Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 ١٧ ی شوبات، خاڵێکی وه‌رچه‌رخانی مێژوویی بوو له‌کۆمه‌ڵگەی کوردستاندا!…

١٧ ی شوبات، خاڵێکی وه‌رچه‌رخانی مێژوویی بوو له‌کۆمه‌ڵگەی کوردستاندا!…

عەبدوڵا مەحمود…
دوای ٢٠ ساڵ له‌پێشێلکردنی ئیراده‌ی جه‌ماوه‌ری کرێکاران و ئوردوی بێبه‌شان، لە ١٧ شوباتی ٢٠١١ دا، یه‌که‌مین پریشکی خرۆشان و ناڕەزایەتی فراوانی بێبه‌شان لێیداو سه‌ره‌تای به‌کرده‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌یه‌کی شۆڕشگێڕانه‌ لەدژی دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی، ده‌ستی پێکرد. ئەم خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییە بە ئیلهام وەرگرتن لە بزووتنه‌وه‌ی‌ ناڕه‌زایه‌تی ‌و شۆڕشگێڕیه‌كانی‌ ‌باكوری ‌ئه‌فریقاوه، دەستی پێکرد. بزوتنەوەیەک کە پرسی شۆرش و گۆڕانکاری لە ڕێگای شۆرشی لەخوارەوەی جەماوەرەوە هێنایەوە مەیدان و لە سەرەتاکانی خۆیدا، توانی چەندین رژێمی دیکاتۆرو چنگ بەخوێن و تاڵانچی رابماڵێت.
لەوچوارچێوەیەدا، ناڕەزایەتی جەماوەری خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشی کوردستان، لەدزی و تاڵانی، لە نابەرابەری و بێمافی، لەسەرکوت و ژێر پێخستنی ئیرادەی تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردستان، تەقییەوە و بۆ یەکەمین جار بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری لە ئاستێکی فراوانی کۆمەڵایەتیدا، خۆی نمایش کرد. ئەو نمایشە لە نارەزایەتی جەماوەری تەواوی دەسەڵاتی بۆژوازی کوردی توشی ڕاچەنین کرد و ئەو ڕاستیەی نیشاندا، کە ڕێگای بەدەست هێنانی داخوازییەکان و پاشەکشەکردن بە دەسەڵاتی تاڵانچی بزوتنەوەی کوردایەتی لە ڕێگای دەربرینی نارەزایەتی و هێنانە مەیدانی هێزی جەماوەرییەوە مەیسەر دەبێت، نەک لە ڕیگای هەڵبژاردن و کایەی سواوەکەی پەرلەمان.
هەرچەندە دەستپێکی ئەو خۆپیشاندان و نارەزایەتییە جەماوەرییە، بۆپشتیوانی لە ڕاپەرین و شۆڕشەکانی باکوری ئەفریقا” بەهاری عەرەبی”، وە بەدژی دزی و تاڵانی و نابەرابەری ئابوری و نەبوونی خزمەتگوزارییەکان، بوو، بەڵام لە ناوەرۆکدا، بزوتنەوەیەک بوو بەدژی سەراپای دەسەڵاتی داسەپاوی بۆرژوازی… کورد و کارنامەیەکی رەشی بیست ساڵەی.
لەبەرامبەر بەو بزوتنەوە نارەزایەتییە ڕەوایەدا، دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی ماهیەتی ڕۆپۆشکراوی خۆی، بە نواندنی سەرکوت و دڵرەقیەکی کەم وێنەوە نمایش کرد. لەبەرامبەر بە خۆپیشاندانی بێ چەک و جەماوەریدا، دەستی بۆ توندوتیژی و چەک و سەرکوتی بێپەردە برد و لە ماوەیەکی دیاریکراودا، ١٠ کەس گیانیان لەدەستداو نزیک بە دووهەزار کەس بریندار بوون، بەسەدان هاوڵاتی و هەڵسوراوی جەماوەری راوەدونران و خرانە زیندانەکانەوە، ڕفینراون و چاویان لێ سورکرایەوە، بەدەیان کەناڵ و میدیا و رۆژنامەو و بەسەدان رۆژنامەنووس کەوتە بەر شەقی دیموکراسی!! و پیاوانی دەزگا ئەمنی و جاسوسیەکان، بەشێکی زۆری شارەکان میلیتاریزە کران و ترس و تۆقاندن کەشی کۆمەڵگەی قانگ دا.
بە جیا لە بەدەستەوەگرتنی حەربەی سەرکوت و ترساندن، دەسەڵات ناچار بوو لەژێر گوشاری خۆپیشاندان و نارەزایەتیەکانی ١٧ شوباتدا، سەری تەسلیم لەبەرامبەر بە ئیرادەی وەگەرکەوتووی جەماوەریدا، دابنەوینێت. وادە و بەڵێنی لێپرسینەوە لە تۆمەتبارانی ١٧ شوبات و ئەوانەی تەقەیەیان لە هاوڵاتیان کردووە، دا، بەڵێنی ئازادکردنی زیندانییە سیاسیەکان،
بەڵینی…. چاکسازی و وەستانەوە بەدژی گەندەڵی، دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان و ئاوڕ دانەوە لە ویستەکانی خەڵکی کوردستانی، راگەیاند. وەعدی باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان، تا دەگاتە ناچاربوون بە دانیشتن لەگەڵ هەڵسوراوان و دەستەی سەرپەرشتی خۆپیشاندانەکان…تاد، دا.
لەگەڵ ئەوەدا کە خۆپیشاندان و نارەزایەتییە جەماوەریەکەی ١٧ شوبات و لە زۆنی سەوزدا، چەخماخەی دا، بەڵام ریشەی لە نارەزایەتی و تورەیی سەراسەری خەڵکی کوردستاندا بوو… دەسەڵاتی زۆنی زەرد بە داسەپاندنی دیکتاتۆریەتێکی ئاشکرا رێگەی لەوە گرت، کە خەڵکی کرێکارو ستەم لێچوو بێنەسەر شەقامەکان.
خۆپیشاندانەکانی دواتری زوربەی زۆری شارو شارۆچکەکانی کوردستان، تا دەگات خۆپیشاندانەکانی هەولێر و ژێر دەسەڵاتی پارتی، هەر درێژەکراوەی خۆپیشاندانەکانی ١٧ و رۆژانی دواترە. تەنانەت بەشداری نەکردن لە هەڵبژاردنەکاندا و بایکۆتی هەڵبژاردنەکان، لە درێژەی هەمان دۆخ و بەرەوپێشەوە چوونی ئاستی نارەزایەتی جەماوەریدا دەچیتە پێشەوە، کە پرشک و چەخماغەکەی ریشەی لە ١٧ شوباتدایە. بۆیە بەهەموو پێوانەیەک ١٧ شوبات خاڵی وەرچەرخانێکی گرنگ، لە پەیوەندی نێوان دەسەڵات و جەماوەری ناڕازی خەلکی کوردستاندایە…
ڕۆژ بەرۆژ قڵشتی نێوان دەسەڵات و جەماوەری بیبەش، کەلێنی نێوان دەسەڵاتی سەرمایەو چینی کرێکار و بەرهەم هێنەرانی کۆمەڵگە فراونتر دەبێتەوە… لەو نێوەدا بەجیا لە دەسەڵات کە کەوتۆتە بەردەم شەپۆلی نارەزایەتی جەماوەری، هاوکات ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی کوردیش بە قەومی و ئیسلامیەکەیەوە، کەوتۆتە بەردەم تورەیی و نەفرەتی جەماوەری. خۆشباوەری بە بزوتنەوەی گۆران و ئیسلامیەکان، تا ئەندازەیەکی یەکجار زۆر بەرەو رەوینەوە چووە. کارنامەی ئەو ئۆپۆزیسۆنە لە بەشداریکردنی لەدەسەڵاتی دزی و تاڵانچی بزوتنەوەی کوردایەتیەوە، تا دەرکەوتنی ماهیەتی ریاکارانەیان و سات و سەودایان بە خوێنی بە ناحەق ڕژراوی قوربانیانی ١٧ شوبات و پاشان بەڵینی” چوار ساڵی ئارام” و هەوڵدان بۆ راگرتنی جوڵەی شەقام و مامەمەڵەیان لەگەڵ پاشەکەوتی موچە، لەگەڵ خۆپیشاندان و نارەزایەتیەکانی مامۆستایان و کارمەندان، بێدەنگەکردنیان لە روداوی کارەساتی شەنگال و پاشان ١٦ ئۆکتۆبەر و لە ئێستاشدا، خستنەگەری هەموو هەوڵکیان بۆ بەشداری لە کابینەی نۆهەمدا، نوزەیەکی دژ بەدەسەڵاتی تیا نەهێشتونەتەوە و ئەوەی ماویانە، سازش و هەوڵە بۆ بەشداریان لەو حکومەتە دزو جەردە و سەرکوتگەرەدا، کە ئەمجارە کوڕانی بنەماڵە قورغیان کردووە…
لە ئێستادا، کە ٨ ساڵ بەسەر خرۆشانی ١٧ شوباتدا دەگوزەرێت… خەڵکی کوردستان لەگەڵ تەواوی حزب و لایەنەکانی ناو خانەوادەی بۆرژوازی کورد بە”دەسەڵات و بە ئۆپۆزیسۆنەوە” رووبەرووە… هەروەها توەریی ونارەزایەتی جەماوەری لە دەسەڵات و ئۆپۆزیسۆن پێی ناوەتە ئاستێکی باڵاترەو… ئۆپۆزیسۆن لەگەڵ بکوژانی خۆپێشاندەراندا، خەریکی سازان و بەشداری لەو دەسەڵاتە تاڵانچی و سەرکوتگەرەن کە خەڵک لە دژیان ڕاپەری… وە خوێنی قوربانیانی ١٧ شوبات و رۆژانی دواتریان کردە، پەیژەی هەڵزنین بە دەسەڵاتدا. هەروەها هەموو ئەو بەڵین و وادانەی دەسەڵات لە ژێر گوشاری ١٧ شوباتدا دابوویان، بە لێپرسینەوە لە تۆمەتباران و بکوژی خۆپیشاندەران و تا دەگاتە بەڵینی چاکسازی و باشکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستان، درۆ دەرچوون و بەخشینەوەی ئەو بەڵین و وەعدانە هەر بۆ دامرکاندنەوەی تورەیی و نەفرەتی جەماوەری بووە.
ئێستا دوای هەشت ساڵ بەسەر ١٧ شوباتدا، هەلومەرجی ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستان خراپتر لەهەشت ساڵی رابردووە، سەرکوتگەری زیاترە، دزی و تاڵانی بەشوێنێک گەیشتووە، بەپرسەکان لە زمانی خۆیانەوە دان بە دزییەکاندا دەنێن…بێمافی فرەترە، خزمەتگوزارییەکان خەریکە ئاسەوارییان نامێنێ، قڵشتی چینایەتی بەرینترە، ئایندەی سیاسی کوردستانیان نادیارە… ناوەرۆکی ئۆپۆزیسۆن بەتەواوەتی ئاشکرا بووە، تورەیی جەماوەری گشتی ترە، هۆشیاری چینایەتی چۆتە سەرەوە، درۆی چاکسازی، بەتەواوەتی دەرکەوتووە، ١٧ شوباتیکی تر، بە ئاستیکی فراونتر، یەکگرتوانەتر، رێکخراوتر، بە ئاسۆیەکی سۆشیالیستی رۆشنەوە، بۆتە پێداویستیەک بۆ کۆتاییهێنانی یەکجاری بەدەسەڵاتی سەرمایەو بزوتنەوەی کوردایەتی…

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٤٥ بەرواری ١٥/٢/٢٠١٩ بڵاوکراوەتەوە…

About hkkk

Check Also

ئۆژین پۆتیە …

لە بیست و پێنجەم ساڵیادی مەرگیدا لینین وەرگێرانی لەئینگلیزیەوە سالار حمەسەعید مانگی نۆڤەمبەری ساڵی رابردوو …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *