Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 هەواڵی نارەزایەتییە کرێکاریی و جەماوەرییەکان

هەواڵی نارەزایەتییە کرێکاریی و جەماوەرییەکان

ئامادەکردنی: شوان عەزیز، سالار حەمە سەعید، ئاراس رەشید

 

ڕێژەی بێکاری لەبەرزبوونەوەی بەردەوام دایە لەبەریتانیا

 ژمارەی ئەو کەسانەی کە بێکارکراون بۆ دوو مانگ لەسەر یەک لە بەرزبوونەوەدایە. ئەمە لەکاتێکدا گوشار لەسەر گوزەران و ژیانی ملیۆنەها خێزان بەردەوامە. بەپێی ئامارەکانی کە ئەمرۆ پەردەیان لەسەر هەڵماڵراوە. ژمارەی بێکارەکان ٢٤٠٠٠ زیادی کردووە کە بوەتە یەک ملیۆن و٤٥٠ هەزار کەسی بێکار لە ٣ مانگدا تاکو مانگی یەک (واتە جەنیوەری) پاش بێکاربوونی ٤٦٠٠٠ کەس لەدوایین چارەکی ساڵدا. ئەمەش بەپێی فەرمانگەی ئاماری نیشتمانی. ژمارەیەک لەو رێژە بێکاریە دەگەڕێتەوە بۆ کەسانێک کە لەڕووی ئابووریەوە چالاک نین وەک خوێندکاران، خانەنشینی ناوادە و کەسانی نەساغ و نەخۆش کە نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە. ژمارەی بێکاری لەنێو ژناندا بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردوە بۆ نموونە ٤٩٠٠٠ ژن بێکاربوون لەکاتێکدا ژمارەی بێکاری لەنێو پیاواندا بە ٢٥٠٠٠ کەس کەمی کردوە.

بەرزبوونەوەی مووچە و هەقدەستی کرێکارانی خزمەتگوزاری تەندروستی بەرێژەی لەسەدا ٦ لەماوەی ٣ ساڵدا

لەمانگی ئەیلولی ٢٠١٥ ەوە تەنها لە مانگی جەنیوەری ئەمساڵ دا بووە کە مووچە بەڕێژەی لەسەدا ٠.١ زیادی کردوە. کەلەڕاستیدا مووچە بەڕێژەی لەسەدا ٠.٢ بەردەوام کەمی کردوە لەبەرئەوەی مووچە هەمیشە کەوتۆتە دواوە لە چاو هەڵاوساندا (تضخم). ئابووری ناسەکان پێشبینی ئەوە دەکەن کە ئەو گوشارەی کەهەیە بەهۆی مووچەوە دەگونجێ کەم بێتەوە بەهۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی هەڵاوسان. هەرلەم کاتەشدا حکومەت بڕیاری داوە کە مووچە وهەقدەستی کرێکاران وکارمەندانی خزمەتگوزاری تەندروستی نیشتمانی (ئێن ئێچ ئێس) لەماوەی سێ ساڵدا بەرزبکاتەوە. پاش ئەوەی بۆ ماوەی ٧ ساڵ بەرزکردنەوەی مووچە وەستێنرا بوو، ئەم بڕیارە ١.٣ ملیۆن کرێکار وکارمەند دەگرێتەوە. بەپێی ئەم بڕیارە بۆ پەرستاران و کرێکارانی چاودێری تەندروستی وکرێکارانی بارهەڵگر (حەماڵەکان) وە کرێکارانی بەشی فریاکەوتن، لەسەدا ٣ ئەمساڵ بەرزدەبێتەوە وە لەسەدا ٢ لە ساڵی داهاتوودا و لەسەدا ١ یش لەساڵی ٢٠٢٠ دا. بەڵام دکتۆرەکان ڕێژەیەکی جیاوازە کە قەرارە بەلانی کەمەوە ٤ هەزار پاوەند مووچەیان بەرزبکرێتەوە. بەپێ ی رۆژنامەی میترۆی رۆژی ٢٢ی مارسی ٢٠١٨ تا رێژەی لەسەدا ٢٩ مووچە و هەقدەست بەرزدەبێتەوە کە ١.٣ ملیۆن دەگرێتەوە، بەڵام ڕاستیەکەی ئەوە نییە ئەمە تەنها کەسانێکی کەم دەگرێتەوە و ١.٣ ملیۆن کرێکار ناگرێتەوە بەڵکو، کرێکاران بەرێژەی لەسەدا ٣ مووچەیان ئەمساڵ زیاد دەکات.

بەسە ! ئیتر بەسە !

ئەمەریکا    ‘ Enough is enough’: US students stage walkouts against guns

١٧ ی ئازاری ٢٠١٨

ئەمە ئەو شیعارو هوتافە بوو کە لە سەرتاسەری وێستگە و سەکۆی وتار خوێندنەوەکانی ئەمەریکادا لەلایەن خوێندکارانەوە دەوترایەوە. شیعاری” بەسە ئیتر بەسە، لەدژی هەبوونی چەک لە بازاری ئازادا” بوو. کە بە شێوەیەکی بەرفراوان دەکەوێتە دەستی خەڵکەوە و لە ئەنجامیشدا کارەساتی دڵتەزێنی لێ دەکەوێتەوە.

ئەو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیانەی خوێنکاران لەئەنجامی ئەوەدا بوو کە مانگی ڕابردوو لە فلۆریدا لەناو خوێندنگایەکدا  کەسێک تەقەی لە خوێنکاران کرد و  لە ئەنجامدا حەڤدە خوێندکار کوژران .

جێگەی باسە کە خوێندکاران لەسەرتاسەری ئەمەریکادا لە پۆلەکانیان هاتنەدەر و دەنگی ناڕازایەتیان بەرزکردەوە. ئەمەش لەدژی هەبوونی کارەساتی مرۆیی بە هۆی بوونی چەکەوە بە دەستی هاووڵاتیانەوە بوو.

بە سەدان خوێندکاری خوێندنگاکانی دەوروبەری واشنتۆن لەبەردەم کۆشکی سپی گردبوونەوەیان ئەنجامدا. ئەو خوێندکارانە پڕ بە گەروویان هاواریان دەکردو شیعارەکانیشیان کە بەرزیان کردبوونەوە بریتیبوون لە 1- بەسە ! ئیتر بەسە ! 2-  ئیتر ناماناوێت ئەمە دووبارە بێتەوە ! 3- پێویستە خەڵک بپارێرێت نەک چەک.

لە کاتژمێر ١٠ی بەرەبەیانی لە زۆرێک لە خوێندنگاکانی ئەمەریکادا خوێندکارەکان هاتنەدەر لە پۆلەکانیان و ساتێک بەبێدەنگی وەستان بۆ ڕێزلێنان لەو حەڤدە کوژراوە. جێگەی باسە کە چواردەیان خوێنکاربوون وە سیانەکەی تریش سەر بە ستافی خوێندنگاکە بوون.

بە پێی سەرچاوەی جولیۆ کۆڕتێز لە میدیای ئەی پی یەوە،  چوونە دەرەوەی سەرتاسەری  خوێندکاران لە خوێندنگاکانیان حەڤدە خولەکی بۆ دانرابوو. بۆ هەر کوژراوێک یەک خولەک، بەڵام زوربەی خوێنکاران ئەوەیان جێبەجێنەکردو و هەندێکیشیان تەواوی ئەوڕۆژە لەدەرەوە مانەوە و ناڕەزایەتیان نیشان دا. شایانی باسە کە ٢٤ی مارس شەممە ڕۆژی پشتیوانی بوو لەو بڕیارە لە ئەمەریکا و کەنەدا.

جێگەی باسە خوێنکاری پێشووی خوێندنگای ستۆنمان دۆگڵاس بە ناوی نیکۆڵاس کرووز کە تەمەنی ١٩ ساڵە تەقەی لە خوێندکارە هاوەڵەکانی خۆی کرد و لە ئەنجام دا چواردە خوێنکاری کوشت و سێ کەسیشی لە ستافی خوێندنگاکە کوشت…

بۆ زانیاری؛ لە ئەمەریکادا چەک هەڵگرتن و کڕین و فرۆشتن پێیەوە ئازادە. هەر کەس دەتوانێت چەکی هەبێ لە ماڵەوەو هەڵی بگرێت. ئەمەش تائێستا ساڵانە کارەساتی گەورەی مرۆیی لێ کەوتۆتەوە. هەربۆیە سیستەمی سیاسی ئەمەریکا بۆی بۆتە کێشە. هەر لەو بارەوە بۆچوونی دیموکراتخوازو پارێزگاران دوو بۆچوونی جیاوازن .

 

بە دەیان هەزار لە خانە نشینان دەڕژێنە سەر شەقامەکانی ئیسپانیا  بە مەبەستی خۆپیشاندان!

ئیسپانیا/ مەدرید/ ١٨-٣-٢٠١٨

لەبەرامبەر بڕیارێکی حکومەتی ئیساپانیا بە زیادکردنی تەنها ٠.٢٥ بۆسەر موچەکانیان بۆ ساڵی ٢٠١٨، بە دەیان هەزار لە خانەنشینان بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین هاتنە سەر شەقامەکانی شارەکانی وڵاتی ئیساپانیا.

جێگەی ئاماژەپێکردنە کە ئەو ناڕەزایەتیانە ئەنجام دران لەژێر دروشمێکدا بوو کە بریتیبوو لە: نەخێر بۆ زیاد کردن تەنها بە ڕێژەی لە ٢٥٪. هەروەها ئەوەشیان خستە ڕوو کە دەبێت چەند زیادبکرێت. ئاماژەیان بەوەدا کە دەبێت زیادکردن بە ڕێژەیەک بێت کە لە خوارووی ئاستی هەڵاوسانی بازاڕدا نەبێت. چونکە دەبێتە زیاتر خراپکردنی ژیانی خانەنشینان.

هەروەها دەبێ ئەوەش بگوترێت کە ئەو دەیان هەزار خانەنشینەی کە هاتنە سەرشەقامەکانی مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا سەرباری ڕێژنەی باران لەو ڕۆژەدا بەیانێکیان ڕاگەیاند. ئەو بەیانە لەلایەن دووسەد ڕێکخراوەوە ئیمزاکرا، و بە سەدان کەسیش ئیمزای خۆیان لەسەردا. هەموو ئەوانە ئەوەیان دووپاتکردەوە کە ژیانی خانەنشینان ڕووی لەبەرەو خراپ بوونە و بە زیادکردنی ئەو ڕێژە کەمە ژیانی ڕۆژانەیان پێ دابین ناکرێت.

لەوبارەوە زۆرێک لە بەڕێوەبەرو بەرپرسانی ڕێکخراو و یەکێتیە کرێکاریەکان ئاماژەیان بەو خۆپیشاندانەی خانەنشیانان کرد و بە خاڵێکی گرنگی وەرچەرخانیان دانا. هەندێک لەوانە بۆ نموونە یەکێتی گشتی کرێکاران و ڕێکخراوی سی سی ئۆ ئۆ ئەوخۆپیشاندانەیان وەک تەقینەوەیەکی ناو کۆمەڵگە ئاماژە پێکرد.

هەروەها لە هەمانکاتدا پێدڕۆ سانچێز، ڕابەری حیزبی سۆشیالیست، وتی ئەو کارە ئەرکی حکومەتەکەی ماریانۆ ڕاژۆیە بۆ زیادکردنی مووچەی شایستە بە هەموو مووچە خۆران، بەڵام تا ئێستا ئەم حکومەتە بەداخەوە ئەوەی نەکردووە.

لە بەرشەلۆنەش پۆلیسی ناوخۆ حسابی کرد کە دەوروبەری ٣٠ هەزار کەس هاتوونەتە سەرشەقامەکان بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین. هەروەها پۆلیس ڕایگەیاند کە خۆپیشاندەران هاواریان کردووە: ڕاژۆی دەست لەکار بکێشەرەوە. هەروەها وتویانە دزوگەندەڵەکان پارەی ئێمە دەدزن.

 

شوفێرانی سەربە کۆمپانیای ئوبەر لە سەرتاسەری هیندوستاندا دەستیان دایە مانگرتن !

هیندستان/

١٩-٣-٢٠١٨

لەبەرئەوەی شوفێرانی سەربەکۆمپانیای ئوبەر لە هیندوستاندا ڕۆژانە تەنها ٣ دۆلاریان دەست دەکەوێت، بۆیە لەسەرتاسەری ئەو وڵاتەدا بڕیاری مانگرتنیاندا.

جێگەی باسە کە دەوروبەری یەک ملیۆن و نیو شوفێر بۆ کۆمپانیای ئوبەر، ئۆلا، وە چەند کۆمپانیایەکی تری نێو هەمان سیستەمی ئوبەر کاردەکەن.

بۆیە زۆرێک لەو شوفێرانە بڕیاری نەچوونە سەرکاریان داو دەستیان دایە خۆپیشاندان و ڕژانە سەرشەقامەکان لە تەواوی وڵاتدا. ئەمەش بووە هۆی کە کێشە بۆ سیستەمی هاتوچۆ دروست بکەن و هەروەها سەرئێشەیەکی زۆریش بۆ ئەو کەسانە دروست بوو کە شوێنێکی دووریان دەبڕی بۆ چوونە سەرکار.

شوفێرەکان هاواریان دەکرد کە هیچ چارەیەکیان نەماوەو هەر بۆیەش هاتوونەتە سەرشەقامەکان. دەیانگوت کە ئەوان تەنانەت ئەوەندەش پارە پەیدا ناکەن ڕۆژانە کە بیدەن بە خاوەن کۆمپانیاکە. دەیان گوت ئەوان ناتوانن تەنانەت ژیانی ڕۆژانەی خۆشیان دابین بکەن.

سانجای نایک، سەرۆکی نەقابەی گواستنەوەی سەر بە حیزبی مەهاڕاشترا ناڤنیرمان سێنە، کە مانگرتنەکەی شوفێرانی ڕێکخست لە وتەیەکدا ڕایگەیاند: “شوفێران قەرزێکی زۆریان لەسەر کەڵەکە بووە”

شوفێرێک بە ڕۆژنامەی تایمی هیندوستانی ڕاگەیاند کە پێشتر بەوجۆرە نەبوو. ئەو گوتی کاتێک کە لەساڵی ٢٠١٣ دا کۆمپانیای ئوبەر هاتە ناو هیندوستانەوە پارەی باشی دەدا و بەڵێنیشی دا کە دەوروبەری هەزارو پێنجسەد دۆلار بدات بە هەر شوفێرێک لە ساڵێکدا. هەر بۆیە بەپێی زانیاری بانکی جیهانی لە ساڵی ٢٠١٦ دا هەر شوفێرێک نزیکەی ١٦٠٠ دۆلاری لەو ساڵەدا دەست کەوتووە، بەڵام ئێستا کە ساڵی ٢٠١٨ یە کارەکە بەم شێوەیە نەماوە و شوفێران هیچ دەستکەوتیان نییە.

 

شوفێران دەڵێن: زۆر ناخۆشە کە زۆرێک لەو شوفێرانە وەختی خۆی مووچەخۆری دەوڵەت بوون و وازیان لە کاری موچەخۆری هێناوە و ئێستاش ئەوە حاڵیانە. یان زۆرێک لە جوتیاران زەویەکانیان فرۆشتووە و بوونەتە شوفێری ئوبەر ئەوەتە ئەوانیش لە هەر دووک دینان بوون.

 

مامۆستایانی مەکسیکۆ هەڕەشەی خۆپیشاندانێکی زۆر گەورە دەکەن لە حکومەت !

مەکسیک/مەکسیکۆ/دەیلی نیوز

١٩-٣-٢٠١٨

ئەمە وێنەی چەند مامۆستایەکە  کە لە ساڵی ٢٠١٥ دا گیراوە. لەو ساڵەدا مامۆستایانی مەکسیکۆ هێرشیان کردە سەر بارەگای چەند حیزبێکی سیاسی و کەلوپەلی ئۆفیسەکانیان سوتاندن. ئەو مامۆستایانە هەمان ئەو مامۆستایانەن کە سەر بەو یەکێتی مامۆستایانەن کە ئێستا هەڕەشەی گەورەترین خۆپیشاندان و پرۆتێستۆ دەکەن لە حکومەت .

یەکێتی مامۆستایان بۆیە هەڕەشەی ئەوخۆپیشاندانە دەکات تا لایەنی بەرپرس لە سێکتەری پەروەردەو فێرکردندا چاکسازی بکات لە پڕۆگرامی خوێندندا. یەکێتی مامۆستایان وا خۆی نیشان دەدات کە هیچ ترسیان لە خۆپیشاندانی گەورە نییە وبڕیاری ئەنجام دانیشی دەدەن لە پێناو خواستەکانیاندا.

ئەو ڕێکخراوەی مامۆستایانی مەکسیکۆ ڕایانگەیاند کە دەبێت دەوڵەتی فیدڕاڵی مەکسیکۆ لەگەڵیان دابنیشێت و بەو پڕۆگرامەی ساڵی ٢٠١٣ دا بچنەوە و چاکسازی تێدا بکەن. ئەگەر دەوڵەت ئەم کارە نەکات، بە قسەی ئەو ڕێکخراوەیە،  دەبێ خۆپیشاندانێک ئەنجام بدەن لە دژی دەوڵەت کە نموونەی نەبووبێت لە ڕابردوودا. لەو بارەوە پێدڕۆ گۆمەز، سەرۆکی یەکیەتی مامۆستایان، لە وتەیەکیدا بۆ میدیاکان وتی: ئێمە ئەوە نیشان نادەیین ئەو خۆپیشاندانە چۆن وە بە دڵنیاییەوە لەچ ڕۆژێکدا دەبێت. ئەو وتی ڕۆژنامەنووسان و میدیاکان بە دڵنییایەوە دەیبینن کە دەستمان پێکرد!

لە کاتێکدا بۆ هەندێک میدیا ئاشکرابووە کە لەوانەیە ئەوخۆپیشاندانە گەورە مێژووییە وەک دەست پێکردنێک لە مانگی نیسان و مەی دا بکرێت. ئەوەش ڕوون بۆتەوە کە یەکەم خۆپیشاندان لە ٩و١٠ ی نیسانی ئەمساڵدا دەکرێت وە ماوەی چل و هەشت سەعاتی بۆ دانراوە کە بخایەنێت. دووەم خۆپیشاندانیش کە حەفتاو دوو سەعاتی بۆ تەرخانکراوە لە ٣٠ نیساندا ئەنجام دەدرێت.

بەڕێوەبەری یەکێتی مامۆستایان بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن، قسەی کرد و وتی ئەگەر بێتو دەسەڵاتداران گوێی خۆیان لەئاست داواکاریەکانمان کەڕ بکەن، ئەوا ئێمەش بەدڵنیاییەوە لە ١٥- ٥ دا  ئەو خۆپیشاندانە گەورەیە ئەنجام دەدەیین. ئەوەی کە لە ٩و١٠ی نیساندا ئەنجامی دەدەیین هەروەک وریاکردنەوەیەک وایە بۆ دەوڵەت. خۆپیشاندانە گەورەکە لە ١٥ی مەی دا دەبێت کە ئەو ڕۆژە ڕۆژی مامۆستایانیشە لە مەکسیک. لە ڕۆژی مامۆستایاندا خۆپیشاندانی گەورە ئەنجام دەدرێت.

 

مانگرتنی کرێکارانی کەرتی گشتی لە ئەڵمانیا

ئەڵمانیا/ بەرلین

دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا ئاماژەیاندا بە سستبوونی هاتووچۆ لە شارەکانی هام و ماینتس لە ڕۆژی ٥ شەممە ٢٢/٣/٢٠١٨. ئاژانسی هەواڵەکانی ئەڵمانیا گوتیان کە مانگرتنی کرێکارانی کەرتی گشتی بەردەوامیدا بە نەچوونی کرێکاران بۆ سەرکار لە ئەڵمانیا بووە هۆی داخستنی هێڵی گواستنەوەی گشتی.

لە شاری میوینیخدا دەزگای ئیداری شارەکە و خزمەتگوزاریە گشتیەکان مانیان گرت لە کارکردن، ئەوەش بە داخستنی ناوەندی چاودێری ڕۆژانەی گشتی بە لانی کەم. ئەمەش بە پێێ قسەی لهینریش بیرنر کە سەرۆکایەتی بەشی نەقابەی کرێکارانی فیردی دەکەن لە ناوچەی میونیخ. هەروەها سەندوقەکانی خاک وخۆڵ بەتەواوی ئەو ڕۆژە بەتاڵ نەکرابوون.

مانگرتنەکەش لەسەر داواکاری نەقابەی فێردی بۆ زیادکردنی کرێ بەڕێژەی ٦% بۆ نزیکەی ٢.٣ ملیۆن فەرمانبەری ئیتیحادی و ناوخۆیی لە هەموو ئەڵمانیا، لەگەڵ لانی کەمی کرێ کە دەکاتە ٢٠٠ یۆرۆ( ٢٤٧$). هەروەها نەقابە داوای  داوای زیادکردنی ڕاهێنەران و کرێکارانی کاتی کردووە بە بڕی ١٠٠ یۆرۆ لە مانگێکدا.

خاوەن کارەکانیش داوای زیادکردنی کرێ ڕەتدەکەنەوە. وا بریارە گەرێکی کۆتایی دانوسانی بەڵێنی کاری بەکۆمەڵ لە ڕۆژانی ١٥و١٦ ی نیسان ئەنجام بدرێت. دوای مانگرتنی کەرتی گشتی گواستنەوە لە شارەکانی کۆڵۆن و دوسڵدۆف و ئایسین و دۆرتمۆند وبوخۆم ودۆیسبۆرج و هەندێک شاری دیکە لە نێو ئەو شارانە بوون کە ڕۆژانی ڕابردوو مانگرتنیان تێدا ئەنجامدراوە. لەلایەکی دیکەوە؛ ماینتس نەخشەیەکی لەناکاوی ئامادەکردوە بۆ هاوئاهەنگی کردن لەگەڵ ئەو کرێکارانەی کە مانیان نەگرتوە بۆ ئەوەی سەرۆکایەتی بکەن” لەکاتی نا ڕێکخراو”. ئەمەش بە پێی قسەکەری دەستەی گواستنەوەی گشتی لە ماینتس.

 

جەرادە شاری کرێکاری؛ ٩٠ ڕۆژ لە ناڕەزایەتی کرێکاری…

مەراکش/ ربات

لە کۆتایی ساڵی پارەوە، پڕیشکی ناڕەزایەتیەکان فرانتربوونەتەوە لە شاری جەرادەی خۆرهەڵاتی مەراکش، کە بەیەکێک لە شارە هەرە هەژارەکانی شانشینی مەراکش دەژمێردرێت، ئەمەش بەپێی ڕاپۆرتەکانی نوێنەری سامی بۆ پلاندانان. لە ٢٢ی دیسەمبەری ٢٠١٧ ەوە کە دەکاتە ٩٠ ڕۆژ، دوای ئەوەی ٢ گەنج لە کانەکانی دەرهینانی خەڵوزی بەردی لە جەرادە گیان لەدەستدەدەن، لە ناوەڕاستی ئەم مانگەوە ئەم شارە گەورەترین ناڕەزایەتی لە مێژووی خۆی بەخۆوە بینیوە. ئەمەی خوارەوە ڕیزبەندی ڕووداوەکانن:

٢٢ی دیسەمبەر: گیانلەدەستدانی دووبرا لە کانی خەڵووز: لەم ڕۆژەدا؛ مردن ئەو دووبرایەی فراند، ئەوانیش( حسێن دعێوی ٣٠ سال و جدوان دعێوی ٢٣ ساڵ. ئەم دوو برایە دوای ڕووخانی بیری کانەکە بەسەریاندا گیانلەدەستدەدەن. لە ژێر زەوی خەریکی پاکردن و دەرهێنانی خەڵووزبوون بە دابینکردنی بژێوی ژیانیان. هەواڵەکانیان لەمردن ڕزگاریان بوو.

٢٤ی دیسەمبەر: هەلگریسانی خۆپیشاندانی فراوان: هەزاران کەس خۆپیشاندانیان سازدا، دوای گیان لەدەستدانی٢ براکە لە کانە خەڵووزیەکەدا، ئەوەش بۆ ئیدانەکردنی وەک خۆیان دەڵێن پشتگوێخستنی ئەو شارە. کۆبوونەوەی هەزاران لە هاوڵاتیانی ناڕازی لە بەرامبەر (هەلومەرجی ژیانی سەخت) لە جەرادە، ئەمەش بەپێی قسەکانی بەرپرسی ناوخۆی شاری کۆمەڵەی مەراکشی بۆ مافی مرۆڤ، سعید زوال.

٢ی جەنیوەری: گەیشتنی ناڕەزایەتیەکان بۆ پەرلەمان: لەم ڕۆژەدا ڕووداوەکانی جەرادە خرایە بەردەمی وەزیری وزە و کانەکان لە مەراکش( عزیز الرباح). بەڵێنیدا بە پێشکەشکردنی چارەسەر بۆ کێشەکانی کانە خەڵووزیەکان.

٣ی جەنیوەری: نوێنەری وەزارەت بۆ دامرکاندنەوەی تووڕەیی: بە سەرۆکایەتی وەزیری ووزە و کانەکان عزیز رباح سەردانی ئەو شارەیان کرد، و لەگەڵ دانیشتوانەکەی کۆبوونەوە. باسی کێشەکانی کانەکانی کرد و داوای هەوڵدانی کرد بۆ تێپەڕکردنی ئەم کێشانە، وە جەختیشی لەوەکردەوە کە بەرپرسیاریەتی حکومەت و هەڵبژێردراوانی شارەکەیە.

٤ی جەنیوەری: حکومەتی مەراکشی قسە دەکات: حکومەتی مەراکشی لە ڕاگەیاندراوێکی فەرمیدا ڕوونیکردەوە کە بە شێوەیەکی ئیجابی و بەرپرسانە کار لەگەڵ دانیشتوانی جەرادە دەکات، و بەڵێن دەدا بە وەرگرتنی زنجیرەیەک دەستپێشخەری بۆ ئارامکردنەوەی ناڕەزایەتیەکان. دەسەڵاتداران ڕایانگەیاند کە لێکۆڵینەوە دەربارەی کانەکان دەستپێدەکات، لێکۆڵینەوە دەربارەی سەلامەتی لە کانەکان لەخۆ دەگرێت.

جەنیوەری: ڕاگەیاندنی پلانێکی لە ناکاو: دەسەڵاتداران ڕایانگەیاند، کە وەڵامی چاوەڕوانییە خێراکانی دانیشتوانی ناوچەی جەرادە بدەنەوە، ئەوەش پێداچوونەوە بە پسوڵەی کارەبا و ئاودا بچنەوە، هەروەها دروستکردنی هەلی کار، چاودێری ئیستیغلاکردنی کانەکانی خەڵووز و هەلومەرجی نالەباری کانەکان و خراپ بوونی ژینگە و چاککردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان.

١٧ی جەنیوەری بەردەوامی ناڕەزایەتیەکان: دانیشتوانی جەرادە گەڕانەوە سەر خۆپیشاندان، سەرەرای بەڵێنەکانی حکومەت. بەپێی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی چالاکوانان، کۆبوونەوەی خۆپیشاندەران لە ناوەڕاستی شاری جەرادە. خۆیشاندەران لە خۆئامادەسازیدا بوون. بەڵام دەسەڵاتدارانی ناوخۆ گوتیان کە ژمارەیان لە کەمبوون دایە.

١٩ی جەنیوەری:ئاخنوش لە جەرادەیە: عزیز ئاخنوش وەزیری جووتیار و ڕاوی دەریایی و ئاو و دارستانەکان، و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی ناوەندی، سەردانێکیان ڕێکخست بۆ ئەو شارە. لەگەڵ هەڵبژێردراون و بەرپرسانی ناوخۆی جەرادە کۆبوونەوە بۆ ڕوونکردنەوەی ئەو پرۆژانەی کە وەزارەت بەنیازە ئەنجامیان بدات.

کۆمەڵێك ڕووداو وناڕەزایەتی دیکە ڕوویاندا، کە دییەکەیان ئەوەبوو ١٣ی مارس وەزارەتی ناوەخۆ قەدەغەی خۆپیشاندانیدا لەو شارە، بە بیانووی گەراندنەوەی ئاسایش و دابینکردنی ژیانی ڕۆژانەی خەڵک و پاراستنی بەرژەوەندی هاولاتیان. ١٤ی مارس پێکدادانێکی گەورە لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنیەکان ڕوویدا

متظاهرين في مدينة جرادة.

 

مانگرتنی سەرتاسەری لە فەرەنسا !

فەرمانبەرانی بەشی سێکتەری گشتی و کرێکارانی هێڵی شەمەندوفەر لە فەرەنسادا دەست دەدەنە مانگرتن!

فەرەنسا/پاریس

٢٢-٣-٢٠١٨

شەمەندەفەرەکان. هێڵی ئاسمانی و فڕۆکەکان، هەروەها فەرمانبەرو کرێکارەکانیان خۆیان لە جووڵە خست و دەستیان دایە مانگرتن.

ئەمڕۆ پێنج شەمە ڕێکەوتی ٢٢ی ئازاربە دەیان هەزار لە مامۆستایان،  پەرستیاران و چەندین سێکتەری تر هاتنە ناو مانگرتنە سەرتاسەریەکەی ناو پاریس. ئەوەش وەک وەڵامدانەوەیەک بوو بە شێوەی مانگرتن بۆ ڕیفۆرمەکەی ماکڕۆنی سەرۆکی فەرەنسا. جێگەی باسە کە ئەو مانگرتنە بوو بەهۆی دروستکردنی شڵەژانێکی زۆر لە بواری هاتووچۆی پاریس داو تێکهەڵچوونیش دروست بوولە نێوانی خەڵکی ناڕازی و هێزی پۆلیس دا.

بە پێی هەواڵێکی ڕۆیتەر ئەو خۆپیشاندان و مانگرتنانە لە دەوروبەری زیاتر لە ١٨٠ شوێن بەڕێوە چوون. وە لە زوربەی شوێنەکانیش بە شێوەیەکی ئاشتی ئەنجامدراون و هیچ توندوتیژییەکیان لێنەکەوتۆتەوە.. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە هەندێک شوێنیشدا تێکهەڵچوون درووست بووە لە نێوان پۆلیس و ناڕازیبوواندا. وە باس لەوە دەکرێت کە پۆلیس لە هەندێک شوێنیش غازی فرمێسک ڕێژی بەکارهێناوە لە دژی خۆپیشاندەراندا.

جێگەی باسە کە ئەوە یەکەم جارە  لە مانگرتنەکاندا، کرێکارانی سێکتەری گشتی دێنە پاڵ کرێکارانی دەرەوەی سێکتەری گشتی. ئەو هەماهەنگی و تێکەڵاوبوونەی تەواوی سێکتەرەکان هەمووی لەبەرامبەر بریارنامەکەی ماکڕۆنی سەرۆکی فەرەنسادایە.

کرێکارێکی خانەنشین بووی تەمەن ٦٥ ساڵ لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆیتەر وتی: ” ئێمە ئەمڕۆ کە لە لێرەین بۆ ئەوەیە کە ناڕەزایەتی خۆمان لە بەرامبەر ڕیفۆرمەکەی ماکڕۆن دا نیشان بدەیین. ئەو ڕیفۆرمەی ئەو تەنها خزمەت بە چینی دەوڵەمەنەکان دەکات. بە شێوەیەکی زۆر کورت و پوخت ئەوەیە کە کارەکانی حکومەت هیچی لەبەرژەوەندی خەڵکی هەژاردا نییە.”

 

 

About hkkk

Check Also

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ هاوڕێ کاوە کەریم، بە بۆنەی ١٩ ساڵ تێپەربوون بەسەر ڕووداوی تیرۆریستی ١١ سێبتەمبەردا…

بۆپێشەوە: هێرشی تیرۆریستی و خۆکوژی ١١سێپتەمبەر… دنیای تەکاندا و بواری کردەوە تا ئەمریکا ملهوڕی و …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *