Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 ٣١ ئاب تـەنها ئەڵقەیـەکە لە زنجیرەیـەک خیانـەت …

٣١ ئاب تـەنها ئەڵقەیـەکە لە زنجیرەیـەک خیانـەت …

عەبدوڵا مەحمود…

دوێنی ٣١/٨/٢٠١٩ بیست و سێ ساڵ، بەسەر هینانی سوپای بەعسدا بۆسەر کوردستان، لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە تێپەربوو.

رۆژی ٣١ ئاب تاوانی پەلکیشکردنی سوپای بەعسە بۆسەر کوردستان، تاوانی دوبارە و چەندبارەو دەیان بارەی خۆشخزمەتی بزوتنەوەی کوردایەتی و حزبەکانیەتی بە وڵاتە چنگ بەخوێنەکانی ناوچەکە.

لەناو جەرگەی شەڕی نەگریسی پارتی و یەکیتی و لەسەر دەسەڵات و پاوانکردنی قەڵەمرەویی دەسەڵاتی زۆرتردا، دەوڵەتەکانی ناوچەکە بەشێک بوون لە جەنگ.  بەشداری راستەوخۆ و ناراستەوخۆی ئەو وڵاتانە لە پێناو بەرژەوەندیەکانی خۆیان و جێ پێ قایمکردنیان بوو لە دۆخی سیاسی کوردستانی سەرگەردان و بێ ناسنامەی حقوقیدا.

پارتی و یەکێتی، کە جەنگی دەسەڵاتی ناوخۆیی بڕستی لێ بریبوون و رۆژانە جۆگەلەی خوێنی چەکدارەکانیان زۆرتر دەبوو، بۆ یەکلایی جەنگەکەیان بە قازانجی خۆیان، دەستەو دامێنی هەردوو دەوڵەتی ئیران و… عێراق بوون. یەکێتی نیشتیمانی کەوتە پێش لەشکردی سوپای پاسداران و لەبەرامبەریشدا پارتی دەستەو دامێنی سوپای دڕندەی بەعس بوو. لەچوارچێوەی ئەم جەنگی دەسەڵاتی ناوخۆیەدا چ ئێران و تورکیا و چ دەوڵەتی عێراق، خوازیاری خوین بەربوونی فراوانی خەڵکی کوردستان بوون. لەوەش زیاتر پێوستیان بەوە بووە کوردستان وەکو پایەگایەک بۆ ململانیی نێوانیان و گەڕان بەدوای بەرژەوەندیەکانیاندا، کەڵک لێوەربگرن.

لەدڵی وەها هەلومەرجێکدا بوو کە پارتی لەبەرامبەر بە خۆشخزمەتی و پێش لەشکری یەكیتی بۆ سوپای پاسدارانی ئیران، دەستی سوپای بەعسی گرت و پەلکیشی پایتەختی کوردستان!! ی کرد و حکومەت و پەرلەمانی!! عەزیزیان!! کردە دوو تەیری قەڵبی ژێر پۆستاڵی سوپای بەعس. لەو بەرامبەرکێی و خۆشخزمەتی و نۆکەرایەتیەدا بۆ راگراتنی باڵانسی هیز و فراوانکردنی هەژموونی دەسەڵاتدارێتیاندا، خەڵکی کوردستانیان توشی کارەساتێکی تر کرد. لەو جەنگە نەفرەتییەی دەسەڵاتدا، بەجیا لە کوژران و برینداربوونی هەزاران لاوی چەکداری ئەو حزبانە، بێ سەروشوێن بوونی هەزارانی تر و ئاوارەیی و … پارتی و یەکێتی دەستیان لەهیچ کردەوەیەکی دژە ئینسانی لەبەرامبەر یەکتریدا نەپاراست. تەنانەت ئەگەر ئەوکاتە چەکی کیمیایی یان بایۆلۆژیان… هەبوایە ئامادەبوون بەکاری ببەن. بەدەیان هەزار کەسی بێ چەکی لایەنگرانی حزبەکانیان ئاوارەو دەربەدەر کرد. بەدەیان و سەدان دیلیان بەشێوەیەکی دڕندانە کوشت، چارەنووسی هەزاران کەسی تری چەکدارییشیان بەلێڵی هیشتەوە و تائیستاش چارەنووسیان نادیارە. بەشێکی زۆر لە کادر و ئەندامانی حزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانی عێراق و ئیران و تورکیایان قەسابی کرد، یان رادەستی سوپای بەعس و جمهوری ئیسلامی…کران. کەشی ترس  وتۆقاندنیان زاڵ کرد، ئاوارەیان لەهەرێمی کوردستاندا کردە دیاری دەسەڵاتیان و داسەپاند، تیرۆری سیاسیان چەند بەرابەر کرد، هەرچی سوکایەتی و فەرهەنگی جنیوسازییە، خستیانەگەر و لەدەزگا راگەیاندنەکانیانەوە بێ شەرمانە پەخشیان دەکردەوە. بەڵی لەو جەنگەدا و دوای پەلکیشکردنی سوپای بەعس، پارتی توانی هەولێر لەدەستی یەکیتی دەربهێنێت و دەسەڵاتی خۆی بە پشتیوانی سوپای بەعس دابسەپینێت.

لەوکاتەوە تا ئەمڕۆ باڵانسی هیز و قەڵەمرەوی دەسەڵات بە سودی پارتی شکایەوە. ئیستاشی لەگەڵ بێت، سەران و کادرانی پارتی، شانازی بەهێنانی سوپای بەعسەوە دەکەن. و دەزانن کە ئەمە عادەتی بزوتنەوەکەیانە. دیارە پێداگری و شانازی کردنی پارتی بە ٣١ ئابەوە، هەر لەبەرئەوەیە نییە، کە توانیان باڵانسی ‌هێز بەسودی خۆیان بگۆڕن و قەڵەمرەوی دەسەڵاتی زیاتر بەدەست بهێنن، بەڵکو بە ئاشکرا راگەیاندنی ئەوەیە کە هەر کاتێک پێویست بکات، بۆ پاراستنی دەسەڵاتیان، یان بۆ راگرتنی باڵانس و لە دۆخی تایبەتیشدا بۆ فراوانکردنی قەڵەمڕەویی زیاتر ئامادەن دەیان جاری تریش دەستەو دامێنی هیزی دەرەکی و بەتایبەتیش وڵاتە دیکتاتۆرو فاشیەکانی ناوچەکە ببن.

دیارە ئەوە یەکەمین جار نەبوو کە پارتی و یەکێتی و حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی، دەست بخەنە ناو دەستی سوپای داگیرکەرانی کوردستان و دەستی پاڕانەوەیان بۆ درێژ بکەن، بەڵکو ئەوە تەنها گۆشەیەک و ئەڵقەیەکە لە زنجیرەی نۆکەرایەتی بەردەوام و مێژوویان بە دەوڵەتە دیکتاتۆرو دڕندەکانی ناوچەکەوە. تازەترینیان تاوانی شەنگال و پاشان ١٦ ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ یە… لەوانەش واوەتر بەردەوامی دانە بە وابەستەیی و خۆبەستنەوە بەو دەوڵەتانە و ئامادەیی هەمیشەیی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتییە پێیانەوە.

بەجیا لە پارتی و یەکێتی سەرجەم حزبەکانی تری سەر با خانەوادەی بزوتنەوەی بۆرژوازی کورد، چ ئەوانەی رۆڵی ئۆپۆزیسۆنیان گێراوە یان لەگەڵ دەسەڵات بوون، چونکە خۆشیان بەشێک لەهەمان نەریتی بزوتنەوە بزوتنەوەی کوردایەتیین و کیشەکی جدیان لەگەڵ ٣١ ئاب و ئابەکانی پارتی و یەکێتی نەک نییە، بەڵکو خۆیان و سەرانیان کارنامەی نۆکەرایەتیان هەیەو لەجەنگی ناوخۆشدا بەشدار و قارەمانی!! شەری نێوان حزبەکان بوون و تۆمەتباری ناو ئەو جەنگەی دەسەڵاتەن، بۆیەشە ئەو خۆشخزمەتی و نۆکەرپیشەیەی پارتی و یەکێتی بۆیان ئاساییە.

حکومەت و پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەریش، چونکە تەنها کارتۆن و دیکۆرێکن، ئێستاشی لەگەڵ بێت، شەری ناوخۆیی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی و حزبەکانی تریش، بەو هەموو قوربانی و ماڵوێرانی و ئاکامە وێرانکەرەوە کە بوویانە، لێکۆڵینەوە لەو جەنگانە، لەکەسانی بریادەر و بەشدارانیان نەبوۆتە مەسەلە بۆیان و میشێش میوانیان نییە، ئەوەش ئەو راستیە سەدبارە دەسەلمێنێتەوە کە حکومەت و پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەری تەنها ماشێن و دەزگای حزبە دەسەڵات بەدەستەکانن و توانستی هیچ بریار و لێپرسینەوەیەکیان لە حزبەکان نەبووەو نییە.

دوای ٢٣ ساڵ بەسەر ٣١ ئابدا، هیشتا ئاسەوارەکانی جەنگ ماوە، بە جیا لەوەی هیشتا هەریمی کوردستان دوو زۆنی دوو دەسەڵاتییە، هیشتا دەیان خێزان لە دریژەیی ئاوارەیی ناوخۆیدا دەژین، هیشتا دەیان و سەدان کەس کەم ئەندامن و بەدەست برینی جەنگی دەسەڵاتەوە دەناڵێنن، هیشتا دەیان و سەدان خێزان لە چاوەروانی دەرکەوتنی چارەنووسی ئازیزانیاندان کەلەم جەنگی نەگریسی دەسەڵاتەدا بێ سەروشوێنن.

خەڵکی کوردستان و بەشی پێشرەو و هۆشیاری کۆمەڵگە، ئازادیخوازان و ئینسان دۆستان، ئەرکیانە دۆسیەی جەنگی دەسەڵاتی ناوخۆیی بەدەستەوە بگرن و داوای لێکۆڵینەوە لە تۆمەتبارانی جەنگ، لە دیل کوژ و ونکردنی دەیان و سەدان چەکدار، بەدەستەوە بگرن و لەوەش زیاتر بەدوای چارەنووسی ئەو سەدان ئینسانەدابن کە تا ئیستا کەس و کار و ئازیزانیان چاوەروانیانن و چارەنووسیان لەدەستی پارتی و یەکێتی ونکراوە. ئەگەر ماون لەکوێن و ئەگەر مردوون و کوژراون گۆڕەکانیان لەکوێیە؟

دۆسیەی شەری دەسەڵاتی پارتی و یەكیتی و حزبەکانی تری بزوتنەوەی کوردایەتی و نۆکەرایەتیان بۆ وڵاتانی ناوچەکەو ئەو دەرئەنجامانەی کە بەدوای خۆیدا هێناوە، لەلایەن خەڵکی ئازادیخوازی کوردستانەوە دۆسیەیەکی کراوەیە و بەکراوەیش دەمێنێتەوە، تا ئەوکاتەی لە دادگایەکی عادلانە و سەربەخۆیی مەدەنیدا، تۆمەتبارانیان، بەسزای یاسایی خۆیان دەگەیەندرێن.

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٥٩ بەرواری ١/٩/٢٠١٩ بڵاوکراوەتەوە

About hkkk

Check Also

هێرشی تیرۆریستی ١١ سێبتەمبەر دنیای خستە بەردەم دەورەیەکی نوێ لە جەنگی تیرۆریستان! …

عەبدوڵا مەحمود کردەوەی خۆکوژی و تیرۆریستی ١١ سێبتەمبەری ساڵی ٢٠٠١، دنیای خستە ناو بەرامبەرکییەکی نوێی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *