

یەسوودە یۆکۆ، ئەندامی یەکیەتی مامۆستایانی یابان، لەوکۆنفرانسەدا تەجروبەی وانە وتنەوەی خۆی لە ژووری پۆلەکاندا بە کۆنفرانسەکە ڕاگەیاند. ئەو مامۆستایە خوێندکارەکانی خۆی بردبوو بۆ بینینی ئەو کارگەیەی کە گازی ژەهراوی تێدا درووست دەکرا لەکاتی جەنگی جیهانی دووەمدا. ئەو مامۆستایە دەڵێت کە خوێندکارەکان دوای بینینی ئەو کارگەیە هەستیان بە جۆرێک؛ لەلایەک وەک خەتابارو لە لایەکی دیکە وەک قوربانی خۆیان دەبینیەوە.

مامۆستایەکی تر بە ناوی  سۆن سیۆکی یۆنگ کەسەر بە یەکیەتی مامۆستایانی کۆریا بوو ئەویش لە گێڕانەوەیەکی خۆیدا بۆ کۆنفرانسەکە وتی: “نیشتیمان پەروەری ڕاستەقینە چییە؟ ئەو بابەتێکی لەو کۆنفرانسەدا پێشکەش کرد بەناوی: ئاشتی و مافەکانی مڕۆڤ و جێگیری. دوو مۆدیل لە جەنگی جیهانی دووەمدا”.

هەروەها هەر یەکێک لە نوێنەری ئەو گروپ و کۆمەڵە و یەکێتیانەی کە لەو کۆنفرانسەدا بەشداربوون بە پێشکەشکردنی بابەتێک بەشداربوون. لە هەموو بابەتەکاندا پێشکەشکاران جەختیان لەسەر ئاشتی دەکردەوە و ئەوەیان نیشان دەدا کە زۆر پێویستە پێداچوونەوە بە کتێبەکانی خوێندنگاکاندا بکرێتەوە. ئەوان دەیان گوت کە بواری فێرکردن لە خوێندنگاکاندا بەردی بناغەیە بۆ ئاشتی و مافی مڕۆڤ و جێگیری کۆمەڵگەی بەشەری. ئەوان دەیان گوت کە ئەرکی مامۆستایانە کە تۆوی ئاشتی بچێنن لە مێشکی خوێندکاراندا، ئەمەش دەبێتە هۆی درووستکردنی کۆمەڵگەیەکی بەختەوەرو پێکهێنانی دواڕۆژێکی باش.

کرێکارانی بەشی کەشتی سازی لە ئەرجەنتین لە دژی سیاسەتی سک هەڵگووشین و دەست پێوەگرتن، دەست دەدەنە مانگرتن و پۆلیسی ئەو وڵاتەش بەشێوەیەکی دڕەندە ئاسا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە ،و١٥ کرێکاریان لێ بریندار دەکات!

ئەوە بۆ دووەم جارە کە کرێکاران و خوێندکاران مانگرتن ڕێکدەخەن بە دژی سیاسەتی سکهەڵگوشین کە دەسەڵاتداران سەپاندوویانە بەسەر کرێکاران و ماڵ و منداڵیاندا.

پۆلیسی شاری لاپلاتە بەشێوەیەکی زۆر دڕندانە سەرکوتی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی کرێکارانی کرد. ئەو کرێکارانە دەیانویست خۆیان بگەێننە بارەگای هەرە باڵای دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە تاکو ناڕەزایەتی خۆیانیان بەڕاستەوخۆیی پێ ڕابگەێنن، بەڵام پۆلیس گوللەی پلاستیکی و گازی فرمێسک ڕێژی لەدژیان بەکارهێنا، لە ئەنجامیشدا ١٥ کرێکار برینداربوون. هەروەها پۆلیس ٥ کرێکاری لێ دەست بەسەرکردن. وەکو دەریش کەوتووە کە لە ٧٠٪ی خانەنشینانی وڵاتی ئەرجەنتین لە هێڵی هەژاریدا دەژین.

جێگەی باسە کە ژمارەی ئەو کرێکارانەی کە بەشداری ئەو مانگرتن و خۆپیشاندانەیان کرد لە بەشی کەشتیسازی  ڕیۆ سانتیاگۆ بریتیبوو لە نزیکەی ٣٠٠٠ کرێکار. لەو خۆپیشاندانەدا کە نزیکەی دوو کاتژمێری خایاند تەواوی ڕێگا سەرەکیەکانی شاری لاپلاتایان بەست.

لە لایەکی تریشەوە دەسەڵاتداران بەبەردەوامی هەڕەشەی داخستنی ئەو کارگەی کەشتیسازیە لە کرێکاران دەکەن.  کەشتیسازی ڕیۆ سانتیاگۆ شوێنێکی زۆر گرنگ و بەناوبانگی ئەمەریکای لاتینە بۆ دروستکردنی کەشتی گەورەی دەریایی، و هەروەها دروستکردنی کەلوپەلی پیشەسازیتر لەو کارگەیەدا درووست دەکرێت. نزیکەی ٣٣٠٠ کرێکار کاری تێدا دەکات.

یەکێک لەبەشداربووانی ئەوخۆپیشاندانە و لە هەمان کاتدا یەکێک بوو لە ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکە  بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن وتی: کارکردن لە پێناوی ئەو کارگەی کەشتیەدا کاری هەر ئەمڕۆی ئێمەیە لەپێناو پاراستنی کار بۆ ژمارەیەکی یەکجار زۆری کرێکاران. هەر بۆیەش ئێمە بەتەمایین کە خەبات و هەوڵێکی نیشتیمانی سەرتاسەری وەڕێبخەیین لە سەرەتای مانگی نۆی ئەمساڵدا.

جێگەی باسیشە کە هەندێک لە خەڵک لەسەر سۆشیال میدیاوە لە تویتێکدا دەڵێن: بەداخەوە میدیا و ڕاگەیاندنەکان وەک پێویست ژیانی واقیعی کرێکارانی ئەو کارگەیە نیشانی ڕای گشتی نادەن. هەربۆیەش ئێمە دەستمان داوەتە خۆپیشاندانی دژی تەقەشوف.

کەس و کاری بێسەروشوێنکراوان ناڕەزایی دەردەبڕن لە تورکیا، و پۆلیسیش ٢٠ کەسیان لێ دەگرێت!

بەپێی هەواڵێک کە جمهوریەتی تورکی بڵاوی کردۆتەوە و (الشروق نیوز و الحوار المتمدن)یش وەریان گرتووە، لە لاپەڕەی خۆیاندا بڵاویان کردۆتەوە، کەسوکاری بێسەروشوێنکراوان لەلایەن دەزگا ئەمنیەکانی تورکیاوە هەروەک پیشەی هەمیشەییان ڕۆژی شەممە ناڕەزایەتیان ڕێکخست لە ناو جەرگەی شاری ئەستەمبوڵدا.

لەبەرئەوەی ئەو کەسوکارانە کە هەموو ڕۆژانێکی شەمە لە ساڵی ١٩٩٥ وە لە ناو شاری ئەستەمبوڵدا ناڕەزایەتی ڕێک دەخەن ناویان لێنراوە (دایکانی شەممە). پۆلیسیش هەموو جاران بە شێوەیەکی دڕندانە و دوور لە ڕێساو یاساکانی پاراستنی مافی مڕۆڤ خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکانیان سەرکوت دەکات و هەموو جارێکیش بە دەیانیان لێ دەسگیر دەکات.

جێگەی باسە ئەم ڕۆژی شەممە کە دەبێتە ٢٥-٨-٢٠١٨ ژمارەی خۆپیشاندانی ئەو کەس و کارانە دەگاتە ٧٠٠ جار. ئەم جارەیان لە ناوچەی بایئۆغڵۆ لە ناو جەرگەی شاری ئەستەمبوڵ بووە.

کەسوکاری بێسەروشوێن کراوەکان وێنەی بێسەروشوێن کراوەکانیان بەرز دەکەنەوە و داوای چارەنووسی ڕۆڵەکانیان دەکەن لە دامودەزگا ئەمنیەکان و دامودەزگای حکومەتی.

ئەوەی کە هەموو جارێک دەزگا ئەمنیەکان هەراسان دەکات ئەوەیە کە  ژمارەیەک لە ئەندام پەڕلەمانەکان دەچنە ناو خۆپیشاندانەکانەوە. بەتایبەتی ئەوجارەیان ئەندام پەڕلەمانی حیزبی کۆماری و پارتی دیموکڕاتی گەلان چوونە ناو خۆپیشاندانەکانەوە.

هەروەها ئەو جارەیان بەرپرسی ناوچەی بایئۆغڵۆ ڕێگەی نەدا ئەو خۆپیشاندانە لەوێ بکرێت. بەهانەی ئەو بەرپرسە ئەوەبوو کە ڕێکخەرانی ئەو خۆپیشاندانانە پەیوەندیان بە تیرۆرەوە هەیە. هەروەها ئەوبەرپرسە وتی کە لە سۆشیال میدیاوە بانگەواز کراوە لەلایەن پارتی کرێکارانی تورکیاوە بۆ ڕێکخستنی ئەو خۆپیشاندانە.

مافناسان سەرکۆنەی بەڵتەجیەتی دەکەن دژ بە کرێکاران لە مەراکش

لقی المنارە لە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی مەراکشی، بەتوندی سەرکۆنەی مەراکشی کرد، و بەم شێوەی دەڵێ (دژایەتی ئازادیەکان و ئەندامەتی لە نەقابەکان دەکرێت لەناو هۆتێلی Mogador ménara کە بە ٥ ئەستێرە پۆلێن کراوە، سەرکۆنەی ” گواستنەوەی هەندێک کرێکاری دەرەوەی شاری مەراکشی کردووە” بەپێی ناوەرۆکی ڕاگەیاندنەکە کە بە هسپرێس گەیشتوە.

ئەو ڕێکخراوە ماف ناسە ئەم گواستنەوەیەی “بەزۆرەملێ و بەتەسکردنەوەیەکی بەبەرنامەیە لەلایەن ئیدارەی هۆتێلەکە پیادە دەکرێت لە دژی ئازادییە نەقابیەکان کە لە یاسای نێودەوڵەتی بۆ مافی مرۆڤ و دەستوور و یاسای ناوەخۆیی هاتووە”،داواشیان کردووە بە”گەراندنەوەی هەموو کرێکارەکان بۆسەر کارەکانیان و دابینکردنی مافەکانیان، و ڕێزگرتن لە ئازادییە نەقابیەکان و مافی بەئەندام بوونیان لە نەقابەکاندا”.

هەروەها ئەو دەستە مافناسە بەتوندی ئیدانەی (وەک خۆیان دەڵێن) شێوەکاری بەڵتەجیان کردوە کە ئیدارەی ئەو دەزگایە پێی هەڵساوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی مانگرتنی کرێکاران لە هۆتێلەکەدا، ئەوەش بە دامەزراندنی کەسانی دەرەوەی هۆتێل، ئەمەش بوار دەدات بە داسەپاندنی لۆجیکی هێز و بەکارهێنانی ملیشیا و سەرپێچیکردنی یاسا” بەپێی ڕاگەیاندنەکە.

AMDHی مەراکشی، داوای لە هێزە بەرپرسەکان کردوە، بە هەموو پلە جیاوازەکانیەوە، لە دادوەری و ئیدارەی کۆمەڵایەتی، بە کردنەوەی دۆسیەی لێکۆلینەوەی دەستبەجێ و بێلایەن و ڕێکخستنی سزای یاسایی بۆ دابینکردنی دەسەڵاتی یاسا، بۆ رێزگرتنی یاسا نێودەوڵەتیە پەیوەندیدارەکان. هەروەها بۆ کاراکردنەوەی یاسای دادپەروەری و یەکسانی، و پاراستن لە توندوتیژی. هەروەها کۆمەلەی مەراکشی بۆ مافی مرۆڤ لقی المنارەی مەراکش داوای لە دەسەڵاتدارانی حکومی کردوە بۆکردنەوەی دەرگای گفتوگۆی دەستبەجێ لەگەڵ نوێنەری کرێکاران بۆ چاولێکردنی داواکارییە ڕەواکانیان.

ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاران لە کۆمەڵگەیەکی پیشەسازی و دەزگا ئەمنیەکانیش کرێکاران دەستگیر دەکەن.

شەپۆلێکی تازەی ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاران لە ناو یەکێک لەکارگەکانی بەرهەمهێنانی شەکر لە ئیران دەستی پێکردەوە. ناڕەزایەتیەکە لەبەرامبەر تێکچوون و خراپبوونی هەلومەرجی گوزەران، و نەدانی مووچەی مانگانە بۆ ماوەیەکی زۆر، هەروەها بەفیڕۆدانی مافی بیمەی کرێکارانی کاتی، هەموو ئەمانە ئەنجامی ئەو قەیرانە ئابووریەیە کە وڵات پێیدا تێپەڕ دەبێت.

ڕۆژنامەی (کەیهانی لەندەنی) تیشکی خستە سەر ناڕەزایەتی کرێکارانی کۆمەڵگەی پیشەسازی تایبەت بە بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی بەناوی (هەفت تەپە) یان(حەوت گردۆڵکە)، کە دەکەوێت پارێزگای خوزستانی باشووری خۆرئاوای ئێران، و چەند ڕۆژێکە بەردەوامی هەیە.

ئەو بڵاوکراوەی ئۆپۆزسیۆنە ئێرانیە؛ ئاماژەی بەوەدا، کە پڕیشکی ئەو ناڕەزایەتیە لە کاتێکدا سەریهەڵدا، دوای ئەوەی ژمارەیەک لە کرێکارانی بەزۆر دەرکراو لەو کارگەیە لەناو کارگەکە کۆبوونەوەیەکیان… بەڕێکخست؛ و بوو بەهۆی دەمەقاڵێ لەگەڵ یەکێک لە بەڕێوەبەرانی ئەو کارگەیە.

کەیهان گوتی: هێزە ئەمنیەکانی ئێرانی دژ بە توندوتیژی هاتنە ناو کۆبوونەوەکە بۆ بڵاوەپێکردنی ئەو ناڕەزایەتیە، ئەوەش بەبەکارهێنانی گازی فرمێسکاوی، پێش ئەوەی دەستبکەن بەگرتنی کرێکارە مانگرتووەکان کە هەریەک لە (کەریم ئال کەسیر و علی ئال کەسیر و یەحی سەعدی و حمزە ئال کەسیر و فارس سعدی) بوون، کە تاوانبارکرابوون بە تێکدان و پەشێوی ئاسایش.

ژمارەی کرێکارانی مانگرتووی (هەفت تەپە) بە سەدان مەزەندە دەکرێن؛ کە ناڕازین لەبەرامبەر نەدانی مووچەی پتر لە ٣ مانگ، هەروەها داوای مافی بیمە دەکەن، و ئاماژە بەڕاگرتنی دەرکردنی بەزۆر دەکەن. کرێکارە مانگرتووەکان بۆ ئاژانسی هەواڵی کرێکاری ئێرانی (ئیلینا) ڕوونیان کردەوە کە؛ مەترسی لەناو کۆمەڵگە پیشەسازیەکە بڵاوە، لە دابەشکردنی زەویە کشتوکالی و پیشەسازییەکان لە نێوان کۆمپانیا بازرگانییەکان خۆیان،یەکێک لە کرێکارە ناڕازییەکان بۆ( ئیلینا) ئاماژەی بەوە داوە، کە نزیکەی ١٥٠٠ کرێکاری کاتی لەم کارگەیەدا ڕووبەڕووی هەلومەرجێکی زۆر سەختی ژیان و گوزەرانن، و لەبەرامبەر هەڕەشەی دەرکردندان، و داوای دامەزراندنی یەکجاری دەکەن. هەندێک ئاژانسی فەرمی ئێرانی وەک( ئارنا وئاسنا) لەم دواییانەدا دانیان بەوەناوە کە خۆپیشاندانی کرێکاری بەردەوام لەناو کارگەی (هەفت تەپە) بۆ بەرهەمی کشتوکالێ لەمانگەکانی پێشوو ڕوویانداوە. لەبەرامبەر خراپی بەڕێوەبردن و خراپبوونی هەلومەرجی کار و گوزەران، لەپاڵ زیادبوونی دەرکردنی کرێکاران.

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٣٥ بەرواری ١/٩/٢٠١٨ بڵاوکراوەتەوە… 

About hkkk

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*