Home 6 vidio 6 هەڵبژاردن لەکۆمەڵگەی کوردستاندا، یارییەکی بێ ئاکامە پێویستە دەنگی “نا” و “بایکۆت” نوێنەرایەتی بکرێت!
هەڵبژاردن لەکۆمەڵگەی کوردستاندا، یارییەکی بێ ئاکامە پێویستە دەنگی “نا” و “بایکۆت” نوێنەرایەتی بکرێت!

هەڵبژاردن لەکۆمەڵگەی کوردستاندا، یارییەکی بێ ئاکامە پێویستە دەنگی “نا” و “بایکۆت” نوێنەرایەتی بکرێت!

عەبدوڵا مەحمود

وا بریارە لە ٣٠ ئەیلولی داهاتوو هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی کوردستان، بەڕێوە بچێت. لە ئێستاشەوە هەموو حزب و لایەنە سیاسییەکانی ناو خانەوادەی بۆرژوازی کورد خەریکی ئامادەکارین بۆ ئەم هەڵبژاردنەو لە داهاتویەکی نزیکیشدا، بانگەشەی هەڵبژاردنەکان دەست پێدەکات، دوبارە ماشینی درۆسازی، بەڵینی بێ بنەما، وادەی زل و بێ ناوەرۆک، کۆمەڵگە سیخناخی درۆ و فریوکاری دەکات. هەڵبژادنی ئەمجارە لە هەلومەرجێکدا بەڕێوەدەچێت، کە هەم حزبەکانی خاوەن دەسەڵات و میلیشیا دەرگیری ئەزمەن و پێگەی سیاسیان لە لەسەر ئاستی ناوچەکەوعێراق و کوردستاندا بەرەو داکشان چووە، هەم هێزەکانی بەناو ئۆپۆزیسێۆن” کە ئێستاشی لەگەڵ بێت لەدەسەڵاتدا بەشدارن و بەشدار بوون” توشی پاشەکشەیەکی ئابڕوبەرانە هاتوون و ئاه ناڵەیان بۆ لەدەست دانی پێگەو پاشەکشەیان، بەردەوامە.

خەڵکی کوردستان لە هەڵبژاردنی پێشوو بۆ ئەنجومەنی نیشتیمانی عێراق، وەکو تەواوی خەڵکی عێراق، بەرێژەیەکی یەکجار کەم بەشداری هەڵبژاردنیان کرد و بەپێی ئامارە فەرمیەکان، نزیکەی ٧٠% لەسەدی هاوڵاتیان بایکۆتی هەڵبژاردنەکانیان کرد. بایکۆتی هەڵبژاردنەکان لەلایەن هاوڵاتیانەوە، کاردانەوەی تورەیی و نەفرەتی جەماوەری بوو لە دەسەڵاتی میلیشیایی پارتی و یەکێتی و تاڵانی و برۆیەکی ئاشکراو ئەو نابەرابەرییە ئابوری و چینایەتییە قوڵەی لە کوردستاندا هەیە، هاوکات سزادانی ئەو حزبە بەناو ئۆپۆزیسیۆنانە بوو، کە هەم لەدەسەڵات بەشدارن و لە سفرەی پڕی دزی دەسەڵاتدا ئاوساون و دەخۆن و هەم خۆیان بە ئۆپۆزیسێۆن دەزانن و یەک تاکە وادەو بەڵێن و بەندێکی یەک پاکیجیان، بەهیچ شوێنێک نەگەیشت. ئەم ئۆپۆزیسێۆنە نەک هەر جەماوەری کوردستان، بەڵکە لایەنگران و جەماوەرەکەی خۆشیان نوقمی بێ هیوایی و بێئومێدی کرد.

جیا لەوانەش خەڵکی کوردستان، بە کردەوە بۆیان رۆشن بۆتەوە، کە هەڵبژاردن هیچ لە واقعیەتی زاڵم ئاساو نەخوازروای ژیان و گوزەرانیان ناگۆڕیت و ناکرێت دەسەڵات لە رێگای هەڵبژاردنەکانەوە ئاڵوگۆڕی بەسەردا بێت… هەموو ئەمانە پایەکانی بایکۆتی هەڵبژاردنی پێشوو بوون.

لەم هەڵبژارنەی بەڕێوەیە، ترسی هەموو لایەنەکان لە بەشداری نەکردنی زیاتری جەماوەردا لە هەڵبژاردنەکان و هەڵکشانی دەنگی بایکۆت، راستییەکە حاشاهەڵنەگرەو هەموو لایەنەکان راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ دانی پێدادەنێن…

راستیەک هەیە دەبێ پێداگری لەسەر بکرێت، بەشداری نەکردنی خەڵکی کوردستان لە هەڵبژاردنی رابردوودا، بەرهەمی خۆهۆشیاری جەماوەری و چوونە سەری ئاگایی هاوڵاتیان نەبوو، بەرهەمی کاری رێکخراوی هیچ حزب و لایەنێکی سیاسی و بژاردەیەکی کارای سیاسی و مەدەنی نەبوو، بەڵکو بەرهەمی چوونە سەری تورەیی جەماوەری و بێهیوایی بوو، بە دەسەڵات و ئۆپۆزیسێۆن، بەرهەمی بەکردەوەی راستیەکی ئەزموونکراو بوو کە ئاڵوگۆر لە رێگای هەڵبژاردنەکانەوە مەیسەر نابێت.

لە ئێستادا کە جارێکی تر خەڵکی کوردستان دەخرێتەوە بەردەم هەڵبژاردنێکی تر، پێداگرتنەوە لەسەر چەند راستییەک، پێداویستیەکی ژیاریی و گرنگە…

کۆمەڵگەی کوردستان، کۆمەڵگەیەک نییە، کە حکومەت و پەرلەمان، یاسا، هیچ جیگایەکی سەرەکیان لەواقعیەتی سیاسی و قەڵەمرەوی فەرمانرەواییدا هەبێت… بەپێچەوانەوە کۆمەڵگەی کوردستان پاوانی دوو دەسەڵاتی پشتبەستوو بە میلیشیایی چەکدار، کۆنترۆڵی تەواوی سەرچاوەکانی داهات، خوگرتن بە نۆکەر سفەتی بۆ وڵاتانی ناوچەکەیە. حکومەت و پەرلەمان و یاسا!! ش، لەژێر چەکمەی ئەو دەسەڵاتەدان و بۆ رەوایەتی دان دریژەدان بەهەمان دەسەڵات و هاوکات بۆ شێواندنی رای گشتی و فەرمی دنیایە…

بە پێچەوانەی هەموو دەوڵەت و کۆمەڵگەکانی دنیا، کە یەک دەسەڵاتی سەراسەری “بێ گوێدانە ناوەرۆکی دەسەڵاتەکە” وڵات بەڕیوەدەبات و خاوەنی یاسایە “هەر یاسایەک”… لەکوردستان دەسەڵات، دابەشی دوو بەشی یەک جغرافیایە، هەرکام لەو بەشانە دەسەڵاتێک دەستی بەسەردا گرتووە. ئاڵوگۆرهێنان بەسەر ئەم دەسەڵاتەدا لەهەرکام لەو جغرافیایەدا لەگرەی رابوون و هاتنەمەیدانی ئەم زونەوە مەیسەر دەبێت، نەک هەڵبژاردن و گەمەی پەرلەمانی.

ئەگەر لەهەر وڵاتێکی دنیا، چەند حزبیك کێبەرکێی دەسەڵات دەکەن لەهەڵبژاردنەکاندا، سەرئەنجام حزبێک بەپێی زۆرینەی دەنگەکان، بەپێی یاسا، دەسەڵات وەردەگرێت، و حزبی براوە بۆ چوار ساڵ یان دوو دەورە خاوەنی دەسەڵاتی سەراسەری وڵاتە، ئەوا لە کوردستان ئەگەر دەیان هەڵبژاردنیش بکرێت، دەسەڵاتی زونی زەرد ئەگەر لەهەڵبژاردنەکاندا کەمترین دەنگیش بهێنێ، ئامادە نییە دەسەڵات و داهات و پۆست و بەرێوەبردنی ئەم زونە بداتە دەستی حزبی براوە. بەهەمان شێوە ئەگەر دەسەڵاتی زونی سەوز، بەپێی دەنگدان و هەڵبژاردن، سەرنەکەوێت، بەهەمان شێوە ئامادە نییە، دەستبەرداری دەسەڵات و داهات و پۆستەکان و بەڕیوەبردنی ئەم زونە، ببێت. وازهێنان لە دەسەڵات یانی دەستبەرداربوون لەهەموو سامان و داهات و نیعمەتەی لە رێگای دەسەڵاتێکی ناشەرعیەوە، دەستیان بەسەردا گرتووە، یانی مەرگی سیاسی، ئامادەی ئەو مەرگە نین… ئەمە تایبەتمەندییەکی دەسەڵاتی میلیشیاییە… کە تەواو ناکۆکە بەدەسەڵاتی دەوڵەتداری و وڵاتداری لە دنیادا.

ئەم دۆخە تایبەتە وای کردووە، تەنانەت رووبەرووبوونەوەی دەسەڵات، لە هەرکام لەزونەکاندا، جیاوازی هەیە. ئەگەر لەهەر وڵاتێکی دنیادا، لەگەڵ دەستبەسەراگرتنی حکومەت و پەرلەمان، دەسەڵاتی حزبی باڵادەست کۆتایی پێدێت، ئەوا لە کوردستان حکومەت و پەرلەمان ئەگەر چۆڵ و هۆڵ و تەنانەت هەر بوونیشیان نەبێت، هیچ ڕونادات… وەکو ئەوەی کە زۆرجار بینیوومانە. هەروەها ئەگەر راپەرین یان راسانێکی جەماوەری دەست بەسەر حکومەت و پەرلەماندا بگرێت… هەرگیز بەمانای کۆتاییهاتنی دەسەڵات نییە. مەرج نییە کۆتاییهێنان بەدەسەڵاتی زونی زەرد، بەمانای کۆتاییهاتنی زونی سەوز بێت، یان بە پێچەوانەوە. گۆڕین یان هاوسەنگی هێز لەهەر کام لەم زونانە تایبەتمەندێتی خۆی هەیە.

تەنانەت لەهەرکام لەو زونانەشدا، دەست بەسەراگرتنی هەموو دام و دەزگا حکومییەکان دیسان بەمانای کۆتاییهاتنی ئەم دەسەڵاتە لەم زونانە نایەت. ‌هێزی سەرەکی دەسەڵات لەهەر یەک لەم زونانەدا، پشت بە هێزێکی چەکداری هەمەچەشنە بەستووە. لە هێزی پێشمەرگەو و زێرەڤانی و دژە تیرۆری دەمامکادار و بێ دەمامک و ئاسایش و هێزی تایبەت و هێزی بەرپرسە حزبیەکان… و هیچ کام لەم هێزانەش نەک هێزی یاسایی و سەراسەری نین و دابەشی دوو حزبی دەسەڵاتی ئەم هەرێمەن، بەڵکو هەمیشەش لە پێناو دەسەلات و بۆ پاراستنی دەسەڵاتیان ئامادەی جەنگینن لەگەڵ یەکتری. ئەم دوو دەسەڵاتە هەر یەکەیان تەنها لەزونی خۆیدا و بە راسانی جەماوەری دەکرێت دەسەڵاتیان کورت بکرێتەوە یان لێ بسەنرێتەوە. دیارە بەو هۆیەوە کە تێكچوونی هاوسەنگی هێز لە هەر زونێکدا، ئەگەر لەلایەن جەماوەری تورەو نارازییەوە روبدات، هەردوولا دەبنە هاوکار و فریاد رەسی یەکتری، چونکە کاریگەری ئەم دوو زونە لەسەر یەکتری و پەرێنەوەی دەنگی نەفرەت و نارەزایەتی لە زونی سەوزەوە و بۆ زەد دا یان بەپێچەوانەوە، راستیەکی حاشاهەڵنەگرە.

هەموو ئەم تایبەتمەندیانە وای کردووە، کە هەڵبژاردن و گەمەی هەڵبژاردنەکان، لەئاستی سەراسەریدا بۆ پەرلەمان بێت یان لەئاستی شارەکان و بۆ شارەوانیەکان، بێت، هیچ ناگۆرێت. ئەوەی بڕیار دەدات کی براوەیەو دەسەڵات لەدەستیدا دەمێنێتەوە، هێزی چەک و زۆر و ترساندن و بەبارمتەگرتنی پاروی دەمی خەڵک و پشتیوانی وڵاتێکی ناوچەییە، بۆ هەر یەک  لەزونەکان. نە پارتیەکانی زۆنی زەرد دەتوانن بەرپرسیاریەتی لە زونی سەوزدا وەربگرن و بریارەکانی ئەم زونە کارپێبکەن و نە یەکێتییەکانی زونی سەوز دەتوانن لە زونی زەردا دەسەڵاتیان هەبێت و بریارەکان بەهەند وەربگرن. دیارە بۆ حزبەکانی تریش هەروایە. هەرکام لە حزبەکانی دەرەوەی دەسەڵات، بەکردەوە دابەشی سەر هەردوو حزبی دەسەڵات بوون و لە بازنەی بەرژەوەندی ئەواندا دەسوڕێنەوە. ئەوەش کە کێ و کام یەک لەم دوو حزبە دەتوانن مامەڵە و بریار لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەند یان لەگەڵ دنیای دەرەوە بکەن، بەهەمان شێوە پەیوەندی بە زۆری قەڵەمرەوی سیاسی وجغرافیای زۆرتر و بوونی هێزی چەکداری گەورەترو پشتیوانی ئیقلیمی و جیهانی فراوانترەوە هەیە. بۆیە باسی دەستاو دەستکردنی دەسەڵات، یان کۆتاییهینان بەدەسەڵات لە رێگای هەڵبژاردنەکانەوە، لە وەهمێک زیاتر هیچی تر نییە…

لەوانەیە ٢٧ ساڵی رابردوو باشترین پێوانە بێت، بۆ لەمحەکدانی ئەو راستیانەی سەرەوە.

ئەو راستییە سەلماو ئەزموونکراوانەی دەسەڵات و ئۆپۆزیسێۆنە بودەڵەکەی، کە بەکردەوە بەشێکن لە مێژووی دەسەڵاتدارێتی ٢٧ ساڵەی رابردوو، بەو راستیەمان دەگەیەنێت، کە هەڵبژاردن لەکۆمەڵگەی کوردستاندا گەمەیەکی ساختە، یارییەکی بی ئاکام، فریوکارییەکی ئاشکرایە… بۆیە نابێ خەڵکی کوردستان بەشداری لەم کایەدا بکات… وە پێویستە دەنگی نارەزایەتی جەماوەری و دەنگی فراوانی “نا” و “بایکۆت” لەلایەن رابەرانی بزوتنەوەی کرێکاریی و جەماوەری” وەکو کرێکاران ژنان، لاوان، خوێندکاران، مامۆستایان و کارمەندان و توێژە بێبەشەکانەوە نوێنەرایەتی بکرێت و بایکۆت و نا وتن بە هەڵبژرادن ببێتە خۆ هۆشیارییەکی جەماوەری و خۆ سازدانێکی فراوان وەکو پێشمەرجی کۆتاییهێنان بەو دەسەڵات و مەرگەساتەی ٢٧ ساڵە یەخەگیری کریكاران و کارمەندان و بێبەشانی، کۆمەڵگەی کوردستانە…

تیبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٣٤ بەرواری ١٥/٨/٢٠١٨ دا بڵاوکراوەتەوە

About hkkk

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*