Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 ووتەیەک لەسەر ئارامگای مارکس!

ووتەیەک لەسەر ئارامگای مارکس!

گۆڕستانی های‌گیت، لەندەن

فرەدریک ئه‌نگلس
١٧ مارس ١٨٨٣

ڕۆژی ١٤ی مارس کاتژمێر چارەک بۆ ٣ سێی پاش نیوەڕۆ، گەورەترین بیرمەندی سەردەمی ئێمە لە بیرکردنەوە وەستا. تەنیا ٢ دوو دەقیقە مارکسمان بە تەنیا جێهێشتبوو، کاتێک گەڕاینەوە بۆ ژورەکە، بینیمان بەئارامی لەسەر کورسییەکە خەویلێکەوتووە. بەڵام ئەم جارەیان بۆ هەمیشە.  مەرگی ئەم بیرمەندە خەسارەتێکی هێندە گەورەیە بۆ پرۆلیتاریای تێکۆشەری ئەوروپاو ئەمریکا، وە بۆ مێژووی زانستەکان کە فراوانییەکەی هەرگیز لە ئەندازەگیری نایەت. بۆشاییەک کە بە ڕۆییشتنی ئەم بیرمەندە مەزنە دروست بووە زۆر بەخێرایی لە هەموو شوێنێک هەستی پێئەکرێت.  وەکو چۆن داروین یاسای گەشەکردنی جیهانی ئۆرگانیک‌و بوونەوەری زیندووی دۆزییەوە، مارکسیش یاسای گەشەی مێژووی مرۆڤی ئاشکراکرد؛ ئەم حەقیقەتە سادەیەی کە تا پێش مارکس بووبوو بە ژێر کێوێک لە ئایدیۆلۆژیاوە، ئەم حەقیقەتە کە مرۆڤ بەر لەوەی کە بتوانێت باسی سیاسەت، مەعریفە، هونەر، ئایین‌و جیا لەمانەش بکات، پێویستە بخوات، بخواتەوە، سەرپەناو پۆشاک‌و هیتری هەبێت؛ ئەمەی کە لەسەر بنەمای ئەو بەرهەمهێنانی هۆکارە هەرە گرنگە ماددیەکان، وە دەرەنجام هاوسەنگی نەش‌ونمای ئابووری بەدەستهاتوو لەلایەن هەر کۆمەڵە خەڵکێکی دیاریکراوەوە لە هەر سەردەمێکی دیاریکراودا، ئەو ژێربینایە پێکدێنێت کە لەسەر ڕووی ئەو، دەوڵەت، چەمکە حقوقییەکان، هونەرو تەنانەت بیروباوەڕی ئەو خەڵکەش لەبارەی مەزهەبەوە، گەشەیان سەندووە …و لەبەر تیشکی ئەم ڕووناکییەدایە پێویستە هەموو ئەم شتانە ڕوونبکرێنەوە، نەک بەپێچەوانەوە، بەو جۆرەی کە تا ئەمڕۆ کراوە.
بەڵام ئەمە هەموو شتێک نییە. مارکس هەروەها یاسای تایبەت بە جووڵەی چاودێر بەسەر شێوەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری چەرخی حازرو ئەو کۆمەڵگا بۆرژواییەشی دۆزییەوە کە دەرهاویشتەی ئەم شێوەی بەرهەمهێنانەیە. دۆزینەوەی زێدەبایی، لە ناکاو مەسەلەیەکی ڕوونکردەوە کە هەم ئابووریزانانی بۆرژوایی‌، وە ڕەخنەگرانی سۆشیالیستیش لە کاتێکدا بەشوێن دۆزینەوەی چارەسەرەوە بوون لە تەواوی توێژینەوەکانی پێشوویاندا، لەناو تاریکییدا وەکو کوێر دەست‌و پێیان ئەکوتا. دوو دۆزینەوەی لەم چەشنە بۆ یەک تەمەن بەسە. خۆشبەخت کەسێکە شەرەفی تەنیا یەکێک لەم دۆزینەوانەی پێببڕێت. بەڵام لە هەر زەمینەیەکدا کە مارکس دەستی داوەتە لێکۆڵینەوە- وە ئەو لە زەمینەگەلی جیاجیادا توێژینەوەی ئەنجامداوە، کە هیچ کامێکیان ڕووکەشی نەبوون- لە سەرجەمی زەمینەکاندا، تەنانەت لە بواری بیرکاریدا، دۆزینەوەی سەربەخۆی بەدەستهێناوە. ەم بیرمەندو زانا گەورەیە ئاوا کەسایەتییەک بوو. بەڵام ئەمە هێشتا نیوەی وەسفی ئەو نییە. بەلای مارکسەوە مەعریفە هێزێکی دینامیکی‌و شۆڕشگێڕانە بوو لە ڕووی مێژووییەوە. ئەگەر چی لای مارکس هەر دۆزینەوەیەکی نوێ لەم یان لەو بواری مەعریفەی تیوریدا کە ڕەنگە هێشتا تەنانەت بەکاربردن‌و تەتبیقیشی بەتەواوی قابیلی تەسەور نەبووبێ خۆشحاڵیی فراوانی لێئەکەوتەوە، کاتێک دۆزینەوەکان کاریگەریی دەستبەجێ‌و شۆڕشگێڕانەی بەسەر پیشەسازییەوە، بەسەر گەشەی مێژووییەوە بە گشتی جێئەهێشت شادییەکی بێوێنەو سەرتاپا جیاوازی هەستپێئەکرد. وەکو نمونە، مارکس لە نزیکەوە چاودێریی پێشکەوتن‌و دۆزینەوەکانی لە بواری ئەلەکتریکدا ئەکرد، وە لەم دواییانەدا بە تایبەتی کارەکانی مارسێل دێپرە[١].
لەبەر ئەمەیە کە مارکس زیاتر لە هەر شتێکی دیکە یەک شۆڕشگێڕ بوو. ئەرکی واقعیی مارکس لە زیندەگیی خۆیدا ئەمە بوو کە لە هەر ڕێگایەکەوە پشتیوانیی بە سەرنگوم کردنی کۆمەڵگای سەرمایەداری‌و ئۆرگانە دەوڵەتییەکانی خوڵقینراوی بگەیەنێت، هاوکاری بە ئازادی‌و ڕزگاری پرۆلیتاریا بگەیەنێت، کە مارکس خۆی یەکەمین دامەزرێنەری ووشیاریی‌ بوو بەسەر ڕەوش‌و پێداویستییەکانیدا، وە دروستکەری ئاگایی بوو بەسەر هەلومەرجی ڕزگاربوونیدا. خەبات‌و تێکۆشان عادەتی مارکس بوو. بە ئاستێک لە شۆڕو شەوق، بە ڕادەیەک لە سەرسەختیی‌و بە ئەندازەیەک لە سەرکەوتوویی خەباتی کرد، کەم کەس بەرەوڕووی ئەوەستایەوە. کارەکانی ئەو لە یەکەمین “ڕۆژنامەی ڕایینی نوێ” لە ساڵی ١٨٤٢، ڕۆژنامەی “بۆپێشەوە” پاریس لە ١٨٤٤، “ڕۆژنامەی ئەڵمانی بروکسێل” لە ١٨٤٧، “ڕۆژنامەی ڕایینی نوێ” لە ساڵی ١٨٤٨-١٨٤٩، سەرەڕای بڵاوکراوەو نامیلکەی پڕکاری بێئەژمار، کارکردن لە ڕێکخراوگەلی پاریس، بروکسێل‌و لەندەن، وە دەرەنجام تاجی سەری هەموو ئەمانەش، دروستکردنی ئەنجومەنی نێونەتەوەیی کرێکاران- ئەمەیان خۆی بەڕاستی دەستکەوتێک بوو کە دامەزرێنەرەکەی بەهەق ئەتوانێت شانازیی پێوە بکات تەنانەت ئەگەر هیچ کارێکی دیکەشی ئەنجامنەدابێت.
وە دەرەنجام، مارکس لەو ڕووەشەوە کە بەرەوڕوی زۆرترین هێرش‌و پەلاماری نەفرەتلێکردن‌و تۆمەتبارکردن‌و لەکەدارکردن ئەبوویەوە، کەسی یەکەمی سەردەمی خۆی بوو. حکومەتەکان- هەم شمولی هەم کۆماری- ئەویان لە کیشوەرەکانیان دوورخستەوە. بۆژواکان- بە محافەزەکارو بە ئۆڵترا- دیموکراتەکانیشەوە- لەپێناو بەدناوکردن‌و لەکەدارکردنی مارکسدا پێشبڕکێیان بوو. مارکس هەموو ئەم شتانەی وەکو داوی جاڵجاڵۆکە لائەداو هیچ گرنگیی بۆ دانەئەنان، وە تەنیا کاتێک وەڵامی ئەدایەوە کە پێویستییەکی لەڕادەبەدەر ناچاری بکردایە. مارکس مرد، لە کاتێکدا کە ملیۆنەها کرێکاری شۆڕشگێڕی هاوڕێبازی- لە کانەکانی سیبریاوە تا کالیفۆڕنیا، لە هەموو بەشەکانی ئەوروپاو ئەمریکاوە، لە قووڵایی دڵیانەوە خۆشیانئەویست، دڵسۆزانە ڕێزیان بۆی دائەناو بە لەدەستدانیشی ئەسەفبار بوون. وە ئەگەرچی ڕەنگە موخالیفانی مارکس گەلێک زۆریش بووبن، بەڵام من بە جورئەتەوە تەحەدائەکەم کە دوورە تەنانەت یەک دوژمنی شەخسیشی هەبووبێت.  ناوی مارکس تا چەندین سەدە ئەمێنێتەوە، وە کارەکانیشی بە هەمان شێوە.

[١] مارسێل دەپرە Marcel Deprez  (١٢ دیسەمبەر ١٨٤٣- ١٣ ئۆکتۆبەر ١٩١٨) یەکێکە لە پێشڕەوانی ئەندازیاریی کارەبا لە فەڕەنسا کە لە ساڵی ١٨٨١دا کرایە بەرپرسی دۆزینەوەی تۆڕێک بۆ ئامانجی گواستنەوەی تەزووی کارەبا بۆ مەسافەی دوور. ئەو سەرکەوتنی بەدەست هێنا بۆ یەکەمین جار لە ساڵی ١٨٨٢، کارەبای ستاتیکی( بە توانای ٤٠٠وات) لە میزباخەوە بۆ میونیخ (بەدووری ٥٧ کیلۆمەتر) گەیاند. ماوەیەک دواتر کەشف بوو کە کارەبای گۆڕاو(متناوب) بە ئاسانی‌و بە خەسارەتی گەلێک کەمتریش بۆ مەسافەی دوور ئەتوانریت بگوێزرێتەوە. پەراوێز لە ئەشیفی گشتییەوە- وەرگێڕی فارسی

About hkkk

Check Also

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ هاوڕێ کاوە کەریم، بە بۆنەی ١٩ ساڵ تێپەربوون بەسەر ڕووداوی تیرۆریستی ١١ سێبتەمبەردا…

بۆپێشەوە: هێرشی تیرۆریستی و خۆکوژی ١١سێپتەمبەر… دنیای تەکاندا و بواری کردەوە تا ئەمریکا ملهوڕی و …