Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 ٣١ی ئاب، مێژووی تەقینی دومەڵێک !
٣١ی ئاب، مێژووی تەقینی دومەڵێک !

٣١ی ئاب، مێژووی تەقینی دومەڵێک !

نوسینی: سامان کەریم

Saman.karim5@gmail.com

٣١ی ئاب ١٩٩٦ ڕوداوێکی نۆرمال، لە نێو خەونی وەهم بە بزوتنەوەی کوردایەتی دەتەقێ. دەتەقێ وەک دومەڵێکی هەڵئاساوی پڕ لە کیم وپیسایی. ڕاچڵەکان و خەبەربوونەوەیەک، کە ملێونەها خەلکی کوردستان لەوکاتەدا، ڕەنگە چاوەڕیی خەونی ئاوەها سەرنج ڕاکێش و کارەساتبار نەبووبن. سەرنجڕاکیش، چونکە پارتی دیموکراتی کوردستان، سەڕەڕای هێنانی تانک و تۆپ و سوپای حکومەتی ناسیونالیستی بەعس، بەهیزتر دەبێت و دەبێتە هێزی یەکەم و ٢٢ ساڵە پارتی بەهۆی ئەم ” نۆکەرپیشەی” یەوە وەک سەرلقی ‌هێزەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی کایەی سیاسی خۆی دەکات. ٢٢ ساڵە دەنگی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵبژاردنەکاندا هەر زیاد دەکات و هەمیشە بە ١٠ کورسی زیاتر لە پێش هێزی زوڵملێکراوی ٣١ی ئابەوەیە” یەکێتی نیشتمانی”. چ حەقیقەتێک دەرکەوتوە.

سەختی وکارەساتباری ڕوداوەکە لە پێشڕەوەی بزوتنەوەی کوردایەتی و پارتی نییە بۆ سوپای حکومەتی بەعس یان بۆ سوپای تورکیا یان بۆ سوپای ئەمریکا یان بۆ سوپای هەرکوێیەک…. پارتی ئەوە ئیش و نەریتیەتی. لەمبارەوە پێویست نییە هیچ گومانێک هەبێت، بۆ لەو کاتەوە چەند جار سوپای تورکیا تەشریفیان هێناوە؟!. سەختی ڕوداوەکە دڵەڕاوکێ و ترس و ئاوارەیی بەشێکی زۆری خەڵكی کوردستان بوو. بەتایبەت ئەو شارو ناوچانەی کە لەلایەن یەکێتی نیشتمانیەوە کۆنترۆل کرابوون. ئەو شەوە شارێکی گەورەی وەک سلێمانی مۆتەکەی مەرگی لێ نێشتبو.

٣١ی ئاب خیانەت بوو، بۆ هەرکەسێک کە لەچوارچێوەی بزوتنەوەی کوردایەتیدا بیردەکاتەوە، بەلام ٣١ی ئاب بۆ هێزێکی وەک پارتی و هێزەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی سیاسەت و کاریكی نۆرماڵە، نەک تەنها لە کوردستانی عێراق، بەڵکو لە کوردستانی ئێران و تورکیا و سوریا بە هەمان شێوە. ٣١ی ئاب پارتی بەهێزتر دەکات و دەیکاتە هیزی یەکەم. مەسەلە چییە؟!.

ئەوەندەی پەیوەند بێت بە بزوتنەوەی کوردایەتیەوە، ڕوداوی ٣١ی ئاب، هیچی لە ناوەرۆکی نەگۆڕیوە. باسەکە لە سێ ئاستدا بۆ پارتی جێگای لێکدانەوەیە. یەکەمیان، لەڕوانگەی خۆیەوە، ئەم ئاراستە سیاسییە بە قازانجی بزوتنەوەی کوردایەتییە. دووەم: لە بەرانبەر هێزی ئۆپۆزسیونی خۆیدا بالادەست دێتە دەرەوە، وە هاتە دەرەوە. سێهەمیان: لە کێبەرکێی نێوان ئێران و تورکیادا، کە تورکیا ئەوکات هێجگار نزیک بوو لە ئەمریکاوە، بە بەراورد لەگەڵ ئیستادا، ڕۆژئاوا براوە بوو. بەڵام خەڵک چۆن ڕازی دەبێت؟! خەڵک ڕازی دەبێت وە بووە. چونکە پێشتر، زۆر پێش ئەم ڕوداوە، ئەم خەڵکە، خۆشباوەر کراوە بە وەهمی کوردایەتی و نەتەوەپەرستی. گوایە کوردایەتی بۆ ” ئینسانێکی کورد” شەرەف و کەرامەت و چارەسەری دەردەکانیەتی. لێرەدا دومەڵەکە دەتەقێ و کێم و بۆگەناوی خۆی دەردەکات، بەڵام هەر ئەوەندەو پاش ماوەیەک ئازارەکەی تەواو دەبێت. لەنێو ئەم وەهمەی باوەڕی کوردایەتی دا، ڕاگەیاندن دەتوانێ ڕۆڵی سەرەکی ببینێ لە گەوجکردنی خەڵک و بەلاڕێبردندا، بەلام هێشتا وەڵامی پرسیارەکەمان نەداوەتەوە.  مەسەلە چییە پارتی بەهێز تر دەبێت؟!.

پارتی هەر ئەوە نەبوو، کە ئەوکات بەهێز بوو، بەڵکو ئێستاشی لەگەڵدا بێت، پارتی بەهێز تر بووە، ئەگەرچی ئێستا وەهمی بزوتنەوەی کوردایەتی و نەتەوەپەرستی کوردی زۆر کاڵ بۆتەوە لە چاو کاتی ٣١ی ئاب دا. بەتایبەت کە چەند ساڵە خەڵک لەسەر شەقام و مەیدانەکاندایە، لە پێناو خواستی وەرگرتنی موچەو دابینکردنی کارەباو  سوتەمەنی و خواستی دابینکردنی کار، دژ بە دەسەڵاتی ئەوان، بەڵام پارتی هێزی یەکەمە. پارتی هێزی یەکەمی بزوتنەوەی کوردایەتی یە، تائێستا، بە جیا لە لاوازی پێگەی بزوتنەوەی کرێکاری وەک بزوتنەوەیەکی چینایەتی، کە ئەوە هۆیەکی گەورەی کۆمەڵایەتیە، بەڵام ئەم هۆیە لەدەرەوەی بزوتنەوەی کوردایەتییە. مەسەلەکە ئەوەیە کە پارتی نوێنەری سەرسەختی سەرمایەیە. پارتی وەک نوێنەرێکی بورژوایی کورد، نوێنەری ڕاستەوخۆ و بێ دەردەسەرو گوێ ڕایەڵی ئابوری بازارو لیبرالیزمی ئابوریە. لەمبارەوە پارتی یەکێکە لە ساخترین و بە دیسپلینترین هێزەکانی بورژوایی لە ئاستی ناوچەکەدا.

نوێنەری یەکەمی سەرمایە و نوێنەری بورژوایی کورد لە کوردستان، لە کاتێکدا کە بزوتنەوەی کرێکاریی تا ئاستی بزوتنەوەیەکی چینایەتی نەهاتۆتە مەیدان، لە ململانێ دا  نییە لە پێناو دەسەڵاتی سیاسی دا، تا ئەو کاتە نوێنەر و ڕابەری بورژوایی کورد، لەم قۆناغەدا، وەک هێزی یەکەم دەمێنێتەوە. گریمانەی دوبارەبونەوەی هاوکێشەکان بە قازانجی یەکێتی نیشتمانی واتە بونی بە هێزی یەکەم، گریمانەیەکی نا دروستە لە ئیستادا. بەبڕوای من لەم قۆناغەدا، لە نیو خێزانی بورژوای کورد دا ئەلتەرناتیڤی پارتی بوونی نییە. ئەوەی کە پارتی دەهێلێتەوە، وەک هێزی یەکەم باوەڕو ئایدۆلۆژی کوردایەتی نییە، پێم وابیت ئەوە تا ئاستێکی گونجاو ڕێسوا بووە، وە دیارە سیاسەتی حەکیمانەی پارتی و بارزانی یش نییە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە چینی کرێکار وەک هیزێکی سیاسی لە مەیداندا نییە، کارابونیەتی وەک نوێنەری سەرمایە، وەک نوێنەری بورژوایی کورد، کە ئەمە ئیتر سنوری ئایدۆلۆژی کوردایەتی و باوەرو نەریتەکانی دەبڕێت. دەگاتە ئاستی ئەسیر بونی کۆمەڵگە بەدوای ژیان و گوزەراندا.  واتە ئەوەی کە پارتی دەتوانیت کۆمەڵگا بەدوای خۆیدا کێش بکات، ئەگەرچی بەشێکی بوونی وەهمی کوردایەتی یە، بەڵام ئەمرۆ سەرمایە بەبێ بەرگی نەتەوەچێتی کایەی خۆی دەکات و سنورەکانی بڕیوە، لەسەر بناغەی ژیان و گوزەران و ئومێد بە ژیانێکی باشتر لەسایەی وەبەرهێناندا، وەهمێکە ڕاگەیاندن تا ئاستی حەقیقەت درۆی پێوە دەکات و خەڵکی پێ گەوج دەکات.  چوارچێوەی گشتی ئەم ئەسیر بوونە، کە لەسایەی دەسەڵاتی میلیشیای بەهێزدا پراتیک دەکرێت، بەم شێوەیە نمایش دەکریت.

ئەوە پارتی دیموکراتی کوردستانە بە ڕابەری بارزانی، ئەمریکا و ڕۆژئاوایان لە پشتە و سەرمایە پەیدا دەکات و وەبەرهێنان دەکات لە ئاستی جیاواز و بەتایبەت وزەدا” نەوت و گاز”، وە لە بەشەکانی دیکەی وەک کارەباو کۆمیونیکەیشن و خانوبەرە و سەرمایەی بانکی و کەرتی خوێندن ….بەم پێەش هێزێکە شوێنی کار و بژێوی بۆ خەڵک دابین دەکات و لەهەمانکاتدا، ئاسایش بۆ سەرمایەگوزاری دەرەخسێنیت و هێزێکی گەورەو فراوانی ئاسایشی دابینکردوە،  باشترین یاسای وەبەرهێنانی فەراهەم کردوە بۆ سەرمایەدارانی دەرەوە و ناوخۆ. بەجیا لە هەموو ئەوانە هێزی یەکدەست و خاوەن یەک بڕیار بووە، کە ئەمە بۆ سەرمایە و سەرمایەداران لە ناوچەیەکی وەک کوردستان گرینگە. ئەم ئێمەیجە گشتی یە و لە پاڵ ئیمەجی سەرکوت و داپلۆسین و ڕەشەکوژی پارتی دا بوونی هەیە. بەلام سەرکوت و تۆقاندن و ڕەشەکوژی و سوتانی بارەگای حزبەکان و ڕێ نەدان بە خۆپیشاندان، لە باری ئامادەنەبونی هێزێکی پیشرەو و ڕادیکاڵی ئۆپۆزسیۆن، دەبێتە خاڵی بەهێزی پارتی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی دا. ئەمە حەقیقەتێکە.

ئۆپۆزسیۆنی پارتی ئیسلامیەکانە، ئەگەر نا یەکێتی و پارتی وەکو کلیل و قفل وان، بەبێ یەکتر مانای خۆیان لە دەست دەدەن. پێم وایە یەکتری تەواو دەکەن. بەشێک لەوەی کە پارتی وەک هێزی یەکەم دەمێنێتەوە، بونی هێزێکی وەک یەکێتی یە، بە پێچەوانەشەوە هەر ڕاستە کە یەکێتی وەک هێزی دوەم دەمێنێتەوە. ئیسلامیەکان لە کوردستان نە هەلومەرجی ناوخۆیی وە نە هەلومەرجی ناوچەیی ڕیگایان پێنادا کە بتوانن لە ئیستادا و لەم قۆناغەدا پێگەیەکی گەورەتریان هەبێت. بە گشتی ئەم حزبە بورژوایانە بە پارتی و یەکێتی و پاشان گۆڕان و نەوەی نوی و ئیسلامیەکان هەموو هاوڕان لەسەر بازاری ئازادو پریڤایتکردنی کەرتی گشتی، لە کارەبا وئاوەوە بگرە تا دەگاتە تەندروستی و خوێندن و بوارەکانی دیکەی ژیان… لەم چوارچێوە گشتییەدا پارتی لە هەموویان کاراترە بۆ ئەم ئامانجەی سەرمایەگوزاری و دابینکردنی باشترین کەشوهەوای قازانج. ئەمە بناغەی گشتی بیدەنگ بوونی ئەم حزبانەیە لەسەر کارەکانی پارتی و لەوانە ٣١ی ئاب. بەلام ئەمە پۆینتێکە. پۆینتێکی دیکە، بورژوایی کوردستان، هەر بە پێی هەمان بناغەی ئابوری ناتوانێت دور لە ئامانجی سیاسی بورژوایی گەورەی جیهانی و ناوچەیی، سیاسەت پیادەبکات. بۆیە  پارتی، رابەری هەموو ئەو حزبانە لەبواری سیاسی و ئابوری دا، بەڵام خاوەنی ٣١ی ئابە. ئەگەر ٣١ی ئاب ئابڕو چونێک بێت لە نیو خەڵکدا، باشترین ڕیگا ئەو بێدەنگیەیە کە حزبەکانی دیکە هەڵیان بژاردوە لە بەرانبەر ٣١ی ئابدا. بورژوایی کورد سەر بەیەک چین و یەک خیزانە، جا رەنگیان جیاوازەوەو جار بەجار شەڕیش دەکەن، بەڵام براگەورەی ئەم چین و خیزانە، هەمیشە ” تەماعکار” و “سەرەڕۆی” یش دەکا.

ڕیگرتن لە ٣١ی ئاب، کاری بورژوایی و هێزەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی و ئیسلامیەکان نییە. ئەوە ناوەرۆکی ئەوانە، نە لەبەرئەوەی گوایا پارتی هێزێکی “نۆکەرپیشەیە” بەڵکو نۆکەر پیشەیی ئەمرۆ ناوەرۆک و کاری لایەن و پارتە بورژواییەکانە، بەتایبەت لە وڵاتانی وەک عیراق و ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست. بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ٣١ی ئابیکی دیکە نەبێت، ڕێگاکەی تەنها لابردنی ئەم ‌هێزانە لە دەسەڵات و دەسەڵاتدارێتی. لە ڕوانگەی منەوە چینی کرێکار ڕابەرو پێشڕەوی هەر بزوتنەوەیەکی سیاسی نەبێت، ناتوانێت ئەمکارە ئەنجام بدات. بەجیا لەوە ٣١ی ئاب، ڕوداوێکی نۆرماڵی ئەم ‌هێزانەیە و هەر کاتێک لەوانەیە دوبارە بێتەوە.

 ٢٧ئاب٢٠١٨

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٣٥ بەرواری ١/٩/٢٠١٨ بڵاوکراوەتەوە… 

About hkkk

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*